راپۆرتی: دلێر عه‌بدولخالق
پرۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌مواری یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی‌و هه‌وڵه‌كان بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن له هه‌رێم، رۆژنامه‌نوسان دوچاری ترس له به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان ده‌كاته‌وه‌و پارتی دیموكراتیش وه‌ك بكه‌ری هه‌وڵه‌كان، بۆ رێكخستنی كاری میدیایی ده‌یگێڕێته‌وه.
گۆڕانكارییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی (25)ی ته‌مموزی (2009) له ده‌ركه‌وتنی هێزی نوێ له جه‌سته‌ی سیاسیی هه‌رێم‌و زیادبونی كاریگه‌ریی میدیای ئه‌هلیی له‌و چوارچێوه‌یه به‌ده‌ستبردن بۆ به‌شێك له‌و زانیارییه نهێنییانه‌ی پێشتر له چنگی حیزبه باڵاده‌سته‌كان ده‌رنه‌ده‌هات، به‌ره به‌ره ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و مه‌وقیفی ئیحراجبون ئاراسته كرد، لێره‌وه چاوه‌ڕوانكراوه ئه‌وانه‌ی زیانمه‌ند ده‌بن له ده‌ستكراوه‌یی میدیای ئازاد‌و ئه‌هلیی میكانیزمێك بسازێنن بۆ چاوخشاندنه‌وه به گرنگترین ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی رۆژنامه‌نوسان له یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ساڵی (2007)دا به‌ده‌ستیانهێناوه.
هه‌مواری یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی
له كۆتایی مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی، له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی به‌ناوی ئازادییه‌وه ده‌كرێت فه‌وزایه، به‌ناوی ئازادییه‌وه بێ به‌ڵگه هێرش ده‌كرێته سه‌ر یه‌كێك‌و به مافی ئه‌ویش نازانرێت به‌پێی یاسا به‌رگریی له‌خۆی بكات، ئه‌وه فه‌وزای خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و كه‌شه ئازادییه‌ی هه‌رێمه نابێت چیتر قبوڵبكرێت".
پێشتریش به‌شه‌كه‌ی تری ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌یادی (112) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه ئاماژه‌ی به هه‌مواری یاسای ژماره (35)ی ساڵی (2007)ی رۆژنامه‌گه‌ریی كرد.
ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و گوتارانه‌و پاشهاته‌كانی رۆژانی دواتر، له به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتری ده‌سه‌ڵات‌و میدیا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دو لایه‌نه‌ی ته‌واو گرژ كرد، به‌شێوه‌یه‌ك جگه له گه‌رمبونی بازاڕی تۆماركردنی داوا‌و سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر چه‌ندین رۆژنامه‌و گۆڤار پرۆژه یاسایه‌كیش بۆ رێكخستنی كاری راگه‌یاندن هاتوه‌ته بون، كه له‌كاتی به‌رپرسیارێتی یاساییدا جه‌خت له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نوس‌و داخستن‌و قه‌ده‌غه‌كردنی چاپكراویش ده‌كاته‌وه.
یاسایه‌كی نوێ بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی
كه‌مال ره‌ئوف، سه‌رنوسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی، باس له‌وه ده‌كات: دوای ئه‌وه‌ی دو كه‌س له راگه‌یاندنی پارتی‌و یه‌كێتی ته‌كلیفكران بۆ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌مواری یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی، به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه ئێستا ئاماده‌یان كردوه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌ی ماوه له رێگه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی خۆیانه‌وه له په‌رله‌مان به یاسایی بكه‌ن.
سه‌رنوسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "دو ساڵه حیزبه سیاسییه باڵاده‌سته‌كان بیریان له‌وه كردوه‌ته‌وه میكانیزمێك بدۆزنه‌وه بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی له بواری راده‌ربإین هه‌یه، ئه‌وان پێیانوایه وتنی شته‌كان‌و ده‌رخستنی كه‌موكورتییه‌كانیان له روی جه‌ماوه‌رییه‌وه زیانیان پێده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه ده‌سه‌ڵات‌و به‌تایبه‌ت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن ئه‌م یاسایه گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت".
لای خۆشیه‌وه ئه‌حمه‌د میره، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین، بڕوای وایه: سیاسه‌تی دژایه‌تیكردن‌و توندوتیژیی ده‌رهه‌ق به میدیای ئازاد سه‌رناگرێت، بۆ ئه‌مه‌ش بۆچونه‌كانی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك راگیرده‌كات‌و ده‌ڵێت: "له په‌رله‌ماندا ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز هه‌یه‌و توانای دروستكردنی گوشاری هه‌یه‌و له‌ناو فراكسیۆنی كوردستانیش تایبه‌ت تر په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی رایه‌كی به‌هێز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئازادییه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی سانسۆر نه‌كرێت. له‌ئاستی جه‌ماوه‌رییشدا راسته پارتی خاوه‌نی زۆرینه‌یه، به‌ڵام ناتوانێت سیاسه‌تی ره‌های خۆی بسه‌پێنێت، چونكه له‌ناو ئه‌وانیش ته‌یاری نێچیره‌ڤان بارزانی به‌پێچه‌وانه‌ی باڵی سه‌رۆكه‌وه بیرده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها چاوی هێزه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مریكا‌و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی داكۆكیكار له ئازادیی‌و ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌و به‌ربه‌رستانه‌ن كه سنوركێشانی ئازادییه‌كانی هه‌رێم كاڵده‌كه‌نه‌وه".
میره كه زیاتر روی ده‌می له پارتییه، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له هه‌رێم به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌گه‌ریی جێبه‌جێده‌كرێت، سیاسه‌تی جینۆسایدی ئازادییه، بۆیه ناكرێت هیچ هێزێكی سیاسیی ره‌وایه‌تی به‌خۆی بدات بۆ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌ته، وه‌ك ئه‌و وتی: "ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته تاكڕه‌وییه، باجی قورسی به‌دواوه‌یه".
به بڕوای هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، مامۆستای رۆژنامه‌گه‌ریی له زانكۆی سلێمانی: ئه‌وه‌ی رێگره له‌به‌رده‌م دانانی كۆتوبه‌ند بۆ كایه‌ی رۆژنامه‌وانیی له یاسای رۆژنامه‌گه‌رییدا، هه‌بونی دۆخێكه كه ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی به‌رچاوه، ده‌ڵێت: "ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه كێ له ده‌سه‌ڵاتدایه، بڕواناكه‌م ئه‌وان بوێرن له‌ناو یاسادا جێ بۆ كۆتوبه‌ندی رۆژنامه‌وانی بكه‌نه‌وه، چونكه یاساكان بۆ زه‌مه‌نی درێژخایه‌ن كارده‌كه‌ن‌و په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه كێ حاكمه، ره‌نگه ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌سه‌ڵاتن به‌یانی ببنه هێزێكی ئۆپۆزسیۆن‌و ناچاربن ئه‌وكات له‌گه‌ڵ میدیای ئه‌هلیی ئیش بكه‌ن".
هه‌ڤاڵ رونیده‌كاته‌وه، هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌مواری یاسای رۆژنامه‌وانی‌و توندكردنی سزاكان به‌رده‌وام هه‌یه، زۆرجار ده‌بینین له‌ناو حیزبه عه‌لمانییه‌كان‌و ئیسلامییه‌كانیش سه‌رزه‌نشتی سه‌ركرده‌و كاربه‌ده‌ستانی خۆیان ده‌كه‌ن، كه لێدوانیان به كه‌ناڵاكان ده‌ده‌ن، به‌ڵام به پشتبه‌ستن به ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق‌و پرۆژه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێم پشتیوانن له نه‌گونجاندنی رێكخستنی یاسایه‌ك بۆ دروستكردنی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئازادییه‌كان.
به پێچه‌وانه‌ی بۆچونی سه‌رنوسه‌ری هاوڵاتی‌و لڤین، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پارتی له سلێمانی، ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسایه‌ك بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی بۆ رێكخستنی ئامرازه‌كانی بیستراو بینراو خوێنراو ده‌گێڕێته‌وه، نه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی سنوری ئازادییه‌كان.
ئاری هه‌رسین وتی: "ئه‌و یاسایه‌ی ئێستا هه‌یه ته‌نیا بۆ رۆژنامه‌یه، ئێستا پێویستده‌كات میكانیزمێك بدۆزرێته‌وه بۆ رێكخستنی كاری رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆن‌و ماڵپه‌ڕه ئه‌لكترۆنییه‌كانیش، واته ئه‌مه به مانای به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌وانیی، یان ئه‌وه نییه ئێمه وه‌ك پارتی له ژورێكی تاریك دانیشتبێتین‌و له هه‌وڵی قۆرغكردنی ناوه‌ندی راگه‌یاندن‌و ساحه‌ی راگه‌یاندن بین".
هه‌رسین پێی سه‌یره! خه‌ڵكانێك هه‌بن دژی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسا بن، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌ك ئاماده‌كرابێت خۆ دنیا تێكناچێت، پرۆژه‌یه‌و بۆمان هه‌یه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌شڵێن سه‌پێندراوه، راست نییه، چونكه نه‌كراوه‌ته یاسا".
له‌باره‌ی ته‌داخولاتی سه‌رۆكی هه‌رێمیش، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پارتی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد: رای جه‌نابی سه‌رۆك ئه‌وه‌یه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ته‌داخولی ناكات، ئێمه‌ش وه‌ك پارتی ئیجازه به خۆمان ناده‌ین ببینه ده‌مڕاستی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان، بێئه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئاگای لێبێت له‌پشت ده‌رگای داخرا‌و‌و له ژوی تاریكه‌وه پرۆژه‌یاسا بنوسین‌و رێكبكه‌وین له‌سه‌ری، چونكه وه‌ك ئه‌و وتی: "ئه‌گه‌ر وابكه‌ین، جیاوازیی نامێنێت له‌نێوان ئێمه‌و سیستمێكی دیكتاتۆردا".
یه‌كێك له‌و شانازییانه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان زۆرجار به به‌رگی خۆیدا ده‌كات، ئه‌و په‌راوێزه ئازادییه‌یه له‌ناو یاسای ژماره‌ی (35)ی رۆژنامه‌گه‌رییدا جێی بۆ كراوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌وانیش له حاڵه‌تی هه‌مواری ئه‌و یاسایه‌دا قسه‌یان هه‌یه.
ئه‌نوه‌ر حسێن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "هه‌مواری یاسا ئاساییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه‌و نابێت قبوڵبكرێت، هه‌ر جۆره پاشه‌كشێیه‌كه له‌و ئازادییانه‌ی بۆ كایه‌ی رۆژنامه‌وانی به‌ده‌ستهاتوه، واته ئێمه پشتگیریی هه‌موارێك ناكه‌ین به زیانی ئازادیی رۆژنامه‌وانی بشكێته‌وه".
ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن
بۆ به‌دواچونی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی‌و چاودێریكردنی كایه‌ی رۆژنامه‌وانی، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه چه‌ند كادیرێكی دیاری راگه‌یاندنی پارتی دیموكرات بیرۆكه‌ی دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندنیان خستوه‌ته به‌رچاو، به‌پێی بۆچونی شاره‌زایان كاریگه‌ریی ئه‌م ئه‌نجومانانه راسته‌وخۆ گرێدراوه به سیستمی سیاسییه‌وه، واته ده‌كرێت له سیستمی كراوه‌دا خزمه‌تێكی باش بكات‌و له سیستمێكی ناسه‌قامگیریشدا به ئاره‌زوی ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنرێت.
ئاسۆ كه‌ریم، په‌رله‌مانتاری پارتی له فراكسیۆنی كوردستانیی، له چاوپێكه‌وتنێكی "رۆژنامه"دا ده‌ڵێت: "هه‌رێم وه‌ك زۆر وڵاتی تر پێویستی به ئه‌نجومه‌نێكی باڵای راگه‌یاندن هه‌یه، كه موتابه‌عه‌ی یاسا‌و به‌شداریی بكات له په‌ره‌پێدانی میدیادا، به‌و حوكمه‌ی ئێستا ئاریشه‌و لێكدانه‌وه‌ی جیا بۆ به‌رپرسیارێتی جه‌زائی‌و مه‌ده‌نیی ده‌كرێت".
به‌ڵام ئاری هه‌رسین هه‌ر قسه‌كردنێكی ئێستا له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن به زیاد ده‌زانێت، چونكه پێیوایه ئه‌و باسه ته‌نیا ده‌نگه، واته هێشتا دروستنه‌بوه، ئه‌گه‌ریش دروستبو پێویسته به وردیی لێی بكۆڵدرێته‌وه.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن به بابه‌تێكی هه‌ستیار ده‌زانێت‌و پێیوایه: ئه‌گه‌ر به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، ره‌نگه ببێته بوقی ده‌سه‌ڵات، واته له‌مجۆره سیستمه سیاسییه‌دا كێ له ده‌سه‌ڵات بێت، ئه‌نجومه‌نه‌كه ناچاربێت ده‌هۆڵ بۆ ئه‌و بكوتێت، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه ده‌سه‌ڵاتی یاساییان نابێت‌و ته‌نیا رۆڵی چاودێریی‌و رێنماییكردن ده‌بینن".
په‌یوه‌ندیدار به‌و باسه، ئه‌نوه‌ر حسێن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان، رونیده‌كاته‌وه: دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن فیكره‌ی یه‌كێك له هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستانه، به‌ڵام پێیوانییه هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه كۆك بن.
وتیشی: "دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه هه‌وڵێكه بۆ بچوككردنه‌وه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان، ده‌كرێت حیزبێك پێی خۆشبێت ئه‌نجومه‌نێك بۆ خۆی دروستی بكات، به‌ڵام ناكرێت له رێگه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه رۆژنامه‌كان موحاسه‌به بكرێت، یان بۆ به‌رته‌سككردنه‌ی سنوری ئازادیی‌و مه‌به‌ستێكی سیاسیی‌و شاراوه به‌كاربێت".
ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان زیاتر ده‌دوێت‌و ده‌ڵێت: "ئازادیی راگه‌یاندن به‌ته‌نیا هی لایه‌نێك نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌می ماندوبونی هه‌مو لایه‌كه‌و خه‌ڵك پێوه‌ی ماندو بوه، یه‌كێك له‌و شانازیانه‌ی هه‌رێم هه‌یه‌تی، ئازادیی رۆژنامه‌گه‌رییه، بۆیه له‌و بڕوایه‌دام هێزه لیبڕاڵ‌و شۆڕشگێڕه‌كان ناچنه ژێر باری پڕۆژه‌یه‌كه‌وه به زیانی ئازادییه‌كانی رۆژنامه‌وانی بشكێته‌وه".
ئه‌وه‌ی بۆچونی زۆربه‌ی شاره‌زایانی ئه‌م راپۆرته‌ی له‌خۆیدا كۆكردوه‌ته‌وه، نیشانه‌یه بۆ به‌رگریكردنی كه‌رته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه له ئازادییه‌كانی راده‌ربڕین‌و ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن.
كه‌مال ره‌ئوف، سه‌رنوسه‌ری هاوڵاتی، په‌یامێك ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتارانی كوردستان ده‌كات‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات: پێویسته په‌رله‌مانتاران به رۆڵی مێژویی خۆیان هه‌ستن‌و ده‌نگ به هیچ پرۆژه‌یاسایه‌كی رۆژنامه‌وانیی نه‌ده‌ن، كه بڕگه‌كانی له‌گه‌ڵ سیستمێكی مۆدێرن‌و هاوچه‌رخ ناگونجێت.