Print
 هه‌رێم؛ مانگێک له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی
Wednesday, February 9, 2011

راپۆرتی: ده‌شتی سالار
به‌پێی روپێوییه‌کی رۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانی چین و توێژه‌ جیاوازه‌کانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ که‌موکوڕی و کێشه‌کانیان، ته‌نها له‌ماوه‌ی مانگی یه‌که‌می ئه‌مساڵدا، ده‌یان خۆپیشاندان له‌ شاروشارۆچکه‌کانی هه‌رێم ئه‌نجامدراوه‌.

داتاکانی ئه‌م روپێویییه‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌و خۆپیشاندانانه‌ی که‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامدراون و تایبه‌ته‌ به‌و کێشه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌بوه‌.  

به‌پێی داتاکانی، که‌ سایتی (سبه‌ی) وه‌ک سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی به‌کارهاتوه‌، ته‌نها له‌و مانگه‌داو به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌و سایته‌ وه‌ک هه‌واڵ دابه‌زیوه‌، 30 خۆپیشاندان کراوه‌، هه‌روه‌ها به‌پێی چه‌ند داتایه‌کی دیکه‌ که‌ له‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانه‌وه‌ وه‌رگیراون، نزیکه‌ی 10 خۆپیشاندانی دیکه‌ ئه‌نجامدراون.

یاسای خۆپیشاندان و سیسته‌می نوێی په‌روه‌رده‌، زۆرترینی ناڕه‌زاییه‌کان
هاوکات زۆرینه‌ی خۆپیشاندانه‌کان له‌و مانگه‌دا به‌هۆ یاسای خۆپیشاندانه‌وه‌ بوه‌ که‌ له‌لایه‌ن لیستی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ (یه‌کێتی و پارتی) په‌سه‌ندکراوه‌و دواتریش سه‌رۆکی هه‌رێم ئیمزای له‌سه‌ر کردوه‌، پاشان بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دێت، که‌ تێیدا بڕیاریدابو 25 نمره‌ی قۆناغی (12)ی ئاماده‌یی له‌سه‌ر پۆله‌کانی (10 و 11) ئه‌ژمار بکرێت، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی به‌رفروانی خوێندکارانی لێکه‌وته‌وه‌و وه‌ک له‌ خۆپیشاندانه‌کانیش ئاماژه‌یان پێکرد، ئه‌و بڕیاره‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌ناوی سیسته‌می سویدیه‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌پێنراوه‌و یه‌کێکیش له‌ دروشمه‌کانیان "سیسته‌ممان سویدیه‌، ژیانمان ئه‌فریقیه‌".

"وه‌رچه‌رخانێکی نوێیه‌ له‌ هه‌رێم"‌      
کاروان ساڵح، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند: ئه‌نجامدانی ئه‌و زنجیره‌ خۆپیشاندانانه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌، سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێکی نوێیه‌، که‌ پێمان ده‌ڵێن چیتر له‌ئاست که‌موکوڕییه‌کان بێده‌نگ نابن و ئه‌و مافه‌ به‌خۆیان ده‌ده‌ن ته‌عبیر له‌ئیراده‌ی خۆیان بکه‌ن، که‌ ماف و نان و ئازادیش سه‌ره‌تاییترین مای تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌.

له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) کاروان ساڵح وتیشی: "ده‌نگ هه‌ڵبڕینی هاوڵاتیان، ده‌نگ هه‌ڵبڕینه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی چیتر قبوڵی ئه‌وه‌ ناکه‌ن سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌که‌یان له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ به‌هه‌رده‌ر بدرێت، له‌کاتێکدا وێڕای بونی سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆری ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ نه‌وت هه‌روه‌ها هاتنی بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح به‌ ده‌یان له‌شێوه‌ له‌گه‌نده‌ڵی به‌فیڕۆ ده‌درێت و نه‌توانراوه‌ خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتیان به‌پێی پێویست دابین بکرێت".

هێمای بۆ ئه‌وه‌شکرد، هۆکاری ئه‌نجامدانی ئه‌و زنجیره‌ خۆپیشاندانانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، که‌ "ساڵه‌های‌ ساڵه‌ ته‌نها گوێمان له‌ به‌ڵێنی‌ حکومه‌ت و به‌رپرسه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی هاوڵاتیان وه‌ک کێشه‌ی کاره‌با و بێکاری و نه‌بونی خزمه‌تگوزاری پێویست لێره‌و له‌وێ‌ له‌ بادینان و سۆران و هه‌ولێر و كه‌ركوك و سلێمانی‌ و شاروشارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام چاره‌سه‌رمان نه‌بینی".

نه‌بونی کردار
له‌هه‌مانکاتدا هاوڵاتیان له‌میانی خۆپیشاندانه‌کانیاندا ته‌ئکیدیان له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌، که‌ به‌رپرسان چه‌ندین ساڵه‌ دان به‌ گه‌نده‌ڵی که‌موکوڕییه‌کاندا ده‌نێن، هاوکات چاره‌سه‌ری پێویستیان پێنه‌بوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامه‌که‌ی فراکسیۆنی گۆڕان وتی: حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گوێی‌ خۆی‌ كه‌ڕ كردوه‌ له‌ داواکاری هاوڵاتیان، زۆرجاریش كه‌ دێنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و دان به‌وه‌دا ده‌نێن کێشه‌و گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌کردار هه‌نگاوی‌ پێویستی بۆ نه‌نراوه‌، هه‌روه‌ها کابینه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی حکومه‌تیش، هه‌ر به‌ڵێن ده‌ده‌ن و نایبه‌نه‌ سه‌ر، ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن دێته‌ پێشه‌وه‌، بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ حیزبه‌کانیان ده‌که‌ن و دواتریش هیچی جێه‌جێناکرێت.

رونیشیکرده‌وه‌، "پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ شه‌رعیه‌ت و ره‌وایی بده‌ینه‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ و ده‌بێت حكومه‌ت مولزه‌م بكه‌ین كه‌ گوێ له‌ داخوازیه‌كانی‌ هاوڵاتیان بگرێت، ده‌بێت حكومه‌ت هه‌نگاو بنێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ ولتی تێکه‌وتوه‌، وه‌ک قه‌یرانی کاره‌با و نیشته‌جێبون و قه‌یرانی‌ خزمه‌تگوزاری و رێگاوبان، که‌ رۆژانه‌ هاوڵاتیان ده‌بنه‌ قوربانی و  ئه‌مه‌ش کاره‌ساته‌".

کاریگه‌رییه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی   
ده‌رباره‌ی کاردانه‌وه‌و کاریگه‌رییه‌کانی وڵاتانی تونس و میسر له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، کاروان ساڵح وتی: له‌ هه‌مو دنیاو ناوچه‌که‌دا گه‌ر گۆڕانكاریه‌ك روبدات وه‌ک وڵاتانی تونس و میسر و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی‌ سته‌مكاری‌ و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی‌، ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر وڵاتانی دیکه‌ش ده‌بێت، ئێمه‌ش وه‌ک به‌شێک له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێگومان ئه‌و روداوانه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌رمان ده‌بێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو "چیتر هاوڵاتیان و نیشتمانپه‌روه‌رانی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ نین یاری‌ به‌ خوێن و ماندوبون و فرمێسكیانه‌وه‌ بكرێ، چیتر زوڵم و زۆرداری و نادادپه‌ره‌وه‌ری‌ و ناعه‌داله‌تی‌ و ناشه‌فافیه‌ت قبوڵ ناکرێت، ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌خزمه‌تی‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان سه‌رف بكرێت، بۆیه‌ گه‌ر حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ چاكسازی‌ نه‌كه‌ن و به‌خۆیاندا نه‌چنه‌وه، ئه‌نجامیان وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه‌ باشتر نابێت".  

چه‌ند نمونه‌یه‌ک له‌ خۆپیشاندانه‌کانی کانونی دوه‌م:
1/1/2011
خورماڵ: دژی‌ ئیمزاكردنی‌ یاسای‌ خۆپیشاندان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌، خۆپیشاندانێكی‌ بێ‌ مۆڵه‌ت رێكخرا


4/1
عه‌ربه‌ت: له‌دژی‌ ئیمزاكردنی یاسای‌ خۆپیشاندان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌، خۆپیشاندانێكی‌ بێ‌ مۆڵه‌ت به‌رێوه‌چو

هاوڵاتیانی شاری هه‌ولێر له‌ خۆپیشاندانێکی جه‌ماوه‌ریدا، ئیدانه‌ی ئیمزاکردنی یاسای خۆپیشاندانیان کرد
5/1
‌دژی سوکایه‌تیکردن به‌ ژماره‌یه‌ک چالاكوانی‌ بواری‌ ژنان، ئه‌مڕۆ له‌هه‌ولێر خۆپیشاندانێک ده‌كرێت

گه‌نجێن دهۆكێ‌ ل دژی‌ وه‌زاره‌تا رۆشه‌نبیری یا حكومه‌تا هه‌رێمێ‌ خۆنیشاندانه‌كێ‌ ساز دكه‌ن

6/1
پێنجوێن؛ به‌به‌شداری‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان، خۆپیشاندان له‌دژی‌ یاسای‌ خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا

7/1
دژی‌ ئیمزاكردنی‌ یاسای‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندان، به‌به‌شداری‌ سه‌دان هاوڵاتی‌ خۆپیشاندانێكی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌ ته‌ق ته‌ق به‌ڕێوه‌چو

9/1
هه‌ولێر: كه‌سوكاری شه‌هیدانی چه‌مچه‌ماڵ خۆپیشاندانیان كرد

10/1
چۆمان؛ دژی‌ یاسای‌ خۆپیشاندان، خه‌ڵكی‌ باڵه‌كایه‌تی‌ بێده‌نگییان شكاند

15/1
خوێندکارانی ئاماده‌ییه‌کانی سلێمانی خۆپیشاندانێکیان دژی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌نجامدا

17/1
دژی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، جارێکی تر خوێندکارانی ئاماده‌یی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان سازکرد.

خوێندکارانی خوێندنگا ئاماده‌ییه‌کانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا

پردێ: به‌هۆی‌ كه‌می كاره‌با، دانیشتوانی‌ ناحیه‌كه‌ خۆپیشاندانیان رێكخست

18/1
خۆپیشاندانی خوێندکارانی (10)ی ئاماده‌یی له‌ سلێمانی به‌رده‌وامی هه‌یه‌

20/1
کۆیه‌؛ دژی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ خوێندكارانی ناحیه‌ی ئاشتی‌ خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا

22/1
چۆمان؛ خوێندكارانی‌ ئاماده‌یی‌ به‌ دروشمی "سیسته‌ممان سویدیه‌، توانای‌ گۆڕانیان نیه" دژی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وه‌ستانه‌وه‌

23/1
خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئاماده‌ییه‌کانی سلێمانی دژی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، به‌رده‌وامی هه‌یه‌

سلێمانی‌؛ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر نه‌بونی‌ كاره‌با، خوێندكارانی‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ گه‌ڕه‌كی‌ مه‌جیدبه‌گ خۆپیشاندانیان ساز كرد

سۆران: له‌به‌رامبه‌ر بێسه‌روشوێنبونی‌ مامۆستایه‌ك له‌ قوتابخانه‌كه‌یان، مامۆستایانی‌ قوتابخانه‌ی‌ گۆڤه‌ندی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ خۆپیشاندانێكیان سازكرد

24/1
هه‌ولێر؛ به‌هۆی دابین نه‌كردنی به‌شه‌ ناوخۆیی، خوێندكارانی كه‌مپی مه‌خمور له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین خۆپێشاندانێكیان ئه‌نجامدا

سۆران؛ خوێندكارانی‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌کانی‌ كچان و كوڕان خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا

25/1
خوێندکارانی ئاماده‌ییه‌کانی سلێمانی به‌رده‌وامن له‌خۆپیشاندان و ئیدانه‌ی بڕیاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن

سلێمانی: گروپی (400) خۆپیشاندانیان سازكرد

26/1
دژی بڕیاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، خوێندکارانی ئاماده‌ییه‌کانی ده‌ڤه‌ری پشده‌ر خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا

27/1
قوتابیانی ئاماده‌ییه‌كانی شاری هه‌ولێر خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌ده‌ن

29/1

سلێمانی: خوێندکارانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی خۆپیشاندانێکیان ئه‌نجامدا

چواقوڕنه‌: دژی‌ بڕیارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ خوێندكارانی‌ ئاماده‌ییه‌كان خۆپیشاندانێكیان سازكرد

30/1
سه‌یدسادق؛ دژی بڕیاره‌که‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، خوێندكارانی‌ ئاماده‌یی خۆپیشاندانێكیان سازكرد

ته‌قته‌ق؛ له‌ كاتی‌ خۆپیشاندانی‌ خوێندكاران، هێزه‌كانی‌ ئاسایش 3 خوێندكاریان ده‌ستگیركرد

هه‌ولێر: له‌خۆپیشاندانێكدا خوێندكاره‌ یه‌كه‌مه‌كان داوای‌ سودمه‌ندبون له‌ پڕۆژه‌ی‌ تواناسازی‌ ده‌كه‌ن

ژماره‌یه‌ک خۆپیشاندانی دیکه‌:  

5/1 له‌قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری‌ كردن له‌نوسه‌ران و روناکبیران رێکخرا، كه‌ سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار کرابو.
6/1 سلێمانی: ته‌قه‌ له‌ قوتابیانی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی قلیاسان کرا، كه‌ بۆ داواكارییه‌كانیان شه‌قامی  سلێمانی – دوکانیان داخستبو.
8/1 ژ لاێن لاوێن دهوكێ خرڤه‌بونه‌ك هاته‌ ئه‌نجام دان و خۆنیشاندان هاته‌ سازكرن دژا وه‌زاره‌تا ره‌وشه‌نبیری.
13/1 که‌لار: خوێندکارانی ئاماده‌یی گه‌رمیان دژ به‌ سیسته‌می‌ نوێی خوێندن خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.
20/1 که‌لار: له‌ خۆپیشاندانی‌ خوێندكاراندا، پێكدادان و توندوتیژی‌ له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران هێزه‌كانی‌ پۆلیس رویدا.
20/1 قوتابیانی ئامادەییەكانی دەربەندیخان خۆپیشاندانێكیان دژی یاسای تاقیكرنەوەكان و كەموكورتییەكانی قوتابخانەكان سازدا.
24/1 سلێمانی: به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی، ئاواره‌كانی كه‌مپی 2ی مه‌عه‌سه‌كه‌ر سه‌لام  خۆپیشاندانیان کرد.
26/1 له‌خۆپیشاندانێكدا دانیشتوانی‌ ژماره‌یه‌ک گوندی‌ ئاغجه‌له‌ر ماوه‌ی‌ چه‌ند سه‌عاتێک ڕێگای‌ سه‌ره‌كی‌ ئاغجه‌له‌ر - ته‌قته‌قیان داخست.
31/1 رانیه‌: خوێندکارانی ئاماده‌ییه‌کانی رانیه‌ دژی بڕیاره‌که‌ی په‌روه‌رده‌ خۆپیشاندانیان کرد.



Sbeiy.com © 2007