Print
 یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، له‌ نه‌وت چه‌ندیان ده‌ستده‌كه‌وێت
Saturday, July 24, 2010

سیروان ره‌شید
دروستبونی‌ هه‌ڵایه‌كی‌ ناوخۆیی‌‌و ده‌ره‌كیی‌ له‌سه‌ر قاچاخچێتیكردنی‌ دو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌ نه‌وته‌وه‌، دامه‌زراوه‌ی‌ حكومه‌ت ناچار ده‌كات، ته‌مسیلی‌ سیاسه‌تێك بكات كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ حیزبدا بێت، نه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ میلـله‌ت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، مانگانه‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، بۆ هه‌ر یه‌كێكیان (130)ملیۆن دۆلار قازانج له‌ ناردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم بۆ ئێران بكه‌ن.

چیرۆكی‌ گۆڵكردنه‌كه‌ی‌ پارتی‌!
رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردو، كه‌ناڵه‌ ره‌سمییه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان (سه‌ته‌لایتی‌ كوردستان، زاگرۆس، ته‌له‌فزیۆنه‌ ناوخۆییه‌كان، سایتی‌ په‌یامنێر، بۆ رۆژی‌ دواتریش رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات)، ده‌قی‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كیان به‌ناوی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، له‌ دژی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نوسیی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، نه‌ ئه‌و رۆژه‌و نه‌ رۆژانی‌ دواتریش، ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ نه‌ له‌ سایتی‌ ره‌سمیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و نه‌ له‌ سایت‌و رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌وه‌ بڵاو نه‌كرایه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ پێكهێنه‌رێكی‌ سه‌ره‌كیی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌یه‌.

ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ میدیاكانی‌ پارتی‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ گرنگییان پێداو به‌ زمانێكی‌ توند نوسراوه‌، ده‌ڵێت: "پێده‌چێت، شه‌هرستانی به‌م ره‌فتاره‌ راهاتبێت‌و به‌سه‌ر بڕگه‌كانی ده‌ستوری عێراقدا بازده‌دات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌ویان ده‌كات، ده‌بوایه‌ شه‌هرستانی وازی له‌ ئاڕاسته‌كردنی تۆمه‌تی ناڕه‌وا بهێنابایه‌".

هه‌روه‌ها رونكردنه‌وه‌كه‌ باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ "حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان‌و به‌ پاڵپشتیی سه‌رۆكی هه‌رێم، په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌مو كاروباره‌كانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌و به‌ته‌نگی سامانی گشتی‌و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی عێراقه‌وه‌یه‌".

ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ زمانێكی‌ توند نوسراوه‌، چاودێران پێیانوایه‌، له‌ زمانی‌ ره‌سمیی‌‌و له‌ ئسلوبی‌ موخاته‌به‌‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ بچوكی‌ حكومیش ناچێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ نوسراوه‌و د. به‌رهه‌م به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ نوسینی‌ ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ ئاگادار نییه‌و پرسیشی‌ پێ‌ نه‌كراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی‌: ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ حیزبیی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ نێرراوه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ پارتی‌‌و ئه‌و میدیایانه‌ی‌ له‌ پارتییه‌وه‌ نزیكن، به‌ مه‌به‌ستی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌، هه‌ربۆیه‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ له‌ میدیاكانی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڵاونه‌كرایه‌وه‌‌و تا ئێستا د.به‌رهه‌میش هه‌ڵوێستی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.

زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌، پرسی‌ به‌قاچاخ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌‌ نه‌وتی‌ خاوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ‌رێگه‌ی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كانی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران‌و باشماخ‌و په‌روێزخانه‌وه،‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ میدیا ناوخۆیی‌و جیهانییه‌کانه‌وه‌ ده‌وروژێنرێت‌و له‌ئێستاشدا كه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌ڵایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوخۆیی‌‌و ده‌ره‌كیی‌ لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، پارتی‌ ده‌یه‌وێت حكومه‌ت ناچار بكات، بۆ خستنه‌ به‌رده‌می‌ واقیعێك كه‌ كابینه‌ی‌ پێشو توشی‌ بو، ئه‌ویش شه‌ڕی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌‌و سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدایه‌.

یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، چه‌ند ساڵێكه‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژییان له‌نێواندایه‌ بۆ قۆرخكردنی‌ هه‌مو كایه‌ ئابوری‌‌و سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌سه‌ر بازرگانیی نه‌وتدا بۆ ئێرانیش جێبه‌جێده‌بێت.

بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ به‌ناوی‌ حكومه‌ته‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ حكومه‌ت (د. كاوه‌ مه‌حمود)ی‌ له‌سه‌ر بێت، یاخود رونكردنه‌وه‌كه‌ له‌ كڵێشه‌ی‌ ره‌سمیی‌ حكومه‌تدا نوسرابێت، ده‌لیلی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا بڕیارو هه‌ڵوێسته‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ نه‌وت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ ده‌درێن‌و حكومه‌ت ناچار ده‌كرێت مل بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ حیزب بدات.

رۆژنامه‌ی‌ نیۆیۆرك تایمز، هه‌فته‌ی‌ رابردو له‌ راپۆرته‌كه‌یدا نوسیبوی‌: "د.به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێم، نیگه‌رانه‌ به‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وت به‌ رێگه‌ی‌ قاچاخ، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌ناو حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیدا كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆمار رێبه‌ریی‌ ده‌كات، توشی‌ به‌ربه‌ره‌كانی‌ ده‌بێته‌وه‌‌و كێشه‌كه‌ی‌ د.به‌رهه‌م هێنده‌ی‌ تر ئاڵۆز ده‌بێت، به‌هۆی‌ په‌یوه‌ندییه‌ خراپه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌، وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ پاڵپشتی‌ ده‌كرێت". 

به‌گوێره‌ی‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ (رۆژنامه‌) له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری‌ بابه‌ته‌كه‌، نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرا بكرێت، به‌رهه‌م ساڵح له‌حاڵه‌تێكی‌ زۆر ناڕه‌حه‌ت‌و سه‌غڵه‌تدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ فه‌رزكردنی‌ ئه‌و واقیعه‌ی‌ كه‌ به‌لایه‌وه‌ نه‌خوازراوه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتی‌: "ره‌نگه‌ له‌م رۆژانه‌دا د. به‌رهه‌م هه‌ڵوێستی‌ بخاته‌ڕو كه‌ تا ئێستا یه‌ك وشه‌ی‌ له‌سه‌ر فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌ئێران نه‌وتوه‌".

یه‌كێتی‌ و پارتی‌، مانگانه‌ چه‌ندیان ده‌سده‌كه‌وێت؟
سه‌رچاوه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ خاوه‌ی‌ ده‌فرۆشرێت به‌ ئێران، كێلگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی‌ كوردستان: (ته‌قته‌ق‌و كۆرمۆره‌و زاخۆ)ن.

بازرگانی‌ پێكردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ (نۆكان+قه‌یوان_ه‌ كه‌ نۆكان سه‌ربه‌ یه‌كێتیه‌و قه‌یوان نزیكی‌ به‌رپرسانه‌و دوكۆمپانیای‌ تری‌ سه‌ربه‌پارتی‌) پڕۆسه‌ی‌ ره‌وانه‌كردن‌و فرۆشتنی‌ به‌ ئێران قۆرخكراوه‌و له‌ هه‌ر سێ‌ خاڵی سنوری‌ (باشماخ، په‌روێزخان، حاجی ئۆمه‌ران)ه‌وه‌ بۆ (به‌نده‌رعه‌باس‌و به‌نده‌رئیمام)ی‌ ئێران ره‌وانه‌ ده‌كرێت.  

ئه‌م كۆمپانیایانه‌ راسته‌وخۆ نه‌وت له‌كۆمپانیای‌ (عیراق ئۆیل) ده‌كڕن. عێراق ئۆیل كۆمپانیایه‌كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ كابینه‌ی‌ پێشو دامه‌زراوه‌و مافی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ له‌هه‌مو كێڵگه‌كانی‌ كوردستان دراوه‌تێ‌ وه‌ك زانراوه‌، له‌هه‌مو ته‌نێك نه‌وت بڕی‌ 35-55 دۆلار قازانج ده‌كات، له‌كاتێكدا كه‌س نازانێت بۆچی‌ ئه‌م مافه‌ دراوه‌ به‌و ته‌نها كۆمپانیایه‌. كه‌ هه‌ندێك له‌شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌م كۆمپانیایه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌زۆری‌ هی‌ پارتیه‌و به‌شێكی‌ كه‌میشی‌ بۆ رازیكردنی‌ یه‌كێتی‌ دراوه‌ به‌ئیداره‌ی‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان.

داهاتی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ سه‌ر به‌ پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌فرۆشرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته‌ ناو خه‌زێنه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌كاتی گفتوگۆی بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا له‌ په‌رله‌مان، بایز تاڵه‌بانی‌، وه‌زیری دارایی وتی: یه‌ك دیناری نه‌وتی هه‌رێم، نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر حساباتی‌ بودجه‌.

ئازاد كه‌مال، دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانی‌، ناوی‌ خوازراوی‌ یه‌كێك له‌شۆفێری‌ ئه‌و ته‌نكه‌رانه‌یه‌ كه‌ له‌مه‌رزی‌ باشماخه‌وه‌ "پێنجوێن"، نه‌وت ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئێران، وتی‌" من عه‌قدم له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ قه‌یوان هه‌یه‌ كه‌، رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان ته‌نكه‌ری‌ نه‌وتی‌ دیكه‌ له‌وسنوره‌وه‌ نه‌وت ده‌به‌ینه‌ ئێران"، ئازاد هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی‌ ده‌یبه‌ن بۆ ئێران نه‌وتی‌ ته‌قته‌قه‌ "به‌ڵام ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و له‌عه‌مبارێك باریده‌كات له‌نزیكی‌ تانجه‌رۆیه‌و ده‌كه‌وێته‌ خوار بازگه‌ی‌ سلێمانی‌ عه‌ربه‌ت، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای‌ نۆكانه‌وه‌ دروستكراوه‌".

ئازاد كه‌ ماوه‌ی‌ 4 ساڵه‌، خه‌ریكی‌ ئه‌و پیشه‌یه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌نرخی‌ ئه‌و ئه‌و نه‌وته‌ی‌ ده‌یفرۆشن وتی‌ "كۆمپانیا ناهێڵێت ئێمه‌ زۆر ته‌ده‌خولی‌ ئه‌وشتانه‌ بین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌و براده‌ره‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسی‌ حساباته‌ له‌سه‌ر مه‌رز بۆ هه‌رته‌نێك كه‌ ده‌یفرۆشین جۆری‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌یزانێت، به‌ 360 دۆلار تاوه‌كو 410 دۆلار فرۆشراوه‌". 

عه‌بدوڵا مه‌لانوری‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، وتی‌: "به‌پێی ئه‌و لیسته‌ی لای من هه‌یه‌، ئه‌و رۆژه‌ی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا له‌سه‌ر بودجه‌ رونكردنه‌وه‌ی ده‌دا، (384) ته‌نكه‌ر له‌ كێڵگه‌ نه‌وتی ته‌قته‌قه‌وه‌ رۆیشتبو، هه‌ر ته‌نكه‌ره‌و (28)ته‌ن بارده‌كات‌و بۆ هه‌رته‌نێك (385) دۆلار وه‌رده‌گیرێت".

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بێت، ئه‌گه‌ر له‌ رۆژێكدا (384) ته‌نكه‌ر له‌ ته‌نها یه‌ك كێڵگه‌وه‌"ته‌قته‌ق" رۆشتبێت بۆ ئێران‌و بڕی‌ نه‌وت‌و نرخه‌كه‌ی‌ به‌وشێوه‌یه‌ بێت، به‌وپێیه‌، مانگانه‌ هاوكێشه‌یه‌كی‌ حسابی‌ سه‌یر ده‌چێته‌ حسابه‌ نادیاره‌كانه‌وه‌!.

 گریمان، رۆژانه‌ كه‌متر له‌و (384) ته‌نكه‌ره‌ ده‌ربهێنرێت‌و (300) ته‌نكه‌ر بێت له‌ یه‌ك كێڵگه‌و به‌ كه‌متر له‌و نرخه‌ش به‌ (350) دۆلار بفرۆشرێت‌و ته‌نها مه‌زه‌نده‌ی‌ ئه‌وه‌شبكه‌ین كه‌ هه‌ردو كێڵگه‌كه‌ی‌ دیكه‌ش (زاخۆو كۆرمۆر)، رۆژانه‌ (300) ته‌نكه‌ریان لێ ره‌وانه‌ بكرێت، ئه‌وا كۆی‌ داهاتی‌ یه‌ك رۆژی‌ هه‌ر سێ‌ كێڵگه‌كه‌ ده‌كاته‌ (8)ملیۆن‌و (820) هه‌زار دۆلار‌و داهاتی‌ فرۆشیش بۆ یه‌ك مانگ له‌ هه‌ر سێ‌ كێڵگه‌كه‌دا، ده‌كاته‌ (264) ملیۆن‌و (600) هه‌زار دۆلار له‌مانگێكدا‌و ئه‌م بڕه‌پاره‌یه‌ش وه‌ك داهاتی‌ راسته‌وخۆ، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ كۆمه‌ڵێك زانیاریی‌، گومانیش ده‌كرێت كه‌ له‌كۆی‌ پڕۆسه‌ی‌ گه‌ڕان‌و ده‌رهێنانی‌ نه‌وتیشدا له‌كێڵگه‌كاندا، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ پشكیان له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا هه‌بێت.

Sbeiy.com © 2007