Print
 کوردو حکومه‌تی داهاتوی عێراق
Monday, November 22, 2010

راپۆرتی: دەشتی سالار
دوای تێپه‌ڕبونی زیاتر له‌ 8 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ی 7ی ئاداری عێراقدا، رۆژی (پێنج شه‌ممه‌)ی رابردو 11/11/2010 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ دانیشتنێکدا ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی دیاری کردو هاوکات سه‌رۆکی کۆماریش هه‌ڵبژێردرا، بڕیاریشه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌رۆک کۆمار، به‌ ره‌سمی نوری مالیکی پاڵێوراوی گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی (هاوپه‌یمانی نیشتیمانی) بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ راسپێردرێت و له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا حکومه‌ت پێکبهێنێت.

به‌پێی ئه‌وه‌ی تاوه‌کو ئێستا ئاشکراکراوه‌، دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌پێی خاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر لایه‌نه‌كاندا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و كورسییانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا به‌ده‌ستیانهێناوه‌، كه‌ هه‌ر خاڵێك بریتیه‌ له‌ 3 كورسی په‌رله‌مان.

پۆسته‌ سیادیه‌كانیش (سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران) به‌ 5 خاڵ (15 كورسی) هه‌ژماركراوه‌، هاوكات جێگری ئه‌م پۆستانه‌ش به‌ 4 خاڵ (12 كورسی) هه‌ژماركراوه‌، پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانیش به‌ شێوه‌ی خاڵی جیاواز دانراون.

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاوه‌کو ئێستا رون نه‌بوه‌ته‌وه‌ که‌ ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌کانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی عێراق چه‌نده‌، به‌ڵام نوری مالیکی سه‌رۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت له‌ نوێترین چاوپێکه‌وتنیدا رایگه‌یاند، که‌ ره‌نگه‌ کابینه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی 41 وه‌زاره‌ت له‌ خۆبگرێت، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدا که‌ کورد پشتگیری له‌ که‌مکردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان ده‌کات.

پێگه‌ی کورد له‌ حکومه‌تی داهاتودا
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وه‌ک چاودێرێکی سیاسی، پێیوانییه‌ گۆڕانێکی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی کورددا بێت که‌ له‌ 2005دا هه‌یبوه‌ ‌و رایگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ له‌م حكومه‌ته‌دا لایه‌نه‌كان زۆرن و به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ لیستی‌ عێراقیه‌ به‌و جۆره‌ سه‌یری‌ ده‌كرێت كه‌ به‌رامبه‌ر به‌شداربونی‌ له‌ حکومه‌ت و ده‌ستبه‌رداربونی له‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت قه‌ره‌بو بكرێته‌وه،‌ بۆیه‌ پێموایه‌ کورد وه‌ك جاری‌ پێشو كۆمه‌ڵێک پۆستی‌ ده‌ست بكه‌وێت، که‌ ره‌نگه‌ وه‌زاره‌تێکی سیادی و چه‌ند وه‌زاره‌تێکی دیکه‌شی به‌ر بکه‌وێت.

هاوکات ئاڵا تاڵه‌بانی په‌رله‌مانتاری لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ره‌تیکرده‌وه‌ کورد له‌ حکومه‌تی داهاتودا پۆستی سیادی وه‌رنه‌گرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی پۆسته‌کانی سه‌رۆك كۆمار ‌و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وه‌رگرتوه ‌و چه‌ند خاڵێکی بۆ دابه‌شکردنی پۆسته‌کان له‌ده‌ستدابێت.

تاڵه‌بانی بۆ (سبه‌ی) وتیشی: میكانیزمی دابه‌شكردنی پۆستی وه‌زاریه‌كان تا ئێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌چ میكانیزمێك ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی زیاتر له‌ بۆچونێك هه‌یه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانی كوردستانی بێجگه‌ له‌ ئیستیحقاقه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆی ‌و ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن، به‌پێی خاڵ و ته‌وافوقیش بێت، بۆی هه‌یه‌ داوای پۆستێكی وه‌زاری سیادی بكات له‌گه‌ڵ پۆستێكی خه‌ده‌می ‌و ئینسانی له‌ حکومه‌تی داهاتودا.


له‌لای خۆشیه‌وه‌ به‌کر حه‌مه‌ سدیق ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتو، ئه‌وه‌ی بۆ (سبه‌ی) خسته‌ڕو، که‌ تاوه‌کو ئێستا هیچ رێکه‌وتنێک له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا له‌سه‌ر دابه‌شکردنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌کانی حکومه‌تی داهاتو نه‌کراوه‌ و ئه‌وه‌ی باسده‌کرێت، ته‌نها بۆچون و لێدوانی رۆژنامه‌وانییه‌.

ناوبراو پێشبینیشی کرد له‌م هه‌فته‌یه‌دا دابه‌شکردنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌کانی حکومه‌تی داهاتو له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا ده‌ستپێبکات و وتیشی: "میکانیزمی کارکردنمان له‌ چوارچێوه‌ی ئیئتیلافی فراکسیۆنه‌ کوردستانیه‌کاندایه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داوای پشکی خۆمان ده‌که‌ین".

کورد چ پۆستێک له‌ حکومه‌تی داهاتو وه‌ربگرێت؟
چاودێرانی سیاسی و به‌شێکی په‌رله‌مانتاران پێیانباشه‌ کورد له‌ حکومه‌تی داهاتوی عێراقدا پۆستێکی سیادی ناوخۆیی وه‌بگرێت و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش‌ ده‌که‌ن، باشتره‌ رۆڵی کورد له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق کۆتایی پێ بهێنرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌کر حه‌مه‌ سدیق به‌ پێویستی زانی رۆڵی کورد له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق کۆتایی پێ بێت و رایگه‌یاند: "باشتره‌ پۆستێکی سیادی ناوخۆیی وه‌ربگرین، چونکه‌ یه‌کێک له‌ کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا که‌ به‌شێکه‌ له‌ وه‌ره‌قه‌ 19 خاڵیه‌که‌ی کورد، په‌یوه‌ندی به‌ ناوخۆ و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گازه‌وه‌ هه‌یه‌."

هاوکات فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد بۆچونی وایه‌، کورد له‌ حکومه‌تی داهاتودا هه‌ر پۆستێکی سیادی وه‌ربگرێت جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت.

ئه‌سه‌سه‌رد که‌ هاوکات ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتییه‌، له ‌لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) وتی: "له‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌کانی حکومه‌تی داهاتو جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، کورد هه‌ر کامیان وه‌ربگرێت کاریگه‌ری باشی ده‌بێت بۆ خزمه‌تکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌کو وه‌زاره‌ته‌کانی ناوخۆ و دارایی و نه‌وت و به‌رگری، که‌ کاریگه‌ری ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند، که‌ تاوه‌کو ئێستا به‌ چاره‌سه‌ر نه‌کراوی و هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌."

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پۆستێکی زۆر گرنگه‌، به‌ڵام له‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین، "چونکه‌ سروشتی وه‌زاره‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌رکه‌که‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدایه ‌و سودێکی ئه‌وتۆی بۆ ئێمه‌ نییه‌‌".

هه‌روه‌ها د.مه‌حمود عوسمان وه‌ک په‌رله‌مانتارێکی کورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی هه‌مان بۆچونی هه‌یه ‌و پێیباشبو، کورد له‌ حکومه‌تی داهاتودا داوای پۆستی وه‌زیری دارایی یاخود نه‌وت بكرێت باشتره‌ و راشیگه‌یاند: ئه‌و پۆستانه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ بۆ کورد باشتره‌، به‌تایبه‌ت بۆ چاره‌سه‌کردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.  

هه‌روه‌ها ئاڵا تاڵه‌بانی پێیوایه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتو وه‌زاره‌تی پلاندانان یه‌کێکه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌کان و به‌ پێویستی ده‌زانێت کورد داوای بکات، "وه‌زاره‌تی پلاندانان یه‌كێكه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌كان كه‌ كورد داوای بكات، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌کانی به‌رگری و نه‌وت و دارایی وه‌زاره‌تێكی باشه‌، جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ كه‌ نادرێته‌وه‌ به‌ كورد، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ داوای ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ بۆ كورد نه‌بێت، چونكه‌ له‌ دو خولی رابوردودا بۆ كورد بوه‌".

ئه‌رکی قورس له‌ ئاینده‌دا


ئه‌سه‌سه‌رد پێیوابو کورد له‌ چوارساڵی داهاتودا روبه‌ڕوی دژوارییه‌کی زۆر ده‌بێته‌وه‌و وتی: لیستی‌ عێراقیه ‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵوێستی‌ تایبه‌تیان به‌رامبه‌ر كورد هه‌بوه‌، به‌دیدێكی‌ جیاواز سه‌یری گۆڕانكارییه‌كانی‌ پاش ساڵی‌ 2003 ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌شدار ده‌بن له‌ حكومه‌تدا كێشه‌یه‌كی‌ زۆر بۆ كورد دروست ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ناو شیعه‌كانیشدا به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو ره‌وتی‌ سه‌در‌ هه‌ندێ بۆچون هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌م چوار ساڵه‌دا زۆرتر و به‌زه‌قی‌ دژایه‌تی‌ كورد بكات، هه‌روه‌ها له‌م چوار ساڵه‌دا ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تێكی‌ زۆر هه‌بێت كه‌ سه‌دریه‌كان و عێراقیه‌ لێكنزیكبونه‌وه‌یه‌ك له‌ناو یه‌كدا دروست بكه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ كورد.

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ وتاره‌که‌ی ئوسامه‌ نجێفی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیشی به‌ نمونه‌ هێنایه‌وه‌، که‌ پاش بونی به‌ سه‌رۆکی نوێی په‌رله‌مان پێشکه‌شی کردو تێیدا باسی له‌ زۆر مه‌سه‌له‌ی‌ گرنگ کرد، له‌وانه‌ ماده‌ی 140 و رۆڵی په‌رله‌مان.

وتیشی‌: "ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ماده‌ی‌ 140 له‌ڕێی‌ په‌رله‌مان و وتوێژه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستور باسی‌ لێوه‌ ده‌كات كه‌ رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ حكومه‌ته‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت رۆڵی‌ سه‌ره‌كی بۆ په‌رله‌مان بێت، كه‌ ئێستا ئه‌م ده‌زگا گرنگه‌ به‌ ده‌ست ئه‌وانه ‌و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ئه‌ندامیشیان له‌وێ‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌توانن زۆر رۆڵێكی‌ كارا له‌وێ‌ بگێڕن."

ناوبراو به‌ پێویستیشی زانی نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ به‌غدا به‌نارمه‌یه‌كی‌ تایبه‌تیان هه‌بێت و هه‌وڵ بدرێت دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ په‌ره پێبدات.

ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، که‌ ده‌بێت کورد ناوماڵی خۆی به‌هێز بکات و "بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ سه‌رقاڵی‌ ناكۆكی‌ خۆماڵی‌ نه‌بین، ئه‌و کێشانه‌ی له‌ هه‌رێم له‌مدواییه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ ده‌بێت له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا چاره‌سه‌ر بكرێن، چونکه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ له‌ناو ماڵی‌ کورد هه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌خراپی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم و به‌غدا ره‌نگ ده‌داته‌وه".

له‌به‌رامبه‌ردا ئاڵا تاڵه‌بانی پێیوایه‌؛ ئه‌م جاره‌ش کورد سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌یه‌و وتی: "سه‌نگی كورد ژماره‌ی كورسیه‌كانی نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بونی خۆیه‌تی وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی عێراق، که‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش پۆستی سه‌رۆك كۆمار و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان وه‌رگیرایه‌وه‌".

گۆڕان له‌ به‌غدا
فراکسیۆنی گۆڕان که‌ له‌ رێکه‌وتی 29/10/2010 ،‌ دوای چه‌ند مانگێک له‌ کارکردن و گفتوگۆ و خستنه‌ڕوی پڕۆژه‌یه‌كی ‌12 خاڵی بۆ چاكسازی‌ سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان، بڕیاری کشانه‌وه‌ی خۆی له‌ ئیئتیلافی فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان راگه‌یاند و له‌ئێستاشدا بڕیاریداوه‌ وه‌كو فراكسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا بمێنێته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شۆڕش حاجی، سه‌رۆكی فراكسۆینی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ فراكسیۆنه‌كه‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا و وه‌ك فراكسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به‌ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی عێراق، به‌تایبه‌تی کوتله‌ی (هاوپه‌یمانی نیشتیمانی) كه‌ راسپێردراوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.  

شۆڕش حاجی ئه‌وه‌شی وتی‌: ئێمه‌ به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن به‌شداری له‌ حكومه‌تی داهاتوی عێراقدا ده‌كه‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و پۆستانه‌ی وه‌ریده‌گرین راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانین له‌و رێگایه‌وه‌ خزمه‌تی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: گۆڕان وه‌كو فراكسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ش گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا ئه‌نجام ده‌دات.

ئۆپۆزسیۆن بون له‌ به‌‌غدا
هه‌روه‌ها به‌ بڕوای فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد زه‌حمه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراقدا په‌یدا ببێت و رایگه‌یاند: تا ئێستا دیار نیه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ عێراق په‌یدا ده‌بێت یان نا، چونكه‌ هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ وتوێژیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری حکومه‌ت بکه‌ن و پۆستێكی‌ دیاریكراو له‌ حكومه‌تی داهاتودا وه‌ربگرن، بۆیه‌ كاتێك پۆست وه‌ربگرن ئۆپۆزسیۆن بونیان پێ ناكرێت و ده‌بن به‌ به‌شێك له‌ سیستمی‌ سیاسی.

وتیشی: "ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ عێراق ئه‌وه‌ بێت كه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا په‌یدا بێت یاخود ئه‌گه‌ر په‌یدا بێت ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ رۆڵێكی‌ زۆر كارای‌ نابێت، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌بێت خۆی‌ رۆڵی‌ ئۆپۆزسیۆن بگێڕێت به‌شێوه‌ی‌ سانسۆر بۆ سه‌ر ئه‌دای‌ وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌ندێك له‌ سیاسه‌ته‌كان و حكومه‌ت، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن به‌ مانا ته‌قلیدیه‌كه‌ی‌ من پێم وانیه‌ له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق په‌یدا بێت."
  

Sbeiy.com © 2007