راپۆرتی: به‌رهه‌م عومه‌ر
جین كلاودێ ژاندور (Claude Gandur Jean) ئه‌و هاوڵاتیه سویسریهیه كه به‌هۆی كاركردن له بیره نه‌وتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا حسابی بانكی و توانا داراییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی خه‌یاڵی به‌رزبونه‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ند بو، به‌پێی به‌دواداچونێكی رۆژنامه‌ی (NZZ am Sonntag)ی سویسری له 28/6/2010.
جین كڵاودی، به‌رپرسی كارگه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتی ئاداكس پترۆلیۆم (Addax Petroleum) له ساڵی 2005دا به‌هۆی به‌ستنی بۆندێك له‌گه‌ڵ كۆنسێرنی وزه‌ی توركی (Genel) بۆ كڕینی 30%ی كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌ق ته‌قه‌وه، به بڕی (350) ملیۆن دۆلار توانی پاش چه‌ند ساڵێك پشكه‌كانی خۆی بفرۆشێته‌وه به 7 ملیار دۆلار به كۆمپانیای (Sinopec)ی چینی، له‌و قازانجه زۆره‌ی كلاودی، نازانرێت ئاخۆ حكومه‌تی هه‌رێم چی كردوه بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانه‌كانی نه‌وت بۆنده‌كانیان به‌كار نه‌هێنن بۆ ته‌نها خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن، ئه‌وه‌ش به‌پێی یاسا رێكخستنی ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی به پشكه‌كانی بۆنده‌كه‌وه ده‌كرێت.
كه به‌پێی خه‌مڵاندنه زانستیه‌كان، كێڵگه‌ی نه‌وتی ته‌قته‌ق نزیكه‌ی (1.2) ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه‌و یه‌كێكه له كێڵگه نه‌وتیه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهان و روبه‌ره‌كه‌ی (680) كیلۆمه‌تر دوجایه و ده‌كه‌وێته باشوری خۆرهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێره‌وه.
رۆژنامه‌ی (NZZ am Sonntag) له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبو كه كێڵگه نه‌وتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هۆكارێك نیه بۆ باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك، به‌ڵكو ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی كه‌م له به‌رپرسان و بازرگانه‌كان سودی دارایی زۆر له‌و سامانه نه‌وتییه ده‌كه‌ن.
له‌و باره‌یه‌وه عه‌بدوڵا مه‌لا نوری، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌ڵێت: "له‌بواری نه‌وتدا، كوردستان وه‌كو دورگه‌یه‌ك وایه كه یاسا و رێسایه‌ك رێكی نه‌خستوه".
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی نهێنیه‌كان ئاشكرا ده‌كات:
رۆژی 9/7/2010 رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز)ی ئه‌مه‌ریكی، راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه له‌سه‌ر به‌قاچاغ ئاودیوكردنی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ ئێران‌و پاشان له رێگه‌ی به‌نده‌ره‌كانی (بوشه‌هر، ئیمام خومه‌ینی، عه‌باس)ه‌وه ده‌فرۆشرێنه‌وه به كه‌شتیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، ئه‌وه‌ش كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌نێو ئه‌و سزا ئابورییانهدا دروست كردوه كه ئه‌مه‌ریكا سه‌پاندویه‌تی به‌سه‌ر ئێران‌دا.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌رپرسێكی باڵای كورد بۆ نیۆرك تایمزی رونكردوه‌ته‌وه كه: قازانجی بێ ئه‌ژمار و به‌رفراوانی به قاچاخبردنی ئه‌و نه‌وته بۆ ئێران ده‌ڕواته گه‌نجینه‌ی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌ند كۆمپانیایه‌كی موتوربه‌كراو كه چه‌ند به‌رپرسێكی سیاسی عێراقیش له‌وكاره‌دا تێوگلاون، راپۆرته‌كه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكییه‌وه نیگه‌رانی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكای خستوه‌ته‌ڕو سه‌باره‌ت به ناڕێكخراویی پرۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له رێگه‌ی ئێرانه‌وه.
له‌وه‌ڵامی ئه‌و راپۆرته‌ی رۆژنامه‌ی (نیۆرك تایمز)دا، حکومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندوه: ساڵی 2009 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی له‌رێگای بۆریه نه‌وتیه‌كانی عیَراق، بۆ به‌نده‌ری جیهان له‌توركیا ده‌ستپێكرد، جگه له‌م رێگایه‌ی سه‌ره‌وه به‌هیچ جۆرێك نه‌وتی خاو له‌سنوره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم ناگوازرێته‌وه.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌رێگای وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان، سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێناوه‌و ئه‌و سیاسه‌ته وه‌كو داینه‌مۆیه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌هه‌مانکاتدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شکردوه، حكومه‌تی هه‌رێم ئاگاداره كه بازرگانانی نه‌وتی خاو سنوره نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی هه‌رێم به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم به‌پشتیوانی سه‌رۆك بارزانی رێوشوێنی دیاریكراو ده‌گرێته‌به‌ر، هه‌روه‌ها حکومه‌ت سوره له‌سه‌ر كاركردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرال بۆ نه‌هێشتنی یه‌كجاره‌كی بازرگانیكردنی نایاسایی به‌سوته‌مه‌نی، نه‌ك ته‌نها له‌سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م عێراقدا.
ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه که به‌پێی راپۆرتی رۆژنامه ئه‌مریکییه‌که، رۆژانه له مه‌رزی پێنجوێنه‌وه سه‌ده‌ها تانکه‌ر نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه بۆ وڵاتی ئێران ده‌برێت كه ههرتهنكهرێك 266 به‌رمیل نه‌وتی خاوی تێدایه.
عه‌بدوڵا مه‌لا نوری، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌و سه‌رچاوه سروشتیه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ (سبه‌ی) ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو كه: تا ئێستا نه‌یانتوانیوه له ئه‌نجامی به‌دواداچونیان سه‌باره‌ت به ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له پشتی ئاودیوكردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ن بۆ ئێران به رێگه‌یه‌كی نایاسایی، زانیاریان ده‌ستبكه‌وێت.
عه‌بدوڵا مه‌لا نوری راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه زانیاریمان هه‌بێت، ئاودیوكردنی ئه‌و نه‌وته خاوه له ده‌ره‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستانه و ناشچێته ژێر كۆنتڕۆڵی كاروباره‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانه‌وه.
عه‌بدوڵای مه‌لا نوری، وتی: "ئێمه نامانه‌وێت ببینه ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو ده‌خوازین پیشه‌سازی نه‌وت و به‌كارهێنانه ئیجابیه‌كانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستاندا له‌ژێر چه‌تری یاسادا بێت و به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت"، بۆ ئه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌ڵك بێت و مامه‌ڵه‌كردن پێوه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه به‌ڕێوه بچێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه به‌پێی به‌دواداچونه‌كانمان، پێمان راگه‌یه‌نراوه كه ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌نێردێت بۆ ئێران "نه‌وتی ره‌ش"ه و "نه‌وتی خاو"، نیه، واته پاڵفته‌ی نه‌وته، پاش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی نه‌وتی لێ ده‌رده‌هێنرێت، به‌ڵام گومان ده‌كه‌م ئه‌و ئیشه به‌و شێوه‌یه بێت، چونكه هه‌مو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بپرسێت، ئه‌گه‌ر له كوردستاندا ئه‌وه‌نده "نه‌وتی ره‌ش" هه‌یه، ئه‌ی بۆچی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی نه‌وت وه‌كو (گاز و به‌نزین و نه‌وت...هتد) له‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا به‌و ئه‌ندازه زۆره بونی نییه.
ئایا ئه‌و نه‌وته‌ی ئاودیو ده‌كرێت رێگه‌پێدراوه؟
له سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه چه‌ند جۆرێك له نهوتو پێكهاته‌كانی له‌رێگه‌ی ته‌نكه‌ر (كامیۆن)ه‌وه ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێت، به‌ڵام شاره‌زایانی بواری پاڵاوتنی نه‌وت ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی نه‌وت كه له‌رێگه‌ی سنوره‌كانی ئێرانه‌وه ده‌فرۆشرێن، زیانێكی گه‌وره ده‌گه‌یه‌نێت به ئابوری عێراق و هه‌رێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا عێراق له قه‌یراندایه بۆ ئه‌و پێكهاته‌و به‌رهه‌مه نه‌وتییانه.
ئه‌ندازیارێكی بواری نه‌وت، كه له یه‌كێك له پاڵاوتگه‌كانی نه‌وتدا كارده‌كات و له‌سه‌ر خواستی خۆی نه‌ویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه، به (سبه‌ی) راگه‌یاند: به‌شێك له‌و نه‌وته‌ی ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه (نه‌فتا)، به‌رهه‌مێكه چڕییه‌كه‌ی كه‌مه‌و رونه كه بهنزینو رۆنی ئۆتۆبیلی لێ دهردهنێنرێت و ناكرێت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا عێراق و هه‌رێمی كوردستان، پێویستیه‌كی زۆریان به‌و به‌رهه‌مه هه‌یه و سوته‌مه‌نی ئۆتۆمبیل نرخێكی گرانی هه‌یه.
ئه‌ندازیاره‌كه وتیشی: "عێراق خۆی قه‌یرانی (نه‌فتا)ی هه‌یه، چونكه به‌نزینی ئۆتۆمبیلی بچوك له‌ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت بۆ عێراق و كوردستان، به‌ڵام نازانم هۆكاری ناردنی ئه‌و به‌رهه‌مه نه‌وتییه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه و چ سیاسه‌تێكی وه‌به‌رهێنانه".
به‌پێی لێدوانێكی پێشوتری شێخ سه‌عد، خاوه‌نی كۆمپانیای قه‌یوان بۆ (رۆژنامه)، "كۆمپانیای قه‌یوان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه مۆڵه‌تیان پێدراوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی ره‌ش (فیول ئۆیه‌ڵ) هه‌نارده‌ی ئێران بكه‌ن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌وتی خاو له‌رێگه‌ی كۆمپانیاكه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌نارده ناكرێت".
به‌ڵام پسپۆڕه‌كه‌ی بواری نه‌وت له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: ئه‌و نه‌وته ره‌شه‌ی كۆمپانیاكان ده‌ڵێن ده‌ینێرینه ده‌ره‌وه‌و پاشماوه‌ی كارگه‌و پاڵاوگه‌كانی عێراقن، پێی ده‌وترێت (VR- المتبقی من المصافی الفاكیوم) كه پێویسته به جۆره ته‌نكه‌رێك هاتوچۆی پێ بكرێت كه په‌ره‌مێزی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی نهمهیهتو خه‌ست نه‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه، "نه‌وتی ره‌ش- VR" نییه، به‌ڵكو (فیول ئۆیل)ه، ئه‌وه‌ش ناتوانرێت پێی بڵێین "نه‌وتی ره‌ش".
وتیشی: ناكرێت (فیول ئۆیل) له سنوره‌كانه‌وه هه‌نارده بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له پاڵاوتگه ره‌سمیه‌كانی عێراقدا ده‌توانرێت بپاڵێورێت و به‌رهه‌مه‌كانی (گازۆیلی قورس، رۆنی سوك، رۆنی قورس و ئهسفهرد)ی لێ به‌رهه‌م بهێنرێت، ئینجا پاشماوه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه زۆر قورسه و پێی ده‌وترێت (نه‌وتی ره‌ش-VR)، ئه‌مه‌یان رێگه‌ی پێ ده‌درێت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بكرێت، چونكه پاڵاوگه‌كانی عێراق توانای به‌كارهێنانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی نییه كه له‌و نه‌وته خه‌سته‌دا ماوه‌ته‌وه.
ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه "نه‌وتی ره‌ش"ه، به‌ڵام به‌پێ وێنه‌كانی هه‌واڵێكی (KNN) ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه، پێی ده‌وترێت "نه‌فتا"، ئه‌ویش ماده‌ی خاوی به‌رهه‌مهێنانی گازۆلینه (به‌نزینی ئۆتۆمبیل)، ئه‌ویش بۆ سوته‌مه‌نی ئۆتۆبیلی بچوك به‌كاردێت، كه بێگومان سه‌رجه‌م پاڵاوتگه‌كانی عێراق ده‌توانن ئه‌و نه‌فتایه بپاڵێونو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی لێ ده‌ربهێنن.
نه‌وتی ره‌ش پاشماوه‌ی پاڵفته‌ی (تقگیر جوی)یه، پاش ئه‌وه‌ی كه (نه‌فتا و كیرۆسین و گازۆیل)ی لێ ده‌رده‌هێنرێت، ئه‌و نه‌وته ره‌شه‌ی دمێنێته‌وه پێی ده‌وترێت (فیول ئۆیڵ- زیت الوقود)، ئه‌وه‌ش ده‌توانرێت جارێكی تر بپاڵێورێتهوه و به‌رهه‌می دیكه‌ی لێ جیا بكرێته‌وه وه‌كو (رۆنی ئۆتۆمبیل و ئهسفهرد و گازۆیلی قورس، چه‌ندین ماده‌ی دیكه‌شی لێ ده‌رده‌هێنرێت)، به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به پاڵاوتگه‌ی تایبه‌ت هه‌یه.
شیكردنه‌وه‌ی زانستی نه‌وتی كوردستان:
به‌پێ لێدوانی ئه‌و پسپۆڕه‌ی بواری پاڵاوتنی نه‌وت، كه خۆی له یه‌كێك له پاڵاوتگه‌كانی نه‌وتدا كارده‌كات، ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌نارده‌ی ئێران ده‌كرێت (فیول ئۆیل) ده‌توانرێت پێ بوترێت "نه‌وتی خاو"، چونكه هێشتا به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه نه‌وتیه سه‌ره‌كییه‌كانی تێدا ماوه.
وتشی: "نه‌وتی كێڵگه‌ی تاوگی، كه نه‌وته‌كه‌ی دێته ده‌ره‌وه وه‌كو ئه‌و نه‌وته ره‌شه‌یه كه هه‌نارده‌ی ئێران ده‌كرێت (فیول ئۆیل)، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه له‌زه‌وی دێته ده‌ره‌وه جۆرێكی قورسه و پێی ده‌وترێت نه‌وتی (ئهسفهڵتی)، (IPI)ی ئه‌و نه‌وته‌ی كێڵگه‌ی نه‌وتی تاوك 20ه، به‌ڵام كێڵگه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك 30 و نه‌وتی ته‌قته‌ق له جۆرێكی زۆر چاكه و 45ه.
(IPI) یه‌كه‌ی پێوانه‌یی خه‌ستی نه‌وته، بۆ پێوانه‌كردنی ئه‌و پێكهاتانه‌ی له‌نێو نه‌وتی خاو‌دا هه‌یه، واته هه‌تا (IPI)ی نه‌وتی خاو به‌رزبێت، به‌هاكه‌ی له بازاڕه جیهانیه‌كاندا به‌رزتر دهبێتو ده‌توانرێت به‌رهه‌مێكی زۆرتری لێ ده‌ربهێنرێت.
ئه‌و شاره‌زایه كه له‌سه‌ر خواستی خۆی نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه، وتی: "به‌پێی ئه‌و نه‌وته‌ی من بینیومه و هه‌نارده‌ی ئێران كراوه، مه‌زه‌نده‌ی ده‌كه‌م (IPI)ه‌كه‌ی 25 بێت، واته له زۆر نه‌وتی خاو كه له زه‌وییه‌وه دێته ده‌ره‌وه چاكتره".
له‌عێراقدا چه‌ند پاڵاوتگه‌یه‌كی كه‌م كارده‌كه‌ن، وه‌كو پاڵاوتگه‌ی بێجی و ئه‌ڵوه‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پاڵاوتگه‌ی بچوكی وه‌كو بازیان و هه‌ولێر، هه‌ر بۆیه ئه‌و شاره‌زایه به دوری زانی توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و پاڵاوتگانه بگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه رۆژانه به‌و ئه‌ندازه‌یه پاڵفته‌ی هه‌بێت.
نمونه‌ی ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه كه پاڵاوتگه‌ی نه‌وتی بازیان، دو یه‌كه‌یه، هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی توانای پاڵفته‌كردنی ته‌نها 15 هه‌زار به‌رمیلی هه‌یه له رۆژێكدا، واته به هه‌ر دو یهكهكهیهوه 30 هه‌زار به‌رمیل تواناكهیهتی، له‌و پاڵاوتگه‌یه ته‌نها 20%ی ئه‌و 30 هه‌زار به‌رمیله ده‌بێته (نه‌وتی ره‌ش-VR) كه ئه‌وه‌ش ته‌نها 6 هه‌زار به‌رمیل ده‌كات له رۆژێكدا كه پاڵاوتگه‌كانی كوردستان و عێراق سودی لێ وه‌رناگرێت.
به‌پێی به‌دواداچونێكی (سبه‌ی)، له چه‌ند شوێنێكی هه‌رێمی كوردستان، كارگه‌ی بچوك هه‌یه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌وتی خاو‌دا ده‌كه‌ن، پاش گه‌رمكردن، نه‌وتێك كه ره‌نگی ره‌شی هه‌یه، ده‌كه‌نه ناو كامیۆن (ترێله)وه، به‌ڵام به‌پێی وته‌ی ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری نه‌وت، ئه‌و كارگانه ناچنه ژێر ناوی پاڵاوتگهوه، به‌ڵكو له‌نێو پسپۆڕاندا پێی ده‌وترێت "پاڵاوتگه‌ی چه‌واشه"، واته بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكی ناویانناوه پاڵاوتگه، به‌و پێیه‌ی ته‌نها به‌رهه‌مه‌كانی (نه‌فتا و كه‌مێك له كیرۆسین- پێكهاته سوكهكهكان)ی لێ جیاده‌كاته‌وه، به‌شێوه‌ی (بازیسلهیشن)، ئه‌و پاشماوه‌یه‌ی ده‌مێنێته‌وه هێشتا (نه‌فتا و كیرۆسین)ی تێدایه، به‌ڵام ته‌نها نه‌وته‌كه ره‌ش ده‌كاته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه له‌سه‌ره‌تاكانی دروستبونی پیشه‌سازی نه‌وتدا، رێگه‌ی "پاڵاوتگه‌ی چه‌واشه- بازیسلهیشن" به‌كارهاتوه، به‌ڵام له مێژوی پیشه‌سازی نه‌وتی عێراقدا ئه‌و رێگه‌یه به‌كار نه‌هاتوه ته‌نانه‌ت پاڵاوتگه‌ی (ئه‌ڵوه‌ند)یش كه كۆنترین پاڵاوتگه‌یه له عێراقدا، پشتی نه‌به‌ستوه به " پاڵاوتگه‌ی چه‌واشه-بازیسلهیشن" كه به‌رمیلێكی گه‌وره‌یه‌و نه‌وته خاوه‌كه ئهكوڵێنێت، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاناكاته‌وه.
خاوه‌نی یه‌كێك له‌و پاڵاوتگه بچوكانه‌ی له سلێمانی دروستكراون بۆ ره‌شكردنی نه‌وتی خاو، كه نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه، به (سبه‌ی) راگه‌یاند: ئێمه نه‌وتی خاو له كۆمپانیای (عێراق ئۆیه‌ڵ) ده‌كڕین، كه كۆمپانیایه‌كی زه‌به‌لاحه‌و یه‌كێك له حیزبه سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان خاوه‌نێتی، له پاڵاوتگهكهماندا له‌رێگه‌ی كوڵاندنهوه، ره‌نگه‌كه‌ی ره‌ش دهبێتو پاشان له‌رێگه‌ی كامیونهوه، كه زۆربه‌ی شۆفێره‌كانیان ئێرانی‌و عه‌ره‌بن‌و هه‌ندێكیشان كوردن، له مه‌رزه رهسمیهكانهوه ده‌یاننێرین بۆ به‌نده‌ره‌كانی ئێران.
خاوه‌نی پاڵاوتگه بچوكه‌كه وتی: "تا دێت ژماره‌ی پاڵاوتگه‌كان له زیادبوندان، چونكه به‌پێی یاسا ته‌نها رێگه به نه‌وتی ره‌ش ده‌درێت له‌رێگه‌ی سنوره‌كانی ئێرانه‌وه بنێردرێته ده‌ره‌وه".