Print
 سالم وه‌هبی‌: كورد نه‌یتوانیوه‌ واقیع ‌و كێشه‌كانی‌ به‌ عه‌ره‌ب بناسێنێت
Monday, January 21, 2008

سازدانی‌: بورهان قادر

سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ ئابووری له‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هرامی‌ میسری‌، ده‌ڵێت: «له‌ كوردستان هه‌لومه‌رجێكی‌ باشی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بینم خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ببێته‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ ده‌زگا حكومییه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام وه‌ربگرێت»، ئه‌و باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ كورد له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ ئاینده‌ بكات به‌رده‌وام له‌ رابردوودا ده‌ژی‌‌و خۆی‌ به‌ رابردووه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كات.
له‌م دیمانه‌یه‌دا، سالم وه‌هبی‌، سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ ئابووری رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هرامی‌ میسری‌، كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ رێكخراوی‌ (ئاسك) بۆ به‌شدارییكردن له‌ خولێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئابووری هاتۆته‌ شاری‌ هه‌ولێر، باس له‌ هه‌لومه‌رجی‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابووری‌ كوردستان ده‌كات ‌و پێیوایه‌ كورد نه‌یتوانیوه‌ واقیعی‌ خۆی‌‌و كێشه‌كانی‌ به‌ دنیای‌ عه‌ره‌بی‌ بناسێنێت.

* ئێوه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بێنه‌ كوردستان، پێش ئه‌وه‌ی‌ بێن راو تێڕامانتان چی بوو، ئێستاش كه‌ چوار رۆژه‌ له‌ هه‌ولێرن راتان چییه‌‌و ئه‌و تێبینییه‌ باش‌و خراپانه‌ چییه‌ كه‌ سه‌رنجی‌ ئێوه‌ی‌ راكێشاوه‌؟
- پێش ئه‌وه‌ی‌ بێمه‌ كوردستان، پێموابوو باری‌ ئاسایشی‌ كوردستان زۆر خراپه‌‌و به‌وشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا نییه‌، زۆر لام سه‌یر بوو كه‌ بینیم باری‌ ئاسایشی‌ كوردستان ئه‌وه‌نده‌ باش‌و هێمنه‌، له‌ كاتێكدا پێموابوو كه‌ له‌ناو كۆڵان‌و شه‌قامه‌كان شه‌ڕی‌ ناوخۆ هه‌بێت، ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ ده‌كه‌م خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر‌و كوردستان  له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان زۆر باشن، رێز له‌و خه‌ڵكانه‌ ده‌گرن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێنه‌ كوردستان، له‌سه‌ر ئاستی‌ گه‌شه‌پێدان شاره‌كه‌ زۆر خاوێنه‌‌و گه‌شه‌پێدانێكی‌ باشیش هه‌یه‌ له‌بواری‌ بیناسازی‌‌و هه‌ندێك پێویستیشیان هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌بواری‌ كاره‌با، ئێستاش بواری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ وه‌به‌رهێنانی‌ بیانی‌ رابكێشنه‌ ناو وڵاته‌كه‌تان له‌گه‌ڵ‌ هه‌مواركردنی‌ هه‌ندێ‌ یاسا بۆ ئه‌و بواره‌، پێویستیتان به‌ ئیداره‌ی‌ گه‌شه‌پێدان هه‌یه‌، خه‌ڵك به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندن ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌ك تێبینییه‌كی‌ خراپیش لام دروستبووه‌ هاوڵاتی‌ كوردی‌ له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ ئاینده‌ بكات زیاتر باسی‌ رابردوو ده‌كات، به‌باشی‌ ده‌زانم كورد ئه‌وه‌نده‌ باس له‌ رابردوو نه‌كات‌و خۆی‌ به‌ ئاینده‌وه‌ خه‌ریك بكات، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی‌ رابردوو زوڵم له‌ كورد كرابێت ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو، من ده‌ترسم كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ ئه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ سه‌رقاڵ‌ بكات به‌ كێشه‌كانی‌ رابردوو ئه‌وه‌نده‌ چاو نه‌بڕێته‌ ئاسۆی‌ ئاینده‌‌و ته‌ماشای‌ نه‌كات، كوردستان بنه‌مای‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ له‌بواری‌ پێشكه‌وتنی‌ كشتوكاڵی‌، به‌ڵام ده‌بینم هاوڵاتی‌ كورد ده‌یه‌وێ‌ ببێته‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ ده‌زگا حكومییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام وه‌ربگرێت.

* به‌رده‌وام له‌ زۆربه‌ی‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان باس له‌ ئارامی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كرێت، چۆن تۆ ئه‌و زانیارییه‌ت نییه‌‌و پێتوابوو كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ لێیه‌؟
- كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێ‌ باری‌ ئاسایشی‌ كوردستان له‌عێراق باشتره‌، مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كێشه‌ی‌ تێدا نییه‌، پێمانوابوو كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق باشتره‌، ئه‌گه‌رنا لێره‌ش كێشه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ باوه‌ڕ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ وڵاتێك هه‌یه‌ باری‌ ئاسایشی‌ زۆر خراپه‌‌و به‌شێك له‌و وڵاته‌ باری‌ ئاسایشی‌ جێگیره‌، له‌عێراق خه‌ڵك ناتوانێ‌ له‌سه‌ر شه‌قام بڕوات كه‌چی‌ له‌به‌شێكی‌ ئه‌و وڵاته‌ ره‌وشه‌كه‌ زۆر باشه‌، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئێمه‌ چونكه‌ سه‌فیری‌ میسری‌ له‌عێراق رفێندرا‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ خراپ كوژرا، خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ زۆر خراپمان هه‌یه‌ بۆ ئاسایشی‌ عێراق پێمانوایه‌ هه‌موو ناوچه‌كان وه‌ك یه‌كه‌، ئه‌وه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردستان ده‌بێت زۆرتر ریكلام بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو وڵاتان بزانن كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئارامه‌، هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ كه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌گات له‌ رێگه‌ی‌ كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه‌یه‌‌و ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌ عێراقییه‌كانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌وش له‌به‌غدا‌و باشوور‌و ناوه‌ڕاست باش نییه‌‌و رۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌كوژرێ‌‌و ده‌ڕفێندرێت.

* رای‌ ده‌زگا راگه‌یاندن‌و رۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ میسری‌ به‌گشتی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان چییه‌؟
- به‌گشتی‌ میسرییه‌كان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌نین كه‌ عێراق دابه‌شبكرێ‌‌و پارچه‌ پارچه‌ بكرێت، به‌تایبه‌تیش سه‌ڵاحه‌دینی‌ ئه‌یوبی‌ لای‌ ئێمه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك به‌هایه‌كی‌ زۆر مه‌زنی‌ هه‌یه‌ له‌مێژووی‌ عێراقدا‌و به‌چاوی‌ رێزه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌ین.

* سه‌ڵاحه‌دینی‌ ئه‌یوبی‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی‌ كورد یا عه‌ره‌ب؟
- لای‌ ئێمه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ كوردیش به‌شێكه‌ له‌و ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌ مادام كورد له‌عێراق‌و سوریا ده‌ژین‌و ناسنامه‌ی‌ وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بییان پێیه‌ ئێمه‌ جیاوازییان ناكه‌ین، ئێمه‌ وه‌ك عه‌ره‌ب به‌رده‌وام پێمانوایه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی‌ ده‌بنه‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ پارچه‌یه‌ك له‌وڵاتێكی‌ دیكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵك نییه‌، ئێمه‌ به‌دوای‌ رێوشوێنێكدا ده‌گه‌ڕێین كه‌ یه‌كێتی له‌ ناوخۆماندا پته‌وتر بكه‌ین بۆ نمونه‌ ئه‌وروپا كه‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌‌و یه‌ك وڵاتیش نین به‌ره‌و یه‌كبوون ده‌چن، ئێستا سه‌رده‌می‌ پێكه‌وه‌ ژیانه‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسێن گه‌لی‌ كورد تووشی‌ هات ره‌نگه‌ ببێته‌ پاڵپشتێكی‌ گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا ئازادی‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ خۆیان به‌ده‌ستبێنن، رای‌ تایبه‌تی‌ منیش له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ ئه‌وه‌یه‌ پێمباشه‌ جۆرێك له‌سه‌ربه‌خۆیی‌‌و ئازادیتان هه‌بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆتاندا، به‌ڵام هیچ پێویست ناكات ئێوه‌ به‌یه‌كجاری‌ له‌عێراق جیاببنه‌وه‌و داببڕێن، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئامانج‌و  به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان به‌ده‌ستبێنن، ئه‌وا ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی‌ عێراق ئه‌و مافانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هێز به‌كاربێنن یان جیاببنه‌وه‌.

* ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستان داوای‌ جیابوونه‌وه‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ بكه‌ن؟
- ده‌بێ‌ رێز له‌ ویستی‌ میلله‌تان بگیرێت، به‌ڵام ده‌بێت راستییه‌كان بۆ خه‌ڵك شیبكرێته‌وه‌ هه‌ندێ‌ كات جیابوونه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌ روویداوه‌، به‌ڵام كاتێك ئه‌و گه‌لانه‌ هه‌ندێك پێشكه‌وتن له‌ رووی‌ بیروباوه‌ڕه‌وه‌ رایان گۆڕی‌‌و بیریان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌بوایه‌ جیانه‌بنه‌وه‌، بۆنمونه‌ كه‌س بیری‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ له‌ساڵی‌ 1945 كه‌ هه‌موو وڵاتانی‌ ئه‌وروپا له‌ ناوخۆیان به‌شه‌ڕ ده‌هاتن له‌جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانی‌ به‌ ملیۆنان كه‌س مردن، كه‌چی‌ ئێستا ده‌بینین یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ دامه‌زراوه‌ كه‌ ئه‌و كات به‌شه‌ڕ ده‌هاتن كه‌ زمانیان جیاوازه‌، به‌ڵام ده‌بینین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیاندایه‌و یه‌كده‌گرنه‌وه‌.

* پێتوانییه‌ ئه‌سته‌مه‌ واقیعی‌ ژیان له‌ ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ‌ عێراق‌و ته‌واوی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌راورد بكه‌یت، بۆچی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیش جیابوونه‌وه‌ی‌ كوردستان به‌ گوناهو كفر ده‌زانێ‌؟
- كه‌س بڕوای‌ وانییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ گوناهـ بێت، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ زۆرتر ته‌ماشای‌ لایه‌نه‌ بابه‌تییه‌كه‌ ده‌كات زیاتر له‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌ماشای‌ شێوه‌‌و فۆڕم‌و په‌یوه‌ندییه‌كان بكات، هه‌موو میلله‌تێك حه‌قی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بژی‌ كه‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت، ئێمه‌ش له‌وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیش ده‌بینین كه‌ ململانێ‌‌و كێشه‌ هه‌یه‌، له‌ مه‌غریب، ئه‌ریتریا، سۆماڵ‌‌و سودان داوای‌ جیابوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر لوبنانیش هه‌یه‌ له‌زۆر شوێنی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئێستا داوای‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌كرێ‌، ئێمه‌ش شانازی‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ند خێزانێكی‌ كورد له‌ میسر ده‌ژین به‌شداربوون له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ عه‌ره‌ب‌و ئیسلام‌و ده‌وریان هه‌بووه‌ له‌پێشكه‌وتنی‌ ئه‌و وڵاته‌، ئێمه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی‌ راستوخۆمان نییه‌‌و سوود وه‌رناگرین كه‌ كورد به‌شێك بێت له‌عێراق یان جیاببێته‌وه‌‌و یان كورد ده‌وڵه‌ت بێت یان ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، به‌ڵام من پێت ده‌ڵێم بۆ ئێوه‌ خۆشحاڵ‌ نین كه‌ ئێمه‌ پێداده‌گرین كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بژین‌و جیانه‌بینه‌وه‌.

* به‌ڵام ئێوه‌ تا چه‌ند ئاگاداری‌ رابردووی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانن له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقدا؟
- ئاگادارین، به‌ڵام نابێت نرخه‌كه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌ بێت‌و نابێ‌ هه‌موو عه‌ره‌ب به‌ به‌رپرسیار بزانین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی‌ كه‌ سه‌دام حسێن به‌رامبه‌ر به‌كورد كردوویه‌تی‌.

* رات چییه‌ له‌و گله‌ییه‌ی‌ كورد به‌رامبه‌ر به‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌، كه‌ له‌كاتی‌ ئه‌نفال‌و كیمیابارانكردندا، ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بییانه‌ هه‌ڵوێستیان نه‌بووه‌؟
- مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌نفال زۆر ناخۆش‌و دڵگرانبوو، دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه‌ عه‌ره‌ب له‌به‌رامبه‌ر كورد كه‌مته‌رخه‌م بووه‌، به‌ڵام به‌ رای‌ من كێشه‌كه‌ له‌وه‌شدایه‌ كه‌ كورد خۆشی‌ نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كانی‌ خۆیان به‌ عه‌ره‌ب‌و دونیا بناسێنن به‌شێوه‌یه‌كی‌ راست‌و ته‌ندروست، من سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسم‌و له‌ رۆژنامه‌دا كارده‌كه‌م، به‌ڵام سه‌دام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ په‌رده‌پۆش ده‌كرد‌و ده‌یشارده‌وه‌ وایكردبوو كه‌ زۆربه‌ی‌ عه‌ره‌ب نه‌زانن ئه‌و كێشانه‌ له‌عێراق هه‌یه‌، من دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ میسرو هه‌موو وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌هه‌موو جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئاینییه‌كانه‌وه‌ رێزێكی‌ زۆریان بۆ كورد هه‌یه‌‌و خۆشیان ده‌وێت، من حه‌زناكه‌م ئه‌و رووداوه‌ ناوبنرێت ئه‌نفال‌و ده‌بوایه‌ كورد ناوێكی‌ دیكه‌ی‌ بدۆزیایه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌نفال سوره‌تێكی‌ پیرۆزی‌ قورئانه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌ئه‌نفال به‌رامبه‌ر كورد كرا جینۆسایدێكی‌ ته‌واوبوو مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوو كورد به‌ته‌واوی‌ له‌ناوببه‌ن، ئێستاش تۆپه‌كه‌ له‌ یاریگای‌ كورده‌كانه‌‌و ئه‌وان ده‌بێت گۆڵ‌ بكه‌ن، منیش پرسیار ده‌كه‌م ئه‌ی‌ كورد چیان كردوه‌‌و هه‌ڵوێستیان چی بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین؟

* ده‌توانین چه‌ندین ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردت بده‌ینێ‌ كه‌ ئێستاش له‌ ژیان ماون، چوونه‌ته‌ فه‌له‌ستین‌و شه‌ڕیان كردووه‌ له‌دژی‌ ئیسرائیلییه‌كان، وادیاره‌ ئێوه‌ ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ نین؟
- ئێمه‌ باسی‌ هه‌ڵوێستی‌ گشتی‌ ده‌كه‌ین بۆی‌ هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ چه‌ند كه‌سێك بووبن‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ تاكه‌كه‌س بووبێت.

* ئه‌ی‌ چی ده‌ڵێی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ دوای‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفال، ژماره‌یه‌ك كچی‌ كورد له‌لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ فرۆشرانه‌ میسر به‌مه‌به‌ستی‌ كاری‌ سێكسی‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێنی‌ تایبه‌ت به‌و كاره‌؟
- پێموانییه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ زۆر راست بێت، له‌هه‌موو شوێنێك كچ هه‌یه‌ له‌ مه‌لها ئیش ده‌كات، له‌ میسریش كه‌س كچ ناكڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، كچی‌ وڵاتانی‌ تر به‌ خۆڕایی هه‌ن‌و دێن له‌وێ‌ ئیشده‌كه‌ن نه‌وه‌كو به‌ پاره‌ بیانكڕن، هه‌موومان ده‌زانین روسییه‌كان جوانن‌و دێن له‌وێ‌ ئیشده‌كه‌ن، پێموایه‌ باسكردنی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌و گه‌وره‌كردنی‌ به‌شێكه‌ له‌ پلانێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ دروستبێ‌ له‌نێوان وڵاتان، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ راستییه‌كی‌ تێدا بێت، ئه‌وانه‌ی‌ باسی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵگه‌یه‌كی‌ راست‌و دروستیان له‌و بواره‌وه‌ نییه‌، میسریش ده‌رگای‌ كراوه‌یه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یه‌وێت به‌دواداچوون بكات، به‌رژه‌وه‌ندی‌ میسر له‌ چیدایه‌ كچی‌ كورد بكڕێت له‌كاتێكدا كچی‌ وڵاتانی‌ تر به‌خۆڕایی‌ ئاماده‌ن بێن بۆ ئه‌و كاره‌.

 


پرۆفایل
- سالم وه‌هبی‌، ساڵی‌ 1952 له‌ میسر له‌دایكبووه‌.
- له‌ ساڵی‌ 1979وه‌ تا ئێستا كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ ده‌كات.
- سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ ئابوورییه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌هرامی‌ میسری‌ چاپی‌ عه‌ره‌بی‌.
- بڕوانامه‌ی‌ خوێندنی‌ باڵای‌ هه‌یه‌ له‌ بواری‌ رۆژنامه‌وانی‌‌و راگه‌یاندن‌و بواری‌ ئابووری‌.
- ئه‌مینداری‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ میسرییه‌ بۆ رۆژنامه‌وانی‌ ئابووری‌.

Sbeiy.com © 2007