راپۆرتی: ده‌شتی سالار
ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم، كه له (31/1/2005)ه‌وه هه‌ڵبژێرراون، له ئێستادا له بۆشاییه‌كی یاساییدا ماونه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشنیارێك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه، که تا رێكه‌وتی (31/10/2010) هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و په‌رله‌مانیش لاری نه‌بوه، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ راسپارده‌یه‌كی ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كردوه بۆ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌که.
به‌پێی یاسای ژماره (4) ی ساڵی (2009)ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، ده‌بێت سه‌رۆكی حكومه‌ت رۆژی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان دیاری بكات.
حاکم سه‌ردار عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، بۆ (سبه‌ی) رونیکرده‌وه که تائێستا واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان (هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک) دیاری نه‌کراوه و له‌وباره‌یه‌وه هیچ داوایه‌کمان له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه پێنه‌گه‌یشتوه بۆ کات و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان.
هاوکات دکتۆر زانا ره‌ئوف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی کوردستانیش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، ده‌ستنیشانكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمدایه و پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌ر له60 رۆژ له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆمیسیۆنی باڵا له‌وباره‌یه‌وه ئاگادار بكاته‌وه.
بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که له‌ئه‌ستۆی حکومه‌تی هه‌رێمدایه
سه‌باره‌ت به بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم، حاکم سه‌ردار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد، که کۆمسیۆن سه‌رقاڵی خه‌مڵاندنی بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی هه‌رێمه و رایگه‌یاند: "پێویست بو بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که به‌پێی یاسا دیاری بکرایه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌کراوه و پێده‌چێت وه‌ک هه‌ڵبژاردنی پێشوی په‌رله‌مانی کوردستان له‌لایه‌ن هه‌رێم خۆیه‌وه بودجه‌ی بۆ ته‌رخانبکرێت.
به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه له 25/7/2009 دا ئه‌نجامدرا، كۆمسیۆن بڕی (44،208،700،000) چل و چوار ملیار و دوسه‌دو هه‌شت ملیۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار دیناری له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه پێدراوه و ته‌نها 47%ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی خه‌رجكردوه.
حه‌مدیه حوسه‌ینی، سه‌رۆکی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردن له کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ئاشکرایکردوه، جگه له‌وه‌ی كۆمسیۆن ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌گێڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌روه‌ها توانیویه‌تی بڕی (461،810،118) چوارسه‌دو شه‌ست و یه‌ك ملیۆن و هه‌شت سه‌دو ده هه‌زار و سه‌دو هه‌ژده دینار به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و سزادان و فرۆشتن به‌شێوه‌ی داشكاندن بگێڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
که‌رکوک له‌ده‌ره‌وه‌ی حساباته‌کان
نزیكه‌ی پێنج ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێی ئه‌و پارێزگایه دیاری نه‌کراوه، له‌و روه‌وه ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ڵێت: "هه‌ڵبژاردنی پارێزگای که‌رکوک ده‌بێت به‌جیا كاری بۆ بكرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێمدا ئه‌نجام نادرێت".
لای خۆشیه‌وه رێبوار تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به(سبه‌ی) راگه‌یاند: به‌پێی ماده‌ی 23ی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك، ده‌بو تا كۆتایی ساڵی رابردو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامبدرایه، به‌ڵام به‌هۆی شكستی ئه‌و لیژنه په‌رله‌مانیه‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه ده‌ستنیشانكران، نه‌توانرا له‌ساڵی رابردودا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت.
تاڵه‌بانی وتیشی: "تاكو ئێستا واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی كه‌ركوك دیارینه‌كراوه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت په‌رله‌مانی نوێی عێراق واده‌كه‌ی دیاری بكات".
یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری تێداده‌كرێت
به‌پێچه‌وانه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق، له هه‌رێمی كوردستاندا كارده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌ئێستاشدا ماوه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نه‌كه به‌سه‌رچوه و له شاری سلێمانیش پارێرێزگار و جێگره‌كانی دور له یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دانران و له دو مانگی رابردودا ئه‌و بابه‌ته چه‌ندین گرفتی دروستكرد له كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانیان.
له‌ئێستاشدا لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان راسپێردراوه بۆئه‌وه‌ی كێشه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگار چاره‌سه‌ر بكات له‌ڕێی هه‌مواركردنی ماده‌ی (41)ی یاسای ژماره (3)ی ساڵی (2009)ی یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، كه تیایدا هاتوه "یاساكه له‌لایه‌ن خولی ئایندهی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كرێت".
شێرزاد حافز، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، پێیوابو: له‌به‌رئه‌وه‌ی نازانرێت كه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كرێت و له ئێستاشدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێویستیان به یاسایه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كاری پێبكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوایان له لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان كردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی كۆببنه‌وه و كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماده یاساییه لاببرێت و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له ئێستادا بۆیان هه‌بێت یاسا نوێیه‌كه په‌یڕه‌و بكه‌ن.
حکومه‌ت به‌رپرسیاره
دكتۆر زانا باسی له‌وه‌شكرد كه له‌ئێستادا به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تدایه، چونكه ئه‌وه‌ی له ئه‌ستۆی په‌رله‌مان بێت بریتی بو له ده‌ركردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان، كه هه‌ردوكیان له‌مانگی نیسانی ساڵی 2009دا په‌سه‌ندكراوه.
له‌روی یاساییه‌وه پێویست بو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی هه‌رێم له رێکه‌وتی 31/1/2009دا له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراق ئه‌نجامبدرایه، به‌ڵام به‌پێی مه‌رسومێکی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئه‌و هه‌ڵبژاردنه هه‌رێمی نه‌گرته‌وه به پاساوی نه‌بونی یاسای هه‌ڵبژاردن و ئه‌و پرۆسه‌یه دواخرا بۆ واده‌یه‌ك كه له 31/12/2009 تێپه‌ڕنه‌كات، دواتر و له رێکه‌وتی 29/12/2009دا حكومه‌تی هه‌رێم پرۆژه بڕیارێكی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان کرد، که تیایدا داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌كان جارێكی تر دوابخرێت بۆ واده‌یه‌ك به‌مه‌رجێك له 31/10/2010 تێپه‌ڕنه‌كات.
دکتۆر زانا ره‌ئوف، بۆ (سبه‌ی) ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێکی تر کاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه درێژکراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ پاساوێک نییه بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌دوای 31/12/2009 و رایگه‌یاند: "له‌و روه‌وه حکومه‌ت به‌رپرسیاره و پێویسته لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، که به‌بێ پاساو بۆ جاری دوه‌م ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان دواده‌خات".
ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و نه‌بونی یاسایه‌ك و دروستبونی ئه‌و بۆشاییه یاساییانه‌ی روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه كه نازانرێت كار به‌كام یاسا بکه‌ن، کاریگه‌ری خراپی لێكه‌وتۆته‌وه و چه‌ندین کێشه‌ی روبه‌روی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌رسێ شاره‌که‌ی هه‌رێم کردوه‌ته‌وه و له نوێترین هه‌ڵوێستیشیاندا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك کار و كۆبونه‌وه‌كانیان راگرت.