Print
 قادری حاجی عه‌لی: ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر ملنه‌دات؛ کوردستان وه‌کو سوریا و یه‌مه‌نی لێدێت
Friday, April 22, 2011

 دیداری: هێمن باقر
ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ (قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌) له‌ گۆڤاری‌ لڤیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر گرنگی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ دیمانه‌كه‌ دوای‌ وه‌رگرتنی‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌ گۆڤاری‌ لڤین، سبه‌ی‌ دیمانه‌كه‌ بۆ حوێنه‌رانی‌ خۆی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌...

لڤین: بۆچی‌ له‌دانیشتنه‌كانتاندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ سوربون له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئێمه‌ وتومانه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌بێت به‌توافوق دیاریبكرێت، ده‌مانه‌وێت دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌میكانیزمێك بێت له‌ده‌ستی‌ حیزبێك، یان دوان نه‌مێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مو لایه‌نێك فرسه‌تێكی‌ یه‌كسانی‌ له‌به‌رده‌مدابێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ حكومه‌تێكی‌ به‌هێز ده‌كرێت ‌و به‌م حكومه‌ته‌ ناكرێت، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێكی‌ ته‌وافوقی‌ دروستبكرێت ئه‌گه‌ر به‌شداریشی‌ تێدا نه‌كه‌ین ئه‌وا پشتگیری‌ لێبكه‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ داوامان كردوه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌رله‌به‌ری‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه له‌بچوكترین وه‌زیرییه‌وه‌ تاسه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، ئه‌گینا ئێمه‌ شه‌خسی‌ د.به‌رهه‌م وه‌كو براده‌ریش براده‌رمانه‌، به‌نیسبه‌ت منه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ یه‌ك گه‌ڕه‌كین، ره‌خنه‌ی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر شه‌خسی‌ به‌رهه‌م ساڵح نییه‌، ئێمه‌ كاتی‌ خۆی‌ ته‌مه‌نای‌ زیاترمان له‌و ده‌كرد، به‌ڵام كه‌ خۆی‌ بڵێت ئیراده‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ به‌ده‌ست دو حیزبه‌وه‌یه‌و خۆی‌ بڵێت گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌، گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌، سیاسی‌، دارایی‌، به‌ڵام نه‌توانێت چاره‌سه‌ری‌ بكات ئیتر سودی‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌چیدایه‌؟، ئه‌و ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بوه‌ته‌ لایه‌نێكی‌ كێشه‌كه‌و به‌رانبه‌ر خه‌ڵك وه‌ستاوه‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كه‌ نه‌توانێت داخوازی‌ خه‌ڵك جێبه‌جێبكات‌و له‌به‌ر دو حیزبه‌كه‌‌و له‌ترسی‌ دو حیزبه‌كه‌ نه‌توانێت هه‌ندێك كه‌سی‌ سه‌رپێچیكه‌ر سزا بدات ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌مانه‌وه‌ی‌ باشتره‌، به‌ڕای‌ من د.به‌رهه‌م ده‌یتوانی ببێته‌ كه‌سێكی‌ زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تای‌ كێشه‌كه‌دا هه‌ندێك دۆستی‌ خۆی‌ ئامۆژگارییان كردبو پێیانوتبو؛ مادام خۆت ده‌ڵێیت ئیراده‌م به‌ده‌ست نییه‌ ده‌ستله‌كاربكێشه‌وه‌و بڵێ ئه‌مانه‌ نایه‌ڵن كاره‌كانم بكه‌م، ئێستا ره‌نگ بو هه‌مو خه‌ڵك داوای‌ بكردایه‌ كه‌ حكومه‌تێكی‌ دیكه‌ دروستبكه‌ن به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌و، به‌ڵام كه‌ خۆی‌ به‌رده‌وام بو له‌سه‌ر ئه‌وه‌و رازیبو به‌وه‌ی‌ كه‌ ئیراده‌ی‌ نه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی‌ نه‌بێت، نه‌توانێت كاره‌كانی‌ بكات، حكومه‌ته‌كه‌ش حكومه‌تێكی‌ لاوازبێت، كه‌واته‌ خه‌ڵك هه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ داوای‌ رۆیشتن بكات.

لڤین: ده‌وترێت ئه‌گه‌ر د. به‌رهه‌م لاببرێت له‌ناو یه‌كێتیدا له‌و باشتر كێ هه‌یه‌ جێگای‌ بگرێته‌وه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: له‌ناو كورددا خه‌ڵك زۆر هه‌یه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان بێت‌و زۆر باشتریش له‌خه‌ڵكی‌ دیكه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام تائێستا فرسه‌تییان بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتوه‌، من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌ر له‌ناو ئۆپۆزیسیۆن خه‌ڵكی‌ باش هه‌بێت، له‌ناو خه‌ڵكدا ره‌نگه‌ خه‌ڵكی‌ زۆر باشتر هه‌بێت له‌وان باشتر كاره‌كانیان ببه‌ن به‌ڕێوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ راستبێت‌و ئێمه‌ له‌وان زیاتر كه‌سمان نه‌بێت بۆ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ شكستی‌ ئه‌و دو حیزبه‌یه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خه‌ڵكی‌ وا دروستبكه‌ن كه‌ بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكوپێك ئیداره‌بكات.

لڤین: ئه‌وان له‌كۆبونه‌وه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ پێیانوتن كه‌ لاچونی‌ د. به‌رهه‌م هێڵێكی‌ سوره‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نه‌خێر، ئه‌وان به‌ئێمه‌یان وت هه‌مو شتێك قابیلی‌ گفتوگۆیه‌، له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ گۆڕینی‌ هه‌ندێك یاسا‌و پرۆژه‌ یاسادا ئێمه‌ وتمان نابێت به‌زۆرینه‌‌و كه‌مینه‌ یه‌كلایی‌ بكرێته‌وه‌، ئه‌وانیش وتییان لاریمان نییه‌ له‌وه‌، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ حكومه‌تیش دیاره‌ گفتوگۆی‌ زۆرمان بو وه‌ڵامی‌ ئه‌وان به‌و جۆره‌بو كه‌ ئه‌مه‌ش شایه‌نی‌ گفتوگۆیه‌.

لڤین: ئایا جیاوازی‌ هه‌بو له‌نێوان هه‌ڵوێستی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئێمه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆر ساده‌مان بینی‌، چونكه‌ مه‌لا به‌ختیار‌و ئه‌رسه‌لان بایز كه‌ نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ بون ئاماده‌ییان پیشاندا بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی‌ كه‌ باسمانكردن.

لڤین: ده‌وترێن مه‌لا به‌ختیار مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌لاوه‌ ئاساییه‌و له‌و روه‌شه‌وه‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ د. به‌رهه‌مدا؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ناوخۆی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆیانه‌‌و ئه‌گه‌ر زانیاریشم له‌باره‌وه‌ هه‌بێت حه‌زناكه‌م به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بكه‌م، به‌ڵام جیاوازی‌ له‌نێوان رای‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و ئه‌ندامێكی‌ دیكه‌ی‌ مه‌كته‌بی سیاسی‌ هه‌یه‌.

لڤین: له‌و زنجیره‌ دانیشتنه‌ی‌ نێوان ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن هه‌ستده‌كرا جۆرێك له‌یه‌ك تێگه‌یشتن خه‌ریكه‌ دروستده‌بێت، كه‌چی‌ دوای‌ ئه‌و دانیشتنانه‌ دیسانه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ گۆڕایه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی‌ یه‌كه‌م، ئه‌وه‌بو یه‌كێتی‌ رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هێڵی‌ سوره‌ دواتریش به‌یاننامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌دوادا هات.
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌مه‌ خۆی‌ نیشانه‌ی‌ به‌شه‌خسیكردنی‌ كێشه‌كه‌یه‌، ئایا ده‌كرێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ كه‌سێك د. به‌رهه‌م، یان هه‌ر كه‌سێكی‌ دیكه‌ بێت پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كورستان په‌كبخه‌یت‌و قه‌یرانه‌كه‌ گه‌وره‌تر بكه‌یت؟، پێویست بو یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ باشتر بیر له‌م بابه‌ته‌ بكه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌زمونێك نه‌كرێت به‌قوربانی‌ شه‌خسێك.

لڤین: به‌ڵام ره‌خنه‌ له‌ئێوه‌ ده‌گیرێت كه‌ به‌ته‌نیا روبه‌ڕوی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بونه‌ته‌وه‌ باس له‌به‌رپرسیارێتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ناكه‌ن‌و روبه‌ڕوی‌ ئه‌و نابنه‌وه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نه‌خێر ئێمه‌ روبه‌ڕوی‌ ئه‌ویش بوینه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ بكه‌یت ئه‌وه‌ به‌ڕونی‌ دیاره‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانیشمان كردوه‌، كه‌ ده‌ڵێین په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ واته‌ جارێكی‌ دیكه‌ داوای‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ هه‌مو شته‌كان، ئێستا له‌پرۆژه‌ی‌ ده‌ستور كه‌ بڕیارمانداوه‌ گفتوگۆی‌ بكه‌ینه‌وه‌ یه‌كێك له‌بابه‌ته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت جارێكی‌ تر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردنی‌ راسته‌وخۆ بێت، یان له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبرژێردرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا به‌باشمانزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌كو سه‌مامی‌ ئه‌مان بمێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌قۆناغی‌ یه‌كه‌م داوامان نه‌كردوه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، داوامانكردوه‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرنگه‌ لامان په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش به‌هۆی‌ په‌یڕه‌ویكردنی‌ زۆرینه‌‌و كه‌مینه‌وه‌ خه‌ریكی‌ به‌هێزكردنی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتین له‌ڕێگای‌ ده‌رچوانی‌ یاساوه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌په‌رله‌ماندا رۆڵێكی‌ گرنگی‌ ئه‌وتۆمان نه‌ماوه‌، كه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن با له‌چوارچێوه‌ی‌ شه‌رعیدا بێت، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه‌ له‌په‌رله‌ماندا قسه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ له‌په‌رله‌ماندا ناتوانیین شتێك بسه‌پێنین، یان ره‌تیبكه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ به‌بڕوای‌ ئێمه‌ كاری‌ په‌رله‌مان وه‌ستاوه‌ كه‌ یاسادانان‌و چاودێریكردنه‌.

لڤین: له‌ماوه‌ی‌ رابوردودا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم چه‌ند جارێك ده‌ركه‌وتوه‌و په‌یامیشی‌ ئاڕاسته‌ كردوه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ هیچ له‌بارودۆخه‌كه‌ بگۆڕێت، ئێوه‌ ئه‌مه‌ بۆچی‌ ده‌گێڕنه‌وه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش ته‌نیا په‌یام ده‌ده‌ن‌و به‌س، به‌مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێكردن په‌یام ناده‌ن، ده‌مێكه‌ یاداشته‌ حه‌ڤده‌ خاڵییه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌رچوه‌، با یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، ده‌مێكه‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌رچوه‌، به‌ڵام كوا چی‌ لێجێبه‌جێكراوه‌، كێشه‌ی‌ ئێمه‌ش‌و خه‌ڵكی‌ سه‌رجاده‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌وان ته‌نیا قسه‌ده‌كه‌ن‌و جێبه‌جێیناكه‌ن، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرایه‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌چوه‌ قۆناغێكی‌ تره‌وه‌.

لڤین: ئێستا هه‌ستده‌كرێت كه‌ كابینه‌كه‌ی‌ دكتۆر به‌رهه‌م جۆرێك له‌سه‌نگه‌رگرتنی‌ هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌گۆڕان؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: پێموایه‌ هه‌ر به‌رانبه‌ر گۆڕان نییه‌، له‌به‌یاننامه‌كه‌ی هه‌ردو حیزبه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ سه‌نگه‌ریان به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوش گرتوه‌، ته‌نانه‌ت سه‌نگه‌ریان له‌شه‌قامیش گرتوه‌، هه‌ركه‌س به‌یاننامه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌ تێده‌گات كه‌وا نیازی‌ هیچیان نییه‌، وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت ئومێدی‌ خێری‌ تێدا نییه‌.

لڤین: واته‌ ئێوه‌ بێئومێدن؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: به‌ڵێ‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ خه‌ڵكیش بێئومێد ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ئێمه‌.

لڤین: هه‌ستده‌كرێت راڕایی‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیدا هه‌یه‌، جارێك له‌ئۆپۆزیسیۆن نزیكده‌بنه‌وه‌و جارێكیش دورده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌چییه‌وه‌ هه‌یه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: له‌ناو هه‌ردو مه‌كته‌بی‌ سیاسیدا بۆچونی‌ جیاواز هه‌یه‌، هه‌یانه‌ هه‌ڵوێستی‌ تونده‌، هه‌شیانه‌ نه‌رمتره‌، به‌ڵام له‌كۆتاییدا بڕیاره‌كان ده‌چێته‌وه‌ لای‌ دو كه‌س، لای‌ سه‌رۆكی‌ هه‌ردو حیزبه‌كه‌، له‌كۆتاییدا ته‌نیا بڕیاری‌ ئه‌وانه‌ جێبه‌جێده‌كرێت، بڕیاره‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ش هه‌ر له‌وانه‌وه‌ ده‌رچو.

لڤین: ده‌وترێت كه‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ئۆپۆزیسیۆن دوای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌ردو حیزب دروستبو؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: كۆبونه‌وه‌كانی‌ نێوان ئۆپۆزیسیۆن‌و یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ هه‌نگاوێك ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ئه‌و دو سه‌رۆكه‌ كۆبونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، وه‌كو خۆی‌ لێدێته‌وه‌.

لڤین: كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین كۆبونه‌وه‌ی‌ نێوان تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ مژده‌ی‌ خێری‌ پێنییه‌ بۆ شه‌قام؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: به‌ڵێ‌، تا ئێستا وابوه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كێشه‌كان به‌و شێوازه‌‌و رێگه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت رێگه‌كه‌شیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌به‌یاننامه‌كه‌دا دیاره‌، پێموابێت ده‌یانه‌وێت به‌توندوتیژی‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا ره‌فتار بكه‌ن.

لڤین: ئێستا باس له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ ده‌كرێت، ئێوه‌ له‌دوای‌ قسه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئومێدتان به‌دانوستان ماوه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌مان له‌وان بیستوه‌ كه‌ ده‌ڵێن مه‌رجی‌ پێشوه‌خت قبوڵناكه‌ین، ئێمه‌ پرۆژه‌مان هه‌یه‌و مه‌رجی‌ پێشوه‌ختمان دانه‌ناوه‌، ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ كه‌ هه‌مانه‌ قسه‌ بكه‌ین، بڕواشمان وایه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ ئێمه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم مه‌رجی‌ پێشوه‌ختی‌ داناوه‌، یه‌كه‌م ده‌ڵێت حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان، كه‌ ئێمه‌ ره‌تمانكردوه‌ته‌وه‌، دوه‌میش ده‌ڵێت له‌چوارچێوه‌ی‌ شه‌رعییه‌تدا، ئه‌وه‌شی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌و شه‌رعییه‌ته‌ تێگه‌شتبین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێن‌و ئێوه‌ش له‌ناو حكومه‌تدابن‌و بۆ خۆتان چه‌ند وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرن.

لڤین: له‌و وڵاتانه‌دا كه‌ شه‌قام ده‌جوڵێت ئۆپۆزیسیۆن به‌هه‌مو جۆرێك دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ وانییه‌و ئیۆپۆزیسۆن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌فتارده‌كات؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ركردنی‌ به‌یاننامه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌، ئێمه‌ رونمانكرده‌وه‌ كه‌ خۆپاراستن له‌چاره‌سه‌ر باشتره‌، ئێمه‌ وامان نه‌ده‌بینی‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتبێت وه‌كو وڵاتانی‌ دی‌ بڵێین (إرحل)  بۆچونمان وابو كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حكومه‌ته‌دا ده‌توانین جۆرێك چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه‌.

لڤین: واته‌ ئێستا گه‌شتوه‌ته‌ قۆناغی‌ (إرحل)؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نا هێشتا نه‌گه‌شتوه‌، ئێمه‌ داواكارییه‌كانمان (21) خاڵه‌و یه‌كێك له‌خاڵه‌كانیش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵیش به‌و خاڵه‌ رازیبون، ئێمه‌ ئاوات ده‌خوازین نه‌گاته‌ قۆناغی‌ (إرحل)، ئێمه‌ش‌و شه‌قامیش ده‌ستمان خستوه‌ته‌ سه‌ر قه‌یرانه‌كان، به‌ڵام كه‌ ده‌سه‌ڵات دانی‌ پێدانانێت به‌زه‌ره‌ر به‌سه‌ریدا ده‌شكێته‌وه‌.

لڤین: پێتوایه‌ به‌جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆن، شه‌قام چۆڵده‌بێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نه‌خێر مه‌رج نییه‌، ئێمه‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكمان له‌پرۆژه‌یه‌كی‌ سیاسیدا فۆرمه‌له‌ كردوه‌، پێمانوایه‌ به‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ قه‌یرانه‌كان كه‌مده‌بێته‌وه‌و شه‌قامیش هێور ده‌بێته‌وه‌، شه‌قامیش داواكاری‌ خۆی‌ هه‌یه‌و له‌قۆناغی‌ دوه‌مدا ده‌توانن له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش گفتوگۆبكه‌ن.

لڤین: له‌ئێستادا ئۆپۆزیسیۆن چوه‌ته‌ سه‌رشه‌قام؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئۆپۆزیسیۆنیش  خه‌ڵكی‌ له‌سه‌ر جاده‌یه‌.

لڤین: واته‌ ئه‌وه‌ هه‌مو هێزی‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ له‌سه‌ر شه‌قام؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نه‌خێر ئه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ن كه‌ فرسه‌تی‌ هاتنه‌ سه‌ر جاده‌یان هه‌یه‌ له‌وانه‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆن‌و خه‌ڵك.

لڤین: به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌، زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵك‌و ئۆپۆزیسیۆنیش بێت.
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئێمه‌ نه‌مانوتوه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ به‌ئێمه‌ داوه‌ بچێته‌سه‌ر جاده‌.

لڤین: واته‌ هێشتا ئه‌و كارته‌تان به‌كارنه‌هێناوه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: به‌ڵێ‌ ئه‌و كارته‌و كارتی‌ تریشمان ماوه‌.

لڤین: واتا به‌فه‌رمی‌ راتان نه‌گه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ لایه‌نگرتانن بچنه‌ سه‌رجاده‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نه‌خێر رامان نه‌گه‌یاندوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ وتومانه‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌شه‌قام ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر جاده‌یه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانی‌ تێدایه‌ به‌یه‌كێتی‌‌و پارتیشه‌وه‌، چونكه‌ داواكانی‌ خه‌ڵك هه‌موی‌ یه‌ك شته‌.

لڤین: ده‌وترێت ئۆپۆزیسیۆن جیدی‌ نییه‌ له‌جوڵاندنی‌ شه‌قامدا، ئه‌گه‌ر جیدی‌ بوایه‌، ئه‌وا به‌و (400) هه‌زار ده‌نگده‌ره‌ی‌ كه‌ ئۆپۆزیسیۆن له‌دهۆك‌و هه‌ولێر هه‌یه‌تی‌، ده‌یتوانی‌ خۆپیشاندان رێكبخات‌و له‌وێش شه‌قام بجوڵێنێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: هه‌مومان ده‌زانین بارودۆخی‌ ئه‌و دو شاره‌ چۆنه‌، ئه‌و بارودۆخ‌و كرانه‌وه‌یه‌ی‌ له‌سلێمانی‌ هه‌یه‌ له‌وێ‌ نییه‌، نابێت پارتی‌ شانازی‌ به‌وه‌وه‌ بكات كه‌ له‌وێ‌ خۆپیشاندان نییه‌و ئه‌وێ‌ خزمه‌تگوزاری‌ باشی‌ بۆ كراوه‌، نابێت یه‌كێتیش له‌خۆی‌ بایی‌ ببێت‌و بڵێت له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی‌ مندا دیموكراسی‌ هه‌یه‌، ئه‌و دیموكراسییه‌ی‌ له‌سلێمانی‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانییه‌وه‌ وه‌كو حیزب نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی‌ به‌كولتوری‌ خه‌ڵكی‌ سلێمانییه‌وه‌ هه‌یه‌، سلێمانی‌ له‌دوای‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دوه‌مه‌وه‌ خۆپیشاندانی‌ كردوه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیش كرانه‌وه‌ی‌ تێدابێت ئه‌وه‌ سلێمانی‌ پێیبه‌خشیوه‌.

لڤین: به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆنی‌ جیدی‌ له‌توندوتیژی‌ ده‌سه‌ڵات ناترسێت، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌توندوتیژی‌ بترسن پێویست ناكات موعاره‌زه‌ی‌ پارتی‌ بن؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: له‌هه‌ولێر خۆپیشاندان نه‌بوه‌ تابزانین توندوتیژییه‌كه‌ تاچ راده‌یه‌كه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك خۆی‌ راپه‌ڕێت.

لڤین: كه‌واته‌ له‌دهۆك‌و هه‌ولێر قه‌یران نییه‌، بۆیه‌ خه‌ڵك راناپه‌ڕێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: پێموایه‌ له‌هه‌مو شوێنێكی‌ كوردستان قه‌یران هه‌یه‌و له‌دهۆك‌و هه‌ولێریش زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك ناڕازییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی‌ له‌ناو یه‌كێتی‌‌و پارتیدان ناڕازین.

لڤین: ئۆپۆزیسیۆن به‌رنامه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌هه‌ولێر خۆپیشاندان بكات؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئێمه‌ پێمانباشه‌ خه‌ڵك خۆی‌ بێته‌سه‌ر جاده‌و ئێمه‌ش پاڵپشتییان بكه‌ین.

لڤین: بۆچونێك هه‌یه‌ ده‌ڵێت مادام پارتی‌ له‌هه‌ولێر رێگه‌ به‌خۆپیشاندان نادات، ده‌بێت ئۆپۆزیسیۆن خۆپیشاندان بكات؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ سلێمانی‌ ده‌وترێت بۆچونی‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێرو دهۆكیشه‌.

لڤین: به‌رنامه‌تان هه‌یه‌ بۆ جوڵاندنی‌ شه‌قام له‌دهۆك‌و هه‌ولێر؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: تائێستا به‌رنامه‌یه‌كی‌ نه‌خشه‌ بۆ كێشراومان نییه‌.

لڤین: پێشبینی‌ ده‌كه‌یت له‌دهۆك‌و هه‌ولێر خۆپیشاندان بكرێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌كان چاره‌نه‌كرێن، ئه‌وا له‌هه‌مو شوێنێك ده‌بێت.

لڤین: ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ كۆبونه‌وه‌تان كردوه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: كاتی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كۆبونه‌وه‌مان كرد، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ به‌ئاشكرا كۆبوینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتیش بكه‌ین، به‌ئاشكرا ده‌یكه‌ین.

لڤین: له‌م ماوه‌یه‌دا به‌تایبه‌ت كۆبونه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی‌ نه‌كردوه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: نێچیرڤان بارزانی‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی‌ لێمان نه‌بڕیوه‌و په‌یامی‌ ناردوه‌و په‌یاممان ناردوه‌، به‌ڵام دانیشتن نا.

لڤین: ده‌وترێت گۆڕان پارته‌ ئیسلامییه‌كانی‌ ئیستیغلال كردوه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌ی‌ بۆ ناڵێن ئه‌وان بۆ ئێمه‌یان ئیستیغلال نه‌كردوه‌؟، ئێمه‌ سێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزیسیۆنین، داخوازییه‌كانمان یه‌كه‌و سیاسه‌تیشمان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌، یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌ئێمه‌ ده‌ڵێن گۆڕان عه‌لمانییه‌و پێویسته‌ له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ نزیكتر بێت تا دو حیزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌، پرۆژه‌ (21) خاڵییه‌كه‌ هیچ دروشمێكی‌ ئیسلامی‌ تێدا نییه‌، هه‌موی‌ داوای‌ خه‌ڵكه‌.

لڤین: گۆڕان كه‌ له‌چه‌په‌ تونده‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌ پێكدێت، تاچه‌ند ئاساییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دو پارتی‌ ئیسلامیدا بچێته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئێمه‌ ساغبوینه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ عه‌لمانی‌ لیبراڵییه‌، داواكانیشمان له‌م قۆناغه‌دا بۆ چاكسازی‌ سیاسی‌ له‌یه‌كتر نزیكن، ئیسلامییه‌کانیش خه‌ڵكی‌ ئه‌م وڵاته‌ن‌و ده‌نگیان هێناوه‌، هه‌ركه‌س وتی‌ من ئیسلامیم ئه‌وان وه‌كو قاعیده‌ سه‌یری‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ وتارو پرۆژه‌ی‌ ئه‌و دو حیزبه‌ بكه‌یت كرانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ تێدایه‌و ئینكاریش ناكرێت كه‌ ئه‌و دو حیزبه‌ ئیسلامییه‌ دو هێزی‌ نیشتیمانین.

لڤین: تاچه‌ند له‌گه‌ڵ حكومه‌تێكدان كه‌ نێچیرڤان سه‌رپه‌رشتی‌ بكات؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئێمه‌ پێمانباشه‌ كه‌سێكی‌ بێلایه‌ن بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاك نێچیر، یان هه‌ركه‌سێكی‌ تر سه‌رپه‌رشتی‌ بكات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌  میكانیزمی‌  گونجاو بدۆزێته‌وه‌ بۆ رێگه‌ خۆشكردن بۆ هه‌ڵبژاردنێك، كه‌ فرسه‌تی‌ وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌مو لایه‌ك فه‌راهه‌م بكات، كه‌ به‌ڕای‌ ئێمه‌ به‌جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌بێت.

لڤین: ئه‌ی‌ بۆ رازینین به‌حكومه‌تێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ دكتۆر به‌رهه‌مدا بێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئاخر ئه‌و له‌ماوه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا ئه‌زمونێكی‌ خراپی‌ پێشكه‌شكردو ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

لڤین: دكتۆر به‌رهه‌م یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌ كه‌ دانی‌ به‌كه‌موكورتییه‌كانیدا ناوه‌، به‌ڵام سه‌رۆك حكومه‌ته‌كانی‌ پێشو گه‌نده‌ڵی‌ زۆریشیان هه‌بو دانیشیان پێدا نه‌ده‌نا، بۆچی‌ ئێوه‌ ئه‌م كاره‌ی‌ د. به‌رهه‌م به‌هه‌ند ناگرن له‌كاتێكدا كه‌ دان به‌بونی‌ گه‌نده‌ڵیدا ده‌نێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئاخر كه‌س نه‌یتوانیوه‌ ره‌خنه‌یان لێبگرێت، ئێستا شه‌قام هه‌ستاوه‌، دكتۆر به‌رهه‌م كه‌ ده‌ڵێت هه‌ڵه‌مان هه‌یه‌، ده‌بێت چاكیشی‌ بكات.

لڤین: ده‌وترێت یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌زانن كه‌ گۆڕان شه‌قام ده‌جوڵێنێت، بۆیه‌ مل بۆ داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵك ناده‌ن، واته‌ وه‌كو به‌ربه‌ره‌كانێییه‌كی‌ گۆڕان؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌ی‌ باشه‌ بۆ چه‌ند ساڵه‌ چاكسازییان نه‌كردوه‌، خۆ دو ساڵ به‌ر له‌ئێستا گۆڕانیش نه‌بو، هه‌مو خه‌ڵكیش داوای‌ چاكسازییان ده‌كرد.

لڤین: بۆ ئێوه‌ پێشوازی‌ له‌و هه‌نگاوه‌ی‌ حكومه‌ت ناكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ موڵك‌و ماڵه‌كانی‌ حكومه‌ت، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌وه‌ موباده‌ره‌ی‌ خۆتان بو؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ده‌بێت به‌گشتی‌ بكرێت، ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند مه‌كته‌بێك به‌س نییه‌، موڵك‌و ماڵه‌ داگیركراوه‌كان زۆر زۆرن.

لڤین: ئه‌وان ده‌ڵێن گۆڕان موڵكه‌كانی‌ حكومه‌ت ته‌سلیم ناكاته‌وه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان ئه‌م گرده‌یه‌ باسه‌ره‌تا ئه‌وه‌نه‌بێت‌و باگرده‌كه‌ بكه‌وێته‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌، ئێمه‌ گرده‌كه‌ له‌گه‌ڵ شته‌ گه‌وره‌كانی‌ ئه‌واندا ته‌سلیمده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ركاتێك سه‌ری‌ ره‌ش‌و ده‌باشانییان ته‌سلیمكرده‌وه‌، ئێمه‌ش گرده‌كه‌ ته‌سلیمده‌كه‌ینه‌وه‌.

لڤین: گۆڕان كه‌ خۆی‌ موباده‌ره‌كه‌ی‌ كردوه‌ بۆ خۆی‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ ناكات؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: گۆڕان گرده‌كه‌و بینایه‌كی‌ هه‌یه‌ ئه‌وانیش هی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ن، به‌ڵام ئه‌و دو حیزبه‌ سه‌دان جێگایان هه‌یه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ راده‌ستیان بكه‌ینه‌وه‌ كێ‌ ده‌ڵێت ئه‌وان ئه‌و هه‌مو جیگا زۆرو زه‌وه‌نده‌ ته‌سلیمده‌كه‌نه‌وه‌و په‌شیماننابنه‌وه‌ لێی‌، خۆ ئه‌گه‌ر دڵنیابوینایه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌مان ده‌كرد.

لڤین: ئێوه‌ كه‌ باسی‌ چاكسازی‌ ده‌كه‌ن، بۆ موچه‌ی‌ ئه‌و كادیرانه‌تان نه‌بڕی‌ كه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن‌و ده‌وامیش ناكه‌ن؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌و براده‌رانه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ كاتی‌ خۆی‌ وه‌زیفه‌یه‌كی‌ حكومیان پێدراوه‌و له‌ناو یه‌كێتیدا كاریان كردوه‌، ئێستاش هه‌ركه‌سێكیان به‌و پله‌ وه‌زیفییه‌ی‌ خۆی‌ ته‌عین بكرێت ئاماده‌ن ده‌وام بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌وامی‌ نه‌كرد ئه‌وه‌ گه‌نده‌ڵه‌و ئێمه‌ ده‌ریده‌كه‌ین، ئه‌وان با باسی‌ ئه‌و حه‌ڤده‌هه‌زار كه‌سه‌ی‌ خۆیان بكه‌ن، ئه‌و جا باسی‌ ئه‌و دوسه‌د سێ‌ سه‌د كه‌سه‌ی‌ ئێمه‌ بكه‌ن.

لڤین: راگه‌یاندنی‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ ده‌ڵێن، كه‌ گۆڕان‌و هه‌ڵسوڕاوه‌كانیان به‌شێكن له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: ئه‌گه‌ر براده‌رانی‌ ئێمه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا به‌گژ  گه‌نده‌ڵیدا نه‌چوبنه‌وه‌و یاداشتیان به‌رز نه‌كردبێته‌وه‌و شه‌ڕی‌ دژی‌ گه‌نده‌ڵییان نه‌كردبێت، ئه‌وا حه‌قه‌ بوترێت ئێوه‌ش گه‌نده‌ڵن.

لڤین: ده‌وترێت كاتێك گۆڕان روبه‌ڕوی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ بوه‌ته‌وه‌، داوای‌ ملیۆنێك دۆلاری‌ له‌یه‌كێتی‌ كردوه‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: من شتی وام نه‌بیستوه‌ كه‌ گۆڕان داوای‌ پاره‌ی‌ له‌هیچ لایه‌ك كردبێت، به‌ڵام وتیان تا قانونی‌ ئه‌حزاب ده‌رده‌چێت هه‌مو لایه‌نێك ده‌توانێت به‌سولفه‌و قه‌رز پاره‌ له‌حكومه‌ت وه‌ربگرێت، گۆڕان كه‌ چوار كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌یه‌كێتی‌ كه‌متره‌و پێنج كورسی‌ له‌پارتی‌ كه‌متره‌ نیو ملیۆن دۆلاری‌ وه‌رده‌گرت ئه‌ویشیان بڕی‌‌و ئێستا به‌ده‌روێشییه‌كه‌ی‌ جاران ده‌ڕۆین به‌ڕێوه‌.

لڤین: كێ‌ بڕیویه‌تی‌؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: حكومه‌ت بڕی‌، حكومه‌ت بۆ گۆڕان هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكی‌ هه‌یه‌ ده‌توانێت خه‌ڵك بگوازێته‌وه‌، خه‌ڵك ده‌ربكات، چوار زابتمان هه‌یه‌ له‌یه‌ك هه‌فته‌دا چوار جار گواستراونه‌ته‌وه‌.

لڤین: ئێوه‌ كاردانه‌وه‌تان چی ده‌بێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: خۆشه‌ڕناكه‌ین، ته‌نیا له‌ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ده‌ڵێین كه‌ ئه‌و غه‌دره‌مان لێكراوه‌.

لڤین: ئێران یان ئه‌مه‌ریكا كامیان پاڵپشتی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئێران داده‌نیشن ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتیان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بنه‌وه‌ ده‌ڵێن ئێرانیان له‌پشته‌، لای‌ توركیا ده‌ڵێن په‌كه‌كه‌ هانیان ده‌دات، كه‌ ئێرانییه‌كان هاتن بۆلامان وتمان ده‌ڵێن ئێران له‌پشت ئۆپۆزیسیۆن‌و خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌یه‌، ئایا ئێوه‌مان له‌پشتن؟ زۆر له‌پرسیاره‌كه‌مان رامان.

لڤین: ئه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه‌ هاتن بۆلاتان چییان وت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: وتیان كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ توندوتیژی‌ به‌كارنه‌هێنن.

لڤین: به‌ بۆچونی‌ تۆ خۆپیشاندان تاكه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌: به‌ڕای‌ ئێمه‌ تا خه‌ڵكی‌ نه‌بێته‌وه‌ به‌خاوه‌نی‌ ئیراده‌ی‌ خۆی‌ خۆپیشاندان به‌رده‌وام ده‌بێت.

لڤین: پێشبینی‌ چی‌ ده‌كه‌یت؟
قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌، هیوادارم یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ مل بۆ داواكانی‌ خه‌ڵك بده‌ن‌و كوردستان وه‌كو سوریاو لوبنان‌و یه‌مه‌نی‌ لێنه‌یه‌ت.

Sbeiy.com © 2007