Print
 هه‌رێمی كوردستان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌
Sunday, July 11, 2010

راپۆرتی: به‌رهه‌م عومه‌ر

رۆژی 4/7/2010 رۆژنامه‌ی سه‌باحی توركیا له‌سه‌ر زاری زافر چاغڵیان، وه‌زیری ده‌وڵه‌تی توركیا، لێدوانێكی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: " ئێمه‌ ناهێڵین خاكمان بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر وڵاتانی‌ دراوسێ‌ به‌كاربهێنرێت"، به‌ڵێنیشی‌ داوه‌ له‌ ده‌ركردنی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ قه‌ندیل هاوكاریی توركیا بكات، ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ ناجه‌نگن، به‌ڵام رێگریش له‌ توركیا ناكه‌ن هێرشیان بكه‌نه‌ سه‌ر.

یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ توركیا و كۆتایی هێنان به‌ یاخیبونی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی قه‌ندیل و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی باكور، یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌رده‌وام هۆكاری سنوربه‌زاندن و دروستبونی ته‌نگه‌ژه‌ سیاسی و ئابورییه‌كان بوه‌ له‌نێوان وڵاتانی (عێراق- توركیا- سوریا- ئێران)دا.

هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌" یان "وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌" و كۆتایی هێنان به‌و پشێویه‌ ئه‌منیه‌ی له‌نێوان عێراق و توركیادا دروست بوه‌.

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێك كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ توركیش ده‌یلی‌ نیوزی‌ توركیدا له‌ رۆژی 5/7/2010 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، جه‌میل چیچه‌ك جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ توركیا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانیان دژی‌ په‌كه‌كه‌ كردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "گه‌ر پێویست بكات، به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردو ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازی‌ بۆ سه‌ر باكوری‌ عێراق ئه‌نجامده‌ده‌ین".

هاوكات یوسف گۆران پسپۆڕ له‌ كاروباری‌ توركیا له‌ لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی)، رایگه‌یاند:‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ توركیا كه‌ تاوه‌كو ئێستا 24 جار ئه‌نجامدراون، كێشه‌ی‌ كوردی‌ چاره‌سه‌ر نه‌كردوه‌ و چاره‌سه‌ریشی‌ ناكات، وتیشی: "سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ توركیا بۆی‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ كورد به‌ رێگاچاره‌ی‌ سه‌ربازیی‌ چاره‌سه‌رناكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌ر هێرشه‌كانی‌ به‌رده‌وامه‌، چونكه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ململانێی‌ و ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان حكومه‌ت و سوپادا هه‌یه‌".

ئه‌و پسپۆڕه‌ راشیگه‌یاند:"سوپای‌ توركیا له‌به‌ر دو هۆ ئه‌م هێرشانه‌ ئه‌نجامده‌دات، یه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ رای‌ گشتی‌ قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن كه‌ ئه‌مان شانبه‌شانی‌ سوپان، دوه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ رێگه‌چاره‌ی‌ سه‌ربازی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد ناكات".

گۆران تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا به‌هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵ‌ پڕۆژه‌ی‌ كرانه‌وه‌ به‌ڕوی‌ دیموكراتیدا ناگونجێت، چونكه‌ گه‌ر توركیا بیه‌وێت پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێبكات و كورد بێنێته‌ ناو پڕۆسه‌ی‌ سیاسیی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، پێویستیی به‌ بارودۆخێكی‌ جێگیر و ئاسایش هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان.

له‌درێژه‌ هه‌نگاوه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، مانگی رابردو وه‌زیری ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ كاروباری بازرگانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 150 بازرگانی توركیا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیانكرد، به‌مه‌به‌ستی زیاتر گه‌شه‌پێدانی بواری وه‌به‌رهێنانی توركیا له‌نێو هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ وته‌ی به‌رپرسێكی باڵای هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی هه‌رێم له‌پێناوی دروستكردنی لێكتێگه‌یشتنی (ئابوری و رۆشنبیری و كه‌لتورییه‌) بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌شێوه‌یه‌كی "ئاشتیانه‌".

فه‌لاح مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: پرسی كورد و كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ توركیا، پرسێكی ناوخۆیی توركیان و هیچ وڵاتێك رێگه‌نادات لایه‌نێكی دیكه‌ ده‌ستوه‌ربداته‌ كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی، هه‌رێمی كوردستانیش سیاسه‌تی خۆی به‌ راشكاوانه‌ راگه‌یاندوه‌، هه‌ركاتێك هاوكاری ئێمه‌ پێویست بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌، ئێمه‌ ئاماده‌ین رۆڵی خۆمان بگێڕین.

فه‌لاح، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ بونی په‌یوه‌ندی زانكۆكان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنانی باش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، هاوكارێكی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی لێكتێگه‌یشتنی باشتر و هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد و كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ توركیا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ له‌ 2 ساڵی رابردودا گۆڕانكارییه‌كی باش له‌ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیادا دروست بوه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان شێوازێكی دیكه‌ی سیاسه‌تكردنی گرته‌به‌ر بۆ كرانه‌وه‌ی دیموكراسی به‌رامبه‌ر به‌ پرسی كورد له‌ توركیا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته‌ و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، "ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌و سیاسه‌ته‌ ده‌كه‌ین و وتوشمانه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین هه‌مو جۆره‌ هاوكارییه‌كی ئاشتیانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ین، له‌پێناوی پشتگیری كردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌".

به‌ڵام فایه‌ق گوڵی، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد، بۆچونێكی جیاوازی هه‌یه‌ و پێی وابو ئه‌و گه‌شبینیه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یانه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی بازرگانی له‌گه‌ڵ توركیادا، له‌قازانجی كورددا نییه‌، به‌ڵكو زیان به‌ ژێرخانی ئابوری وڵات ده‌گه‌یه‌نێت و داگیركردنی كوردستانه‌ له‌ڕوی ئابورییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی بازرگانی توركیا به‌رهه‌ماكانی له‌ هه‌رێم ساغ ده‌كاته‌وه‌ و كارگه‌یه‌كیش له‌ كوردستان دروست ناكات بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری كوردستانی پێ ببوژێته‌وه‌ و بێكاری نه‌هێڵێت له‌ وڵاتدا.

خواستی توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد:
فایه‌ق گوڵپی، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و یه‌كێك له‌ پشتیوانه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌ باكوری كوردستان، هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ یوسف گۆراندا و پێی وایه‌ هه‌نگاوه‌كانی توركیا بۆ كرانه‌وه‌ "عه‌مه‌لی"نین و ته‌نها بۆ بردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌ری كوردن له‌ توركیا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ نزیكه‌ی 70 په‌رله‌مانتاری كورد له‌سه‌ر لیستی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا، بونه‌ته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌.

گوڵپی دانی به‌وه‌دانا كه‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، رێگه‌یان داوه‌ ته‌له‌فیزیۆنی كوردی هه‌بێت و له‌ زانكۆكاندا به‌ زمانی كوردی هه‌ندێك بخوێندرێت، قسه‌كردن به‌ كوردی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ توركیا به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو بۆ راكێشانی سۆزی كورده‌كانه‌ بۆخۆی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی بده‌نێ.

له‌لایه‌ن گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌وه‌ چه‌ند جارێك ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌نجامدراوه‌ بۆ راگرتنی شه‌ڕ و هاندانی حكومه‌ته‌كانی توركیا بۆ گرتنه‌به‌ری رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌، بۆ نمونه‌ له‌ 19/10/2009، دو گروپی ئاشتی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ قه‌ندیل و له‌ مه‌خموره‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 34 گه‌ریلا بو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ توركیا و چه‌كیان دانا و خۆیان راده‌ستی توركیا كرده‌وه‌، وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی خه‌باتی ئاشتیانه‌ی په‌كه‌كه‌، به‌ڵام توركیا ئاماده‌ نه‌بو سود له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ وه‌رگرێت و سه‌رجه‌می ئه‌و گه‌ریلایانه‌ی ده‌ستگیركردو به‌ 5 ساڵ زیندانیی سزای دان.

ساڵی 1999 عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌، له‌ كرده‌یه‌كی سیخوڕیدا له‌ كینیا ده‌ستگیكراو له‌ زیندانی ئیمرالی به‌ندكرا، پاش ئه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچو، به‌ڵام پاش ئه‌و روداوانه‌ش ئۆجه‌لان له‌ زیندانه‌وه‌ سه‌رقاڵی پێشنیاركردنی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ و ئاگربه‌سته‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و هه‌وڵانه‌ هیچ ئه‌نجامێكی لێ نه‌كه‌وتوه‌ته‌وه‌.

گوڵپی باسی ئه‌وه‌یكرد: له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیادا نزیكه‌ی 46%ی شار و ناوچه‌ كوردیه‌كان ده‌نگیانداوه‌ به‌ (ئه‌كه‌په‌- پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا) و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی توركیا و سه‌رۆك وه‌زیران خۆیانن، پشتگیرییه‌كی به‌هێزی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییان لێده‌كرێت، ده‌بوایه‌ گۆڕانكارییان له‌ده‌ستوردا بكردایه‌ و ته‌نها یه‌ك خاڵیان بگۆڕییایه‌ له‌ده‌ستوردا كه‌ تیایدا هاتوه‌: "توركیا یه‌ك نه‌ته‌وه‌ و یه‌ك پێكهاته‌یه‌ و یه‌ك زمانه‌"، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاریان نه‌كردوه‌ بۆ گۆڕینی ئه‌و بڕگه‌یه‌، ده‌رده‌كه‌وێت راست ناكه‌ن له‌ دانپێدانانی مافه‌كانی كورد و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردا.

ئه‌حمه‌د ده‌نیز، به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، ئاماری‌ چالاكیه‌كانی‌ ساڵی‌ 2009 ی‌ پارته‌كه‌ی‌ و سوپای‌ توركیای‌ ئاشكرا كرد و به‌ KNNی‌ راگه‌یاند: له‌ ساڵی‌ 2009 دا سوپای توركیا 273 ئۆپه‌راسیۆنیان كردۆته‌ گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌شدا 34 جار شه‌ڕ له‌ نێوان هه‌ردولادا دروست بوه‌.

ده‌نیز ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: له‌ هه‌مان ساڵدا 128 سه‌ربازی‌ توركیا كوژراوه‌ و 58 ی‌ دیكه‌شیان بریندار بوه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا 94 گه‌ریلای‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان كوژراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ تۆپبارانه‌كانی‌ توركیاش به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: له‌ ساڵی‌ 2009 سوپای‌ توركیا 168 جار تۆپبارانی‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ كردوه‌ له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ نێوان توركیا و هه‌رێمی‌ كوردستان و 49 جاریش سوپای‌ توركیا هێرشی‌ ئاسمانیان كردوه‌.

له‌ ساڵی‌ 2009 دا و به‌ر له‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز په‌كه‌كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ خۆی‌ بۆسه‌ر سوپای‌ توركیا راگرت و ئاگربه‌ستی‌ راگه‌یاند و زیاتر له‌ 5 جار ماوه‌كه‌ی‌ درێژ كرده‌وه‌.

پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، په‌كه‌كه‌، له‌ 28 تشرینی‌ دوه‌می‌ ساڵی‌ 1976 وه‌ك پارتێكی‌ ماركسی‌ لینینی‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خوێندكاری‌ كورده‌وه‌ له‌ توركیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان دامه‌زراوه‌، دوای‌ ماوه‌یه‌ك ده‌ستی‌ كردوه‌ به‌ شه‌ڕی‌ پارتیزانی‌ دژ به‌ توركیا به‌ ئامانجی‌ به‌دیهێنانی‌ مافه‌كانی‌ كورد له‌و وڵاته‌دا.

 په‌كه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان؟
چاودێره‌ سیاسیه‌كان پێیان وایه‌، پێگه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، فشارێكی سیاسی و سه‌ربازی له‌سه‌ر هه‌رێم دروستكردوه‌، بۆ ده‌ركردنی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ چیای قه‌ندیل و داخستنی كه‌مپی مه‌خمور و ده‌ستگیركردنی به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌بێت ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندی عێراق بكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، نابێت رێگه‌ بدات هێزێكی ده‌ره‌كی بنكه‌یه‌كی هه‌بێت له‌ هه‌رێم و بیكاته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و هێرش بكاته‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ یان زیان به‌ خه‌ڵكی كوردستان و به‌ هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت.

راشیگه‌یاند: "به‌ر له‌هه‌مو شتێك، بۆ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی دراوسێیه‌تی باش له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی دولایه‌نه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و سودی هاوبه‌ش... ئه‌ركی ئێستامانه‌".

سه‌باره‌ت به‌ توندكردنی سنوری نێوان ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمدایه‌ و ئابڵوقه‌خستنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی بناری قه‌ندیل، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌، فه‌لاح موسته‌فا وتی: "من فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی نیم تائاگاداری ته‌واوی جموجوڵه‌كان بم له‌و ناوچانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستی خۆی به‌ ئاشكرا راگه‌یاندوه‌، هه‌روه‌ها ناكرێت خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌ قوربانی كێشه‌یه‌ك كه‌ نه‌ده‌ستی ئێمه‌ی تێدایه‌ نه‌ ئێمه‌ دروستمان كردوه‌".

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ كه‌ رۆژنامه‌ی‌ (حوڕیه‌ت) رۆژی 10/7/2010 بڵاویكردۆ‌ته‌وه‌، توركیا له‌ لیستێكدا‌ ناوی‌ داواكراوانی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ پێشكه‌ش به‌ هه‌ریه‌ك له‌ (ئه‌مریكا و عێراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێم) كردوه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ 248 ناودا ده‌بینێته‌وه‌ و له‌نێوانیشیاندا هه‌ریه‌ك له‌ موراد قه‌ره‌یلان و جه‌میل بایك و دۆران كاڵكانی‌ تێدایه‌. هه‌ر له‌ داواكه‌ی‌ توركیادا ئه‌وه‌ش هاتوه‌ كه‌ پێویسته‌: زوترین كات ئه‌و كه‌سانه‌ ته‌سلیم به‌ حكومه‌تی‌ ئه‌نقه‌ره‌ بكرێنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری‌ گشتی هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: هه‌رێمی‌ كوردستان ناتوانێت رێوشوێنی‌ یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه‌ بگرێته‌ به‌ر كه‌ توركیا داوای‌ ده‌كات، هه‌ر كه‌سێكیشی‌ بوێت ده‌ستگیری‌ بكات، باخۆی‌ به‌شوێنیدابگه‌ڕێت.

به‌شێكی دیكه‌ له‌ چاودێرانی سیاسی پێیان وایه‌ په‌كه‌كه‌ هۆكارێكه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و به‌رگیكردن له‌ دۆزی كورد له‌ توركیادا.

فایه‌ق گوڵپی ده‌ڵێت: گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌، چه‌ندێك داكۆكی له‌ مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌كه‌ن له‌ باكوری كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ش گره‌نتی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی باشوری كوردستانن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ له‌پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ له‌ ساڵی 2000، په‌كه‌كه‌ سیاسه‌تێكی زۆر هاوسه‌نگی كردوه‌ و شتێكی وای نه‌داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ ببێته‌ بیانو كه‌ دوژمنان فشار بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ بنار و شاخه‌كانی قه‌ندیل نه‌مێنێت، هاوشێوه‌ی "تۆرابۆرا" كه‌ تیایدا قاعیده‌ و تاڵیبان هه‌ڵناكه‌نرێن، گه‌وره‌ترین كێشه‌یان بۆ ئه‌مریكا و پاكستان و ئه‌فغانستان دروستكردوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ توندڕه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ پشتیوانی ئیستیخباراتی وڵاتانی دراوسێ له‌و شاخانه‌ جێگیر ده‌بن و ئه‌و هه‌نده‌ ئاسایشه‌ خۆشه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش نامێنێت.

كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كورد؟
گوڵپی وتی: "ده‌بێت هه‌ندێك چه‌مكی سیاسی به‌كارهێنراو له‌ هه‌رێمی كوردستان راست بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌باتی نیشتیمانی كورده‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌كاری ده‌هێنن، چونكه‌ هه‌مو دونیا كێشه‌ی كورد به‌ یه‌ك كێشه‌ ئه‌ژماری ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن گه‌لی كوردیش كێشه‌ی كورد به‌ یه‌ك كێشه‌ سه‌یر ده‌كات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری كوردستان ئه‌و كێشه‌یه‌ پارچه‌ پارچه‌ ده‌كه‌ن".

راشیگه‌یاند: سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ئاماده‌ نین سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و پێوانه‌دار و هاوچه‌رخ ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سومعه‌ی میلله‌تی كوردی پێ به‌رز ببێته‌وه‌، به‌ڵكو زۆربه‌ی كات سیاسه‌تكردنیان ده‌بێته‌ هۆی شه‌رمه‌زاركردنی تاكی كورد.

داواكارییه‌كانی به‌شداریكردنی هه‌رێم له‌ راوه‌دونانی په‌كه‌كه‌:
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێك نیه‌ له‌ كێشه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بكرێت، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی توركیا ده‌توانین رۆڵ ببینین بۆئه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ ناكات، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیاره‌ كه‌ هه‌ردولا په‌ناببنه‌ به‌ر رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌.

فه‌لاح مسته‌فا وتیشی: "ئێمه‌ دژی توندوتیژین و دژی ئه‌وه‌شین كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ببنه‌ قوربانی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ پرسی په‌كه‌كه‌ و پرسی به‌كارهێنانی چه‌ك بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا پتر له‌ 25 ساڵه‌ هه‌یه‌ و تائێستا ئه‌نجامی ئه‌وتۆی لێ نه‌كه‌وتوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌ وێرانكاری و قوربانی گه‌وره‌، "بۆیه‌ ئه‌زمون و مێژو ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ نییه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ جگه‌ له‌ رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌".

ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، رۆژی 26/6 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كرد هاوكاری وڵاته‌كه‌ی بكات له‌ راوه‌داونان و نه‌هێشتنی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌سنوری خاكی هه‌رێمی كوردستاندا و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه‌ هه‌رێمی كوردستان ئیدانه‌ی ئه‌و هێشه‌ی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌یان كردوه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 11 سه‌ربازی توركیا كوژران.

ئۆغڵۆ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم به‌ڵێنی‌ هاوكاریان داوه‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ تیرۆریزم له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ داوایان لێده‌كه‌م هه‌نگاوی‌ جدی‌ له‌و باریه‌وه‌ بنێن.

به‌ڵام فایه‌ق گوڵپی، ده‌خوازێت "هه‌رێمی كوردستان مل نه‌دات بۆ داوا ناڕه‌واكان"ی توركیا بۆ راوه‌دونانی په‌كه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كه‌ توركیا سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ و هه‌رێم ئاماده‌یی پیشان نادات به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌ بكات، هه‌ر بۆیه‌ پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر گرنگه‌ له‌م قۆناغه‌دا.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ بۆ راوه‌دونانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناو خاكی عێراقدا، گوڵپی وتی: "ئه‌نجامدانی هێرشێكی سه‌ربازی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ جوڵاندنی رقی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و سوپایه‌، چونكه‌ ده‌ستی ده‌چێته‌ خوێنی هاونه‌ته‌وه‌ و كوردزوبانه‌كانه‌وه‌".

Sbeiy.com © 2007