سازدانی: رۆژنامه
د. شاهۆ سه‌عید نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له شاندی دانوستانكاری كورد (ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان). له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی رۆژنامه‌دا باس له‌و هه‌وڵانه ده‌كات كه ماوه‌ی زیاتر له‌مانگێكه شاندی كوردی له‌به‌غدا خستویه‌تیه گه‌ڕو هه‌روه‌ها به راشكاوانه باس له‌وه ده‌كات كه كورد كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكێشه‌ی سیاسی عێراق لاوازبوه.
رۆژنامه: زیاتر له مانگێكه، شاندی دانوستانكاری كورد (ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان) له به‌غدایه، له ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا، چ پێشكه‌وتنێك به‌ده‌ستهاتوه؟
شاهۆ سه‌عید: نه‌خشه‌ی سیاسیی له عێراقی ئه‌مڕۆدا، نه‌خشه‌یه‌كی ئاڵۆزتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێش‌و، تا دواهه‌مین هه‌ڵبژاردن، كورد‌و شیعه دو لایه‌نی سه‌ره‌كیی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق بون، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه به‌دواوه، لایه‌نی سوننه‌و عروبییهكان وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی سه‌ره‌كیی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی دهركهوتونو نه‌خشه سیاسییه دو جه‌مسه‌ره‌كه كاڵبوه‌ته‌وه‌و ئێستا لایه‌نی كوردستانی به هه‌ر چوار فراكسیۆنه‌كه‌یه‌وه، هێزی چواره‌م پێكده‌هێنێت له روی ژماره‌وه. نایشارمه‌وه كه لایه‌نی كوردستانی وه‌ك جاران ره‌قه‌مێكی قورس نییه له هاوكێشه‌كه‌دا له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك كه گرنگترینیان، ده‌ركه‌وتنی به‌هێزی لیستی عێراقییه‌یه كه زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی بردوه‌ته‌وه له‌پاڵ دو لیستی شیعه‌ی به‌هێزدا كه هه‌ردوكیان له روی ژماره‌و نفوزیانه‌وه له ناوه‌ندی عێراقدا له كورد به‌هێزترن، جگه له‌وه‌ی كه كورد هیچ رۆڵێكی له ناونان‌و ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیراندا نییه، بگره له په‌راوێزی ئه‌و گفتوكۆیانهدایه كه له‌و باره‌یه‌وه ده‌كرێن. هه‌مو ئه‌و گفتوكۆیانهی كه تا ئێستا لایه‌نی كوردستانی له‌گه‌ڵ لیسته عێراقییه‌كاندا كردونی، گفتوگۆی به‌رایی‌و ئاماده‌كاری بون، چونكه گفتوگۆی راسته‌قینه په‌یوه‌ندیی به ناونان‌و ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه هه‌یه كه كورد ته‌ره‌ف نییه تیایدا.
رۆژنامه: بۆچی كورد له پرسی دانانی سه‌رۆكوه‌زیراندا ته‌ره‌ف نییه؟
شاهۆ سه‌عید: له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك:
یه‌كه‌م: به‌پێی ده‌ستور، كورد خاوه‌نی ئه‌و ئیستیحقاقه ئینتیخابییه نییه كه مافی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌بێت.
دوه‌م: له روی سیاسییه‌وه، كورد به‌ر له ههڵبژاردنهكانو دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، هیچ به‌ره‌یه‌كی له فراكسیۆنه عێراقییه‌كان هه‌ڵنه‌بژاردوه تا له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی رێكبكهوێتو هاوسه‌نگی هێز له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و به‌ره‌یه به‌كار بهێنێت.
سێیه‌م: له روی ته‌كتیكی دانوستاندنه‌وه، زۆربه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان روانینێكیان به‌خشیوه‌ته لایه‌نه عێراقییه‌كان كه كێشه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، كێشه‌ی كورد نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی كورد كێشه‌ی سه‌رۆك كۆماره، واته ئه‌و پرسه‌ی بۆ لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان به‌جێهێشتوه.
چواره‌م: ئه‌و شته‌ی كه له عێراقدا ناونراوه (ته‌وافوق)ی نێوان كورد‌و شیعه‌و سوننه، هیچ نییه جگه له دروشمێكی سیاسیی كه له‌سه‌ر زه‌مینی واقیع به‌رگه‌ی هیچ هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسیی نێوان لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی عێراق ناگرێت، به‌تایبه‌تی ئێستا كه لیستی عێراقییه، خۆی وه‌ك لیستێكی بان-تایه‌فی راگه‌یاندوه‌و كه هه‌ردو پێكهاته‌ی شیعه‌و سوننه‌ی كۆكردوه‌ته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستوریی له ئارادا نییه كه پره‌نسیپی ته‌وافوق زامن بكات.
پێنجه‌م: له زه‌ینییه‌تی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی عێراقدا، به شیعه‌و سوننه‌وه، وێنه‌یه‌كی نهمهتیی بۆ كورد دروستبوه كه وێنه‌ی لایه‌نێكه كه زیاتر داوای به‌ركه‌وتی خۆی له لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كات، واته وێنه‌ی لایه‌نێك نییه كه به هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی داوای مافی خۆی ده‌كات وه‌ك كورد، پابه‌ندی ئیلتیزامه‌كانی خۆیشی بێت وه‌ك لایه‌نێكی عێراقی، ئه‌ڵبه‌ته به هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی كاری له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م وێنه‌یه كرده‌وه، به‌شێك له ئۆباڵی ئه‌م وێنه‌یه‌ش له ئه‌ستۆی خۆماندایه كه نه‌مانتوانیوه پێكه‌وه‌گونجان له‌نێوان وێنه‌ی كوردبون‌و وێنه‌ی عێراقیبوندا بسازێنین.
رۆژنامه: هه‌ندێك له چاودێران، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه باشتر بو، شانده‌كه نه‌چوایه‌ته به‌غداو له هه‌ولێر دانوستاندنی بكردایه، له‌م باره‌یه‌وه، چی ده‌ڵێن؟
شاهۆ سه‌عید: نازانم كه ئه‌و چاودێرانه كێن، به‌ڵام ده‌زانم ئه‌وه بۆچونێكی راست نییه، زاده‌ی هه‌مان ئه‌و وێنه نهمهتییهیه كه خۆمان‌و به‌رامبه‌ره‌كانمان له‌سه‌ر كوردمان دروستكردوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ولێر پایته‌ختی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، نه‌ك پایته‌ختی هه‌رێمێكی سه‌ر به وڵاتێكی ئیتیحادی كه پایته‌خته‌كه‌ی به‌غدایه.
ئه‌و دیده باڵاخوازه، نیشانه‌ی ئه‌وه نییه كه ئێمه به‌هێزین، یان متمانه‌ی زۆرمان به خۆمانه، به‌ڵكو نیشانه‌ی یهخسیربونمانه له وێنه‌یه‌كدا كه وێنه‌ی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نییه‌و وێنه‌ی قه‌واره‌یه‌كی فه‌رعیی ناو قه‌واره‌یه‌كی ئیتیحادیی گه‌وره‌تریش نییه كه ئه‌وه‌ش جۆرێك له قه‌یرانی ناسنامه‌ی بۆ ئێمه دروستكردوه.
رۆژنامه: له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا كه له به‌غدان، كورد له‌كوێی ئه‌و مشتومڕه سیاسییه‌دایه؟ ئایا كورد كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوكێشه سیاسییه‌كه ماوه؟
شاهۆ سه‌عید: له راستیدا، ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌غدا ده‌گوزه‌رێت، گفتوگۆیه‌كی جدیی نێوان لیسته عێراقییه‌كان نییه تا له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی، یان له‌سه‌ر كارنامه‌یه‌كی حكومیی رێكبكه‌ون، به‌ڵكو ململانێیه‌كی په‌تییه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ململانێی راستهقیهنهو گفتوگۆی راسته‌قینه‌ش، له‌نێوان هه‌ردو لیستی عێراقییه‌و ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسادایه به سه‌رۆكایه‌تیی عهلاویو مالیكی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی ناونان‌و ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوی عێراق‌و دابه‌شكردنی جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆیاندا، بۆیه به رای من، به‌ده‌ر له گفتوگۆی نێوان ئه‌و دو لیسته، تا ئه‌م ساته گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌كانی تر گفتوگۆی هامشین، هه‌مو لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕێی یه‌كلابونه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان ئه‌و دو فراكسیۆنه ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆی ناوخۆی نێوان لایه‌نه شیعییه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران به جۆرێك له جۆره‌كان گه‌یشته بنبه‌ست. ئه‌م دۆخه بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه كورد وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی به‌هێز ده‌رنه‌كه‌وێت، ئێستا تاقه شتێك كه به ده‌ستمانه‌وه ماوه‌و پشتی پێده‌به‌ستین، ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌ییه، نه‌ك ئیستیحقاقی ئینتیخابی‌ی، واته ده‌رخستنی خۆمان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراق، نه‌ك وه‌ك لایه‌نێكی ئینتیخابی‌ی به‌هێز كه سه‌نگمان له‌سه‌ر ره‌وتی دانوستاندن هه‌بێت.
له حاڵه‌تێكی ئاوهادا، ئه‌وه‌ی به‌هێز نیشانمان ده‌دات، ته‌نها په‌یوه‌ندیی به ئه‌داو شێوازی دانوستاندنی ئێمه‌وه نییه له به‌غدا، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به به‌هێزكردنی ده‌زگا نیشتمانییهكانمانهوه هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، بۆ نمونه: سێ داواكاریی سه‌ره‌كیی له هه‌گبه‌ی وه‌فدی كوردیدایه، به‌ڵام ئیشكالیه‌تی ئه‌و سێ داواكارییه به هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی په‌یوه‌ندیی به به‌غداوه‌یه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به كوردستانیشه‌وه هه‌یه.
ئه‌و سێ داواكارییه له هه‌ر سێ مه‌له‌فی (كه‌ركوك‌و ناوچه‌دابڕاوه‌كان)، (پێشمه‌رگه)و (سیاسه‌تی نهوتو گازی هه‌رێم)دا چڕده‌بنه‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا بڕێك له ئۆباڵی ئاڵۆزبونی ئه‌و سێ كێشه‌یه له ئه‌ستۆی خۆماندا نییه، ئایا له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچهدابڕاوهكاندا خاوه‌نی یه‌ك گوتاری كوردیی بوین، یان دو گوتار یان چه‌ند گوتارێك؟ ئایا ئێمه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌له‌فه ته‌نها پلانی ژماره یه‌كمان هه‌یه، یان پلانی ژماره دو و ژماره سێشمان هه‌یه.
به‌هه‌مانشێوه سه‌باره‌ت به هه‌ردو مه‌له‌فه‌كه‌ی تر (پێشمه‌رگه)و (سیاسه‌تی نهوتو گازی هه‌رێم)، ئایا ئێمه توانیومانه دڵنیایی لای هاوڵاتیانی هه‌رێم دروست بكه‌ین كه ئه‌و دو مه‌له‌فه دو مه‌له‌فی كوردستانینو چاره‌سه‌ركردنیان په‌یوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه؟، ئه‌م پرسیارانه پرسیاری جدیین كه پێویسته له‌ناو خۆماندا بییانوروژێنینو وه‌ڵامی باوهڕپێهێنهرمان دهستكهون، بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌ك كاتدا له بهغداشو له كوردستانیش به‌رگریی له ره‌وایه‌تی ئه‌و سێ مه‌له‌فه بكه‌ین.
رۆژنامه: بۆچی واده‌رده‌كه‌وێت كه كورد ته‌نها له لیسته لاوازه‌كه‌ی ئیئتیلافی نیشتمانییه‌وه نزیك بێت؟
شاهۆ سه‌عید: ئێستا وێنه‌یه‌كی له‌و جۆره له‌سه‌ر لایه‌نی كوردیی نه‌ماوه، چونكه ئێمه وه‌ك وه‌فدی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان، په‌یامێكی رونمان داوه‌ته هه‌مو لایه‌نه عێراقییه‌كان كه هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نها بۆی نییه به‌ناوی هه‌مو كورده‌وه قسه بكات‌و ئێستا سه‌رده‌می دانوستاندنی حیزبی به‌سه‌ر چوه، ئێمه ده‌مانه‌وێت گفتوگۆی لایه‌نی كوردیی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا به‌ده‌زگایی بكه‌ین‌و له جوغزی په‌یوه‌ندیی دو قۆڵی، یان سێ قۆڵی ده‌ربازی بكه‌ین‌و په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ینه مه‌رجه‌عی هه‌ر لێكگه‌یشتن‌و رێككه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نی كوردستانی‌و لایه‌نه عێراقییه‌كاندا.
رۆژنامه: له‌و ئهركهتاندا سه‌ركه‌وتو ده‌بن؟
شاهۆ سه‌عید: ره‌نگه له ئاستی چاوه‌ڕوانیدا ئێوه‌دا نه‌بێت، چونكه ئێمه وهفدێكین كه چه‌ندین كێشه‌ی كهڵهكهبومان به میرات له ساڵانی رابردوه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌نگاوێكی باشمان له‌سه‌ر رێگه‌یه‌كی راست ناوه.
رۆژنامه: له ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی مالیكی‌و عه‌لاویدا كه هه‌ندێك له‌چاودێران وای ده‌بینن، لهئانوساتدا ئه‌م دولایه‌نه رێكده‌كه‌ون، ئایا پێگه‌ی كورد له‌حكومه‌تی داهاتودا چی لێدێت، له رووی دابه‌شكردنی پۆست‌و مافه‌وه؟
شاهۆ سه‌عید: ئه‌وه پرسیارێكی جدییه، به رای من، باشتره ئێمه ببینه شه‌ریكی حكومه‌تێكی به‌هێز كه پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بێت‌و توانای جێبه‌جێكردنی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی له‌و جۆره روبدات، مانای وایه كه حكومه‌تی داهاتو، حكومه‌تێكی به‌هێز ده‌بێت، بۆیه له ئێستاوه ئێمه ده‌بێت بیر له رێككه‌وتنێكی فراوان بكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر سێ ئاست.
یه‌كه‌م: رێكبكه‌وین له‌سه‌ر دابه‌شكردنی دهسهڵاتو سنورداركردنی ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك وه‌زیران كه له چه‌ند ساڵی رابردودا ده‌سه‌ڵاته‌كانی زۆر فراوان‌و مه‌ركه‌زیی بون كه ئه‌وه‌ش دژی پره‌نسیپی دیموكراسی‌و فیدراڵیزم‌و جڵه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته.
دوه‌م: رێكبكه‌وین له‌سه‌ر نه‌خشه رێگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌له‌فه خیلافییهكانی نێوان كوردستان‌و به‌غدا.
سێیه‌م: رێكبكه‌وین له سه‌ر كۆمه‌ڵێك زه‌مانه‌ت كه هه‌مو لایه‌نه‌كان پابه‌ند بكات به هه‌ردو رێككه‌وتنی یهكهمو دوه‌مه‌وه.
رۆژنامه: بۆ كورد قازانجه له حكومه‌تێكی ته‌وافوقی بنكه‌فراواندا به‌شداربێت، یان حكومه‌تێك له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكه‌وه پێكبهێنرێت‌و هه‌موان به‌شدارنه‌بن له‌و كابینه‌یه‌دا؟
شاهۆ سه‌عید: له قۆناغی ئێستادا، باشتره له حكومه‌تێكی بنكه‌فراواندا به‌شداریی بكه‌ین كه له‌سه‌ر بنه‌مای تهوافوقو شه‌راكه‌ت دامه‌زرابێت، به‌ڵام لێره به‌دواوه، ده‌بێت بیر له پلانی ژماره دو بكه‌ینه‌وه، واته هاوپهیمانیبهستن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا كه بڕوایان به دیموكراسی‌و فیدراڵیزم‌و دابه‌شكردنی دهسهڵاتو چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم له هاوپهیمانیبهستن، ته‌نها ئیمزاكردنی رێككه‌وتنی سێ قۆڵی‌و چوار قۆڵی نییه كه له چه‌ند ساڵی رابردودا له‌نێوان حیزبه كوردیی‌و شیعییه‌كانو حیزبه كوردیی‌و سوننییهكاندا رویانداو هیچ ئاكامێكی نه‌بو، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان، بیر له هاوپه‌یمانی بكه‌ینه‌وه به‌جۆرێك كه داواكارییه‌كانمان ببنه به‌شێك له به‌رنامه‌ی ئینتیخابی‌ی لایه‌نه عێراقییه‌كان كه ئه‌وه زیاتر پاپه‌ندیان ده‌كات به به‌راورد له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنی پاشوهختدا، واته رێككه‌وتنی پاش هه‌ڵبژاردن. له دۆخێكی ئاوهادا، ده‌كرێت بیر له پلانی ژماره سێش بكه‌ینه‌وه، واته دابه‌زین له چوارچێوه‌ی لیستی عێراقیی به‌رفراواندا كه سنوری كوردستان تێپه‌ڕێنێت.
رۆژنامه: بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، چاوه‌ڕوانی چ سیناریۆیه‌ك ده‌كه‌ن؟
شاهۆ سه‌عید: سێ سیناریۆی سه‌ره‌كی له ئارادان:
یه‌كه‌میان: رێككه‌وتنی لایه‌نه عێراقییه‌كانه له دوا سه‌عاته‌كانی (13 و 14)ی ئه‌م مانگه‌دا كه ئه‌مه له روی ده‌ستورییه‌وه بایه‌خی خۆی هه‌یه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به كورد مه‌ترسیی هه‌یه، چونكه تا ئێستا ئه‌دگاری هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسیی له ئاسۆدا به‌دی ناكرێت‌و بڕواش ناكه‌م به چه‌ند سه‌عاتێك هیچ رێككه‌وتنێكی سیاسیی ئه‌نجام بدرێت. ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش روبدات، رێككه‌وتن ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، نه‌ك له‌سه‌ر كارنامه‌ی حكومهتو به‌رنامه‌ی سیاسیی.
سیناریۆی دوه‌م: بریتییه له دانانی ده‌سته‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كاتی بۆ په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رۆك كۆماردا به‌بێ رێككه‌وتن له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مه‌ش هه‌ڵگری هه‌مان مه‌ترسی سیناریۆی یه‌كه‌مه له‌پاڵ مه‌ترسیییه‌كی تردا بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه سه‌رۆك كۆماری به‌رده‌كه‌وێت، چونكه سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت به ماڵ به‌سه‌ریه‌وه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كارتی گوشار‌و په‌راوێزی موناوه‌ره‌ی ئه‌و لایه‌نه بێهێز بێت.
سیناریۆی سێیه‌م: ئه‌وه‌یه كه ئه‌و دو سییناریۆیهی پێشوتر هیچیان سه‌ر نه‌گرن، له حاڵه‌تێكی واشدا ده‌رفه‌تێكی زیاتر ده‌ڕه‌خسێت بۆ دانوستاندن، به‌ڵام روبه‌ڕوی بۆشاییه‌كی ده‌ستوری ده‌بینه‌وه كه پێشبینی پاشهاته‌كانی زه‌حمه‌ته.