Print
 په‌رله‌مان ‌ئازادیی خۆپیشاندان به‌رته‌سك ده‌کاته‌وه‌
Tuesday, November 9, 2010

راپۆرت: ده‌شتی سالار
وێڕای‌ ناڕه‌زایی‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆن و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ و هاوڵاتیان، ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له‌رێی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئازادیی‌ خۆپیشاندان به‌رته‌سك بكاته‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژی (چوار شه‌ممه‌)ی رابردو 3/11/2010 په‌رله‌مانی کوردستان به‌ده‌نگی‌ 45 ئه‌ندام له‌ كۆی‌ 75 ئه‌ندامی‌ ئاماده‌بو، پرۆژه‌یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانی په‌سه‌ند كرد و ره‌وانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كرا به‌مه‌به‌ستی‌ په‌سه‌ند كردنی.

ئه‌و خاڵانه‌ی له‌یاساكه‌دا بۆته‌ جێگای‌ نیگه‌رانی‌ رێكخراوه‌كان، بونی‌ مۆڵه‌ته‌ پێش 48 سه‌عات له‌ خۆپیشاندان و جێنه‌كردنه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانی‌ له‌ناكاو له‌ یاساكه‌دا، كه‌ به‌ڕای‌ رێكخراوه‌كان 90%ی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خۆپیشاندانی‌ له‌ ناكاون.

یاسایه‌ک بۆ له‌چوارچێوه‌دانی خۆپیشاندان 
بیلال سلێمان، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان پێیوایه‌، ئه‌م یاسای خۆپیشاندانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین که‌موکوڕی زۆری‌ تێدایه‌ هاوکات گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دواوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر خێرا و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دوای‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان و په‌سه‌ندکردنی ئه‌م یاسایه‌ به‌ جۆرێك‌ له‌ پێشێلكردنی‌ ئازادییه‌كان و رێگری‌ له‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین.

بیلال سلێمان که‌ هاوکات ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و رۆشنبیری‌ و راگه‌یاندنی په‌رله‌مانه‌، له‌ لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) نیگه‌رانی له‌ په‌سه‌ندکردنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ ده‌ربڕی و وتی: "هه‌وڵه‌کانمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ بۆ په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێ له‌رێگای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌وڵبدرێت كه‌ ئه‌م یاسایه‌ دوباره‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بکرێته‌وه ‌و خاڵه‌ لاوازه‌كانی‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

لای خۆشیه‌وه‌ د.زانا ره‌ئوف ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان پێیوایه‌، ئه‌و یاسایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆ له‌ چوارچێوه‌دانی‌ خۆپیشاندانه‌‌کانه‌، ئه‌وه‌نده‌ بۆ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان نیه‌ و راشیگه‌یاند: "ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ چه‌ندین خاڵی تێدایه‌ که‌ جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌رکردنه‌ و ناکرێت به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت."

هه‌روه‌ها به‌بڕوای حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی، په‌رله‌مانتاری یه‌کگرتو له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، په‌سه‌ندکردنی ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ ئیحراجییه‌ بۆ حکومه‌ت و ده‌زگا خۆجێیه‌كان و ده‌ڵێت: مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌ نیشتمانی و ‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزاریه‌كان پێداویستیه‌كانی‌ رۆژانه‌ی‌ هاوڵاتیان داخوازی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خۆپیشاندانی‌ له‌ناكاو هه‌بێت، بۆ نمونه‌ قوتابیان له‌ به‌شه‌ ناخۆییه‌ك یان دانیشتوانی‌ شارێك كاره‌بایان نیه‌ یاخود خزمه‌تگوزارییه‌ك نیه‌ ده‌بێ‌ داواكارییه‌كانی‌‌ خۆیان‌ بهێننه‌دی‌ هه‌روه‌ها له‌ كاتێكدا حیزب و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كان كه‌ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، كه‌چی‌ به‌پێی‌ ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ ده‌بێت ئه‌وان جارێكی‌ تر مۆڵه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندان و چالاكییه‌كانی‌ تریان وه‌ربگرنه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا د. ره‌فیق سابیر، په‌رله‌مانتاری لیستی کوردستانی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رونیکرده‌وه‌، پڕۆژه‌ یاسای‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌و ئامانجه‌ بوه‌ كه‌ خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا وه‌ك مافێكی‌ ده‌ستوری‌ رێك بخات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ هه‌ندێك ناته‌واوی‌ تێدایه‌.

مه‌ترسییه‌کانی پرۆژه‌یاساکه‌
سه‌باره‌ت به‌ تێبینییه‌کانیشیان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساکه‌، زانا ره‌ئوف ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، تبینیه‌كانمان به‌ كورتی له‌ چه‌ند خاڵێكدا كورت كردوه‌ته‌وه‌، خاڵی یه‌که‌م په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ناساندن یاخود رێگه‌دان به‌ بونی ده‌سته‌واژه‌یه‌ك به‌ناوی (خۆپیشاندانی له‌ ناكاو) له‌ یاساکه‌دا، "ئێمه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ناو یاساكه‌دا جێگیر بكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خودی خۆپیشاندان بریتی بێت له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی رێكخراو یاخود نیمچه‌ رێكخراو له‌ پێناو په‌یامێكی ئاشكرا یاخود دروستكردنی رای گشتی، ئه‌وه‌ خۆپیشاندانی له‌ ناكاو بریتیه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نا رێكخراو، واتا به‌ شێوه‌یه‌كی ئینفعالی له‌ ماوه‌یه‌كی كاتی دیاریكراودا، له‌به‌ر هۆكارێكی به‌په‌له‌ كه‌ ره‌گه‌زێكی موفاجه‌ئه‌ و كتوپڕی تێدایه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌ و ناتوانێت له‌و فرسه‌ته‌دا ده‌سه‌ڵات ئاگادار بكاته‌وه‌."
خاڵێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌ی به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ خۆپیشاندان ئایا‌ به‌ مۆڵه‌ت ده‌كرێت یاخود ته‌نها به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌، به‌هه‌مو پێوه‌رێك پێمانوایه‌ خۆپیشاندان ئه‌گه‌ر به‌ مۆڵه‌ت بكرێت، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی پێشێلكردنێكی ئاشكرای مافی هاوڵاتی ‌و مافی ده‌ستوری هاوڵاتیه‌ له‌ خۆپیشاندان ‌و ناكۆكیش ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌كانی 13 ‌و 38 ‌و 46 ده‌ستوری عێراقی، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆپیشاندان وه‌كو مافێك ‌و به‌شێك له‌ ئازادییه‌ ده‌ستوریه‌كان ئاماژه‌ی پێدراوه‌، له‌ ماده‌ی 46 ده‌ستوری عێراقدا باس له‌وه‌ کراوه‌ كه‌ خۆپیشاندان‌ و ئه‌و مافانه‌ی له‌ ده‌ستوردا جێگیركراون نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆت ‌و به‌ند بكرێت.

د.زانا سه‌باره‌ت به‌ تێبینی سێهه‌میشیان رونیکرده‌وه‌، که‌ پێویسته‌ وه‌ك له‌ ماده‌ی 13 ده‌ستوری عێراقی ئاماژه‌ی پێدراوه‌ كه‌ به‌سه‌ر هه‌مو عێراقدا جێبه‌جێبكرێت، نابێت هیچ یاسایه‌ك ده‌ربچێت پێچه‌وانه‌ی ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوره‌كه بێت‌، بۆیه‌ به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه‌ جێگیر ده‌كرێت له‌ناو یاسایه‌كدا، وه‌كو جێبه‌جێكردنێك بۆ ماده‌یه‌كی ده‌ستوری، ته‌نها بریتی بێت له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌زیری ناوخۆ و سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیداریه‌كان به‌ پێی كۆمه‌ڵێك مه‌رج، واتا پێش 48 سه‌عات ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاگادار بکرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌وه‌دا كورت بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر زانی مه‌ترسییه‌ك  هه‌یه‌ ‌و به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لمێندرا ئه‌توانێت داوا بكات له‌ لیژنه‌ی ئامادكاری خۆپیشاندانه‌كه‌ كه‌ رێڕه‌وی خۆپێشاندانه‌كه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شیونێكیتر بگۆڕن یا كاته‌كه‌ی له‌ كاتێكه‌وه‌ بگۆڕن بۆ كاتێكی تر، به‌ مه‌رجێك به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌لمێندراو هه‌بێت.

ناوبراو زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ دواو وتی: له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا نابێت مافی ره‌تکردنه‌وه‌ی خۆپیشاندان بدرێته‌ وه‌زیری ناوخۆ و سه‌رۆكی یه‌كه‌ ئیداریه‌كان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ مافێكه‌ بۆ هاوڵاتی و نابێت ئه‌و مافه‌ بدرێت به‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان.

لای خۆشیه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌که‌ی لیستی یه‌کگرتو ئه‌وه‌ی بۆ (سبه‌ی) خسته‌ڕو كه‌له‌و بڕوایه‌دایه‌‌ ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ بۆ 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌شێ و وتیشی: "ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئازادیه‌كان به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه،‌ بۆ نمونه‌ ده‌ڵێت پێش 48 سه‌عات له‌ خۆپیشاندان، ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆجێیی‌ یا وه‌زیر بۆی‌ هه‌یه‌ پاش 48 سه‌عات وه‌ڵامی مۆڵه‌تدانی خۆپیشاندانه‌که ‌بداته‌وه،‌ که‌ ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ كۆت و به‌ندێكن ئازادیه‌كان به‌رته‌سك ده‌که‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها یاساكه‌ هی‌ وڵاتێكی‌ دیموكراسی‌ و كراوه‌ و پێشكه‌وتو نیه،‌ به‌ڵكو هی‌ ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ سیسته‌مێكی‌ شمولی‌ تاكره‌و و ده‌سه‌ڵاتێکی پاوانخوازییان هه‌یه‌‌".

له‌هه‌مانکاتدا د. ره‌فیق سابیر له‌لێدوانه‌که‌یدا بۆ (سبه‌ی) پێیوابو، ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌کان زۆر سنوردار و ته‌نگه‌به‌ر ده‌کاته‌وه‌، "چونكه‌ به‌پێی‌ ئه‌م یاسایه‌ هیچ گروپ و رێكخراو و حیزبێك و بۆی نیه‌ به‌بێ‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی‌ پێش وه‌خت خۆپیشاندان بكات، ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ پاشه‌كشه‌یه‌كه‌ له‌و مافی‌‌ خۆپیشاندانانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ساڵی‌ 1993 له‌ یاسای‌ حیزبه‌كاندا هاتوه‌.


فشار له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران هه‌بوه‌
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌نگی دابێت به‌و پرۆژه‌یاسایه‌، ئه‌ندامه‌که‌ی لیستی کوردستانی وتی: "ده‌نگم بۆ ژماره‌یه‌ک له‌ بڕگه و ماده‌کانی پرۆژه‌یاساکه‌ نه‌داوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆر به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ داكۆكیم له‌سه‌ر كردوه‌ كه‌ ئه‌م مافه‌ نابێت به‌م شێوه‌یه‌ ته‌نگه‌به‌ر بكرێته‌وه‌."

هاوکات ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "فشارێكی‌ زۆر هه‌بوه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی لیستی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی‌ دور له‌ ئیراده‌ی‌ خۆیان هه‌ندێكجار ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام من وه‌کو خۆم به‌ڵێن ده‌ده‌م که‌ ده‌نگ بۆ شتێك ناده‌م كه‌ بروام پێی نه‌بێت و ئازادی به‌رته‌سک بکاته‌وه‌."

ناڕه‌زاییه‌کان به‌رفراوانتر ده‌بن
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌کاتی گفتوگۆکردنی پرۆژه‌یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی یاداشتێکیان له‌رێی فراکسیۆنی گۆڕانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان کرد، به‌ڵام لیسی زۆرینه‌ گوێیان به‌و نوسراوه‌ نه‌داو پرۆژه‌یاسای خۆپیشاندانیان پێچه‌وانه‌ی خواست و داخوازی چین و توێژه‌ جیا جیاکانی هه‌رێم په‌سه‌ندکرد.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا تا دێت ناڕه‌زاییه‌کان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان به‌رفراوانتر ده‌بێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆشنبیرانی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كفری له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا په‌سه‌ندکردنی یاسای خۆپیشاندانه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌ تێیدا ئازادی به‌رته‌سک کراوه‌ته‌وه‌، به‌ هه‌وڵێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دیکتاتۆریه‌ت له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کیشدا گروپی ده‌نگ له‌ سنوری قه‌زای کۆیه‌ که‌ ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نوس و خوێندکار و چالاکوانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌خۆده‌گرێ، ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، تێپه‌ڕاندنی‌ یاسای‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندانه‌كان و كۆت و به‌ند خستنه‌سه‌ر ئازادی‌ راده‌ربڕینی‌ هاوڵاتیان كه‌ خۆپیشاندان یه‌كێكه‌ له‌ڕێگاكان، به‌ له‌قاڵبدانی‌ ئازادی‌ و به‌رته‌سك كردنی‌ ئه‌و مافه‌ سروشتیه‌ی‌ تاكه‌كان ده‌زانین، له‌به‌یاننامه‌که‌دا ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: "ئێمه‌ دیوی‌ دوه‌می‌ ئه‌و یاسایه‌ وا ده‌بینین كه‌ واتای‌ رێگه‌نه‌دانه‌ به‌خۆپیشاندان و له‌سێداره‌دانی‌ ئازادی‌ و دیموكراتیه‌ له‌كوردستان."

‌لای خۆشیه‌وه‌ شۆڕش ئه‌مین ئه‌ندامی فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی، بۆ‌ (سبه‌ی‌) ئاسکرایکرد، له‌ رۆژانی داهاتودا وه‌ك رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی، فشاره‌كانمان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نه‌درێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت، دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك 15 رێكخراوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی نامه‌یه‌كمان ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كردوه‌ و داوامانلێكردوه‌ واژۆی‌ یاساكه‌ نه‌كات، چونكه‌ زۆرێك له‌و بڕگانه‌ی‌ له‌ یاساكه‌دا هاتوه‌، پێچه‌وانه‌ی‌ جاڕی‌ گه‌ردونی مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌ له‌ جیهاندا.

له‌هه‌مانکاتدا فراکسیۆنی گۆڕان له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا که‌ ئاراسته‌ی رای گشتیان کردوه‌، رایده‌گه‌یه‌نن: ئه‌و یاسایه‌ ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانی‌ هێناوه‌ته‌ ئاستی‌ رێگری، که‌ هه‌مو جۆره‌ خۆپیشاندان و مانگرتن و كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ گشتی ‌(ته‌نانه‌ت بۆ حیزب و سه‌ندیكاو رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ مۆڵه‌ت دراویش) پێویستی‌ به‌ ره‌زامه‌ندی‌ نوسراوی‌ به‌رپرسه‌ ئیداریه‌كانی‌ ناوچه‌كان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كاندا یه‌كسانه‌ به‌ نه‌دانی‌ ئه‌و مۆڵه‌ته‌".

داوای هه‌ڵوێست له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کرێت
له‌هه‌مانکاتدا رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن داوای هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌ن به‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ ئیمزا نه‌کات، له‌وباره‌یه‌وه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌یاداشته‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌م یاسایه‌ به‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ ترسناك ده‌زانین له‌ ئاست ئازادیه‌كانی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمداو داوا له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌ین ئه‌و یاسایه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ گۆڕینی‌ هه‌مو ئه‌و مادده‌و بڕگانه‌ی‌ ئازادیه‌كان قه‌تیس و كۆت ده‌كات.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ رۆژنامه‌نوسان و چالاکوانانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی سنوری قه‌زای کۆیه‌ داوا له‌سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌ن، ئه‌و یاسایه‌ واژۆ نه‌كات و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و ئه‌وه‌یان خستوه‌ته‌رو: پێویسته‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ كه‌ ململانێ‌ سیاسیه‌كانیان له‌گه‌ڵ لیسته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان نه‌كه‌نه‌ ده‌رفه‌ت بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و جۆره‌ یاسایانه،‌ چونكه‌ زیانمه‌ندی‌ یه‌كه‌م لێره‌دا هاوڵاتیانن به‌گشتی‌.

Sbeiy.com © 2007