Print
 بکوژه‌کان ئازادن...
Tuesday, April 19, 2011

راپۆرتی‌: سبه‌ی
دوای تێپه‌ڕبونی دو مانگ به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانی هاوڵاتیان له‌ شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، وێڕای کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشانده‌ران و سوتاندن و هێرشکردنه‌ سه‌ر باره‌گای لایه‌ن و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن، تائێستا لێپرسینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر تۆمه‌تباران و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرش و کارانه‌، نه‌کراوه‌.

قوربانییه‌کان...
له‌ خۆپیشاندانه‌کانی دو مانگی رابوردوی هه‌رێمی کوردستاندا، 9 که‌س به‌ ده‌ستی چه‌کداره‌کانی ده‌ستی حیزب و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان شه‌هیدكراون و زیاتر له‌ 400 که‌سی دیکه‌ش برینداربون، (شه‌هیدكراوه‌كان: رێژوان حاجی عه‌لی ته‌مه‌ن 16 ساڵ - سورکێو زاهیر ته‌مه‌ن 17 ساڵ - شێرزاد ته‌ها ته‌مه‌ن 29 ساڵ - ئومێد جه‌لال ته‌مه‌ن 27 ساڵ له‌ سلێمانی - گه‌رمیان ئه‌حمه‌د ته‌مه‌ن 11 ساڵ له‌ چه‌مچه‌ماڵ - بیلال ئه‌حمد ته‌مه‌ن 15 ساڵ - ره‌شید محه‌مه‌د له‌ که‌لار - سه‌رکار حه‌مه‌ سه‌عید ته‌مه‌ن 28 ساڵ - عه‌لی ره‌سوڵ ته‌مه‌ن 27 ساڵ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید).  

جگه‌ له‌و ژماره‌ قوربانییه‌، هاوکات هه‌ر له‌ماوه‌ی دو مانگی رابوردودا ده‌یان که‌س به‌هۆی به‌شداریکردنیان له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون و ئازار دراون و مامۆستایانی ئاینیش روبه‌ڕوی گرتن و هه‌ڕه‌شه‌ لێکردن و دورخستنه‌وه‌ بونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها که‌ناڵی نالیا له‌ سلێمانی و باره‌گا و که‌ناڵی گۆڕان له‌ هه‌ولێر و رادیۆی ده‌نگ له‌ که‌لار سوتێنراون، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی تائێستاش سه‌پاندنی باری نائاسایی رانه‌گه‌یه‌ندراو و ئابڵوقه‌ی سه‌ربازی به‌سه‌ر هه‌ندێک له‌ شاره‌کاندا سه‌پێنراوه‌و رێگری له‌ هاتوچۆی هاوڵاتیان ده‌کرێت.

‌لای خۆشیانه‌وه‌ که‌سوکاری قوربانییه‌کان وێڕای پشتیوانی بۆ خۆپیشانده‌ران ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌ خوێنی رۆڵه‌کانیان خۆش نابن سورن له‌سه‌ر ده‌ستگیردنی تاوانباران، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی‌ هه‌مو جۆره‌ دانیشتن و بانگهێشت كردنێك له‌لایه‌ن تاڵه‌بانی‌‌و به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ هه‌ردو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداریان ره‌تکرده‌وه‌و رایانگه‌یاند، ئاماده‌نین هیچ دانیشتنێك ئه‌نجامبده‌ن تا ئه‌و كاته‌ی‌ بكوژ و تۆمه‌تبارانی‌ شه‌هیدكردنی‌ رۆڵه‌كانیان راپێچی‌ دادگا ده‌كرێن.

هێرشکردنه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وامه‌
رۆژی 17/4/2011 له‌کاتێکدا خۆپیشانده‌ران له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی به‌شێوه‌یه‌کی هێمنانه‌ به‌رده‌وامیان به‌ خۆپیشاندانه‌کان دا، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ به‌ لێدان و ته‌قه‌کردن و به‌کارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ روبه‌ڕوی خۆپیشانده‌ران بونه‌وه‌ و هه‌وڵی کۆتایی هێنان و بڵاوه‌پێکردنیان درا.

به‌پێی ئاماره‌کانی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی، له‌ روداوه‌کانی 17/4دا، 81 که‌س برینداربون که‌ 7 که‌سیان به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش به‌ غازی فرمێسکرێژ بریندار کراون.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی (دوشه‌ممه‌) 18/4/2011 له‌ڕێوشوێنێکی ئه‌منی توندا، خۆپیشاندانێک له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی ره‌شاد موفتی و نزیک سه‌رۆکایه‌تی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌نجامدراو پاش چه‌ند خوله‌کێک له‌ ده‌ستپێکردنی خۆپیشاندانه‌که‌ش، چه‌کداره‌کانی پارتی به‌چه‌ندین شێواز هێرشیان کرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران، هاوکات هێزه‌ چه‌کداره‌کانی سه‌ر به‌ پارتی ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی و رۆژنامه‌نوسیان ده‌ستگیرکردو ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی گۆڕانیش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌ستگیر کرا.

هه‌ر هه‌مان رۆژ له‌ درێژه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی شاری سلێمانی دا، هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بۆ بڵاوه‌پێکردنیان، ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کردو ژماره‌یه‌ک برینداری لێکه‌وته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ک هاوڵاتیش ده‌ستگیر کران، كه‌ به‌پێی‌ دوائامار 102 كه‌س برینداركراون و 12یان به‌ فیشه‌ك برینداركراون.

"حیزب حکومه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات"  
له ‌لێدوانێکدا بۆ (سبه‌ی) کاروان ساڵح، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان وتی: جێبه‌جێنه‌كردنی‌ داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران و بڕیاره‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ به‌ سزاگه‌یاندنی تۆمه‌تباران، ده‌سه‌ڵاتی خستۆیته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ به‌وه‌ی تائێستا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و که‌سانه‌ بداته‌ دادگا که‌ له‌ روداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی هه‌رێمی کوردستان پێشێلکارییان ئه‌نجامداوه‌، هه‌ر له‌و که‌سانه‌ی فه‌رمانی ته‌قه‌کردنیان داوه‌و ئه‌وانه‌شی خه‌ڵکیان شه‌هید و بریندار کردوه ‌و هاوڵاتیانیان به‌ بێ فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیر کردوه ‌و هێرشیان کردوه‌ته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ به‌ زوترین کات بدرێنه‌ دادگا.

ده‌رباره‌ی هۆکاری ده‌ستگیر نه‌کردنی تۆمه‌تباران، کاروان ساڵح رایگه‌یاند: حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان نیه‌ بتوانن تۆمه‌تباران بده‌نه‌ دادگا، چونكه‌ ئه‌مڕۆ حیزب بوه‌ته‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری په‌رله‌مان و حکومه‌تیش، بۆیه‌ حکومه‌ت ناتوانێت کادر و کارمه‌ندێکی حیزبی ده‌ستگیر بکات و بیداته‌ دادگا، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و كارمه‌نده‌ پۆلیس یان ئاسایش یان زێره‌ڤانی‌ بێت یاخود هه‌ركه‌سێكی‌ تر.

"شه‌قام توڕه‌تر ده‌بێت"
ئه‌ندامه‌که‌ی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی وت: "تا ده‌سه‌ڵات ده‌ست به‌ ئیجرائات نه‌کات به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران کردوه‌ و  بڕیاره‌ هه‌نوكه‌ییانیان به‌زوترین كات جێبه‌جێی‌ نه‌کات، پێموایه‌ شه‌قام توڕه‌تر ده‌بێت".
له‌ هه‌مانکاتدا ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ به‌ توندی‌ سه‌ركۆنه‌ی‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین و له‌م فه‌زا ئازاده‌ی‌ هاونیشتمانیان دروستیان كردوه‌ ئه‌وان سه‌رقاڵی‌ ره‌شبگیر و لێدان و تۆقاندنی‌ خه‌ڵكن، ده‌سه‌ڵات به‌م هه‌وڵه‌ی‌ خه‌ڵك توڕه‌تر ده‌كات و لێپرسراوێتی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ شه‌قامدا روی‌ داوه‌و ئه‌گه‌ری‌ رودانی‌ هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی‌ فه‌رمانڕه‌وایانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌.

یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئاماده‌نین بكوژه‌كان راده‌ستی‌ دادگا بكه‌ن
دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر روداوه‌کانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی، تا ئێستا دادگا نه‌یتوانیوه‌ رێوشوێنی‌ یاسایی‌ به‌رامبه‌ر بكوژه‌كان بگرێته‌به‌ر، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و بكوژانه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراون، به‌ڵام تا ئێستا راده‌ستی‌ دادگانه‌كراون. 

کاروان که‌مال، ئه‌ندامی گروپی سه‌ربه‌خۆی پارێزه‌ران له‌ سلێمانی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی بۆ (سبه‌ی) ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: به‌پێی زانیارییه‌کانی ئێمه‌، دادگا نوسراوی ره‌سمی کردوه‌ بۆ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و لایه‌نی حکومیش سه‌باره‌ت به‌و که‌س و باره‌گا حیزبییانه‌ی تێوه‌گلاون له‌ کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتیان، به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌وه‌ هاوکاری نه‌کراون.

وتیشی: له ‌وڵاتی‌ ئێمه‌دا حیزب چه‌كداری‌ هه‌یه‌ و‌ به‌شێكی‌ ئه‌و تاوانانه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامدراون‌ هێزی‌ حیزبه‌كانن، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ نییه‌ بكوژه‌كان راده‌ستی‌ دادگا بكات.  

هاوکات سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هیوا ئه‌حمه‌د به‌رپرسی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌، جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له ‌لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی كه ‌له‌ژماره‌ 719دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ئه‌وان ئاماده‌نین هیچ ئیجرائاتێك به‌رامبه‌ر به‌رپرسی‌ لقی‌ چوار بگرنه‌به‌ر.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو، كه‌ پارتی‌ فێری‌ ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ له‌ دادگا رابكات و ده‌ڵێت: ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی‌ سلێمانی‌ بدرێنه‌ دادگا، كه‌ كه‌مته‌رخه‌میان كردوه‌ له‌پاراستنی‌ باره‌گاكانی‌ پارتی‌.
  

هه‌روه‌ها عه‌مید (ئاسۆ شێخ ته‌ها) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ كاره‌با، تۆمه‌تبار کراوه‌ به‌وه‌ی هێزه‌که‌ی رۆژی‌ 19ی‌ شوبات له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی‌ چوارباخی ئه‌هلی‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران کردوه‌، که‌ بوه‌ته‌ هۆی شه‌هیدكردنی‌ (شێرزاد ته‌ها) و (سوركێو زاهیر) و بریندارکردنی چه‌ند هاوڵاتییه‌ک، عه‌مید ئاسۆ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بۆ ده‌رچوه‌، به‌ڵام تائێستا بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی و حکوموته‌وه‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌ و ناوبراو له‌كاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌رده‌وامه‌ و ده‌ستگیر نه‌كراوه‌.

 

"دادگا داوای ته‌سلیمکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی لێنه‌کردوین که‌ ته‌قه‌یان کردوه‌"  
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئاری هه‌رسین، به‌رپرسی نوێی لقی 21ی پارتی بۆ (سبه‌ی) وتی: "به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای من هه‌یه‌ تاوه‌کو ئێستا دادگا داوای لێنه‌کردوین سه‌باره‌ت به‌ ته‌لسیمکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران کردوه‌".

ئه‌وه‌شی وت: ئێمه‌ وه‌کو پارتی ملکه‌چی یاساین له‌م وڵاته‌دا، هه‌ر له‌ دادگاو داواکاری گشتی و لایه‌نی جێبه‌جێکار، که‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌، ئه‌وان هه‌ر بڕیارێک ده‌ربکه‌ن ئێمه‌ له‌ سه‌دا سه‌د ملکه‌چی ده‌بین.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی راشیگه‌یاند: من وه‌ک پارتی نازانم کێ ته‌قه‌ی کردوه‌ و کێ نه‌یکردوه‌و دیار نیه‌ کێن، هه‌ر که‌سێکیش به‌ڵگه‌ی لایه،‌ پێویسته‌ ناوی ئه‌و که‌سه‌ی ته‌قه‌ی کردوه‌ لای داواکاری گشتی تۆمار بکات و دادوه‌ریش فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌ربکات، یاخود بانگهێشت بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت.


به‌رامبه‌ر ده‌ستگیرنه‌کردنی بکوژان، داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی هه‌رێم ده‌کرێت
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان و جێبه‌جێنه‌کردنی داواکارییه‌کانیان، ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی له‌ رۆژی 4/4/2011دا نه‌خشه‌رێگای بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی هه‌رێم بڵاوکردوه‌و داوای ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی بێ قه‌یدو شه‌رتی هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کرد.

له‌نه‌خشه‌ رێگاکه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌: ئێمه‌ی‌ هاونیشتمانیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ سه‌رسام بوین له‌ ئاست ئه‌م هه‌مو تاوان و بێڕێزیه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤ و هاونیشتمانیان ده‌كرێت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ نه‌ك ئیراده‌یه‌كی‌ نیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكاریه‌ ره‌واكانی‌ هاونیشتمانیان و خۆپیشانده‌ران، به‌ڵكو به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشێلكردنی‌ یاساو داڵده‌دانی‌ تاوانباران و درێژه‌دان به‌ په‌یڕه‌وكردن له‌ سیاسه‌تی‌ ترس و تۆقاندن و چه‌واشه‌كاری‌ و خۆدزینه‌وه‌ له‌ لێپرسراوێتی‌ یاسایی‌ و سیاسی‌ و ئه‌خلاقی‌.

له‌ به‌شێکی دیکه‌یدا ئه‌وه‌ هاتوه‌: "به‌ ته‌نگه‌وه‌ نه‌هاتنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ داواكاریه‌كانی‌ هاونیشتمانیان و درك نه‌كردن به‌ سه‌ختی‌ قه‌یرانی‌ حوكمڕانی‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان و پێشێل كردنی‌ یاساو پابه‌ند نه‌بون به‌ پره‌نسیپه‌ ئه‌خلاقیه‌ گه‌ردونیه‌كان له‌ داكۆكیكردن له‌ عه‌داله‌ت و ئازادی‌ و یه‌كسانكردنی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆپیشاندان ده‌كات به‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ خۆپیشانده‌ر ده‌كوژێت، گه‌یاندینیه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ غیابی‌ سه‌رۆكێكی‌ خاوه‌ن لێپرسراوێتیدا ژیان ده‌به‌ینه‌ سه‌ر".










Sbeiy.com © 2007