دیمانه‌ی: به‌رهه‌م عومه‌ر
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له (14/6/2010) یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆی سازكرد، گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقی و دانوستانه فه‌رمیه‌كانی پێكهاته عێراقییه‌كان ده‌ستی پێكرد، پاش چه‌ند رۆژێك شاندی دانوستاندنكاری ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان گه‌یشته به‌غدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. له‌م دیداره‌ی (سبه‌ی)دا، سامی عه‌بدولفه‌تاح (سامی شۆڕش)، په‌رله‌مانتاری عێراق و ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان، باسی ئه‌و گفتوگۆ و دیدارانه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ قه‌واره عێراقیه‌كان ئه‌نجامیانداوه و ده‌ڵێت: "داخوازییه‌كانی شاندی كوردی، نه زیادن نه كه‌من، به‌ڵكو پڕ به‌پێستی بارودۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستانن و داواكارییه‌كانیش زۆر ره‌وان و دامه‌زراندنی عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراتی و به‌ده‌ر له (ئیشكالات و گیروگرفت و كێشه‌ی ناوخۆیی) ته‌نها به‌وه ده‌كرێت كه ئه‌و داواكارییانه جێبه‌جێ بكرێن، چونكه جێبه‌جێ نه‌كردنیان لادانه له ده‌ستوری عێراقی".
سبه‌ی: هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر مانه‌وه‌ی شاندی دانوستانكاردا تێده‌په‌ڕێت له به‌غدا، تائێستا دانوستانتان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نی عه‌ره‌بی و عێراقی ئه‌نجامداوه؟
سامی شۆڕش: شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له لایه‌نه كۆبونه‌وه‌مان كردوه، وه‌كو (ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، لیستی ئه‌لعێراقیه، لیستی یه‌كێتی عێراق، ره‌وتی ئیسلاحی نیشتیمانی- ئیبراهیم جه‌عفه‌ریی) و له به‌رنامه‌ماندایه له‌م هه‌فته‌یه‌دا چاومان بكه‌وێت به نوێنه‌رانی چه‌ند لیست و قه‌واره‌یه‌كی دیكه.
سبه‌ی: چه‌ند ئه‌ندامێكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، رایانگه‌یاندوه كه "مه‌رجه‌كانی لایه‌نی كوردی قبوڵ ناكرێن و نامه‌قعول و خه‌یاڵین، ئۆپۆزسیۆنبونمان قبوڵه، نه‌ك سازشكردن له‌سه‌ر ماده‌ی 140ی ماوه‌به‌سه‌رچو"...، هه‌ڵوێستی ئێوه چۆنه؟
سامی شۆڕش: وه‌ڵامی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و داخوازییانه‌ی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان داوای كردوه، هه‌موی داخوازیی یاسایی و ده‌ستورییه و له بڕگه‌كانی ده‌ستوری عێراقه‌وه وه‌رگیراوه، چونكه ئه‌و ماف و داخوازییانه تائێستا جێبه‌جێ نه‌كراون له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی عێراقه‌وه، هه‌مو داخوازییه‌كان كۆمه‌ڵێك فایلی كێشه‌دار و ناكۆكی-له‌سه‌ر پێكده‌هێنن، له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا له‌ماوه‌ی 5 ساڵی رابردودا، هیچ یه‌كێك له‌و داواكارییانه‌ی ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور نییه به ماده‌ی (140)یشه‌وه.
ماده‌ی (140) له‌ناو ده‌ستوردایه و له رۆحیه‌تی ده‌ستوره‌وه هاتوه و زۆربه‌ی زۆری پێكهاته‌كانی عێراق ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر پیشانداوه و ره‌زامه‌ندبون به‌و ماده‌یه، بۆیه ئێمه نه‌هاتوین له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور شتێك فه‌رز بكه‌ین و داخوازی تازه‌مان خستبێته‌ڕو ئه‌وانیش بڵێن ئه‌و داواكارییانه قورسن و جێبه‌جێ ناكرێن، به‌ڵكو ئێمه له‌و ده‌ستوره‌وه كه 80%ی خه‌ڵكانی عێراق په‌سه‌ندیان كردوه داخوازییه‌كانی خۆمان بنیادناوه و ده‌یخه‌ینه به‌رده‌می لیژنه‌ی گفتوگۆكار، بۆیه داخوازییه‌كان نه‌زیادن نه كه‌من، به‌ڵكو پڕ به‌پێستی بارودۆخی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستانن و داواكارییه‌كانیش زۆر ره‌وان و دامه‌زراندنی عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراتی و به‌ده‌ر له ئیشكالات و گیروگرفت و كێشه‌ی ناوخۆیی ته‌نها به‌وه ده‌كرێت كه ئه‌و داواكارییانه جێبه‌جێ بكرێن، چونكه جێبه‌جێ نه‌كردنیان لادانه له ده‌ستوری عێراقی.
سبه‌ی: له‌نێو كۆبونه‌وه‌كاندا لایه‌نه عه‌ره‌بی و عێراقییه‌كان هه‌ڵوێستیان چۆنه؟ ئایا هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و لێدوانانه به گفتوگۆكانیانه‌وه دیاره؟
سامی شۆڕش: ئێمه له گفتوگۆكانماندا له‌گه‌ڵیاندا، نه‌چوینه‌ته ناو ورده‌كارییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه نه‌گه‌یشتوینه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانین هه‌ڵوێستیان چۆنه له‌به‌رامبه‌ر ماده‌ی 140 و مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی لایه‌نی كوردی، ئه‌وه‌یان وا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌مه‌ودوا ئه‌و جۆره دانیشتنانه بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌یان خۆیان باسیان كردوه كه پابه‌ند ده‌بن به‌ماده‌ی 140 و وه‌كو چۆن لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا له رێگه‌ی (حه‌سه‌ن ئه‌لسنێد)ه‌وه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی رایگه‌یاند.
ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئێمه له (ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان) ته‌نها به "قسه" رازی نابین، كه پێمان بڵێن: "ئێمه ره‌زامه‌ندین له‌سه‌ر داواكارییه‌كانتان"، به‌ڵكو ئێمه به‌ڵێننامه و دۆكیومێنتی ئیمزاكراومان ده‌وێت و رێكه‌وتنی ئیمزاكراومان ده‌وێت، چونكه له 4 ساڵی رابردودا ده‌ستمان زۆر چزا به (داخ)دا و له‌مه‌ودوا ئه‌وه قبوڵ ناكه‌ین كه ته‌نها به "قسه" به‌ڵێنمان بده‌نێ، به‌ڵكو ده‌بێت به دۆكیومێنت و نوسراو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی خۆیان ته‌وسیق بكه‌ن و به ئاشكراش رابگه‌یه‌نرێن و له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی پاش دامه‌زراندنی حكومه‌تی عێراقدا ده‌بێت ئه‌و مافانه جێبه‌جێ بكرێن.
سبه‌ی: تا چ ئاستێك ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر ته‌وسیقكردن و سه‌لماندنی داخوازییه‌كانی كورد به‌و شێوه‌یه‌ی ئێوه داوای ده‌كه‌ن؟
سامی شۆڕش: تائێستا نه‌چوینه‌ته ناو ئه‌و ورده‌كارییانه‌وه، كاتێكی باشمان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه، دوای ئه‌وه‌ش لیسته عێراقییه‌كان له ئێستادا خه‌ریكی گتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی خۆیانن، ناكۆكی زۆر له‌نێوانیاندا هه‌یه، بۆیه تائێستا دیار نییه كه كام لایه‌ن حكومه‌ت پێكده‌هێنن تائێمه له‌گه‌ڵیدا به‌وردی گفتوگۆ بكه‌ین و رێكبكه‌وین و له‌ناو به‌یانی راگه‌یاندنی حكومه‌تی نوێ‌دا و حكومه‌تی داهاتوش پابه‌ند بێت به جێبه‌جێ كردنی، له‌به‌رئه‌وه تائێستا نازانین كامیان به دیقه‌ت له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی ئێمه‌دان و كامیان به‌پێچه‌وانه‌وه...
سبه‌ی: ده‌وترێت كورد ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ كاندیدێك نییه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئایا ئه‌وه كارتی سیاسی كورد له‌نێو دانوستانه‌كاندا لاواز ناكات؟
سامی شۆڕش: نه‌خێر، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه پێمان وایه كه كێشه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌یوه‌ندی به لیسته عێراقییه‌كانه، ئه‌و كێشه‌یه كێشه‌ی ئێمه نییه و كورد لایه‌نێك نییه له‌و كێشه‌یه‌دا، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات لایه‌نبێت له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌دا، لیسته عێراقیه‌كان خۆیان ده‌یبڕێننه‌وه و كه‌سێك دیاری ده‌كه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته، به‌ڵام ئێمه پێمان باشه به‌پێی ده‌ستور ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت، پاشتریش له مێزێكی دایه‌لۆگ كۆببینه‌وه هه‌مو لایه‌كمان و له‌رێگه‌ی ته‌وافوقه‌وه حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی نیشتیمانی دابمه‌زرێنین.
سبه‌ی: له به‌رنامه‌تاندا هه‌یه كه ئه‌و لیستانه بانگێش بكه‌ن بۆ كوردستان و به‌شێك له‌و گفتوگۆیانه له كوردستان له‌گه‌ڵیاندا سازی بكه‌ن؟
سامی شۆڕش: نه‌خێر، ئه‌و گفتوگۆیانه له به‌غدا ده‌كه‌ین، حكومه‌ت له به‌غدا پێكدێت، هه‌ر له‌وێش هه‌مو لیسته‌كان كۆده‌بنه‌وه و هه‌ر لێره‌شه‌وه گفتوگۆكان به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نین.
سبه‌ی: شاندی دانوستاندنكاری ئیئتیلافی لیسته كوردستانیه‌كان تا چه‌ندێك یه‌كگرتوانه به‌شداری له گتوگۆكاندا ده‌كه‌ن؟
سامی شۆڕش: شانده‌كه‌مان به‌ته‌واوی یه‌كگرتوین، من پێموایه ئه‌ندامانی ئه‌و شانده كاتێك ئه‌ركه‌كانی ته‌واو ده‌بێت، پاشان له چوار ساڵی داهاتوش له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقی هه‌ر به یه‌كگرتویی ده‌مێنێته‌وه، ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان هیچ ناكۆكیه‌كی ئه‌وتۆی له‌نێواندا نییه، به‌ڵكو هه‌مو یه‌كڕاین كه ده‌بێت به‌ره‌نگاریی له ده‌ستوری عێراق بكه‌ین، هه‌روه‌ها به‌رگری له ماده‌ی 140 و هه‌مو ماده‌كانی دیكه‌ی ده‌ستوریش ده‌كه‌ین، هه‌موشمان یه‌كده‌نگین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كاربكه‌ین بۆ گه‌یشتن به ته‌واوی داخوازییه‌كان.
سبه‌ی: تا چ ئاستێك فراكسیۆنه عێراقیه‌كان ئاشنای ئه‌وه‌ن كه (شاندنی دانوستاندنكاری لیسته كوردستانیه‌كان) ته‌نها لایه‌نی راسپێردراون بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان و به‌شداریكردنی كورد له حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراقدا، به‌و پێیه‌ی هه‌ندێك له‌و لیسته عێراقییانه به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا كۆببنه‌وه، پێشتر ده‌چن سه‌ردانی سه‌ركۆمار یان چه‌ند به‌رپرسێكی كورد ده‌كه‌ن له به‌غدا دواتر له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا گفتوگۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟
سامی شۆڕش: هه‌مو لیسته عێراقیه‌كان ئاشنان به‌كاره‌كانی ئێمه و ئاگاداری تواناكانی ئێمه‌ن و هه‌موشیان ئاگاداركراونه‌ته‌وه و كۆبونه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ زۆرینه‌یان كردوه، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین دانوستانی راسته‌وخۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رپرسی دیكه‌ی كورد هه‌بێت چ له به‌غدا و چ له شوێنی دیكه، ئه‌وا زیاتر باسی هێڵه گشتیه‌كانی مه‌سه‌له‌كان ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ش به‌رپرسن و مافیان هه‌یه باسی زۆرشت بكه‌ن، به‌ڵام ناچێته چوارچێوه‌ی دانوستانه‌وه، جگه له هه‌وڵ و كۆششه‌كاكانی ئه‌وان.
ئه‌و دانیشتنانه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ن به شكڵێكی ره‌سمی دانوستانه، ئه‌و شانده له هه‌ولێر له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكی هه‌رێمدا پێكهاتوه و هه‌مو لایه‌كیش رێزی ده‌گرن، هه‌مو لایه‌نێكی كورد و عه‌ره‌ب به شاندی دانوستانكاری ده‌زانن و له‌گه‌ڵی داده‌نیشن.
سبه‌ی: ئایا ده‌توانرێت بوترێت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ی كورددا ده‌كرێت، كۆبونه‌وه‌ی لاوه‌كین؟
سامی شۆڕش: نه‌خێر، ئه‌و دانیشتنانه لاوه‌كی نین، با لێكدانه‌وه‌كان واتای دیكه وه‌رنه‌گرن، ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كورد كه كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن كۆبونه‌وه‌ی لاوه‌كی نین، به‌ڵكو ئه‌و كۆبونه‌وانه جێگه‌ی رێز و نرخاندنن، به‌و پێیه باس له كێشه‌ی كورد و په‌یوه‌ندی كورد و عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن و هه‌وڵێكن بۆ جێگریكردنی بارودۆخی سیاسی و دیموكراسی له عێراق ده‌كرێت، به‌ڵام ناكرێت پێی بوترێت دانوستان، چونكه دانوستاندن به‌و مانایه‌دێت كه دو لایه‌ن پێكه‌وه داده‌نیشن و له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك قسه ده‌كه‌ن، كه ئه‌وه‌ش كاری شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی لیسته كوردستانییه‌كانه، به‌ڵام ئه‌ركه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به عێراقه‌وه بێگومان به‌رپرسه باڵاكانی كورد به‌و كاره هه‌ڵده‌ستن.