Print
 مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید: ئازادیی‌ راده‌ربڕین به‌دۆخێكی‌ مه‌ترسداردا تێپه‌ڕ ده‌بێت
Saturday, September 25, 2010

سازدانی: دلێر عه‌بدولخالق
له‌م دیداره‌دا مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیی‌ له‌ مافی‌ رۆژنامه‌نوسان تیشك سه‌ر ئه‌و مه‌ترسی‌ و پێشهاتانه‌ی‌ كه‌ روبه‌ڕوی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ و ئازادی‌ راده‌ربڕین بونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها باس له‌ شێوازی‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕین ده‌كات له‌ وڵاته‌ دیموكراسییه‌كان و پێی‌ وایه‌ هه‌ركاتێك ئازادیی راده‌ربڕین بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئازادییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك بڵاوكردنه‌وه ‌و خۆپیشاندان ‌و كۆبونه‌وه ‌و پێكهێنانی كۆمه‌ڵه ‌‌و رێكخراویش ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

رۆژنامه‌: شوێن ‌و پێگه‌ی‌ ئازادیی‌ راو ئازادیی‌ راده‌بڕین له‌ وڵاته‌ دیموكراسییه‌كاندا له‌ چ ئاستێكدایه‌؟ كۆده‌نگیی‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌ڵه‌تی‌ بۆ پاراستنی‌ ئه‌و ئازادییانه‌ ئێستا چۆنه‌؟
مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید:  ئازادیی راده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌گه‌ریی كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كییه‌ له‌ وڵاتانی دیموكراسیدا، به‌شێوه‌ك هه‌مو هاوڵاتییه‌ك مافی‌ ده‌ربڕینی هه‌یه‌ به‌ شێوازی جیاجیا، چ خۆپیشاندان یان پێكهێنانی گروپ ‌و نوسین یان هه‌رشێوازێكی تر، كه‌ ژیانی هاوڵاتییان نه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا روبه‌ڕوی كێشه‌ی تیرۆر بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌ودای ئازادیی له‌ زۆر وڵاتدا فراوانتر ده‌بێت، ئێستا رۆژبه‌ڕۆژ لایه‌نگرانی ئازادیی راده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌گه‌ریی زیاترده‌بێت، بۆ نمونه‌ له‌ مانگی ئایاردا، باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مریكا (یاسای دانیاڵ‌ پیرێڵ‌)ی ئیمزاكرد، ئه‌م یاسایه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگه‌ بۆ داكۆكیكارانی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ وڵاتانی لای خۆمان، ئێستا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا راپۆرتی ساڵانه‌ له‌سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ته‌واوی جیهاندا بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌پێی یاسای دانیاڵ‌ پیرێڵ‌، پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كانیدا ئاماژه‌ به‌ بارودۆخی رۆژنامه‌گه‌ریی ‌و پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نوسان له‌و وڵاتانه‌دا بدات. سودی ئه‌م یاسایه‌ له‌وه‌دایه‌، كاتێك حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت یارمه‌تی وڵاتێك بدات، كۆنگرێسی ئه‌و وڵاته‌ ته‌ماشای تۆماری مافی مرۆڤی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا تۆماری ئازادیی رۆژنامه‌گه‌رییش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا له‌به‌رچاوی ده‌گرێت بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ر وڵاتێك.

جگه‌ له‌ ئه‌مریكا، وڵاتانی تریش بایه‌خی به‌رچاو به‌ ئازادیی راده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌ده‌ن، رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك كۆمیته‌ی به‌رگریی له‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ نیویۆرك ‌و رۆژنامه‌نوسانی بێ‌ سنور كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاتانی خۆیان ‌و ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م كۆده‌نگییه‌ وایكردوه‌ چه‌ندین ره‌شنوسی یاسا له‌ وڵاتانی جیهاندا شكستیان پێبهێنرێت، دواترینیان له‌ ئو‌رد‌ن بو، كه‌ حكومه‌ت ویستی یاسایه‌ك ده‌ربكات ئازادیی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێتی سنوردار ده‌كرد.

رۆژنامه‌: به‌بڕوای‌ تۆ، كاتێك ئه‌و ئازادییانه‌ ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، چاره‌نوسی‌ ئازادییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌كوێ‌ ده‌گات؟
مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید: له‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كاندا له‌ (1946)، پێش ئه‌وه‌ی هیچ جاڕنامه‌ یان په‌یماننامه‌یه‌ك ده‌ربكرێت، كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان یاسای ژماره‌ (159)ی ده‌ركرد، كه‌ ئازادیی زانیاریی ‌و راده‌ربڕین بنه‌مای مافی مرۆڤه ‌‌و به‌ردی بناغه‌ی هه‌مو ئازادییه‌كانی دیكه‌ن، ئازادیی راده‌ربڕین، كه‌ بریتییه‌ له‌ ئازادیی له‌ گه‌ڕان ‌و وه‌رگرتن ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی‌ و بیروبۆچون، ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی دیموكراتی‌ و به‌شداریی خه‌ڵك له‌ پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ئازادانه‌ زانیارییان پێنه‌گات، چۆن ده‌توانن بڕیاربده‌ن ‌و له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ به‌كێ‌ بده‌ن ‌و ئازادانه‌ گوزارشت له‌ بیروبۆچونی خۆیان بكه‌ن؟، هه‌ركاتێك ئازادیی راده‌ربڕین بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئازادییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك بڵاوكردنه‌وه ‌و خۆپیشاندان ‌و كۆبونه‌وه ‌و پێكهێنانی كۆمه‌ڵه ‌‌و رێكخراویش ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

رۆژنامه‌: له‌ گۆشه‌ی‌ چاودێریكردنی‌ كایه‌ی‌ میدیا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئازادیی‌ راده‌ربڕین‌ و رۆژنامه‌گه‌ریی‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید: هیچ گۆمانێك نییه‌، كه‌ ئازادیی راده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌ بارودۆخێكی مه‌رترسیداردا تێپه‌ڕده‌بێت، له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌یان رۆژنامه‌نوس روبه‌ڕوی توندوتیژیی بونه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین داواش دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان ‌و رۆژنامه‌كان له‌ دادگاكاندا تۆماركراون، پێموایه‌ فشارێكی زۆر له‌سه‌ر رۆژنامه‌كان‌ و رۆژنامه‌نوسان، به‌تایبه‌ت سه‌ربه‌خۆكان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سیاسه‌ت ‌و شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌دا بچنه‌وه‌.

په‌یوه‌ندیی نێوان میدیای سه‌ربه‌خۆ‌ و هه‌ندێك له‌ حیزبه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ حاڵه‌تێكی نائاساییدا ده‌ڕوات، بڕواموایه‌ تێگه‌یشتنی حیزبه‌كان بۆ رۆڵی میدیای ئازاد، كه‌ ئه‌ركی چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌، زۆر كه‌مه‌، لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم، كه‌ به‌ده‌گمه‌ن ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ له‌ میدیای ئازاد رازی بێت، چونكه‌ به‌رپرسان هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت میدیا به‌ دڵی ئه‌وان بڵاوبكاته‌وه‌، بۆ نمونه‌ چه‌ندینجار باراك ئۆباما گله‌یی له‌ میدیاكانی ئه‌مریكا ده‌كات به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی گوایه‌ راستی بڵاوناكه‌نه‌وه‌، یان لایه‌نگریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه‌ لای خۆمان ته‌نیا گله‌یی نییه‌، به‌ڵكو تۆمه‌تباركردنیشه‌ به‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامه ‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ نانیشتمانی ‌و دژی ئه‌زمونه‌كه‌مانن ‌و هه‌ندێكجار خائین ‌و به‌كرێگیراون، یان ته‌نیا مه‌به‌ستیان پاره‌په‌یداكردنه‌، راسته‌ میدیای كوردی، وه‌ك میدیاكان له‌ ته‌واوی جیهاندا ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانی خۆرئاواشدا كێشه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ لێنه‌گه‌ڕێت ئازادیی راده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌وانیی پاشه‌كشه‌ بكات.

رۆژنامه‌: سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك میدیاكاردا ده‌سته‌ی‌ داكۆكیی‌ له‌ ئازادیی‌ راده‌ربڕینتان راگه‌یاند، له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌وه‌ ده‌تانه‌وێت چ په‌یامێك بگه‌یه‌نن؟
مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید: هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران هۆكاری دروستبونی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ن، ئامانجی ئێمه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ ئازادیی راده‌ربڕین ‌و رۆژنامه‌گه‌ریی بێ‌ گوێدانه‌ ئایدیۆلۆژیا، بیروبۆچونی ئێمه‌ له‌ ماده‌ی (19)ی جاڕی گه‌ردونیی مافی مرۆڤه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت، كه‌ ده‌ڵێت: "هه‌مو كه‌سێك مافی ئازادیی راده‌ربڕینی‌ هه‌یه‌، ئه‌و مافه‌ش پێكدێت له‌ ئازادیی هه‌ڵگرتنی‌ هه‌ر بیروباوه‌ڕێك به‌بێ‌ فشار، وه‌رگرتنی‌ هه‌واڵ‌‌ و زانیاریی ‌‌و گواستنه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك، بێ‌ گوێدانه‌ سنوره‌كان".

ئێمه‌ پێمانوایه‌ كه‌ ده‌بێت ئازادیی راده‌ربڕین‌ و رۆژنامه‌گه‌ریی بۆ هه‌مو تاكێك‌ و هه‌مو گروپ ‌و لایه‌نێكی ئه‌م هه‌رێمه‌ دابینبكرێت، مه‌به‌ستمانه‌ وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتو، گه‌لی ئێمه‌ش له‌ نیعمه‌تی ئازادیی بیروڕاو رۆژنامه‌گه‌ریی به‌شداربێت.

رۆژنامه‌:  له‌ هه‌ركات زیاتر ئه‌م ماوه‌یه‌ گرژیی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات ‌و میدیا له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌، داواكانی‌ پارتی‌ دیموكرات به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌‌ و گۆڤاری‌ ئه‌هلیی‌ چ خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت؟
مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید: ئه‌و جۆره‌ داوایانه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتان هه‌ن، بێگومان زۆربه‌یان پاڵنه‌ری سیاسییان له‌ پشته‌، به‌وپێیه‌ی كه‌ ته‌نیا كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو له‌ رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج، ئه‌و داوایه‌ ره‌نگه‌ شێوازێك بێت بۆ فشارخستنه‌سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌ و بڵاوكراوانه‌ بۆ پێداچونه‌وه‌ی سیاسه‌ت ‌و شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌زگایانه‌وه‌، بێگومان ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی سلبیی ده‌بێت، كه‌ له‌ خراپترین حاڵه‌تدا ئیفلاسپێكردنی میدیاكه‌یه‌ له‌ڕوی داراییه‌وه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی داخستن، یان دروستكردنی ترس له‌ دڵی رۆژنامه‌نوسان بۆ ئه‌وه‌ی سانسۆر بخه‌نه‌سه‌ر خۆیان، كێشه‌ی داواكانی پارتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای كاری رۆژنامه‌نوسیدا تۆماركراون، ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت له‌ ئێستادا، ئێمه‌ ئومێده‌وارین دادگاكان ئه‌و داوایانه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ریی خراپیان ده‌بێت.

رۆژنامه‌: ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌رامبه‌ر میدیا، كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ فلته‌ری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌رییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت، كاریگه‌رییه‌كانی‌ له‌سه‌ر سومعه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رچاوی‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌دا چۆن ده‌بێت؟
مه‌ریوان حه‌مه‌ سه‌عید: رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ وردیی چاودێریی بارودۆخی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌كه‌ن، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك غه‌رامه‌یه‌كی قورس بكرێت، كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ئیفلاسكردنی ده‌زگاكه‌ یان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر توانای ده‌زگاكه‌ بكات له‌ بڵاوكردنه‌وه‌دا، ئه‌وا بێگومان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سومعه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌و ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌بێت، كه‌ داواكه‌ی تۆماركردوه‌.

Sbeiy.com © 2007