Print
 د.فواد مه‌عسوم: گۆڕان له‌ مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، رۆڵی‌ ئیجابی‌ هه‌یه‌
Tuesday, December 7, 2010

سازدانی:‌ رۆژنامه‌
سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق پێیوایه‌ خولی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق جیاواز له‌خولی‌ پێشو زیندویه‌تی‌ زۆری‌ پێوه‌ دیار ده‌بێ‌ و تێپه‌ڕاندنی‌ پڕۆژه‌یاساكان ئاسان نابێت.

د.فواد مه‌عسوم سه‌باره‌ت به‌ بۆچونی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌مه‌ڕ پێكهێنانی‌ كابینه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌رێكی‌ زۆر لاوازه‌ ببینه‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌شدار ده‌بین له‌حكومه‌ت".

رۆژنامه‌: پێكهاته‌ی‌ سیاسیی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، گۆڕاوه‌، ئێوه‌ له‌وڕوه‌وه‌ چ خوێندنه‌وه‌یه‌كتان هه‌یه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: هه‌ستده‌كه‌م‌ و واپێشبینی‌ ده‌كه‌م كه‌ خولی‌ ئه‌مجاره‌یان چالاك بێت ‌و كێشه‌ی‌ زۆری‌ تێبكه‌وێت ‌و بڕیار و پرۆژه‌كانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ نه‌ڕۆن‌ و گفتوگۆی‌ زۆریان تێبكه‌وێت.به‌كورتی‌، په‌رله‌مانێكی‌ حه‌یه‌وی‌ ده‌بێت.

رۆژنامه‌: پێگه‌ی‌ كورد و ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ناو په‌رله‌مان، چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: پێگه‌ی‌ كورد دیاره‌ كه‌ له‌ئێستاوه‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه ‌و ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی‌، یه‌كه‌م به‌ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ‌و دوه‌م به‌رگریكردنیش له‌ مافه‌كانی‌ هه‌مو خه‌ڵكی‌ عێراق، سێهه‌م ده‌بێت په‌رله‌مانتارانی‌ كورد لاچه‌پ نه‌وه‌ستن به‌رامبه‌ر ئه‌وكێشانه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ هه‌مو ناچه‌كانی‌ عێراق ده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ لای‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر واهه‌ست نه‌كرێت كه‌ كورد گرنگی‌ نادات به‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراق.

رۆژنامه‌: له‌م سه‌ره‌تایه‌ی‌ كاركردنتاندا، هه‌ماهه‌نگیی‌ نێوان په‌رله‌مانتاران ‌و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان چۆن ده‌بینن؟
د.فواد مه‌عسوم: له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك بۆچونی‌ سیاسیی‌ جیاوازمان هه‌یه‌، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم وایه‌ كه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌مومان هه‌ڵوێستمان وه‌ك یه‌كه‌.

رۆژنامه‌: فراكسیۆنی‌ گۆڕان، له‌م سه‌ره‌تایه‌وه‌ جۆرێك له‌مرونه‌تی‌ سیاسیی‌ نواندوه‌ له‌به‌غدا له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئیئتیلافه ‌كوردستانییه‌كان‌ و مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، ئێوه‌ چۆن ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ گۆڕان به‌ ئیجابیی‌ ده‌بینم، بۆیه‌ ده‌ڵێم له‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كوردستان ‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان ‌و كه‌سایه‌تیی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، باوه‌ڕناكه‌م كه‌ هیچ ناكۆكییه‌ك بكه‌وێته‌ نێوانمان.

رۆژنامه‌: پێتانوایه‌، فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ به‌رگریكردن له‌ مافه ‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، رۆڵی‌ ئیجابیی‌ هه‌یه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: بێگومان، رۆڵی‌ ئیجابیی‌ هه‌یه‌.

رۆژنامه‌: دواپێشهاتی‌ تازه‌ له‌ باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ته‌وه‌، چییه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: سه‌باره‌ت به‌پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، تا ئێستا یه‌ك كۆبونه‌وه‌ له‌نێوان ئیئتیلافی‌ كوردستانیی ‌‌و هاوپه‌یمانیی‌ نیشتمانیی‌ كراوه ‌و له‌ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ زیاتر ئه‌نجامده‌درێت ‌و كۆبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ش چڕده‌بێته‌وه‌.

رۆژنامه‌: ئه‌جێندای‌ ئیئتیلافی‌ كوردستانیی‌ بۆ به‌شداربون ‌و وه‌رگرتنی‌ پۆست له‌حكومه‌تی‌ تازه‌دا، چییه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: دیاره‌ كه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تێكی‌ سیادیمان هه‌بێت كه‌ به‌دوری‌ نازانم ‌و پێویسته‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌ش، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ بێت ‌و دوای‌ ئه‌وه‌ به‌پێی‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوپه‌یمانیی‌ نیشتمانیی‌ ده‌یكه‌ین، ده‌بێت ئیستیحقاقی‌ خۆمان هه‌بێت.

رۆژنامه‌: بۆچی‌ داوای‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا پێشتر به‌پێی‌ رێككه‌وتن ‌و رازیبونی‌ هه‌ر پێنج حیزبه‌كه‌ی‌ ناو ئیئتیلافه‌كه‌ و سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش، ره‌گه‌یه‌نرابو كه‌ ئیئتیلافه‌كه‌، ئه‌مجاره‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌رناگرێت ‌و ئه‌و پۆسته‌ زۆر له‌قازانجی‌ كورد نییه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: تا ئێستا، ناتوانم بڵێم، به‌ته‌واوه‌تی‌ گه‌یشتوینه‌ته‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، ئێمه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ین، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌، یان نه‌وت، یه‌كێكیانمان قبوڵه‌.

رۆژنامه‌: وه‌ك پێشر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دابه‌شكرنی‌ پۆسته‌ سه‌روه‌ریی ‌‌و وه‌زارییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خاڵ‌ ده‌بن، ئایا هیچ ئالیه‌تێكی‌ تر هه‌یه‌ جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ خاڵ‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ وه‌زاره‌ته‌كان به‌سه‌ر فراكسیۆنه‌كاندا؟
د.فواد مه‌عسوم: سه‌باره‌ت به‌پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، هه‌ر له‌سه‌ربنه‌مای‌ خاڵ ‌‌و كورسیی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌بێت‌ و له‌ گفتوگۆكانی‌ داهاتودا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام.

رۆژنامه‌: جگه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ خاڵ‌، پێتانوایه‌ كه‌ لایه‌نی‌ پێكهێنه‌ری‌ حكومه‌ت، مه‌سه‌له‌ی‌ ئیستیحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌ییش بۆ كورد و پێدانی‌ پۆست له‌وڕوه‌وه‌ حساب بۆ بكات؟
د.فواد مه‌عسوم: هه‌ست ده‌كه‌ین كه‌ حسابی‌ بۆ ده‌كات، چونكه‌ به‌ڕاستی‌ كوتله‌ی‌ كوردستانیی‌ رۆڵێكی‌ به‌رزی‌ نواند له‌م دواییه‌دا، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێمه‌ هه‌رێمێكی‌ گه‌وره‌مان هه‌یه ‌و حسابی‌ بۆ ده‌كرێت ‌و جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ڕوی‌ مێژوییه‌وه‌، باس له‌وه ‌ده‌كرێت كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌ی‌ دوه‌مه‌‌ و دیاره‌ ئیستحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان، ره‌نگه‌ له‌ڕوی‌ نه‌وعییه‌تی‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ بۆمان حساب بكرێت ‌و له‌ڕوی‌ ئیستیحقاقی‌ هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌، چه‌ند وه‌زاره‌تێكمان به‌رده‌كه‌وێت.

رۆژنامه‌: پێتانوایه‌، چه‌ند وه‌زاره‌تتان به‌رده‌كه‌وێت؟
د.فواد مه‌عسوم: ئێمه‌ داوامان كردوه‌ كه‌ له‌خولی‌ پێشو كه‌متر نه‌بێت ‌و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكان‌ و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ به‌رامبه‌ر.

رۆژنامه‌: به‌ڵام ئه‌گه‌ر دابه‌شكارییه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خاڵ‌ بێت، خاڵه‌كانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستانیی‌، (15)ی‌ رۆیشتوه‌ و كه‌متر له‌پێنج خاڵی‌ ماوه‌ كه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ ده‌توانێت پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت؟
د.فواد مه‌عسوم: نه‌خێر، ئێمه‌ داوامان كردوه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پۆسته‌ سه‌روه‌رییه‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ كۆمار و سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تیی‌ وه‌زیران، له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خاڵ‌ بن.

رۆژنامه‌: پێتانوایه‌، لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ نیشتمانیی‌‌ و عێراقییه‌، به‌وه‌ رازیبن؟
د.فواد مه‌عسوم: به‌ڵێ‌، رازیین‌ و ئه‌وجاره‌ كه‌ له‌گه‌ڵیان دانیشتین، تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌بو.

رۆژنامه‌: ئایا مالیكی‌ ده‌توانێت له‌كاتی‌ دیاریكراودا، حكومه‌ت پێكبهێنێت؟
د.فواد مه‌عسوم: پێشبینی‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌كاتی‌ یاسایی‌ خۆیدا، واته‌ له‌ (30)رۆژه‌كه‌دا بتوانێت كابینه‌كه‌ی‌ پێكبهێنێت.

رۆژنامه‌: پێتوایه‌، مالیكی‌ 50+1ی‌ كابینه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ ده‌هێنێته‌ په‌رله‌مان، یان هه‌مو وه‌زیره‌كانی‌ وه‌ك پاكیجێك ده‌هێنێت؟
د.فواد مه‌عسوم: ئه‌وجا ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكانی‌ مالیكی‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر‌ و لیسته‌كه‌ی‌ خۆشی‌، من واده‌زانم كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێكده‌هێنێت، نه‌ك به‌ 50+1ی‌ وه‌زیره‌كانی‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ حكومه‌تێكی‌ لاواز كه‌ پێكهاته‌یه‌ك بچێته‌ ده‌ره‌وه ‌و دوایی‌ گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌ لاواز پیشانبدات، بۆیه‌ وه‌كو بزانم، مالیكی‌ هه‌مو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ته‌واوه‌تی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێكبهێنێت؟

رۆژنامه‌: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ مالیكی‌ خۆی‌ به‌لایه‌وه‌ مه‌به‌ست بێت، چه‌ند گروپێكی‌ بچوكی‌ ناو لیسته ‌گه‌وره‌كان به‌شداریی‌ پێنه‌كات بۆ جوانكردنی‌ روخساری‌ كابینه‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وای‌ نیشانبدات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌رهه‌ڵستكاری‌ هه‌یه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: ئێستا ئاسته‌نگێك هاتوه‌ته‌ پێش، ئه‌وه‌‌ش مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانییه‌ بۆ سیاسه‌ته ‌باڵا ستراتیژییه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ندێك كێشه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌یه‌، چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی‌ كه‌ عێراقییه‌ داوای‌ ده‌كات، زه‌حمه‌ته‌ بۆی‌ بچێته‌ سه‌ر، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ ببێته‌ هۆی‌ ئاسته‌نگ ‌و دواكه‌وتنی‌ راگه‌یاندنی‌ حكومه‌ت.

رۆژنامه‌: ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ لایه‌نی‌ كوردی‌ له‌ئه‌نجامی‌ بونی‌ هه‌ر سیناریۆیه‌كدا، نه‌چێته‌ ناو كابینه‌كه‌ی‌ مالیكییه‌وه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: ئیئتیلافی‌ كوردستانیی‌، نه‌خێر، ده‌چێته‌ ناوحكومه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌: له‌ئه‌گه‌ری‌ بونی‌ هه‌ر سیناریۆیه‌ك‌ و پێنه‌دانی‌ وه‌زاره‌تیش به‌خواستی‌ خۆتان، هه‌ر به‌شداریی‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن؟
د.فواد مه‌عسوم: ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكی‌ زۆر لاوازه‌ كه‌ نه‌گه‌ینه‌ یه‌ك، چونكه‌ وه‌ك هه‌ستی‌ پێده‌كه‌ین، له‌ ته‌رازودا لایه‌نی‌ كوردستانیی‌ سه‌نگه‌كه‌ی‌ قورسه‌.

رۆژنامه‌: جێگه‌كه‌ی‌ سامی‌ شۆڕش، به‌كێ‌ پڕكراوه‌ته‌وه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمسیۆن كه‌ تا ئێستا گوێمان له‌ بۆچونی‌ ئه‌وان نه‌بوه‌ كه‌ ئایا هه‌ر له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر كه‌سێكی‌ دیكه‌ ده‌چێته‌ شوێنی‌، یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدات.

رۆژنامه‌: پێشبینی‌‌ و بۆچونی‌ شه‌خسیت چۆنه‌، ده‌درێته‌وه‌ به‌ پارتی‌، یان به‌پێی‌ یاساكه‌ بۆ سه‌عدی‌ پیره‌ی‌ كاندیدی‌ یه‌كێتی‌ ده‌بێت له‌ یه‌كێتی‌؟
د.فواد مه‌عسوم: من بێلایه‌نم له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا‌و رای‌ له‌سه‌ر ناده‌م.

رۆژنامه‌: سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی‌ گۆڕان له‌حكومه‌تی‌ به‌غدا، وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ به‌ڕێز بارزانی‌، رازیی‌ نییه‌ وه‌زاره‌ت بدرێته‌ گۆڕان، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چۆن له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسكراوه‌؟
د.فواد مه‌عسوم: به‌و شێوه‌یه‌ نه‌وتراوه‌، ئه‌و ره‌ئی‌ وابو كه‌ ئێمه‌ به‌باشی ده‌زانین، بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، گۆڕان به‌شداربێت له‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ‌ ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ‌و به‌شداریشی‌ هه‌بێت له‌حكومه‌ت، ئێستا بۆ نمونه‌، ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ باسی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان ‌و دابه‌شكردنی‌ به‌سه‌ر فراكسیۆنه‌كان كرا و لیژنه‌یه‌كیش دانرا بۆ گۆڕان، كه‌سمان ناڕازیی نه‌بوین، قسه‌كه‌ی‌ جه‌نابی‌ كاك مه‌سعودیش به‌و شێوه‌یه‌ بو، ئینجا هه‌یه‌ لێكیده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بو، دیاره‌ واده‌بێت! نا ئه‌و وای‌ نه‌وت، وتی‌، حه‌زده‌كه‌ین كه‌ پێكه‌وه‌ بین ‌و له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌بن، ئه‌و كات به‌شیشی‌ ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ری‌ رێكده‌كه‌وین، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ كه‌ وه‌زاره‌ت نه‌درێت به‌ گۆڕان، به‌ڵكو به‌پێی‌ ئیستیحقاقی‌ خۆی‌، مافی‌ هه‌یه‌ وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێت ‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نی‌ هاوپه‌یمانیی‌ نیشتمانیی‌ بكات كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت، بۆیه‌ وه‌ك‌و ئیئتیلافه‌كه‌، په‌یوه‌ندیی‌ به‌ئێمه‌وه‌ نابێت‌ و مافی‌ خۆیه‌تی‌، به‌ڵام زه‌روریه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ پێكه‌وه‌ بین ‌و سه‌ركه‌وتنمان له‌ڕێگه‌ی‌ یه‌كبونه‌وه‌یه ‌و پارچه‌پارچه‌بونمان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان نییه‌.

Sbeiy.com © 2007