راپۆرتی: سه‌نگه‌ر جه‌مال
حكومه‌تی هه‌رێم بڕیار ده‌دات هه‌مو به‌ڵگه‌كانی تایبه‌ت به پرسی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان بخاته به‌رده‌م په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌و كێشمه‌كێش‌و ناكۆكییه‌ی له‌ماوه‌ی رابردودا سه‌باره‌ت به‌و پرسه له نێوان ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا كه‌وته‌وه.
كۆبونه‌وه‌ی گشتیی
دوای ئه‌و مقۆمقۆیه‌ی سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت له كوردستان دروستبو، ئاشتی هه‌ورامی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ رونكردنه‌وه رێكخست‌و دواتریش له رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردو كۆبونه‌وه‌یه‌كی گشتیی سازكرا له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ی‌و وه‌زیرانی سامانه‌سروشتیه‌كان‌و پلاندانان‌و دارایی‌و شه‌هیدان‌و رێكخه‌ری نێوان حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان (سه‌عد خالید بۆ ئه‌و پۆسته دیاریكراوه).
سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌كه به‌پێویست ده‌زانن‌و به هه‌نگاوێكی ئیجابی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
ئارام قادر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی له په‌رله‌مانی كوردستان، پێیوایه هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه بۆ نه‌هێشتنی ناشه‌فاف بون‌و نه‌مانی ئه‌و ناڕونیه‌ی سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت هه‌بوه، ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌كه‌ش به هه‌نگاوێكی ئیجابی ده‌زانێت به‌وپێیه‌ی "ئه‌و باس‌و خواسانه‌ی له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كران، پرۆسه‌ی سیاسیی له كوردستان به‌ره‌وه‌پێشه‌وه ده‌بات".
ئارام قادر وتی: "هه‌ر سێ لیستی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ) له كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه، كه ده‌رهێنان‌و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانن به‌وپێیه‌ی سامانێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌و مافی نه‌ته‌وه‌یی‌و یاسایی‌و حكومه‌تیشه، كه كورد ئه‌وه پیاده بكات‌و داكۆكیشی لێده‌كه‌ین، چونكه پێگه‌و بژێویی هاوڵاتیانی كورد زیاد ده‌كات، وتی: "جگه له‌وه جه‌ختمانكرده‌وه له جێبه‌جێكردنی یاسای نه‌وت‌و غازی هه‌رێم، كه به‌بڕوای ئێمه جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و یاسایه یه‌كێك بوه له‌و هۆكارانه‌ی ئیشكالیه‌تی زۆری دروستكردوه، حكومه‌تیش به‌ڵێنی ئه‌وه‌یدا، كه به جدیی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌ركراوه جێبه‌جێ بكرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سۆزان خاڵه شه‌هاب، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كوردستانی ، پێیوایه ئه‌و زنجیره كۆبونه‌وانه‌ی له‌م دواییانه‌دا كرا تایبه‌ت به ورده‌كاریی ده‌رهێنانی نه‌وت‌و سود لێوه‌رگرتنیان، بۆ ئه‌وه‌یه به شه‌فافی په‌رله‌مان ئاگاداری بێت‌و له‌ڕێی ئه‌وانیشه‌وه هاوڵاتیان لێی ئاگاداربن، "چونكه پرسی نه‌وت زۆر گرنگه‌و ده‌بێت داهاته‌كه‌ی شه‌فاف بێت‌و په‌رله‌مان ئاگاداری بێت‌و به‌دواداچونی بۆ بكات".
سۆزان هه‌روه‌ها وتی: " به‌وپێیه‌ی پرسی به قاچاخبردنی نه‌وت وروژێنرا، ده‌بێت میكانیزمێكی بۆ بدۆزرێته‌وه بۆئه‌وه‌ی راستی‌و دروستی ئه‌و قسه‌یه بزانرێت، جگه له‌وه‌ی بڕیاری جێبه‌جێكردنی یاسای نه‌وت‌و غاز‌و دروستكردنی سندوقێك بۆ داهاتی نه‌وت درا، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی خسته به‌رده‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی بدرێته لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار تا بزانن ئه‌و رێژه‌یه‌ی نه‌وتی ره‌ش كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یفرۆشێت په‌رله‌مان به‌دواداچونی بۆ بكات له‌گه‌ڵ ئه‌و رێژه‌یه‌ی به سنوره‌كاندا تێپه‌ڕده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بزانرێت له كوێدا جیاوازیی‌و كه‌مه‌كوڕی‌و كێشه هه‌یه دیاری بكرێت".
هه‌روه‌ك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات؛ كه حكومه‌ت ئامێری پێوانه‌ی نه‌وتی ره‌ش‌و خاو ده‌كرێت، وتیشی: "ئێمه هیوادارین پرسی نه‌وت پرسێكی شه‌فاف بێت".
گرێبه‌سته‌نه‌وتیه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن
ئه‌وه‌ی جێی ئومێدی په‌رله‌مانتاران‌و هاوڵاتیانیشه قایل بون‌و بڕیاردانی حكومه‌تی هه‌رێمه له كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردو به خستنه‌ڕوی به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به پرسی نه‌وت به گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كانیشه‌وه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، چونكه تائێستا هیچ په‌رله‌مانتارێك زانیاریی له‌باره‌ی ئه‌و ورده‌كاریی‌و به‌ڵگانه‌وه نه‌بوه، به‌ڵام وته‌بێژی حكومه‌ت دان به‌وه‌دا نانێت كه ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه بده‌نه په‌رله‌مان.
ئارام قادر ئاماژه به‌وه‌ده‌كات: كه حكومه‌ت بڕیاری له‌و شێوه‌یه‌ی داوه‌و وتی: "بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه دراوه كه هه‌مو به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به مه‌سه‌له‌ی نه‌وت بخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران، جگه له‌وه بڕیاردان به جێبه‌جێكردنی یاسای نه‌وت‌و غاز واته بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌مو شتێك، چونكه له‌و یاسایه‌دا هاتوه: كه پاڵاوگه‌كان ده‌بێت مۆڵه‌تی یاساییان هه‌بێت، له ماده‌یه‌كی تردا هاتوه: كه داهاتی نه‌وت ملكه‌چ بێت بۆ به‌دوابه‌دواداچونی په‌رله‌مان له ئێستا‌و داهاتودا".
سۆزان شه‌هاب له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "حكومه‌ت ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی ده‌ربڕیوه بۆ خستنه‌ڕوی به‌ڵگه‌كان بۆ په‌رله‌مان، بڕیاره له دانیشتنه‌كانی داهاتوشدا داهاتی شیرینی نه‌وت رونبكرێته‌وه بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌دواداچونی بۆ بكات".
هه‌روه‌ك هاژه سڵێمان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ئازادی‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێت: "وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كانی هه‌رێم رایگه‌یاندوه؛ كه له‌مه‌ودوا هه‌مو مانگێك راپۆتی خۆیان بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت‌و موشته‌قاته‌كانی ده‌به‌ینه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئێمه‌ش ده‌توانین ئه‌وه راپۆرتانه وه‌ربگرین‌و به‌دواداچونی بۆ بكه‌ین".
د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی، سه‌رۆكی لیستی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، پێیوایه: "هێشتا ماوه رونكردنه‌وه‌ی زیاتر بدرێت‌و په‌رله‌مان دڵنیا بكرێته‌وه له‌وه‌ی كه فیعله‌ن هیچ به‌رهه‌مێكی نه‌وت به قاچاغ ناڕواته ده‌ره‌وه، به‌ڵكو به‌ڕێی ره‌سمیی ده‌ڕوات‌و داهاته‌كه‌شی ده‌چێته ئه‌و حساباته‌ی خۆیان ده‌ڵێن به‌بێ ئاگاداریی په‌رله‌مان ده‌ستكاریی ئه‌و پاره‌یه ناكرێت".
د. كاوه مه‌حمود، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌ڵامی پرسیاری (رۆژنامه)دا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا حكومه‌ت ئاماده‌یه به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به پرسی نه‌وت بۆ په‌رله‌مان ئاشكرا بكات، وتی: " كۆبونه‌وه‌یه‌ك كراوه له‌نێوان وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كان‌و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان حه‌تمه‌ن تێیدا هه‌ندێك شت باس كراوه‌و فراكسیۆنه‌كانیش هه‌ر پرسیارێكیان هه‌بوبێت توانیویانه ئاراسته‌ی بكه‌ن"، (رۆژنامه) جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئایا حكومه‌ت ئاماده‌یه به‌ڵگه‌نامه‌كان له چۆنیه‌تی گرێبه‌سته‌كان‌و چۆنیه‌تی فرۆشتن‌و داهاته‌كانی نه‌وت بداته په‌رله‌مان، به‌ڵام وته‌بێژی حكومه‌ت وتی "په‌رله‌مان داوای چی بكات حكومه‌ت هاوكاری ده‌كات، چونكه دو ده‌زگای ته‌واوكه‌ری یه‌كترن‌و هه‌ماهه‌نگی هه‌یه له نێوانیاندا، په‌رله‌مان مافی خۆیه‌تی به‌دواداچون یا پرسیار‌و داوای رونكردنه‌وه له هه‌مو وه‌زیرێك بكات‌و ئه‌و وه‌زیره‌ش به‌پێی ئه‌و ئسوڵه‌ی هه‌یه رونكردنه‌وه‌ی پێویست پێشكه‌ش بكات".
وتیشی: "باسی به‌ڵگه‌نامه ناكه‌م به‌ڵام هه‌ر پرسیارێك په‌رله‌مان هه‌یبێت ده‌توانێت ئاراسته‌ی حكومه‌تی بكات، په‌رله‌مان مافی خۆیه‌تی پرسیار ئاراسته‌ی هه‌ر وه‌زیرێك بكات كه ئایا به‌نوسین وه‌ڵامی بداته‌وه یا بانگهێشتی په‌رله‌مانی بكات ئه‌وه مافی په‌رله‌مانه".