Print
 شۆڕش حاجی: زۆربه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، هه‌ڵوێسته‌كه‌ی‌ گۆڕانیان به‌ داهێنانی‌ نوێ‌ زانی‌
Tuesday, January 4, 2011

سازدانی‌: چاوان عه‌لی‌
شۆڕش حاجی‌، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌  په‌رله‌مانی‌ عێراق، پێیوایه‌؛ كه‌ زۆرێك له‌ هێز‌ و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، به‌ ئۆپۆزسیۆنبونی‌ گۆڕان له‌ عێراقدا به‌ داهێنان ده‌زانن، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا هێزێك بدۆزیته‌وه‌، كه‌ هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌كات.

له‌م دیداره‌ی‌ رۆژنامه‌دا شۆڕش حاجی‌، جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌؛ كه‌ گۆڕان له‌  به‌غدا له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت، یان ئۆپۆزیسیۆن، به‌رگریی له‌ ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.

رۆژنامه‌: له‌دوای بڕیاردانتان به‌ به‌شدارینه‌كردن له‌ حكومه‌ت، ئایا مه‌سه‌له‌كه‌تان به‌ ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ‌ (هاوپه‌یمانی نیشتمانیی) یه‌كلایی بوه‌وه‌، یان ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ چونتان بۆ ناو حكومه‌ت؟
شۆڕش حاجی: ئێمه‌ هه‌ڵویستی خۆمان به‌ ئاشكرا به‌ هه‌مو لایه‌ك وتوه‌‌و ئه‌گه‌رچی تائێستا هێنده‌ی من ئاگادار بم، هیچ وتوێژێكی جدیی نییه‌ بۆ په‌شیمانكردنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و بڕیاره‌ی كه‌ داویه‌تی، به‌ڵام له‌ مه‌سه‌له‌ی دانوستاندنێكی له‌و بابه‌ته‌دا، ناكرێت بڵێی ئه‌و بڕیاره‌ی داومه‌ ئیتر گه‌ڕانه‌وه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵكو بڕیارێكه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك و له‌ هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراودا دراوه‌، بۆیه‌ به‌ گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كه ‌و نه‌مانی هۆیه‌كان، ره‌نگه‌ ئه‌و بڕیاره‌ش وه‌ك خۆی نه‌مێنێت.

رۆژنامه‌: ئێوه‌ یه‌كه‌م هێز بون كه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی‌ و ده‌ستوریی، واقیعی ئۆپۆزسیۆنبونتان جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ عێراقیش چه‌سپاند، ئه‌و بڕیاره‌تان له‌ ناوه‌ندی سیاسیی ‌و ئیعلامیی عێراقدا چۆن لێكدرایه‌وه‌؟
شۆڕش حاجی: ناوه‌نده‌ سیاسی و ئیعلامییه‌كانی به‌غدا، زۆرن و بۆچون و هه‌ڵوێستیشیان له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه‌ جیاوازه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ چاوی رێز و ته‌قدیره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌ڵوێستی گۆڕان. زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی گۆڕان به‌ شتێكی نوێ‌ و جۆرێك له‌ داهێنان ده‌زانن، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا، هێزێك بدۆزیته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵپه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌كات ‌و ئاوا بێمنه‌ت بێت له‌ وه‌رگرتن یان وه‌رنه‌گرتنی پۆستدا. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی په‌رله‌مانتار و لێپرسراوه‌ عێراقییه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌ناو هاوپه‌یمانیی نیشتمانیش، دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ده‌بوایه‌ گۆڕان بایی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن و ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌یی به‌شدار بێت له‌ حكومه‌ت و نه‌ده‌بو فشاری سه‌رۆكی هه‌رێم قبوڵ‌ بكه‌ن.

رۆژنامه‌: پێتان وانییه‌ كه‌ موجازه‌فه‌یه‌كی گه‌وره ‌‌و كه‌مێك مه‌ترسیداریشتان به‌خۆتان كردوه‌ كه‌ بڕیاری بون به‌ئۆپۆزسیۆنتان داوه‌ له‌عێراقێكدا كه‌ هێشتا داموده‌زگای به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو یاسایی ‌و ده‌ستوریی دانه‌مه‌زراوه‌؟
شۆڕش حاجی: نه‌خێر، من ناوی نانێم موجازه‌فه‌، به‌ڵكو ناوی ده‌نێم هه‌ڵوێستێك كه‌ له‌ بڕوای ته‌واو به‌خۆوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ناچاركراین ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ وه‌رگرین، زۆر كه‌س‌ و لایه‌ن پێیان وایه‌، له‌ رێی پۆستی وه‌زاری و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌توانن خزمه‌تی ده‌نگده‌ران و به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌یان بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك گۆڕان پێمان وایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتیشدا نه‌بین، به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌مان و ده‌نگده‌رانمان راستگۆ ده‌بین و هه‌مو توانامان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ تا له‌ به‌غدا خزمه‌تی دۆزی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین و متمانه‌ی ده‌نگده‌ران به‌ گۆڕان به‌هێزتر بكه‌ین. ئێمه‌ له‌ به‌غدا، له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بین، یان ئۆپۆزسیۆن، به‌رگریی له‌ ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین و هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كورد ده‌ده‌ین. ئێمه‌ له‌ به‌غدا، له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بین، یان ئۆپۆزسیۆن، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌وێوه‌ فشار بخه‌ینه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی مافی مرۆڤ و شه‌فافییه‌ت. ئێمه‌ له‌ به‌غدا، له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بین، یان ئۆپۆزسیۆن، هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌ستێوه‌ردانی حیزب له‌ كاروباری حكومه‌ت و خه‌ڵكدا، له‌ كوردستان نه‌هێڵین. ئێمه‌ له‌ به‌غدا، له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بین، یان ئۆپۆزسیۆن، هه‌وڵی پاراستن و زیادكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان ده‌ده‌ین، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و بودجه‌یه‌ له‌ كوردستان شه‌فافانه‌ سه‌رف بكرێت ‌و خه‌ڵك بزانێت ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌درێته‌ كوردستان، چه‌نده ‌و چی لێدێت و ده‌درێت به‌ چی!
 
رۆژنامه‌: ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان، به‌هۆی دو حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كه‌وتوه‌ته‌ ململانێی ئێوه‌ له‌ به‌غدا، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن مامه‌ڵه‌ی هاوپه‌یمانیی ‌و لیسته‌ عه‌ره‌به‌كانیش له‌گه‌ڵتان چۆن بێت؟
شۆڕش حاجی: ئۆپۆزسیۆنبون و كاركردنی سیاسیی له‌ به‌غدا، زۆر له‌ هی كوردستان جیاوازه ‌‌و مه‌رج نییه‌ ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌ حكومه‌تدان، له‌ هه‌مو شتێكی هه‌مو پێكهاته‌كانی حكومه‌ت رازی بن. ئه‌وه‌ی تائێستا تێبینیمان كردوه‌، مامه‌ڵه‌ی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان به‌رامبه‌ر ئێمه‌، له‌ هی لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كان خراپتره‌، ئه‌ی مه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌بو داوای له‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی كرد كه‌ نابێت گۆڕان له‌ به‌شی كوردستانیی پۆستی وه‌زاره‌ت وه‌رگرێت؟ له‌وه‌ده‌چێت ئه‌و دو حیزبه‌ بڕیاریان دابێت كه‌ هه‌رچی ئێمه‌ بیڵێین، ئه‌وان دژی بوه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نێگه‌تیڤه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڕان، له‌ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا به‌دی ناكه‌م. لانیكه‌م هه‌مو لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان بڕیاریان نه‌داوه‌ هه‌رچی گۆڕان بیڵێت، ئه‌وان دژی بن و هه‌رچی بۆ گۆڕان چاك بێت، ئه‌وان رێگریی لێبكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان به‌دی ده‌كرێت.

رۆژنامه‌: پێشتر گۆڕان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پلانه‌ له‌نێوان پارتی‌ و مالكیدا له‌ دژی ئێوه‌ كراوه‌، ئایا هه‌ڵویستی یه‌كێتی چی بوه‌ له‌نێو ئیئتیلافه‌كه‌دا؟
شۆڕش حاجی: پێم وانییه‌ ئێستا یه‌كێتی قورسایییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و بڕیاری هاوپه‌یمانی كوردستانیی مابێت.

رۆژنامه‌: له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق، هه‌شت كورسیتان هه‌یه‌، چۆن ده‌توانن له‌كاتی‌ ده‌ركردنی‌ یاساكاندا كاریگه‌ریی‌ به‌رچاو بنوێنن؟
شۆڕش حاجی: به‌و هیوایه‌ین كه‌ له‌و چه‌ند لیژنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌ی ئه‌ندام ده‌بین، تیایاندا رۆڵی كاریگه‌ر ببینین و ئه‌گه‌ر شاره‌زاییشمان له‌ بوارێكدا نه‌بێت، یان له‌ بابه‌تێكی دیاریكراومان نه‌زانی، بێگومان ده‌بێت په‌نا به‌رینه‌ به‌ر كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا، تا بتوانین له‌ كاره‌كانماندا سه‌ركه‌وتو بین. له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا، بواری كاركردنی زۆر هه‌یه ‌و هه‌رچییه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و ده‌ستوردا بێت، ده‌توانیت كاری له‌سه‌ر بكه‌یت. له‌ په‌رله‌مانی عێراق، رێگریی له‌به‌رده‌م كه‌سدا نییه‌ هه‌ر پێشنیاز و پرۆژه‌یه‌ك بهێنێته‌ پێش، مادام له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و په‌یڕه‌ودا بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی بڕیاردان به‌ ته‌وافوق ده‌درێت، ئه‌وه‌نده‌ فه‌رزكردن و تێپه‌ڕاندنی یاساكان به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ نییه‌ وه‌ك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌یڕه‌وده‌كرێت.

رۆژنامه‌: به‌هێزترین هێز ‌و مه‌سه‌له‌ كه‌ ده‌بێت گۆڕان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن خۆی بۆ ئاماده‌ بكات‌ و روبه‌ڕوی ببێته‌وه‌ له‌ عێراق، چییه‌؟
شۆڕش حاجی: خراپترین دوژمنی هه‌مو لایه‌ك له‌ عێراقی ئه‌مڕۆ، تیرۆریزم و گه‌نده‌ڵییه‌. ئومێدم زۆره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ راده‌یه‌كی باش له‌ ساڵی (2011)وه‌ كه‌م ببێته‌وه ‌‌و ئه‌ركی ئێمه‌ له‌ ناو په‌رله‌مان، ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌ كار و كرده‌وه‌ی حكومه‌ت و چاودێریكردنی ئه‌دائی حكومه‌ته‌، جگه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پێشنیازی یاسایی كه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵك و دۆزی گه‌له‌كه‌مان بێت. هه‌روه‌ها هه‌ر بڕیار و پێشنیازێكیش بێته‌پێشه‌وه‌ كه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تیدا نه‌بێت، ئێمه‌ دژی ده‌وه‌ستینه‌وه‌، ئینجا ئه‌مه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك بیهێنێته‌ پێش. وای بۆ ده‌چم كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه ‌و بابه‌ت كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتو روبه‌ڕوی ئێمه‌ ده‌بێته‌وه‌، ماده‌ی (140)و هه‌وڵی هه‌ندێك لایه‌ن ده‌بێت بۆ هه‌مواركردنی چه‌ند ماده‌یه‌كی ناو ده‌ستوری عێراق.

Sbeiy.com © 2007