سازدانی: هۆشیار عه‌بدوڵا
له دیدارێكی چوار ئه‌ڵقه‌یی تهلهفزیزَنی knn، دكتۆر فاروق ره‌فیق نوسه‌رو توێژه‌ری بواری فه‌لسه‌فه، تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و رێگریه‌ی حیزب و ده‌زگا پاشكۆكانی حیزب دروستیانكردوه له به‌رده‌م تاك و بیركردنه‌وه‌ی ئازاد له هه‌رێمی كوردستان. له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا دكتۆر فاروق ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، تا ئه‌وكاته‌ی حیزب دور نه‌كه‌وێته‌وه له كایه‌كانی راگه‌یاندن و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئه‌زمونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له قه‌یراندایه و له هه‌مان كاتدا گه‌وره‌ترین رێگر له‌به‌رده‌م هاتنه‌ئارای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد له كوردستان درێژه‌ی ده‌بێت. له‌به‌ر گرنگی ناوه‌ڕۆكی دیداره‌كه سبه‌ی ده‌قی دیداره‌كه بۆ خوێنه‌رانی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه.
KNN: حیزب له دونیای ئێمه‌دا سه‌ر به چ مۆدێلێكی سیاسیه؟
فاروق ره‌فیق: گرنگیدانی من به قسه‌كردن له‌سه‌ر حیزب به‌پێی ئه‌و پێگه گرنگه‌یه كه له غیابی دامه‌زراوه له‌ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه‌تی. ئێمه هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تمان هه‌یه و ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ حیزب بكه‌ین. ره‌نگه له ژیانی كه‌سێكی ئه‌مریكیدا حیزب ئه‌و رۆڵه گه‌وره‌یه نه‌بینێت كه له ژیانی ئێمه‌دا هه‌یه‌تی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌وێش دو حیزبی سه‌ره‌كی هه‌ن و پرۆسه سیاسیه‌كه به مانا ته‌كنیكیه به ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌یه جگه له مانا بهرفراوانهكهشی كه هاونیشتمانیان له‌وێ بۆخۆیان به‌شداریان هه‌یه له سیاسه‌تدا. به‌ڵام له‌لای ئێمه و له غیابی كۆمه‌ڵێ دامه‌زراوه‌ی دیكه‌دا، له هه‌لومه‌رجێكی خێڵه‌كیه‌وه بازمان داوه‌ته ناو دونیایه‌كی دیكه‌وه‌و له په‌نجا ساڵی رابوردودا حیزب ئه‌و دهزگایهبوه به چاك و خراپ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه دروستكردوه. بۆیه به‌هۆی ئه‌م پێگه گه‌وره‌یه‌ی كه حیزب له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌یه‌تی، پێویسته ئێمه‌ش گرنگی به بواره‌كه بده‌ین.
به باوه‌ڕی من ئه‌و مودێله حیزبیه‌ی كه ئێستا هه‌یه، له قه‌یراندایه، بۆیه پێش ئه‌وه‌ی باسی مۆدێله‌كه بكه‌ین، پێویسته له‌سه‌ر قه‌یران قسه‌بكه‌ین. یه‌كه‌م ئاماژه‌یه‌كیش كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌كاتی گوێبیستی وشه‌كه‌دا به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت مه‌فهومێكی نێگه‌تیڤ ده‌دات به ده‌سته‌وه، به‌ڵام له راستیدا قه‌یران زۆر زۆر پۆزه‌تیڤه، هه‌ر لێره‌وه كاتێك ده‌ڵێین حیزبی كوردی له قه‌یراندایه، حاڵه‌تێكی خراپ نیه و پێویسته بونی هه‌بێت به‌و پێیه‌ی رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ له دایكبونی مۆدێلێكی تر، هه‌مو قه‌یرانێك ژانگرتنێكه كه دواجار پرۆسه‌یه‌كی نوێی به مانا لێوه‌ی له دایك ده‌بێت.
KNN: ببوره له باسی ئه‌و مۆدێله‌دا ده‌كرێت گشتاندن هه‌بێت بۆ سه‌رجه‌م حیزبه‌كان، یاخود له دونیای سیاسی ئێمه‌دا تاك و ته‌را حیزب هه‌یه جیاوازی هه‌یه؟
فاروق ره‌فیق: له راستیدا جیاوازی هه‌یه هه‌م له دروشم و هه‌م له ئامانجی سیاسی‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ته‌وه‌ری قسه‌كردنی ئێمه‌یه بریتیه له بونیاد‌و ستراكچه‌ر، لێره‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین كه هیچ جیاوازیه‌ك نیه، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه به‌هۆی هه‌لومه‌رجێكی نائاساییه‌وه كه له‌م وڵاته‌دا تێیدا ژیاوین، به‌هۆی لكاندنی وڵاته‌كه‌مان به‌و وڵاتانه‌ی له نزیكماندا هه‌ن ئه‌و بنه‌ما لێكچوه دروستبوه. گه‌ر له كوردستانی عێراق و له‌سه‌ر حیزبی به‌عس له عێراقدا قسه‌بكه‌ین، ده‌بینین دوسێ ریشه‌ی هه‌یه، جگه له كاركردنه ناسیۆنالیستی و فاشیسیهكهیهی، له روه فیكریهكهوه له ژێر كاریگه‌ری حیزبه ستالینی و لینینی و سۆشیالیستیهكاندابوه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی ناسیۆنالیستی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی دروستیكردوه، یاخود حیزبی شیوعی كه پێش به‌عس له ناوچه‌كه دروستبوه. بۆیه ئه‌م فۆرم و ستراكچه‌ره‌ی كه ئه‌وانی له‌سه‌ر بونیاد نراوه، بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دواجار خۆی دوباره بكاته‌وه‌و جۆرێك له ته‌ڵزگه دروستبكات بۆ ئه‌و حیزبانه‌ی دواتر دروست ده‌بن و نه‌توانن له‌سه‌ر ئاستی ستراكچه‌ر، له‌و تهڵزگانه ده‌رباز ببن.
بۆنمونه، حیزبی شیوعی یان جه‌ماوه‌ریه، یاخود ئاڤانگاردیه(پێشڕه‌و)، ئه‌و جۆره حیزبه‌ش ئه‌وه‌یه كه له سه‌ره‌تادا وه‌ك نوێنه‌ری چینێك قسه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی چینێكی دیاریكراو ده‌كات، دواجاریش له كاتی موماره‌سه‌ی سیاسیدایه به ناوی هه‌مو كۆمه‌ڵگاوه ده‌دوێت و له‌وه ده‌رده‌چێت داكۆكیكهربێت له توێژێكی دیاریكراو، بگره ده‌بێته هه‌مو كۆمه‌ڵگا. ئیتر لێره‌وه ئه‌و كێشه‌یه سه‌رهه‌ڵده‌دات كه حیزب به‌ناوی هه‌مو كۆمه‌ڵگاوه بڕیار ده‌دات و بیرده‌كاته‌وه، له هه‌ره‌مه سیاسیه‌كانیشدا كه‌دێته خواره‌وه فه‌رمانه‌كان له‌سه‌ره‌وه دێن.
KNN: ئایا بۆ ئایدیاكانی تریش هه‌مان ئه‌م شته دروسته، بۆ نمونه حیزبه ئیسلامیه‌كانیش به‌هه‌مان فۆرم و مودێله‌وه هه‌مان شتیان تێدا دوباره ده‌بێته‌وه؟
فاروق ره‌فیق: وه‌ك له كتێبی "كاتژمێرێكی ماوه بۆ نیو شه‌و"و چه‌ند دیدار و نوسینێكی دیكه‌مدا ئاماژه‌م پێكردوه، به‌و هیوایه‌ی كه‌س لێم زویر نه‌بوبێ ئه‌وه‌م وتوه كه: به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی نامۆیه حیزبی ئیسلامی له كاتی دامه‌زراندنیدا ستراكچه‌رێكی لینینی هه‌یه، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه گۆڕانێك كه لینین ده‌یكات له حیزب و ماركسیزم‌دا له‌وكاته‌دا كه دێت ئه‌وه‌یه، ماركس "له قۆناغی هیومانیزمیهكهدا باوه‌ڕی به‌وه‌بو پرۆلیتاریا رزگاركه‌ری مرۆڤایه‌تیه به‌وپێیه‌ی پرۆلیتاریا، ئه‌و چینه‌یه كه هیچی نیه له ده‌ستی بدات جگه له كۆت و زنجیره‌كانی". به‌ڵام پرۆلیتاریایهك كه ماركس قسه‌ی لێده‌كرد جیاوازه له‌وه‌ی لینین قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات. ماركس باوه‌ڕی وابو "پرۆلیتاریایهك له‌ڕێگه‌ی خه‌باتی سیاسی و كێشمه‌كێشمی چینایه‌تیه‌وه دونیابینیه‌كی گه‌ردونی(universal)ی بۆ دروست ده‌بێت كه دواتر له مانای چه‌وسانه‌وه‌و ئازادی تێده‌گات و ده‌بێته ههبویهكی هۆشیاری وا سه‌ره‌نجام هه‌ڵده‌ستێت به شۆڕش و سه‌رجه‌م چینه‌كانی دیكه رزگار ده‌كات".
به‌ڵام لینین دێت و ده‌ڵێت:" پرۆلیتاریا ناتوانێت ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی هه‌بێت، به‌ڵكو پێویستمان به‌وه‌یه حیزبێك دامه‌زرێنین هۆشیاری بدات به كرێكار، چونكه ئه‌گه‌ر لێگه‌ڕێیت، كرێكاره‌كان به هه‌ندێك داواكاری سه‌ندیكایی خۆیانه‌وه رازی ده‌بن. بۆیه ئه‌و هۆشیاریه‌ی ماركس باسی ده‌كات پێویسته وه‌ك ده‌رزی لێی بدرێت. ئه‌وكات كێ به‌م كاره هه‌ڵده‌ستێت؟ بێگومان خه‌ڵكی نوخبه، نوخبه‌ش له‌ناو حیزبدایه.. كه‌واته لێره‌وه ئیتر چینی پرۆلیتاریا بیرناكاته‌وه، به‌ڵكو نوخبه‌یه‌ك بیرده‌كاته‌وه‌و ئه‌و هۆشیاریه ده‌دات به پرۆلیتاریا به‌و مه‌به‌سته‌ی پاشماوه‌ی ئیشه‌كه ته‌واو بكات. ئه‌وكات له‌سه‌ره‌وه بۆخواره‌وه وه‌ك هه‌مومان ده‌زانین ره‌وته‌كه چ فۆرمێكی سته‌مكاری وه‌رده‌گرێت. وه‌ك به‌لای هه‌موشمانه‌وه ئاشنایه له ئه‌نجامدا یه‌كێك له رژێمه سته‌مكاره ترسناكه‌كانی مێژوی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی كۆمۆنیزم بو.
ئه‌م موماره‌سه‌یه؛ واته هه‌ندێك له‌بری هه‌مو كۆمه‌ڵگا بیربكه‌نه‌وه‌و دواتریش ئه‌و هۆشیاریه له‌سه‌ره‌وه بێته خواره‌وه كه حیزبی ئێمه‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه، حاڵه‌تێكی نا سیاسی، ناعه‌قڵی، نا مه‌ده‌نیه.
KNN: قه‌یرانه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و مۆدێله‌ی حیزبی كوردی چیه كه رونتكردهوه؟
فاروق ره‌فیق: حیزبی كوردی له هه‌لومه‌رجێكدا له دایك نه‌بوه ترسی نه‌بوبێت، یاخود دامه‌زراوه‌یه‌كی قه‌زایی نه‌بوه داكۆكی له حیزبه‌كه بكات، وه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌و دامه‌زراوانه‌مان نیه، بۆیه له‌م روانگه‌وه حیزبه‌كانی ئێمه له هه‌وڵی ئهوهدابون به مه‌به‌ستی مانه‌وه‌یان زۆرترین ئه‌ندامیان هه‌بێت. ره‌نگه زیاده‌ڕه‌وی نه‌كه‌م ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه‌ی له ئه‌وروپا هه‌ن، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌ندامانی هه‌ندێك حیزبی لای ئێمه نه‌بن.
KNN: به‌وپێیه‌ی له ئه‌وروپا ژیاویت، ئاگاداری ئه‌وه هه‌یت له‌وێ حیزبی ده‌نگده‌ر هه‌یه، واته، وه‌ك ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاو ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی سنورداره، به‌ڵام له‌كاتی هه‌ڵبژاردن رێژه‌ی ده‌نگدان پێی ئاستێكی هێجگار زۆر تێپه‌ڕ ده‌كات، ئایا لای ئێمه بۆچی ئه‌و چه‌مكه كارناكات؟
فاروق ره‌فیق: له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌ده‌مه‌وه له قه‌یرانی مۆدێلی حیزبی كوردیدا پێشنیاری حیزبی ده‌نگده‌ر ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ش ئه‌و فۆرمه‌یه كه چاوم لێبڕیوه، واته ئه‌و حیزبه دروستببێت كه له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا قسه ده‌كات. له وڵاته ئهورپیهكاندا حیزبی سیاسی وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی رۆڵی به‌رفراوانی نیه بێ سنور بڕوات، حیزبی سیاسی له‌وێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕ كارناكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌وێش لیبرال و كۆنسه‌رڤاتیڤ هه‌یه، كاركردنی ئه‌وان وه‌ك ئه‌وانه‌ی لای خۆمان دۆگما نین، به‌ڵكو له‌وێ كرانه‌وه هه‌یه له حیزبداو ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه كه كاری بۆ ده‌كات، گرنگترین كاركردنیشی قسه‌كردنه له‌گه‌ڵ هاونیشتمانیانی وڵاته‌كه‌ی خۆی، له‌وێشدا ده‌كرێت وه‌ك ئامراز كومه‌ڵێك خه‌ڵك لایه‌نگری بكه‌ن...
KNN: گرفتێكی حیزبی كوردی له‌وێدا نیه كه حیزب بوه به ئامانج؟
فاروق ره‌فیق: بێگومان، له ئێستادا حیزب لای ئێمه ئامانجه، له‌بری ئه‌وه‌ی هاونیشتمانی مرۆڤی كورد تێیدا ئامانج بێت، كه‌چی له‌به‌رامبه‌ر حیزبه‌كه بۆخۆی بوه به ئامانج، له‌م حاڵه‌ته‌شدا مرۆڤ ده‌بێت به ئامراز له پێناو حیزب‌دا، ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگاش له پێناو هه‌مان مه‌به‌ست ده‌بێت به ئامراز... قه‌یرانه گه‌وره‌كه‌ش هه‌ر ئالێره‌دایه كه وا له ئێمه ده‌كات كاری فیكری خۆمان بخه‌ینه ئه‌ولاوه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین. چونكه له دواجاردا ئه‌مه كێشه‌و كۆسپه.
KNN: هۆكاری ئه‌مه ره‌واییدان نیه به عه‌قڵیه‌تی شاخ و خولانه‌وه له ناو مێژوی سه‌روه‌ری حیزب‌دا؟
فاروق ره‌فیق: ده‌كرێت له كاتێكدا بتوانین هۆكاری ئه‌و قه‌یرانه بڵێن كه حیزبی كوردی تێكه‌وتوه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه ئه‌وه‌یه، په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر كێشه‌كه.
ئه‌و مۆدێله له حیزب كه تێیدا حیزب ده‌بێته ئامانج، له‌مڕۆدا كێشه‌یه، چونكه له ئێستادا خه‌ون بینینێك هه‌یه به‌ڕوی دونیادا، گه‌رچی من گه‌شبین نیم به پرۆسه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی ئێستا، ته‌نانه‌ت له سیاسیه‌كانیشدا خه‌ڵكانێك هه‌یه كه هاوڕان له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی به‌ڕوی دونیادا، به مانا سیاسیه‌كه‌شی بڵێین ئه‌و پرۆسه‌یه پێی ده‌وترێت(ریفۆرمی سیاسی)، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌و كاره ته‌نها به سیاسیه‌كان ناكرێت، به‌ڵكو به توێژه‌ره‌كان ده‌كرێت، پێویسته ئێمه‌ی توێژه‌ران ئایدیاكان بخوڵقێن و ئه‌وانیش كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و مۆدێله‌یه كه له خۆرئاوادا كارده‌كات.
KNN: ئه‌گه‌ر ئاراسته‌یه‌ك بیه‌وێت گۆڕان بكات، كه‌واته به سیاسه‌كانی ناتوانێت ئه‌و كاره بكات؟
فاروق ره‌فیق: سیاسی رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌و كاژهی ئێستا پێوه‌یه‌تی فڕێی بدات، ببێت به‌و مرۆڤه‌ی گوێ‌بگرێت، ئه‌و ئایدیانه‌ی ئاڵ‌وگۆڕیان پێده‌كرێت به‌لایه‌وه گرنگ بێت، ده‌بێت گوێ له مشتی دامه‌زراوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان بێت، ئێمه‌ش ده‌بێت تینك تانكه‌كان دامه‌زرێنین... ئه‌و فۆرمه‌ی له ئێستادا هه‌یه كه كه‌سانێك له‌دایك ده‌بن راسته‌وخۆ ده‌بن به سیاسی حاڵه‌تێكی ترسناكه، نا مه‌ده‌نی و ناعه‌قڵانیه.. لانی كه‌م ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌ستكاری بكه‌ین ده‌بێت له‌م دیده‌وه ده‌ستكاری بكه‌ین، ئه‌وكات ئه‌وكاره له خزمه‌تی هاونیشتمانی و هه‌مو لایه‌كدا ده‌بێت تا هه‌مومان بیبینین.
KNN: ئه‌و مۆدێله ئهنتهرناتیڤهی كه وه‌ك خۆت وتت تاڕادده‌یه‌ك پێی گه‌شبین نیت، ده‌بێت چۆن بێت؟
فاروق ره‌فیق: له‌كاتی پۆلێنكردنی مۆدێلی حیزبه‌كانی جیهان باسمان له ئاڤانگاردی و جه‌ماوه‌ری كرد، مۆدێلێكی دیكه‌ی حیزب هه‌یه له ئه‌مریكای باكور كه‌پێی ده‌وترێت حیزبی ده‌نگده‌ر، یاخود حیزبی مونازه‌ره. لێره‌دا هه‌ڵه‌ی میتۆدییو فیكریه‌ی ئه‌گه‌ر دروستبونی حیزب په‌یوه‌ست بكه‌ن به ئامانجی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه، له خۆرئاوا چه‌نده‌ها حیزب هه‌ن كه دروست ده‌بن له پێناو ئامانجێكدا دروست ده‌بن، كاتێكیش ئامانجه‌كه دێته‌دی ئیتر ئه‌و حیزبه نامێنێت.
ده‌مه‌وێت بێمه سه‌ر حیزبی ده‌نگده‌ر، حیزبی ده‌نگده‌ر ئه‌وه‌یه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه بۆ ئیداره‌كردنی كۆمهڵگاو له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا قسه ئه‌كات، له رێگه‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كات كه یه‌كێكیان میدیایه په‌یوه‌ندی دروستده‌كات. جگه له‌مه‌ش له رێگه‌ی كۆڕ و كۆبونه‌وه كاری خۆی له‌سه‌ر خه‌ڵك ده‌كات تا ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵك به به‌رنامه‌كه‌ی ئاشنا ده‌كات. له‌م حاڵه‌ته‌دا كه حیزبی سیاسی له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ردا قسه ده‌كات، لیستی موعجیزه‌كانی پێنادات وه‌ك ئه‌وه‌ی لێره ده‌یبینین. له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێش‌و لێره، له‌كاتی سه‌رنج له‌سه‌ر دروشم و به‌رنامه‌ی حیزبه‌كان، ئه‌و هه‌سته‌م بۆ دروست بوو هه‌ڵبژاردنه‌كه بۆ ناوخۆی عێراق نه‌بێت، به‌ڵك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ردون بێت. وا هه‌ستمده‌كرد ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان پاڵاوتوه، له دواتردا لیژنه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌مو گه‌ردون.. ئه‌وه‌ی له‌وێ گرنگه له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا ئه‌وه‌یه ده‌ستنیشانی قه‌یرانێك ده‌كات كه له‌و وڵاته هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه لیستێكی موعجیزه‌ت ناداتێ بۆ جێبه‌جێكردنی له ماوه‌ی چوارساڵی ده‌سه‌ڵات كه دواتریش نه‌توانێ جێبه‌جێی بكات، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌وێ لێپرسینه‌وه هه‌یه‌و خه‌ڵكێك هه‌یه چاودێری ده‌كات..
KNN: چه‌نده ئاسانه له كوردستان حیزبێك هه‌بێت كار له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر بكات نه‌ك ئه‌ندام؟
فاروق ره‌فیق: هیچ شتێك ئاسان نیه، وه‌ها كارێكیش سه‌خته، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كی ده‌وێت كار بۆ ئه‌و بابه‌ته بكات و بیگۆڕێت، پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌و ئیراده‌یه بكه‌ین، له‌سه‌ر ئاستی مه‌عریفی دێینه سه‌رئه‌وه‌ی داخۆ ئه‌م شتانه بۆخۆیان كێشه نین. واته له ئێستادا كه ئێمه كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م مۆدێله‌ی حیزب كاری له‌سه‌ر ده‌كات و ده‌مانه‌وێت بیگۆڕین به حیزبی ده‌نگده‌ر، كێشه‌یه، ئه‌وه‌ی گرنگه له‌سه‌ر ئاستی عه‌قڵه‌كان پێویسته به‌رگری له گۆڕینی ئه‌و مودێله‌ی ئێستا بكه‌ین به حیزبی ده‌نگده‌ر..
KNN: به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویستیت به دونیایه‌ك له تێكشكاندنی كلتوری چه‌ق به‌ستو نیه؟
فاروق ره‌فیق: كۆی كێشه‌كه یه‌ك پاكیجهو به ناو یه‌كدا رۆشتوه، گرفته‌كانی ئه‌و مۆدێله قه‌یراناویه په‌خش نه‌بوه‌ته تا بڵێی له‌سه‌ره‌تادا ده‌ستكاری ئه‌مه‌یان ده‌كه‌م. به‌ڵام بۆ جه‌ماوه‌ر و بۆ خۆشمان ده‌بێت پارچه پارچه‌ی بكه‌ین؛ كێشه‌كان په‌یوه‌ندن به بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی، دواجاریش كۆی گشتی مۆدێله‌كه په‌یوه‌نده به بونیادی زه‌ینه‌وه، كه‌واته پێویسته له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاری و له‌سه‌ر ئاستی عه‌قڵ قسه له‌سه‌ر كێشه‌كه بكه‌ین، دواجار كه دهڕۆیینهوه سه‌رباسی سیاسه‌ت، سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ین چ مۆدێلێك له‌سیاسه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه كاری پێكراوه! ئایا سیاسه‌ت وه‌ك كایه جیهانیه‌كه كه هونه‌ره لێره كاری پێكراوه؟ ئایا سیاسه‌ت به مانای زانست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه، ئایا سیاسه‌تكردن لێره له ده‌ره‌نجامی توێژینه‌وه سیاسیه‌كانی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات و دیده عه‌قڵانیه‌كان ئیشی له‌سه‌ر كراوه؟ یاخود جۆرێك بوه له فرت و فێڵ و درۆكردن و پاوانخوازی و هه‌ڵپه‌ی ده‌ستخستی زۆرترین پشك..؟ بۆیه، به‌وپێیه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌م شتانه دواتر مانایه‌كی هه‌بێت، ناچارده‌بیت له شوێنه‌كانی دیكه‌وه ئیش بكه‌یت.
هه‌ر له‌م روانگه‌وه له ماوه‌ی رابوردودا به‌رنامه‌یه‌كم له تهلهفزیۆنێكهوه هه‌بو به ناوی "هونه‌ری سیاسه‌ت" كه به‌هۆی هه‌لومه‌رجێكه‌وه ئه‌و به‌رنامه‌یه نه‌ما، مه‌به‌ستم له‌و به‌رنامه‌یه ئه‌وه‌بو دواجار له‌سه‌ر ئاستی فیكری ئهوهبگهیهنم كه سیاسه‌ت هونه‌ره. ئه‌م تێگه‌یشتنه هه‌واڵێكی نوێیه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه كه سیاسه‌ت تێیدا به مانای زۆر زانی و زۆرترین درۆكردن دێت..
KNN: ئه‌م مۆدێله له حیزب به ده‌ست سیاسیه‌كانی كورده‌وه گه‌شتوه‌ته ئه‌و چه‌مكه‌ی به (مه‌رگی سیاسه‌ت) ناو ببرێت؟
فاروق ره‌فیق: له چه‌ند بۆنه‌دا به تایبه‌ت له كتێبی "یه‌ك كاتژمێری ماوه بۆ نیوه‌شه‌و" باسی ئه‌وه‌م كردوه كه یه‌كێك له قه‌یرانه گه‌ورانه‌ی ئێمه بریتیه له "مه‌رگی سیاسه‌ت". ره‌نگه لێره‌دا ئهرگۆمێنیتێكی دژم بۆ بێته‌وه‌و بڵێت:" تۆ له‌بنه‌ماوه ئه‌وه‌ت وتوه كه سیاسه‌تكردن لێره بونی نیه، ئیتر چۆن شتێك هه‌بێت به مانای مه‌رگی سیاسه‌ت؟". من به‌و مه‌فهومه ده‌ڵێم مه‌رگی سیاسه‌ت هه‌ندێك موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت هه‌بوه كه ئه‌گه‌ر له كه‌ش و هه‌وایه‌كی دیكه‌ی ئازاد‌دا گه‌شه‌ی بكردایه‌و شان به شانی ئه‌وه‌ش گرنگیدانی رۆشبیران له‌سه‌ر ئاستی فیكری به سیاسه‌ت وه‌ربگیرایه، ره‌نگه وه‌ك ئه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت مه‌به‌ستیه‌تی و زانستی سیاسی باسی لێكردوه، بتوانرایه رێكبخرایه و كاری تێدابكرایه. به‌ڵام به‌م فۆرمه‌وه كه ئێستا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌ڕاستی"مه‌رگی سیاسه‌ت" راگه‌یه‌نراوه. به‌ڵام لێره‌دا ئه‌مه به‌و مانا نیه كه ده‌بێت لێگه‌ڕێین بۆ سیاسیه‌كان چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن، به‌ڵكو پێویسته ئێمه‌ش هه‌میشه جه‌ختبكه‌ینه‌وه سه‌ر گرنگی سیاسه‌ت. ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه حورمه‌ت بۆ مرۆڤه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه.
نامۆنیه 35 ساڵ ئه‌زمونمان له‌گه‌ڵ حیزبێكی فاشی وه‌ك به‌عسدا هه‌بێت كه‌چی له دواجاردا هه‌ندێك له مامه‌ڵه‌ی ئه‌و دوباره بكه‌ینه‌وه؟! نمونه‌ی ئه‌مه هه‌وڵدانی حیزبێكه بۆئه‌وه‌ی زۆرترین جه‌ماوه‌ری هه‌بێت، له‌هه‌مو كون و قوژبنێكدا باره‌گاو بنكه‌ی هه‌بێت؟ كاره‌سات نیه له هه‌مو سهندیكایهكدا حیزب بڕواته ناوه‌وه؟ دواترین دیارده‌ش هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی نوسه‌ران بو، ئاخر بۆ ده‌بێت له‌و سهندیكایهشدا حیزب ده‌ستوه‌ردان بكات، حیزب چ په‌یوه‌ندیه‌كی به یه‌كێتی نوسه‌رانه‌وه هه‌یه؟ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه له‌گه‌ڵ رێزمدا نوسه‌ره هه‌ره چالاكه‌كان ئه‌ندامی ئه‌و یه‌كێتیه نین، بۆخۆشم یه‌كێكم له‌و كه‌سانه.. ته‌نانه‌ت نازانم هه‌ر له بنه‌مادا یه‌كێتی نوسه‌ران چ گرنگیه‌كی هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌س لێم زویر نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه ناكه‌م، به‌ڵام ته‌نها ده‌پرسم بۆچی حیزب ده‌بێ بچێته ناو ئه‌و كایانهوه؟
بێگومان سه‌رجه‌م ئه‌و كارانه ته‌نها كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی تۆتالیتاریانه‌یه.
KNN: ئه‌خلاق و سیاسه‌ت هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌فلاتۆنه‌وه گرێدراون پێكه‌وه، كاتێك له‌م روانگه‌وه له سیاسه‌تكردنی ئێره راده‌مێنیت، هه‌ست به چ كاره‌ساتێكی گه‌وره ده‌كه‌یت؟
فاروق ره‌فیق: بۆئه‌وه‌ی سته‌م له خۆمان نه‌كه‌ین و ئه‌و هه‌سته دروست نه‌بێت كه له‌خۆمان ده‌ده‌ین، ته‌نها ئێمه له‌و گرفتانه‌دا نین، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ناوچه‌كه‌یه كه له قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی شارستانیدا ده‌ژیه‌ت، هه‌ر سه‌ردانێك بكه‌یت بۆ وڵاتێكی نزیكی خۆمان، ئه‌وه‌ت تێدا بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه نزیكیهك هه‌یه له كێشه‌كانماندا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م مۆدێله‌ی لای ئێمه له حیزب، بۆماوهیهو له‌ده‌وروبه‌رو حیزبه شیوعیه‌كانه‌وه بۆمان ماوه‌ته‌وه..
KNN: به‌ڵام له ئاستی ناوچه‌كه‌دا گۆڕانی گه‌وره به‌دیده‌كرێت و ئه‌كرێت توركیا یه‌كێك بێت له‌و نمونانه؟
فاروق ره‌فیق: پێمخۆشه له‌سه‌ر توركیا قسه بكه‌ین به‌و پێیه‌ی تازه له توركیا گه‌ڕاومه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌وه‌دا هاوڕانیم كه گۆڕانی گه‌وره رویدابێت، گۆڕان هه‌یه، ئومێدی شتی دیكه‌شی لێده‌كرێت، به‌ڵام با له‌بری ئه‌وه‌ی جه‌ختبكه‌ینه‌وه سه‌ر گۆڕانه‌كه‌ی ئه‌وێ، قسه له‌سه‌ر مۆدێله حیزبیه‌كه‌ی بكه‌ین. گه‌ر له‌سه‌ر پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان قسه‌بكه‌ین ئه‌و سه‌رنجه‌م بۆ دروستبو داخۆ ئه‌وان هاتون ده‌ستكاری ژیانی خه‌ڵكی بكه‌ن، بێگومان نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌مه به‌ومانایه نیه كه له بنه‌ڕه‌تدا پارته‌كه دروستبوه باوه‌ڕی به‌وه نیه ده‌ستكاری ژیان خه‌ڵك بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه به‌هێزی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی توركیایه ناچاریكردوه كه رێز له ژیانی خه‌ڵكی دیكه بگرێت. ئه‌گه‌ر چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌ك نه‌بوایه به‌رگریان له سیكۆلاریزم بكردایه، ئیسلامیه‌كانی ئه‌وێش هه‌مان ئه‌و رژێم ستهمكاریانهیان بونیاد ده‌نا كه ئه‌زمونی سته‌مكاری ئیسلامی سیاسی له شوێنه‌كانی تردا بونیادی ناوه. من له‌و سه‌فه‌ره‌مدا بۆ توركیا میوانی تینك تانكێكی لیبرالی توركیابوم كه شانازیان به‌وه‌وه ده‌كرد پارتی گه‌شه‌پێدان هه‌ندێك له ئایدیاكانی ئه‌وانیان هه‌ڵگرتوه. هه‌ر له‌م روانگه‌وه ده‌توانین بڵێین په‌چه تاڵیبانی له ئه‌فغانستان دروستكردوه، به‌هه‌مان شێوه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی توركیا پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانی دروستكردوه.
لێره‌وه سه‌رجه‌م ئه‌و قسانه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین به فیڕۆ ده‌ڕوات ئه‌گه‌ر نه‌توانین دامه‌زراوه دروست بكه‌ین و كار له‌سه‌ر ئایدیاكان بكه‌ین، هه‌روه‌ها پێویسته كۆمه‌كی حیزبی كوردی بكه‌ین تا له‌و قه‌یرانه‌ی تێیكه‌وتوه رزگاری ببێت، سه‌رجه‌م ئه‌م قسانه به‌و مانا نیه حیزبی كوردی بكوتین، به‌ڵكو مه‌به‌ستمانه ده‌ستی بگرین.
له ئه‌وروپا حیزب له‌سه‌ر پیتاكی هاونیشتمانیان دروستده‌بێت، به‌ڵام لێره خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی له حیزب هه‌یه ژیانی مسۆگه‌ر بكات هه‌ر له دامه‌زراندنیه‌وه تا خانه‌نشینكردنی، ئه‌مه‌ش كاره‌ساته.. ئه‌گه‌ر عه‌قڵ هه‌بێت له ناو حیزبه‌كاندا، پێویسته له ئێستادا به چه‌ندین كۆنفرانس و پێشكه‌شكردنی توێژینه‌وه، حیزبه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن فۆرمی خۆیان بگۆڕن به فۆرمی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی جه‌ماوه‌ری و هاڤانگاردی تا له‌و قه‌یرانه‌ی تێی كه‌وتون رزگاریان ببێت.
KNN: باسمان له‌وه‌كرد مۆدێلی حیزب له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له قه‌یراندایه، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر مه‌فهومی ئه‌م قه‌یرانه زیاتر هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین و بزانین په‌یوه‌ندی حیزب به حكومه‌ته‌وه ده‌بێت به‌چی؟
فاروق ره‌فیق: جێی خۆیه‌تی سه‌ره‌تا له‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه بوه‌ستین، چونكه كێشه‌كه ده‌ڕواته ناو لێكۆڵینه‌وه له فیكری مرۆڤ، قسه‌شمان له‌سه‌ر (پارادایم) كرد كه ئه‌ویش سه‌رچاوه‌كه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی زانسته‌وه دێت. له‌و میانه‌شدا كتێبه گه‌وره‌كه‌ی تۆماس كوهن له شه‌سته‌كاندا به‌ناوی (ستراكچه‌ری شۆڕشه زانستیه‌كان) به سه‌رچاوه وه‌رده‌گرین.
گۆڕین پارادایم ئه‌گه‌ر به‌لانی كه‌مه‌وه به مانای (مۆدێل) وه‌ریبگرین به‌ده‌ر له بیست و ئه‌وه‌نده مانای دیكه‌ی پارادایم، ریشه‌ی گرنگی له ناو هه‌لومه‌رجی قه‌یراندایه، واته پێویسته به حاڵه‌تێكی پۆزه‌تیڤانه له‌و هه‌لومه‌رجه قه‌یراناویه بڕوانین كه شته‌كان ئه‌نجام ناده‌ن به ده‌سته‌وه‌و جۆرێك له بنبه‌ست دروستبوه تێیدا، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی له هه‌مو حاڵه‌تێكدا ئه‌و مۆدێله شكست دێنێت و له سهرهنجامیشدا واقیعێكی نوێ دێته كایه‌وه. له‌و باره‌یه‌شه‌وه كوهن باس له‌وه ده‌كات له ده‌ره‌نجامی شۆڕشی زانستییه‌وه زانستێكی نائاسایی دروست ده‌بێت، كاتێكیش ئه‌م چه‌مكه دێنین بۆ ناو سیاسه‌ت و ده‌ڵێین ئه‌م مۆدێله به قه‌یران گه‌شتوه، له‌وكاته‌دا به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ دوابه‌دوای قه‌یرانه‌كه مۆدێلێكی دیكه دروست نابێت، به‌ڵكو له ئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌و به قه‌ناعه‌ت گه‌یشتنی كارنه‌كردنی مۆدێله‌كه لای ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری تێدا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ تهغزیهكردنی له سه‌ر ئاستی فیكری له‌لایه‌ن هاونیشتمانیانه‌وه، دێته كایه‌وه.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كه هه‌روا بۆ خۆشی له‌سه‌ر ئه‌م بواره قسه ناكه‌ین، ده‌بوا له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌سه‌ر ئه‌فلاتۆن قسه‌م بكردایه نه‌ك له‌سه‌ر حیزب و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ش بۆ من به چێژتربو، به‌ڵام ئیتر ئه‌م مۆدێله كه له حیزب دروستبوه، بۆخۆی كێشه‌یه‌و په‌یوه‌ندی هه‌یه به خه‌ون و دونیایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و عه‌قڵانیتر و ناتوانێت سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه بۆ ئێمه بونیاد بنێت، له ئێستادا حیزب بۆخۆی یه‌كێكه له كێشه‌كان و رۆشتوه‌ته‌وه ناو كۆی كۆمه‌ڵگا و زانكۆ و فه‌زای گشتی (public space)ی پاوانكردوه.
له‌و كۆنفرانسه‌ی چه‌ند هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن خانه‌ی حیكمه‌ته‌وه به‌سترا باسێكم به‌ناونیشانی (كه‌ڵكه‌ڵه تۆتالیتاریه‌كان) پێشكه‌ش كرد، لێره‌شدا پێمباشه په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و كهڵكهڵانه به‌م مۆدێله‌وه ئاماژه پێ بكه‌م؛ یه‌كه‌میان داگیركردنی فه‌زای گشتیه، دوه‌میشیان سه‌ر رێگاخستنی دو جۆر پرۆسه‌یه، جۆرێكیان پرۆسه‌ی له هاونیشتمانی خستنه، به‌و مانا خه‌ڵكانێك هه‌ن هاونیشتمانین، به‌ڵام ئه‌م مۆدێله له حیزب كه به‌ناوی جه‌ماوه‌ری و ئاڤانگاردیهوه دێت و سه‌رجه‌م كایه‌كان داگیر ده‌كات و لهههموشیاندا قسه‌ی هه‌یه، ئیتر له‌وكاته‌دا به مانا سیاسیه‌كه شتێك نامێنێت به‌ناوی هاونیشتمانیهوه، چونكه هاونیشتمانی ئه‌و كه‌سه‌یه چالاكه‌و خۆی بیر ده‌كاته‌وه‌و راوبۆچونی هه‌یه له‌سه‌ر سیاسه‌ت نه‌ك حیزبێكی جه‌ماوه‌ری بێت و له‌سه‌ره‌وه بۆچونه‌كانی بۆ بێنێت. له‌ئێستاشدا یه‌كێك له شكسته‌كانی دۆزی كوردی له كوردستانی عێراق له په‌یوه‌ندیی به ناوه‌نده‌وه، هه‌ر له‌و شوێنه‌دایه كه هاونیشتمانی چاوی له ده‌می سیاسیه‌كانه تا پێی بڵێن چیمانكردوهو چی ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌م مۆدێله‌ی حیزب، به پرۆسه‌ی (له هاونیشتمانی خستن و به جه‌ماوه‌ری كردن)ه‌وه، ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا نهرمكردوه..
KNN: به جه‌ماوه‌ری كردن به مانا مێگهلیهكهی مه‌به‌سته؟
فاروق ره‌فیق: كتومت بهمهبهستم ئه‌و پرۆسه‌یه‌یه كه به ئینگلیزی پێی ده‌وترێت Massification، واته بهجهماوهریكردنی هاونیشتمانی، ئه‌مه‌ش بۆخۆی بابه‌تێكه كه له‌م به‌رنامه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان نابێت باس له گرفته‌كانی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه له‌م پرۆسه‌دا ئازادی و تاك ده‌مرێت و هاونیشتمانی و تاكایه‌تی له دایك نابێت. لێره‌شه‌وه هه‌ردو پرۆسه‌كه ده‌بن به كه‌ڵكه‌ڵه. هه‌ردو پرۆسه‌كه‌ش له په‌یوه‌ندیان به ته‌وه‌ری دوه‌می پرسیاره‌كه‌ته‌وه، ده‌بن به داگیركردنی حكومه‌ت كه ئێستا زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، دواتریش هۆكارێكن بۆ له باربردنی سیاسه‌ت كه پێشتر قسه‌مان له‌باره‌یه‌وه كرد‌و ناومان نا مه‌رگی سیاسه‌ت و لاوازكردنی كۆمه‌ڵگا.
لێره‌دا گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگا بكه‌ین، به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگاش ته‌نێك نیه به ماده‌یه‌كی كیمیایی به‌هێزی بكه‌ین، به‌ڵكو له رێگه‌ی دامه‌زراوه و ئاماده‌یی هاونیشتمانیان و تاكی مه‌ده‌نی و دامه‌زراوه‌ی كلتوری و مه‌عریفی كۆمه‌ڵگا به‌هێز ده‌بێت، به‌بونی داینامیكیه‌تی بیركردنه‌وه‌و بونی ئازادی به مانای وشه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگا به توانا ده‌بێت، له كاتی هاتنه‌ئارای كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاوا‌شدا، مومكین نیه حیزبێكی جه‌ماوه‌ری وه‌ك ئێستا بتوانێت موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات بكات و نوخبه‌یه‌كی سیاسی به ناوی هه‌موانه‌وه بڕیار ده‌ربكات و بیر بكاته‌وه‌و له به‌رامبه‌ریشدا وه‌ك هه‌ندێك كه‌س له ئێستادا چه‌پڵه‌یان بۆ لێبده‌ین، یاخود بۆخۆمان خه‌ریكی ره‌خنه‌گرتن بین و ده‌نگیشمان نه‌گات به هیچ شوێنێك.
له كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌هێزدا داینامیكیهتێك هه‌یه كه رێگه له‌و شتانه ده‌گرێت، له‌وێدایه نه‌ك سیاسه‌ت مانای هه‌یه، به‌ڵكو خودی ژیان ماناداره، به پێچه‌وانه‌شه‌وه له كۆمه‌ڵگایه‌كی لاوازی بێ دامه‌زراوه، هیچ داینامیكیهتێك نا‌بینیت.
KNN: كه‌واته تا دامه‌زراوه بونی نه‌بێت، ئه‌م ئیشكالیه‌ته‌ی مۆدێلی سیاسی حیزب به‌رده‌وام ده‌بێت؟
فاروق ره‌فیق: من بۆ خۆم گومانم له‌وه‌دانیه، گومانم له‌وه‌دا نیه تا گفتوگۆ و فه‌زای گشتی نه‌بێت ئه‌م گرفتانه به‌رده‌وام ده‌بن، چونكه له سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه قسه له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه ده‌كرێت و منیش بۆخۆم هه‌میشه ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه، كۆتا كه‌سێكیش قسه‌ی لهسهركردوه، هابرماز بوه كه له شه‌سته‌كاندا كتێبێكی به‌و ناوه‌شه‌وه داناوه. لێره‌شه‌وه له‌گه‌ڵ بونی فه‌زای گشتی و به‌رفراوانبونی، جۆره داینامیكیهتێك دێنێته ئاراوه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا ئازادیه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كان فه‌راهه‌م ده‌بن و تاكێكی ئازادی وه‌ها دروست ده‌بێت كه بێ هیچ كۆت و به‌ندێك بیرده‌كاته‌وه. بۆ نمونه‌ش لێره‌دا باسی ده‌كه‌م، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی حیزبی ئیسلامی وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی تۆتالیتاریه كه ریشه‌یه‌كی كلتوری هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت بێت و فه‌زای گشتی داگیر بكات و یه‌ك شێوه ژیان له‌سه‌ر بنه‌مای دونیابینیه‌كی تایبه‌ت به‌سه‌ر هه‌مو كۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنێت. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین كه هاتنه‌ئارای ئازادی و له ناویشیدا ئازادی ئایین، ته‌نها له فه‌زایه‌كی گشتی ئازاد‌دا ده‌بێت كه سه‌رجه‌م تاكه‌كان ده‌توانن موماره‌سه‌ی ئازادیه‌كانی خۆیانی تێدا بكه‌ن. به پوختیش باسی لێوه بكه‌م، ئه‌و مۆدێله له حیزب باسمان لێوه‌كرد، وه‌ها فه‌زایه‌ك بۆخۆی داگیر ده‌كات.
KNN: له چوارچێوه‌ی ئه‌و فه‌زا گشتیه‌دا ده‌مانه‌وێت بێینه سه‌ر باسی حكومه‌ت و باسی ئه‌و گرفتانه بكه‌ین له حیزبه‌وه ده‌گوێزرێنه‌وه بۆ ناو حكومه‌ت، به‌ڵام پێش ئه‌وه ده‌مه‌وێت بپرسم ئه‌ركی خودی حكومه‌ت چیه؟
فاروق ره‌فیق: ئه‌وه‌ی راستیبێت كاتێك سه‌رنج ده‌ده‌م، له هۆشیاری سیاسی ئێمه‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌م و كوڕی هه‌یه‌و یه‌كێك له كه‌م و كوڕیهكانیش تێنه‌گه‌شتنه له حكومه‌ت.
KNN: هه‌روه‌ك گرفتی تێگه‌یشتن له ئازادی؟
فاروق ره‌فیق: به‌ڵێ، تێنه‌گه‌یشتن له ئازادیش هه‌یه، راستیه‌كه‌ی ئێمه له كاره‌ساتێكی گه‌وره‌دا ده‌ژین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌ستده‌كه‌ین كێشه‌كه شتێك له چێژیشی تێدایه، له‌به‌رئه‌وه‌ی دهستبدهیته هه‌ر كێشه‌یه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه كێشه‌یه‌كی ترت بۆ قیت ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌مه‌دا ههڵهمكردبێت، هیوادارم بمبه‌خشن، چونكه من باوه‌ڕم به‌وه نیه له‌سه‌ر ئاستی فیكری، كورد به‌رهه‌می ئه‌وه‌ی هه‌بێت بتوانێت له‌سه‌ر حكومه‌ت قسه بكات، بیریشی له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه حكومه‌ت چیه، هۆكاری ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه له رۆژگاری رابوردودا حوكمكراوین و له ئێستاشدا به‌هه‌مان شێوه سێ به‌شی وڵاته‌كه‌شمان له‌لایه‌ن میلله‌تانی دیكه‌وه حوكمدهكرێت. ئه‌وه‌ش ده‌توانین كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌م ئه‌زمونه‌ی ئێستایه كه خۆمان حوكمی ده‌كه‌ین ئه‌ویش به شێوه‌یه‌كی ره‌ها نیه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه بیرمان له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه حكومه‌ت چیه، به‌هۆی ئه‌و مۆدێله‌ی سته‌مكاری حكومه‌تیش هه‌یبوه له ناوچه‌كه‌دا، چه‌نده‌ها بیرۆكه‌ی شێواو تێكه‌ڵ به دیدو روانینی ئێمه دروستبوه له به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا.
له ئێستادا كهڵكهڵهیهك له (ستهیتیزم) ده‌وڵه‌ت په‌رستیدا هه‌یه، ئه‌مه به مانای هه‌ڵواسینی هه‌مو شتێكه به حكومه‌ته‌وه ، ده‌وترێت حكومه‌ت باوكی میلله‌ته و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌رده‌وام دوباره ده‌بێته‌وه..
KNN: ئه‌م كۆنسێپته هه‌ڵه‌یه؟
فاروق ره‌فیق: تا سه‌ر ئێسقان كاره‌ساته، چونكه وه‌ها تێگه‌یشتنێك به مانای مه‌رگی ئازادی من و تۆ دێت و هیچ مه‌ودایه‌ك بۆ هاونیشتمانی ناهێڵێته‌وه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ش كه حكومه‌ت باوكی میلله‌ت نیه، به‌ڵكو ئه‌ركی حكومه‌ت بریتیه له رێكخستن و به‌ڕێكردنی كاروباری هاونیشتمانیان. به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ژیان بریتیه له كێشمه‌كێشم، بریتیه له ململانێی و به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان، بێگومان ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی زۆرباشه، به‌ڵام ئیداره‌و دامهزراوهیهكت پێویسته كه حكومه‌ته بۆ رێكخستنی ئه‌و حاڵه‌تانه.. ره‌هه‌ند زۆره قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌ت و چیه‌تی حكومه‌ت به‌و هیوایه‌ی بێینه‌وه سه‌ری..
دێینه‌وه سه‌ر رۆڵی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا پێویسته له‌سه‌ری بوه‌ستین، ئه‌و ئیشكالیهتهیه كه حیزب له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تدا دروستیده‌كات و وه‌ك فه‌زایه‌كی گشتی مۆنۆپۆڵی ده‌كات.
ئه‌و مودێله حیزبیه هاڤانگاردی و جه‌ماوه‌ریه‌ی كه پێشتر باسمانكرد، وا له حكومه‌ت ناڕوانێت ئالیه‌تێك بێت بۆ خزمه‌تكردنی هاونیشتمانیان، یان ئیداره‌كردنی وڵات، به‌ڵكو چۆن له ناوخۆی حیزبه‌كه‌دا نوخبه‌یه‌ك هه‌یه كه گوایه ئه‌و كه‌سانه حه‌كیمن و خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ش هیچ نازانن، له ناو حكومه‌تیشدا حیزب به هه‌مان شێوه مامه‌ڵه ده‌كات. لێره‌شه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ببێت به میكانیزمێك بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ده‌چێته خزمه‌تی حیزبه‌وه‌و وه‌ك موڵكی تایبه‌تی خۆشی له حكومه‌ت ده‌ڕوانێت، دواجاریش وا له كۆمهڵگاو شته‌كان و ته‌نانه‌ت مرۆڤه‌كانیش ده‌ڕوانێت كه ئه‌و خاوه‌نیانه. گه‌ر بێین بۆ سه‌ده‌ی نۆزده، كه له‌وێدا لیبرالیزم، كۆنسێرڤهتیزم، سۆشیالیزم سه‌ریانهه‌ڵداوه، هه‌ریه‌كێكیان تێڕوانینێكیان هه‌بوه بۆ حكومه‌ت، له راستیدا تێروانینی سۆشیالیزم زۆر نزیكه له‌م مۆدێله‌وه، ئه‌م مۆدێله‌ی ئێستا له حیزبی ئێمه‌دا هه‌یه، زۆر كاریگه‌ره به سۆشیالیزم و كۆمۆنیزم. تێڕوانینێكی لیبرالیش هه‌یه كه ئێمه پێی ئاشنا نین و ئه‌ركی رۆشنبیرانی ئێمه‌شه كار له‌سه‌ر ئه‌و مۆدێله بكه‌ن به‌و مه‌به‌سته‌ی خه‌ڵك پێی ئاشنا ببن. ده‌بێت ئه‌وه بڵێین كۆنسێرڤهتیڤهكان لیبرالیزمهكانی سه‌ده‌ی نۆزدهن.
ئێمه پێویستمان به ئاشناكردنی خه‌ڵكه به‌رامبه‌ر به حكومه‌تێكی سنوردار limited government، ئه‌و جۆره له حكومه‌ت ئه‌وه‌یه ئه‌ركه‌كانی خۆی ده‌زانێت و ده‌گاته شوێنێك ئیدی ئه‌و رۆڵی نیه، فه‌زایه‌ك هه‌یه ئه‌و ناتوانێت ده‌ستی لێوهربدات. له‌م روانگه‌وه، حكومه‌تێكی سنورداری سیكۆلار ئه‌وه‌یه ده‌زانێت كایه‌یه‌ك هه‌یه كایه‌ی ئایین و ئیماندارهكانهو ئه‌و هیچ كارێكی به‌سه‌ریه‌وه نیه. له‌وێدا هاوڵاتی حكومه‌ت وه‌ك دێ‌و نابینێت.
به‌ڕای من جوانترین كتێب كه له‌سه‌ر حكومه‌ت له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا نوسرابێت، كتێبێكی (جۆن ستیوارد میڵ)ه به‌ناوی (حكومه‌تی نوێنه‌رایه‌تی)، له‌و كتێبه‌دا جۆن ستیوارد وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی له حكومه‌ت ده‌ڕوانێت، ئه‌وه‌ی وتوه كه حكومه‌ت جۆره به‌هایه‌كمان ده‌داتێ. لێره‌دا زۆرجار وا بیرده‌كه‌مه‌وه ئه‌و حكومه‌تانه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدان ده‌بێت چ مۆدێلێكمان بده‌نێ تا وه‌ك هاوڵاتی ئێمه دوباره‌ی بكه‌نه‌وه؟! ئه‌وه‌ی جۆن ستیوارد مه‌به‌ستیه‌تی له‌و كایه‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌و كارانه‌ی حكومه‌ت ده‌یكات ئێمه چاوی لێبكه‌ین، بۆ نمونه له رێگه‌ی موماره‌سه‌ی دادپهروهریهكهیهوه وا له من و تۆش بكات دادپه‌روه‌ربین. به‌ڵام ئه‌م مۆدێله له حیزب كه وا له حكومه‌ت ده‌كات بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی به‌كاریبهێنێت و یه‌كێك له‌و ئامانجه‌ش ئابوریه، ئه‌وكات ده‌بێت چی روبدات، لێره‌دا من پێمخۆشه دێڕێك له‌و كتێبه‌ی "هایك" بخوێنمه‌وه كه به‌ناوی (ڕێگا به‌ره‌و كۆیلایه‌تی) له‌سه‌ر تۆتالیتاریزم نوسیویه‌تی و یه‌كێكه له كتێبه‌كانی بیری لیبراڵ له سه‌ده‌ی بیستههمدا، هایك له‌وێدا ئه‌وه‌ی وتوه:" كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌ی سامان، كۆنترۆڵی ژیانیشه"..
KNN: ده‌ته‌وێت بڵێت حیزبی كوردی له ئێستادا ده‌ستی له ناو گه‌ده‌ی خه‌ڵكدایه؟
فاروق ره‌فیق: ئه‌مه‌وێت بڵێم هه‌ر كهڵكهڵهیهك، كاروباری سیاسی رێكبخات و هه‌م ئابوریشی له ژێر ده‌ستدا بێت له‌م مۆدێله حیزبیه، كهڵكهڵهكهیه بۆ كۆنترۆڵكردنی مرۆڤه‌كان، بۆیه پێویسته سپێرهكان، فه‌زاكان جیاوازبن. باس له بازاڕی ئازاد ده‌كرێت به‌ڵام حیزب ته‌نده‌ره‌كان وه‌رده‌گرێت، له‌و میانه‌شدا كۆمپانیای دایك هه‌یه كه سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی تر رۆڵه‌ی ئه‌ون.
KNN: پێش ده‌ستپێكردنی چاوپێكه‌وتنه‌كه باست له‌وه‌كرد، ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی بێ سنور هه‌بێت هه‌مو شتێك بدات به هاوڵاتی، له به‌رامبه‌ردا هه‌مو شتێكیشی لێده‌سه‌نێته‌وه، مه‌به‌ستت چیه له‌و قسه‌یه‌دا؟
فاروق ره‌فیق: گومانت له‌وه‌دا نه‌بێت. ئه‌مه بابه‌تێكی فیكریهو له‌سه‌رده‌می "ئه‌رستۆ"وه تاكو "هانا ئارێنت" و كه‌سانی دیكه‌ش پێویسته حكومه‌ته نه‌چێته ناو ژیانی تایبه‌تی مرۆڤه‌كانه‌وه، نه‌ك حكومه‌ت و حیزب، هیچ كه‌س نه‌توانێت بێته ناو ژیانمان و ده‌بێت خۆشمان رێگه به‌وه نه‌ده‌ین، ناكرێت سه‌رجه‌م كاره‌كانمان به حكومه‌ت بڵێین تا بۆمان جێبه‌جێ بكات، دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نیه حكومه‌ت له ئیشه‌كانی به‌تاڵ بكه‌یت، چونكه زۆرێك له‌و شتانه ئه‌ركی حكومه‌ت بۆ خۆی بیكات، به‌ڵام قسه‌كه له‌وه‌دایه نابێت رۆڵی حكومه‌ت په‌ره پێ بده‌یت و وای لێبكه‌یت بێته ناوه‌وه‌و فه‌زای گشتی داگیر بكات و ژیانی تاكه‌كه‌سیش پاوان بكات، ئه‌وكات وه‌ك تێگه‌یشتنێكی باوه، ئه‌گه‌ر لێیبگهڕێییت ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت گه‌نده‌ڵ ده‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا زۆر گه‌نده‌ڵیه جۆرێك له حكومه‌ت دروست بكه‌یت سه‌رجه‌م ئیشه‌كانت بۆ بكات؟ له‌وكاته‌دا ئیتر تۆ و هاونیشتمانیان له كوێن؟ ئازادی و تاكایه‌تی و ده‌ستپێشخه‌ری و فیكرت بۆ كوێ ده‌چن؟ ئالێره‌دایه ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی بێ سنور هه‌بێت داوای هه‌مو شتێكی لێ بكه‌یت بۆت جێبه‌جێ بكات، ئه‌وكات هه‌مو شتێكیشت به كه‌رامه‌ت و ئازادیه‌وه لێده‌سه‌نێته‌وه.
KNN: ده‌توانین بڵێین تا سنوری كاركردنی حكومه‌ت گه‌وره‌تر بێت، ئازادی سنوردارتر ده‌بێت؟
فاروق ره‌فیق: به‌ڵێ سنودار ده‌بێت، نمونه‌ی ئه‌مه‌شمان رژێمه تۆتالیتاریه‌كانه، ئه‌و رژێمانه‌ی بۆ كڕینی ساده‌ترین شت ده‌بێت پرس به حیزب بكه‌یت و له حكومه‌ته‌وه بۆت بێت. ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئه‌وه بڵێم، به‌و مه‌رجه‌ی عه‌قڵێك و بیركردنه‌وه‌یه‌ك ئاماده‌یی هه‌بێت، له حكومه‌تی سنورداردا مه‌ودای ئازادی فراوانتر ده‌بێت، تا ئه‌وكاته‌ش مه‌ودای ههموكارێك بدرێت به حكومه‌ت، به پێچه‌وانه‌وه مه‌ودای ئازادیه‌كان به‌رته‌سك ده‌بنه‌وه. نا‌توانیت لیستێكی داواكاری دروستبكه‌یت و بیده‌یت به حكومه‌ت، دواتریش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌یت كه تاكێكی ئازادیت... له ئه‌وروپاو ئه‌مریكا كاتێك كه‌سێك ده‌ڕواته سه‌ر سۆشیال، وه‌ك ئه‌وه وایه كۆستی كه‌وتبێت و هیواخوازه له زوترین كاتدا ئه‌و قۆناغه تێبپه‌ڕێنێت، چونكه له‌وكاته‌دا سه‌ربه‌خۆیی خۆی له ده‌ستده‌دات و ئیتر ئه‌وه حكومه‌ته ده‌یژیه‌نێت، حكومه‌تیش به‌و شێوه‌یه ده‌یژیه‌نێت كه خۆی ده‌یزانێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه چه‌نده‌ها میكانیزم دانراون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه له زوترین كاتدا قۆناغه‌كه تێبپه‌ڕێنێت، به‌ڵام چه‌نده‌ها كه‌س هه‌یه له‌و قۆناغه‌دا خۆی ده‌كوژێت. ئێمه‌ش مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه ئه‌و مێنتاڵهتیه بگوێزینه‌وه ئێره نه‌ك گله‌یی له حكومه‌ت بكه‌ین كه هیچی بۆ نه‌كردوین.
ئه‌و مۆدێله حیزبیه‌ی كه باسمان لێوه‌كرد كه حیزبی جه‌ماوه‌ریه، كاتێك كه ده‌سه‌ڵاتی ده‌ده‌یته ده‌ستی، هه‌ر ئه‌م ئه‌زمونه‌ی ئێستای لێ دروست ده‌كات، مه‌گه‌ر نه‌مان وت كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌و حیزبه بریتیه له هاونیشتمانی خستن؟ له‌وكاته‌شدا ده‌سه‌ڵاتێكی له‌و شێوه كه سه‌رجه‌م هاونیشتمانیان ده‌كات به موچه‌خۆر، ئه‌گه‌ر هێزی ده‌ره‌كی نه‌بێت هه‌تاهه‌تایه ده‌ژی، ئاخر له ناو وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێكدا گه‌ر هاونیشتمانی بیرنهكاتهوهو داینامیكیهتێك نه‌بێت و كه‌س ره‌خنه نه‌گرێت و حكومه‌ت بیژیهنێت و خۆی بیرنه‌كاته‌وه، یاخود له‌سه‌ر ئازادیه‌كانی و سه‌ربه‌خۆبون خۆی نه‌دات به كوشت؛ بێگومان ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته به به‌رده‌وامی ده‌ژی.
كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئابوری و داگیركردنی بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك، یه‌كێكه لهكاركردنهكانی حیزبی كه له ئێستا تهكهنهلۆژیاش چوه‌ته پاڵ خزمه‌تكردن به‌و ئامانجه، لێره‌دا قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌وترێت ئه‌گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا نه‌بوایه كاره‌ساتی هۆڵۆكۆست به‌و شێوه‌یه روینه‌ده‌دا كه رویدا، یاخود تۆتالیتاریزم دروست نه‌ئه‌بو، یاخود به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌یه‌كان ته‌كنه‌لۆژیا رۆشتوه‌ته خزمه‌تی نه‌زعه‌ی تۆتالیتاریهوه.. له ئێستادا له رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌مه‌وه ده‌توانێت بچێته ناو ماڵه‌كانه‌وه، میدیای حیزبی له‌وكاته‌دا بۆ ئه‌وه دروستبو داستانی قاره‌مانه‌كانی شاخ له ناو شاردا بدات به گوێماندا، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌ركی ته‌واوبوه‌و بوه به قه‌یران. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی حیزبیشه له‌میدیا، بریتیه له گواستنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت بیخاته ناو مێشك و دیدی هاونیشتمانیانه‌وه، ده‌یه‌وێت ئه‌و مرۆڤه دروستبكات كه هه‌میشه به‌ڵێ ده‌ڵێت و ره‌زامه‌نده به هه‌مو شتێك و له كاتی پێویستیشدا شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كات.. به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌مان ناوێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه ئه‌وه‌یه هاونیشتمانیه‌كی سه‌ربه‌خۆ دروست ببێت و به راستی بڵێت راستی و به پێچه‌وانه‌شه‌وه به ناحه‌ق بڵێ ناحه‌ق.. ئه‌وه‌ی له‌لای ئێمه گرنگه ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی گه‌ردونی "مه‌به‌ست"بێت نه‌ك مانه‌وه‌ی "حیزبێك" یان "سیاسیه‌ك"..
بۆ هاونیشتمانیه‌كی سه‌ربه‌خۆ، ئازادی لهسهركردهیهك گرنگتره، عه‌داله‌ت له هه‌مو شتێك گرنگتره، ئه‌مانه پره‌نسیپی گه‌ردونین كه ده‌بێت به‌رگریان لێ بكه‌ین..
KNN: پێویسته‌چۆن ئیش بكرێت له‌سه‌ر ئه‌و داگیركردنه‌ی له فه‌زای گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌یه؟
فاروق ره‌فیق: له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا زۆر شتمان وتوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌دا چاوپێكه‌وتنه‌كه رابگرین، ئه‌وكات كه‌م و كوڕی گه‌وره دروستده‌بێت و وه‌ك ئه‌وه وایه ته‌نها ره‌خنه‌مان گرتبێت. چونكه ئیشی ئێمه ئه‌وه‌یه ئه‌ڵته‌رناتیڤ پێشكه‌ش بكه‌ین، دروستكردنی شێوه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیڤیش زۆره، بۆنمونه له رێگه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ده‌یڵێین ئه‌ڵته‌رناتیڤ دروست ده‌بێت، شێوه‌یه‌كی دیكه‌شی ئه‌وه‌یه به توێژینه‌وه ده‌كرێت ئه‌و كاره بكرێت..
KNN: پێش ئه‌وه‌ی بچینه سه‌ر باسی ئه‌ڵته‌رناتیڤ، ده‌كرێت بڵێین تا چ ئاستێك ئاسۆیه‌كی رونی تێگه‌یشتن له نێوان سیاسی و رۆشنبیراندا ده‌بینیت؟
فاروق ره‌فیق: من ئاسۆیه‌كی رون نابینم، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه سیاسی سوكایه‌تی به رۆشنبیر ده‌كات، به‌ڵام رۆشنبیر له‌م حاڵه‌ته به‌رپرسه.. ئه‌مه چۆن؟ كاتێك كه سیاسیه‌كان له شاخه‌وه گه‌ڕانه‌وه شار، ئه‌وه رۆشنبیران بون نه‌یانتوانی بڵێن ئێوه‌ش هه‌ن و ئێمه‌ش هه‌ین، بڵێن ئێمه ره‌خنه‌گرین و بچوكتر نین له ئێوه‌و داوای ئه‌وه‌تان لێناكه‌ین نانمان بده‌نێ، كاتێك رۆشنبیران سیاسیه‌كانیان بینی، نه‌یانتوانی ئه‌وه‌یان پیشان بده‌ن هه‌یبه‌تی فیكر له كوێدایه، به‌ڵكو داوایان لێ‌كردن خانوه‌كانیان بۆ بۆیاخ بكه‌ن و ده‌ستێك جلیان بۆ بكڕن..
KNN: ده‌كرێت بڵێین یه‌كێك له كۆنسێپته هه‌ڵه‌كان ئه‌وه‌بو كه سیاسیه‌كان ده‌یانوت پێویسته رۆشنبیران نان و ئازادییان هه‌بێت، ئه‌مه به‌و مانایه‌ی كه نان و ئازادی له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسیه‌كانه‌وه بدرێت، رات له‌سه‌ر ئه‌مه چیه؟
فاروق ره‌فیق: دیاره كه ئه‌مه بۆچونێكی هه‌ڵه‌یه‌و پێویستمان به سیاسیه‌كان نیه ئه‌وه‌مان پێ بڵێت، راستیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر من خۆم ئازاد نه‌بم، ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی ئازادم نه‌بێت، سیاسیه‌ك ناتوانێت بڵێت ئه‌وه نان و ئه‌وه‌ش ئازادی، دواتریش ئه‌م دوانه‌یه پێكه‌وه نایه‌نه‌وه، زۆرجار وا پێویست ده‌كات له پێناو ئازادی‌دا نانت نه‌بێت. مه‌سیح له‌وباره‌وه فه‌رمویه‌تی: مرۆڤ ته‌نها به نان ناژی". كه‌واته به ئازادی ده‌ژی. ئێمه‌ش ده‌بێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ینه‌وه.
به هه‌رحاڵ ئه‌و مۆدێله له رۆشنبیر دروستبوه، بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره تایپه سیاسیه‌ی ئێستا هه‌یه، هیچ ئه‌رزشێك بۆ رۆشنبیر دادهنهنێت، له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا نهكتێبهكانمان و نه وتاره‌كانمان ده‌خوێننه‌وه، نهدیدارهكانمان ده‌بینن، ته‌نها بۆخۆیان سه‌رقاڵی حكومكردنی ئه‌م وڵاته‌ن به‌و شێوازه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت.
KNN: گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رباسی ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كه، پێویسته چی بكرێت؟
فاروق ره‌فیق: تینك تانكێكی توركی به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی فیكری لیبراڵ میوانداریهكیان كردم، دو ساڵ ده‌بێت دۆستی ئه‌م كۆمهڵهیهین دواتر بانگهێشتی به‌رنامه‌یه‌ك كراین كه چه‌ند رۆژێكی خایاند له وڵاته، له‌وێ ئه‌زمونێكی نوێ له‌سه‌ر توركیا تێگه‌یشتم، ئهزمونهكهش ئه‌وه‌بو كه له 1992 وه تینك تانكه‌كه دروستبوه‌و له‌و كاته‌وه تا ئێستا كۆمه‌ڵێك كاریكردوه، سه‌رجه‌م ئه‌و كارانه‌ش كردبویان له ئهرشیفێكدا پێیاندام، هه‌ستمكرد له كاره‌كانیاندا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر شه‌قامی سیاسی و ئه‌كادیمی ئه‌و وڵاته به‌جێهێشتوه‌و شانازیان به‌وه ده‌كرد كه "پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان" هه‌ندێك له بۆچونه‌كانی ئه‌وان پیاده ده‌كات. لێره‌وه گه‌ر وردبینه‌وه، له‌وكاته‌دا ئێمه كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر و نوسه‌ر و توێژهربوین و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێ كاریانكردوه، ئێمه‌ش كارمانكردوه، به‌ڵام گه‌ر به‌راورد بكه‌ین له نێوان ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی ئه‌وان دروستیانكردوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت: ئه‌وان به شێوه‌ی دامه‌زراوه‌یی كاریانكردوه‌و (روئیا)یان هه‌بوه، له دوای روئیاش ئه‌رك(مهمه)یان هه‌بوه، به‌ڵام ئێمه هیچكام له‌و دوانه‌مان نه‌بوه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه له توركیا كه لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نم بانگهێشتی كوردستانیان ده‌كه‌ین، جارێكی تر ده‌ڵێم ئه‌و دوانه‌یان هه‌بوه‌و مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوه له رێگه‌ی كتێب وهرزنامهكانیانهوه بیری لیبراڵ له‌و وڵاته بڵاوپێبكهنهوه..
KNN: ببوره، گه‌ر پێمان بڵێت گرفته‌كه له سیاسیهكاندایه یاخود له رۆشنبیرهكاندایه؟
فاروق ره‌فیق: له ئێستادا سیاسیه‌كان ئاستی هۆشیاریان له‌وه‌دایه كه ده‌بێت موعجیزه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی حوكم بگریته ده‌ست، ده‌بێت له شاخ بوبیت ئه‌مجا ده‌بێته وه‌زیری پهروهردهبیت، به‌ڵام سیاسیه‌كانی تورك ده‌زانن گۆڕانێك له توركیادا رویداوه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه ناڵێم كه‌م و كوڕی و نادیموكراسیه‌كانی ئه‌وێ نه‌بینین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان ده‌زانن حوكمكردن هونه‌ره، زانسته، تۆ له دایكنابیت بۆئه‌وه‌ی ببیت به سیاسی و حوكم بكه‌یت، به‌ڵكو پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای پێدراوه‌كان ئه‌وكاره بكرێت، ئه‌و لایه‌نه‌ش پێدراوه‌كان دروست ده‌كات دامه‌زراوه‌و تینك تانكهكانن، رۆشنبیرانن، زاناكانی بواری سیاسیهتن، میدیاكانن. له‌م حاڵه‌ته‌شدا ده‌سه‌ڵات له‌وێ به حورمه‌ته‌وه له رۆشنبیر‌و مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌ڕوانێت، وه‌ك موچه‌خۆر سه‌یری ناكات، چونكه وه‌زیفه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌یه.. ئه‌مه‌ش ئه‌و مۆدێله‌یه كه ئه‌لته‌رناتیڤ تێیدا له دایك ده‌بێت. به‌ڵام ئێمه ئه‌مه‌مان نیه‌و پێویسته دروستی بكه‌ین، پێویسته هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵ هه‌ڵبكێشین و كێشه‌كانمان ببینین، له ناو ئه‌وه‌شدا پێویسته كار له‌سه‌ر دروستكردنی تینك تانك و دامه‌زراوه بكه‌ین. لێره‌دا من گله‌یی ئه‌وه‌م له كۆمپانیای وشه هه‌یه ئه‌وكاته‌ی دروستبو بڕیاربو سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه دروستبكات، كه‌چی تا ئێستا نه‌كه‌وتوه‌ته‌وه كار، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه گرنگه به‌وپێیه‌ی له ئێستادا تینك تانكێك له حیزبێك بۆ ئێمه گرنگتره، تینك تانك زه‌مینه‌ی ئه‌م گفتوگۆیانه ده‌ڕه‌خسێنێت و دواتر توێژینه‌وه‌مان بۆ به‌رهه‌مدێنێت، زه‌مه‌نێكه ئایدۆلۆژیا داگیری كردوین ئیتر پێویستمان به‌وه‌یه عه‌قڵانیه‌ت به‌رهه‌مبێنین، من هه‌مو كه‌سێك دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ی ئێستا هه‌یه، فاروق ره‌فیق حیزب دروستناكات، به‌ڵكو له بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێت تێكستێك بنوسێت.
KNN: له یه‌كێك له بۆچونهكانتدا باس له‌وه ده‌كه‌یت له دونیای سیاسی و روناكبیری ئێمه‌دا زۆر چه‌مك تا رادده‌یه‌ك شێوێنراون، بۆیه پێویسته سه‌رله نوێ پێناسه‌ی چه‌مكه‌كان بكه‌ینه‌وه، له‌سه‌ر چه‌مكی مه‌ده‌نی رات چیه؟
فاروق ره‌فیق: باسێكم هه‌یه به ناونیشانی (شێواندینی چه‌مكه‌كان له‌سه‌ر زه‌مین و سه‌رده‌می شێواندنی چه‌مكه‌كاندا)، له‌و باسه‌دا ویستومه ئه‌وه بڵێم له ئێستادا به‌فیعلی ئێمه له‌وسه‌رده‌مه‌دا ده‌ژین. هه‌ڵبه‌ت تا ئێره كێشه‌یه‌ك نیه له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ پێشهكیهكمان نه‌بوه‌و ده‌ستمان رانهگهیشتوه به كتێبخانه‌كانی جیهان و تا ئاستێك له گۆشه‌یه‌كدا گیردراوین، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ئیتر ئه‌و به‌هانه‌یه دادمان نادات.
یه‌كێك له‌و چه‌مك شێواوانهش له‌مه‌وبه‌ر كاری له‌سه‌ر كراوه، بریتیه له چه‌مكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كه وه‌ك لاستیكی لێهاتوه‌و به هه‌مو شێوازێك راده‌كێشرێت، هه‌ر كه‌سه هه‌ر بۆچونێكی له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت دیدی خۆی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نێت. له‌چه‌ند روهیهكهیهوه هه‌ست ئه‌كه‌م ئه‌و چه‌مكه شێواوه، یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ش ئه‌وه‌یه: له كاتێكدا كه باسی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌كرێت ئه‌و بۆچونه (گرامشی)ه زۆر زاڵه كه كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌یه كۆمه‌ڵگای سیاسی پێ ده‌وترێت، كۆمه‌ڵگایه‌كیش هه‌یه ناوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. به‌بۆچونی من ئه‌م دیدو تێزه به هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی ئێمه ناكات و ناتوانێت كۆمه‌كمان بكات...
KNN: ببوره.. تۆپێتوایه دروستبونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و له‌و دیده " گرامشی"ه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگای سیاسی له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی جیا ده‌كاته‌وه؟
فاروق ره‌فیق: نا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌م بوچونه به حاڵه‌ته گرامشیهكهی خزمه‌ت به ئێمه ناكات، لێرهداشدا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی دو جهمسهریمایمان هه‌یه؛ ئایا له كۆمه‌ڵگاوه بچین بۆ چه‌مكه‌كان، یاخود له چه‌مكه‌كانه‌وه بچین بۆ كۆمه‌ڵگا؟ بێگومان ده‌بێت له كۆمه‌ڵگاوه بچین بۆ چه‌مكه‌كان، چونكه بیركردنه‌وه‌ی ره‌سه‌ن ئه‌وه‌یه له هه‌لومه‌رجی سیاسی و كلتوریه‌وه دێته ده‌ره‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی له كتێبێكدا وه‌ریده‌گریت. ئه‌مه رێك وه‌ك ئه‌وه وابو ماركسیه‌كان كردیان له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا كاتێك ململانێی چینایه‌تی نه‌بو، به‌ڵام به زۆره‌ملێ هه‌وڵیاندا ده‌دا بیسه‌پێنن. كاتێك چه‌مكێك دێت؛ پێویسته ئه‌و چه‌مكه ئامرازێكی بیركردنهوهبێت به ده‌سته‌وه نه‌ك ده‌سته‌مۆت بكات. له‌م بازنه‌دا ئێمه دو كێشه‌ی گه‌وره‌مان هه‌یه؛ یهكێكیا فۆرمه سیاسیه‌كه‌یه‌تی كه سه‌رده‌مێكی درێژه ده‌ست و په‌نجه‌مان نهرمكردوه له‌گه‌ڵ سته‌مكاریدا، سته‌مكاری به‌مانای داگیركردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و فه‌زای گشتی. فۆرمی كێشه‌كه‌ی تر ئه‌وه‌یه ئێمه بۆخۆمان گرفتی مهدهنیهتمان هه‌یه، له‌م میانه‌دا پێویسته قومێك له‌و حه‌قیقه‌ته نۆش بكه‌ین و ئه‌وه بزانین كه تا ئێستاش چ وه‌ك شار، شارمان بونیادێكی خێڵه‌كی هه‌یه، چ وه‌ك زه‌ینیش، مێنتاڵیه‌تی خێڵ به‌سه‌رماندا زاڵه. له‌م ماوه‌یه‌شدا كتێبێكی كاك حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌نم بینی جێی ده‌ستخۆشیه كه سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ تهحهففوزیشیم به‌رامبه‌ر كتێبه‌كه، به‌شێوه‌یه‌كی بوێرانه هه‌ندێك شتی له‌وباره‌یه‌وه وتوه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌خلاقیه‌تی خێڵدا ده‌بێت پێ له ئه‌خلاقی مه‌ده‌نی دابگرین، راسته له ئێستادا خێڵه‌كان هاتونه‌ته‌وه شاره‌وه، به‌ڵام به‌هه‌مان ئه‌خلاقی خێڵه‌وه هاتون كه تێیدا ئه‌خلاقی مه‌ده‌نی نابینی. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی ئێمه درێژكراوه‌ی حاجی قادری كۆیی و مامۆستا گۆرانه له‌وه‌دا كه خه‌ون به مه‌ده‌نیه‌ته‌وه ده‌بینین، به‌ڵام ئه‌وان له شیعردا ئه‌م كاره‌یان كردوه‌و وه‌ك خه‌ونێك وابوه، ئه‌مه‌ش به‌وپێیه‌ی ئه‌وان شاعیربون نه‌ك تیوریسینی سیاسی و فیكری تا كار له‌سه‌ر چه‌مكه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌یه ئه‌و خه‌ونه بهێنینه‌دی..
له ئێستادا ده‌توانم بڵێم تا ئاسته هه‌ره ساده‌كه‌ی مه‌ده‌نیه‌ت كه مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ یه‌كدا، مامه‌ڵه‌مان مه‌ده‌نی نیه..
KNN: به‌شێك له عه‌قڵیه‌تی سیاسی له رێگه‌ی چه‌نده‌ها سه‌نته‌ره‌وه ده‌یه‌وێت به‌قوڵی مێنتاڵیه‌تی خێڵ له ناو شاردا به‌هێز بكات؟
فاروق ره‌فیق: حه‌تمه‌ن ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه بوه‌ستین، چونكه زیندوكردنه‌وه‌ی مێنتاڵه‌تی خێل له‌وه‌دا كه نه‌بوه‌و زیندوكراوهتهوه.
به‌ڵام كه‌م تا زۆر مێنتاڵی خێل ئاماده‌یی بوه، به‌ڵام به‌پێی مه‌رامه سیاسیه‌كان بره‌وی پێدراوه، به‌عس هاتوه "یه‌كێتی خێڵه عێراق" ی دروستكردوه گه‌ر له ناوه‌كه‌دا هه‌ڵه‌م نه‌كردبێت. له ئێستاشدا ئه‌مه‌ش شكستێكی ناسیۆنالیزمه كه ناتوانێت هه‌مومان له چوارچێوه‌ی شوناسێكدا كۆبكاته‌وه، ئه‌مه شكسته بانگه‌شه‌ی سیكۆلار بكه‌یت و ته‌كیه‌و خانه‌قاكان زیندوبكهیتهوه.. زۆر شت هه‌یه كه وه‌ك (به‌های كلتوری) لێی راده‌مێنیت، نا‌توانیت به‌رگری لێبكه‌یت، چونكه نه له خزمه‌تی ژیاندایه، وه‌نه له خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدایه، پێویسته لێره‌دا ئه‌وه‌نده بوێری به‌رخۆمان بده‌ین هه‌مو ئه‌و به‌ناو به‌ها ئه‌خلاقیانه فڕێ بده‌ینه ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه، پێویسته بوێریمان تێدابێت و دلێرانه له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا مامه‌ڵه بكه‌ین. من ده‌پرسم هه‌ر له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یهكتركرندا؛ یه‌كتر قبوڵ ده‌كه‌ین، گوێ له یه‌كدی ده‌گرین؟ له نوسیندا داخۆ ئاستی ئه‌ده‌بی و ئهرگۆمێنتیمان راگیراوه؟..
KNN: گه‌ر بكرێت ئاستێك بده‌یت به ئاستی مه‌ده‌نیه‌ت، له چ ئاستێكدا ده‌یبینیت؟
فاروق ره‌فیق: هه‌مو شیكارێكی عه‌قڵی وه‌ك پێشتر باسمان كرد ره‌شبینی پێوه‌دیاره، وه‌ك پێویستیشه، ده‌بێ ره‌شبین بین. من ناتوانم بڵێم راده‌ی مه‌ده‌نیه‌ت له‌لایی ئێمه وه‌ك لای وڵاتانی خۆرئاوا‌و ئه‌مریكای باكور وایه، بێگومان نه‌خێر ئه‌مه وانیه، كه نه‌متوانی ئه‌مه بڵێم ناچارم راستیه‌كه‌ی بڵێم، راستیهكهش ئه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت ئێمه شارمان نیه، كێ ده‌توانێ ئه‌وه بسه‌لمێنێ كه له رابوردودا كورد شاری دروستكردوه‌و ئه‌وه‌ش تۆمارهكانیهتی؟ مه‌به‌ستم له شار بینا نیه، به‌ڵكو به مانا مه‌عنه‌ویه‌كه‌ی مه‌به‌ستمه كه مه‌ده‌نیه‌ت و فه‌زای گشتی و ئه‌خلاقی مه‌ده‌نی و مامه‌ڵه‌ی مه‌ده‌نی تێدابێت، ده‌رفه‌تێكی وه‌های تێدا رهخسێنرابێت عه‌قڵی مرۆڤه‌كان له روی رۆحی و عه‌قڵیه‌وه گه‌شه‌بكه‌ن. له مێژوی ئه‌و شارانه‌ی كورد دروستیكردوه، هیچ تۆمارێك نابینین، نه‌وتراوه كێ و كه‌ی و چۆن ئه‌و شارانه دروستكراون، گه‌ر مێژوی شه‌ره‌فخانه بخوێنیته‌وه ته‌نها ئه‌وه‌ی تێدا ده‌بینیت فڵان خێڵ داویه‌تی به‌سه‌ر فڵان خێڵدا كه تێیدا مێژوی كورد دوبارهبونهوهیهكهو هیچی تر، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌و حاڵه‌ته هه‌ر دوبارهبونهوهیه.. له‌مڕۆژانه‌دا نوكتهیهكم بینی ئه‌ویش ئه‌وه‌بو كه‌سێك له نوسینێكدا باسی له شارستانیه‌تی كوردی كردبو. كاكه ئێمه به‌شداری شارستانیمان هه‌یه به‌ڵام له‌گه‌ڵ میلله‌تانی دراوسێمان، وه‌ك خۆمان شارستانیهتمان بونیاد نه‌ناوه، بۆ راستی ئه‌م بابه‌ته‌ش گه‌ر ده‌وترێت وانیه تێكستێكمان بده‌نێ، ئاخر شارستانیه‌ت به‌بێ بیركردنه‌وه نابێت، كه‌واته مێژوی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه چه‌نده.. له‌م رۆژانه‌دا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا له موناقهشهیهكدابوین وتم تا ئێستا ئێمه نه‌چوینه‌ته قۆناغی نوسینه‌وه، هێشتا هه‌ر له قۆناغی سهرزارهكیداین، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و شتانه‌ش به‌ناوی نوسینه‌وه ده‌یهێنینه ده‌ره‌وه له‌به‌ر نه‌بونی ئه‌رگۆمێنت تێیدا خه‌سڵه‌ته‌كانی سه‌رزاره‌كی زۆرتر پێوه دیاره. كه‌واته ناكرێت تۆ نوسینێكی كۆنم پێ بفرۆشیته‌وه‌و وه‌كو مێژوی نوسینی كوردی بیناسێنیت. ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت ماڵێك دروستبكه‌ین، ده‌بێت بناغه‌كه‌ی رزیو نه‌بێت، بناغه‌ی پته‌ویش ئه‌وه‌یه شته‌كان وه‌ك چۆن هه‌ن بیبینین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه تا ئێستا ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نیه‌تدا هه‌یه. له‌سه‌ر كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شاردا ده‌كرێت سه‌یری خه‌ڵك بكه‌ین تا بزانین چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شه‌قامدا ده‌كات؟ ده‌بێت بزانین تاكی كورد بونی خۆی تا حه‌وشه‌كه‌ی ده‌بینێ و پاشماوه‌ی هه‌ر شتێك بێت فڕه‌ی ده‌داته سه‌ر شه‌قامه‌كه.. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه كه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی، هیچ شوێنێكی دیكه به موڵكی خۆی نازانێت.
هۆكاری سه‌رجه‌م ئه‌و بانگه‌شانه‌ش ئه‌وه‌یه به‌هۆی سته‌می رژێمهكانهوه بونی كورد كه‌وتوه‌ته ژێر مه‌ترسیه‌وه، بۆیه ناچاربوه میكانیزمی به‌رگری به‌كاربێنێت و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات شارستانیه‌تی هه‌یه. به‌ڵام له ئێستادا به‌م گوتاره سایكۆلۆژیه‌وه هیچ شتێك بینا ناكرێت، به‌راستی پێویسته له‌و ئاسته‌دا له‌شته‌كان وردبینه‌وه كه له بون و حه‌قیقه‌تی ئێمه‌وه نزیكه.
KNN: هۆكاری نه‌بونی ئه‌خلاقی مه‌ده‌نی په‌یوه‌ندی به نه‌بونی ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه هه‌بوه هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه، یاخود له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر ئیش له‌سه‌ر گیانی ئینتیما كراوه تا ئه‌و ئاستی كوژراوه؟
فاروق ره‌فیق: من هه‌ست ئه‌كه‌م مه‌سه‌له‌كه له‌وه قوڵترهو په‌یوه‌ندی هه‌یه به مێژوی ناوچه‌كه‌وه، جیاوازیه‌كیش هه‌یه له بونی حاڵه‌ته‌كه، بۆنمونه كۆمه‌ڵگای توركی كۆمه‌ڵگایه‌كه داینامیكیه‌تی تێدایه، مه‌ده‌نیه‌تی توركی به هه‌مان شێوه داینامیكیهتێكی تێدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ده‌ها ساڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا تێكه‌ڵین، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر رۆشتون و مه‌ودایه‌كی زۆر له نێوانماندا دروستبوه..
KNN: لێره‌دا ده‌پرسم كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چیه؟
فاروق ره‌فیق: له‌و وێنه‌یه‌دا كه كێشامان، له په‌یوه‌ندیدا به سیاسه‌ته‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بریتیه له ژیانی مرۆڤه‌كان به فۆرمی كلتور و سیاسه‌ت و ئابوری له فه‌زایه‌كدا كه سه‌رجه‌میان سه‌رقاڵی نواندنی چالاكیهكانیانن، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌ك وتم بۆچونه گرامشیهكه گرفتی تێدایه، شتێك نیه ناوی فه‌زای سیاسیبێت و ئه‌م فه‌زایه‌ش جیاوازبێت. به‌ڵكو ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا سیاسیه. ئه‌م مه‌فهومه من ده‌مه‌وێت باسی لێ بكه‌م زۆر قوڵتره له‌و مه‌فهومه‌ی گرامشی. لێره‌دا ده‌بێت بۆچونت به‌رامبه‌ر سیاسه‌ت بگۆڕیت، لێره‌دا سیاسه‌ت بریتی نیه له كۆمه‌ڵێ كه‌س كه سیاسین و ئیداره‌ی وڵات ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و بۆچونه‌ی من باسی لێوه‌ده‌كه‌م بۆچونێكی (republic)ی، كۆماریخوازیه، كۆماری خوازیش به مانای حیزبی سه‌رده‌می ئێستا مه‌به‌ستم نیه، به‌ڵكو كۆماریخوازی لهكلاسیكدا فه‌لسه‌فه‌دا، له ئه‌رستۆوه ده‌ستپێده‌كات، له مۆدێرنه‌شدا له ماكیاڤللی و هۆبزه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا باوكانی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریكی و هیگڵیش یه‌كێكه له كۆماریخوازه‌كان. ئه‌م دیده‌ی من مه‌به‌ستمه ده‌ڵێت: سیاسه‌ت بریتیه له شتێكی ژیانی رۆژانه، بریتیه له‌وه‌ی هاونیشتمانیان به‌رده‌وام خه‌ریكی ئیشی سیاسین.. ته‌نانه‌ت به خستنه‌ڕوی پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی (چۆن بژین؟) ئێمه سیاسه‌ت ده‌كه‌ین.
مه‌به‌ستم له خستنه‌ڕوی ئه‌م دیده ئه‌وه‌یه بڵێم، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی شوێنی چالاكیه سیاسیه‌كانی من و تۆیه ئه‌گه‌رچی راسته‌وخۆ حوكمی وڵات نه‌كه‌ین. ئێستا من و تۆ سیاسی نین، ئه‌ندام په‌رله‌مان نین، هیچ كارێكیشمان له پێكهاته‌ی حكومه‌تدا نیه، به‌ڵام له كاتی ئه‌م گفتوگۆیه‌دا خه‌ریكی سیاسهتكردنین، پرسیار ده‌كه‌ین له كێشه هه‌ره بنه‌ڕه‌تیه‌كانی جڤاتهكهمان، كه‌واته ئه‌مه كاری سیاسیه. ئه‌گه‌ر بمانوستایه ئه‌م كاره سیاسیه نه‌كه‌ین ده‌مانتوانی قاوه‌یه‌كمان بخواردایهتهوهو باسی ئه‌زمونی عه‌شقی رابوردومان ده‌كرد.
مه‌به‌ستم له‌م قسانه ئه‌وه‌یه بڵێم له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا هاونیشتمانی ئازاد سه‌رقاڵی ئیشكردنهو فۆرمه جیاوازه‌كانی ژیان تێیدا ئیش ده‌كات. لێره‌شه‌وه راسته‌وخۆ كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ سه‌رهه‌ڵده‌دات كه له‌سه‌ریه‌وه ئه‌م شتانه دادهڕژێنرین، كۆمه‌ڵێ به‌ها سه‌رهه‌ڵده‌دا كه خه‌ڵك ئیمانی پێیه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كه دواجار ناوی (فه‌زیله‌ته مه‌ده‌نیه‌كان)ی لێده‌نرێت.
ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك چینی لهسهریهكن كه پێكه‌وه ئه‌و فه‌زایه‌ت بۆ دروستده‌كات ناوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه، لێره‌وه ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه سه‌یری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بكه‌ین و بیبه‌ستینه‌وه به بابه‌ته‌كانی دیكه‌وه، ئه‌وكات رێگه ناده‌یت سیاسه‌ت به مه‌فهومه به‌ر ته‌سكه‌كه‌ی بێته ئێره‌و دۆخه‌كه بشێوێنێنت وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێستادا حیزبه سیاسیه‌كان موماره‌سه‌ی ده‌كه‌ن.
KNN: ساتی ده‌ستپێكردنی پرسیاره شێرگیرهكان له‌و شوێنه‌وه ده‌ستپێده‌كات مرۆڤ پرسیار بكات له‌سه‌ر (چۆن ژیان)، سوقراتیش ئه‌وه‌ی وتوه كه ژیانێك تاقی نه‌كرابێته‌وه شایانی ژین نیه، لێره‌دا ده‌پرسم ئه‌و ساته چ ساتێكه كه تێیدا مرۆڤ ده‌گه‌ڕێت به دوای ژیاندا؟
فاروق ره‌فیق: ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژهیهكماندا به ره‌شبینی عه‌قڵ و وتمان ناچارین ئه‌م قسانه بكه‌ین. به‌ڵام هێجگار به‌و شێوه ره‌شبین نیم له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر جارێك پێشبینی ئه‌و شتانه ده‌كه‌م، له‌وه‌ش خراپتر روده‌دات. بۆیه وه‌ك دیاره له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ گه‌شبین بم. چونكه ئه‌وه‌ی كه‌م و كوڕیه‌كان پڕده‌كاته‌وه بریتیه له گه‌شبینی ئیراده ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه شیكارهكانت به‌ره‌و ره‌شبینیت ببه‌ن. ئه‌مه‌ش چۆكدادانی ناوێ، به‌ڵكو پێویستی به ئیراده‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ چاككردنی، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش بریتیه له‌و خۆ خه‌ڵه‌تاندنه‌ی كه به به‌رده‌وامی خه‌ریكی بین كه به‌هیچ شوێنێكمان ناگه‌یه‌نێت له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ له سه‌ر زه‌مینی ناكوجا ئاباددا قسه ده‌كه‌یت و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌و وڵاته‌وه نیه كه تۆی تیایت، مه‌به‌ستم له‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئه‌و بانگه‌شانه‌یه باس لهوهدهكهن ئێمه شارستانیهتمان هه‌بوه. به‌ڵام كاتێك باس له‌وه ده‌كه‌یت ئێمه كێشه‌ی مهدهنیبونمان هه‌یه، ئه‌وكات ده‌زانیت له چ زه‌مینه‌یه‌ك، له چ واقیعێك ئیش ده‌كه‌یت.
با له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئه‌و وته‌یه‌ی سوقرات له‌گه‌ڵ هاونیشتمانی بوه‌ستین كه تۆ له پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت پێدا، ئه‌م په‌یامه به‌و مانایه‌یه كه هه‌مو هاونیشتمانیه‌ك پرسیار بكات بۆ ئه‌ژین؟ وه هه‌مو شتێك شیاوی ره‌خنه‌یه‌و هه‌مو شتێك شیاوی خوێندنه‌وه‌یه‌كی عه‌قڵیه له‌سه‌روی ههموشتێكیشهوه ئایین.. دواجاریش ئه‌و شتانه ده‌مێننه‌وه كه ره‌سه‌نن و به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌گرن، ئه‌و شتانه‌ش كه به‌رگه‌ی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یان نه‌گرت به مانای ئه‌وه دێت كه گرفتیان تێدایه، ده‌كرێت ئهفسانهبێ یاخود بههایهكهو به‌سه‌رماندا سه‌پێنراوه‌و مانا به‌خش نیه.
KNN: باسمان له‌وه‌كرد تا حكومه‌تێكی سنوردار هه‌بێت باشتره، ده‌كرێت بپرسم له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تێكی بچوكدا پێویسته كۆمه‌ڵێكی مه‌ده‌نی گه‌وره‌ت هه‌بێت؟
فاروق ره‌فیق: ئێمه نوسه‌رێك و مێژونوسێك و بیریارێكمان هه‌یه له سه‌ده‌ی نۆزده‌و له فه‌ره‌نسا به ناوی ئه‌لكسی تۆكڤێڵ، كاتێ ئه‌و نوسه‌ره ده‌ڕوات بۆ ئه‌مریكا سه‌رسوڕمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكا. له كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (دیموكراسی له ئه‌مریكا) سه‌ری لهوهسوڕماوه كه: چۆن له ناو مرۆڤه‌كانی ئه‌مریكادا داینامیكیهتێك هه‌یه به‌هۆیه‌وه ژیانی خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. له هه‌ندێك شوێندا ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌ڵێت وامده‌زانی ئه‌و وڵاته حكومه‌تی تێدا نیه. ئه‌مه به‌ومانایه‌یه كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی وا هه‌بوه كه هاونیشتمانیه‌كان خۆیان ئیداره‌ی خۆیان بكه‌ن، سیسته‌می په‌روه‌رده له ژێر ده‌ستی خۆیاندا بوه، كڵێسا له ناو كۆمه‌ڵگاكه‌دا به هێزه، مه‌به‌ستمان له به‌هێزی كڵێسا ئه‌وه نیه كه سیسته‌می كڵێسا به‌سه‌ر هاونیشتمانیاندا بسه‌پێنێت وه‌ك ئیسلامیه‌كان ده‌یانه‌وێت ئه‌و كاره بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه كه‌نیسه رۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌ده‌نی ده‌بینێت و تا ئه‌مڕۆش ئه‌و رۆڵه‌ی به‌رده‌وامه.
ئه‌مه بابه‌تێكی زۆرگرنگه، ته‌نانه‌ت له بابه‌تێكدا ئه‌و ئاماژه‌مداوه كه داخۆ مزگه‌وت ده‌توانێت وه‌ك كڵێسا ئه‌و رۆڵه ببینێت، واته بتوانێت ببێت به فه‌زای گشتی؟
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی كه ده‌ڵێت: حكومه‌ت چی ده‌كات؟ ئێمه‌ش بپرسین: تۆ چی ده‌كه‌یت؟. وته‌یه‌كی به‌ناوبانگی JFK (جۆن كه‌نه‌دی) سه‌رۆكی ئه‌مریكاش هه‌یه ده‌ڵێت: پێش ئه‌وه‌ی بپرسیت نیشتمانه‌كه‌ت چیت بۆ ده‌كات، پێویسته بپرسیت تۆ چیده‌كه‌یت بۆ نیشتمانه‌كه‌ت؟. بۆیه تۆكڤێڵ ئه‌م داینامیكیهته كه له ئه‌مریكا دیویه‌تی، له ئه‌وروپا نایبینێ. دواجاریش له كتێبه‌كه‌یدا باسی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌مریكا و دیموكراسی و كۆمه‌ڵه‌كان ASSOCIATION ی كردوه. له كۆمهڵگاو فه‌زایه‌كی له‌و شێوه، كۆمه‌ڵه مه‌ده‌نیه‌كان فه‌زایه‌كی وا ده‌ڕه‌خسێنن كه ژیانی تێدا تاقیبكرێتهوهو مرۆڤ ئه‌زمونی ژیانی خۆی بكات و ئازادانه پرسیار بكات. له‌وكاته‌شدا هه‌مان تێگه‌یشتنی سوقراتی به‌رجه‌سته ده‌بێت كه له‌وێدا مرۆڤ هه‌ڵساوه به تاقیكردنه‌وه‌ی ژیان. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له ریشه‌كانی ریپهپڵیكان و ئه‌و نمونه‌یه كه ده‌بێت ئێمه‌ش قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین.
KNN: تۆكیڤێڵ له باسی دیموكراسی ئه‌مریكادا سێ پێشنیاری كردوه بۆ دیموكراسی فه‌ره‌نسا، یه‌كێك له‌و خاڵانه به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه، تۆش هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه باست له ئه‌و كرد؟
فاروق ره‌فیق: گومانم له‌وه‌دا نیه، باسی دیموكراسی له ئه‌مریكا، هۆشداریهكه به فه‌ره‌نسا، تۆكیڤێڵ له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی وتوه: له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌زا گشتیه‌كه‌مان نه‌بو، نه‌مانزانی چۆن ئه‌زمونی ئازادی بكه‌ین، ئێمه شاعیر و عاشقی ئازادی بوین. بۆ ئێمه‌ش ئه‌م ئه‌زمونه راسته، چونكه به‌رده‌وام له شیعرهكانماندا به‌سه‌ر ئازادی‌دا هه‌ڵمانداوه، به‌ڵام موماره‌سه‌ی ئازادیمان نه‌كردوه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه موماره‌سه‌كردنی ئازادی له ناو فه‌زای مه‌ده‌نیدا ده‌كرێت. تۆكیڤێڵ یه‌كێكبوه له بیریاره گه‌وره‌كان و هه‌رچه‌نده له‌و كتێبه‌دا باس له دیموكراسی ئه‌مریكا ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسادا قسهیكردوه، به‌هه‌مان شێوه مۆنتسیكۆی له نامه فارسیهكاندا باس له سته‌مكاری ئێرانی ده‌كات، له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌یه‌وێت هۆشێك بدات به گه‌لی فه‌ره‌نساو ده‌یه‌وێت: بڵێت ئاگاداربن فۆرمێكی وه‌ها ترسناك هه‌یه دورو نزیك خۆتانی له قه‌ره نه‌ده‌ن.
KNN: له‌و روانگه‌یه‌وه به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لێدانه له سته‌مكاری؟
فاروق ره‌فیق: بێگومان، پێویسته بیر له میكانیزمه‌كان بكه‌ینه‌وه بۆ لێدانی سته‌مكاری، چونكه سته‌مكاری وه‌كو كلتور له رابوردودا نیه به‌ڵكو له ئێستادایهو ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌رم ده‌كه‌ین، ئهگونجێك كه‌سانێك وای بۆ بچن مه‌به‌ستم له‌و قسه‌یه حكومه‌ت بێ، نه‌خێر مه‌به‌ستم ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیه، مه‌به‌ستم له كلتوره، مه‌به‌ستم له سه‌پاندنی شێوازێكی تایبه‌تی ژیانه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا. نمونه‌ی ئه‌مه له‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌ركێكی ئایینی به‌ڕێوه‌یه؛ پێده‌چێت من و تۆ به‌هه‌ر هۆكارێك بێت نه‌توانین موماره‌سه‌ی ئه‌و ئه‌ركه بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و دێت و خۆی به‌سه‌ر تۆدا ده‌سه‌پێنێت و ده‌ستكاری ژیانی هه‌مومان ده‌كات بۆ ماوه‌ی مانگێك. مامه‌ڵه‌شمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا مامه‌ڵه‌یه‌كه ریشه‌كه‌ی له سته‌مكاریه‌وه هاتوه له‌وكاته‌دا قه‌ڵه‌مێك به ده‌سته‌وه ده‌گریت و كه‌سایه‌تی به‌رامبه‌ره‌كه‌تی پێ دهڕۆشێنیت.. كه‌واته ئه‌مه فۆرمه‌كه بێت، پێویسته ئێمه میكانیزمێك بدۆزینه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی. دواتریش به مانا سیاسیه‌كه‌شی سته‌مكاری ئاماده‌یی هه‌یه.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئیشكالیهتانهش له سیاسه‌ت و كلتوردا، پێویسته كۆمه‌ڵگایه‌كی داینامیكی مه‌ده‌نی هه‌بێت كه تێیدا ژیان و زیندویه‌تی بێنه ئاراوه، زیندویه‌تی به‌و مانایه‌ی داهێنان هه‌بێت و ژیانێكی نوێ بدۆزرێته‌وه، هه‌مو شتێك قابیلی تاقیكردنه‌وه بێت و خۆی هه‌ڵنه‌واسێت به كۆمه‌ڵێك دۆگماوه بۆ هه‌تاهه‌تایی، زیندویهتیش ئه‌وه‌یه لێگه‌ڕێیت ئه‌و داینامیكیهته سروشتیه‌ی له خودی ژیاندایه بۆخۆی كاربكات، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگای مردوه كه له ئێستادا تێیدا ده‌ژین.
له‌م دیده‌وه گه‌ر سه‌یر بكه‌ین فه‌زای مه‌ده‌نی هه‌تا به‌رفراوانتربێت پێویسته ئازادی وه‌ك داینامیكیهتێك پاڵپشتی لێبكات. لێره‌دا ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگایه‌كدا نه‌توانیت رێ و ره‌سمی ئایینی تاقیبكه‌یته‌وه، من وه‌ك خۆم نه‌توانم دۆگما ئایینیه‌كان و سیاسیه‌كان بخوێنمه‌وه، كاتێك سه‌ركرده‌یه‌ك وه‌ك مه‌عسوم ده‌سه‌پێنرێت و ده‌ڕواته ئاستێك نا‌توانیت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌یت، كۆمه‌ڵێك یاساغ داده‌تاشرێت؛ ئه‌وكات بێگومان ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به‌ره‌و كپ بون ده‌روات و ئه‌و داینامیكیهتهی پێویستیه‌تی نایمێنێت.
پێشتر له‌سه‌ر مێژو هه‌ندێك شتم وت كه ئه‌گونجێت هه‌ندێك كه‌س بریندار بكات، هه‌ڵبه‌ت به‌مه خۆشحاڵ نیم كه خه‌ڵكێك لێم زویربێت، به‌ڵام بۆ ئه‌مه ده‌ڵێم؟ مه‌به‌ستم له برینداركردنه ئه‌وه‌یه هۆشیارببینهوه، ئه‌وه بۆ ئێمه گرنگه كه كێین؟ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ربه‌ست دروستبكات ئه‌وه بێگومان كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندو نابێت، كۆمه‌ڵگایه‌ك زاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێت مێژوی خۆی بخوێنێته‌وه، كۆمه‌ڵگایه‌كی مردوه.. هه‌ر لێره‌وه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ قسه بكه‌ین، مێژونوسێكمان نیه مێژوی ئه‌شكه‌نجه‌مان پێ بڵێت له‌شه‌ڕی ناوخۆدا؟ مه‌گه‌ر جورئه‌تی ئه‌وه‌مان هه‌یه بڵێین له ماوه‌ی رابوردودا كورد چ فۆرمێكی ئه‌شكه‌نجه‌ی دروستكردوه؟.. كه ئه‌مه‌مان نه‌كرد كه‌واته كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندومان نیه‌و فۆرمی نوێی ژیان له دایك نابێت .. داینامیكیهت نامێنێت له كۆمه‌ڵگادا، گفتوگۆنیه، له‌هه‌موشی ترسناكتر ئه‌وه‌یه خه‌ونبینین نیه به ئایینده‌وه، هه‌میشه له ئێستا‌و رابورددودا چه‌ق به‌ستنێك هه‌یه..
لێره‌وه ده‌ڵێم، ئیتر ئه‌و میكانیزمه به‌رگریه‌ی پێشتر هه‌بوه كه كورد چی بوه‌و چی بوه دادی ئێمه نادات، ئه‌گه‌ر زۆر میللی قسه‌بكه‌ین ده‌رباره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ش كه ده‌ڵێت: گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه ماوینه‌ته‌وه، ئه‌وكات مانه‌وه گرنگ نیه ئه‌گه‌ر (چۆن مانه‌وه)ی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، ئاخر له‌م فۆرمه‌ی ئێستادا ئه‌مه كه‌ی مانه‌وه‌یه؟..
KNN: له ماوه‌ی رابوردودا زۆر وترا له‌سه‌ر گوتاری مانه‌وه، ناكرێت به رسته‌یه‌ك كۆتایی به‌و گوتاره بهێنرێت و قسه له‌سه‌ر چۆن ژیان بكه‌ین؟
فاروق ره‌فیق: كه ئه‌م پرسیارانه ناكرێت، ئاگاداری ئه‌وه‌ش هه‌ین بۆ ناكرێت، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه میراتی بیركردنه‌وه‌مان نیه، تازه به تازه خه‌ریكی ئه‌وه‌ین ده‌مه تهقێیهك ده‌كه‌ین له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه، له‌و میراته گه‌وره‌یه‌ی فه‌لسه هه‌یه‌تی ئێمه نیمانه، له ئێستاشدا زۆرشت كراون به هه‌ڵه ته‌رجومه‌كراون.. كه‌سێك زمانێكی زیندوی جیهانی نه‌زانێت و له‌سه‌ر ده‌ستی سێ چوار مامۆستادا هیگڵی نه‌خوێندبێت، چۆن ده‌بێت هیگڵ ته‌رجومه بكات؟!َ ئه‌مه خه‌ون بینین نیه، ئه‌مه كاره‌ساته، جارێكی دیكه نه‌وه‌ی داهاتوی كه منداڵه‌كانی من و تۆن دوباره ده‌بێت ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌ساته‌دا نه‌رم بكه‌نه‌وه؟ له پڕ به لێشاو كۆمه‌ڵێك تێكستی فیكری به هه‌ڵه دێن و ناچار ده‌بیت له په‌نای دروستكردنی میراتێكی فیكریدا شێواوهكانیش چاك بكه‌یته‌وه! ده‌زگا هه‌یه كه بۆ ماوه‌ی زیاتر له ده‌ساڵ كارده‌كات له شیواندندا، تۆ پێویستیت به توێژه‌ره بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌و شێواندنانه‌ی له زمان و فیكر و نوسینی كوردیشدا دروستیكردوه!.
هۆكاری سه‌رجه‌م ئه‌و گرفتانه‌ش ئه‌وه‌یه ئێمه ئاگاداری بیركردنه‌وه نه‌بوین، مێژو نوسینمان زۆر زۆر كه‌مه، هه‌روه‌ك پێشتریش وتم ده‌بێت ئه‌و پرسیاره بكه‌ین داخۆ به فیعلی پێمان ناوه‌ته‌وه ناو دونیای نوسینه‌وه؟
منیش وه‌ك هه‌مو كه‌سێكی تر كه شانازی به مه‌حوی نالیه‌وه ده‌كات منیش ده‌یكه‌م، به‌ڵام شیعر رزگاركه‌ری ئێمه‌یه؟ ئایا هه‌ر به‌ڕاست قسه‌ی جددیشمان له‌سه‌ر شیعر هه‌یه؟ ئایا شیعر ده‌توانێت مه‌ده‌نیه‌ت و شارستانیه‌ت بخوڵقێنێ؟ له كاتێكدا ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌م بۆخۆم دیوانی شیعرم هه‌یه..
KNN: ئه‌ی ئه‌و تێكستانه كامانه‌ن خاڵین له شیعریه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌و، قسه‌كردنێكی عه‌قڵانی تۆخن؟
فاروق ره‌فیق: یه‌كه‌م ئێمه ئه‌و تێكستانهمان نیه، دوه‌م پێم خۆش نیه خوانه‌خواسته كه‌سانێك وا هه‌ست بكه‌ن كه من بێ رێزی به‌رامبه‌ر به شاعیرانی كورد ده‌كه‌م، نه‌خێر به به‌رده‌وامی شیعری كوردیمان خوێندوه‌ته‌وه ئاگاداری كلاسیكیش هه‌ین... به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه ئه‌وه‌یه ته‌نانه‌ت شیعره‌كانیش پێویستیان به خوێندنه‌وه‌ی دیكه هه‌یه، ئه‌مه به‌ومانایه مه‌به‌ستمه كه چه‌نده‌ها شیعر هه‌یه ناچێته ناو بابه‌تی شیعره‌وه.. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی منیشه له ته‌واوی ئه‌م قسانه، په‌نابردنه به‌ر شیعر به مانی ئه‌وه نیه ئێمه نوسینمان هه‌یه.. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی نوسینه بریتیه له په‌خشان كه دواجار لێیه‌وه فیكر له دایك ده‌بێت.. بۆیه هه‌مدیس ئه‌و سه‌رنجه ده‌ده‌م داخۆ به‌راستی ئێمه چوینه‌ته ناو قۆناغی قسه‌كردن له‌سه‌ر نوسین و فیكر!.
له پێشتر ئه‌و پرسیاره‌م خسته پێشچاو كه" تا ئێستا كورد كتێبێكی هه‌یه له‌سه‌ر حكومه‌ت؟". بێگومان نیه‌تی..
KNN: بۆچونێك هه‌یه ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابوردودا نوسراوه، زۆربه‌ی راوبۆچونه، راوبۆچونیش مه‌عریفه دروستناكات؟
فاروق ره‌فیق: رێك به‌و شێوه‌یه، بۆخۆشم له نوسینه‌كانمدا جه‌ختم كردوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌وه، ئه‌مه كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیه‌و له‌و كۆرسێكیشدا كه بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆماری ئه‌فلاتۆن تهرخانمانكردبو باسمان له‌وه‌كرد كه له دیدی ئه‌فلاتۆن و ته‌نانه‌ت ئهرستۆشهوه كێشه‌كه ده‌ستپێده‌كات، را هه‌یه، رای نادروست هه‌یه، دواتر مه‌عریفه هه‌یه. مه‌رج نیه هه‌مو رایه‌ك مه‌عریفه‌بێت، رایه‌ك ده‌توانێت بگاته ئاستی مه‌عریفه كه تاقیكرابێتهوهو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵگه‌ی عه‌قڵی بونیادنرابێت. بۆ نمونه له زانست‌دا، رایه‌ك ده‌توانێت زانستی بێت كه كۆمه‌ڵێك تیۆره‌ی له بهردهستدابێت، ئیتر هه‌ر له‌خۆوه هیچ زانایه‌ك نایه‌ت به‌بێ به‌ڵگه تیۆره‌كه به‌رپه‌رچبداته‌وه، یاخود بڵێت پێمخۆشه گه‌ردون به‌م شێوه‌یه نه‌بێت به شێوه‌یه‌كی دیكه بێت..
دواتریش یه‌كێك له داینامیكیهكانی خودی مه‌عریفه بریتیه له تاقیكردنه‌وه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، بۆ نمونه تیۆره‌یه‌كی زانستی، ته‌نانه‌ت به بۆچونی كارڵ پۆپه‌ر، یه‌كێك له بنه‌ماكانی ئه‌وه‌یه ره‌تبكرێته‌وه، به‌رای ئه‌و تیۆره‌یه‌ك شایاننی ره‌تكردنه‌وه نه‌بێت ئیتر ئه‌وه تیۆره نیه، كه‌واته یه‌كێك له داینامیكیهتهكانی نهعریفه ئه‌وه‌یه جارێكی دیكه تاقیبكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌و مه‌عریفه‌یه به‌ره‌و دۆگمابون وه‌رده‌چه‌رخێت و ده‌بێت به شتێك هه‌مومان ده‌سته‌مۆی ده‌بین و كڕنوشی بۆ ده‌به‌ین. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه له ده‌ساڵ جارێكدا مه‌عریفه‌ی مرۆڤایه‌تی دو به‌رامبه‌ر ده‌بێته‌وه.. تا ئێستا له خۆرئاوا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌سه‌ر كتێبی كۆماری ئه‌فلاتۆن سه‌ده‌ها كتێب نوسراوه، ئه‌مه به‌و مانایه نیه نوسه‌ره‌كان بڵێن ئێمه‌ش هه‌ین، به‌ڵكو ئه‌مه به‌و مانایه‌دێت كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئه‌و كتێبه تاقیده‌كرێته‌وه.. ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدابێت سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی ئێمه رۆشنبیرانی عه‌ره‌به و له ئێرانیش فارسه‌كانن، چه‌نده‌ها نوسین هه‌یه كه لێره به فۆرمێكی دیكه نوسراون، هه‌مان بۆچونه‌كانی ئهدۆنیسن له‌گه‌ڵ رێزم بۆی.. بۆیه هه‌تا ئه‌م حاڵه‌ته جێنههێڵینن و نه‌چینه سه‌ر خودی كانزاكه كه فیكری مرۆڤایه‌تیه له رێگه‌ی زمانه زیندوهكانیهوه، ئه‌وه تا ماوین به ده‌سته‌مۆیی ده‌مێنینه‌وه...
KNN: تا ئێستاش حیزب پێی وایه به‌هۆی مه‌ترسیه‌كانی چوارده‌ورمان پێویستمان به گوتاری مانه‌وه هه‌یه، ئایا له‌م روانگه‌وه چۆن ده‌بێت به‌رهه‌ڵستی مۆدێلی حیزب بكه‌ین كه له پشت ئه‌م بۆچونهوهیه؟
فاروق ره‌فیق: له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م به‌وه‌دا له‌به‌رئه‌و ئه‌و رۆڵه گه‌وره‌یه‌ی حیزب هه‌یبوه گرنگی به حیزب ده‌ده‌ین، چونكه ئێمه خاوه‌نی دامهزراوهنهبوین، ته‌نها مزگه‌وتمان هه‌بوه كه ئه‌ویش ئێستا وه‌ك فۆرمێك له فۆرمه‌كان له قه‌یراندایه، به‌ڵام وریایی ده‌وێت قسه له‌سه‌ر بیری ئایینی بكه‌ین. كه‌واته لێره‌وه دو دامه‌زراوه هه‌یه كه ده‌بێت ئێمه قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین، یه‌كێكیان مزگه‌وته به خۆی و هه‌مو ئه‌و ئاماژانه‌ی له ده‌وری خۆی كۆیكردونه‌ته‌وه، ئه‌و دیكه‌شیان حیزبی سیاسیه كه له په‌نجا ساڵی رابوردو دروستكراوه.
له ئێستادا پێویسته خۆمان ئاماده بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر مزگه‌وت بكه‌ین، هاوكات ده‌بێ قسه له‌سه‌ر حیزب بكه‌ین. له‌م حاڵه‌ته‌دا حیزب له په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه له‌و فه‌زا ئازاده‌ی كه باسمكرد و تێیدا زۆرترین هه‌ل بۆ مرۆڤه‌كان ده‌ڕه‌خسێت تا تاقیكردنه‌وه‌ی ژیانی خۆیان بكه‌ن، ده‌بێ بپرسین حیزب كۆمهككهره، یاخود خه‌ریكی چ شتێكه؟
راستیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌م فۆرمه له حیزب له ئێستادا خه‌ریك شێواندندنی فه‌زای مه‌ده‌نیه. ئێمه رێكخراوی مه‌ده‌نیمان پێویسته، ئیتر پێویست ناكات ئه‌و رێكخراوه راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به حیزبه‌وه هه‌بێت. به‌ڵام حیزب هاتوه رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان دروست ده‌كات! ئالێره‌دا حیزب سه‌رقاڵی بڵاوه‌پێكردنی موماره‌سه‌ی مه‌ده‌نی نیه، به‌ڵكو كاركردنی ئه‌و بریتیه له جێگیركردنی پێگه‌ی خۆی له ناو كۆمه‌ڵگادا، هه‌ر یه‌كێك له‌و رێكخراوه به‌كاردێنێت بۆ پرۆمۆت كردنی نوخبه‌ی حیزبه‌كه‌ی و مانه‌وه‌ی. ئه‌مه‌ش رۆڵی ئه‌و رێكخراوانه بێت، كه‌واته رۆڵێكی مه‌ده‌نی نیه، ئه‌گه‌ر من و تۆش ئینتیمامان بۆ ئه‌و حیزبه نه‌بێت، له‌وێدا شوێنمان نابێته‌وه. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی ئاسۆسهیشنای، تۆكڤێڵ له‌و سیسته‌مه كۆماریهی كه ئێمه چاومان لێبڕیوه باسیده‌كات، په‌یوه‌ندیان به حیزبه‌وه نیه.. مرۆڤه مه‌ده‌نیه‌كان، كۆمه‌ڵه‌كان دروستده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش داینامیكیهتێك ده‌دات به‌و كۆمه‌ڵانه له‌و ئاراسته‌وه كه كۆمه‌ڵه‌كان قسه له‌سه‌ر هه‌مومان ده‌كات. ئه‌مه له كاتێكدایه لێره كۆمه‌ڵه دروستده‌كرێت ئه‌ركی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر حیزبێك قسه ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌بینین كه حیزب چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ی دروستكردوه‌و ناوی مه‌ده‌نیشی لێناون، كه‌چی سهرنجام وه‌ك هه‌مومان ده‌زانین ته‌نها واجیهه‌یه‌كی حیزبن.
له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویسته به حیزب بڵێین ئێوه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و فه‌زایه ببن..
KNN: ببوره، چ پێویست ده‌كات له كاتی كاركردنی بكه‌رێك له ناو دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیدا ئینیما حیزبیه‌كه‌ی خۆی بگوێزێته‌وه ئه‌و شوێنه؟
فاروق ره‌فیق: من دۆستی خۆم هانداوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕواته ناو حیزبی كوردیه‌وه‌و پێم وتوه بونی تۆ له‌و پێگه‌دا كاریگه‌ری هه‌یه، پێم وتوه گه‌ر تۆ بیت له‌و شوێنه‌دا باشتره تا كه‌سانێك نه ئه‌خوێننه‌وه، نه گوێ ئه‌گرن، نه ئاگایان له دونیایه. بۆ یه‌كێتی و پارتیش به یه‌كسانی هه‌مان قسهمكردوه ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه خۆم هیچ ئینتیمایه‌كی حیزبیم نیه‌و باوه‌ڕیش ناكه‌م هیچ حیزبێك له‌م وڵاته بتوانێت ته‌حه‌ممولی نیو سه‌عاتی من بكات.. مه‌به‌ستم له‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه من له ئینتیمای حیزبی ناده‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت بڵێم ناكرێت حیزب ژیانمان داگیر بكات، فه‌زای مه‌ده‌نیمان لێ داگیر بكات، به‌ڵكو حیزبیش ده‌توانێت بكه‌رێك بێت له‌و فه‌زایه‌ی ئێمه باسی ده‌كه‌ین، به‌ڵام بكهرێت نا كه بێت و شێوازه‌كانی ژیان و بیركردنه‌وه‌كانی به‌سه‌ر ئَێمهدا بسه‌پێنێت، یاخود چی له‌به‌ر بكه‌ین وه‌ك له فۆرمه ئیسلامیه‌كه‌دا ئه‌مه هه‌یه، یاخود كه‌ی نان بخۆین؟ كه‌ی نه‌یخۆین؟ له كوێ بیخۆین؟ شه‌راب بخۆینه‌وه یاخود چا؟... ئه‌مه له كاتێكدایه له ئێستادا ئه‌م بكه‌ره له ناو ئه‌م فه‌زایه‌دا هه‌یه‌و كارده‌كات..
ئه‌و دو دامه‌زراوه‌ی باسمكرد، مزگه‌وت و حیزب، له رابوردودا شوێنی زانكۆ و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی و تینك تانكه‌كانی بۆ گرتوینه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد‌دا نه‌بوین و هه‌مو شتێكمان داوه به حیزب، له هه‌مو شتێك نامۆتر ئه‌وه‌یه كه حیزب رۆڵی میدیای بینیوه.. ده‌بو بۆ هه‌مو شتێك پرس به حیزب بكه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ی له كاتی خۆیدا هه‌ر پرسیارێك له شیوعیه‌كان بكرایه ده‌یانوت حیزب ده‌یزانێت.. ئیتر له ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه له حیزب وه‌ربگریته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئیشه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی خۆی بكات، ئه‌ویش پێویسته به‌وه رازیبێت.
له‌مه‌ودوا پێویسته زانكۆ بیر بكاته‌وه نه‌ك حیزب، رێكخراوه‌ی مه‌ده‌نی دروستبكه‌یت نه‌ك حیزب، پێویسته میدیایه‌كی ئازاد هه‌بێت كه رۆڵی چاو‌دێر ببینێت و راستی و دروستی روداوه‌كان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نێت، وه‌ك وتمان سه‌رده‌مێك بوه میدیای حیزب رۆڵی خۆی بوه، به‌ڵام له ئێستادا ئیتر میدیای حیزب به‌ربه‌سته له به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسیزهكردنی ئه‌زمونی كوردیدا. ئه‌مه به‌و مانا نیه یه‌كسه‌ر ههڵبكوتینه سه‌ر رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی حیزب، به‌ڵكو رێگه هه‌یه‌و چاره‌سه‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه هێواش هێواش كار بكرێت تا ئه‌وكاته‌ی پێویست بكات حیزب میدیای نه‌بێت.. میدیایه‌ك هه‌بێت ئێمه دروستمانكردبێت و حیزب له‌وێوه دیدو بۆچونی خۆی بخاته‌ڕو، ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه ئێمه ده‌بێت چاوی لێببڕین.
KNN: لێره‌دایه دێینه سه‌ر په‌یوه‌ندی ئازادی به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه؟
فاروق ره‌فیق: بێگومان، چونكه سه‌رجه‌م ئه‌و داینامیكیهتهی باسمانكرد ئه‌نجامنادرێت تا ئازادی نه‌بێت، ئازادی وه‌ك ئۆكسجین وایه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و مرۆڤی ئازاد. قسه‌كردنیش له ئازادی پێویستی به تیۆریزه‌و تێگه‌یشتن هه‌یه به هه‌مو چهمكهكانیهوه وه‌ك له كتێبی "كاتژمێرێكی ماوه بۆ نیوه شه‌و" به‌شێكم بۆ ئه‌و بابه‌ته ته‌رخانكردوه.
ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌بیت به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌ته‌وێت بژیت، ئازاد نه‌بیت پرسیار بكه‌یت، ئازاد نه‌بیت كۆمه‌ڵێك رۆڵی كلتوری هه‌یه تاقیبكه‌یته‌وه، ئه‌وكات تۆ گیرت خواردوه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ نۆرمی كلتوری له‌گه‌ڵ چه‌ند دۆگمایهكدا..
ئازادی وه‌ك كلیلی هه‌مو كێشه‌كان پێویسته جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه، هاوكات پێویسته بۆ ده‌ره‌نجامه سلبیه‌كانیشی خۆمان ئاماده بكه‌ین.. لێره‌دا ئه‌بێت ئه‌وه بزانیت ئازادی ده‌ره‌نجامی هێجگار خراپیشی ده‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و قسانه‌ش كه ده‌وترێت له‌گه‌ڵ نۆرمی ئایین و كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا ناگونجێت، ده‌بێت هه‌ر لهگهڵیدابیت. چونكه ناكرێت بانگه‌شه‌ی ئازادی بكه‌یت به كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه..
KNN: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فهوزاشی لێ بكه‌وێته‌وه؟
فاروق ره‌فیق: كێ ده‌ڵێت فه‌وزا خراپه، كێ ده‌ڵێت له‌و سه‌ره‌وه فه‌وزا بونیادی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیدا نانێت، ئه‌وه به‌و مانایه مه‌به‌ستمه فه‌وزا زۆر باشتره له چه‌قبه‌ستنی ئازادی و ئایینی و كلتوری. ئه‌گه‌ر ئازادی نه‌بێت چۆن ده‌توانیت تاقیكردنه‌وه‌ی دروشمه ئایینه‌كان بكه‌یت.. له دونیای مه‌سیحیدا ئازادی كارێكی كردوه كه له ناو ئاییندا فیكر به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌مه تاراددهیهكه سه‌ره‌نجام هه‌ر بۆچونێكمان به‌رامبه‌ر به مه‌سیحیه‌ت هه‌بێت، له‌گه‌ڵ رۆحماندا قسه ده‌كات..
KNN: له‌م كاته‌دا كه ته‌نانه‌ت ره‌فتاری مه‌ده‌نی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هێشتا له ئاستی تاكه‌كه‌سیش نه‌چه‌سپیوه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ت پێدا، ده‌ستبردن بۆ بیركردنه‌وه ئایینیه‌كان شۆكێك دروست ناكات؟
فاروق ره‌فیق: هه‌مو شۆكێك باشه، هه‌مو شۆكێك ده‌بێته هۆی هۆشیاربونه‌وه، مه‌گه‌ر خواردنه‌وه‌ی قومێك له حه‌قیقه‌ت به‌س نیه بۆئه‌وه‌ی هۆشیار ببینه‌وه؟ خۆ ناكرێت له‌سه‌ر بۆچونه‌كانمان بخه‌وین! بێده‌نگ بین له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك دیدو بۆچونمان كه زه‌مه‌ن جێیهێشتوه. مانای هه‌یه بۆچونی زانستی ئێمه هی سه‌رده‌می سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بێت؟! ته‌نانه‌ت زۆربه‌مان باوه‌ڕی به‌وه نیه زه‌وی خڕه، ئاخر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه لای ئێمه هیچ شۆڕشێكی زانستی روینه‌داوه، كه‌چی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه زانستیانهشین كه رویانداوه له شوێنانی دیكه..
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی كه تێیدا ده‌ژین، سه‌رده‌می شۆڕشی بایه‌لۆژیه، ئێمه چی ده‌زانین ده‌رباره‌ی بایه‌لۆژی؟ بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویستمان به شۆكێك هه‌یه له رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه.. ئه‌وه‌ی ده‌وترێت كه پێویسته به هێواشی ئه‌و كاره بكرێت هه‌رگیز ناگاته ده‌ره‌نجام.. بۆیه پێویسته بێینه ناو جیهانه‌وه، پێویسته ئاگاداری تاوتوێ زانسته‌كان بین.. هاوكات له‌م كاته‌دا نابێت بترسین، چونكه گورز ده‌خۆین، به‌ره‌نجامی ئه‌و گورز خواردنه‌ش ئیجابی ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام شتێكی دیكه‌ی لێ به‌رهه‌م دێت كه چاك و ماناداره..
من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم ده‌ستكاری ئه‌وه بكه‌یت و ده‌ستكاری ئه‌وی دیكه نه‌كه‌یت، نه‌خێر، پێویسته بوێریمان هه‌بێت، مه‌رج نیه هه‌مو هاونیشتمانیان له‌م پرۆسه‌دا به‌شداربن، به‌ڵكو ئه‌وه ئه‌ركی من و تۆ و میدیایه‌و سیاسیه‌كانه كه هه‌ڵده‌ستن به تاقیكردنه‌وه‌ی به‌هاو نۆرمه‌كان و فه‌زایه‌كی ئازاد ده‌خوڵقێنین.. ئیدی ئه‌وكات خه‌ڵكانی دیكه‌و هه‌ركه‌س له بواری خۆیدا تاقیكردنه‌وه‌ی كایه‌كان ده‌كات. ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و فه‌زا مه‌ده‌نی و ئازاده‌یه كه من جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌مه‌وه كه دواجار كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندو دروستده‌كات. له‌به‌رامبه‌ریشدا غیابی ئه‌م ئازادیه، یه‌كسانه به غیابی كۆمه‌ڵگای زیندو.
KNN: ویستمان باس له ئینتیما بكه‌ین، به‌ڕای تۆ لاوازبونی ئینتیما بۆ نیشتمان له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
فاروق ره‌فیق: پێویسته ریشه‌ی ئه‌مه بزانین؛ له‌م روانگه‌شه‌وه ته‌نها خێڵ نیشتمانی نیه، وه‌ك كاك حه‌مه فه‌ریق حه‌سه‌ن له كتێبه‌كه‌یدا باسی كردوه ته‌نانه‌ت جوتیار به خاكێكی دیاریكراوه‌وه ده‌وه‌ستێته‌وه‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات ئه‌و زه‌ویه‌ی هه‌یه‌تی زه‌وی ئه‌وه‌و به‌رگریشی لێده‌كات. به‌ڵام مێنتاڵیه‌تی خێڵ به‌سه‌ر ئێمه‌دا زاڵه، بۆیه هه‌ر له سیاسهتمانهوه تا نوسین و ره‌فتاری رۆژانه‌مان، نا نیشتمانیه. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كوردی له ماوه‌ی په‌نجا ساڵی رابوردودا نه‌یتوانیوه ئه‌و ئینتیمایه بۆ نیشتمان دروستبكات..
ئینتیما بۆ نیشتمان چۆن دروستده‌كرێت؟ یاخود نیشتمان چۆن دروستده‌كرێت؟؛ نیشتمان به رێزگرتن له كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورد دروستده‌كرێت، به به‌جێهێشتنی سه‌رجه‌م ئه‌و شوناسه بچوكانه ده‌بێت كه ئێمه‌ی به‌ستوه‌ته‌وه، نمونه‌ی ئه‌مه خێڵ و عه‌شیره‌ت و ناوچهگهریهتیه.. ئه‌وه ئیشی ناسیۆنالیزم بو كه ده‌بوایه سه‌رجه‌م ئه‌م شوناسانانهی جێبهێشتایهو دواتر له شوناسی كوردبوندا كۆی بكردینایهتهوه. ئه‌مه‌ش به ته‌نها به‌س نیه، ئه‌وه‌ش ماوه كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤی كورددا ده‌كه‌یت، ئه‌و كاره ته‌نها به بانگه‌شه ناكرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌بێت له دونیابینیه‌وه سه‌یری مرۆڤی كورد بكرێت، ئه‌و كاتانه‌ی كه ده‌رفه‌ت ره‌خساوه، داخۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه له‌گه‌ڵ مرۆڤی كورددا كراوه؟ بێگومان نه‌خێر..
KNN: هۆی لاوازی ئینتیما بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه كاتێك هاونیشتمانی ئاوڕ له خه‌باتی په‌نجا ساڵی حیزبی كوردی ده‌داته‌وه، هه‌ست به مایه‌پوچی ده‌كات؟
فاروق ره‌فیق: له‌و ئه‌زمونه‌دا ده‌كرێت به ده‌ره‌نجامێك بگه‌ین، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت بیرۆكه‌ی شكستی ناسیۆنالیستی كورد له دروستكردنی وه‌ها شوناسێك ته‌واوبكه‌م؛ راستیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه حیزبی كوردی له‌وه‌دا شكستی هێنا ئینتیما له ناخی هاونیشتمانیاندا زیندو بكاته‌وه، به بارێكی دیكه‌شدا كه‌مته‌رخه‌میه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو دامه‌زراوه مه‌ده‌نیه‌كاندا بون.. له په‌نای شكستی سیاسی و كاركردنی مه‌ده‌نی، دواتر شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه به‌ناوی ئینتیما بۆ نیشتمان.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تروسكایی هه‌یه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌نده‌ها فۆرمی جوانمان له ناو شیعری كوردیدا ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام نه‌بوه به به‌شێك له بیركردنه‌وه‌مان كه تێیدا پابه‌ندبونێكی جیگیرمان هه‌بێت به نیشتمانه‌وه.
پێمخۆشه هه‌ر لێره‌دا شتێك بڵێم:"قورسترین شت له ئه‌خلاقی تاكی خۆرئاواییدا بریتیه له ناپاكی له‌گه‌ڵ نیشتمان"، كاتێك كه سیخوڕه‌كان ئاشكرا ده‌بن، مرۆڤه‌كانی ئه‌و وڵاتانه توشی شۆك ده‌بن، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ئه‌مریكی خیانه‌ت له وڵاته‌كه‌ی خۆی بكات، خه‌ڵكی وڵاته‌كه توشی شۆك ده‌بن.. له‌وماوه‌یه‌دا كه ده‌ركه‌وت هه‌ندێك كه‌س سیخوڕیان بۆ روسیا كردوه، یاخود ئه‌مریكیه‌ك چوبوه ریزی هێزه‌كانی تاڵیبانه‌وه، خه‌یاڵت قبوڵی ناكات چ شۆكێكی له‌لا دروستكردن.. لێره‌دا مه‌عقوله كه‌سێك خیانه‌تی له‌گه‌ڵ نیشتماندا كردبێت هه‌ڵیببژێریت بۆ په‌رله‌مان؟! لێره خیانه‌ت له هاوڕێ و نیشتمان لێپرسینه‌وه‌ی نیه، ده‌زانیت بۆ؟ چونكه له دیدی ئێمه‌دا شتێك نیه به ناوی نیشتمان.. هه‌ر به‌وهۆیه له‌گه‌ڵ خائینهكاندا ته‌وقه ده‌كه‌ین و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانیان ده‌كه‌ین و فایلداره‌كان هه‌ڵده‌بژێرینه‌وه، كه‌چی ئه‌وه‌ی نیه لێنه‌پرسینه‌وه، خه‌ڵك هه‌یه له ئه‌نفالكردنی هاونیشتمانیاندا به‌شداری كردوه، به‌ڵام دادگایی ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌م و كوڕیه‌ك هه‌یه له ئێمه‌دا، كه‌م و كوڕی هه‌یه له بونی ئێمه‌دا.
KNN: دوا سه‌رنجت له كۆتایی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا چیه؟
فاروق ره‌فیق: هه‌میشه له كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كاندا ئیتر ده‌وه‌ستم، چونكه وا ده‌زانم ئێستا ده‌ستمانكردوه به قسه‌كردن؛ به‌هه‌رحاڵ ده‌مه‌وێت خه‌ڵكی كورد بزانێت ئه‌و قسانه‌ی من ده‌یكه‌م بۆ خۆشی نیه یاخود بۆ ئه‌وه نیه پاسپۆرتێكی پێوهربگرم و ناوم بنرێت رۆشنبیر، من نوسه‌رێكی ته‌قلیدیم له‌وه‌دا كه خۆم به ویژدانی خه‌ڵك ده‌زانم، هیوادارم ئه‌و قسانه‌ی ده‌یكه‌م وا لێم وه‌ربگرێت كه ئه‌مه مرۆڤێكه ئینتیمای به خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، بێزاره له هه‌مو ئه‌و نا دادپه‌روه‌ریانه‌ی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌ی كراوه، دواتریش توڕه‌یه له ناچالاكبونی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.