Print
 (الله‌، الوطن، الملک)
Saturday, January 19, 2008

 راپۆرت : عوسمان عه‌سکه‌ری      

الله‌ الوطن الملک، ئه‌مه‌ دروشمی نیشتیمانی ووڵاتی مه‌غریبه‌. له‌ سه‌ره‌تای مانگی دیسه‌مبه‌ر به‌ گه‌شتێک چوبوم بۆ ئه‌گادیر له‌ ووڵاتی مه‌غریب، له‌م گه‌شته‌دا هه‌وڵم دا له‌نزیکه‌وه‌ هه‌ندێک زانیاری ده‌رباره‌ی ژیان و که‌لتوری دانیشتوانی ئه‌و ووڵاته‌ به‌ده‌ست بهێنم که ‌لێره‌دا به‌شێک له‌و زانیاریانه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌ر ده‌ستی ئێوه‌ی به‌ڕێز. ووڵاتی مه‌غریب پادشایی ده‌ستوریه‌، ده‌که‌وێته‌ سه‌ر باکوری زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی له‌ کیشوه‌ری ئه‌فه‌ریکا. به‌ پێی ویکیپێدیا کۆی دانیشتوانی ئه‌و ووڵاته‌ زیاتره‌ له‌ 34 ملیۆن و ڕوبه‌ری خاکه‌که‌ی بریتیه‌ له‌ 446 550 km². 


پادشای مه‌غریب شا محمد ی شه‌شه‌مه و ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می ووڵاته‌که‌ی له‌ ده‌ستدایه.‌ وه‌زیری یه‌که‌می ئه‌و ووڵاته‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی مۆنارک فه‌رمانڕه‌وایی حکومه‌ت ده‌کات. 33 پارتی سیاسی به‌شداری دوایین هه‌ڵبژاردنی کێ بڕکێی په‌ڕله‌مانیان کردوه‌ له‌ پێناو به ‌ده‌ستهێنانی زیاترین جێگه‌ له‌ کۆی 325 کورسی په‌ڕله‌مانی ئه‌و ووڵاته‌‌. مه‌غریب به‌سه‌ر 16 هه‌رێم دا دا‌به‌شکراوه‌. ئه‌گادیر ولایه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌رێمی سوسه، که ده‌که‌وێته‌ سه‌ر زه‌‌ریای ئه‌تڵه‌سی له‌ باشوری ڕۆژائاوای مه‌غریب و‌ کۆی دانیشتوانی ئه‌و شاره‌  نزیکه‌ی 350،000 و دانیشتوانی هه‌رێمه‌‌که‌ ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 850،000 مرۆڤ.  

له‌ 29 04 1960 ئه‌گادیر دوچاری بومه‌له‌رزه‌یه‌کی سه‌خت بوه‌ که‌ بۆته‌‌ هۆی داڕوخانی شاره‌که‌ به ‌ته‌وای و له ‌ناوچونی نزیکه‌ی 17،000 مرۆڤ.  دوای ئه‌و ڕوداوه‌ به‌ بڕیاری پادشای مه‌غریب شاره‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی مودێرن دروست ده‌کرێته‌وه‌. له‌ دوای مه‌راکیش ئه‌گادیر به‌ دووه‌مین شاری گرنگی گه‌شت و گوزاری ئه‌و وڵاته‌ ئه‌ژمار ده‌کرێت‌. له‌ ئه‌گادیر بازاڕێکی زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ به‌ ناوی سوق الحد، ئه‌م بازاڕه‌ 3 km² یه‌. له‌م بازاڕه‌دا هه‌مو جۆره‌ پێداویستیه‌کانی ژیانی تێدا ده‌ست ده‌که‌وێت، به‌پێی گوته‌ی شاره‌زایانی ئه‌گادیر سوق الحد به ‌گه‌وره‌ترین بازاڕی ئه‌فه‌ریکا ئه‌ژمار ده‌کرێت. 


به‌هۆی ڕه‌نگی خانو به‌ره‌کانه‌وه‌، ‌ ئه‌گادیر له‌ دوره‌وه سپی ده‌چێته‌وه‌. سه‌ره‌تای گه‌یشتنم بۆ ئه‌گادیر ئه‌و ڕه‌نگه‌م زۆر لا جوان بوو، وام ده‌زانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ڕه‌نگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هۆکاری گه‌رمای هاوینه‌ به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌ بینیم جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆ له‌ نێوان که‌ش و هه‌‌وای شاری ئه‌گادیر و مه‌راکیشدا نیه‌ هاوکات دانیشتوانی شاری مه‌راکیش سورێکی ژه‌نگ ڕه‌نگ به‌کار ده‌هێنن‌ ئیدی ئه‌مه‌ پرسیارێکی له ‌ناخمدا دروستکرد. ئه‌نجامی عه‌وداڵ بونم بۆ وه‌ڵامی ئه‌و جیاوازیه‌ دوای زۆر پرسیارکردن له‌و باره‌یه‌وه‌ چه‌ندین وه‌ڵامی جودا جودام ده‌سکه‌وت. پاش هه‌وڵدان چاوم به‌ هه‌ندێک ڕۆژنامه‌نوسی ئه‌گادیر که‌وت، له‌وانه‌ ڕۆژنامه‌نوس و ڕاوێژکاری سه‌رۆکی نوسه‌رانی گۆڤاری مشاهد، عزیز العوماری. العوماری مرۆڤێکی زۆر به‌ڕێزو هێمن و خاکیه‌، پاش ئه‌وه‌ی خۆم پێ ناساند له‌ زۆر بواردا گفتوگۆمان ئه‌نجام دا.
 
العوماری و هاوڕێکانی زۆر ڕێزیان لێ گرتم.‌ ئه‌نجامی گفتوگۆ کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان و که‌سانی دیکه له‌ ئه‌گادیر بۆم ده‌رکه‌وت  که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی الجز‌یرة تا ئه‌ندازیه‌ک له‌ مه‌غریب خۆشه‌ویست نیه‌، دوا پرسیارم له‌و به‌ڕێزانه،‌‌ جیاوازی نێوان ڕه‌نگی‌ ئه‌و دوو شاره‌ بوو. العوماری و هاوڕێکانی پێ یان گوتم ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌ش و هه‌وا و هاوکات زوه‌ق و ناسنامه‌ی شاره‌کانه‌وه‌ هه‌یه.‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لۆجیکی تێدایه‌ به‌ڵام متمانه‌یه‌کی ئه‌وتۆی لام دروست نه‌کرد که‌ واز له‌ گه‌ران بۆ وه‌ڵامێکی گونجاوتر بهێنم بۆیه‌ سه‌ردانی مه‌کته‌بی عه‌قاره‌کانم کرد ئیدی ئه‌وان پێ یان گوتم هۆکاری جیاوازی ڕه‌نگی ئه‌و دوو شاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ، گه‌رمای هاوین‌ و له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ڕه‌نگی سروشتی خۆڵی ناوچه‌کانه‌‌.‌ زۆر جار ڕه‌شه‌با ته‌پوتۆزێکی یه‌کجار زۆر به‌سه‌ر شاره‌کاندا ده‌بارێنێ، ‌ڕه‌نگی خۆڵی ئه‌گادیرو ده‌وروبه‌ری سپیه‌، ته‌پو تۆزه‌که‌ش هه‌مان ڕه‌نگه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خانوبه‌ره‌کان ڕه‌نگیان سپی نه‌بێت ئه‌وا زوو پیسیان پێوه‌ دیار ده‌بێت‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕه‌نگی خۆڵی مه‌راکیش سوره و ڕه‌شه‌با تۆزی سور ڕه‌نگ له‌و شاره‌ ده‌بارێنێ‌. 

دانیشتوانی مه‌غریب زۆر هه‌ژارن، موچه‌ی کارمه‌ندێکی ئاسایی ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 1000 بۆ 1300 درهه‌م، 1 دۆلار یه‌کسانه‌ به‌ نزیکه‌ی 7 درهه‌م.  له‌و ووڵاته‌ بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌، لێ وێڕای سه‌ختی ژیان و که‌م ده‌رامه‌تی، دانیشتوانی ووڵاته‌که‌‌ له‌ ڕوی ده‌رونیه‌وه‌ هێمن و له‌سه‌رخۆن. خاتو لبنی شۆخێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵه‌یه‌، بۆ په‌یداکردنی پارویه‌ک نان 5 ساڵه‌ قوتابخانه‌ی به‌جێ هێشتوه‌ و کاری نه‌خشی خه‌نه ‌ده‌کات. لبنی مانگانه‌ نزیکه‌ی 100 بۆ 200 دۆلار به‌م کاره‌ په‌یدا ده‌کات. ئه‌و گوتی، ئه‌مه‌ بڕێکی که‌مه‌ من به‌ده‌ستی ده‌هێنم به‌ڵام به‌م کاره‌ ژیانێکی سه‌ربه‌رز و ئازاد ده‌به‌مه‌سه‌ر بۆیه‌ کاره‌که‌م زۆر خۆش ده‌وێت. دیالێکتی ئه‌مازیغی له‌ گفتوگۆ کردندا زۆر ‌توڕه‌یی پێوه ‌دیاره‌ لێ له‌ پراکتیکدا هاووڵاتیانی مه‌غریب زۆر هێمنن. به ‌پێچه‌وانه‌ی ووڵاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌بی، مه‌غریبیه‌کان خۆیان به‌ زل نازانن هاوکات‌ له ‌بواری که‌لتوریدا ته‌واوی ئازادیه‌کانی تاک به‌دی ده‌کرێت لێ له ‌بواری سیاسیدا زمانی ده‌ربڕین پێده‌چێت لاڵ بێت‌ بۆیه‌ زۆر پرسیاری کێشه‌ی عه‌ره‌به‌کانی سه‌حراو جوڵانه‌وه‌ی پۆلیساریۆم کرد به‌ڵام هیچ جۆره‌ زانیاریه‌کم به‌ده‌ست نه‌هێنا جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ده‌یانگوت ئێمه‌ هیچ کێشه‌و جیاوازیه‌کمان نیه. به‌درێژای ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بوم هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک نه‌بو باس له‌ پۆلیساریۆ یاخود کێشه‌ی سیاسی نێوان سه‌حراویه‌کان و مه‌غریب بکات لێ شه‌وی 14 دیسه‌مبه‌ری 2007 ته‌له‌ڤزیۆنی الجزیرة ڕێپۆرتاژێکی ده‌رباره‌ی سه‌حراویه‌کان پێشکه‌ش کرد، دیار بوو هۆکاری ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌یه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی الجزیرة‌ له‌ مه‌غریب خۆشه‌ویست نی یه‌. به‌ پێی ویکیپێدیا ئه‌مازیغیه‌کان (به‌ربه‌ری) پێده‌چێت زیاترین ڕێژه‌ی دانیشتوانی مه‌غریب پێک بهێنن. به ‌زمانی ئه‌مازیغی (به‌ربه‌ری، واتای‌ مرۆڤی ناشارستانی ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌مازیغیش مرۆڤی ئازاد) ئه‌مازیغیه‌کان لایان ناخۆشه‌ به‌ به‌ربه‌ر ناوزه‌د بکرێن. له‌ ئه‌نجامی نه‌شاره‌زایم له‌ ئه‌گادیر زۆرجار وه‌ک به‌ربه‌ر ناوم ده‌هێنان به‌ڵام ئه‌مازیغیه‌کان به‌هێمنی هه‌ڵه‌که‌یان بۆ ڕاست ده‌کردمه‌‌وه‌ و پێیان ده‌گوتم که‌ ئه‌وان ئه‌مازیغین نه‌ک به‌ربه‌ر. ئه‌گادیر زیاتر شارێکی ئه‌مازیغی نشینه‌ بۆیه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆڕه‌خسا که‌ زۆر به‌ وردی پرسیاری جیاوازی نێوان عه‌ره‌ب و ئه‌مازیغیه‌کان بکه‌م له‌ ڕوی ئه‌رک و مافه‌ مرۆییه‌کانه‌وه‌ لێ زۆر به‌ڕاستگۆییه‌وه‌ ده‌یانگوت جیاوازی له‌ نێوان ئه‌مازیغی و عه‌ره‌بدا نیه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌مازیغی زمانی زۆربه‌ی دانیشتوانی مه‌غریبه‌ لێ زمانی عه‌ره‌بی زمانی ڕه‌سمی یه‌که‌م و فه‌ره‌نسی زمانی دووه‌می ووڵاته‌که‌یه،‌ له‌وه‌ زیاتر هیچ ‌جیاوازیه‌کی دیکه‌ به‌دی ناکرێت. دروشمی نیشتیمانی مه‌غریب (الله‌، الوطن، الملک) له‌ زۆربه‌ی شاره‌کان دا به ‌گه‌وره‌یی نوسراوه‌ته‌وه‌. دانیشتوانی ئه‌گادیر و مه‌راکیش زۆر پادشاکه‌یان خۆش ده‌وێت به‌تایبه‌ت شا محمدی شه‌شه‌م. 


شا محمدی شه‌شه‌م به‌ پێچه‌وانه‌ی باوکی زۆر گۆڕانکاری و ئاسانکاری سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌نجام داوه‌، ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ بونه‌ته‌  هۆی کرانه‌وه‌ی زیاتر و گه‌شه‌کردنی به‌رچاوی وڵاته‌که‌‌. نزیکه‌ی له ‌ 98,% دانیشتوانی مه‌غریب موسڵمانه‌ و زۆربه‌یان سونه‌ مه‌زهه‌بن به‌ڵام هیچ جۆره‌ جیاوازیه‌ک له‌نێوان ئاین و مه‌زهه‌به‌کان به‌دی ناکرێت.‌ له ‌به‌ندی یه‌که‌می ده‌ستوری مه‌غریبدا هاتوه‌، مه‌غریب ده‌ستوری پادشای یه‌و ئاینی ئیسلامه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ له‌و ووڵاته ‌دا مه‌سیحی و جوله‌که‌ش هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ ناسنامه‌کانیان جۆری دینی خاوه‌ند ناسنامه‌ نه‌نوسراوه‌ بۆیه‌ هه‌ستم به‌هیچ جۆره‌ جیاوازیه‌کی نێوان ئاینه‌کان نه‌کرد جگه ‌له‌وه‌ی به‌پێی یاسای ووڵاته‌که که‌ کۆنتر نوسراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و خواردنه‌وانه‌ی له‌ ئاینی ئیسلامدا قه‌ده‌غه ‌کراوه‌ نابێت به ئیسلام بفرۆشرێت لێ ئه‌م یاسایه‌ ناتوانرێت جێ به‌ جێ بکرێت چونکه‌ که‌س نازانێت کێ و چی جۆره‌ ئاینێکی هه‌یه. به‌ بڕیاری پادشا ده‌بێت هه‌مو مه‌غریبی یه‌ک ڕێز له‌ دارخورما بگرێت و هه‌رکه‌س دارخورما ببڕێت یان بیشکێنێت ئه‌وه‌ سزا ده‌درێت به‌ڵام له ‌ناوچه‌قی ئه‌گادیردا مرۆڤێکی شێتم بینی، دیار بوو ڕقی له‌ پادشا هه‌ستابوو بۆیه‌‌ له‌گه‌ڵ دارخورماکانی سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌کانی شاری ئه‌گادیر به‌ شه‌ڕ هاتبو، له‌ ئه‌نجام دا لق و پۆپی چه‌ند دارخورمایه‌کی ڕوتانده‌وه‌. داره‌کان گه‌وره‌بون بۆیه ئه‌و مرۆڤه‌‌ پاش ‌ململانێ و ماندو بونێکی زۆر ئه‌وکات ده‌یتوانی لقه‌کان بشکێنێ به‌ڵام له‌گه‌ڵ بیستنی قرچه‌ی شکاندنی هه‌ر لقێک دا ده‌یدایه‌ قاقای پێکه‌نین و له‌ناخه‌وه‌ ماوه‌یه‌ک به‌ قاقا پێده‌که‌نی و ماندو بونه‌که‌ی فه‌رامۆش ده‌کرد، دواتر ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی چه‌ند باره‌ ده‌کرده‌وه‌.
 

ئه‌م دیمه‌نه‌م هێنده‌ به‌لاوه‌ سه‌یر بو وای لێکردم له‌گه‌ڵ هاوڕێی یه‌کم نزیکه‌ی 15 ده‌قیقه‌ به‌دیار ئه‌م دیمه‌نه‌وه‌‌ ڕاوه‌ستین، لێ منیش له‌گه‌ڵ قرچه‌ی داره‌که‌و قاقای ئه‌ودا ده‌م دایه‌ قاقای پێکه‌نین.‌ مه‌غریبیه‌کان زۆر خواردنی جۆراو جۆری خۆشیان هه‌یه‌ که‌ باوترینیان کوسکوس و طاجینه‌. میوانی خۆشه‌ویست ده‌عوه‌تی کوسکوس ده‌کرێ که‌ بریتیه‌ له‌ ساوه‌رێکی زۆر ورد به ‌مریشک یاخود به‌گۆشت و سه‌وزه‌ ئاماده ‌دکرێت به‌ڵام طاجین له ‌ماسی، گۆشت یاخود مریشک دروست ده‌کرێت. دانیشتوانی ئه‌و ووڵاته‌ وێڕای سه‌وزه‌ داوو ده‌رمانی زۆر خۆشتام له‌ خواردن دروست کردندا به‌کار ده‌هێنن هاوکات ‌زۆر جۆر خواردنی دیکه‌ی ده‌ریایی له ‌بازاڕو ڕستۆرانته‌کاندا ئاماده‌ ده‌کرێت، له‌وانه‌‌ سه‌ردین که‌ خواردنی زۆر باوه‌. خۆش ‌تامترین طاجین له ‌ناو قاپێکی هه‌ره‌م ئاسا که ‌له‌ سیرامیک دروستکراوه، له ‌سه‌ر خه‌ڵوز ئاماده‌ ده‌کرێت. طاجین خواردنێکی زۆر خۆش ‌تام بو لای من بۆیه‌ ڕۆژانه‌ ژه‌مێک طاجینم ده‌خوارد.  ئازادی تاکی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ ڕوی که‌لتوریه‌وه‌ له ‌ئاستێکدایه‌، مرۆڤه‌کان به‌بێ جیاوازی توخم زۆر ئازادانه‌ په‌یوه‌ندی و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدی ده‌که‌ن. 


دروست بونی په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌تایبه‌ت نێوان توخمی نێرو مێ به‌و ئاسانیه‌ له‌ ئاستی زۆر وڵاتی دیکه‌ی شارستانیدایه‌ به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ ئه‌نجامی دیارده‌ی هه‌ژاری هه‌ندێک جار ئازادیه‌کان دقۆزرێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ بواری کڕین و فرۆشتنی له‌شه‌وه‌ به‌تایبه‌ت پێده‌چێت له ‌لایه‌ن پیاوانی وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ قێزه‌ونه‌ زۆرتر ئه‌نجام بدرێت. ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی گه‌شته‌که‌م پێکرد جگه‌ له‌ زۆر سه‌رنشینی عه‌ره‌بی عیراقی یازده‌ سه‌رنشینی کوردم تێدا بینی. دوو خێزانی کوردم بینی که‌ هاتبون بۆ گه‌شت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌کترمان نه‌ده‌ناسی لێ هاتنی خێزانی کورد بۆ گه‌شتێکی له‌و جۆره‌ زۆر دڵخۆشی کردم. حه‌وت پیاوی دیکه‌ی کوردم بینی که‌ به‌ بێ هاوسه‌ره‌کانیان هاتبون بۆ مه‌غریب، پێده‌چێت کوردێکی زۆر بۆ جۆرێک له‌ ڕابواردن ڕوو بکه‌نه‌ ووڵاتی مه‌غریب، به‌شێک له‌و پیاوانه‌ زۆرترین کاتی گه‌شته‌که‌یان ته‌رخان کردبو بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی غه‌ریزه‌کانیان. له ‌ناو گه‌شتیاره‌کانی ئه‌گادیر سێ ژنی گه‌شتییاری ئه‌وروپام بینی که‌ ته‌مه‌نیان سه‌روی 40 ساڵ ده‌بو، ئه‌و سێ ژنه‌ش سه‌رقاڵی لاوی ته‌مه‌نی نزیک 20 ساڵی ئه‌و وڵاته‌ بون.
 

به‌شێک له‌ گه‌شتیاره‌کان ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌سادی کۆمه‌ڵایه‌تی لێ وێڕای هه‌ژاری و  که‌مو کوڕیه‌کان دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ به‌گشتی زۆر به‌ڕێز و میهره‌بانن. مه‌غریبیه‌کان عێراقیان زۆر خۆش ده‌وێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر سۆزیان بۆ خه‌لیجیه‌کان نیه‌. ئه‌نجامی هه‌ژاری سواڵکردن له‌و وڵاته‌ دیارده‌یه‌کی ڕونه‌. هه‌ژاره‌کان زیاتر داوای یارمه‌تی له‌ گه‌شتیاره‌کان ده‌که‌ن لێ له‌ گه‌شتیاره‌ سپی پێسته‌کان که‌متر داوای هاوکاری ده‌که‌ن. پۆلیسه‌کانی ناو شاری ئه‌گادیر زۆر میهره‌بان و هێمن بون لێ پۆلیسه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌ زۆر به‌ ترس و ئاگاداریه‌وه‌ داوای به‌رتیلیا‌ن له‌و ‌گه‌شتیارانه‌ ده‌کرد که‌ سپی پێست نه‌بون به‌ڵام به‌هیچ جۆرێک نه‌ده‌وێران ئه‌و ڕه‌فتاره‌ له‌گه‌ڵ گه‌شتیاره‌ ئه‌وروپی یه‌کاندا ئه‌نجام بده‌ن لێره‌دا بۆم ده‌رکه‌وت له مه‌غریب وه‌ک ‌زۆربه‌ی ووڵاتانی تازه‌ پێشکه‌وتو به‌تایبه‌ت ووڵاتانی عه‌ره‌بی زۆر زیاتر ڕێز و میهره‌بانی پێشکه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ڕۆژئاوا ده‌کرێت وه‌ک له‌ هاووڵاتیانی ووڵاته‌کانی دیکه‌.


لیۆن گه‌نجێکی 30 ساڵه‌ی چه‌پڕه‌وی سویدیه‌ له‌ ساڵی 2003 سه‌ردانی کوردستانی کردبو، لیۆن بو به ‌هاوڕێم به‌ڵام هه‌ر که ‌گه‌یشتینه‌ ئه‌گادیر ئه‌و بڕیاری دا به‌ڕێ بکه‌وێت به‌ره‌و سه‌حرا و له‌وێوه‌ بۆ مۆریتانیا هتد، بۆیه‌ من به‌ته‌نیا مامه‌وه لێ به‌خت یاوه‌رم بو، له‌ ئوتێله‌که‌ کوڕێکی زۆر به‌ڕێزی که‌رکوکیان کرده‌ ژوره‌که‌مه‌وه‌. هه‌ندێک جار پێکه‌وه‌ پیاسه‌مان ده‌کرد دواتر له‌وێ هاوڕێه‌کی دیکه‌مان ناسی که‌ خه‌ڵکی سلێمانی بو، ئه‌و هاوڕێ یه‌ زۆر ئه‌هلی زه‌وق و دڵساف و ڕاستگۆ بو. ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ هێنده‌ گه‌شته‌که‌ی خۆشکرد ئه‌وکاتانه‌ی یه‌کمان ده‌دیت به‌رده‌وام پێده‌که‌نیتین، به‌تایبه‌ت به‌ ده‌نگی به‌رز زۆر عه‌ره‌بیه‌کی خۆش ده‌دوا، هه‌ندێک جار له‌ دوره‌وه‌ گوێمان له‌ گوته‌کانی ده‌بو، کاتێ‌ له‌گه‌ڵ کچان قسه‌ی ده‌کرد ده‌یگوت، ئانی یعجبک کتیر به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرترین له‌ دانیشتوانی ئه‌و شاره‌ ئه‌مازیغی بون بۆیه‌ ئه‌وانیش زمانی عه‌ره‌بییان زۆر باش نه‌ده‌زانی و لایان وابو که‌ ئه‌وه‌ دیالێکتی عێراقیه‌ و له‌وه‌ڵامدا ده‌یانگوت ئانی یعجبک اکتر. ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ گه‌شتیاره‌ کورده‌کانی دیکه‌ سه‌رقاڵی ژیانی تایبه‌تی خۆی بو، ئه‌و کاتانه‌ی پێکه‌وه‌ پیاسه‌مان ده‌کرد، له‌ پڕێکدا دیار نه‌ده‌ما، کاتێک ده‌مان دۆزیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خانمێکدا پیاسه‌ی ده‌کرد، به‌ پێی گوته‌ی هه‌ڤاڵێکی نزیکی خۆی کچانی ئه‌گادیر ئه‌و هه‌ڤاڵه‌یان ناو نابو (‌شطة) واته‌ بیبه‌ری تیژ‌. 


به‌پێی گوته‌کانی العماری ڕه‌وشتی دیموکراتی، ئه‌رک و مافه‌ مرۆییه‌کان له ‌قوتابخانه‌کاندا وه‌ک وانه‌ ده‌خوێندرێت، قوتابخانه‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه‌ تێکه‌ڵه‌ن له‌ کچ و کوڕ. به ‌بڕوای من جێی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق به‌ مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێدانی که‌لتوری کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگاکانی عێراق له‌ شێوه‌ی که‌لتوری مه‌غریب که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ ڕه‌وانه‌ی مه‌غریب بکات بۆ توێژینه‌وه‌ له ‌چۆنیه‌تی کرانه‌وه‌ی که‌لتوری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له‌ جیهانی ئیسلامیدا‌. ئه‌گه‌ر چی که‌س و لایه‌نی توندڕه‌و دژی ئه‌م بۆچونه‌ن به‌ڵام ده‌خوازم بڵێم به‌گشتی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ زۆر کراوه‌و به‌ڕێزن لێ من زیاتر ئاماژه‌م بۆ که‌مو کوڕیه‌کان کرد چونکه‌ کوردێکی زۆر ده‌چن بۆگه‌شتی وڵاتان به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌هاوسه‌ره‌کانیان بگرن وه‌ به‌شێک له‌ کاتی خۆیان له‌و ووڵاتانه‌ بۆ‌ کاری نابه‌جێ ته‌رخان ده‌که‌ن ئه‌گینا‌ به‌گشتی هاووڵاتیانی مه‌غریب زۆر به‌ڕێز و میهره‌بانن لێ فه‌ساد له ‌هه‌مو ووڵاتانی جیهاندا ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار له ‌ناو په‌رستگاکانیشدا به‌دی ده‌کرێت.‌
 هاوڕیه‌تی نێوان توخمه‌کان له‌و ووڵاته‌ زیاتر بریتیه‌ له ‌ئازادی و دیموکراتی که‌لتوری و ده‌ربڕینی ڕاستیه‌کان، ئه‌گه‌ر هه‌مان ئازادی له‌‌ کوردستان دا بێته‌ دی ئه‌وا دڵنیام په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵا‌یه‌تیه‌کان زۆر ڕاستگۆیانه‌، ته‌ندروستی تر و جوانتر ده‌بێت هاوکات ڕه‌وشتی دیموکراتی گه‌شه‌ ده‌کات.

 

Sbeiy.com © 2007