Print
 مایكڵ‌ رۆبن: ئه‌مریكا هاوپه‌یمانی كورده‌كانی عیراقه‌ نه‌ك هاوپه‌یمانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
Wednesday, February 6, 2008

 

سازدانی: هێمن لهۆنی

مایكل رۆبن توێژه‌ر له‌ په‌یمانگای ئینته‌رپرایزی ئه‌مریکی بۆ توێژینه‌وه‌ی سیاسه‌تی گشتی پێی وایه‌ ئه‌مریكا هاوپه‌یمانی كورده‌كانی عیراقه‌ نه‌ك هاوپه‌یمانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كورد و توركیش زۆر زیره‌كن له‌ تۆمه‌تباركردنی خه‌ڵك به‌ كاركردن بۆ دووژمنه‌كانیان و ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌كرێگیراوی هیچ ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نێكی بیانی نییه‌.
مایكڵ‌ رۆبن كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی رابردوودا راپۆرتێكی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی "ئایا كوردستانی‌ عێراق هاوپه‌یمانێكی‌ باشه‌؟" بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا به‌رپرسانی حكومی و حزبی هه‌رێمی كوردستانی به‌ تێوه‌گلان له‌گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی تۆمه‌تباركرد، له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عیراق و سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و  مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ ره‌خنه‌ی توندی لێگیرا و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی تۆماركردنی داوای یاسایی له‌دژی كرا.
رۆبن له‌م دیمانه‌یه‌دا ‌ له‌گه‌ڵ‌ سایتی سبه‌ی ده‌ڵێت: "كورده‌كانی عیراق هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نا، گه‌نده‌ڵی هاوپه‌یمانێتی كورد و ئه‌مریكا به‌ره‌و داخوران ده‌بات".
هه‌روه‌ك ته‌ئكیدی له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و شتانه‌ی له‌ راپۆرته‌كه‌یدا باسی كردوون "به‌ته‌واوه‌تی راستن" و ده‌شڵێت: "تا ئێستا هیچ كه‌س له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه‌ بڵێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و زانیارییه‌كانم له‌گه‌لێك سه‌رچاوه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ بریتین له‌ سه‌رچاوه‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكی و لێپرسراوی بانكه‌كان و به‌رپرسه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان".


* سه‌ره‌تا له‌ په‌یمانگای‌ توێژینه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ AEIوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ئایا كاریگه‌ری‌ ئه‌م په‌یمانگایه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت داڕێژه‌رانی‌ ئه‌مریكا چییه‌؟ زۆرێك پێیانوایه‌ ئه‌م په‌یمانگایه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ ئه‌و تۆی‌ نییه‌؟

-په‌یمانگای‌ AEI وه‌ك زانكۆیه‌ك وایه‌و كارده‌كات، ئه‌م په‌یمانگایه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ پسپۆڕی‌ سه‌ربه‌خۆ پێك دێت‌و پێكه‌وه‌ كار‌و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ گشتی‌ ده‌كه‌ن، سه‌ركردایه‌تیی‌ سیاسیی‌ ئێستای‌ كورد پێده‌چێت بڵێن كه‌ ئه‌م په‌یمانگایه‌ هیچ كاریگه‌ریی‌ نییه‌، به‌ڵام من دڵنیام كه‌ باش ده‌زانن پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ راسته‌، هه‌ر به‌هۆی‌ كاره‌كانم‌و نووسینه‌كانم له‌ رۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ بانگ ده‌كرێم بۆ كۆنگرێس، به‌ مه‌به‌ستی‌ شه‌هاده‌دان، هه‌روه‌ها وانه‌ی‌ سیاسه‌ت‌و مێژووی‌ تورك‌و كورد‌و ئێران  به‌ لێپرسراوانی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌مریكی‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ عێراق ده‌كرێن.
هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ریی‌ په‌یمانگای‌ AEI كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌، من هه‌ر لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو خوێنه‌ران ده‌كه‌م كه‌ سه‌ردانی‌ سایته‌كه‌مان بكه‌ن‌و خۆیان بڕیاربده‌ن كه‌ ئێمه‌ چه‌ند كاریگه‌ریمان هه‌یه‌. WWW.AEI.ORG

* تۆ وه‌ك پسپۆڕێكی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌ په‌یمانگاكه‌ خۆت ناساندووه‌، به‌ڵام بۆچی‌ ته‌نها باسی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ له‌ كوردستان ده‌كه‌یت؟ پێتوایه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا گه‌نده‌ڵیی‌ ته‌نها له‌ كوردستاندا هه‌یه‌؟

- گه‌نده‌ڵیی‌ كێشه‌یه‌كی‌ قوڵی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و ئه‌فریقایه‌، به‌ڵام گه‌ر هه‌ركه‌سێك بابه‌ته‌كانی‌ منی‌ خوێندبێته‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ چۆن له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ ره‌خنه‌م له‌ لێپرسراوه‌ ئه‌مریكییه‌كانیش گرتووه‌، هه‌روه‌ها له‌ 2005دا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بابه‌تێكم نووسی‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ له‌ توركیا راوێژكاری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌ (جونێت زاپسو) هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌عوا تۆماركردنی‌ لێكردم، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی‌ توركیا به‌وه‌ تاوانباریان كردم كه‌ به‌كرێگیراوی‌ بارزانیم، حكومه‌تیش بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاساو بۆ شكستی‌ خۆی‌ بهێنێته‌وه‌، زۆرجار خه‌ڵكیی‌ به‌ كاركردن بۆ دوژمنه‌كانی‌ تاوانبار ده‌كات، له‌ م تاوانباركردنه‌شدا تورك‌و كورد زۆر زیره‌كن.

* له‌ بابه‌ته‌كه‌دا داوای‌ سیاسه‌تێكی‌ توند ده‌كه‌یت له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، له‌ دژی‌ كورده‌كان، مه‌به‌ستت چییه‌ له‌ «سیاسه‌تی‌ توند»‌و بۆچی‌؟

- ئاشكرایه‌ كه‌ كورده‌كانی‌ عێراق هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مریكان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نا، گه‌نده‌ڵی‌ هاوپه‌یمانیه‌تی‌ كورد‌و ئه‌مریكا به‌ره‌و داخوران ده‌بات، هیچ كات ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌ كه‌ كورده‌كان په‌یوه‌ندیی‌ بازرگانییان له‌گه‌ڵ‌ ئێراندا هه‌بێت، چونكه‌ ئێران‌و كوردستانی‌ عێراق دراوسێن، به‌ڵام كێشه‌ی‌ راسته‌قینه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ لێپرسراوه‌ كورده‌كان نهێنییه‌كان به‌ ئێران‌و چه‌ك به‌ په‌كه‌كه‌ ده‌فرۆشن، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ناسێۆنالیزمدا نییه‌ به‌ڵكو له‌پێناو قازانجی‌ شه‌خسیدا ده‌یكه‌ن.
مه‌به‌ستیشم له‌ سیاسه‌تی‌ توند ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا پێویسته‌ له‌وه‌ دڵنیابێت كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ ده‌یدات به‌ بارزانی‌‌و تاڵه‌بانی‌ بۆ خه‌ڵكه‌ داماوه‌كه‌ی‌ خه‌رجده‌كرێت یان له‌ كڕینی‌ ئۆتۆمبیلی‌ ئاخر مۆدێل‌و رابواردن‌و به‌زم‌و هه‌رادا سه‌رف ده‌كرێت! ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد سه‌رفكردنی‌ ئه‌و پاره‌و داهاته‌ كه‌ له‌ میانه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراكدا له‌ ساڵی‌ 2003 وه‌ریناگرتووه‌، بۆ خه‌ڵكیی‌ روون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئایا چیان لێكردووه‌؟ هه‌روه‌ها ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌ر تاكێكی‌ كورد جا له‌ كۆشكه‌كانی‌ دۆلاراوا بێت یان گوندێكی‌ گه‌رمیان، له‌ جیاوازییه‌كانی‌ موڵك‌و سامانی‌ حكومه‌ت (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌)‌و موڵك‌و سامانی‌ لێپرسراوه‌ به‌رزه‌كان بزانێت.

* تۆ له‌ قسه‌كانتداو له‌ نووسینه‌كه‌شدا بارزانی‌‌و تاڵه‌بانی‌  به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ سامان تاوانبار ده‌كه‌یت؟ به‌ڵام ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی‌ تۆ ده‌یڵێیت بێبنه‌مایه‌، بۆیه‌ لێره‌دا جێی‌ خۆیه‌تی‌ له‌و سه‌رچاوانه‌ی‌ كه‌ تۆ پشتت پێ‌ به‌ستووه‌ بپرسین؟ ئایا ده‌توانیت ئه‌وه‌ی‌ وتووته‌ بیسه‌لمێنیت؟

- حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌ت پێ‌ بڵێم كه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من له‌ نووسینه‌كه‌مدا وتوومه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ راستن، تا ئێستا هیچ كه‌س له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌یتوانیوه‌ بڵێت ئه‌وه‌م هه‌ڵه‌یه‌. زانیارییه‌كانم له‌ گه‌لێك سه‌رچاوه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ بریتین له‌ سه‌رچاوه‌ی‌ حكومی‌ ئه‌مریكی‌‌و لێپرسراوی‌ بانكه‌كان‌و به‌رپرسه‌كانی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان. جا لێره‌دا ناتوانم زۆریان ئاشكرابكه‌م چونكه‌ سه‌رچاوه‌كانم هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ته‌له‌فۆنییان لێكراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت بیانپارێزم له‌ ئاشكراكردن. له‌دوای‌ بابه‌ته‌كه‌م سه‌رۆك بارزانی‌ ئاشكرایكرد كه‌ له‌ دادگای‌ ئه‌مریكا ده‌عوام له‌سه‌ر تۆمارده‌كات، به‌ڵام دوایی‌ كه‌ زانی‌ ده‌بێت بیسه‌لمێنێت كه‌ شته‌كانی‌ من ناڕاستن، نه‌یتوانی‌ بیكات. به‌لام نامه‌یه‌كیان بۆ AEI به‌ناوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نارد‌و تێیدا هاتووه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ من هه‌ڵه‌م، منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌‌و وتم من زۆر خۆشحاڵم له‌ مونازه‌ره‌یه‌كدا جا له‌ واشنتۆن بێت یان هه‌ولێر، رووبه‌ڕووی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ ببمه‌وه‌ له‌ هه‌ر كه‌ناڵێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا وه‌ك جه‌زیره‌‌و عه‌ره‌بییه‌.
لێره‌دا ده‌ڵێم كاك نێچیرڤان كه‌ی‌ ئه‌و مونازه‌ره‌یه‌ بكه‌ین؟ گه‌ر پیشانتدام هه‌ڵه‌م ئه‌وا داوای‌ لێبوردنت لێده‌كه‌م، به‌ڵام من هه‌ڵه‌نیم.

* جوان كۆڵ‌، سه‌رۆكی‌ په‌یمانگای‌ ئه‌مریكانا گڵۆب، له‌ لێداونێكدا له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ت ده‌ڵێت: «رۆبن كه‌سێكی‌ نزیكی‌ ژه‌نه‌راڵه‌ توركه‌كانه‌و كاره‌كانی‌ به‌شێكه‌ له‌و دڵگه‌رمییه‌ی‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی‌ توركیا‌و ئیسرائیل وه‌ك هاوپه‌یمانێكی‌ نزیك له‌یه‌كتری‌، رۆبن سه‌ر به‌ باڵی‌ ریچارد پێرڵه‌ له‌ پارێزگاره‌ نوێكان كه‌ گرێبه‌ستێكی‌ پڕ سوودیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ توركیا»، تۆ ده‌ڵێیت چی‌؟

- جوان كه‌سێكی‌ نه‌فامه‌، هیچ نازانێت له‌ تیۆری‌ موئامه‌ره‌‌و لێی‌ تێنه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌و له‌‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌ ده‌ڵێت جوله‌كه‌كان له‌پشت هێرشی‌ كیمیاوی‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ن، گه‌ر شانسی‌ له‌به‌رده‌مدا بووایه‌ به‌عس له‌ جوان كۆڵ‌ زیاتر دۆستێكی‌ نزیكی‌ نه‌ده‌بوو، من ژه‌نه‌راڵه‌ توركه‌كان ده‌بینم هه‌روه‌ك لێپرسراوه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بینم، هه‌روه‌ها سیاسییه‌ توركه‌كان ده‌بینم هه‌روه‌ك سیاسییه‌ كورده‌كان ده‌بینم. وه‌ك به‌شێك له‌ كاره‌كه‌م‌و وه‌ك راڤه‌كاری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستێكی‌ فراوان گفتوگۆم هه‌بێت له‌گه‌ڵ‌ لێپرسراوان، من دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ بزنس‌و مادیی‌ له‌پشت كاره‌كانی‌ AEIوه‌ نییه‌، ده‌شتوانین بیسه‌لمێنین. من خۆم  هه‌ڵگری‌ ئه‌ستۆپاكیی‌ ئه‌منیی‌ ئه‌مریكیم، كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌رم بیسه‌لمێنم كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ده‌ره‌كیم نییه‌، به‌پێی‌ قانونی‌ ئه‌مریكی‌ هه‌ر كه‌سێك پاره‌ وه‌رگرێت بۆ كاركردن بۆ هێزێكی‌ بیانی‌، ئه‌وا پێویسته‌ ئه‌و كاره‌ی‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ ئه‌مریكا ئاشكرابكات‌و له‌ كاری‌ ئه‌جێنتی‌ بیانی‌ خۆی‌ تۆماربكات، راپۆرته‌كانیش له‌باره‌ی‌ كاری‌ ئه‌جێنته‌ بیانییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ لیستكراو ده‌توانن له‌م سایته‌وه‌ ببینن http://www.usdoj.gov/criminal/fara/links/annualrpts.html.

* هه‌ندێك كه‌س ئێوه‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ دژی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ كوردن؟

- له‌ نووسینه‌كه‌مدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ بێبه‌ختیی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌ڵین «ئه‌گه‌ر له‌ 100% له‌گه‌ڵماندا نه‌بیت ئه‌وا دوژمنمانیت».
هه‌ر كاتێك یه‌كێك له‌ واشنتۆن كورده‌كانی‌ پشتگوێخستبێت ئه‌وا وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه‌ به‌ ئاشكرا‌و باسی‌ كاره‌كانی‌ سه‌دامم كردووه‌ له‌ ده‌ركردنی‌ كورده‌كان  به‌زۆر له‌ كه‌ركوك، هه‌روه‌ها من پشتگیریی‌ ریفراندۆمی‌ كه‌ركوكم كردووه‌، من له‌گه‌ڵ‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌و گه‌نده‌ڵیی‌ ناكۆكم، كه‌ زۆرێك له‌ كورده‌كان په‌كه‌كه‌ به‌ برای‌ خۆیان ده‌زانن، من چه‌ند جار دووپاتم كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گه‌ر ئه‌مریكا بكه‌وێته‌ بارودخێك له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نكه‌ره‌ یان هه‌ولێر، ئه‌وا ئه‌نكه‌ره‌ هه‌ڵده‌بژێرێت، پێده‌چێت زۆرێك له‌ كورده‌كان ئه‌م قسه‌یان به‌دڵ‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌، ئێستاش ئه‌م راستییه‌ له‌ كاردانه‌وه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌رامبه‌ر تۆپبارانه‌كانی‌ توركیا هه‌ستی‌ پێده‌كرێت.

* تا سنوورێكی‌ زۆر له‌ بابه‌ته‌كه‌تدا نه‌توانیوه‌ بێلایه‌ن بیت، تۆ هاتوویت ته‌نها باس له‌ خاڵه‌ نیگه‌تیڤییه‌كانی‌ كوردستان ده‌كه‌یت له‌ كاتێكدا كوردستان خاوه‌نی‌ چه‌ندین خاڵی‌ پۆزه‌تیڤه‌‌و ته‌نها چیرۆكی‌ سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ عێراق به‌ رای‌ زۆربه‌ی‌ لێپرسراوه‌ ئه‌مریكییه‌كان؟

- من به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر باسی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ كوردستانی‌ عێراقم كردووه‌ له‌ بابه‌ته‌كانمدا هه‌روه‌ك له‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌THE NEW REPUBLIC دا. كوردستانی‌ عێراق به‌ڵێ‌ سه‌ركه‌وتووترین هه‌رێمی‌ عێراقه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ تۆ بیكه‌یته‌ بیانوو بۆ پشتگوێخستنی‌ كێشه‌كان‌و به‌ره‌و نه‌بردنی‌ زیاتری‌ هه‌رێمه‌كه‌.
* ئێوه‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ‌ له‌ كوردستاندا ژیاون، ئایا چیت هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ عێراق؟
- كوردستانی‌ عێراق به‌شێكی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ژیانی‌ من، من چه‌ندین دۆستم هه‌یه‌ له‌ كوردستانی‌ عێراق، زۆربه‌ی‌ ئیمێڵه‌كان كه‌ به‌ده‌ستم گه‌یشتوون پۆزه‌تیڤن، هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌ڕه‌شه‌م لێكراوه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ من به‌م نزیكانه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان، به‌ڵام ئه‌وان باش ده‌زانن كه‌ ناتوانن ده‌ستم بۆ به‌رن، هه‌روه‌ها باش ده‌زانن حكومه‌تی‌ ئه‌مریكی‌ سه‌رزه‌نشتیان ده‌كات له‌ هه‌ر كارێك به‌ بیانووی‌ «كاره‌ساتی‌ ئۆتۆمبیل» یان «ئه‌نسارولئیسلام».

* ئایا له‌و باوه‌ڕه‌دا بوویت كه‌ له‌دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ت ده‌عوات له‌سه‌ر تۆماربكرێت؟

- هیچ كه‌سێك ده‌عوای‌ له‌سه‌ر تۆمارنه‌كردووم، ئه‌وان له‌سه‌ر هاوڵاتیی‌ تۆماریان كردووه‌، من هیچ كات چاوه‌ڕێی‌ ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌م نه‌ده‌كرد، له‌ ده‌عواكه‌ی‌ دژی‌ هاوڵاتی‌، سه‌رۆك تاڵه‌بانی‌ ناڕه‌زایی‌ هه‌بووه‌ له‌ به‌شێكی‌ نووسینه‌كه‌م كه‌ له‌باره‌ی‌ بردنی‌ ژنانه‌ له‌لایه‌ن لێپرسراوه‌ كورده‌كان بۆ لێپرسراوه‌ ئه‌مریكییه‌كان، به‌ڵام من نه‌موتووه‌ له‌ سلێمانی‌ ئه‌م كاره‌ روویداوه‌ به‌ڵكو له‌ هه‌ولێر روویداوه‌.
به‌ هه‌راسانكردنی‌ هاوڵاتی‌، سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد بابه‌ته‌كه‌یان له‌ ئاستێكی‌ لۆكاڵییه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ئاستێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، من لێره‌دا ئه‌وه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد ده‌ڵێم ئه‌وه‌نده‌ی‌ كات له‌ خۆتاندا سه‌رف ده‌كه‌ن نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا سه‌رفیبكه‌ن، ئه‌وا كوردستانی‌ عێراق ده‌بێته‌ دوبه‌یه‌كی‌ نوێ‌. ئه‌مڕۆ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد بڕیاربدات ئایا كوردستانی‌ عێراق ده‌بێت به‌ دوبه‌ی‌ یان غه‌ززه‌، من له‌به‌ر خاتری‌ هه‌موو كورد هیوادارم سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد بڕیارێكی‌ راست بدات.

Sbeiy.com © 2007