سازدانی: سیروان ره‌شید
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵێك پرسی هه‌نوكه‌یی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی ههرێمو به‌غدا، له‌گه‌ڵدا سازدراوه.
رۆژنامه: له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌ی رابردودا، كۆمیته‌ی سهركردایهتیو مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبه‌كه‌تان، زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا، زانیارییه‌كان باس لهوهدهكهن كه به‌نیازن گۆڕینێك له سیاسه‌تی حیزبهكهتاندا له‌مساڵدا بكه‌ن، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆنه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئه‌وه به‌ته‌واوه‌تی راسته. ئێمه پێشی چه‌ند مانگێك كۆنگره‌مان كردوه كه ژماره‌یه‌كی زۆر راسپارده‌و بڕیاری كۆنگره هه‌ن، له‌بواری په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌مان، حكومه‌ت، ئاوه‌دانكردنه‌وه، گرنگیدان به‌بواری رۆشنبیریی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مهدهنیو هه‌روه‌ها بواری رێكخستن، بۆیه كاتی ئهوههاتبو كه دانیشین‌و بزانین چیمان له‌وانه جێبه‌جێكردوه‌و بۆ داهاتوش چی بكه‌ین، چونكه ئێمه پێمانوایه، ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌ن، راسته كه‌ڵه‌كه‌بوی ئه‌و كێشانه‌ن كه له‌زه‌مانی شاخه‌وه هاتونو ئه‌و جیابونه‌وه‌یه‌ی براده‌رانی گۆڕانیشی لێكهوتهوه، به‌شێكی ئهوكێشانهشمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نه‌بونی بهدواداچونو ناوه‌ناوه بۆنهبونی هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌و روانه‌وه.
ئێمه لهوكۆبونهوانهدا، هه‌ڵوێسته‌مان له‌سه‌ر ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك كرد، به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی په‌یداكردنی فرسه‌تی كار‌و خوێندن‌و راهێنانو مه‌سه‌له‌ی بانگكردنی سه‌رمایه‌دارانی جیهان، كه بێن له كوردستان سه‌رمایه‌گوزاریی بكه‌ن.
هه‌روه‌ها له‌كۆبونه‌وه‌كاندا، بڕیاری ئه‌وه‌مان دا كه پێویسته زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان بكه‌ین.
رۆژنامه: له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی كه كردتان، ئه‌وه‌نده‌ی كه په‌یوه‌ندیی به‌ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت، ئایا سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌تان به‌باشی هه‌ڵسه‌نگێنرا، یان به خراپ، كه وانابینرێت ژیانی هاوڵاتییان له‌دۆخێكی باشدابێت، بۆ نمونه، گرانیی بازاڕ تادێت زیاتر دهبێتو دیارده‌ی بێكاریی له هه‌رێم له‌هه‌ڵكشاندایه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئێمه هه‌ڵسه‌نگاندنمان به‌و شێوه‌یه‌یه كه پێمانوایه، مۆدێلی حوكمڕانیی له‌هه‌رێمی كوردستان، هی یه‌كێتیی نیشتمانیی لهئیشو كاره‌كانی حكومه‌تدا ده‌بینرێته‌وه، كه سه‌رۆكی حكومهتو تیمێكی باشمان هه‌یه‌و هه‌مو ئه‌و ئامار‌و راپرسییانه‌ی كه له‌ماوه‌ی رابردو كراون، ئه‌وانه‌ی رێكخراوه بیانییه‌كانیش كه له كوردستان كردویانه، پێمان ده‌ڵێن، بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و باشی ده‌چێت.
رۆژنامه: به‌ڵام راپرسی‌و ئاماره‌كانی رێكخراوه بیانییه‌كانیش له‌كوردستان، ئه‌نجامه‌كانیان واكهوتونهتهوه كه گوزه‌رانی خه‌ڵك باش نییه، بۆنمونه رێكخراوی (ئێن دی ئای ئه‌مریكی) له تازه‌ترین توێژینه‌وه‌یدا، باس له‌هه‌ڵكشانی گرانیی بازاڕ‌و گه‌نده‌ڵیی ده‌كات له هه‌رێم؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: گه‌نده‌ڵیی هه‌ر له‌كوردستاندا نه‌بوه، له‌وه‌ته‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌یه، گه‌نده‌ڵیی هه‌یه. بۆنمونه، وه‌ختی خۆیشی ئادهمو حه‌وا به سێوێك یه‌كتریان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند.
رۆژنامه: به‌ڵام ئه‌و رێكخراوه، ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌و راپرسییه‌كه‌ی واكهوتوهتهوه كه گه‌نده‌ڵیی له‌هه‌رێم به به‌راورد به ناوهڕاستو باشوری عێراق، هه‌ڵكشاوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: نا، باوه‌ڕناكه‌م، ئه‌وه موباله‌غه‌ی تێدایه.
رۆژنامه: تۆ توێژینه‌وه‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوهت بینیوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: به‌ڵێ، بینیومه، ناوهڕاستو باشور ره‌قابه‌ی نییه، هه‌رێمی كوردستان ره‌قابه‌ی هه‌یه، حه‌زده‌كه‌یت من پێت ده‌ڵێم، ره‌قابه چییه، ره‌قابه له هه‌رێم، به‌شێكی زۆری ئه‌و رۆژنامانه‌ن كه ئێمه هه‌ندێكجار لێشیان بێزارین، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا رۆڵێكی چاودێریی باش ده‌بینن. (50%)ی قسه‌كانیان راسته، ئه‌و سه‌دا په‌نجایه گرنگه، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌مڕۆ خه‌ڵك له‌هه‌رێم فێربوه، قسه‌ده‌كات، ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به‌ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه نییه، هاوڵاتییه، ره‌نگه یه‌كێتی بێت، گۆڕان بێت، هاوڵاتییه‌كی ساڵحهو ره‌ئی خۆی دهداتو ده‌ڵێت، ئه‌وه نادروسته. پێموایه، گه‌نده‌ڵیی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، ره‌نگه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه حكومه‌تی هه‌رێم كۆنفرانسێك بگرێت‌و خه‌ڵكی پسپۆڕی بیانیش بانگ بكات.
رۆژنامه: كۆنفرانسه‌كه راسپارده‌ی مه‌كته‌بی سیاسیتانه كه حكومه‌ت بیكات؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: پێمان باشه كه بیكات، چونكه یه‌كێك له مه‌ترسییه گه‌وره‌كان له‌سه‌ر ناو ناوه‌ڕۆك‌و ئه‌م سیستمه سیاسییه‌ی كه ئێمه خۆمان خه‌ریكه له‌قاڵبی بده‌ین، ئه‌گه‌ر بزڕێت، یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵییه.
مه‌سه‌له‌ی گرانیی، به‌ڵێ، له مه‌كته‌بی سیاسیی باسمان كردوه، ره‌نگه هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كان هه‌ستی پێنه‌كه‌ن، به‌ڵام گرانیی له سوتهمهنیو كاره‌باو شتی تر هه‌یه‌و پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت.
رۆژنامه: ئه‌و فاكته‌رانه چین كه وایانكرد، له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و زنجیره كۆبونه‌وانه له‌گه‌ڵ حیزبه ئیسلامیی‌و زۆربه‌ی حیزبهكای تری هه‌رێم ئه‌نجامبده‌ن؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئێمه له‌كۆنگره باسی كه‌موكورتییه‌كانمان كرد‌و یه‌كێك له بڕیاره‌كان ئه‌وه‌بو كه پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی گۆڕه‌پانی كوردستان گه‌رم رابگرین، گهرمڕاگرتن ئه‌وه‌نییه كه ئێمه له رۆژنامه‌كان بزانین، ئه‌وان كێشه‌یان چییه‌و پێویسته له‌كۆبونه‌وه‌ی دو قۆڵی بزانین كێشه‌یان چییه كه هه‌ندێكیان قابیلی چاره‌سه‌رن.
رۆژنامه: به‌هه‌مانشێوه‌ش چاو به په‌یوه‌ندییه‌كانتان ده‌خشێننه‌وه له‌گه‌ڵ پارتیشدا؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: له‌گه‌ڵ پارتی، مه‌بنای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان، رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییه.
رۆژنامه: ره‌خنه‌یه‌ك هه‌یه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له كادیرانتانهوه، ده‌وترێت كه هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حیزبه‌كه‌یان كردوه به قوربانیی رێككه‌وتنی ستراتیژیی؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: پێموایه، ئه‌وه بۆچونێكی هه‌ڵه‌یه، سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی خۆیهتیو سه‌ركردایه‌تیی پارتیش، نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌م دو هێزه رێككه‌وتنێك كۆیان ده‌كاته‌وه‌و هه‌ركه‌سێك ده‌بێت خۆی سوربێت له‌سه‌ر ئیستیحقاقی خۆی چۆنه. نه پارتی ده‌توانێت ئیستیحقاق بۆ یه‌كێتی دابینبكات، نه یه‌كێتیش به‌رامبه‌ر پارتی، هه‌ریه‌كه‌و هی خۆی هه‌یه. مومكینه هه‌رلایه‌ك هه‌وڵ بدات كه زیاتر یان به‌شێوه‌یه‌ك واپیشانبدات یه‌كێكیان ئه‌سڵه‌و ئه‌وه‌ی تر كه‌متر ئه‌سڵه، به‌ڵام ئه‌وه هێزی جه‌ماوه‌رییه كه ئه‌وه دیاریی ده‌كات، ئه‌گه‌ر پێتوایه كه سیاسه‌تی مه‌ركه‌زیی هه‌ردولا له‌سه‌ر ئه‌وه بنیاتنرابێت، وا نییه.
رۆژنامه: بۆچونێك هه‌یه له‌لایه‌ن هه‌ندێك له چاودێرانه‌وه كه ده‌ڵێت، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر پارتی بچوكبوهتهوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: وه‌ڵڵا باشتره ئه‌و پرسیاره له گۆڕان بكه‌یت، كه یه‌كێتی بچوكبوبێتهوه، یان نا، یه‌كێتی به‌شێكی گه‌وره‌ی لێجیابوهتهوه كه تۆ له‌سه‌د سی‌و چلی لێده‌ربهێنیت، شه‌ست ده‌مێنێت. هه‌روایه، واته سروشتی ئیشه‌كه وایه.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌هاوكێشه‌كه ده‌ربهێنین، ئایا یه‌كێتی وه‌ك هێزێك كه قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌یه، بۆچونه‌كه له‌پرسیاره‌كه‌ی پێش‌و وایه كه بچوكبونه‌وه به‌و مانایه‌ی كه یه‌كێتی له‌هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كاندا سه‌ربه‌خۆ نییه‌و دوای پارتی كه‌وتوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بناسێت، ده‌زانێت كه یه‌كێتی هه‌مو زهمینو زه‌مانێك خاوه‌نی بۆچونی سه‌ربه‌خۆی خۆی بوه‌و بۆچونی سیاسیی سه‌ربه‌خۆی خۆشی ده‌مێنێت. پێموایه، هیچ كاتێكیش له‌وه نه‌ترساوین، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له رۆژنامه‌و كه‌ناڵی راگه‌یاندن له‌سلێمانی ههنو یه‌كێتی ده‌یانپارێزێت، ئه‌گه‌رچی به‌شی زۆری رهخنهكانیشیان له یه‌كێتییه‌و یه‌كێتیش باكی نییه‌و پێموایه، ئه‌م جۆره ئازادییه به‌شێك له هێزت بۆ دروست ده‌كات.
رۆژنامه: پێتانوایه، مه‌ودای ئازادیی له سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی زیاتره له سلێمانی، به‌راورد به سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتی؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئه‌وه من نایڵێم، خۆتان وا ده‌ڵێن، له ته‌له‌فزیۆنی (KNN) موناقه‌شه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیی وا هه‌بو كه پێموایه، رێبین ئه‌حمه‌د ههردیو جه‌مال حسێنی تێدابو، براده‌رێكی پارتیشی تێدابو.
رۆژنامه: ئه‌ی خۆت وه‌ك شه‌خس، پێتوایه كه وابێت؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: مومكینه كه‌لتوری سیاسیی له سلێمانی جیاواز بێت.
رۆژنامه: كه‌واته، ئینجازهكه هی خه‌ڵكه‌كه‌یه، نه‌ك یه‌كێتی؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: با با.. كه‌لتوری سلێمانی حاكمه له‌ناو یه‌كێتی، كه‌لتوری سیاسیی سلێمانی بوه به به‌شێك له یه‌كێتی. من بۆخۆم ههولێریمو خه‌ڵكی سلێمانی نیم، به‌ڵام خۆم ده‌زانم كه كه‌لتوری سیاسیی یه‌كێتی زۆر له‌ژێر كه‌لتوری سیاسیی سلێمانیدایه.
رۆژنامه: له‌گه‌ڵ پارتی، ئایا له‌به‌غدا ئیستیحقاقی خۆتان له وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاری، وه‌رگرتوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: هێشتا ساغ نه‌بوه‌ته‌وه له‌به‌غدا.
رۆژنامه: ئه‌ی چۆنه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئه‌وه‌ی به‌غدا، چوار وه‌زاره‌تی فیعلی هه‌یه له‌گه‌ڵ سێ وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت، له‌و چوار وه‌زاره‌ته فیعلییه، ئێمه داوای دوانمان كردوه‌و پارتیش دوان.
رۆژنامه: ئێوه، تا ئێستا ته‌ندروستیتان پێدراوه، به‌ته‌مای چی ترن؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئێمه، ته‌ندروستیمان وه‌رگرتوه‌و پارتیش ده‌ره‌وه‌و دو وه‌زاره‌ت ماوه.
رۆژنامه: ئه‌و دو وه‌زاره‌ته كامانه‌ن كه ماون‌و چۆن دابه‌شده‌كرێن؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: وه‌زاره‌تی بازرگانیی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ماون، ده‌مێنێته‌وه ئێمه‌و پارتی دادهنیشینو گفتوگۆیان لهسهردهكهینو تا ئێستا ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و دو وه‌زاره‌ته رێكنه‌كه‌وتوین.
رۆژنامه: پارتی كاندیدی بۆ وه‌زاره‌تی بازرگان‌یش دیاریكردوه‌و ناوه‌كانی ناردون بۆ مالیكی، ئێوه وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ترتان ده‌درێتێ؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: پێمانوایه، یه‌كێتی هه‌قی وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی بازرگانیی هه‌یه، ئینجا پۆسته‌كان ته‌نیا ئه‌م دو سێ وه‌زاره‌ته نین له‌به‌غدا، پۆستی تر زۆرن كه ده‌بێت جۆرێك له ئینساف هه‌بێت له‌نێوان یهكێتیو پارتیدا.
رۆژنامه: واته ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی بازرگانیی نه‌درێت به یه‌كێتی، پێتانوایه، ئیستیحقاقی خۆتان وه‌رنه‌گرتوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: به‌ڵێ، پێمانوایه، به‌وشێوه‌یه نه‌بێت، ئیستیحقاقی خۆمان وه‌رنه‌گرتوه.
رۆژنامه: كه‌واته به وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی بازرگانی، ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنتان به ته‌واوه‌تی له‌به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: نا به‌ته‌نیا وا نییه. ئێمه‌و پارتی جۆرێك له تهكافوئمان هه‌یه لهههرێمو به‌غدا، هه‌روه‌ها رێككهوتنێكیشمان هه‌یه، ئێمه تێده‌گه‌ین له‌وه‌ی كه پارتی كورسی له‌ئێمه زیاتره له‌په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام ئێمه له یه‌ك لیستداین، ئێمه له دوێنێوه له‌یه‌ك لیست‌و هاوپه‌یماندا نین. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی قه‌ناعه‌تی وایه پارتی زه‌عیف بكات‌و خۆی پێ به‌هێز ده‌بێت، پێموایه كه راست نییه‌و ئه‌گه‌ر پارتیش بۆچونی وابێت كه یه‌كێتی زه‌عیف بكات خۆی پێ به‌هێز ده‌بێت، پێموایه كه ئه‌وه‌ش وانییه. ره‌نگه لایه‌نی تری پێ به‌هێزبێت، بۆیه پێموایه، له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ده‌بێت قوڵتر‌و ریشه‌یی تر بیری لێبكاته‌وه، نه‌ك له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پۆستێكی وه‌زاریی دیاریكراو، بۆیه ده‌بێت یه‌كێتی هه‌ست بهغوبن نه‌كات له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌و پارتیش به‌هه‌مان شێوه، چونكه دواجار هاوپه‌یمانێتییه‌كه خراپ ده‌بێت.
رۆژنامه: بۆچونێك هه‌یه ده‌ڵێت، «پارتی، پۆستی سه‌رۆك كۆماری بۆ ئێوه، به حسابی خاڵ له‌سه‌رتان حسابكردبێت». له‌كاتێكدا پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌و سێ پۆسته سه‌روه‌رییه‌یه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی خاڵ دابه‌شكراوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: من په‌یوه‌ندیم به‌وه‌وه نییه، لێدوانێكی مه‌سئولێكی نامه‌سئول چی وتوه، پۆستی سه‌رۆكی كۆمار‌و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و موناقه‌شانه دهردههێنینو موناقه‌شه‌ی ئه‌و مه‌وزوعانه ناكه‌ین.
رۆژنامه: واته پۆستی سه‌رۆك كۆمار، هاوتای پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: نا نا، مه‌وزوع ئه‌وه نییه. سه‌رۆك كۆمار كاندیدی هه‌مو هاوپه‌یمانی كوردستانیی بوه، سه‌رۆكی هه‌رێمیش كاندیدی هه‌مو هاوپه‌یمانی كوردستانیی بوه. ئه‌مه له نیزامی دابه‌شكردنی پۆسته‌كاندا دابه‌ش نابێت، بۆیه هه‌م یهكێتیو هه‌م پارتی، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكاته موناقه‌شه‌وه، له نهزانییهوهیهتی.
رۆژنامه: ئایا به‌پێی رێككه‌وتنی ستراتیژیی، پۆستی سه‌رۆكی كۆمار هاوتای پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: نا، ئه‌وانه له‌چوارچێوه‌ی موناقه‌شه‌دا نین.
رۆژنامه: باس لهنزیكبونهوهی ئێوه‌و گۆڕان ده‌كرێت، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆنه‌و تا كوێ رۆیشتوه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: مه‌وزوعی ئینشیقاقات له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی كوردیدا، له‌هه‌مو زهمینو زه‌مانێكدا هه‌بوه، به‌ڵام پێموانییه كه ئینشیقاق به‌مانای ئیعلانی حه‌رب بێت!. گروپێك جیاده‌بێته‌وه له‌حیزبی دایك‌و پێیوایه، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌وێ نوێنه‌رایه‌تیی ناكرێن‌و ده‌یه‌وێت سه‌ربه‌خۆیانه سیاسه‌تێك پیاده‌بكات كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی تێدابنو شتێكی ئاساییه. خاوبونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئێمه‌و گۆڕان، مه‌سه‌له‌یه‌كه له‌خۆیه‌وه نه‌هاتوه‌و هه‌ردولا خواستیان له‌سه‌ری هه‌یه‌و به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ش به قازانجی خه‌ڵكی كوردستان‌و یهكێتیو پارتی‌و گۆڕانیشه.
رۆژنامه: ئه‌و لێكنزیكبونهوانه ده‌گه‌نه ئه‌و ئاسته‌ی مام جهلالو نه‌وشیروان مسته‌فاش كۆببنه‌وه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: من له ئیشی ئه‌وانه ته‌ده‌خول ناكه‌م، ئه‌و پرسیاره ته‌ركه بۆ مام جه‌لال.
رۆژنامه: تۆ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیت، واته ئاگات لێ نییه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: به‌ڵێ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیمو مام جه‌لال به‌قه‌ده‌ر ته‌مه‌نی من سیاسه‌ت دهكاتو بۆخۆی بڕیارده‌ری شتی وایه‌و من قسه‌ی تیاناكهم.
رۆژنامه: دیاره كه به باشی ده‌زانیت، كۆببنه‌وه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: من هه‌مو یه‌كتر بینینێكو گفتوگۆیه‌ك به‌هه‌نگاوێكی باش ده‌زانم له‌نێوان مام جهلالو كاك نه‌وشیرواندا، ره‌نگه زۆر لایه‌نی تاریك هه‌بێت له‌كاتی یهكتربینیندا رونببنهوه. ئێمه زۆرجار له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتیدا، ده‌گه‌ینه كوچه‌یه‌كی بنبه‌ست، به‌ڵام به‌یه‌ك بینینی مام جهلالو كاك مه‌سعود، چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
رۆژنامه: پارتی، سه‌غڵه‌ت نابێت به نزیكبونهوهتان له‌گه‌ڵ گۆڕان؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: من هه‌ستم پێ نه‌كردوه، پارتی، هه‌قی ئه‌وه‌ی نییه له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، ئێمه هه‌ر یه‌كه‌مان ئازادین كه په‌یوه‌ندیی دوقۆڵیی چۆن دهگرینو له‌سه‌ر حسابی ئه‌وه‌ی تریان نییه. له‌ئه‌سڵدا ئێمه‌و گۆڕان یه‌ك حیزب بوین، واته به‌دیلی لێكنزیكبونه‌وه ئه‌وه‌یه كه لێك بده‌ین، نا شتی وا چۆن ده‌بێت. هه‌ر به قازانجی ههرێمو ئهمنو ئاسایشی هه‌رێمیش نییه‌و كێشه دروستده‌كات. ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانی‌و پارتی، هاوپه‌یمانی یه‌كترین، به‌ڵام ئازادیشین كه په‌یوه‌ندیی دوقۆڵیمان له‌گه‌ڵ كێی تر ههبێتو نه‌مان بێت. ئێمه له‌و زنجیره كۆبونه‌وه‌یه‌ی هه‌مانه، پرس به پارتی ناكه‌ین‌و پارتیش له‌كۆبونه‌وه‌كانی خۆی، پرس به ئێمه ناكات.
رۆژنامه: رۆشنبیران، ره‌خنه له‌ئێوه ده‌گرن كه حیزبه‌كه‌تان له‌ئاستی مه‌سه‌له دیموكراسییه‌كانی وه‌ك (یاسای خۆپیشاندان‌و ئازادیی رۆژنامه‌وانیی...) بێده‌نگه‌و هه‌ندێكجاریش هه‌ڵوێسته‌كانی له‌پاشه‌كشه‌دایه؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئێمه ئه‌و بڕیارانه‌ی كه هه‌مانن، به‌گوێره‌ی رۆژو ئاو و هه‌وا وه‌رناگرین، ئێمه ئه‌مڕۆ حیزبی حاكمین له‌هه‌رێمی كوردستان‌و شه‌ریكین له‌عێراقدا، ئه‌و بڕیارانه‌ی كه وه‌ریانده‌گرین، ده‌بێت له‌سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌وه وه‌ریانبگرین. هه‌روه‌ها ئێمه ئێستا له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌ژین له‌كوردستانی عێراق كه هێشتا پاشماوه‌ی دهرهبهگایهتیو ئه‌نواعی سه‌حوه‌ی جیاجیا كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ری. رۆیشتن به‌زیاتر له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگای تۆ هه‌زمی ده‌كات، كاردانه‌وه‌ی سلبی ده‌بێت. ئێستا ئه‌و موناقه‌شه‌یه‌ی له‌سه‌ر جێنده‌ر په‌یدابوه، ره‌نگه رێكخراوه ئیسلامییه‌كان نه‌توانن راسته‌وخۆ بێن خۆیان بهرهنگاربن، مه‌لای مزگه‌وته‌كان هانده‌ده‌ن كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكهنو مه‌لای مزگه‌وته‌كانیش سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئه‌مره‌یان له‌كوێ بۆدێت، من تێناگه‌م، ره‌نگه ئێره جێگای ئه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام پێموایه، ئه‌مه كارێكی خراپه بۆ ئێمه‌و ره‌نگه له‌دواتردا كاریگه‌ریی خراپی هه‌بێت، بۆیه پێموایه، هێزێكی وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانی كه هێزێكی هوشیاره، ده‌بێت له‌م قۆناغانه‌و به‌كارهێنانی چهمكو له پرۆژه‌ی جیاجیا موراعاتی زه‌مینه‌و زه‌مان بكات.
رۆژنامه: ئێستا خواستێك له‌سه‌ر ئاستی رای گشتیی كوردستان دروستبوه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی یاسای خۆپیشاندان، یاخود هه‌مواركردنه‌وه‌ی، ئایا ئێوه پشتیوانیی له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه ده‌كه‌ن؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: نه‌خێر، حاڵی حازر نا، پشتیوانیی لێناكه‌ین.
رۆژنامه: ئه‌مه ته‌نیا بۆچونی خۆته، یان بۆچونی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیش؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: ئه‌وه لای ئێمه مه‌وزوعی به‌حس نییه، ئێمه یاسایه‌كمان هه‌یه‌و له‌په‌رله‌مان ده‌رچوه‌و فراكسیۆنمان هه‌یه له‌وێ، ئینجا ئه‌و یاسایه له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێم دهگونجێتو ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به گروپێكی سیاسیی دیاریكراوه‌وه، نییه له‌ناو هه‌رێمی كوردستان، بۆ براده‌رانی گۆڕان به‌رده‌وام وا هه‌ست ده‌كه‌ن كه ئه‌م یاسایانه بۆ ئه‌وان ده‌رده‌چن.
رۆژنامه: به‌ڵام، یاساكه ئه‌وه‌نده كۆتوبه‌ندی تێدایه كه ده‌رفه‌تی ئازادیی زۆر كه‌مكردوه‌ته‌وه. بۆنمونه، له‌سه‌ر سزای به‌كۆمه‌ڵی ده‌سته‌ی ئاماده‌كاری خۆپیشانده‌ران. یاخود بۆنمونه ئه‌گه‌ر حه‌وت خوێندكار له قوتابخانه‌یه‌ك له‌به‌ر خراپییو نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی، خۆپیشاندان بۆ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ئه‌نجامبده‌ن، ده‌بێت پێشتر بچن ره‌زامه‌ندیی پارێزگار وه‌ربگرن؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: نا نا، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵێیت، ته‌فسیره.
رۆژنامه: ته‌فسیری من نییه، له‌ماده‌كانی یاساكه‌دا واهاتوهو رێگه به‌خۆپیشاندانی له‌ناكاو نادات؟
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: وا نییه، جارێكی‌تر بیخوێنه‌وه.
رۆژنامه: من خوێندومه‌ته‌وه، ره‌نگه كاك سه‌عدی، تۆ نه‌تبینیبێت.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره: به‌سه‌ری تۆ، ئه‌م یاسایه یاسایه‌كی میسالی نییه‌و باشه.