دیداری: كاروان ئیبراهیم
سه‌فین دزه‌یی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌م دیداره‌ی (سبه‌ی)دا، ئاماژه به‌و گرفتانه ده‌كات كه هاتونه‌ته به‌رده‌م بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و جێبه‌جێكردنی سیستمی نوێی په‌روه‌رده و فێركردن له كوردستاندا، سه‌باره‌ت به یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نانبڕاوه‌كان و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی ده‌خرێته به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆسه‌ر كاره‌كانی خۆیان ده‌ڵێت: ده‌بێت ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی له‌كاره‌كانیان دورخراونه‌ته‌وه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانی خۆیان و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت.
وه‌زیری په‌روه‌ده‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه له كوردستاندا خه‌ڵك هۆشیاری په‌یداكردوه بۆ خسته‌به‌ر خوێندنی منداڵه‌كانیان، به‌و هۆیه‌شه‌وه رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له هه‌رێمی كوردستاندا له (35%) دابه‌زیوه بۆ (14%)، له‌كاتێكدا ئێستا 28%ی عێراق نه‌خوێنده‌واره و ژماره‌ی خوێندنگاكانیش زیادی كردوه له (ساڵی 1991 نزیكه‌ی 1300) خوێندنگا هه‌بوه، به‌ڵام ئێستا (5540) خوێندنگا هه‌یه.
سبه‌ی: بڕیاری نوێتان بۆ پێشخستنی سیسته‌می په‌روه‌رده چیه؟ ده‌وترێت وه‌زاره‌ته‌كه‌تان سه‌رقاڵی ئاماده‌سازییه بۆ به‌ستنی كۆنفرانسێكی په‌روه‌رده‌یی؟
سه‌فین دزه‌یی: ساڵی 2008 كۆنفڕانسێك به‌سترا كه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكانی پسپۆری ناوخۆ و ده‌ره‌كی ئاماده بون، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه گه‌ڵاڵه كرا و له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده كرا به‌چه‌ند رێنماییه‌ك و پاشان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران موساده‌قه‌ی له‌سه‌ری كرد و دوایی چوه‌وه په‌رله‌مان و وه‌كو بڕیارێكی بوێرانه، سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی له كوردستان گۆڕدرا، ئه‌گه‌رچی سیسته‌می كۆنی عێراق سیسته‌مێكی چاك بو، به‌ڵام كه دنیا گۆڕا، ئیتر له‌كوردستانه‌وه بڕیاری ئه‌وه‌درا كه ئه‌و سیستمه له كوردستان بگۆڕدرێت، راسته سیستمه‌كه كهمو كوڕی تێدایه و هه‌ر خودی كۆنفڕانسیش بڕیاری داب‌و پێداچونه‌وه بكرێت به هه‌نگاوه‌كانی گۆڕینی سیسمی نوێی په‌روه‌رده‌دا پاش ئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بكرێت، واته سیستمه‌كه هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێت، به‌ڵام پێده‌چێت پاش پراكتیزه‌كردنی توشی هه‌ندێك كه‌لێن و گرفت بێت، هه‌ر بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌شێكی گرفته‌كان ده‌ستنیشانكراوه و ده‌رگاشمان كراوه‌یه بۆ وه‌رگرتنی بیروڕای هه‌مولایه‌ك بۆ چاككردنی سیستمی نوێ به هه‌وڵی هه‌مولایه‌ك.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به به‌ستنی كۆنفرانسێكی نوێوه هه‌یه، ئێمه له كۆبونه‌وه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تدا له‌سه‌ر راسپارده‌ی كۆنگره‌ی په‌وه‌رده‌یی باسی پێداچونه‌وه‌مان كردوه له‌هه‌مان سیستمدا، هه‌ر ئێستاش له ئاستی په‌روه‌ده‌ی قه‌زاكاندا، سه‌رپه‌رشتیاره‌كان سه‌رقاڵی دانیشتنن و له‌سه‌ردانه مه‌یدانیه‌كانی خۆشمان به‌رده‌وامین بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و گوێگرتن له مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌ر و سهرپهشتیاره په‌روه‌رده‌ییه‌كان، ئه‌و تێبینیانه وه‌رده‌گرین و گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كه‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین پێداچونه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ی بۆ بكه‌ین و ئه‌و كاته له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت، دوباره موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ربچێت.
سبه‌ی: چۆن ده‌ڕواننه كێشه‌ی كه‌می خوێندنگه له كوردستاندا، له‌كاتێكدا ئه‌وه گرفتێك بوه له ساڵانی رابردوه‌وه تائێستا حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه؟
سه‌فین دزه‌یی: ئێمه ده‌بێت واقعی خۆمان بزانین له چ قۆناغێكه‌وه هاتوینه‌ته سه‌ر چ قۆناغێك، ئێمه له ساڵی ( 1991)دا 1300 خوێندنگه و قوتابخانه‌مان هه‌بو له كوردستان، ئه‌مڕۆ 5540 قوتابخانه‌مان هه‌یه، له‌ناویدا 3800 قوتابخانه رۆژانه 2 ده‌وام و 3 ده‌وامیان تێدایه، جگه له‌وه ئێمه میراتگری ئه‌و هه‌مو نه‌هامه‌تی و كاره‌سات و وێرانكاری و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و كیمابارانهین، واتا ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌سه‌ر كوردستاندا هاتوه، له هه‌مو بارێكدا خۆگرتنه‌وه و له‌سه‌رپێ وه‌ستان كارێكی ئاسان نیه، له‌وه‌ش گرنگتر كه جێی دڵخۆشیه وشیار بونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه له ناو خه‌ڵكدا و له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا كه خوێندن زه‌روره‌تێكی ژیانه، ئێستا خه‌ڵكانێك كه‌وازیان له خوێندن هێناوه جا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كی سیاسی بێت یان كۆمه‌ڵایه‌تی بێت یان دورخستنه‌وه بێت هه‌ستیان به‌و راستییه كردوه ، له ساڵی 2000 رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له كوردستان 35% بو ئێستا دابه‌زیوه بۆ 14%.
سبه‌ی: بۆچی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده نه‌یتوانیوه له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه ساڵی (2003) بنه‌مایه‌كی تۆكمه‌تر بنیاد بنێت بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی په‌روه‌رده‌یی و جێگیكردنی پرۆگرامێكی نوێ؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی ئێستا و ساڵی 1991 بكه‌ین، وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره له‌بواری په‌روه‌رده‌دا رویداوه، له‌ڕوی زیادبونی ژماره‌ی قوتابیان و مامۆستایان و خوێندنگه‌كان، به‌ڵام ئایا گه‌شه‌كردنه‌كه له ئاستی پێویستدایه؟! نه‌خێر، من شایه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌م كه ئاسته‌كه ئاستی پێویست نیه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئاستی ئه‌و كاته‌ش باشتره، وشیاربونه‌وه‌ی خه‌ڵك زۆربوه و پێداویستیه‌كان زیاتر فه‌راهه‌م بوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و بودجه‌یه‌ی ساڵانه بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دابین ده‌كرێت پێده‌چێت ته‌نها به‌شی ئه‌وه‌بێت كه بتوانرێت هه‌ندێك بینای قوتابخانه‌ی پێ دروست بكرێت، ساڵانه 70– 80 بینا دروست ده‌كرێت، به تایبه‌تی ئه‌مساڵ 150 ملیار دینار ته‌رخانكراوه بۆ دروستكردنی 100 بینای تازه‌ی هاوچه‌رخ، چونكه پرۆگرامی خوێندن گۆڕاوه و پێویستی به تاقیگه‌ی نوێ هه‌یه، پێویستی به هۆڵی تاقیكردنه‌وه و شوێنی حه‌وانه‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كاتی ده‌وام زیادكرا له 4 سه‌عاته‌وه بۆ 7 سه‌عات، پێویسته له قوتابخانه‌كاندا كافیتیریا هه‌بێت، ئێستاش دیزاینه‌كانیان ئاماده‌كراوه و ته‌نده‌ره‌كانیش له پارێزگاكان رێكخراون، پێده‌چێت له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌ست بكرێت به دروستكردنیان، به‌و ژماره قوتابخانه‌یه‌ی دروست ده‌كرێت، به‌شێك له كێشه‌ی 3 ده‌وامی له شاره‌كاندا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
سبه‌ی: به‌پێی راسپارده‌كانی كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده بۆ جێبه‌جێكردنی سیستمی نوێی خوێندن، 25%ی كۆنمره‌ی قۆناغه‌كانی 10 و 11 ئه‌ژمارده‌كرا بۆ پۆلی 12ی بنه‌ڕه‌تی، به‌ڵام پاش چه‌ند خۆپیشاندانێك له سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه، ئه‌ژماركردنی 25%ی نمره‌كانتان راگرت، هۆكاری ئه‌و زو زو بڕیار گۆڕینه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌ژماركردنی 25%ی نمره‌ی قۆناغه‌كانی 10 و 11 بۆ قۆناغی 12ی بنه‌ڕه‌تی، بڕیاری كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی نه‌بو، به‌ڵكو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بڕیاری جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ده‌ركردبو، ئه‌وه‌ش سود و زیانی هه‌بو، لایه‌نه ئیجابیه‌كه‌ی ئه‌وه‌بو كه هه‌مولایه‌ك زانییان گۆڕانكاری له سیستمی نوێی خوێندندا كراوه و ته‌نها یه‌ك تاقیكردنه‌وه له قۆناغی 12دا، نابێت چاره‌نوسی قوتابییه‌ك دیاری بكات، به‌ڵكو 25%ی كۆنمره‌ی پۆله‌كانی 10 و 11 ده‌بێت به‌شداری بكه‌ن له دیاریكردنی چاره‌نوسی ئه‌و قوتابیه و هاوكاری بكه‌ن، به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، قوتابی له پۆله‌كانی 4 و 5، هه‌روه‌ها قۆناغه‌كانی 10 و 11 ده‌یانتوانی خۆیان ماندو بكه‌ن و هاوكاری نمره‌كانیان بكه‌ن و ئاستی زانستی خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه، تا ده‌گاته قۆناغی 12، ئه‌وه‌ش به‌بۆچونی من شتێكی چاكه.
به‌ڵام لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كه‌ی ئه‌ژماركردنی 25%ی نمره‌كانی قۆناغه‌كانی 10 و 11 خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه هه‌ڵسه‌نگاندنی قوتابخانه‌كان جیاوازه بۆ قوتابیه‌كانیان، ئه‌وه‌ش شتێكی ئاساییه، به‌و پێشه‌ش هه‌ندێك قوتابخانه پێده‌چێت به‌هۆی زۆری دڵسۆزییانه‌وه ده‌ستیان بنوقێنن له پێدانی نمره به قوتابیه‌كانیان له پۆله‌كانی 10 و 11 ئه‌وه‌ش ئه‌ژمارده‌كرێت بۆ پۆلی 12، به‌ڵام پێده‌چێت له قوتابخانه‌یه‌كی دیكه زۆر حساب بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه نه‌كرێت و مامۆستا تۆزێك نه‌رمتربێت له پێدانی نمره‌ی به‌رز به قوتابیه‌كانیان، ئه‌وه‌ش جیاوازی دروست ده‌كات كه رێكنهخراو ده‌بێت و پێده‌چێت نمره‌ی قوتابیان له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه، جیاوازبێت و هه‌ندێك له قوتابیه‌كان هه‌ست به غوبن بكه‌ن و هه‌ست بكه‌ن مافی خۆیان به‌ته‌واوی وه‌رنه‌گرتوه، واته گرفتی ئالیه‌تی جێبهجێكردنهكهیه نه‌ك مهبدهئهكه، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه شتێكی خراپ نییه.
ئێمه ده‌مێكه باسی كێشه‌ی 25%ی كۆنمره‌ی پۆله‌كانی 10 و 11 مان كردوه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌زمونه‌كان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌ر له روداوه‌كانی سلێمانی، بڕیارماندابو له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت كه له شه‌قڵاوه به‌ستمان، بڕیارماندابو كه به شێوه‌یه‌كی كاتی هه‌ڵی پهسێرین تا پێداچونه‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌كه‌ین و ئالیه‌تێكی گونجاوتر ده‌دۆزینه‌وه و به‌شێوازێكی وا كه كه‌س هه‌ست به غوبن و غه‌در نه‌كا.
ئێستاش تاقیكردنه‌وه‌كان ته‌واو بوه و له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت و كۆبونه‌وه‌كانی ترمان لێره باسی ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین و بیرۆكه‌ی ههمولایهكیش وه‌رده‌گرین تا گه‌ڵاڵه‌كردنی بیرۆكه‌كان ئه‌و كاته بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، چونكه ئێمه به‌ر له‌و روداوه‌ی سلێمانیش بڕیارمان داب‌و له ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌ت، واته كه ده‌ڵێن به فشاری 200 قوتابی كه به‌ردبارانی په‌روه‌رده‌ی سلێمانیان كردوه و پاشان وه‌زاره‌ت پاشگه‌ز بوه‌ته‌وه له جێبه‌جێكردنی میكانیزمه نوێیه‌كه... نه‌خێر، شتی وا هیچ بنه‌مایه‌كی نییه، به‌ردبارانی په‌روه‌رده‌ی سلێمانیش جێگه‌ی داخ بو، من دڵنیام له‌وه‌ی كه ئه‌وانه‌ی به‌و كاره هه‌ستان زۆر زۆر كه‌مینه بون، ئه‌وانی تر په‌یامێكیان هه‌بو ده‌یانویست بیگه‌یه‌نن، په‌یامه‌كه‌یان جێی رێزه، به‌ڵام هیوادارین روداوی له‌و شێوه‌یه دوباره نه‌بێته‌وه.
سبه‌ی: به‌رنامه‌تان چییه بۆ دامه‌زراندنی مامۆستایان و كارگوزار و فه‌رمانبه‌ران له‌بواری په‌روه‌رده‌دا؟
سه‌فین دزه‌یی: بۆ ئه‌م ساڵ جارێ هیچ دهرهجاتێك ده‌ستنیشان نه‌كراوه بۆ دامه‌زراندنی كارگوزار و فه‌رمانبه‌رانی قوتابخانه‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه خۆتان ده‌زانن كوردستان به چ بارودۆخێكدا ده‌ربازبوه و خه‌ڵكانێكی گیرۆدهبو هه‌یه كه نه‌هامه‌تی دیوه و خه‌ڵكانێك هه‌یه كه پێویستی به هاوكاری هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئاوڕیان لێ بداته‌وه، به‌ڵام به‌و مانایه‌ش نا كه به شێوه‌یه‌كی وا بێت كایه حكومیه‌كان ببێته شوێنی دۆزینه‌وه‌ی كار بۆ بێكاران، یان تاكه بژێوی یاخود سه‌رچاوه‌ی بژێوی حكومه‌ت بێت، ده‌بێت حكومه‌ت كارێكی وا بكات كه ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكانی دیكه به شێوازی تر دروست بكات نه‌ك ته‌نها موچه خۆربن، یه‌ك له‌و بابه‌تانه‌ی كه جێی بایه‌خه به نیسبه‌ت ئێمه‌وه، پێداچونهوهكردنه به دابه‌شكردنی كاری باشتر و رێكتر، به‌پێی پێویست، چ له‌ڕوی خزمه‌تگوزاری و كارگوزار و فه‌رمانبه‌ران، چ له‌ڕوی مامۆستایان.
راسته له‌هه‌ندێك بواردا كه‌موكوڕیمان هه‌یه، وه‌كو مامۆستای زانستی له هه‌ندێ شوێن و مامۆستای كوردی و عه‌ره‌بی، دابه‌شكردنی پێویسته پێداچونه‌وه‌ی بۆ بكرێت، به‌ڵام به حه‌قیقه‌ت لێتان ناشارمه‌وه ئه‌وه ئیشی ده‌وێت و ئیشی رۆژێك و دو رۆژ نیه، ئێمه له داهاتودا پێداچونه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ین به باشترین شێوه، نه‌ك به‌و مه‌رامه‌ی كه نانبڕیی خه‌ڵك بكه‌ین، نه‌خێر، به‌ڵام پێویسته ئه‌و شوێنانه‌ی كه كه‌موكوڕی تێدایه پڕ بكرێته‌وه ئه‌وانه‌ش كه زیاده ئه‌ویش چاره‌سه‌ر بكرێت .
سبه‌ی: بودجه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ ئه‌مساڵ چه‌نده ؟ به‌شی كار‌و چالاكیه‌كانی په‌روه‌رده ده‌كات یان نا؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌گشتی سیاسه‌تی حكومه‌ت بریتیه له كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی، له وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌دا بودجه‌ی ته‌شغیلی له 72%ه‌وه گه‌یشتۆته 68%، به‌و پێیه‌ش بودجه‌ی وه‌به‌رهێنراو 4% زیادی كردوه، یه‌عنی ئه‌وه‌ی كه چوه‌ته سه‌ر وه‌به‌رهێنان ده‌توانین زیاتر قوتابخانه و بینای تازه‌ی پێدروست بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه بۆ ئێمه به‌س نییه، به‌ڵام ئێمه‌ش ته‌قدیری بارودۆخی كوردستان و ئه‌و بودجه‌یه ده‌كه‌ین كه له په‌رله‌مان په‌سه‌ندكراوه.
سبه‌ی: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه گۆڕانكاری له پڕۆگرامه‌كاندا ده‌كرێته‌وه، ئایا فریا ده‌كه‌ون له سه‌ره‌تای خوێندنی ئه‌مساڵدا هه‌مو قوتابیان پرۆگرامی نوێ وه‌ربگرن؟
سه‌فین دزه‌یی: پڕۆگرام ده‌مێكه گۆڕاوه، ئێستا قۆناغ به قۆناغ له سه‌ره‌تایی و چه‌ندین به‌شی سه‌ره‌تایی ته‌واو بوه، كۆتایی ئه‌مساڵیش 6 بۆ 12 یه‌كه پڕۆگرامه‌كانیان جێه‌جێ ده‌كرێن و ده‌كرێنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كتێبه‌كان ئێستا به‌شی زۆری له چاپدراوه و گه‌یشتۆته كوردستان و به‌شێكی ماوه كه ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌گاته كوردستان به‌شێكی له ناو كوردستان له چاپدهدرێت، ئه‌وانیش ئاماده ده‌بن له كاتێكی پێویستدا دابه‌شبكرێت، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه له كۆگاكان كۆنه‌كرێنه‌وه، به‌ڵكو له كۆگای پارێزگاكان له‌وێ بپارێزرێن و له كاتی گونجاو‌دا دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كاندا.
سبه‌ی: به‌پێی سیسته‌می په‌روه‌رده ده‌بێ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه بنه‌ڕه‌تیه‌كان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس بن، تا ئێستا ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ كراوه؟
سه‌فین دزه‌یی: هه‌مومان له كوردستان ژیاوین، جاران كه شه‌شی سه‌ره‌تایی هه‌بوه پاشان به خولێكی به‌هێزكردن بون به مامۆستا، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه ئاستی زانست له كوردستان به‌رزكه‌ینه‌وه و ئێستاش هه‌وڵی جدی بده‌ین كه نه‌ك ته‌نها مامۆستای ناوه‌ندی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی بكالۆریۆس بن، به‌ڵكو بنه‌ڕه‌تیش، بۆ نمونه ئێستا په‌یمانگاكان داخراون، به‌ڵام ئێمه مولزهمین به دامه‌زراندنی ئه‌و به‌رێزانه‌ی ته‌نها ده‌توانن له‌بواری په‌روه‌رده‌دا دابمه‌زرێن، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ئه‌وانه‌ی كه وه‌رده‌گیرێن هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ین كه ده‌رچوی كۆلێژه‌كان بن، بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌شمان پێویستمان به هه‌ماهه‌نگی هه‌یه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا.
سبه‌ی: پلانتان چییه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واری و بره‌ودان به‌وه‌ی پێشوتر ناونرابو (محو الامیه) و ئێستاش (فێركردنی خێرا)؟
سه‌فین دزه‌یی: جێی دڵخۆشیه كه زۆر كه‌س رویكردوه‌ته پرۆگرامی فێركردنی خێرا،كاریگه‌رییه‌كی دروست كردوه كه رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له 35%ه‌وه دابه‌زیوه بۆ 14% له‌كاتێكدا تائێستاش له عێراقدا رێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری 28%ه. خواست هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ش بارقورسییهكه بۆ وه‌زاره‌ت، به‌ڵام ئه‌و بارقورسییه خۆشحاڵمان ده‌كات و ته‌نها ساڵی رابردو 350 هه‌زار كه‌س سودمه‌ندبون له پرۆگرامی فێركردنی خێرا، له‌ئێستادا ملیۆنێك و 400 هه‌زار قوتابیمان هه‌یه له باخچه‌ی ساوایانه‌وه تا دواقۆناغی ئاماده‌یی، ئه‌وه‌ش سێ یه‌كی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستانه، ئێمه‌ش هه‌مو هه‌وڵ و ماندوبونی خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێنین بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو خوێندن، هاوكارییان ده‌كه‌ین و ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌ین و پێخۆشحاڵین كه ئه‌و خه‌ڵكه به‌و ژماره زۆره‌وه رو له‌خوێندنگه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
سبه‌ی: سه‌باره‌ت به كه‌یسی نانبڕاوه‌كان و فه‌رمانی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و 4 به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی ناو شاری سلێمانی كه له رێكه‌وتی 12/5/2010 ده‌رچو له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانیه‌وه، به‌ڵام له رۆژی 31/5/2010 ئه‌و فه‌رمانه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و كرانه‌وه به مامۆستا، ئێوه چ رون كردنهوهیهكتان هه‌یه؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌وشێوه‌یه‌ی كه بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران درابو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌مو فه‌رمانبه‌رێك له هه‌ر بوارێكدا بۆ كاری پێشوی خۆیان، به مه‌رجێك كێشه‌ی ئیداریان نه‌بوبێت، واتا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر گرفتی سیاسی بێت، پێویسته بگه‌ڕێنه‌وه جێی خۆیان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرفتێكی ئیداریان هه‌بوبێت ئه‌وه شتێكی تره و ئیجرائاتی ئیداری ده‌كرێت به بێ پشتبه‌ستن به ئینتیمای سیاسی، هه‌ر له وه‌زاره‌ت زۆر به به‌رفراوانی (ته‌عمیم) مان كرد و جێبهجێشكرا.
ئه‌و چه‌ند حاڵه‌ته‌ی به‌ڕێزت باسی ده‌كه‌یت، راسته، گرفتێكی وا هه‌یه، خۆشیان هاتنه لام، دیاره ئه‌و جێگایانه‌ی كه ئه‌وانی لێبون پڕكرابونهوه به به‌ڕێوبه‌ری دیكه، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیش دیار بو رازی نه‌بون و شوێنی خۆیان ده‌ویسته‌وه، ئێستا پشوی هاوین ده‌ستی پێكردۆته‌وه، چه‌ندین قوتابخانه‌ی تازه ده‌كرێته‌وه، ده‌توانین ئه‌و گرفته‌ی پێ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و به‌ڕێوه‌به‌ره نوێیه‌كان بنێرین بۆ ئه‌و قوتابخانه نوێیانه.
سبه‌ی: به‌ڵام ئێستا ئه‌و به‌ڕێزانه وه‌كو مامۆستا ده‌ستنیشان كراون و به‌ڕێوه‌به‌ر نین؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌ڵێ، به بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان و به‌ڕێوه‌به‌رن، مه‌له‌فه‌كه هاتوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر مامۆستا شێخ حسین لێره بو، وتم ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه بانگ بكه و ئه‌و كێشه‌یه با چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وان به‌ڕێوه‌به‌رن به ئه‌مری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر وه‌زیفه‌ی خۆیان.
سبه‌ی: كه‌واته به فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت بچنه‌وه شوێنی كاری خۆیان؟
سه‌فین دزه‌یی: ناڵێین شوێنی خۆیان، ده‌ڵێین وه‌زیفه‌ی خۆیان، نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه، فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه ده‌رچو بۆ هه‌مو ئه‌و فه‌رمانبه‌ره حكومیانهیه كه له هه‌مو بوارێكی وه‌ك ته‌ندروسستی، په‌روه‌رده، كشتوكاڵی... كارده‌كه‌ن.