Print
 به‌ ژماره‌ و سه‌لماندن پاشه‌كشه‌ی‌ كورد له‌ به‌غدا
Thursday, December 30, 2010
راپۆرتی: به‌هادین یوسف
 
سه‌نگی كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن (21%)ه‌وه‌ بۆ (16.5%)‌و له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانیشدا (21%)ه‌وه‌ بۆ (17%) كه‌مده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كان‌و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ وه‌رگرتنی بریكاری وه‌زیرو سه‌رۆكایه‌تی‌و ئه‌ندامێتی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و سوپاو ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا، رێژه‌كه‌ به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌ی زیاتر بچێت.   
 
له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 7/3/2010ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ سه‌نگ‌و قه‌باره‌ی كورد له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌ چوه‌و به‌ به‌راورد به‌ خوله‌كانی پێشو، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی هه‌ڵه‌كانی نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانی عێراق بۆ په‌رله‌مانی عێراق. په‌سه‌ندكردنی چه‌ند بنه‌مایه‌كی دیكه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌سه‌ربنه‌مای رێژه‌ی كورسی‌و ده‌نگه‌كان له‌ په‌رله‌ماندا.
 
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، پسپۆڕی یاسایی‌و ئه‌ندامی خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: «كه‌مبونه‌وه‌ی رێژه‌ی كورد له‌ په‌رله‌ماندا كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌مو به‌ركه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و دابه‌شكردنی بریكاری وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان‌و سه‌فاره‌ت‌و ده‌زگا سه‌ربه‌خۆكان‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان‌و پێكهاته‌كانی سوپادا، به‌و پێیه‌ی سه‌رژمێرییه‌كی ورد نییه‌ رێژه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق به‌ رونی ده‌ربخات‌و تاكه‌ بنه‌ماش كه‌ پشتی پێ ده‌به‌سترێت، ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانه‌».
 
 
مافی ڤیتۆ
له‌ خولی پێشودا كورد پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراقی وه‌رگرت، به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی به‌شدار له‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسیی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی‌و بونی مافی ڤیتۆو ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ یاساییانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ بۆی ره‌وانه‌ ده‌كران، به‌ڵام له‌م خوله‌یدا كه‌ كورد ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتوه‌، سه‌رۆك كۆماری عێراق مافی ڤیتۆی نییه‌و له‌بری ئه‌وه‌ش بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌نی فیدراڵیی پێكبهێنرێت، وه‌كو ژوری دوه‌می یاسا دانان. له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوردا به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دیاریكراوه‌و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ش ده‌كرێت، كه‌ رێژه‌ی كورسییه‌كانی كورد (هه‌رێمی كوردستان) له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ نوێیه‌كه‌دا كه‌مبێته‌وه‌، گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای نوێنه‌رایه‌تی پارێزگاكان، یان رێژه‌ی كورسی له‌ په‌رله‌مان، یان وه‌ك هه‌رێمێك له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵیدا پشكی هه‌بێت.  
 
ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌، كه‌ كاری په‌سه‌ندكردن، یان ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ ده‌بێت، كه‌ له‌ ژوری یه‌كه‌می یاسادانان (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران)ه‌وه‌ بۆی ره‌وانه‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ك رۆڵێكی گه‌وره‌ی ته‌شریعی ده‌بێت له‌ پێشنیاركردن‌و ئاماده‌كردن‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساو بڕیاره‌كان له‌ عێراقدا.
 
هه‌وره‌ك به‌پێی رێككه‌وتنی سیاسیی لایه‌نه‌كانی عێراقیش؛ (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی بۆ سیاسه‌ته‌ ستراتیژییه‌ باڵاكان) پێكده‌هێنرێت، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵات‌و ئه‌رك‌و رۆڵه‌كانی تائێستا دیاری نه‌كراوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ده‌سه‌ڵاته‌ راوێژكاریی‌و ته‌نفیزییه‌كانی كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی په‌نجه‌ی كورد له‌سه‌ر نه‌خشاندنی یاسا‌و بڕیاره‌كان.
 
ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، ئێستا تاكه‌ ده‌زگای‌ یاسادانانه‌ له‌ عێراقدا‌و له‌م خوله‌دا كورد، قورسایی‌ له‌ روی‌ رێژه‌وه‌ به‌ به‌راورد به‌ خولی‌ پێشو (21% _17%) دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر پێكهاته‌ی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكانی په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مان‌و هه‌یئه‌و كۆمسیۆنه‌كانی دیكه‌وه‌.
 
له‌ خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا (2005-2010) له‌ كۆی (275) كورسی كورد (58) كورسی هه‌بو له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ردو لیستی هاوپه‌یمانیی‌و یه‌كگرتوی ئیسلامیدا، كه‌ ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی (21%)ی كۆی كورسییه‌كان، به‌ڵام له‌ خولی نوێدا (2010-2014) له‌ كۆی (325) كورسی، كورد به‌ هه‌ر چوار لیستی (هاوپه‌یمانیی، گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ‌) خاوه‌نی (57) كورسین، كه‌ ده‌كاته‌ (17.5%)ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و نزیكه‌ی (4%) به‌ به‌راورد به‌ خولی رابردو كه‌میكردوه‌. 
 
پێگه‌ی‌ كورد له‌م بواره‌شدا به‌ به‌راورد به‌ خولی رابردو، رو له‌ كه‌مبونه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌شكردنی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كان‌و دواتریش پێكهێنان‌و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ عێراقداو پشكی نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیی له‌به‌رچاو ده‌گیرێت.
 
له‌ دابه‌شكردنی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقیشدا، له‌ كۆی‌ (26) لیژنه‌، شیعه‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ (12) لیژنه‌و عێراقییه‌ (6) لیژنه‌و ئیئتیلافی‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان (4) لیژنه‌و گۆڕانیش (یه‌ك) لیژنه‌ی به‌رده‌كه‌وێت.
 
 پێوه‌ری‌ پیاده‌كراو بۆ وه‌رگرتنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ لیژنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بریتییه‌: له‌ (13) كورسی‌ به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ یه‌ك لیژنه‌و لیژنه‌كانیش به‌پێی‌ سیادیی‌‌و گرنگیی‌ به‌سه‌ر سێ گروپی جیادا دابه‌شكراون.
 
دو بڕیارده‌ره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانیش له‌ توركمان‌و مه‌سیحییه‌كانه‌، كه‌ ئه‌ركیان رێكخستنی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان‌و رێژه‌ی‌ ئاماده‌بوان‌و نیسابی‌ یاسایی‌ دانیشتنه‌كانه‌، له‌ خولی‌ پێشودا فراكسیۆنی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان، یه‌كێك له‌ دو بڕیارده‌ره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌بو، به‌ڵام له‌م خوله‌دا هیچ بڕیارده‌رێكی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌رناكه‌وێت.
 
له‌ خولی پێشوی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا، كه‌ (24) لیژنه‌ بو، (11) لیژنه‌ به‌ر شیعه‌كان كه‌وتبو، سوننه‌كانیش به‌ عێراقییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ (7) لیژنه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بو، كوردیش سه‌رۆكایه‌تی‌ (5) لیژنه‌ی‌ هه‌بو، به‌ڵام ئێستا‌و دوای زیادكردنی ژماره‌ی لیژنه‌كانیش هه‌روه‌كو خۆی (5) لیژنه‌ی به‌ركه‌وتوه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌ستبه‌رداری چه‌ند لیژنه‌یه‌كی گرنگی وه‌كو شه‌هیدان‌و كارو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بوه‌.
 
ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن
له‌ناو كابینه‌ی‌ حكومه‌تیشدا، له‌ خولی‌ پێشودا كورد پۆستی‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌و پیشه‌سازیی‌‌و شاره‌وانی‌‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو‌و ژینگه‌و دادو وه‌زیرێكی‌ ده‌وڵه‌تی هه‌بو، (8) وه‌زیرو جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كۆی (38) پۆســتــی وزاری، كه‌ ده‌كاته‌ كۆی (21%)ی پۆسته‌ وزارییه‌كان، جگه‌ له‌ (11) پۆستی‌ بریكاری‌ وه‌زیرو سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ سوپاو سه‌رۆكی‌ ده‌زگای هه‌وڵگری عه‌سكه‌ری‌و سه‌رۆك‌و پۆستی باڵا له‌ چه‌ندین ده‌سته‌و كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆو باڵیۆزخانه‌كاندا. 
 
له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكیدا، له‌ كۆی (42) پۆستی وزاری به‌ سه‌رۆك‌و جێگره‌كانی‌و وه‌زیره‌كانه‌وه‌، كورد ته‌نیا (7) پۆستی وه‌زاری به‌ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشه‌وه‌ به‌رده‌كه‌وێت، كه‌ دوانیان وه‌زیری ده‌وڵه‌تن‌و رێژه‌كه‌شی بۆ (16%)ی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان كه‌مبوه‌ته‌وه‌.
 
كه‌مبونه‌وه‌ی وه‌زیره‌كان‌و پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی پۆسته‌كانی بریكاری‌ وه‌زاره‌ته‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌ته‌كان‌و باڵیۆزخانه‌كانی‌ عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌ركانی‌ جه‌یش‌و سه‌ركرده‌ی‌ فیرقه‌كان‌و هه‌واڵگریی‌و ئاسایش‌و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و كۆمسیۆنه‌ فیدراڵییه‌كان.
 
به‌ وته‌ی د.مه‌حمود عوسمان، ئه‌ندامی لیستی هاوپه‌یمانیی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق: «پشكی كورد له‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كاندا زۆر كه‌مبوه‌ته‌وه‌و هه‌ندێك وه‌زاره‌ت وه‌رگیراوه‌، كه‌ گرنگ نین‌و كورد زیانی كردوه‌ له‌و دابه‌شكردنه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌مترین وه‌زاره‌تی به‌ركه‌وتوه‌».  
 
 هاوڕا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، وه‌زیری پێشوتری ژینگه‌ی عێراقی له ‌باره‌ی‌ سه‌نگی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراقدا پێیوایه‌؛ به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی‌ وه‌زیره‌ كورده‌كانی‌ كابینه‌ی‌ پێشوی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، رێژه‌ی‌ كورد كه‌میكردوه‌: «له‌ كابینه‌ی‌ پێشودا له‌ كۆی‌ (37) وه‌زاره‌ت (7) وه‌زیری‌ كورد بو، به‌ڵام له‌ كابینه‌ی‌ نوێدا له‌ كۆی‌ (42) وه‌زیر، ته‌نیا (7) وه‌زیری‌ كوردی‌ تێدایه‌، مانای‌ وایه‌ له ‌روی‌ پێوانه‌‌و رێژه‌وه‌ ژماره‌ی‌ كورد له‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراقدا كه‌مبوه‌ته‌وه‌».
 
هۆكاری سه‌ره‌كیی كه‌مبونه‌وه‌ی رێژه‌ی كورسییه‌كانی كوردو دواتر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، ده‌نگدانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانیی بو له‌ خولی پێشودا به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، (هه‌مواری یاسای ژماره‌ 16ی ساڵی 2005)، كه‌ (50) كورسی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران زیادكراو له‌و زیاده‌یه‌ش ته‌نیا (6)یان به‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم كه‌وتن.
 
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، په‌رله‌مانتاری پێشوی عێراق، هۆكارێكی دیكه‌ی كه‌مبونه‌وه‌ی سه‌نگی كورد له‌ به‌غدا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی: «ناهاوسه‌نگییه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان رێژه‌ی كوردو عه‌ره‌ب، هه‌ر چوارساڵ‌ جارێك ئه‌و رێژه‌یه‌ی كورد داده‌به‌زێت، ئه‌وه‌ شتێكی زانستییه‌ زیاده‌ی (5-6) ملیۆن كه‌س له‌گه‌ڵ‌ زیاده‌ی زیاتر له‌ (20) ملیۆن له‌ روی ژماره‌وه‌ وه‌كو یه‌ك نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتودا ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان زیاتربێت، زیادبونی رێژه‌ی كوردیش به‌و زیاده‌ هاوڕێژه‌ییه‌ نابێت».
 
سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ی كوردیش له‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق‌و سه‌فیره‌كانیشدا، د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، وتی: «سه‌فیره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای رێژه‌ دانراون، راسته‌ ئه‌وانه‌ی پێشو ناگۆڕدرێن، به‌ڵام بۆ هه‌ر جارێكی دیكه‌ كه‌ بۆشایی دروستبو، سه‌فاره‌تی نوێ كرایه‌وه‌، سه‌فیره‌ كۆنه‌كان خانه‌نشینكران، ئه‌و كاته‌ دوباره‌ به‌پێی رێژه‌كان دابه‌شده‌كرێن‌و له‌وه‌شدا به‌ركه‌وته‌ی كورد كه‌م ده‌بێته‌وه‌».
Sbeiy.com © 2007