سازدانی: رۆژنامه
ئاشتی عه‌زیز، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی پێیوایه؛ پرۆژه‌یاسای خۆپیشاندان، نه‌ك نه‌یتوانی ببێته یاسایه‌كی بوێرانه، كه كۆمه‌ڵگه به‌ره و ئازادیی و دیموكراسی وه‌ربچه‌رخێنێت، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ی یاسایی تێدایه و پێچه‌وانه‌شه له‌گه‌ڵ بڕگه‌كانی ده‌ستوری عێراقی.
رۆژنامه: هۆكاری دهنگنهدانتان به‌و پرۆژه‌یه چی بو؟
ئاشتی عه‌زیز: ئه‌م پرۆژه‌یه له‌سه‌ر ئاستی كاری په‌رله‌مانی یه‌كێك بو له هه‌ره پرۆژه‌یاسا گرنگه‌كان، كه ده‌كرا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ره‌و خاڵیكی وه‌رچه‌خانی گرنگ به‌رێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه دیموكراسی به‌ره‌و دواوه به‌رێت، كه به‌داخه‌وه له ئێستادا ئه‌مه رویدا، كه ئه‌مه‌ش جێگه‌ی داخه، چونكه تێپه‌ڕاندنی ئه‌م یاسایه به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگی زۆرینه جارێكی تر هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خاته‌وه ژێر پرسیار له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیش، خوێندنه‌وه‌ی من و فراكسیۆنی گۆڕان روانگه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوریی هه‌یه له لایه‌ك به‌وپێیه ئه‌ركی په‌رله‌مان یاسادانانه و ناكرێت یاسایه‌ك دابنێت، كه بنه‌مایه‌كی ده‌ستوریی هه‌یه، هاوكات هه‌ر خودی یاساكه پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای ده‌ستوریی بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ك ئازادیی بخاته‌وه ژێر پرسیار و مافێك پێشێلبكرێت كه به ده‌ستور رێكخرابێت و به رونی ئاماژه‌ی پێكرابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆپیشاندان وه‌ك چالاكییه‌كی مرۆیی كه‌متر نییه له چالاكییه‌كانی تری مرۆڤ، كه وه‌ك مافێكی سروشتی پێناسه كراوه و له ده‌ستوری عێراقیدا رێگه‌ی پێدراوه.
رۆژنامه: پێتانوایه یاسایه‌كی له‌و جۆره چ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسیدا دروست ده‌كات؟
ئاشتی عه‌زیز: ئه‌م پرۆژه‌یاسایه، نه‌ك نه‌یتوانی ببێته پرۆژه‌یاسایه‌كی بوێرانه كه كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئازادیی و دیموكراسی وه‌ربچه‌رخێنێت، به‌ڵكو نه‌شیتوانی ببێته پرۆژه‌یاسایه‌كی سه‌ركه‌وتو، كه پێچه‌وانه نه‌بێت له‌گه‌ڵ بڕگه‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقی فیدراڵ.
خه‌ڵكی كوردستان به ئومێده‌وه ده‌یڕوانیه په‌رله‌مانی كوردستان، كه بتوانێت مافه ده‌ستورییه‌كان باشتر بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و ئه‌زمونی دیموكراسی له هه‌رێمدا باشتر گه‌شه بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه مافێكی سروشتی له هه‌رێمدا به مۆڵه‌ت رێكده‌خرێت، كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌یه و سێ بنه‌مای سه‌ره‌كیی دیموكراسی و مافی مرۆڤ سنوردار ده‌كات، كه ئه‌وانیش (مافی گوزارشتكردن، مافی خۆپیشاندان و مافی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی)یه، هه‌روه‌ها هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌هێڵدرایه‌وه بۆ خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ی له ناكاو، كه زۆرجار ئه‌م حاڵه‌ته واقیع دروستی ده‌كات و كاردانه‌وه‌یه‌كه بۆ بڕیارێك، یاخود هه‌ڵوێست و بڕیارێكی سیاسیی نه‌گونجاو و له‌ناكاو.
كێشه‌كه لێره‌دایه كه ئێمه ده‌ڵێین خۆپیشاندان نابێت به مۆڵه‌ت بێت، لیستی زۆرینه پێیوایه: كه ئێمه هانی فه‌وزا ده‌ده‌ین له كاتێكدا ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ دیدی ئێمه و بنه‌ماكانی دیموكراسی، ده‌كرا پرۆژه‌كه بۆ رێكخستنی خۆپیشاندان بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئاگاداركردنه‌وه به مه‌به‌ستی رێكخستنی خۆپیشاندان، واته ده‌سه‌ڵات مافی خۆیه‌تی ئاگاداربێت و رێوشوێنی ئه‌منیی گونجاو بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام بۆی نییه رێگه له خۆپیشاندان بگرێت و ره‌تی بكاته‌وه، چونكه ده‌سه‌ڵات نابێت له‌بری ئیراده‌ی میلله‌ت بڕیار بدات و ئازادیی هاوڵاتیان زه‌وت بكات و له‌بری ئه‌وان بیربكاته‌وه و بڕیاربدات چی گونجاوه و چی نه‌گونجاوه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان نه‌كرێت و مافی گوزارشت له‌خۆكردن پێشێلبكرێت ئێمه ده‌پرسین؛ هاوڵاتیان په‌نا بۆ چ رێگه‌یه‌ك به‌رن؟ بۆیه ده‌ڵێم؛ به‌ڵێ ئه‌م یاسایه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسیه و هه‌ڵه‌ی یاسایی و دهستوریشی تێدایه به‌وپێیه‌ی پێچه‌وانه‌ی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستوری عێراقه، كه هه‌مو ئه‌م راستیانه‌ش له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا به وردیی رونكرانهوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ره‌نجام به ده‌نگی زۆرینه تێپه‌ڕێندرا.
رۆژنامه: به ده‌قیقی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مافی خۆپیشاندان تا چ ئاستێك له یاساكه‌دا به‌دی ده‌كرێت؟
ئاشتی عه‌زیز: له چه‌ند شوێنێكی پرۆژه‌یاساكه‌دا ئاماژه‌ی ترسناك به‌دی ده‌كرێت، كه كاری جدیی كراوه له‌سه‌ر رێگرتن له خۆپیشاندان واته، ئه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه بخوێنێته‌وه هه‌ستده‌كات كه ئه‌وه‌نده‌ی ماندوبون هه‌بوه له‌مه‌ڕ دۆزینه‌وه‌ی رێكاری یاسایی بۆ رێگرتن و بچوكردنه‌وه‌ی ئازادیی خۆپیشاندان، ئه‌وه‌نده ماندوبون هه‌ست پێناكرێت، كه كار كرابێت به ئامانجی رێكخستنی خۆپیشاندان، بۆ نمونه له ماده‌ی دوه‌م بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دوه‌م كه تێیدا (خۆپیشاندان ده‌لكێنێت به مه‌رجی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن و ده‌سه‌ڵاتی مۆڵه‌تیش ده‌خاته ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیر و سه‌رۆكی یه‌كه‌ی كارگیڕیی)، هه‌روه‌ها له ماده‌ی چواره‌م بڕگه‌ی یه‌كه‌م كۆت و به‌ند داده‌نێت بۆ هه‌مو پارتێكی سیاسیی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه و یه‌كێتییه‌كان ئه‌وانه‌ش، كه پێشتر مۆڵه‌تیشیان هه‌بوه پێویسته سه‌رله‌نوێ مۆڵه‌ت وه‌رگرنه‌وه به مه‌به‌ستی خۆپیشاندان، كه ئه‌مه‌ش پێشێلكارییه‌كی یاسایی تره به‌وپێیه‌ی له یاسای ژماره (17)ی ساڵی (1993) رێكخستنی پارته سیاسییه‌كان و یاسای ژماره (18) پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌كاندا هاتوه: كه (مافی خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه و مانگرتنیان هه‌یه)!
هه‌روه‌ها له ماده‌ی یازده‌هه‌م خاڵی یه‌كدا هاتوه: (ئه‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه مامه‌ڵه بكات، ئه‌وا به پێشێلكاریی یاسا داده‌نرێت و ئه‌حكامه سزاییه‌كانی به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت، له ماده‌ی چوارده‌هه‌مدا راسته‌وخۆتر ئاماژه به‌وه ده‌كات؛ نابێت هیچ خۆپیشاندانێك رێكبخرێت، كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌حكامه یاساییه‌كان بێت)، ئایا هه‌مو ئه‌م هه‌ڕه‌شه و گومڕایی یه پێچه‌وانه‌ی به‌ندێكی ئاشكرا‌و رونی ده‌ستور نییه؟ ئایا پێچه‌وانه‌ی ریكه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان نییه سه‌باره‌ت به ماف و ئازادییه‌كان؟ ئایا ئه‌حكامه سزاییه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه له‌كوێدا كۆده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌تدا؟
رۆژنامه: یاساكه به (56) به‌ڵی و دژایه‌تی (42) ده‌نگ تێپه‌ڕێنرا، كه‌واته جگه له ئۆپۆزسیۆن په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌بون، كه ده‌نگیان پێ نه‌دا؟
ئاشتی عه‌زیز: من بڕوام وایه ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه به‌شی گه‌وره‌ی په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێسته‌وه، ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان نه‌دا به یاساكه گرنگ نییه، كه ده‌نگیان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن داوه، به‌ڵكو گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه ده‌نگیان له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ك نه‌دا، كه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بێت، پرۆژه‌یه‌ك كه ده‌یویست پێچه‌وانه‌ی هه‌مو پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ ره‌فتار بكات، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی لیستی زۆرینه كه ده‌نگیان نه‌دا توانیان سه‌روه‌رییه‌ك تۆمار بكه‌ن بۆ داكۆكیكردن له ئازادیی و مافی مرۆڤ، به بڕوای من ئه‌وان به‌رپرسیاریه‌تیان له په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن قورس‌تر بو هه‌ڵوێستیان بوێرانه‌تر بو، چونكه ئه‌وان له یه‌ك كاتدا دژایه‌تی تیپه‌ڕاندنی پرۆژه‌یه‌كی نه‌شیاو و نه‌گونجاویان كرد و له هه‌مان كاتدا دژایه‌تی عه‌قڵی چهقبهستویان كرد، كه ده‌یانه‌وێت ئازادییه‌كان هه‌میشه به‌ره‌و دواوه وه‌ربچه‌رخێت، نه‌ك به‌ره‌و پێشه‌وه، ئه‌مه‌ش كارێكی نوێ یه له بواری كاری نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكدا.
رۆژنامه: له ئێستادا كه پرۆژه‌كه په‌سه‌ند كراوه ئێوه داواكاریتان چییه؟
ئاشتی عه‌زیز: گرنگه كه رۆڵی رێكخراوه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ خواستی ئازادیی و دیموكراسی و ئیراده‌ی (42) په‌رله‌مانتار فه‌رامۆش نه‌كرێت و سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م یاسایه واژۆ نه‌كات، به‌ڵكو داواكارین بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ په‌رله‌مان تا سه‌رله‌نوێ ئه‌و بڕگانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور و مافی مرۆڤ و دیموكراسیه‌ته چاك بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كرێت پێموایه؛ ده‌بێت په‌نا ببرێته به‌ر دادگای ده‌ستوریی بۆ چاره‌سه‌ركردنی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.