Print
 مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌ :
راپۆرته‌كانی‌ مافی‌ مرۆڤ به‌شێكیان ناڕاستن‌و له‌میدیاكان‌و ئه‌ملاو ئه‌ولاوه‌ وه‌رگیراون
Tuesday, January 29, 2008

 
سازدانی : عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌بوبه‌كر‌و بڕیار نامیق

مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ ئاسایش، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی‌ مافی‌ مرۆڤ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ هه‌ندێكیان راستییان تێدایه‌‌و هه‌ندێكیشیان هه‌ڵبه‌ستراون.

له‌دیمانه‌یه‌كدا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ ئاسایش وتی‌: ئه‌و راپۆرتانه‌ به‌شێكی‌ راست‌و به‌شێكی‌ ناڕاست بوون، به‌شه‌ ناڕاسته‌كه‌ی‌ له‌ میدیاكان‌و ئه‌ملاو ئه‌ولا وه‌ریان گرتبوو، چونكه‌ نه‌هاتبوون بۆ لای‌ ئێمه‌ چێكی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ بكه‌ن.

 سه‌باره‌ت به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ ده‌زگاكانی‌ ئاسایشیش، مامۆستا سه‌یفه‌دین ده‌ڵێت: "پرۆژه‌كه‌مان داوه‌ته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان".

* له‌ هه‌ولێر ده‌زگای‌ ئاسایش سه‌ر به‌ ده‌زگای‌ پاراستنه‌ ئه‌ی‌ ئێوه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای‌ زانیارین؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: نه‌خێر ئێمه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای‌ زانیاریی‌ نین ئێمه‌ سه‌ر به‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تین‌و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیمان به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌‌و په‌یوه‌ندیی‌ پته‌ومان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگای‌ زانیاریی‌.

* بۆچی‌ له‌ هه‌ولێر ئاسایش سه‌ر به‌ ده‌زگای‌ پاراستنی‌ پارتییه‌؟
- ئه‌و پرسیاره‌ له‌ براده‌رانی‌ پارتی‌ بكه‌.

* پاراستن له‌ هه‌ولێر مۆڵه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ وه‌رگرتووه‌‌و خۆی‌ به‌ ده‌زگایه‌كی‌ حكومی‌‌و شه‌رعیه‌ت پێدراو ده‌زانێت، رای‌ ئێوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: ئێمه‌ ئه‌و مه‌وزوعه‌مان له‌گه‌ڵ‌ برایانی‌ پارتی‌ موناقه‌شه‌ كردووه‌، ئه‌وكاته‌ حكومه‌ت تاكلایانه‌ بووه‌ په‌رله‌مانیش هه‌روابووه‌، بڕیاره‌كه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌رچووه‌ نه‌ حكومه‌تی‌ هاوبه‌ش‌و نه‌ په‌رله‌مانی‌ هاوبه‌ش هه‌بووه‌، لای‌ خۆیان شه‌رعیه‌تی‌ هه‌یه‌ به‌س لای‌ ئێمه‌ نییه‌تی‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاسایش هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین.

* ساڵی‌ رابردوو له‌ به‌یانێكدا ئێوه‌ راتانگه‌یاند كه‌ ته‌ده‌خول له‌ كاروباری‌ رۆژنامه‌نووسان ناكه‌ن‌و كه‌یسی‌ ئیجرائاتگرتن به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسانتان سپارد به‌ پۆلیس، ئایا هیچ خروقاتێك له‌وكاته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌تان هه‌بووه‌؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: وه‌ڵایی‌ من نایه‌ته‌وه‌ بیرم كه‌ هه‌بووبێت، ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌ت هه‌بووه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌حمه‌د میره‌ بوو كه‌ مه‌قاله‌یه‌كی‌ نووسیبوو له‌سه‌ر مام جه‌لال، ئه‌ویش شه‌و نه‌مایه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ داوای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر نه‌بوو له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ سلێمانییه‌وه‌ بانگكرابوو به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكرا.

* له‌دوای‌ راپۆرته‌كانی‌ (هیومان رایتس هۆچ، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان) ئێستا هێزه‌كانی‌ ئاسایش چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ زیندانییه‌كاندا ده‌كه‌ن، ئایا ئێستاش ئه‌شكه‌نجه‌دان ماوه‌؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: له‌ كۆتایی‌ پرسیاره‌كه‌ته‌وه‌ وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌ تا سه‌ره‌تای‌ پرسیاره‌كه‌ت لای‌ ئێمه‌ هیچ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك نه‌ماوه‌، ئه‌و ئیجرائاتانه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ كردمان بۆ چاككردن، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ راپۆرته‌كانی‌ رایتس هۆچ‌و ئه‌وانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ چه‌ند راپۆرتێكیان به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌یان به‌گیر هێنابێت تا چاكسازیی‌ بكه‌ین یان گۆڕانكاریی‌ بكه‌ین له‌ ژیانی‌ سجنه‌كاندا، ئێمه‌ پێشتر خۆمان به‌رنامه‌ی‌ چاكسازیمان هه‌بووه‌‌و پێش راپۆرته‌كان‌و دوای‌ راپۆرته‌كان‌و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامین، ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ تا ژیان به‌رده‌وام بێت كه‌موكوڕیی‌ ده‌بێت، به‌به‌رده‌وام ده‌بێت تۆ خۆت پاكبكه‌یته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ به‌ زیندوویی‌ بمێنیته‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌مان به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌بردووه‌، تا من لێره‌بم به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت، دڵنیاشم ئه‌و كه‌سه‌ی‌ دێته‌ جێگای‌ من به‌ هه‌مانشێوه‌ ده‌بێت چونكه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ شانازیی‌ بۆ حكومه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و بۆ ده‌زگاكه‌مان به‌تایبه‌تی‌.

* ئێوه‌ پێتانوایه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ر خراپیی‌ ره‌وشی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ كوردستاندا بڵاوبوونه‌وه‌، دروست بوون؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: ئه‌و راپۆرتانه‌ به‌شێكی‌ راست‌و به‌شێكی‌ ناڕاست بوو، به‌شه‌ ناڕاسته‌كه‌ی‌ له‌ میدیاكان‌و ئه‌ملاو ئه‌ولا وه‌ریان گرتبوو، چونكه‌ نه‌هاتبوون بۆ لای‌ ئێمه‌ چێكی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌شی‌ راست بوو ئێمه‌ ئیجرائاتی‌ پێویستمان كردووه‌، ئه‌وان ته‌نیا باسی‌ راستیی‌ رووداوه‌كه‌یان كردبوو باسی‌ ئیجرائاته‌كه‌ی‌ ئێمه‌یان نه‌كردبوو، ده‌بوو شته‌كان وه‌ك خۆی‌ باس بكه‌ن، پێت بڵێم ئێستاش خروقات ده‌بێت كه‌ من‌و تۆ به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌ده‌كه‌ین، ناكرێت تۆ بڵێی‌ هیچ خروقات نابێت، له‌ ده‌زگایه‌كی‌ وا گه‌وره‌دا هه‌ڵه‌ هه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانیت ئیجرائات بكه‌یت ئه‌وه‌ گرنگه‌ نه‌ك خۆتی‌ لێ‌ كه‌ڕبكه‌یت، هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵه‌بكات لای‌ ئێمه‌ وه‌ڵڵا ئیجرائاتی‌ توند ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ری‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بزانین سومعه‌ی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ی‌ پێ‌ خراپ ده‌بێت.

* پێتانوانییه‌ ئه‌و راپۆرتانه‌ی‌ كه‌ ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی‌ ده‌رخستووه‌ بۆ سومعه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم خراپ بێت؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: نازانم ئه‌وان راپۆرت ده‌نووسن بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ یان ئه‌و واقیعه‌ی‌ تیایدا ده‌ژی‌، من بۆ نموونه‌ به‌ هانیه‌ موفتیم وتووه‌ زۆر له‌وانه‌ی‌ له‌ هیومان رایتس هۆچن پێموتن ئێمه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئیرهابین، ئێمه‌ كامیان راستتره‌ بیكه‌ین كه‌ قانونی‌ دژه‌ تیرۆر نییه‌ كابرایه‌ بگرم‌و حیجزی‌ بكه‌م یان به‌ریبده‌م بچێت خۆی‌ بته‌قێنێته‌وه‌‌و خه‌ڵكی‌ بكوژێت، وتیان نازانین كامیان باشتره‌، وتم بیگرین باشتره‌ هه‌م خۆی‌ ناكوژێت، ئێمه‌ كێشه‌كه‌مان له‌وه‌دابوو كه‌ زیندانیمان هه‌بووه‌ نه‌دراوه‌ته‌ دادگا، ئه‌مه‌ گه‌وره‌ كراوه‌، ئێمه‌ وڵاتێك بین كه‌ قانونمان نه‌بێت‌و له‌ به‌لاش خه‌ڵك بكه‌ینه‌ ژوورێ‌، خۆی‌ راستییه‌كه‌ وانه‌بوو كه‌ ئیرهاب له‌ عێراق هه‌بوو یاسایه‌ك نه‌بوو كه‌ تۆ ئیشی‌ له‌سه‌ر بكه‌یت، ئه‌وه‌ بۆشاییه‌كی‌ یاسایی‌ دروستكردبوو، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ یاساكه‌ ده‌رچوو ئه‌و بۆشاییه‌ نه‌ماو هه‌مووی‌ درایه‌ دادگا. 

* هێزه‌ ئیسلامییه‌كان زۆرجار گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌ندامیان به‌بێ‌ هۆ ده‌گیرێن به‌تایبه‌تی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: وه‌ڵڵایی‌ من به‌ره‌وڕوو به‌خۆیانم وت هه‌قه‌ سوپاسی‌ ئاسایش بكه‌ن چونكه‌ هه‌موو حیزبێك ره‌نگه‌ خه‌ڵكی‌ خراپی‌ تێبكه‌وێت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ خۆت كه‌سێكی‌ تر بۆی‌ ئیسپات كردی‌ كه‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ خراپه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ په‌یڕه‌وو پرۆگرامی‌ حیزبه‌كه‌تدا ناگونجێت تۆ خۆشت ده‌ریده‌كه‌یت، ئه‌و گله‌ییانه‌ له‌وه‌وه‌ هات ئێمه‌ هه‌ندێك خه‌ڵكی‌ توندڕه‌ومان گرت، ئه‌وان وایانده‌زانی‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ئه‌وانه‌، دوایی‌ پێمانوتن كاكه‌ ئه‌مانه‌ تیرۆریستن گله‌یی‌ چی‌ ده‌كه‌ن هه‌قه‌ سوپاسمان بكه‌ن كه‌ ئێمه‌ ئیسپاتمان كرد كه‌ ئه‌مانه‌ تیرۆریستن، هه‌شبووه‌ هیچی‌ له‌سه‌ر ئیسپات نه‌بووه‌ به‌رمانداوه‌، ئێمه‌ قه‌ت قبوڵمان نه‌بووه‌ ئه‌ندامی‌ هیچ حیزبێكی‌ ئیسلامی‌ بگرین به‌ڵام هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ حیزبێكی‌ ئیسلامی‌ بووه‌ به‌س له‌ژێره‌وه‌ سه‌ر به‌ گروپێكی‌ توندڕه‌و بووه‌.

* ئێستا هیچ زیندانییه‌كی‌ ئیسلامیتان لایه‌؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: نه‌خێر نه‌ كۆمه‌ڵ‌‌و نه‌ هیچ لایه‌نێكی‌ تر.

* ئیجرائاتی‌ قانونی‌ له‌ گه‌ڵ‌ زیندانیاندا چۆن ده‌كرێت، تا چه‌ند لای‌ ئاسایش ده‌مێننه‌وه‌‌و له‌ چه‌ند رۆژ تێناپه‌ڕێت؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: ئێمه‌ جارێ‌ بمانه‌وێت كه‌سێك بگرین ئه‌مری‌ حاكم وه‌رده‌گرین، به‌ڵام حاڵه‌تیش هه‌یه‌ فریای‌ حاكم ناكه‌وێت شه‌و دره‌نگ بێت له‌ كاتی‌ زه‌روری‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌سه‌كه‌ رانه‌كات له‌ده‌ستت ئێمه‌ ده‌یگرین، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ش بكه‌ین‌و ئیعترافیش بكات حاكم هی‌ ئێمه‌ی‌ قبوڵ‌ نییه‌، ماوه‌كه‌ش دیاریی‌ نییه‌ لای‌ ئێمه‌ چه‌ندێك ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ حاكم ده‌زانێت.

* زۆركات ئێوه‌ رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ رۆژنامه‌نووسان بۆیان هه‌یه‌ هه‌ركات بیانه‌وێت سه‌ردانی‌ زیندانیان بكه‌ن به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ‌ ناكه‌ن‌و ته‌گه‌ره‌ زۆر دروستده‌كه‌ن بۆ رۆژنامه‌نووسان؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: خۆی‌ ئێمه‌ كه‌ ده‌ڵێین رۆژنامه‌نووس ئازاده‌ له‌گه‌ڵ‌ رێزم بۆ رۆژنامه‌نووسان هه‌یانه‌ ئیحترامی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ ناگرێت، كاتێك كه‌ رۆژنامه‌نووسێك دێت بۆ كارێكی‌ وا، ده‌بێت ئێمه‌ بزانین له‌ چ رۆژنامه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ چ مه‌به‌ستێك ئه‌و ئیشه‌ ده‌كات، ئێمه‌ پۆلیس نین ئێمه‌ ده‌زگای‌ ئاسایشین، كۆمه‌ڵێك شتی‌ گرنگ‌و نهێنیمان لایه‌، من رێگه‌ به‌ تۆ بده‌م‌و بچیت هه‌ندێك شت هه‌یه‌ بڵاوی‌ بكه‌یته‌وه‌ كێشه‌ بۆ ئێمه‌ش دروستبكه‌یت، ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ به‌ڵكو هه‌ندێك نهێنی‌ تیایه‌ له‌و كه‌یسه‌دا كه‌ ناكرێت باسبكرێت له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵك مابێت ئێمه‌ بیگرین تۆ بڵاوی‌ ده‌كه‌یته‌وه‌‌و كێشه‌كه‌ له‌ ئێمه‌ تێك ده‌ده‌یت، كێشه‌كان جیاوازن هه‌ندێك كێشه‌ نابێت بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌شه‌ ئێمه‌ خۆمان ده‌یده‌ین به‌ راگه‌یاندن، به‌ڵام كه‌یسێك كه‌ ته‌حقیقێك ته‌واوبوو ده‌توانیت به‌ كه‌یفی‌ خۆت شتی‌ له‌سه‌ر بكه‌یت.

* هۆكار چی‌ بوو یه‌كێك له‌ حاكمه‌كانی‌ ئاسایشی‌ گشتی‌ له‌دوای‌ جه‌ژنی‌ قوربانه‌وه‌ له‌سه‌ر كار لابرا، دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ماوه‌یه‌ ك دوایی‌ ده‌ركرا؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: ئه‌و پرسیاره‌ ده‌توانن له‌ وه‌زیری‌ عه‌دلی‌ بكه‌ن چونكه‌ نه‌قڵ‌‌و دانانی‌‌و ده‌ركردنی‌ به‌ده‌ستی‌ وه‌زیره‌‌و له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئاسایشدا نییه‌.

* یه‌كگرتنی‌ هه‌ردوو ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ به‌ كوێ‌ گه‌یشت؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: وه‌ڵڵایی‌ هه‌قه‌ له‌ په‌رله‌مان بپرسن چونكه‌ ئێمه‌ پرۆژه‌كه‌مان ته‌واوكردووه‌و داومانه‌ته‌ په‌رله‌مان.

* ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا هه‌ندێك چه‌ك بران له‌ مه‌رجه‌ئی‌ ئاسایش، ئه‌و دۆسێیه‌ به‌ كوێ‌ گه‌یشت؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: له‌م رۆژانه‌ی‌ پێشوودا ئیمزام كردووه‌و داومانه‌ته‌ دادگا، دادگاش چی‌ بڕیارێك بدات ئێمه‌ جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین.

* ئه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ر ماده‌ی‌ بێهۆشكه‌ر ده‌گیرێن، ره‌دی‌ ته‌ندروستی‌ نییه‌ به‌س به‌ندكردن هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ر نییه‌، چیتان كردووه‌ بۆ ئه‌مه‌، به‌نیازن ره‌دی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌نه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: وه‌ڵڵایی‌ ئه‌وه‌ زیاتر په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ته‌ندروستیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ كه‌شفكردن‌و دانه‌ دادگا په‌یوه‌ندیمان پێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاریی‌. 

* عه‌ره‌بێكی‌ زۆر گیراوه‌ لای‌ ئێوه‌، كه‌سوكاریا ن له‌ دووره‌وه‌ دێن بۆ چاوپێكه‌وتنیان زۆرجار ئه‌مانه‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو هیلاكییه‌ زیندانییه‌كه‌ نابینن‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، نموونه‌ش هه‌یه‌، وه‌كو لایه‌نی‌ مرۆیی‌ هه‌ق نییه‌ رێگه‌یان پێبده‌ن؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: ئێمه‌ خشته‌یه‌كمان هه‌یه‌ بۆ چاوپێكه‌وتنی‌ زیندانیان‌و كه‌سوكاریان ده‌زانن، به‌ڵام هه‌یه‌ رۆژێكی‌ دیكه‌ دێت بۆ سه‌ردانیان ئێمه‌ بڵێین چی‌ بۆ رۆژی‌ خۆی‌ نایه‌ت، ئێمه‌ به‌ به‌رنامه‌ كارده‌كه‌ین خۆ به‌ كه‌یفی‌ خه‌ڵك نییه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ زیندانیی‌ هه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ته‌واونه‌بووه‌ خۆ ناكرێت ببینرێت.

* باشه‌ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ لای‌ ئێوه‌ گیراون، زۆرجار ئه‌مانه‌ كه‌یسه‌كانیان دواده‌كه‌وێت له‌ مه‌حكه‌مه‌دا؟
مامۆستا سه‌یفه‌دین عه‌لی‌: به‌شێكی‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دواده‌كه‌وێت چونكه‌ جاری‌ وا هه‌یه‌ شه‌به‌كه‌ ماوه‌ ده‌بێت بگیرێت یان ده‌چێته‌ سه‌روتر له‌ جینایه‌ت دواده‌كه‌وێت، خۆ جینایه‌تیش به‌س ئیشی‌ ئێمه‌ ناكات له‌ هه‌موو سلێمانیدا دوو جینایه‌ت هه‌یه‌ كه‌ خۆی‌ سلێمانی‌ پێویستی‌ به‌ پێنج دانه‌یه‌ به‌س حاكمیش نییه‌.

 

Sbeiy.com © 2007