چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی یاساناسیی بۆ چه‌ند لایه‌نێكی كاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان
د.ته‌ها عومه‌ر ره‌شید
له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و لێكدانه‌وه‌یه‌كی یاسایی بۆ بكه‌ین، تا بزانین بنه‌مای كاركردنی ده‌زگای یاسادانانی هه‌رێم تا چه‌نده پشتبه‌ستوه به رێوشوێنه یاساییه‌كان و له راڤه‌كاری یاساناسی –فیقهی-دا كام وه‌سفه له‌خۆیده‌گرێت، بۆیه لێره‌دا باس له چوار لایه‌ن ده‌كه‌ین كه به بڕوای ئێمه، به‌شێكن له كێشه‌ی یاسایی هه‌نوكه‌یی په‌رله‌مان و كاریگه‌ری نه‌رێییان هه‌یه بۆ سه‌ر به‌یاساییكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ئازادیی و به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی.
ئازادیی بیروڕای په‌رله‌مانتار و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان
په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه له روی چالاككردنی په‌رله‌مان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه ده‌ستورییه‌كانی، بۆیه په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، ته‌نها وه‌ك سیستمێكی شێوه‌یی كارڕایی سه‌یر ناكرێت، به‌ڵكو بابه‌تێكی سیاسی و یاسایی گرنگه و په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی هه‌یه له راییكردنی كاروباره‌كانی په‌رله‌مان له‌لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه به دیموكراسی و شێوازی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و راده‌ربڕینی ئه‌ندامان، بۆیه ده‌شێت ببێته رێخۆشكه‌ر بۆ دیموكراسێتی په‌رله‌مانیی، یان رێگر بێت له بهدیموكراسیبونی كاری په‌رله‌مان، بۆیه ده‌بینین ئه‌م بابه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجدانی قوڵی فیقهی ده‌ستورییه.
به‌ر له هه‌ر شتێك، پێویسته كه‌مێك باس له سروشتی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان بكه‌ین و بپرسین، ئایا په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، سروشتێكی ده‌ستوریی هه‌یه، یان یاسای ئاسایی، یان خاوه‌نی سروشتێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی؟
له‌م روه چه‌ند بیروڕایهكهی فیقهی هه‌ن، هه‌ندێك لایانوایه كه په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، سروشتێكی ده‌ستوریی هه‌یه، چونكه – وه‌ك ده‌ستور – ئه‌ركی بابه‌تی ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان و رێكخستنیان جێبه‌جێده‌كات، به‌تایبه‌تیش له روی چۆنێتیی رێكخستنی ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، ئه‌م سیستمه درێژكراوه‌ی ده‌قی ده‌ستورییه، له كاتێكدا رای دوه‌م پێداگریی له‌وه ده‌كات كه په‌یڕه‌و سروشتی ده‌ستوریی نییه، به‌ڵكو ته‌نها یاسایه‌كی ئاساییه وه‌ك هه‌ر یاسایه‌كی تر كه په‌رله‌مان ده‌ریده‌كات، چونكه په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن یاسادانه‌ری په‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چێت، نه‌ك یاسادانه‌ری ده‌ستوریی، له‌هه‌مانكاتدا به پرۆسه‌ی دانانی ده‌ستوردا تێناپه‌ڕێت – بۆ نمونه راپرسی له‌سه‌ر ناكرێت - به‌ڵكو ته‌نها به ده‌نگدان له‌سه‌ری له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه كۆتاییدێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌م دو ڕا جیاوازه‌دا، رایه‌كی تر لایوایه، په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، نه یاسایه‌كی ده‌ستورییه و نه ئاسایی، به‌ڵكو سیستم یان بڕیارێكی ناوخۆی تایبه‌ت به په‌رله‌مانه كه به بڕوای ئێمه، ئه‌مه رایه‌كی راسته، چونكه خۆدانه ده‌ست هه‌ر رایه‌كی جیاواز له‌مه، ده‌رئه‌نجامی ناكۆك له‌گه‌ڵ واتای یاسای ده‌ستوری و ئاسایی لێده‌كه‌وێته‌وه، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، یاسایه‌كی ده‌ستوریی بێت، ئه‌وا چۆن ده‌كرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌موار بكرێت؟ یان پابهندیهكهی چییه بۆ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان و جێبه‌جێكردن؟
هه‌روه‌ها وه‌ك یاسایه‌كی ئاسایش نییه، چونكه هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام نه به پێشنیازی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن داده‌نرێت و نه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش دوای ده‌رچونی له په‌رله‌مان په‌سه‌ند، یان ره‌تی ده‌كاته‌وه، وه به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی یاسا، مافی نییه داوای دانانی په‌یڕه‌و یان هه‌مواری له په‌رله‌مان بكات، كه‌واته په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان خاوه‌نی سروشتێكی تایبه‌ت به خۆیه‌تی كه بریتییه له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و ئه‌م سروشته‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی پێده‌به‌خشێت كه بنه‌مای كاری په‌رله‌مانیی بێت و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانه‌ری ده‌ستوریی و جێبه‌جێكردن ده‌ستنه‌خه‌نه ناو په‌یڕه‌وه‌كه و له‌هه‌مو بارێكیشدا نابێت ده‌قه‌كانی پێچه‌وانه‌ی ده‌قی یاسای ئاسایی، یان ده‌ستوریی بن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه له روی پله‌به‌ندی و ستراكچه‌ری یاساییه‌وه، ده‌كه‌وێته نزمتر له ده‌قه ده‌ستوریی و یاسا ئاساییه‌كان و به‌ڵگه‌یه‌كی تریش بۆ راكهمان ئه‌وه‌یه كه هیچ په‌یڕه‌وێكی ناوخۆی په‌رله‌مان، خه‌سڵه‌تی پابه‌ندی نییه بۆ په‌رله‌مانی دوای خۆی، به‌ڵكو پابه‌ندی په‌یڕه‌وه‌كه به كۆتایی ماوه‌ی خولی په‌رله‌مان كۆتاییدێت و پێویسته هه‌ر په‌رله‌مانێكی تازهههڵبژێراو دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگره‌كانی، په‌یڕه‌وێك بۆ كاره‌كانی خۆی دابنێت، به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور و یاسا ئاساییه‌كان كه به كۆتاییهاتنی ماوه‌ی په‌رله‌مان، كۆتاییان نایه‌ت و وه‌ك ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شیكارییهش، ئه‌توانین بڵێین، ئه‌و په‌یڕه‌وه ناوخۆییه‌ی ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان كه په‌یڕه‌وی ژماره (1 ساڵی 1992)ی هه‌مواركراوه و په‌رله‌مان كاری پێده‌كات، هیچ خه‌سڵه‌تێكی پابه‌ندی بۆ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی ئێستا نییه. (جگه له ماده‌ی 37و 38و 39 تایبه‌ت به پێكهێنانی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان)و بێده‌نگیی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وه‌كه یان كارپێكردنی، واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئه‌م بێده‌نگییه واتای ره‌زامه‌ندییه، چونكه بێده‌نگی ته‌نها بۆ هه‌ندێك له هه‌ڵسوكه‌وته ئیرادهییهكان و له هه‌ندێك باردا نیشانه‌ی ره‌زامه‌ندییه، بۆیه پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان له نزیكترین كاتدا ئه‌م كێشه یاساییه چاره‌سه‌ر بكات و یان په‌یڕه‌وێك بۆ خۆی دابنێت، یان به بڕیارێك كارپێكردن به په‌یڕه‌وی په‌رله‌مانی پێش‌و رابگه‌یه‌نێت.
دوای ئه‌م لێكدانه‌وه فیقهییه، ئه‌مانه‌وێت ئه‌وه بپرسین، له‌كاتێكدا په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان سروشتێكی به‌م شێوه‌یه‌ی هه‌یه، ئایا كاریگه‌ریی چییه بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕای په‌رله‌مانتار، ئایا كاتێك هه‌ندێك له په‌رله‌مانتارانی كوردستان زۆرجار په‌یڕه‌وی ناوخۆ به رێگر له ئازادیی راده‌ربڕینیان ده‌زانن، ئه‌م رایه‌یان راسته؟
به‌پێی لێكدانه‌وه فیقهییه‌كان، سروشتی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، سروشتێكی تایبه‌ته –وه‌ك باسمانكرد – و ناگاته ئاستی ده‌ستور، یان یاسایه‌كی ئاسایی، كه‌واته نابێت پێچه‌وانه‌ش بێت بۆیان، له هه‌مانكاتدا ئازادیی بیروڕا سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌ستور، یان یاسای ئاساییه، كه‌واته په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ناتوانێت ئه‌و ئازادییه ره‌تبكاته‌وه، یان كه‌میبكاته‌وه، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان – هه‌رچه‌نده به‌بڕوای ئێمه، خه‌سڵه‌تی پابه‌ندی بۆ ئه‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مان نییه – ناتوانێت رێگر بێت له ئازادیی بیروڕا.
په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ده‌بێت میكانیزمی قسهكردنو ئاڵوگۆڕی بیروڕای په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنه‌كان دیاری بكات، وه‌ك ده‌قی ورده‌كاریی پابه‌ند بۆ ناوخۆی په‌له‌مان، نه‌ك رێگر بێت له راده‌ربڕین.
هه‌رچه‌نده تا ئه‌م ئاسته‌ی لێكدانه‌وه‌كه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێت كه په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له روی یاساییه‌وه ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی قۆرغی ئازادیی بیروڕای په‌رله‌مانتار بكات، به‌ڵام ده‌شێت ئاستی لێكدانه‌وه فیقهییهكه فراواتر سه‌یر بكه‌ین و بیبه‌ستینه‌وه به یاسای مافه‌كانی مرۆڤه‌وه، چونكه سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م یاسا نێوده‌وڵه‌تییه به‌شێكی زۆری ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤ، به ئازادیی رادهربڕینیشهوه له‌خۆده‌گرن. له پله‌به‌ندی یاسایی و خه‌سڵه‌تی پابه‌ندییان بۆ ده‌وڵه‌ت، ده‌كه‌ونه سه‌روی ده‌ستور و یاسا ئاساییهكانیشهوه، كه‌واته پاڵپشت به‌م سه‌رچاوانه، ئازادیی بیروڕا نه‌ك به په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، به‌ڵكو به ده‌ستور و یاساش قه‌ده‌غه ناكرێت و ئه‌مانه له كاتێكدا خودی په‌رله‌مان، وه‌ك سروشتی ئاسایی خۆی، شوێنی كۆبونه‌وه و ئاڵوگۆڕی بیروڕا جیاوازه‌كان و له‌خۆگرتنی فره‌یی سیاسی و رۆشنبیرییه جیاوازه‌كانه، بۆیه پێویسته ئه‌و یاسا‌و سیستمانه‌ی كاری په‌رله‌مانی رێكده‌خه‌ن، گونجاو بن له‌گه‌ڵ سروشتی كاره‌كه‌یدا.
ئه‌م ئازادیی بیروڕایه له په‌رله‌ماندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی بابه‌تێكی ژیارییه و په‌یوه‌سته به فره‌یی سیاسی و تۆلێرانسه‌وه، بۆیه پێویسته له سه‌ر دو ئاست فراوانبكرێت: یه‌كه‌م له سه‌ر ئاستی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا له نێوانیاندا و دوه‌میش له‌سه‌ر ئاستی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان به‌تایبه‌تی له نێوان كه‌مینه‌ی ئۆپۆزسیۆن و زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا.
كه‌سێتیی په‌رله‌مانتار و پابه‌ندی به پشته سیاسییه‌كه‌یه‌وه
(جان ماری دانكان) له كتێبێكیدا به ناونیشانی (علم السیاسه) باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌سێتیی په‌رله‌مانتار دو شێوه كه‌سێتییه، یه‌كه‌میان ناوده‌نێت (سژج)و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ن كاری سیاسی وه‌ك به‌رهه‌مێكی ده‌رونی تایبه‌ت سه‌یر ده‌كه‌ن و وه‌ك –مپل العلیا- بڕوایان به ئایدیای حیزبه‌كه‌یان و فه‌رمانی سه‌ركرده‌كانی هه‌یه، دوه‌میشیان ناوده‌نێت هه‌لپه‌رست (الانتهازی) كه ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌گرێته‌وه، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی و بژێوی له كاری سیاسی ده‌ڕوانن.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م دو خه‌سڵه‌ته بۆ مرۆڤ ته‌نها به بونه ئه‌ندامی په‌رله‌مان دروستنابن، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به مێژوی پێش چونه په‌رله‌مانیش هه‌یه، یاخود ده‌شێت په‌رله‌مان كه‌سێتییه‌كی له‌م شێوه‌یه به په‌رله‌مانتار ببه‌خشێت، به‌ڵام كه‌سێتیی په‌رله‌مانتار پێویسته له‌وه به‌ده‌ربێت كه له یه‌كێك له‌و دو شێوه‌یه‌دا خۆی بنوێنێت، چونكه به‌ر له‌هه‌ر شتێك كاری په‌رله‌مانیی، كاری نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئیراده‌ی خه‌ڵكه و به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌خلاقی و سیاسی و یاساییشه.
یه‌كێك له‌هه‌ره خه‌سڵه‌ته سروشتی و ئاساییه‌كانی ئه‌ندام په‌رله‌مان، ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵگری ئایدیایه‌كی سیاسی بێت، یاخود به واتایه‌كی دیاریكراوتر كه‌سێكی حیزبی بێت و به ئاشكرا ئه‌ندام یان لایه‌نگری حیزبێك یان لایه‌نێكی سیاسی بێت و هه‌ر له‌مه‌شه‌وه سروشتی و ئاساییه داكۆكی له بیروبۆچونه سیاسییه‌كانی حیزب، یان پشته سیاسییه‌كه‌ی بكات. سیاسیبونی په‌رله‌مانتار – به مانایه‌كی فراوانتر له كاری حیزبی - وه‌ك پێداویستییه‌كی كاری په‌رله‌مانیش سه‌یر ده‌كرێت، چونكه سیاسیبونی په‌رله‌مانتار واتای ده‌رچونه له پابه‌ندبونی خێڵه‌كی و ناوچه‌گه‌رێتی و پیشه‌گه‌ریی كه هه‌مویان له‌گه‌ڵ سروشتی كاری په‌رله‌مان ناكۆكن، سیاسیبون په‌یوه‌سته به نوێنه‌رایه‌تییه‌كی فراوانتر و سیاسیی كه نوێنه‌رایه‌تیی گه‌له.
رێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانتار و پشته سیاسییه‌كه‌ی، یان حیزبه‌كه‌ی بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیاره و راسته‌وخۆ كارده‌كاته سه‌ر ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مانتار بۆ گه‌ل، ئه‌مه‌ش بۆ رێگرتن له‌وه‌ی په‌رله‌مان ببێته نێوه‌ندێكی سیاسی بۆ حیزبێك، یان چه‌ند حیزبێكی هاوپه‌یمان و خه‌سڵه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردنی گه‌ل له‌ده‌ستبدات، واتا كێشه‌ی رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كه له‌وه‌دایه كه چی بكرێت تا هه‌یمه‌نه‌ی حیزب به‌سه‌ر په‌رله‌مانه‌وه نه‌بینرێت و په‌رله‌مان وه‌ك ده‌زگایه‌كی ده‌وڵه‌ت كاربكات. ئه‌م جیاوازیی رێكخستنه له سیستمه سیاسیه‌كاندا به دو شێوه ده‌ركه‌وتوه، یه‌كه‌میان ئه‌و شێوازه‌یه، حیزب به‌ته‌واوی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی خۆی ده‌كات و ئه‌وانیش گوێڕایه‌ڵێكی به ئه‌مه‌كی حیزب ده‌بن و له وته‌ی ده‌رناچن، وه‌ك شێوازی به‌ریتانی كه پێیده‌وترێت شێوازی به‌ستو(جامد)، به‌ڵام له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، په‌رله‌مانتار ئازادیی ته‌واوی هه‌یه بۆ راده‌ربڕین له په‌رله‌ماندا، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌ی حیزبه‌كه‌شی بێت، كه ئه‌مه‌یان شێوازی (نه‌رم- مرن)ه.
له‌ڕاستیدا، چه‌ندین تیۆری فیقهی باس له‌په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌نگده‌ر-گه‌ل-و نوێنه‌ره‌كانی ده‌كه‌ن له په‌رله‌مان، وه‌ك تیۆری بریكارنامه‌ی ئیلزامی و بریكارنامه‌ی گشتیی په‌رله‌مان و تیۆری هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام له فیقهی ده‌ستوریدا هیچ بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به راڤه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ندام پهرلهمانو پشته سیاسییه‌كه‌ی نه‌دراوه، كه ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه له په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسییه‌وه ده‌كرێت بكرێته په‌یوه‌ندییه‌كی رێكخراو به یاسا؟ گرنگیی ئه‌مه‌ش له‌وه‌دایه كه به‌یاساییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كه هه‌مو هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانتار و حیزب، یان پشته سیاسییه‌كه‌ی دیارده‌كه‌ون و ده‌نگده‌ر له‌و ئه‌نجامه ئاگادار ده‌بێت كه ئایا په‌رله‌مانتار تا چ ئاستێك په‌یوه‌سته به ئیراده‌ی ده‌نگده‌ر و تا چ ئاستێك حیزب كارده‌كاته سه‌ر بابه‌تی نوێنهرایهتیكردنهكه.
ئه‌وه‌ی له ئه‌دای كاری په‌رله‌مانیی ئێمه ده‌بینرێت، له په‌یوه‌ندیی په‌رله‌مانتار و پشته سیاسییه‌كه‌ی، شێوازی (جامد)ه، به به‌رگێكی توندڕه‌وانه كه مه‌به‌ستمان له‌م توندڕه‌وییه پابه‌ندییه‌كی كوێرانه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه به ئاراسته‌كردنی حیزبه‌كه‌یه‌وه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه، نادیاری چه‌مكی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی، یان چاكه‌ی گشتییه له دیدی په‌رله‌مانه‌وه.
ئه‌م باره له هه‌رێمدا وا كه‌وتوه‌ته‌وه كه ئه‌وه‌نده كاریگه‌ریی حیزب له‌سه‌ر په‌رله‌مان دیاره، هێڵی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مان و حیزب، له بارێكی رێكخستنێكی سیاسی و یاساییه‌وه بوه‌ته شێوازی به‌كارهێنانی په‌رله‌مان بۆ مه‌به‌ستی حیزبی، بۆ نمونه په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه به‌كاردێت، ئه‌گه‌ر كارێكی حیزبی به‌خودی حیزبه‌كه نه‌كرێت، ئه‌وا په‌رله‌مان بۆی جێبه‌جێده‌كات، وه‌ك په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ حیزب له بودجه‌ی خه‌ڵك، كار په‌یداكردن بۆ هه‌ندێك له كادره باڵاكان به‌بێ ره‌چاوكردنی توانست و شیاوییان.
یه‌كێك له‌و هه‌ڵه كوشندانه‌ی حیزبه‌كان بۆ پاڵاوتنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ره‌چاویان كردوه، ئه‌وه بوه كه هه‌ر توێژ و پیشه و ناوچه‌یه‌ك نوێنه‌ری هه‌بێت له په‌رله‌مان، بۆ نمونه بازرگان، مامۆستای زانكۆ، ئه‌ندازیار، هه‌روه‌ها به‌پێی ناوچه و بونی ره‌گه‌زی ژنیش به‌شێكه له ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و بیرۆكه‌یه. له‌ڕاستیدا ئه‌مه ته‌قلیدیترین شێوازی دیاریكردنی پاڵێوراوه و مه‌ترسیداریشه، چونكه له سه‌ر حسابی لاوازكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ستی ناوچه‌گه‌رێتی و پیشه‌گه‌رێتی و ره‌گه‌زپارێزی دروستده‌كات.
ئه‌م باره له‌گه‌ڵ لێكدانه‌وه فیقهییه‌كاندا و سروشتی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندام په‌رله‌مان به گه‌له‌وه ناكۆكه كه ئه‌ندام په‌رله‌مان به نوێنه‌ری هه‌مو گه‌ل ده‌زانێت و ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌ر لایه‌نێك، یان حیزبێكی سیاسیی حساب بێت، یان نێر بێت یان مێ، له دوای سوێندخواردنییه‌وه نوێنه‌ری ئیراده‌ی خه‌ڵكه، ئه‌م نوێنه‌رایه‌تیكردنه له په‌رله‌ماندا شیاوی به‌شبه‌شكردن نییه، ناكرێت و شیاو نییه په‌رله‌مانتارێك بڵێت، من نوێنه‌ری فڵانه حیزب، یان توێژ یان ناوچه‌م. بیروڕاكان پێداگریی له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رچه‌نده كارێكی شیاوه په‌رله‌مانتار، یان فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی پشتی سیاسی هه‌بێت و راسپارده و پێشنیازی لێوه‌ربگرێت و كار بۆ جێبه‌جیكردنی ئایدیاكه‌ی بكات، به‌ڵام نابێت كاربكاته سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیكردنی بۆ هه‌مو خه‌ڵك و له‌مه‌ش زیاتر هه‌رگیز بابه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئیراده‌ی خه‌ڵك به‌سه‌ر كه‌مینه و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیدا دابه‌شناكرێت، به‌ڵكو هه‌ردو لایه‌ن وه‌ك یه‌ك نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، (كه له بڕگه‌ی داهاتو زیاتر باس له كێشه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ین).
په‌یوه‌ستی كوێرانه‌ی په‌رله‌مانتار به حیزب، یان پشته سیاسینهكهی، ئه‌و ده‌رئه‌نجامه ئه‌دات به‌ده‌سته‌وه كه به‌بێ وه‌رگرتنی حیزب له هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا نه‌توانین راڤه‌یه‌كی دروست بۆ په‌یوه‌ندیی ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ر –په‌رله‌مانتار – بكه‌ین و ئه‌مه‌ش راڤهكردنهكان به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌بات كه ئه‌ندام په‌رله‌مان نوێنه‌ری حیزب بێت نه‌ك ده‌نگده‌ران، یاخود تیۆری بریكارنامه‌ی ئیلزامی كه مه‌به‌ست لێی په‌یوه‌ندیی بریكارێتی گه‌ل و په‌رله‌مانتاره ده‌گۆڕێت بۆ په‌یوه‌ندیی بریكارێتی نێوان حیزب و په‌رله‌مانتار كه په‌یوه‌ندییه‌كی گرێبه‌ستییه –العقدی-و به‌م شێوه‌یه‌ش په‌رله‌مانتار ده‌بێته بریكاری حیزب نه‌ك ده‌نگده‌ر.
دروستكردنی ئه‌م واقیعه‌ش له كوردستان، چه‌نده په‌یوه‌ندیی به ویستی حیزبه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش به ملكه‌چی په‌رله‌مانتارانه‌وه بۆ بڕیاری سه‌ركرده‌كانیان، له كاتێكدا یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له كوردستان و ئه‌و سیستمانه‌ی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه له عێراق ده‌رچون، گه‌ره‌نتی ته‌واوی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ندام په‌رله‌مانن و حیزب ناتوانێت لایانبدات.
- كێشه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردن و بنه‌مای یاسایی كاری زۆرینه و كه‌مینه
یه‌كێك له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مان، ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیكردنه، له‌ڕاستیدا سه‌رچاوه ده‌ستورییه‌كان به گشتی، بایه‌خ به سێ ئه‌ركی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن كه بریتین له ئه‌ركی یاسادانان و متمانه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و چاودێریی، له كاتێكدا سه‌ره‌كیترین ئه‌رك كه رۆحی هه‌مو ئه‌ركه‌كانی تریشه، بریتییه له ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیكردن. ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیكردن، ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ده‌ستورییه و له راپه‌ڕاندنی هه‌مو ئه‌ركه‌كانی تری په‌رله‌ماندا ده‌بێت به زه‌قی ببینرێت و به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی به‌ده‌ر له‌مه بگوزه‌رێت، ناكرێت له‌سه‌ری بنوسرێت به ناوی گه‌له‌وه.
دیموكراسێتیی نوێنه‌رایه‌تی، واتای ئه‌وه‌یه كه ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیی ئیراده‌ی گه‌ل ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش په‌رله‌مان شوێنگه‌ی باڵای هه‌یه له نوێنه‌رایه‌تیی ئیراده‌ی گه‌ل و هه‌رچه‌نده له سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێراو له‌لایه‌ن گه‌له‌وه، لافی نوێنه‌رایه‌تیی گه‌ل لێبدات، ئه‌وا ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ی ناگاته ئاستی نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مان.
ئه‌وه‌ی وه‌ك كێشه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له بابه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردندا، له روی فیقهییه‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت، بریتییه له‌وه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تیكردن پشتببه‌ستێت به بنه‌مایه‌كی یاسایی كه له‌سه‌ره‌وه ناوی سێ تیۆرمان بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه هێنا.
ئه‌وه‌ی پرسی سه‌ره‌كییه لێره‌دا ئه‌وه‌یه، له كاتێكدا ئه‌ندامانی په‌له‌مان نوێنه‌رایه‌تیی گه‌ل ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واتای نوێنه‌رایه‌تیی شكۆمه‌ندی گه‌له (السیاده الشعبیه)، به‌ڵام ئایا ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه زۆرینه ده‌یكات، یان كه‌مینه؟ ئایا، ئه‌گه‌ر بوترێت، زۆرینه كه حكومه‌ت پێكده‌هێنێت له سیستمی په‌رله‌مانیدا، نوێنه‌رایه‌تیی گه‌ل ده‌كات، ئه‌وا ده‌پرسین، ئایا ده‌كرێت شكۆمه‌ندی و ئیراده‌ی گه‌ل دابه‌شبكه‌ین به‌سه‌ر كه‌مینه و زۆرینه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ریه‌كه‌یان به هێنده‌ی كورسییه‌كانیان به‌شیان له‌و شكۆمهندیهدا به‌ربكه‌وێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر زۆرینه به‌ته‌نها نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، ئه‌ی كاری كه‌مینه‌ی په‌رله‌مان له ناو په‌رله‌مان چییه؟ وه‌ڵامدانه‌وه به ئه‌رێ بۆ ئه‌م پرسیارانه، جگه له ده‌رئه‌نجامی دژوار كه له‌گه‌ڵ بابه‌تی نوێنه‌رایه‌تی و شكۆمه‌ندی نایهنهوهیهك، هیچیتر نادات به‌ده‌سته‌وه، بۆیه ده‌بێت وه‌ك راستییه‌ك ئاماژه به‌وه بده‌ین، كه‌مینه و زۆرینه له په‌رله‌مان وه‌ك یه‌ك نوێنه‌رایه‌تیی گه‌ل ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش حه‌قیقه‌تێكه چه‌نده بۆ زۆرینه تاڵ بێت، له هه‌مانكاتدا به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ش، هێنده‌ی به‌رپرسیارێتیی زۆرینه، ده‌خاته ئه‌ستۆی كه‌مینه و جیاوازیی رێژه‌ی كورسیهكانیشیان هیچ له‌م راستییه ناگۆڕێت. ده‌رئه‌نجامێكی دیكه‌ی ئه‌م بیرۆكه‌یه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، په‌رله‌مانه وه‌ك ده‌زگایه‌ك، نه‌ك تاك به تاكی ئه‌ندامان و فراكسیۆنه سیاسییه‌كان، كه‌واته له بابه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردن ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی دوایی راسترین لێكدانه‌وه‌ی فیقهییه بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردن، چونكه په‌رله‌مان خاوه‌نی كه‌سێتیی یاسایی سه‌ربه‌خۆیه و بڕیار و یاساكانیشی به ناوی ئه‌مه‌وه ده‌رده‌چن، نه‌ك كه‌مینه و زۆرینه.
فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی و بنه‌مای یاسایی كاركردنی
سه‌ره‌ڕای جیاوازیی نێوان حیزب و فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی، له‌ڕوی پێكهاته و كه‌سێتیی یاسایی و ئه‌رك و جۆر و فراوانی چالاكییه‌كانیان .....، ئه‌وا مێژوی فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی، مێژویه‌كی تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ مێژوی حیزبی سیاسیی كه به بڕوای (موریس دیفرجیه) وه‌ك له كتێبیكیدا به ناونیشانی (الاحزاب السیاسیه – ل 7) باسیده‌كات، فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی یه‌كێكه له‌سه‌رچاوه‌كانی دروستبونی حیزب، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی حیزب له ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی فه‌ره‌نسا(1789) به نمونه ده‌هێنێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای گرنگیی فراكسیۆن، له‌هه‌ر په‌رله‌مانێك و له په‌رله‌مانی كوردستانیش، به تایبه‌تیش فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وه‌ی تا ئێستا كێشه‌یه‌كی یاساییه، نه‌بونی یاسایه‌كه بۆ ناسینی فراكسیۆنه‌كه وه‌ك ههبویهكی یاسایی و دیاریكردنی ماف و ئه‌ركه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی و به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ش تائێستا یاسایه‌ك نییه بۆ به‌یاساییكردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له په‌رله‌مانی كوردستان. ئه‌م بابه‌ته هه‌روا كارێكی سانا نییه، تا جێبهێڵرێت، به‌ڵكو سه‌ره‌كیترین ئه‌رك بۆ زۆرینه و كه‌مینه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌یه كه بابه‌تی ئۆپۆزسیۆنبون و ماف و ئه‌ركه‌كانی فراكسیۆنه‌كانیش به یاسا و ده‌ستور رێك‌بخرێن، چونكه ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندیی به دیموكراسیی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راستییه‌ی كه بونی ئۆپۆزسیۆن نیشانه‌یه بۆ دیموكراسیی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستاوده‌ستكردنی به ئاشتییانه.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه تائێستاش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، بابه‌تێكی له‌م جۆره یاخود پرۆژه‌یه‌ك بۆ بهیاساییكردن كاری فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن تاوتوێ نه‌كراوه و یاسای ئۆپۆزسیۆنمان نییه، بۆیه بۆ لێكدانه‌وه‌ی بنه‌مای كاری یاسایی ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانیی، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ عورفی ده‌ستوریی، له‌هه‌مانكاتدا كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئێمه له‌هه‌رێم نه ده‌ستورمان هه‌یه و نه ده‌ستوری عێراقیش (2005) باسی له فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی و مافی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی كردوه تا وه‌ك ده‌ستوری فیدراڵ، بنه‌ماكانی بۆ ئێمه ببێته ده‌ستور، یان عورفی ده‌ستوریی و له هه‌مانكاتدا بهیاساییبونی پشتی سیاسیی فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و مۆڵه‌تپێدانی وه‌ك حیزب، مانای بهیاساییبونی فراكسیۆنه‌كه نییه، چونكه له‌ڕوی یاساییه‌وه، فراكسیۆن درێژكراوه‌ی حیزب نییه، به‌ڵكو دو پێكهاته‌ی جیاوازن، وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا.
كه‌سێتیی یاسایی حیزب، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌سێتیی یاسایی نابه‌خشێت به فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، مافی ئۆپۆزسیۆن، مافێكی ده‌ستورییه و پێویسته له ده‌ستوری داهاتوی هه‌رێم ماده‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت بۆ ره‌وایه‌تی كاری ئۆپۆزسیۆنی په‌رله‌مانی، بۆیه تائێستا كاری فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له بازنه‌یه‌كی نایاساییدا ده‌خولێته‌وه.
پێداویستی بهیاساناسینی فراكسیۆن له‌وه‌وه دێت كه فراكسیۆن وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی په‌رله‌مانیی ده‌رده‌كه‌وێت و به‌رده‌وام پرۆژه و داواكاری و هه‌ڵوێستی هه‌یه و هه‌روه‌ها ده‌شێت فراكسیۆن وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك ئه‌رك و مافی هه‌بێت، به شێوه‌یه‌ك بتوانێت توانایه‌كی باش بدات به جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی په‌رله‌مان و بۆ ئه‌مه‌ش نابێت جیاوازیی رێژه‌ی كورسی هه‌ر فراكسیۆنێك كاربكاته سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی مافی فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كه، چونكه ده‌شێت فراكسیۆنێك له یه‌ك كورسی پێكبێت، هه‌رچه‌نده پێناسه‌ی فراكسیۆن وا ده‌كرێت كه بریتییه له چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێك، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه كورسییه‌كی په‌رله‌مان به‌ته‌نها به فراكسیۆن دانه‌نرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌م بیروڕایه‌ش ده‌چه‌سپێنێت، جگه له پێداویستی دیموكراسییه‌تی په‌رله‌مانیی و بواردان به ئازادیی بیروڕاو یه‌كسانیی فراكسیۆنه‌كان له ماف‌دا، له‌گه‌ڵ سیستمی كۆتا و شیاوی پێكهاتنی لیستێكی هه‌ڵبژاردن له یه‌ك كاندید، كه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا په‌یڕه‌و كران و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌گونجێت.
هه‌ر له روانگه‌ی به یاساییكردنی ماف و كاری ئۆپۆزسیۆنه‌وه، خاڵێكی تر كه به‌لامانه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌یه كه كه‌مینه‌ی ئۆپۆزسیۆن، بڕوای ته‌واوی به كارسازی و رێوشوێنه‌كانی یاسادانان هه‌بێت و پێشێلیان نه‌كات، نابێت به بیانوی نه‌گونجانی یاسایه‌ك له‌گه‌ڵ بیروڕای خۆیان، یان پشته سیاسییه‌كه‌یان رێوشوێنه‌كانی یاسادانان بشكێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مو فراكسیۆنه‌كان ئه‌ركی پاراستنی ئه‌و رێوشوێنانه‌یان له‌ئه‌ستۆیه.
كۆتایی:
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه له‌م بابه‌ته‌دا گرنگه، وه‌ك گه‌لێك، ده‌بێت سه‌ره‌تایه‌كی یاسایی دابڕ‌ێژین بۆ كاری په‌رله‌مانیی كه له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی ئازادیی و دیموكراسیدا بگونجێت. دروستبونی په‌رله‌مان له هه‌رێمدا له ساڵی(1992) ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ مێژوی په‌رله‌مانی ئێمه، به‌ڵام هه‌مو باشی و خراپییهكانیشی، لایه‌نه‌كانی په‌یڕه‌وكردنی یاسا‌و پێشێلكردنی، وه‌كیه‌ك ده‌چنه ناو ئه‌و مێژوه‌وه و لاكردنه‌وه به‌لای چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ كێشه‌كانی په‌رله‌مان، خزمه‌تێكی زۆری مێژوی دیموكراسی و یاسایی گه‌لی كوردستان ده‌كات و ده‌بێته به‌شێكی گرنگ له كلتوری سیاسی و یاسایی بۆ گه‌لی كوردستان. ململانێكانی په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر پشتبه‌ستو نه‌بن به یاسا، ئه‌وا جگه له رێخۆشكردن بۆ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبیی و پێشێلی مافی په‌رله‌مانتار و فراكسیۆنه‌كان، زیانێكی زۆریش به دیموكراسێتی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستاوده‌ستكردنی و متمانه‌ی نێوان ده‌نگده‌ر و نوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانی كوردستان نه‌توانێت كاری خۆی به‌یاسایی بكات، ئه‌مه مانای شكستێكی گه‌وره‌یه له داڕشتنی بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تی یاسا.
د.ته‌ها عومه‌ر ره‌شید: ماسته‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی یاسا و مافی مرۆڤ، دکتۆرای فه‌لسه‌فه له یاسای گشتی