هه‌ندێک زانیاری له‌باره‌ی بلۆکه‌کانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان
ئاماده‌كردنی: شاڵاو فه‌تاح
"وه‌رن كوردستان به چاوی خۆتان ببینن، هه‌لی گه‌وره‌ی لێیه" ئه‌مه وته‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی هه‌رێمی كوردستان بو له چاوپێكه‌وتنێكدا و بۆ راكێشانی كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌ریبڕی.
به‌وپێیه‌ی ئه‌وان نه‌یانده‌توانی "بۆ خۆیان" هه‌مو كاره‌كان ئه‌نجام بده‌ن، وه‌ك ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان وتی: ئه‌م كۆمپانیا بانگهێشتكراوانه قازانجێكی زیاتریان له‌و بازرگانییه ده‌ستده‌كه‌وت و هه‌رزو له كاتێكدا چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی هه‌نارده‌كردن بون. "سودیان له بیناكردنی" پێویستییه‌كانی سیستمی نه‌وت له هه‌رێمدا وه‌رگرت، وه‌ك جین كلاودێ گاندوری، سه‌رۆكی كۆمپانیای ئهداكس پهترۆڵیهمی هۆڵه‌ندی، دواتر و دوای ده‌ستكردن به بازرگانی نه‌وت له هه‌رێمدا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات.
هه‌رێمی نه‌وتی كوردستان
له ئێستادا هه‌رێمی كوردستان بۆ (33) بلۆكی نه‌وتی دابه‌شكراوه و هه‌ریه‌كه له‌م بلۆكانهش له لایه‌ن كۆمپانیایه‌ك، یان چه‌ند كۆمپانیایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه پشك و قازانجیان به‌پێی گرێبه‌ست دیاریكراوه له‌و بازرگانییه‌دا.
به‌پێی وته‌ی ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانیش له ئێستادا (35) كۆمپانیای نه‌وتی له هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌م ژماره‌یه‌ش زۆر زیاتر ببێت، زۆرینه‌ی ئه‌م بلۆكانه له پرۆسه‌ی سه‌ره‌تایی دۆزینهوهدان و هه‌ندێكیشیان له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدان، وه‌ك تاوكێ و ته‌قته‌ق.
ئێستا كوردستان ئاماده‌یه ببێته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی پرۆژه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك نابوكۆ ئه‌مه‌ش به مانای بونه به ژماره‌یه‌ك له بیناكردنی ئابوری جیهاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ناوچه‌یه‌كی زۆری هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ته‌وه و هیچ گرێبه‌ستێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و گازی له‌سه‌ر نه‌به‌ستراوه و ستراتیژیی سیاسه‌تی نه‌وتیش، نه‌ك هه‌ر بۆ هاوڵاتییان بگره بۆ زۆرێك له سیاسییه‌كانیش نادیاره.
كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌یان نه‌ته‌وه‌یین و هه‌ندێكیشیان نێوده‌وڵه‌تیین، به‌و مانایه‌ی له لایه‌ن زیاد له ده‌وڵه‌تێكه‌وه خاوه‌ندارێتیان ده‌كرێت. یه‌كێك له‌و كۆمپانیایانه‌ی كه قازانجێكی زۆر له بازرگانی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات كۆمپانیای (دی. ئێن. ئۆ)ی نه‌رویجییه، ئه‌م كۆمپانیایه له چه‌ند بلۆكێكی هه‌رێمدا كار ده‌كات، وه‌ك بلۆكه‌كانی تاوكێ و دهۆك و هه‌ولێر.
هه‌ندێك ناوچه‌ی كاركردنی (دی. ئێن. ئۆ) قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وتی تێپه‌ڕ كردوه و ئێستا له قۆناغی به بازاڕكردنی به‌رهه‌می كێڵگهكاندایه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش بێ كێشه نه‌بوه و سه‌ره‌ڕای حكومه‌تی عێراق، كێشه‌ی گه‌نده‌ڵیی هه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كاری ئه‌م كۆمپانیایه له هه‌رێمی كوردستان دروستكرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك هێڵج ئێدی، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیاكه ده‌ڵێت: هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له (تاوكێ)وه تائێستا پڕبایه‌خترین كاری (دی. ئێ. ئۆ) بوه. روانینێك له نه‌ته‌وه و خاوه‌نی كۆمپانیاكان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كه له هه‌رێمدا شوێنێك بۆ دوژمنایه‌تی نێوانیان نه‌ماوه و هه‌موان وه‌ك یه‌ك پشكی خۆیان له‌م بازرگانییه‌دا پچڕیوه، هه‌ر بۆ نمونه كۆمپانیای ئه‌مه‌ریكی و روسی و توركی و... ده‌بینین.
گرێبه‌سته‌كان
نا رونییهكی زۆر له ده‌ستوری عێراقدا ده‌بینرێت ده‌رباره‌ی خاوه‌ندارێتی نه‌وت و به‌ڕێوه‌بردنی، هه‌ر بۆ نمونه ماده‌ی (111و 112)، كه تایبه‌ت به خاوه‌ندارێتی نه‌وت و گاز و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندین ئیشكالی تێدایه و ته‌فسیری جیاوازی بۆ ده‌كرێت، له ماده‌ی (112)دا وشه‌ی "كێڵگه‌كانی ئێستا" ده‌بینرێت و به‌مه‌ش شاره‌زایان پێیانوایه؛ ئه‌و ماده ده‌ستورییه ته‌نیا به‌سه‌ر ئه‌و كێڵگانهدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه له‌و كاته‌دا هه‌بون، نه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌وه‌ودوا دۆزراونه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ماده‌ی (111)دا خاوه‌ندارێتی نه‌وت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ گه‌ل، به‌ڵام رونكردنه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌م خاوه‌ندارێتییه نییه، هه‌ر به هۆی ئه‌م نا رونییه ده‌ستورییانه تائێستا چه‌ندین كێشه له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم دروستبون و بونه‌ته هۆی راگرتنی بازرگانی نه‌وت له‌م هه‌رێمه‌دا، له ئێستادا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بانگه‌شه‌ی نایاساییبونی گرێبه‌سته‌كان و وه‌زاره‌تی نه‌وتی هه‌رێمیش به پێچه‌وانه‌وه بانگه‌شه ده‌كات، دوای كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان، ئه‌م كێشه‌یه پێده‌چێت گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست بێت له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدادا.
نه‌خشه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و سلێمانی
سلێمانی تاكه پارێزگایه، كه كه‌مترین هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و گازی تێدا دراوه و له هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم وه‌ك دهۆك و هه‌رێم چه‌ندین ناوچه و بلۆكی نه‌وتی جیاكراوه‌ته‌وه و چه‌ند گرێبه‌ستێكیش له‌سه‌ر قازانجه‌كانیان كراوه، به‌ڵام ناوچه‌ی سلێمانی تائێستا روبه‌رێكی هه‌رچه‌نده كراوه به چه‌ند له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌یه‌كی كه‌می تێدا ئه‌نجام دراوه.
د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه له خولی پێشوی هه‌مان ئه‌نجومه‌نیشدا ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و گاز بو پێیوایه؛ نه‌بونی دۆزینه‌وه نه‌وتییه‌كان له سلێمانی "په‌یوه‌ندیی به سروشتی سلێمانییه‌وه نییه" به‌ڵكو ره‌نگه "سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێت"، كه دۆزینه‌وه له‌م پارێزگایه‌دا ناكرێت.
د.بایه‌زید، ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه؛ كه سلێمانیش وه‌ك پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر ده‌كرێت نه‌وتی تێدابێت و كێشه‌كه له‌گه‌ڵ سروشتی شوێنه‌كه‌دا نییه، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه‌وه هه‌یه.