Print
 عه‌بدولباقی‌ یوسف: له‌ سوریای‌ نوێدا فیدراڵیمان ده‌وێت
Wednesday, June 8, 2011

دیمانه‌: شه‌نكار عه‌بدوڵا
ژماره‌ی‌ كوردانی‌ رۆژئاوا له‌ سوریا زیاتر له‌ 3 ملیۆن كه‌سه‌، له‌ دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سوریاوه‌ كورد ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌، له‌ئێستاشدا كه‌ خۆپیشاندانه‌كان زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ سوریای‌ گرتوه‌ته‌وه‌، شاره‌ كوردییه‌كانیش به‌فراوانی‌ خۆپیشاندان ده‌ستپێكردوه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ سبه‌ی، عه‌بدولباقی‌ یوسف ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حیزبی‌ یه‌كێتی‌ كورد له‌ سوریا ده‌ڵێت: "رۆڵی‌ كورد له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا زۆر گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد پێكهاتیه‌كی‌ سه‌ره‌كیه‌ له‌ سوریا، بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش پێویسته‌ هه‌مو پێكهاته‌كانی‌ سوریا به‌شداربن، ئه‌گه‌ر كورد به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ نه‌كردایه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان مه‌وقیفی‌ لاواز ده‌بو، به‌ڵام به‌م به‌شدارییه‌ گه‌رموگوڕه‌ی‌ كورد ده‌ریخست بۆ سوریا میله‌تی‌ كورد چه‌نده‌ به‌هێزه‌".

سبه‌ی‌: وه‌ك كوردانی‌ رۆژئاوا بۆچی‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌شداری‌ خۆپیشانادناتن نه‌كرد، له‌ ئێستادا له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌ كوردییه‌كان خۆپیشاندان ده‌كرێت؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌مان ویست كێشه‌ بۆ خه‌ڵكی‌ خۆمان دروست بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی‌ چاوی‌ رژێمی‌ سوریا به‌ته‌واوه‌تی‌ نه‌خه‌ینه‌سه‌ر كورد، كورد سه‌ركوت بكه‌ن، له‌بیرمان نه‌چێت پێشتریش رژێمی‌ سوری‌ به‌رای‌ گشتی‌ عه‌ره‌بی‌ وتوه‌ كه‌ كورد ده‌یانه‌وێت یه‌كپارچه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ت بكه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ سه‌برمان گرت، هه‌تا ئه‌وكاته‌ی‌ خۆپیشاندان هه‌مو شاره‌كانی‌ سوریای‌ گرته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ش به‌شداری‌ خۆپیشاندانمان كرد، پێویستی‌ قۆناغه‌كه‌ش وای‌ ده‌خواست ئێمه‌ دره‌نگتر به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا هه‌مو شاره‌ كوردییه‌كانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ قامیشلو عاموده‌ ‌و ده‌رباسی‌ ‌و سه‌رێ‌ كانی‌ ‌و كۆبان ‌و عه‌فرین، هه‌تا ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ كوردانه‌ی‌ دیمه‌شق كه‌ كوردیا زۆره‌.

سبه‌ی‌: له‌ئێستادا خۆپیشاندانه‌كان به‌چی‌ گه‌شتون؟ ئایا هیچ ده‌رفه‌تێ‌ ماوه‌ بۆ چاكسازی‌ كه‌ به‌شار ئه‌سه‌د بیكات؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: له‌ ئێستادا هیچ شارێك نه‌ماوه‌ خۆپیشاندان تێیدا ساز نه‌بوبێت، ته‌نها له‌ هه‌ندێ‌ پارێزگا زیاتر و له‌هه‌ندێكی‌ كه‌متر، به‌ڵام به‌گشتی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ سوریا رۆژ به‌رۆژ فراوانترو گه‌وره‌تر ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ قه‌تڵ ‌و عامكردنی‌ خه‌ڵكی‌ به‌رده‌وامه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ سه‌رباز و ده‌زگا سیخوڕییه‌كانیانه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دروشمه‌كانی‌ خۆپیشاندان رۆژ به‌رۆژ زیاتر ده‌بن، له‌ زۆربه‌ی‌ شوێنه‌كان داوی‌ كه‌وتنی‌ رژێمی‌ سوری‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌لانه‌ی‌ كه‌ پێشتر هه‌بون ئێستا كه‌متر بونه‌ته‌وه‌، رۆژ له‌رۆژ بێت كه‌متریش ده‌بنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د پێشتر چاكسازی‌ ریشه‌ی‌ بكردایه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ نه‌ده‌گه‌شته‌ ئه‌م ئاسته‌ی‌ ئێستا، بۆیه‌ ئێستا هیچ هه‌لێك نه‌ماوه‌ له‌به‌رده‌م رژێمدا.

سبه‌ی‌: ده‌وری‌ كوردانی‌ رۆژئاوا چییه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا؟ یان كورد له‌كوێی‌ خۆپیشاندانه‌كاندایه‌؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: رۆڵی‌ كورد له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا زۆر گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورد پێكهاتیه‌كی‌ سه‌ره‌كیه‌ له‌ سوریا، بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش پێویسته‌ هه‌مو پێكهاته‌كانی‌ سوریا به‌شداربن، ئه‌گه‌ر كورد به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ نه‌كردایه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان مه‌وقیفی‌ لاواز ده‌بو، به‌ڵام به‌م به‌شدارییه‌ گه‌رموگوڕه‌ی‌ كورد ده‌ریخست بۆ سوریا میله‌تی‌ كورد چه‌نده‌ به‌هێزه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئێمه‌ی‌ كورد ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌ سه‌رهه‌ڵدان بكه‌ین، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ وه‌ك كورد له‌گه‌ڵ هه‌مو پێكهاته‌كانی‌ سوریادا داخوازی‌ هاوبه‌شمان هه‌یه‌، هه‌مومان پێویستمان به‌ چاكسازی‌ هه‌یه‌ له‌بواره‌كانی‌ دیموكراسی‌ ‌و سیاسی‌ ‌و ئابوریدا، ئێمه‌ به‌رده‌وام دژی‌ چه‌وسانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بوین، خۆشمان به‌یاننامه‌مان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پشتگیری‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ین نه‌ك حكومه‌ت.

سبه‌ی‌: له‌ ئێستادا یه‌كڕیزی‌ له‌نێوان كوردانی‌ رۆژئاوا چۆنه‌؟ به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان حیزبه‌ كوردییه‌كاندا؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: ئێمه‌ ئه‌نجومه‌نێكی‌ سیاسیمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ 9 حیزبه‌وه‌ دروستمان كرد، دواتر سێ‌ حیزبی‌ كوردی‌ تر هاتن، به‌ هه‌ر 12 حیزبه‌كه‌مانه‌وه‌ پلاتفۆرمێكمان دروستكرد به‌ناوی‌ (پارتا ته‌ڤگه‌را كوردی‌) بۆچونی‌ خۆمان خستوه‌ته‌ڕو له‌باره‌ی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ له‌ سوریا هه‌یه‌، هه‌فته‌ی‌ پێشو كۆبونه‌وه‌یه‌كمان هه‌بو له‌ دیمه‌شق له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوری‌، بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ تێكه‌ڵ ده‌بین له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوری‌.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ مه‌ترسیتان له‌وه‌ نیه‌، وه‌ك كوردانی‌ باشور له‌ سه‌رده‌می‌ شۆڕشی‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم و كوردانی‌ رۆژهه‌ڵات له‌ سه‌رده‌می‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ و كوردانی‌ باكور له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌تاتورك كه‌ چۆن به‌شداری‌ شۆڕشیان كرد، دواتر بێبه‌شكران و بارودۆخی‌ كورد به‌ره‌و خراپترچو؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: بێگومان هێشتا ئه‌و مه‌ترسی‌ په‌راوێز خستنمان هه‌یه‌، چونكه‌ تا هه‌نوكه‌ش ناسنامه‌ی‌ كورد له‌ سوریا دانپێدانراو نیه‌، رژێمی‌ به‌عس له‌ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیدا زۆر كاریگه‌ری‌ هه‌بو له‌سه‌ر شه‌قامی‌ سوری‌ ‌و به‌ته‌واوه‌تی‌ هانیداون له‌دژی‌ میله‌تی‌ كورد، بۆیه‌ له‌ هه‌ردو كۆنگره‌ی‌ (برۆكسل ‌و ئه‌نتاڵیا) بانگهێشت نه‌كراین، ئه‌مه‌ش ده‌یانه‌وێت میلله‌تی‌ كورد په‌راوێزبخه‌ن، له‌ هه‌ردو كۆنگره‌كه‌دا هیچ كه‌سێكی‌ كوردیان بانگهێشت نه‌كردوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌ر 12 حیزبه‌ كوردییه‌كه‌ بایكۆتی‌ هه‌ردو كۆنگره‌ی‌ (برۆكسل ‌و ئه‌نتاڵیا)مان كرد، ئه‌وه‌ش ده‌زانین قۆناغی‌ ئێستا تیایداین قۆناغێكی‌ راگوزه‌ره‌ و ئه‌و رژێمه‌ش دوای‌ رژێمی‌ به‌عس دێت ناتوانێت وه‌ك به‌عس حوكم بكات، بۆیه‌ پێش هه‌رشتێ‌ ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م رژێمه‌ بروخێت، چاكسازی‌ حه‌قیقی‌ بكرێت.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ كه‌ بانگهێشتی‌ هه‌ردو كۆنگره‌ی‌ (برۆكسل ‌و ئه‌نتاڵیا) نه‌كراون، ئیتر چ ئومێدێكتان به‌و كۆنگره‌ هه‌یه‌؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: به‌رای‌ من هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك دروست بێت له‌نێوان ئۆپۆزسیۆنی‌ سوری‌ شتێكی‌ باشه‌، ئاخر رژێمی‌ سوری‌ رێگه‌ی‌ نه‌داوه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پێشتریش هه‌بوبێت به‌ده‌یان ساڵه‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوری‌ سه‌ركوت كردوه‌، بۆیه‌ ئێستا هه‌لێكی‌ باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ كۆنگره‌ و كۆنفرانسه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن پێك بهێنن، بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌س نه‌توانێت میله‌تی‌ كورد په‌راوێز بخات، گفتوگۆی‌ حه‌قیقی‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ سوریادا دروست ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ چالاكی‌ هاریكاری‌ یه‌كتر بكه‌ین، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ بانگهێشت نه‌كراوین ‌و بڕیاری‌ باش له‌سه‌ر كورد نه‌دراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر ئومێدمان به‌و كۆنگرانه‌ هه‌یه‌.

سبه‌ی‌: به‌م دواییانه‌ به‌شار ئه‌سه‌د داوای‌ دانیشتنی‌ كردوه‌ له‌گه‌ڵ كوردان، رای‌ تۆ چیه‌ له‌سه‌ر گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سوریا؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: ئه‌گه‌ر به‌داخوازییه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د بوایه‌ ده‌بو ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش دانیشتنمان بكردایه‌، تاهه‌نوكه‌ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ نه‌بوه‌، خراوه‌ته‌ چوار شه‌مه‌ی‌ داهاتو، ئێستا بۆچونی‌ جیاواز له‌نێوان حیزبه‌ كوردییه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د، چونكه‌ هه‌ندێكیان قبوڵی‌ بینینی‌ ئه‌سه‌د ناكه‌ن، منیش رام وایه‌ مه‌نتقی‌ نیه‌ دانیشتن ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د، له‌كاتێكدا تائێستا ئه‌سه‌د دانی‌ نه‌ناوه‌ به‌ ناسنامه‌ی‌ كورددا، بۆیه‌ ده‌بو ئه‌سه‌د پێشتر دانی‌ بنایه‌ به‌ناسنامه‌ی‌ كوردیدا له‌رێگه‌ی‌ یاساشه‌وه‌ بیكردایه‌، به‌تایبه‌تی‌ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ سوری‌ لیوا مه‌ملوك هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر حیزبه‌كانی‌ كوردییه‌كانی‌ سوریا و به‌ كرێگیراوی‌ ئیسرائیلی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا، له‌م حاڵه‌دا من پێم باش نیه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان دانیشن له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌ددا.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ وه‌ك كوردانی‌ رۆژئاوا له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عسی‌ سوریاوه‌ ده‌تانه‌وێت به‌چی‌ بگه‌ن؟
عه‌بدولباقی‌ یوسف: سوریا له‌دروستبونیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ كۆنفیدراڵی‌ بوه‌، به‌ڵام دواتر كرایه‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ مه‌ركه‌زی‌، زیاتر له‌ 70 ساڵه‌ ئه‌زمونی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ ده‌كه‌ن، هیچ كات ئه‌و ئه‌زمونه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بوه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌به‌رامبه‌ر پێكهاته‌كانی‌ سوریادا، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ مه‌ترسی‌ ده‌بینین له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ سوریادا، به‌تایبه‌تی‌ له‌روی‌ ئاینی ‌و تائیفیه‌وه‌.
ئێمه‌ وه‌ك كورد 70 ساڵه‌ دان نه‌نراوه‌ به‌ناسنامه‌ و په‌راوێزخراوین، بگره‌ پرۆژه‌ی‌ زۆر نه‌ژادپه‌رستی‌ پرۆسه‌كراوه‌، بۆیه‌ من رام وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ژیانی‌ دیموكراسیمان هه‌بێت، به‌مه‌ش پێویستی‌ به‌ قۆناغی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ نابێت مه‌ركه‌زی‌ بێت، فیدراڵیمان ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ سوریا بپارێزین.
 

Sbeiy.com © 2007