Print
 محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌ نابه‌ستینه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسییه‌وه‌
Saturday, November 27, 2010

سازدانی‌: دلێر عه‌بدولخالق
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات؛ به‌ڵێنیان له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌رگرتوه‌، كه‌ پرۆژه‌ی‌ چاكسازیی ‌‌و كێشه‌كانیان له‌ كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت.

له‌ باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ده‌ڵێت: "كه‌سه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتیی‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تایبه‌تی ‌‌و ئالیه‌تێكی‌ جیاوازمان بۆ ئیداره‌كردن هه‌یه‌، كه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت نوێنه‌ره‌كانمان توشی‌ فه‌ساد بكات".

رۆژنامه‌: بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ده‌سته‌به‌ربونی‌ پۆسته‌ سیادییه‌كان به‌ تایبه‌ت سه‌رۆك كۆمار جۆرێك له‌ نه‌رمیی‌ نواند، ئه‌م مرونه‌ته‌ له‌ چ سۆنگه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم:
یه‌كه‌م: كاتێك كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ به‌غدا ده‌ستی‌ پێكرد، لیستی‌ گۆڕان پێی‌ باش بو له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ تێكنه‌چێت، به‌ تایبه‌ت به‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ ئێمه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ تێكده‌چو و نیسابی‌ یاسایی‌ نه‌ده‌ما، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وته‌ خزمه‌تی‌ هه‌ندێك لایه‌ن كه‌ دۆستی‌ كوردنین.

دوه‌م: لیستی‌ گۆڕان پێی‌ باشه‌ به‌ زوترین كات حكومه‌ت له‌ به‌غدا پێبكێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ دیموكراسی‌ دروستده‌بێت، هه‌موشمان ده‌زانین خه‌ریكه‌ خه‌ڵك له‌ ناوه‌ڕاست‌و خواروی‌ عێراق له‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌؛ سیاسییه‌كان ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بۆ كاروباری‌ تایبه‌تی‌‌ و خزمه‌تی‌ خۆیان به‌كار ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جۆرێك له‌ دیكتاتۆرییه‌ت كه‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كورد نییه‌، بۆیه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان به‌ هه‌مو ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵات ‌و لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ هه‌یه‌تی‌، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌‌و میللیه‌كانی‌ له‌ سه‌رو ئه‌و سیاسییانه‌وه‌ دانا.

رۆژنامه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌رمی‌ نواندن بێت، ئێوه‌ چاوه‌ڕێی‌ چ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ ئیجابی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم، یان به‌غدا ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئێمه‌ هیچ شتێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ نابه‌ستینه‌وه‌ به‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسیی‌، یان كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ ئیجابی‌ به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌مان.

رۆژنامه‌: كێشه‌ دیاره‌كانی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ هه‌رێم له‌ بابه‌تی‌ نانبڕاوه‌كان ‌و پڕۆژه‌ی‌ چاكسازیی ‌‌و ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم كارتێكن بۆ هاو هه‌ڵوێستنه‌بونی‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: كێشه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان ئێمه ‌‌و هاوپه‌یمانی‌ كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان هاتوینه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ پێمانوتن؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ناتوانین له‌ به‌غدا هاوهه‌ڵوێست بین ‌و به‌ یه‌كه‌وه‌ ئیش بكه‌ین، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌و پرسانه‌وه‌ نابه‌سترێته‌وه‌، له‌ باره‌ی‌ بابه‌تی‌ تریش هه‌ڵوێستی‌ هاوپه‌یمانی‌ لێره‌ به‌رامبه‌رمان چی‌ بێت، ئێمه‌ش له‌ به‌غدا چی‌ به‌ راست بزانین، ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین.

رۆژنامه‌: ئه‌و زنجیره‌ دانیشتنه‌ی‌ له‌نێوان ئێوه ‌‌و ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان به‌ كوێ‌ گه‌یشتوه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئه‌وه‌ به‌رده‌وامه ‌‌و به‌ڵێنمان وه‌رگرتوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات پرۆژه‌ی‌ چاكسازیی ‌‌و كێشه‌كانی‌ تر چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

رۆژنامه‌: ئه‌گه‌ر، یان نه‌گه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌تان زیاتره‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: نازانم.

رۆژنامه‌: یه‌كلایی‌ بونه‌وه‌ له‌ به‌شداریكردنتان له‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراق؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌شداریی‌ ده‌كه‌ین.

رۆژنامه‌: به‌ دیاریكراوی‌ پۆستێكی‌ تایبه‌ت هه‌یه‌ داوای‌ بكه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌ دیاریكراوی‌ وه‌فدی‌ دانوستكاری‌ گۆڕان له‌ به‌غدا ده‌یزانێت، ئه‌وان گفتوگۆ له‌ باره‌ی‌ ئه‌و پۆسته‌وه‌ ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌: وه‌فده‌كه‌ ده‌ستی‌ كردوه‌ به‌ دانوستان؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: به‌ڵێ‌.

رۆژنامه‌: بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆست چاوه‌ڕێی‌ هیچ هاوكارییه‌كی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: مه‌سه‌له‌كه‌ هاوكاریی‌ ئه‌وان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ ته‌كلیفكراوه‌ ده‌یانه‌وێت حكومه‌تێكی‌ بنكه‌ فراوان دروستبكه‌ن، واته‌ هه‌مو فراكسیۆنه‌ براوه‌كان به‌شداریی‌ پێبكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش ئیستحقاقی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌، ئینجا چ له‌ رێی‌ ئیئتیلافی‌ كوردستانیه‌كان، یان هاوپه‌یمانی‌، یاخود وه‌ك فراكسیۆنێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان ئه‌و پۆستانه‌ی‌ وه‌ریده‌گرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان به‌كاری‌ بهێنێت ‌و بیسه‌لمێنێت به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتیی‌ ده‌خاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان.

رۆژنامه‌: له‌ ماوه‌ی‌ كه‌مپه‌ینی‌ هه‌ڵبژارندا، ره‌خنه‌ی‌ زۆرتان له‌ ئه‌دای‌ نوێنه‌رانی‌ كورد گرتوه‌ له‌ حكومه‌ته‌كانی‌ پێشوی‌ عێراق، به‌شداریكردنتان تاكتیكێك نییه‌ بۆ تێوه‌گلان له‌ رۆتین ‌و فه‌سادی‌ ئیداریی‌، یان ئێوه‌ ئالیه‌تێكی‌ نوێتان هه‌یه‌ بۆ ئیداره‌كردنی‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌زارییانه‌ی‌ له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرن؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌سه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتیی‌ بخه‌نه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی‌ تایبه‌تی‌، هیچ كه‌سێكیش ناتوانیت لایه‌نێك له‌ رۆتینی‌ ئیدارییه‌وه‌ بگلێنێت، ئه‌گه‌ر خۆی‌ ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی‌ تیا نه‌بێت، ئێمه‌ ئالیه‌تێكی‌ جیاوازمان بۆ ئیداره‌كردن هه‌یه‌، بۆیه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت توشی‌ فه‌سادمان بكات.

رۆژنامه‌: به‌ هه‌ڵسانگاندنی‌ ئێوه‌ بڕیاربه‌ده‌ستانی‌ كورد (پارتی ‌‌و یه‌كێتی‌) له‌پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێ‌‌ و ئه‌و سه‌ودا سیاسییه‌ی‌ رویدا، ده‌ستكه‌وت، یان زیانیان بۆ كورد له‌ حوكمڕانیی‌ نوێ‌ به‌ده‌ستهێناوه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: دیارنییه‌، ده‌بێت بوه‌ستین ئه‌و حكومه‌ته‌ی‌ پێكدێت چ به‌رنامه‌یه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر ‌و چی‌ جێبه‌جێ ده‌كات‌ و داخوازییه‌كانی‌ كورد له‌ كارنامه ‌‌و پلانی‌ خۆی‌ چۆن جێ ده‌كاته‌وه‌، به‌و پێوانه‌ش ده‌زانرێت كورد قازانجی‌ كردوه‌، نه‌ك به‌ وه‌رگرتنی‌ پۆست، واته‌ له‌ ماوه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ ده‌توانێت ته‌قیمی‌ بكه‌ین، ئایا كورد ده‌ستكه‌وتی‌ هه‌بوه‌، یان نا، ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ی‌ باسی‌ ده‌كه‌م كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێم، نه‌ك شه‌خس ‌و فراكسیۆنێكی‌ دیاریكراو، چونكه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ كورد ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند خواسته‌كانی‌ له‌ ئیداره‌ی‌ عێراقیدا جێبه‌جێ ده‌كرێت‌ و كێشه‌كانی‌ نێوان ئێمه ‌‌و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

رۆژنامه‌: پرسیاری‌ زۆر ده‌كرێت له‌سه‌ر ده‌نگدانتان به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، هه‌ڵوێستی‌ گۆڕان له‌و روه‌وه‌ رون نییه‌، ئایا هیچ ئیعازێك هه‌بوه‌ بۆ ده‌نگدان، یان ده‌نگنه‌دان به‌و به‌رپرسه‌؟
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم: ئێمه‌ ته‌نیا پێمانوتون؛ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌شداربن ‌و مه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌نگدانیش به‌ نهێنییه‌‌ و كه‌س نازانێت كێ‌ ده‌نگی‌ به‌كێ‌ داوه‌! مومكینه‌ كه‌سێك بڵێت، ده‌نگی‌ پێده‌ده‌م له‌ به‌رامبه‌ریشدا ده‌نگی‌ پێنه‌دا، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زمونمان هه‌یه‌ نه‌كه‌وینه‌ ناو ئه‌و ته‌فاسیلاته‌وه‌، په‌رله‌مانتار به‌ ویژدانی‌ خۆی‌ ده‌نگده‌دات‌ و ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ لای‌ ئێمه‌ نوێنه‌ره‌كانمان مانه‌وه ‌‌و نه‌یانهێشت كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان تێكبچێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كورد نه‌بو، هیچ ئیعازی‌ تایبه‌تیشمان بۆ كه‌س نه‌بوه‌‌ و خۆیان‌ و ویژادانیان له‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رپرسه‌.

Sbeiy.com © 2007