سازدانی: هیوا جەمال
عیماد ئەحمەد، ئهندامی مهکتهبی سیاسی (ی.ن.ک) له دیمانهیهکدا لهگهڵ رۆژنامه رایدهگهیهنێت: ئەوانەی دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆن داوە، هۆشیارترن لە هەندێك لەوانەی دوای یەكێتی و پارتی كەوتون، عیماد ئەحمەد؛ لەبارەی دانوستاندنەوە دەڵێت: دەرگامان دانەخستوە و ڤیتۆمان نییە لەسەر هیچ بۆچونێك. ئەو، كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەم چاوپێكەوتنەی «رۆژنامە»دا، دەڵێت: شێخ جەعفەر، ئەمری سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی جێبەجێكردوە.
رۆژنامە: خوێندنەوەت بۆ كۆبونەوە چاوەڕوانكراوە پێنجقۆڵییەكە چییە، لەو بڕوایەدایت كە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت دانوستاندن بكات؟
عیماد ئەحمەد: بۆ ئۆپۆزسیۆن، دەبێت پرسیار لەخۆیان بكەیت، بەڵام ئێمە وەك دەسەڵات، ئامادەین بۆ دانوستاندن، ئامادەین بۆ چاككردنی بارودۆخەكە و پەیوەندیی نێوانمان.
رۆژنامە: دەوترێت، دەسەڵات ئامادەیە گفتوگۆ بكات، بەڵام ئامادە نییە دانوستاندن بكات، ئێوە دەتوانن دانوستاندن بكەن؟
عیماد ئەحمەد: بەڵێ.
رۆژنامە: لەسەر چی دانوستاندن دەكەن؟
عیماد ئەحمەد: ناتوانین پێشوەخت هیچ دیاریی بكەین، بەڵام ئێستا لەگەڵ برایانی پارتیدا خەریكین، بەرنامەی خۆمان دادەنێین، داخوازییەكان و بەرنامەی (17) خاڵەكەی پەرلەمان تاوتوێ دەكەین، لەگەڵ حیزبە هاوپەیمانەكانی خۆمان، گفتوگۆ دەكەین، لەم ماوەیەشدا گوێمان لە خەڵكانی بێلایەن و ناوەوەو دەرەوە گرتوە، پێویستیمان بە چاكسازی هەیە، پێویستمان بە گۆڕانكاری لە پەیوەندییەكانی نێوان خۆمان و حكومەت و پەرلەمان هەیە.
ناڵێین، كەموكوڕییمان نییە، ئەوەشمان نەشاردوەتەوە، كاتێكیش لە كاردا هەڵە دەكەین، دەتوانین چارەسەری بكەین، پێمان خۆشە كە هەمولایەك بەشدار بن لە چارەسەركردندا، پێمان خۆش نییە، كەس وەلا بنێین، جا ئێمە چی وەردەگرین، چی دەدەین، ناتوانم پێشوەخت بڕیار لەوە بدەم، دەمێنێتە سەر ئەوانەی كە دێن، داوای چی دەكەن، بۆ نمونە، ماوەیەك داوای هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگا شهرعییهكانیان دەكرد، ئەوە قبوڵ ناكەین.
رۆژنامە: ئەڵتەرناتیڤتان هەیە بۆ هەڵنەوەشاندنەوە؟
عیماد ئەحمەد: پێمان خۆشە حكومەت فراوان بكەین، با بێنە ناو حكومەتەوە.
رۆژنامە: فراوان، مەبەستت چییە، وەزارەت زیاد دەكەن، یان واز لە هەندێك وەزارەت دەهێنن بۆ ئۆپۆزسیۆن؟
عیماد ئەحمەد: پێمان خۆشە، ئۆپۆزسیۆن هەمویان بەشداریی لە وەزارەتدا بكەن.
رۆژنامە: لەم وەزارەتانەی كە هەن، یان وەزارەتی دیكە زیاد بكەن؟
عیماد ئەحمەد: نا، لەم وەزارەتانەی كە هەن، ئەگەر پێویستیش بكات، وەزارەت فراوان بكەین، یان تەقلیسی بكەین (كە پێشتر خۆمان كەممان كردوەتەوە) ئەوا دەیكەین، با لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دانیشین، بزانین ئەوان بۆچونیان چییە، بەڵكو ئەوان بڵێن، كەمتر یان زیاتری بكەنەوە، لەوانەیە بڵێین باشە، بەڵام بە ئیقناع، كامیان خزمەتی كورد و كەمكردنەوەی گەندەڵی و چاكسازی تێدابو، ئەوە دەكەین، دەرگامان دانەخستوە و ڤیتۆمان نییە لەسەر هیچ بۆچونێك.
رۆژنامە: هێڵی سورتان هەیە بۆئەوەی هەندێك وەزارەت (سیادی) نەدەن بە دەرەوەی یەكێتی و پارتی؟
عیماد ئەحمەد: مامەڵە بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەكەین.
رۆژنامە: كەواتە، حكومەتی تەوافوقتان قبوڵ نییە؟
عیماد ئەحمەد: لەگەڵ ئەوەین كە دانیشتن بكەین و بەتەوافوق پشكی هەڵبژاردن دابەش بكەین، نەك حكومەتی تەوافوق پێكبهێنین.
رۆژنامە: باشە، ئێستا گۆڕان (25) كورسی هەیە لە پەرلەماندا، یەكێتی و پارتیش هەریەكەیان لە نێوان (29 و 30) كورسیین، ئەگەر گۆڕان داوای یەكێك لە وەزارەتەكانی (ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی) بكات، ئێوە هێڵی سورتان هەیە بۆئەوە؟
عیماد ئەحمەد: ئێستا، ناتوانم لەوبارەیەوە قسە بكەم، چونكە بڕیاری وامان نەداوە، واتا رامان لەوبارەیەوە نییە، بەڵام كاتی خۆی، «گۆڕان» كە نەهاتە ناو حكومەتهوه، لەوەوە نەبوە كە پشكی كەم بوە، ئەو پێشتر رەتی كردوەتەوە، بەڵام كۆمەڵ بۆچونی تری هەبو، وتی «دێم»، بەڵام داوای شتی زیاتری كرد، یەكگرتو وتی «نایەم»، بەڵام ئایا ئێستا هەمویان بۆچونی ساڵونیوێك پێش ئێستایان هەیە، یان گۆڕاون، ئەوە وەڵامەكەی لای خۆیانە.
رۆژنامە: دەوترێت، لایەنی دەسەڵات، حكومەتی بنكەفراوان، یاخود ئۆپۆزسیۆنبونی لەو سێ حیزبە دەوێت، جگە لەم دوانە، هیچ هەڵبژاردەیەكی تر هەیە قسەی لەبارەوە بكرێت؟
عیماد ئەحمەد: هەر ئەوەیە، دەبێت ئۆپۆزسیۆن شەریك بن لەگەڵماندا، یان بە ئۆپۆزسیۆنی بمێننەوە، بەڵام وەك ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دومانگ لەمەوبەر نا، ئەوە ئۆپۆزسیۆنی نەبو.
رۆژنامە: ئەی چی بو؟
عیماد ئەحمەد: نازانم، ئەوە بە هەڵچون و چاولێكەری دەزانم و پێموایە تەقدیری هەڵەیان كردبو بۆ بارودۆخی مەوزوعی و زاتی كوردستان، بڕواناكەم ئەوە ئەزمونێكی سەركەوتو بوبێت، دەبێت دەرسی لێوەرگرین، ئەگینا دەكەوینە هەڵەی ترەوە.
رۆژنامە: ئەی ناكرێت دەسەڵاتیش، پهندی لێوەربگرێت؟
عیماد ئەحمەد: بهڵێ، دەرسمان لێوەرگرتوە و سەرگەرمی كاری خۆمانین. ئێستا سیاسەتمان ئەوەیە، ئۆپۆزسیۆن بێنە پێشو پێشوازییان لێدەكەین، نەیەنە پیش، ئێمە ئیشی خۆمان دەكەین. لەمەودوا كاری خۆمان پەك ناخەین، لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن دێت، یان نا.
رۆژنامە: سەبارەت بە ئاساییبونەوەی بارودۆخ، پێتوایە ئێستا بارودۆخ ئاساییبوەتەوە؟
عیماد ئەحمەد: بەراورد بە چەند مانگی پێشو، زۆر جیاوازە، بەڵام كتومت نا.
رۆژنامە: پێتوایە، بارودۆخی هەرێمی كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ پێش (17)ی شوبات؟
عیماد ئەحمەد: بەرەو باشتر دەگەڕێتەوە.
رۆژنامە: بڕوات وایە، ئەو ناڕەزاییانە كە وەك ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، بەهۆی هێزەوە كۆتایی پێهێنرا، ئێستا نەمابن؟
عیماد ئەحمەد: ئەوەی كە ئۆپۆزسیۆن كردویەتی، هەر بەردەوامە، بەڵام شێوەی ئیشكردنیان گۆڕانی بەسەردا هاتوە.
رۆژنامە: لە چیدا گۆڕاوە؟
عیماد ئەحمەد: ئەوەی جاران پێیان دەكرا لەبەردەركی سەرا، ئێستا پێیان ناكرێت.
ئەوەی كە هەبو، هەمو جەماوەر نەبو، بڕوام وایە، هەر لایەنە سیاسییەكان خۆیان بون، لە پەرلەمان و راگەیاندن كردیان، دوایی هێنایانە بەردەركی سەرا، ئەوەی لە وڵاتانی دەوروبەر قەوما، وتیان لێرەش دەقەومێت، بەڵام دەركەوت دو شتی جیاوازە.
رۆژنامە: پێتانوایە، ئەوە ناڕەزایی خەڵك نەبوە، هی ئۆپۆزسیۆن بوە؟
عیماد ئەحمەد: ئۆپۆزسیۆن بو، ویستی بە راگەیاندن بیكاتە هی خەڵك، نەكرا، چونكە نە تەشەنەی كرد هەمو كوردستان بگرێتەوە، نە ژمارەكەشی ئەوەندە زیادیكرد كە خەڵك حسابی بۆ بكات، رۆژ بەڕۆژ بەرەو كەمبونەوە دەچو. بۆ بەم شێوەیە كۆتایی پێهات؟
رۆژنامە: ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، بەهێز كۆتایی پێ هێنراوە، ئەوە وایە؟
عیماد ئەحمەد: نا، بەو شێوەیە نییە، لە رۆژەكانی پێش كۆتاییدا، رۆژ هەبوە (200) كەس برینداربوە، دوای كۆتایی پێهێنان، لەو رۆژەوە تا ئێستا، (200) كەس بریندار نەبوە.
رۆژنامە: كەواتە پێتانوایە، هێنانی ئەو هێزانە، خێری تێدا بو بۆ سلێمانی؟
عیماد ئەحمەد: بێگومان، بڕوام وایە كە خێری تێدابو بۆ كورد و شاره خۆشهویستهکه، كە تەشەنەی نەكردو ئینفلاتی ئەمنی نەبو.
لەبەردەركی سەرا، داخوازیی رەوای تێدابو، بەڵام خەڵك هەبو كە دەیوت، پارەمان پێ نییە، بۆناچێت ئیش بكات و پارە پەیدا بكات، یانی لەم وڵاتەدا ئیش نییە تا خەڵك بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت؟
رۆژنامە: وا بیردەكەنەوە، ئەوانەی نەهاتونەتە سەر جادە، واتا لە حكومەتەكە رازین؟
عیماد ئەحمەد: لەوانەیە لە دەسەڵات ناڕازی بن، بەڵام لە شێوازی ئۆپۆزسیۆنیش ناڕازین. دوایان نەكەوتون، ئەوانەی دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆن داوە، (20%)ی نەهاتوەتە سەر جادە.
ئەوانەی دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆن داوە، هۆشیارترن لە هەندێك لەوانەی دوای یەكێتی و پارتی كەوتون، چونكە بۆهەمو شتێك دوای ئۆپۆزسیۆن ناكەون.
رۆژنامە: دەوترێت، ئەو ناڕەزاییانەی پێشتر لەسەر جادە هەبون، ئێستا لەفەیسبوكدان؟
عیماد ئەحمەد: پێشتریش هەبون، بەڵام چەند كەس لەسەر فەیسبوك كاردەكهن؟
رۆژنامە: لەوانەیە دەیان هەزاركەس لەفەیسبوكەوە، بەردەوام ناڕەزایی دەرببڕن، ئێوە حساب بۆ ئەو ناڕەزاییانە دەكەن؟
عیماد ئەحمەد: بەڵێ، بەڵام ئەوانەی كە لەفەیسبوكن، ههمویان لەگەڵ گۆڕانن؟ ناتوانین بڵێین، ناڕەزایی نەماوە، بەڵام بڕوام وایە، لەم ئەزمونەدا، ئەو سێ حیزبە زەرەریان كرد، دەسەڵات قازانجی كرد.
رۆژنامە: لەوە ناترسن، ئەو ناڕەزایەتییانەی لە فەیسبوكەوە دەردەبڕدرێن، جارێكی تر خۆپیشاندان دروست بكەنەوە لەسەر جادە؟
عیماد ئەحمەد: نهخێر، ئەوەی لە وڵاتانی تردا رودەدات، هۆكاری دەرەكی هەیە، لێرە پێچەوانەیە و زروفی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
بهشێک لەوانەی لەسەر فەیسبوك كاردەكەن، لایەنگری ئۆپۆزسیۆنن، پێچەوانەكەشی هەیە، لایەنگری دەسەڵاتن.
ئەو شتانە بە بڕیار ناكرێن، ئەگەر وابوایە، ئەوا وەك میسر و تونسمان لێدەهات، خۆ هێزی سەربازی ئێمە لە تونس و میسر بەهێزتر نییە، چیمان بەكارهێناوە، تۆ دەڵێیت هێزت بەكارهێناوە، نه ئهوسا ئهژنۆمان شکابو، نه ئێستاش لهخۆمان بایی بوین، دهبێت ههمو لایهک ههوڵی چارهسهری کێشهکان بدهین، چونکه به نهمانی خۆپیشاندهرانی بهردهرکی سهرا، دنیا نهبوه به شامی شهریف و کێشهکان ماون و دهبێت چارهسهر بکرێن.
رۆژنامە: نوكتەیەكی سیاسی هەیە، با بۆت بگێڕمەوە، دەڵێن: بەشار ئەسەد، جوابی بۆ مام جەلال ناردوە، وەزیری پێشمەرگەی بۆ بنێرێت، چونكە موعجەب بوە بەوەی كە لەو ماوە كەمەدا، خۆپیشاندانەكانی سەركوت كردوە...
عیماد ئەحمەد: چ كەسێكی تیاكوژرا؟ چ خوێنێك رژا؟ بەڵام من نوكتەیەكی ترت بۆ بگێڕمەوە، دەڵێن: وتویانە، بۆچی لە هەولێر، خەڵك نایەتە سەرجادە، دەڵێن، كاك نەوشیروان، كاك سەڵاحەدین و كاك عەلی باپیر، وتویانە ئێمە خۆمان بسوتێنین لەسەر جادە، بۆئەوەی ئێوە خۆپیشاندان بكەن؟ خەڵكیش وتویانە، نا وەڵڵا، ئێمە خۆمان دەسوتێنین، ئێوە وەرنە سەرجادە.
چ رەواییەكی حەقە، ئەو بەراوردە بكرێت، من ناڵێم تەجاوز نەكراوە، تۆ یەكێكیت لەوانەی ئەزیەتیان داویت، پێمان ناخۆش بوە، بەڵام ناكرێت بەراوردمان بكەن بە سوریا، ئاخر ئەوەیە بەراوردەكەتان.
رۆژنامە: بەراوردی خەڵكە..
عیماد ئەحمەد: نا، ئێوەن، خەڵك سەد جار دەستخۆشی لە شێخ جەعفەر دەكات. بینیت كە لەبازاڕ چەند كەس باوەشی بۆ كردەوە، ئەوە خەڵك نین؟
رۆژنامە: با لەبارەی یاساوە قسە بكەین، پێتوایە، ئێستا یاسا سەروەرە؟
عیماد ئەحمەد: ئێستا لە (10) ساڵ و (3) ساڵ لەمەوبەر كە گۆڕان لەناو یەكێتی بوە، سەروەرترە. كە كۆمەڵ و یەكگرتوش لە كابینەی ئێمە بون (كابینەی پێنجەم)، ئێستا ئەگەر یاسا سەروەرتر نەبێت، كەمتر نییە.
رۆژنامە: دەوترێت، یاسا سەروەرە بۆئەوانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن، بەڵام ئەوانەی لەناو دەسەڵاتن، وانییە، نمونەش بەوە دەهێننەوە كە رۆژنامەنوسان دەدرێنە دادگا و تۆمەتباران بەكوشتنی خەڵك، دەستگیر نەكراون، سەروەری یاسا لەكوێدایە؟
عیماد ئەحمەد: ئەوە بە هەڵە دەزانم. ناكرێت لە شوێنێكدا ناحەقییەك هەبێت، تەعمیم بكرێت. پێویستە ئەوانەی تەقەیان كردوە، لەهەردو بەش بدرێنە دادگا.
رۆژنامە: پرسیارەكە لێرەدایە..
عیماد ئەحمەد: نەكراوە، هەڵەیە.
رۆژنامە: بۆ ناكرێت؟
عیماد ئەحمەد: دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای لێپێچینەوە دەكەن. بیستومە دەڵێن، چونەتە دادگا و ئیفادەیان داوە. ناكرێت واش بوترێت كە یاسا لە وڵاتی ئێمە سەروەر نییە و وەك سۆماڵە، نا برا، تۆش وای لێمەكە. بێعەیب نین، بەڵام بەو شێوەیە نییە، بەس ئێوە مێش دەكەنە گامێش و كەی بشتانەوێت، گامێش دەكەنە مێش.
رۆژنامە: هەر لەسەر وەزیری پێشمەرگە، لەماوەی رابردودا، لێدوانی «توند»ی دا، دەوترێت كە مەكتەبی سیاسی ئاگاداری كردوەتەوە كە لێدوانی لەو شێوەیە نەدات، تا چەند ئێوە ئەو رۆڵەتان بینیوە؟
عیماد ئەحمەد: ئێمە، شانازی بە خهباتی شێخ جەعفەر و خەباتی ئەوەوە دەكەین، ئەو ئەمری جێبەجێكردوە.
رۆژنامە: ئەمری كێ؟
عیماد ئەحمەد: ئەمری سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمری سەرۆكی حكومەت، ئیجرائاتێكی كردوە، بۆ خۆی نەكردوە. ئێمە چهندین جۆر هەواڵمان بۆ هاتوە، كە چەك كڕدراوە و دابەشكراوە، ئەی وەزیری پێشمەرگە چی بكات، ئەی بۆ وەزیری پێشمەرگە چوە بازاڕ، هەمو باوەشیان بۆ كردەوە.
بۆ ئێوە وا تەسەوری دەكەن، دژ بەگەلەكەی ئیشی كردوە، نا، ئەو ئیشێكی نیشتمانی كردوە.
رۆژنامە: لە قسەكانتدا، باسی دابەشكردنی چەكتان كرد، هیچ بەڵگەیەكتان هەیە بۆئەوە؟
عیماد ئەحمەد: نەمبینیوە، بەڵام ئەو هەواڵانەمان بۆ هاتوە، من ئەو دەزگایە نیم كە ئەو زانیارییانەم لابێت، لەكۆبونەوەكاندا باسی كراوە، بزانە قاچاخچییەكان چ چەكێكیان فرۆشتوە. كێ ئەوە قبوڵ دەكات كە دەستدرێژیی بكرێتە سەر یاسا و دەسەڵات.
رۆژنامە: لە زۆر شوێن كە خۆپیشاندان دەكرێت، توندوتیژی رودەدات و شوشە دەشكێنرێت، بەڵام لەبەرامبەردا خەڵك ناكوژرێت...
عیماد ئەحمەد: ئێ ئیجرائات دەكرێت...
رۆژنامە: بەڵام خوێنی كەس ناڕێژرێت..
عیماد ئەحمەد: دەكەوێتە سەر شێوازەكە. زۆرجار لە زۆر شوێن، خوێن رژاوە، لە ئەمهریكا و بەریتانیا هەبوە. خۆپیشاندانێك بچێتە سەر پێنتاگۆن، یان كۆشكی سپی، هەروا دەهێڵن كە كۆشكی سپی بسوتێنن.
رۆژنامە: بەڵام، خۆ لێرە كۆشكی سپی نەسوتاوە؟
عیماد ئەحمەد: ئەگەر بۆیان بچوایەتەسەر، دەیانسوتاند. دەیانویست چەند بارەگایەك بسوتێنن، من ناڵێم كۆشكی سپییە، بەڵام دەیانوت دەچینە سەر ئاسایش، قایمقامییەت و پارێزگا...
ئێمە نە پشتگیری توندوتیژی دەسەڵات دەكەین، نە ئۆپۆزسیۆن، هەمو جارێك دەمانوت، بچنە پاركی ئازادی، هەر جوێن بدەن، گەردنتان ئازاد بێت.
رۆژنامە: ئێستا، دەهێڵن خۆپیشاندان لە پاركی ئازادی بكرێت؟
عیماد ئەحمەد: بەڵێ.
رۆژنامە: سەبارەت بە كۆبونەوە پێنجقۆڵییەكە، چاوەڕێی چی دەكەن؟
عیماد ئەحمەد: خۆمان ئامادە دەكەین، بەرنامەی خۆمان دادەنێین، وەفدی خۆمان دادەنێین، هەمو هیوامان ئەوەیە كە بگەینە ئەنجامێكی باش.
ئێمە پێمان خۆشە كە دەسەڵات دەستاودەست بكرێت، پێمان خۆشە هەڵبژاردنێكی تریش بێتە ئاراوە.
رۆژنامە: ئامادەی ئەوەن، دەستاودەستی دەسەڵات بكەن.
عیماد ئەحمەد: بەڵێ، زۆر ئاساییە، ببینە ئۆپۆزسیۆن، بزانن، دەبینە چ ئۆپۆزسیۆنێك.
رۆژنامە: حەزدەكەین كە بتانبینین بە ئۆپۆزسیۆنیی، بزانین چۆنن؟
عیماد ئەحمەد: زۆر ئاساییە، ناڵێم تەمەننای دەكەم، بەڵام یەكتر قبوڵ بكەین.
رۆژنامە: كۆبونەوە پێنجقۆڵییەكە لە چ ئاستێكدا دەبێت؟
عیماد ئەحمەد: بڕواناكەم، جارێك ئاستە بەرزەكان لەبەرنامەدا هەبێت. لەوانەیە لە ئاستی مەكتەبی سیاسیدا بێت.
رۆژنامە: بڕوات وایە كە لەو ئاستەدا چارەسەر بدۆزرێتەوە؟
عیماد ئەحمەد: نە ئێمە و پارتی بەبێ سەرۆكەكانمان بڕیار دەدەین، نە ئۆپۆزسیۆنیش بەبێ سەرۆكەكانیان بڕیار دەدەن.