سازدانی: پشتیوان سه‌عدوڵا
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و یه‌كێك له نوێنه‌رانی پارێزگای كه‌ركوك له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێیوایه، زه‌مانه‌تی جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی كورد بریتییه له به‌هێزكردنی ناوخۆی كوردستان و چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت له هه‌رێم.
د. نه‌جمه‌دین كه له هه‌مانكاتدا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیه دڵخۆشه به‌وه‌ی گرژیه‌كانی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان زۆر كه‌مبونه‌ته‌وه و چاوڕوانی باشتربونی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كات.
رۆژنامه: نزیكه‌ی ساڵێكه لهئهمهریكاوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، بارودۆخی ئێستای كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: هه‌رێمی كوردستان كه‌موكوڕیی و كێشه‌ی هه‌یه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات و له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی كه له كوردستاندا هه‌ن، ئه‌مڕۆ واقعێك دروستبوه و له كوردستاندا كه ته‌نها دو حیزب نییه و ئێستا ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، هه‌رچه‌ند ئه‌م ئۆپۆزۆسینهوه هه‌مو شتێكی بۆ ناكرێت، به‌ڵام بونی ئۆپۆزسیۆن گرنگه و ده‌توانێت رۆڵێكی باش ببینێت بۆ پێشخستنی هه‌رێم، ده‌بێت بونی ئۆپۆزسیۆنمان پێخۆشبێت، چونكه جگه له ناوخۆی هه‌رێم، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌مان ئۆپۆزسیۆن له شاندێكدایه له به‌غدا به‌ناوی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه به‌یه‌ك ده‌نگ قسه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش جێگای دڵخۆشییه.
رۆژنامه: له‌م قۆناغه‌ی ژیانی سیاسی هه‌رێمدا، چاكسازی تا كۆێ زه‌روره‌تی هه‌یه؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: له هه‌مو قۆناغێكدا چاكسازیی پێویسته و ده‌بێت گرنگی به ئازادی و سه‌روه‌ربونی یاسا بده‌ین، له هه‌ڵبژاردنی (25/7/2009)دا كه سه‌ره‌تای دروستبونی ئۆپۆزسیۆن بو، خه‌ڵكێك له ناو یه‌كێتی و پارتی به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه ده‌كرد و نه‌یانده‌ویست ئه‌و هێزه‌ی كه له په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یانه لێی كه‌مببێته‌وه، به‌ڵام ده‌بینین ده‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن، نه‌ك مه‌ترسییه بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو له ناوخۆ و ده‌ره‌وه روی كوردستانی جوانتر كردوه، بۆیه ده‌بێت فێرببین گوێمان له قسه‌ی جیاواز و ره‌خنه هه‌بێت، ده‌بێت بۆچون و پێشنیازی ئۆپۆزسیۆن به‌و شێوه‌یه وه‌ربگیرێت كه خزمه‌ت به خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و پێویسته مه‌ده‌نییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بكرێت.
رۆژنامه: رۆڵ و ئه‌دای ئۆپۆزسیۆن له‌هه‌مبه‌ر پرسه نیشتمانی و حوكمرانیهكهدا باش ده‌بینیت؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: ئۆپۆزسیۆن، كه‌موكوڕیی هه‌بوه، به‌ڵام ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی له كوردستاندا هه‌یه، ئۆپۆزسیۆنێكی سودبه‌خشه و بوه‌ته‌هۆی په‌ره‌پێدانی ژیانی دیموكراسی له كوردستاندا و واش له‌و كه‌سانه ده‌كات كه ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، بیر له هه‌ندێك مه‌سه‌له بكه‌نه‌وه كه پێشتر بیری لێ نه‌كراوه‌ته‌وه.
رۆژنامه: (2)ساڵ پێش ئێستا، مام جه‌لال پرۆژه‌یه‌كی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت پێشكه‌شكرد، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: به‌داخه‌وه، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال، جێبه‌جێ نه‌كرا، له‌كاتێكدا پرۆژه‌یه‌كی زۆر باش و گرنگه، هۆكاری جێبه‌جێ نه‌كردنی بۆ دوئیداره‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئێستادا به‌ناو یه‌ك ئیداره‌ین، به‌ڵام له واقیعدا دو ئیداره‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه جێبه‌جێبكرێت، له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكانێك ده‌درێت، بۆیه ئه‌و خه‌ڵكانه كۆسپی بۆ دروستده‌كه‌ن، به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی سه‌رشانی یه‌كێتییه جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه بكاته‌وه، هه‌رچه‌ند ده‌زانین جێبه‌جێكردنی زۆری ده‌وێت، به‌ڵام پێویسته هه‌نگاوی جددی بۆ بنرێت، خه‌ڵك بۆ ئه‌وه ده‌نگی به یه‌كێتی داوه تا خزمه‌تی بكات، خزمه‌تیش به‌وه ناكرێت، كه له‌به‌ر خاتری شه‌خس و گروپێك كاره باشه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێن و بارودۆخه‌كه وه‌كو خۆی بهێڵرێته‌وه.
رۆژنامه: به‌وپێیه‌ی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی یهكێتیشن، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی گه‌یشتوه‌ته چ ئاستێك؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: گۆڕان و یه‌كێتی، له یه‌ك سكه‌وه هاتونه‌ته ده‌ره‌وه، یه‌كێتی و گۆڕان خوێنیان تێكه‌ڵه و برایه‌تییان له‌یه‌كه‌وه نزیكه، من دڵخۆشم به‌وه‌ی كه ئێستا گرژییه‌كان زۆر كه‌مبونه‌ته‌وه و ئه‌و هێرش و تۆمه‌تانه‌ی كه پێشوتر ده‌درانه پاڵ یه‌كتر، ئێستا نه‌ماون و چاوه‌ڕان ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كان باشتر بن.
رۆژنامه: بابێینه سه‌ر ئه‌وقه‌یرانه سیاسیه‌ی له‌عێراق هه‌یه، به‌رای ئێوه كورد له‌گه‌ڵ مالیكی حكومه‌ت دروستبكات باشه یان له‌گه‌ڵ عه‌لاوی؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: له دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه، ئێمه له شاندی دانوستانكاری كوردی، وه‌ره‌قه‌یه‌كمان پێشكه‌ش به لایه‌نه عێراقییه‌كان كردوه و نزیكه‌ی (30) كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌سیاسییه عێراقییه‌كاندا كردوه و نزیكه‌ی (50) كۆبونه‌وه‌مان له‌نێو خۆماندا كردوه، تا ئێستا توانیومانه له‌گه‌ڵ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌سه‌ر داخوازییه‌كانی كورد رێكبكه‌وین، ته‌نها یه‌ك خاڵ نه‌بێت، لیستی عێراقییه هه‌رچه‌ند له خاڵه عێراقییه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دایه، به‌ڵام تا ئێستا ئاماده‌ییان پیشان نه‌داوه بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه و رێكنه‌كه‌وتوین، بۆیه كورد له ده‌وڵه‌تی یاسا نزیكتره له لیستی عێراقییه. ئێمه رێز له ئه‌یاد عه‌لاوی ده‌گرین و خۆشمانده‌وێت، به‌ڵام خۆی و لیسته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)و داخوازییه‌كانی سه‌ره‌كییه‌كانی كورد دا نین، بۆیه چه‌ند لای ئێمه خۆشه‌ویست بێت، ئه‌وان له ئێمه دورن، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه، جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی كورده، نه‌ك شه‌خس و كه‌سایه‌تی.
رۆژنامه: باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرێت، پێگه‌ی كورد له‌م قۆناغه‌دا لاوازتربوه، پێتوایه كورد له عه‌مه‌لییه‌ی سیاسیی عێراقدا، كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌بێت؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: پێگه‌ی كورد، نه به ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه، نه به ژماره‌ی ئه‌و پۆستانه‌یه كه له عێراقدا وه‌ریانده‌گرێت، پێگه‌ی كورد له‌وه‌دایه كه نه‌ته‌وه‌ی دوه‌مه له عێراقدا و كوردستان هه‌رێمێكی فیدراڵییه كه له ده‌ستوری عێراقدا دانی پێدانراوه، ئه‌مڕۆ نه لیستی عێراقییه و نه لیستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی، ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ش رێكبكه‌ون، به‌بێ كورد ناتوانن حكومه‌ت پێكبهێنن و پێویستی ته‌واویان به پشتیوانیی كورد هه‌یه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتو، بۆیه من پێگه‌ی كورد به لاواز نابینم، به‌ڵام روداوه‌كانی داهاتو به شێوازی كاركردنی خۆمانه‌وه به‌نده، ئه‌گه‌ر به‌شوێن داخوازییهكامانهوه نه‌چین، رێكهوتنهكانمان ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێننه‌وه، پێنج ساڵی رابردو ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه و پێشتریش رێكه‌وتنی نوسراو هه‌بوه، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كراوه و راسته حكومه‌ت سست بوه، به‌ڵام خۆیشمان سست بوین.
رۆژنامه: گره‌نتی جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی كورد له چیدایه؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: هیچ گرنتییه‌ك نییه كه رێكهوتنهكانمان جێبه‌جێ بكرێن، ره‌نگه ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵیدا رێكده‌كه‌وین سبه‌ینێ په‌شیمان ببێته‌وه و كۆسپ بۆ جێبه‌جێكردنی خواسته‌كانمان دروستبكات، زه‌مانه‌تی جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی كورد، بریتییه له به‌هێزكردنی كوردستان و چه‌سپاندنی دیموكراسییه‌ت و دامه‌زراندنی داموده‌زگا له كوردستان، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له به‌غدا پۆستی حكومی وه‌رده‌گرن، ده‌بێت كه‌سانێكی به توانا و شیاوبن و خه‌ڵكانێك بن كه نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، جگه‌له‌وه كه سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی كورد له په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی، ئاگاداری یه‌كتربن و كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیان هه‌بێت و له هه‌مانكاتیشدا پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا و هه‌رێمدا هه‌بێت.
رۆژنامه: پێویسته مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌جێناكۆكه‌كان له كوێی دانوستانه‌كان و داخوازییه‌كانی كورددا بێت؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: ئێمه له چوار ساڵی رابردودا، كه‌مته‌رخه‌میمان به‌رامبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان هه‌بوه و جددی نه‌بوین، له كاتێكدا له ساڵی(2006)دا ده‌مانتوانی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی بڕوخێنین، ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌دا فشارمان له مالیكی بكردایه، ئێستا ماده‌ی (140) له قۆناغێكی تردا بو، قۆناغی رابردو هه‌لێك بو كه كورد نه‌یقۆسته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و هه‌له‌مان له‌ده‌ستدا ماوه و ده‌توانین وابكه‌ین كه ماده‌ی (140) جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌ویش به‌وه ده‌بێت، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌موكات له ئه‌وله‌ویاتی كاره‌كانمان بێت و به‌رده‌وام بیری حكومه‌تی بهێنینه‌وه و كارتی فشاری كشانه‌وه له حكومه‌ت به‌كاربهێنین، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئێمه له كه‌ركوك و ناوچهدابڕێنراوهكانی تر، بڕوای لایه‌نه‌كانی تر و به‌تایبه‌تی توركمان له خۆمان نزیكبكهینهوه، هیچ پاساوێكمان نییه به‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ توركمان دژایه‌تی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) ده‌كات، ئه‌وه هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی خۆمان بوه، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه هه‌مو توركمان له‌گه‌ڵمان بێت، به‌ڵام به خزمه‌تگوزاریی ده‌توانین هه‌ڵوێستی به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی توركمان بگۆڕین، پێویسته شێوه‌ی كاركردنی خۆمان بگۆڕین و دۆستی كورد په‌یدابكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی شاره‌كه باشتربكه‌ین، خه‌ڵكی شاره‌كه به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیه‌وه له‌گه‌ڵماندا ده‌بن و ئه‌وكاته‌ش جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) ئاسانتر ده‌بێت.
رۆژنامه: كه‌واته، پێتوایه كه ئیداره‌كردنی كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن كورده‌وه، هۆكارێكبوه بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كان؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، خه‌ڵك، ئیداره‌ی كه‌ركوك به ئیداره‌ی كورد داده‌نێت و له‌سه‌ر كورد حسابه، له حه‌وت ساڵی رابردو، به‌غدا كۆسپی بۆ ئیداره‌ی كه‌ركوك دوستكردوه و حیزبایه‌تیش كۆسپ بوه، هه‌روه‌ها ئیداره‌ی كه‌ركوك خۆیشی كۆسپی بۆ خۆی دروستكردوه، په‌یوه‌ندیی نێوان پارێزگا و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا خراپه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و به‌رپرسانی ئیداریی وه‌كو پێویست به كاری خۆیان هه‌ڵنه‌ساون و ئه‌مه وایكردوه كه دژایه‌تیی ماده‌ی (140) بكرێت، بۆ نمونه حه‌وت مانگه (12)ملیار دینار بۆ پاككردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌رچوه، به‌ڵام تا ئێستا ته‌رخان نه‌كراوه، له كاتێكدا كه‌ركوك بوه به زبڵخانه و كه‌موكوڕییه‌كی زۆر هه‌یه، خه‌ڵكه‌كه‌ی به كورد و توركمان و عه‌ره‌به‌وه بێزار و بێئومێدبون، خه‌ڵكیش مافی خۆیانه كه بێزاربون، چونكه به‌رپرسه كورده‌كان دورن له خه‌ڵكه‌وه.
رۆژنامه: ناله‌باریی بارودۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌جێناكۆكه‌كان له‌چیدا ده‌بینیته‌وه؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: له كه‌ركوك و ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان، بارودۆخێكی ناله‌بار دروستبوه، ئێستا كۆچی پێچه‌وانه دروستبوه، هه‌مو ئه‌و كوردانه‌ی كه دوای روخاندنی رژێمی به‌عس چونه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك و موسڵ و جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و قه‌ره‌ته‌په و خورماتو، ئێستا بۆ كوردستان كۆچ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له ماوه‌ی رابردودا، خه‌ڵكێكی زۆری غه‌یره كه‌ركوكی له كه‌ركوك دامه‌زراون، جگه له‌وه به‌پێی زانیارییه‌كان، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا (5 - 7)هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب هاتونه‌ته كه‌ركوك و ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای دیاله‌ش هه‌مان بارودۆخیان هه‌یه، ئه‌م بارودۆخه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئایندهی ئه‌و ناوچانه دروستكردوه و پێویسته به‌زویی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌و بارودۆخه رابگرن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
رۆژنامه: ده‌وترێت، یهكێتیو پارتی به‌نیازی گۆڕینی به‌رپرسه كورده‌كانی شاره‌كه‌ن، ئه‌مه تاچه‌ند راسته؟
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: گۆڕانكاری پێویسته و خه‌ڵكی كه‌ركوكیش گۆڕانكارییان ده‌وێت، من لێتی ناشارمه‌وه، گۆڕینی به‌رپرسه كورده‌كان له كۆبونه‌وه‌كانماندا باسكراوه، ئه‌وه‌ی كه گرنگه، ئه‌وه‌یه كه له ئێستادا هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه ده‌كرێت، پێویسته به‌وردی دیراسه بكرێت و ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه داده‌نرێن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ته‌بابن و پشتیوانی ته‌واویان لێ بكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته حیزب ده‌ستنه‌خاته كاره‌كانیانه‌وه، ده‌بێت بزانرێت كه چۆن گۆڕانكاری ده‌كرێت و كێ له شوێنیان داده‌نرێت، به‌ڵام بۆ ده‌ربازبون له‌و بارودۆخه، باشترین میكانیزم، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه.