Print
 محه‌مه‌د كه‌ریم: حساباتی‌ خیتامیی‌ بودجه‌ی‌(2009)، زیاتر له‌ (701) ملیار دینار خروقاتی‌ تێدا كراوه‌
Wednesday, July 14, 2010

سازدانی: چاوان عه‌لی‌
محه‌مه‌د كه‌ریم، سه‌رۆكی‌ مونته‌دای‌ ئابوریی‌ كوردستان، له‌ دیمانه‌یه‌كدا كه‌ شیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ حساباتی‌ خیتامیی‌ بودجه‌ی‌ (2009) ئه‌نجامداوه‌، ئاماژه‌ به‌ بونی‌ خروقاتێكی‌ زۆر ده‌كات له‌ بودجه‌كه‌دا‌و به‌ زیاتر له‌ (701) ملیار دینار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بۆ خراپیی‌ ئه‌دا‌و نه‌بونی‌ پلان‌و ستراتیژی‌ كاركردنی‌ حكومه‌ت ده‌گێڕێته‌وه‌‌و پێیوایه‌: حكومه‌ت، سیستمێكی فه‌وزای ئیداریی‌و دارایی گه‌وره‌ پیاده‌ ده‌كات.

رۆژنامه‌: تا چه‌ند پێشێلكاریی‌ له‌ بودجه‌ی‌ خیتامیی‌ (2009)دا هه‌یه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تێبینی‌ ده‌كرێت له‌ بودجه‌ی‌ خیتامیی‌ ساڵی‌ (2009)دا به‌گشتیی‌، له‌ هه‌مو بابه‌كانی‌ بودجه‌ی‌ به‌كاربه‌ردا پێشێلكاریی‌ هه‌یه‌، به‌ كۆی‌ گشتیی‌ (701) ملیار‌و (715) ملیۆن دینار خروقات له‌ بودجه‌كه‌دا هه‌یه‌، كه‌ (11,07 %)ی‌ بودجه‌ی‌ (2009) پێكده‌هێنێت.

رۆژنامه‌: ئه‌و خروقاتانه‌، ته‌نیا له‌ بودجه‌ی‌ به‌كاربردندا هه‌یه‌، یان وه‌به‌رهێناندان؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: خروقاته‌كان، نه‌ك ته‌نیا له‌ موچه‌دا، به‌ڵكو زۆرترینیان له‌ بواره‌كانی‌ دیكه‌یدا هه‌یه‌‌و رێژه‌ی خروقات به‌گشتیی له‌ كۆی بودجه‌ی به‌كاربردنی ساڵی (2009) ده‌گاته‌ (10،5%) بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م خروقاتانه‌ زۆر بواری تری به‌ده‌ر له‌ موچه‌شی گرتوه‌ته‌وه‌ وه‌ك: شمه‌ك‌و خزمه‌تگوزاریی‌ چاكردنه‌وه‌، باربو، به‌خشین‌و سودی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نیا خروقاتی‌ (باربو، به‌خشین‌و سودی كۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌گاته‌ (141،4) ملیار دینار خۆ ئه‌گه‌ر خروقاتی (خه‌رجیه‌كانی تر)ی بچێته‌ سه‌ر، ئه‌وا رێژه‌ی خروقاتی ته‌نیا ئه‌و چه‌ند بواره‌ ده‌گاته‌ (22،92%) له‌ كۆی بڕی خروقاتی بودجه‌ی به‌كاربردنی (2009).

رۆژنامه‌: تا چه‌ند حكومه‌ت توانیویه‌تی‌، سیاسه‌تێكی‌ كاركردنی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ هه‌بێت بۆ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌كه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم:  ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ نه‌فه‌قاتی‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ین، ده‌بینین (80,6%)ی‌ جێبه‌جێكراوه‌، واته‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ سود له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌رزی واقیع، كه‌ خۆشی به‌ پێی پلان دایناوه‌ كه‌ ده‌گاته‌ رێژه‌ی (27،1%) له‌ كۆی گشتیی بودجه‌ی (2009).
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌بینین كه‌ حكومه‌ت له‌ به‌شی‌ خه‌رجییه‌كاندا، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا (61%)ی‌ خه‌رجكردوه‌، به‌ڵكو وه‌ك بینیمان زیاده‌ڕۆیی زۆری تیا كردوه‌، بۆیه‌ لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ بۆ حكومه‌ت ده‌توانێت بودجه‌ی‌ به‌كارهێنان به‌ زیاده‌وه‌ خه‌رج بكات؟ به‌ڵام له‌ وه‌به‌رهێناندا، جێبه‌جێكردنه‌كه‌ ته‌نیا (80%)یه‌؟

رۆژنامه‌: كه‌واته‌، ئه‌دای‌ حكومه‌ت سسته‌‌و له‌ ئاستی‌ پێویستدا نه‌بوه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: بێگومان، ئه‌و داتایانه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ خیتامیی‌ (2009)دا هه‌ن، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، كه‌ ئه‌دای‌ حكومه‌ت به‌ تایبه‌ت له‌ بواری‌ وه‌به‌رهێناندا سست‌و لاوازه‌‌و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ بواری‌ به‌كارهێنان‌و خه‌رجكردندا له‌ پێویست زیاتره‌، ئه‌مه‌ش به‌شێكی بۆ ناكارایی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌و به‌شێكی بێتوانایی ئیداره‌ی ئابوری وڵاته‌‌و هه‌ندێكیشی ناپڕۆفیشناڵییه‌ته‌ له‌ بڕیاردروستكردندا‌و به‌شێكی تریشی دانه‌به‌زاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات‌و قه‌تیسكردنیه‌تی له‌ ئاسته‌ باڵاكاندا‌و هۆی تریش.

رۆژنامه‌: ئه‌و زیاده‌ڕۆییه‌ی له‌ بودجه‌كه‌دا كراوه‌، له‌ چ بابێكدایه‌، رونكراوه‌ته‌وه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: زیاده‌ڕۆیی كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ دیاری‌ نه‌كراوه‌، كه‌ بۆچی‌ خه‌رجكراوه‌، ئایا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تاكه‌كه‌سی‌، یان حیزبی‌، یان په‌یوه‌ندیی‌ عه‌شایه‌ری‌، یان ده‌سه‌ڵات سه‌رفی‌ كردوه‌؟، بۆ نمونه‌: له‌ژێر ناوی‌ خزمه‌تی‌ دیكه‌ (هه‌مه‌جۆر) بڕی‌ (429،3) ملیار دیناری سه‌رفكردوه‌ كه‌ نازانرێت چییه‌‌و چین، كه‌ ده‌بو په‌رله‌مانتاران له‌مه‌دا بێده‌نگ نه‌بن.

رۆژنامه‌: زیاتر له‌ (18%)ی‌ بودجه‌ی‌ به‌كاربه‌ر، بۆ مه‌ترسیی‌ ئه‌منی‌ دانراوه‌، ئایا ئێمه‌ له‌ كوردستان، پێویستمان به‌م پاره‌ زۆره‌ هه‌یه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: بێگومان نه‌خێر، چونكه‌ ئه‌و خه‌رجییانه‌ی‌ له‌ بری‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ ئاسایش سه‌رفكراون، نه‌ك ده‌زگاكانی ئاسایش، (253،6) ملیار دیناره‌، كه‌ ده‌كاته‌ (18,34%)ی‌ بودجه‌ی‌ به‌كارهێنان، ئه‌مه‌ش بودجه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌یه‌، كه‌ بۆ مه‌ترسیی‌ ئه‌منی‌ دانراوه‌ له‌ كوردستانێكدا كه‌ باس له‌ سه‌قامگیریی‌ ئاسایش‌و ئارامیی‌ ده‌كرێت، خۆ ئه‌گه‌ر بۆ لێپرسراوه‌كانی به‌غداش بێت ئه‌وه‌ كوردستان به‌ رێژه‌ی (17%) پشكی خۆی له‌ بودجه‌ی سیادی داوه‌ به‌ ئامانجی به‌شداریی كوردستان له‌ قورسایی خه‌رجی ئاسایشی به‌غدادا.
هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌مه‌، وه‌ڵامێك هه‌بێت له‌لایه‌ن به‌رپرسان‌و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌، یان لانیكه‌م له‌ حساباته‌ خیتامییه‌كه‌دا رونبكرایه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئاسایش سه‌قامگیره‌ له‌ هه‌رێم، بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌؟ له‌ كاتێكدا پاراستنی‌ ئه‌منیه‌ت‌و موچه‌ی‌ به‌رپرسه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ به‌غدا له‌ بودجه‌ی سیادی ده‌درێت، نه‌ك هه‌رێم.

رۆژنامه‌: له‌ خه‌رجییه‌كان‌و ده‌رماڵه‌شدا، ناڕۆشنی‌و خروقات هه‌یه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: ئه‌مه‌ راسته‌، چونكه‌ له‌ خه‌رجییه‌كانی‌ دیكه‌ (587،5) ملیار دانراوه‌ له‌ بڕگه‌ی (6) له‌ شێوازی‌ خه‌رجییه‌كاندا، به‌ڵام دیاری‌ نه‌كراوه‌ خه‌رجییه‌كانی‌ دیكه‌ مه‌به‌ستی‌ چییه‌‌و چین، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ تۆ نه‌زانی‌ ئه‌و خه‌رجییانه‌ چین.
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك ده‌رماڵه‌ی‌ تر له‌ بابی‌ ده‌رماڵه‌دا هاتوه‌، به‌ڵام ریزبه‌ندییه‌كانی (11,13,14,16,20)ی‌ په‌ڕاندوه‌ بۆچی ئاماژه‌یان بۆ نه‌كراوه‌؟! ته‌فسیرمان لا نییه‌.

رۆژنامه‌: تا چه‌ند بودجه‌كه‌ به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دانراوه‌‌و خه‌رجكراوه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌، ئه‌وه‌تا ده‌رماڵه‌ی‌ خۆشگوزه‌رانیی‌ ره‌سمیی‌، كه‌ بۆ سه‌یران‌و گه‌شت‌و خۆشییه‌، زیاتر له‌ (20) ملیاری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌مه‌ ده‌رماڵه‌ی‌ كار(مهنی‌) (46) ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ (0,003%) بودجه‌ی به‌كاربردن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌ت باس له‌ بونی‌ بێكاریی له‌ كوردستاندا ده‌كات‌و حكومه‌ت پێویسته‌ به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام چاكسازیی له‌ په‌یكه‌ربه‌ندیی هێزی كاری كوردستاندا بكات‌و هێزی كار بگونجێنێت بۆ بازاڕی كار له‌ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدانی میهه‌نی‌و پیشه‌یی گه‌نجه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی حكومه‌ت ئیشی پێ ده‌كات زۆر ناواقیعیه‌‌و به‌ ئاراسته‌ی قوڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، نه‌ك چاره‌سه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ڕونی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی بودجه‌ی (2009)دا هه‌ستی پێده‌كرێت.


 رۆژنامه‌: كه‌واته‌، له‌كاتی‌ دابه‌شكردنی‌ بودجه‌كه‌‌و سه‌رفكردنیدا، حكومه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ له‌به‌رچاو نه‌گرتوه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: ئه‌مه‌ خاڵێكی‌ گرنگه‌، كاتێك حكومه‌ت بۆ ده‌رماڵه‌ی‌ هاوسه‌رگیریی‌، (101،9)ملیار دیناری‌ داناوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ (7%)ی‌ بودجه‌كه‌‌و ده‌رماڵه‌ی‌ منداڵی‌ به‌ (48) ملیار دینار دیاریكردوه‌، كه‌ ئه‌میش ده‌كاته‌ (3%)ی‌ بودجه‌كه‌، ئه‌وا بۆ ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسیی‌ زیاتر له‌ (253) ملیاری‌ ته‌رخانكردوه‌، ئه‌مه‌ گرنگه‌ كه‌ حكومه‌ت چاوێكی‌ پێدابخشێنێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌رماڵه‌ی خێزان‌و منداڵ‌ به‌شێكن له‌ هاوكاریكردنی‌ حكومه‌ت بۆ خێزان‌و سه‌قامگیریی خێزان، ده‌بینین به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ بودجه‌ی‌ پشگیریكردنی‌ بڵاوكراوه‌كان ده‌گاته‌ (7 ) ملیار دینار.
 ده‌كرێت بپرسین، ئه‌و بڵاوكراوانه‌ كامانه‌ن، حیزبین، یان حكومیی‌؟ كه‌ بێگومان حیزبین، ئایا ئه‌م بڵاوكراوانه‌ هێنده‌ گرنگن كه‌ كێبڕكێ بكه‌ن‌و له‌سه‌ر حسابی كه‌میی ده‌رماڵه‌ی‌ منداڵ‌‌و خێزان بێت؟
 هه‌ربۆیه‌، پێموایه‌: سیاسه‌تی‌ حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ منداڵ‌‌و ئافره‌ت‌و خێزان، سیاسه‌تێكه‌ قورسایی خێزان‌و سه‌قامگیریی خێزان‌و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌كردوه‌ به‌ غه‌می خۆی، كه‌ ده‌بو له‌ بودجه‌ی‌ (2010)دا، ئه‌م سیاسه‌ته‌ راست بكرایه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ بۆ ده‌رماڵه‌ نادیاره‌كان سه‌رفكراوه‌، له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم:  له‌ ئاستێكی‌ خه‌یاڵیدایه‌، له‌ خه‌رجییه‌كانی‌ به‌كاربه‌ردا، ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی‌ هه‌یه‌ (160،2)ملیار دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، كه‌ ده‌كاته‌ (11,57%)ی‌ بودجه‌كه‌، به‌ڵام نازانرێت كه‌ ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی‌ مانای‌ چییه‌‌و بۆ كێیه‌؟ ئایا ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ی‌ بۆ دابین بكه‌یت؟
 له‌ به‌رامبه‌ردا، بۆ كاره‌با، ته‌نیا (199،7) ملیار دیناری‌ ته‌رخان كردوه‌، ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی‌ كه‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائییه‌كه‌، چونكه‌ كاره‌با په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ژیانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت ئه‌مه‌ له‌به‌رچاوبگرێت.

رۆژنامه‌: له‌به‌ر رۆشنایی‌ بونی‌ ئه‌م هه‌مو خروقات‌و كه‌موكوڕییانه‌دا، پێتوانییه‌، هه‌ڵه‌یه‌ك كرا، به‌وه‌ی‌ كه‌ بودجه‌ی‌ (2010) به‌ر له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ خه‌رجكردنی‌، بودجه‌ی‌ (2009) كرا؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: ئه‌گه‌ر بودجه‌ی‌(2010) دوای‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر حساباتی‌ خیتامیی‌ بودجه‌ی‌ (2009) بكرایه‌، ئه‌وا ده‌توانرا ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ (2009) هه‌بون له‌ بوجه‌ی‌ (2010) دوباره‌ نه‌كرانایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ تۆ له‌ حساباتی‌ خیتامیدا ئه‌دا‌و فه‌لسه‌فه‌ ‌و سیاسه‌تی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ له‌ دانانی بودجه‌ هه‌ستی پێناكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌، نه‌ داتا به‌یس‌و، نه‌ كه‌سانی‌ هێنده‌ شاره‌زا‌و لیهاتو هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تدا تا پێشبینی گونجاو بكات بۆیان، بۆیه‌ بونی حساباتی خیتامیی زۆر ستراتیژییه‌ بۆ ئاراسته‌ی بودجه‌ی داهاتو ئه‌مه‌ ئه‌و سیستمه‌ نازانستییه‌یه‌ كه‌ ئیداره‌ی ئابوری كوردستان په‌یڕه‌وی ده‌كات.

رۆژنامه‌: ئه‌دا‌و توانای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: كاتێك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ (2009) ده‌كه‌ین، ده‌بینین زیاده‌ڕۆیی زۆر له‌ بودجه‌ی به‌كاربردندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌گاته‌ سه‌رو (700) ملیار دینار، به‌ڵام بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان كه‌ دڵی گه‌شه‌ی ئابوری كوردستان‌و خۆشگوزه‌رانیی خه‌ڵكی پێوه‌ به‌نده‌، ئه‌سڵه‌ن زۆر كه‌مه‌، وه‌ك كه‌میشه‌ حكومه‌ت به‌ڕێژه‌ی كه‌م توانیویه‌تی بیگه‌یه‌نێته‌ ئه‌رزی واقیع، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ئاستی به‌رزی گه‌نده‌ڵیی كه‌ قه‌باره‌ی پڕۆژه‌كان‌و ئاستی جێبه‌جێكردنیان جارێكی تر بچوك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موی پرسیاری ستراتیژین بۆ حكومه‌ت، كه‌ جێبه‌جێكاره‌‌و په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ هه‌م چاودێره‌‌و هه‌م موشریعه‌.

رۆژنامه‌: له‌ بودجه‌كه‌دا، زیاتر له‌ (4) ملیار دینار بۆ شاره‌زا‌و راوێژكار خه‌رجكراوه‌، ئایا له‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ سودمان له‌و شاره‌زایانه‌ وه‌رگرتوه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یان له‌ بودجه‌ بۆ ته‌رخان بكرێت؟
محه‌مه‌د كه‌ریم:  ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم هێنده‌ شاره‌زا‌و راوێژكاری‌ هه‌یه‌ بۆچی‌ ئه‌مه‌ شێوازی دیزاینی بودجه‌كه‌یه‌تی‌؟ كه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ هه‌ندێكی كرد زۆر كه‌له‌به‌ری ستراتیژیی ئابوری‌و سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی تیا هه‌یه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ بڕی‌ نزیكه‌ی (5) ملیار دیناری بۆ خه‌بیر‌و راوێژكار خه‌رج كردوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆره‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌مو كه‌له‌به‌ره‌ی بودجه‌. له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، بۆ كۆڕ‌و سمینار بڕی (1،6) ملیار دینار خه‌رجكراوه‌، ئایا ئه‌م كۆڕ‌و سمینارانه‌ توانیویانه‌ هێنده‌ی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ خزمه‌تی‌ كوردستان بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر هه‌ردوكیان كۆبكه‌ینه‌وه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ (6) ملیار دینار، كه‌ ئایا ئه‌م بودجه‌یه‌ له‌ كام راوێژی گرنگدا سه‌رف كراوه‌‌و تا چه‌ند خزمه‌تی‌ ئابوری كوردستانی كردوه‌؟ پێویسته‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وه‌ڵامی خه‌ڵكی كوردستان بده‌نه‌وه‌.

رۆژنامه‌: حكومه‌ت به‌ بڕی‌ (30) ملیار نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ بینای‌ حكومیی‌ كردوه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم:  له‌ حسابی‌ خیتامیی‌ (2009)دا بڕی‌ (30،3) ملیار دیناری بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ بینا خه‌رجكردوه‌، كه‌ بێگومان ده‌بێت حكومیی‌ بێت، به‌ڵام كام بینا؟ له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرێچییه‌، كه‌واته‌ ئه‌مه‌ بۆ چاككردن‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ بینای فه‌رمانگه‌ خه‌رج كراوه‌، یان به‌ فه‌نتازیكردنی جێگه‌ی تایبه‌ت.

رۆژنامه‌: باس له‌ هاوكاریكردن‌و قه‌ره‌بوی‌ حكومه‌ت بۆ كۆمپانیاكان كراوه‌، ئه‌مانه‌ كام كۆمپانیان‌و ئایا نابێت داهاتیش بده‌نه‌ حكومه‌ت، كه‌ قه‌ره‌بوی‌ زیانه‌كانیان ده‌كات؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: بۆ كۆمپانیا گشتییه‌كان بڕی‌ (246،5) ملیار دینار خه‌رجكراوه‌، كه‌ نازانرێت ئه‌مانه‌ كام كۆمپانیایانه‌ن‌و بۆ باربوی‌ ده‌یدرێتێ‌، كه‌ ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ر ده‌كات‌و تۆ قه‌ره‌بوی‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ ئه‌ی‌ پێگه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی چییه‌ كه‌ به‌ زیانه‌وه‌ حكومه‌ت قبوڵیه‌تی؟ ئه‌گه‌ر نا ته‌فسیر چییه‌؟
هاوكات، كۆمپانیای‌ تایبه‌ت باسكراوه‌، كه‌ (30 ملیار‌و 219 ملیۆن‌و 635 هه‌زار)ی‌ بۆ دانراوه‌، كه‌ نازانرێت چییه‌؟
 لێره‌وه‌ ده‌كرێت بپرسین: كاتێك حكومه‌ت به‌زیاتر له‌ (386) ملیار دینار هاوكاریی‌ كۆمپانیاكان ده‌كات ده‌بێت داهاتی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ چه‌ندبێت بۆ حكومه‌ت؟ ئه‌ی بۆچی له‌ بودجه‌كه‌دا ده‌رنه‌كه‌وتوه‌؟

رۆژنامه‌: رێكخراوه‌كانیش زیاتر له‌ (158) ملیاریان بۆ سه‌رفكراوه‌، ئایا ئه‌و رێكخراوانه‌ ئاشكران، كه‌ كامانه‌ن‌و چۆن سه‌رف كراوه‌ بۆیان؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: نه‌خێر، له‌ حساباتی‌ ختامییه‌كه‌دا وا هاتوه‌: رێكخراوه‌ زانستییه‌كان (9 ملیار‌و 309 ملیۆن‌و 192 هه‌زار) ته‌رخانكراوه‌ بۆی‌، كه‌ ئایا ئێمه‌ رێكخراوه‌ زانستییه‌كانمان كامانه‌ن‌و كاره‌كانیان چییه‌.
رێكخراوه‌ رۆشنبیرییه‌كان، بڕی‌ (19 ملیار‌و 812 ملیۆن‌و 467 هه‌زار) دینار‌و رێكخراوه‌كانی‌ دیكه‌، كه‌ نازانرێت مه‌به‌ستی‌ چییه‌، بڕی‌ (128 ملیار‌و 395 ملیۆن‌و 731 هه‌زار)یان بۆ ته‌رخانكراوه‌، ئایا هه‌مو رێكخراوێك وه‌ریده‌گرێت، یان ئه‌و ره‌قه‌مه‌ گه‌ورانه‌ بۆ سێبه‌ری‌ حیزبه‌؟

رۆژنامه‌: باجێكی‌ زۆر له‌ هاوڵاتییان وه‌رده‌گیرێت له‌ به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌ به‌ زه‌وی‌‌و موڵكه‌وه‌، كه‌چی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ باجی‌ داهات وه‌رده‌گیرێت زۆر كه‌مه‌، ئه‌مه‌ چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم:  بودجه‌ی‌ خیتامی‌ (2009) له‌ بابی‌ داهاتدا، باس له‌ باجی‌ داهات ده‌كات، كه‌ نزیكه‌ی (225) ملیار دیناره‌، ئه‌مه‌ پێمانده‌ڵێت: كه‌ سیستمی‌ بازرگانیی‌ چه‌ند به‌ نابه‌رپرسانه‌ كارده‌كات له‌ كوردستان‌و چه‌ند بێسانسۆره‌، كه‌ به‌ حوكمی باڵاده‌ستی سیاسه‌ت–بازرگانیی ده‌ست له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی سیستمه‌كه‌ پارێزراوه‌ له‌سه‌ر حسابی ئابوری كوردستان.

رۆژنامه‌: بونی‌ ئه‌و خروقات‌و نادادپه‌روه‌ریانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكران له‌ خه‌رجكردنی‌ بودجه‌ی‌ (2009)، كێ‌ لێی‌ به‌رپرسیاره‌؟
محه‌مه‌د كه‌ریم:  ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ بۆ بێبه‌رنامه‌یی‌ كاری‌ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ده‌یان پڕۆژه‌ هه‌ن بودجه‌یان له‌ (2009) بۆ دانراوه‌‌و یه‌ك سه‌نتیان بۆ سه‌رف نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ داهاتی‌ گرێبه‌ستیه‌ نه‌وتیه‌كان‌و "شیرینییه‌كان"ی‌ كه‌ له‌نێو بودجه‌كه‌دا نییه‌‌و له‌ حساباتی‌ خیتامیشدا بونی‌ نییه‌‌و باس نه‌كراوه‌، گوایه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیادییه‌.
 ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ فه‌وزایه‌ك هه‌یه‌ له‌ ئاماده‌كردنی‌ بودجه‌كه‌‌و حكومه‌ت له‌ فه‌وزایه‌كی‌ ئیداریدا كارده‌كات، چونكه‌ ناكرێت تۆ پلانت هه‌بێت‌و سامانی وڵات سه‌رف بكه‌یت، به‌ڵام به‌دواداچون‌و سیستمی لێپرسینه‌وه‌ت نه‌بێت، بۆیه‌ لێره‌دا پێشبینی دو ئه‌گه‌ر هه‌یه‌، یان بودجه‌كه‌ بڕاوه‌ بۆ شوێنێكی‌ دیكه‌، یان حكومه‌ت زۆر ناپڕۆفیشناڵه‌ له‌ ئیداره‌ی ئابوری وڵاتدا.

رۆژنامه‌: جگه‌ له‌ حكومه‌ت، په‌رله‌مان‌و ئۆپۆزسیۆن به‌ تایبه‌تی‌ به‌رپرس نین له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌كه‌‌و بودجه‌ی‌ ختامییه‌كه‌ش؟
محه‌مه‌د كه‌ریم: یه‌كێك له‌ كه‌موكوڕییه‌كان كه‌ وای‌ كرد بودجه‌ی‌ كوردستان به‌م ئه‌نجامه‌ بگات ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان به‌ عه‌قڵی‌ حكومه‌ت بیری‌ كرده‌وه‌‌و نه‌یانتوانی‌، یان نه‌یانویست سود له‌ كه‌سانی‌ شاره‌زا‌و لێهاتو وه‌ربگرن‌و به‌ عه‌قڵیه‌تی‌ خۆیان ته‌نیا سیاسه‌ت‌و یاسا كێشه‌كانی كوردستان‌و عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كات زانسته‌كانی تریان په‌راوێز خست، یاخود ئه‌مانیش كه‌وتنه‌وه‌ ناو هه‌مان بازنه‌ی (ئه‌وه‌ی وه‌ك من بیرناكاته‌وه‌ له‌ من نییه‌و نامۆیه‌ به‌ نیشتمان).
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌موكوڕی‌‌و كورتهێنانه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ (2009)دا هه‌یه‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ حساباتی‌ خیتامیی‌ بودجه‌ی‌ (2009)ی‌ په‌سه‌ند كرد.

Sbeiy.com © 2007