Print
 په‌رله‌مان، بۆ په‌سه‌ندکردنی یاسا و چاودێری یان ئیمتیازات؟
Wednesday, July 6, 2011

راپۆرت: سالار جاف
په‌رله‌مان له‌ هه‌رکوێیه‌ک بێت، ئه‌رکی سه‌ره‌کی ده‌رکردنی یاسا و چاودێریکردن و، لێپرسینه‌وه‌ی حکومه‌ته‌ ئه‌گه‌ر که‌مته‌رخه‌م بو له‌ کاره‌کانیاندا، به‌ڵام په‌رله‌مانی کوردستان چه‌ندین یاسای په‌سه‌ندکردوه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستاندا بوه‌ وه‌ک "یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانه‌کان و بودجه‌ و ئه‌نجومه‌نی پاراستن و ده‌زگای ئاسایش" و چه‌ندین یاسای تر، که‌ هه‌مو ئه‌و یاسایانه‌ به‌ بێ ده‌نگی لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنی ناو په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنراوه‌ و شه‌قام له‌ دژی تێپه‌ڕاندنی به‌شێک له‌م پرۆژه‌ یاسایانه‌ جوڵاوه‌، ‌دیارترینیان یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانه‌ و‌ هاوڵاتیان به‌ یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی خۆپیشاندانه‌کان ناوزه‌ندیانکرد و خۆپیشاندانین له‌ دژی ئه‌و یاسایه‌ ئه‌نجامدا.

هه‌رچی ئه‌و یاسایه‌نه‌شه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانه‌وه‌ بوه‌، په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ به‌دواداچونیان بۆ بکات و لێپرسینه‌وه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی جێبه‌جێ کردن بکات که‌ که‌مته‌رخه‌میان کردوه‌ له‌ جێبه‌جێ کردنیدا، دیارترینیشیان ئه‌و بڕیاره‌‌ 17 خاڵیه‌ بوکه‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌کانی 17 شوباتی کوردستان په‌سه‌ندیکرد، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که‌ پرۆژه‌ بڕیاره‌که‌‌ نه‌ک نه‌یتوانی له‌ سنوری په‌رله‌مان بڕواته‌ ده‌ره‌وه و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ کردن پابه‌ندی بێت، به‌ڵکو رویه‌کی تری لاوازی په‌رله‌مانی کوردستانی ده‌رخست و په‌رله‌مان نه‌یتوانی به‌ دواداچون بۆ هیچ خاڵێکی بکات و پاش ده‌رکردنی بڕیاره‌که‌ش چه‌ندین سه‌رپێچی زه‌ق و دیار رویاندا.  

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ خودی په‌رله‌مان له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی ‌هه‌رێمی کوردستاندا که‌ له‌ 31/5/2011 به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ندکرا، 54 ملیار دیناری له‌ بڕگه‌ی یه‌که‌می ماده‌ی یه‌که‌می به‌شی خه‌رجی و کورتهێنان بۆ ته‌رخانکراوه، له‌و پاره‌یه‌ش به‌شێکی دیاری بۆ موچه‌ و به‌خشین و خه‌رجی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران دیاریکراوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداریش له‌ رێگه‌ی ئه‌و ئیمتیازه‌ زۆرانه‌ی که‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی دابینکردوه‌، رێگری کردوه‌ له‌ ئه‌ندامانی فراکسیۆنه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات که‌ ناڕه‌زایی ده‌رببڕن له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر پرۆژه‌یه‌کدا که‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات بشكێته‌وه‌، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات که‌ پێکهێنه‌ری حکومه‌تن و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری حیزبه‌کانیانن، هه‌مو هه‌وڵێکیان داوه‌ که‌ په‌رله‌مانتار له‌ پیشه‌ راستیه‌که‌ی خۆی دوربخنه‌وه‌ تا به‌ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن که‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی سه‌یر بکه‌ن، به‌ فرسه‌تی بزانن بۆ کۆکردنه‌وه‌و به‌ ده‌ستهێنانی ئیمتیاز.  

په‌رله‌مان و ئیمتیازات:
خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی کوردستان که‌ ماوه‌ی دو ساڵه‌ هه‌ڵبژێراوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و چه‌ندین یاسایه‌ی که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات په‌سه‌ندیکردوه‌ و بوه‌ته‌ هۆی ناڕه‌زایی شه‌قام و چاودێرانی سیاسی، چه‌ندین ئیمتیازاتیشی بۆ خۆی و ئه‌ندامانی ده‌سته‌به‌رکردوه‌‌، له‌ ساڵی رابرودا په‌رله‌مان بڕیاریدا 5 ملیار و 328 ملیۆن دینار ته‌رخانبکات به‌ مه‌به‌ستی کڕینی ئۆتۆمۆبێل بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، بۆ هه‌ر ئۆتۆمۆبێلێکیش بڕی 48 ملیۆن دیناری دیاریکرد.

ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان ناڕه‌زایی زۆرینه‌ی فراکسیۆنی گۆڕانی لێکه‌وته‌وه‌ و رایانگه‌یاند، که‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌رناگرن، چونکه‌ ناکرێت سه‌ره‌رای ئه‌و موچه‌ زۆره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌ریده‌گرن، له‌ سه‌ر بودجه‌ی گشتی ئۆتۆمۆبێلیشیان بۆ بکڕدرێت.

د.جه‌عفه‌ر عه‌لی ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ لێدوانێکدا به‌ رۆژنامه‌ی راگه‌یاندبو «پێموانییه‌ په‌رله‌مانتار مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ گشتی‌ ئۆتۆمۆبێلی‌ بۆ بكڕێت، چونكه‌ په‌رله‌مانتار موچه‌كه‌ی‌ باشه‌ ‌و به‌چه‌ند مانگێك ده‌توانێت ئۆتۆمۆبێلێكی‌ شایسته‌ بۆ خۆی‌ دابین بكات».

دواترین پرۆژه‌ یاساش که‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ کۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌یدا په‌سه‌ندیکرد، هه‌موارکردنه‌وه‌ی دوه‌می یاسای یه‌کێتی په‌رله‌مانتارانی کوردستان ژماره‌17ی ساڵی 2006بو، که‌ 27ی مانگی رابردوبه‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ تێیپه‌ڕاند.

یاساکه‌ ژماره‌ی پاسه‌وانانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی له‌ 3 پاسه‌وانه‌وه‌ کرد به‌ 4 پاسه‌وان و ژماره‌ی پاسه‌وانانی په‌رله‌مانتاری خانه‌نشینیشی له‌ 1 پاسه‌وانه‌وه‌ کرد به‌ 2 پاسه‌وان.

په‌سه‌ندکردنی ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ چاودێرانی سیاسی نیگه‌رانکرد و چالاکوانێکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش ئه‌و یاسایه‌ به‌ کۆکردنه‌وه‌ی ئیمتیازات ناو ده‌بات، شۆڕش ئه‌مین، چالاکوانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له‌ لێدوانێکدا به‌ سبه‌ی راگه‌یاند: ئه‌م جۆره‌ پرۆژه‌یاسایانه‌ ده‌ریده‌خات ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ په‌رله‌مان، ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی ئابوری له‌ په‌رله‌مان ده‌ڕوانن، ئه‌وه‌نده‌ بۆ خزمه‌تکردنی خه‌ڵک نیه‌، چونکه‌ چاوچنۆکانه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ بودجه‌ی گشتییه‌ و ماڵی هاوڵاتیانه‌.

ئه‌و چالاکوانه‌ی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی رونیشیکرده‌وه‌: ئه‌و جۆره‌ ئیمتیازاتانه‌ی ده‌درێن له‌ په‌رله‌ماندا، په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چونه‌ته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، چونکه‌ به‌شێکی ئه‌وانه‌ی چونه‌ته‌ په‌رله‌مان که‌سانێک نین بیانه‌وێ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک بکه‌ن، به‌ڵکو چاویان له‌و پاره‌یه‌یه‌ که‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه بۆیان بڕاوه‌ته‌وه‌، به‌مانه‌ش ده‌بن به‌ کۆمپانیایه‌کی بچوک بۆ پاره‌ کۆکردنه‌وه‌.

مامۆستایه‌کی زانکۆش ئه‌مه‌ به‌ هه‌وڵێک ده‌زانێت بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مان بونی ئه‌به‌دیه‌ت، هه‌ردی مه‌هدی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ له‌ لێدوانێکدا بۆ سبه‌ی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: پرۆسه‌ی په‌رله‌مانتاری و خانه‌نشینکردنی په‌رله‌مانتار له‌ کوردستاندا، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده‌ ئیشکردنه‌ بۆئه‌وه‌ی تا ئه‌به‌د په‌رله‌مانتار بیت، ئه‌وه‌نده‌ ئیشکردن نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رکی په‌رله‌مانتاری به‌ جێ بگه‌یه‌نرێت، تێڕوانینی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌ تێڕوانینێکی تێنه‌گه‌یشتوانه‌یه‌ و له‌ئاست ئه‌و گۆڕانکارییانه‌دا نیه‌ که‌ له‌کوردستاندا رویداوه‌، به‌تایبه‌ت که‌ خه‌ڵک ده‌یه‌وێ هه‌نگاوی چاکسازی به‌ره‌و‌ پێش بچێت.
هه‌ردی وتیشی: زیادکردنی ئیمتیازات ته‌نها یه‌ک مانای هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ ده‌یانه‌وێت ته‌نها له‌ چوار ساڵه‌که‌دا په‌رله‌مانتار نه‌بن، به‌ڵکو بۆ هه‌میشه‌ له‌ڕوی ئیمتیازاته‌وه‌ په‌رله‌مانتار بن، ئه‌م جۆره‌ مۆدێله‌ش ته‌نها له‌ عێراق و لوبناندا هه‌یه‌، ئه‌گینا له‌ وڵاتێکی وه‌ک سویسرا په‌رله‌مانتار هه‌ر موچه‌ی نیه‌، به‌ڵکو نه‌سریه‌ی هه‌یه‌ بۆ خه‌رجی هاتوچۆ و ئه‌و ئیشوکارانه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات.

په‌رله‌مان و په‌سه‌ندکردنی پرۆژه‌ یاساکان:
ئه‌و گرفته‌ی په‌رله‌مانی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ به‌رنامه‌ی کاری په‌رله‌مان و جۆری ئه‌و یاسایانه‌یه‌ که‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان ئاماده‌ی ده‌کات بۆ گفتوگۆکردن، چونکه‌ به‌ بڕوای زۆربه‌ی په‌رله‌مانتاران ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ په‌ر‌له‌ماندا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کرێت و پاشان به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێن، ئه‌و یاسایانه‌ن که‌ کاتی گفتوگۆکردنیان نه‌گونجاوه‌، یاخود له‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاتدایه‌.

به‌ پێی بڕگه‌ی 1ی ماده‌ی 20ی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ به‌شی ئه‌رک و مافه‌ هاوبه‌شه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌ماندا "سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌ستێت به‌ دانانی کاری هه‌ر یه‌کێک له‌ کۆبونه‌وه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆژه‌ و پێشنیار وراپۆرتانه‌ی گفتوگۆیان له‌ سه‌ر ده‌کرێت، که‌ ده‌بێت پێش دو رۆژ له‌ به‌ستنی کۆبونه‌وه‌که‌ به‌ په‌رله‌مانتاران رابگه‌یه‌نرێت".

په‌رله‌مانتارانیش ره‌خنه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌گرن و سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان به‌ به‌رپرسیار ده‌زانن له‌ هێنانی ئه‌و پرۆژه‌ یاسانه‌ بۆ گفتۆگۆکردن که‌ کاته‌کانیان گونجاو نین.

ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ باره‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای یه‌کێتی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: کاتی هاتنی پرۆژه‌ یاساکه‌ زۆر هه‌ڵه‌ بو، چونکه‌ له‌ زوه‌وه‌ پێشکه‌شی په‌رله‌مانکراوه،‌ به‌ڵام نازانم بۆ ئێستا خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی کاری په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان خۆی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی خستۆته‌ به‌رنامه‌ی کاره‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا پێویست نه‌بو.

هاوکات محه‌مه‌د شاره‌زوری‌، ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ كوردستانی‌ بۆ (سبه‌ی‌) وتی‌: من تائێستاش نازانم ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هی‌ كێ‌ بو، چۆن هاته‌ په‌رله‌مانه‌وه‌.

پێشتریش لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌ پرۆژه‌که‌یاندا بۆ چاکسازی ریشه‌یی له‌ کوردستاندا داوایانکردبو "ده‌سه‌ڵات و سه‌ڵاحییه‌ته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بسپێردرێت به‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، سه‌رۆك ته‌نها ئیداره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان بكات، ته‌نها له‌ كاتی یه‌كسان بونی ده‌نگه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌نگ بدا".
هه‌روه‌ها "دانانی به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان و، هه‌ڵوێست و به‌یاننامه‌ و رونكردنه‌وه‌كان كه‌ به‌ ناوی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان بێت".  

خانه‌نشینکردن و هه‌بونی پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتار:
هه‌رچه‌نده‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا 3 ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ پرۆژه‌ یاسایه‌کدا که‌ به‌ شێوه‌ی که‌مپین بڵاوکرایه‌وه‌، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خانه‌نشینکردنی په‌رله‌مانتاریانکردبو، به‌ڵام نیعمه‌ت عه‌بدوڵا سه‌رۆکی یه‌کێتی په‌رله‌مانتارانی کوردستان ئه‌وکه‌مپینه‌ی به‌ کارێکی لاوه‌کی وه‌سفکرد و به‌ سبه‌ی راگه‌یاند: هه‌ڵسوكه‌وتێكی لاوه‌كیه‌ كه‌مپه‌ین پێكهاتوه‌ بۆ بڕینی موچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان، ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ش‌ ئه‌و كاره‌یان كردوه،‌ زیان به‌ خۆیان و فراكسیۆنه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن.
هاوكات نیعمه‌ت به‌ پێویستیزانی "باس له‌ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی بكرێت، له‌ بری‌ ئه‌و شته‌ لاوه‌كیانه"‌.

له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ سه‌باره‌ت به ‌پرۆژه‌كه‌ی‌، په‌رله‌مانتارانی‌ گۆڕان كه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ خانه‌نشینی‌ په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كان خستویانه‌ته‌ڕو، محه‌مه‌د شاره‌زوری‌ وتی: "ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نه‌هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مان، په‌سه‌ندكردنیشی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر په‌رله‌مانی‌ به‌غدا، چونكه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌وێش پێشكه‌شكراوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ به‌غدا سه‌ریگرت، زۆرم پێخۆشه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ له‌ راستیدا بێ مانایه‌ په‌رله‌مانتار ته‌مه‌نی‌ 30 ساڵ بێت و خانه‌نشین بكرێت".

لای خۆشیه‌وه‌ له‌باره‌ی بونی 2 پاسه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی دوای خانه‌نشینبونی په‌رله‌مانتار، کاردۆ محه‌مه‌د سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان وتی: ئاساییه‌ په‌رله‌مانتار تا ماوه‌یه‌کی دیاریکراو یاخود تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئیشی پێشوی خۆی، پاسه‌وانێکی له‌گه‌ڵدا بێت، واته‌ ده‌بێت پاسه‌وانی دوای خانه‌نشین به‌شێوه‌یه‌کی کاتی بێت تا ئه‌و کاته‌ی ده‌چێته‌ سه‌ر کارێکی تر، ره‌نگه‌ له‌سه‌ر کاره‌که‌ی تر به‌ یاسا پێویست بکات پاسه‌وانی هه‌بێت یاخود هه‌ر پێویست به‌ پاسه‌وان نه‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌بونی پاسه‌وان نین بۆ په‌رله‌مانتاری خانه‌نشین تا مردن. 

هه‌ردی مه‌هیدی مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی هه‌بونی پاسه‌وانی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌زانن که‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک نین، بۆیه‌ داوای پاسه‌وان ده‌که‌ن، وتیشی: پرۆژه‌ یاسای زیادکردنی ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتاران، جگه‌ له‌وه‌ی به‌ هه‌ده‌ردانی بودجه‌یه‌، ده‌ریشیده‌خات که‌ ئه‌مانه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک نین، چونکه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک له‌ خه‌ڵک ناترسێت، ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری خه‌ڵک بن پێوسیتیان به‌ پاسه‌وان نیه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک نین و نوێنه‌ری گیرفان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانن، کار بۆ خۆیان ده‌که‌ن نه‌ک خه‌ڵک.

هه‌ردی مه‌هدی رونیشیکرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا گه‌نده‌ڵی دروستکردوه‌ ته‌نها دزی نیه‌، به‌ڵکو ئیمتیازات‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی گه‌نده‌ڵیه‌، چونکه‌ به‌ ئیمتیازات پێگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی مه‌عنه‌وی بۆ خۆیان دروستده‌که‌ن و دواتریش گه‌نده‌ڵی و ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباره‌کانی تر سه‌ر هه‌ڵده‌دات.

ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانیش داواده‌کات که‌ به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگدان و پێداویستی پاسه‌وان دابینبکرێت بۆ په‌رله‌مانتار، حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کگرتی ئیسلامی، رونیکرده‌وه‌: باشتروایه‌ به‌پێی کۆمه‌ڵێک پێوه‌ر پاسه‌وان بۆ په‌رله‌مانتار دابنرێت، چونکه‌ له ‌په‌رله‌مانتارێکه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتارێکی تر پێویستبون به‌ پاسه‌وان ده‌گۆڕێت، په‌رله‌مانتاری وا هه‌یه‌ له‌ڕوی ژیانی تایبه‌ت و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیه‌وه‌، پێویستی به‌ پاسه‌وان نیه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ پێویستی پێیه‌تی، بۆ نمونه‌ که‌سێک له‌ دوای په‌رله‌مانیش خزمه‌تی گشتی بکات، ئاساییه یه‌ک پاسه‌و‌انی له‌گه‌ڵدا بمێنێته‌وه‌.

په‌رله‌مان ناتوانێت لێپرسینه‌وه‌ و چاودێری بکات:
هه‌میشه‌ گازنده‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت له‌ په‌رله‌مان که‌ نه‌یتوانیوه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن بکات، له‌ کاتێکدا که‌ گه‌نده‌ڵی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵات سه‌روه‌ری یاسای پێشێلکردوه‌، ره‌نگه‌ هۆکاری بێ ده‌نگی په‌رله‌مان له‌و هه‌مو نادادپه‌ره‌وه‌ری و گه‌نده‌ڵی و که‌مته‌رخه‌میه‌ی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌، هه‌بونی ئه‌و ئیمتیازانه‌ بێت که‌ ته‌رخانکراوه‌ بۆیان.  

عه‌بدوڵای مه‌لا‌ نوری ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو: په‌رله‌مانی کوردستان به‌ درێژایی دوساڵی رابردو له‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی چاودێریکردن به‌ ته‌واوی شکستی هێناوه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ کوردستاندا گه‌نده‌ڵی له‌ راده‌به‌ده‌ر هه‌یه‌ و حکومه‌ت له‌ روی رۆڵگێرانه‌وه‌ زۆر لاوازه‌ و چه‌ندین به‌رپرس هه‌یه‌ تۆمه‌تبارن به‌ گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام له‌م روه‌وه‌ نه‌مانبینی په‌رله‌مانی کوردستان و لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌و دۆسیه‌یانه‌ بکات یاخود متمانه‌ له‌ وه‌زیرێک وه‌ربگرێته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان رونیشیکرده‌وه‌: له‌ ماوه‌ی رابردودا که‌ کوردستان به‌ ره‌وشێکی نائاسایدا تێپه‌ڕیوه‌ و خۆپیشاندان کراوه‌، په‌رله‌مان به‌رپرسیارێتی ده‌ستوری و ئه‌خلاقی زیاتری که‌وتوه‌ته‌ سه‌رشان، به‌ تایبه‌ت که‌ خه‌ڵک شه‌هید و بریندار کرا له‌ پێناوی حه‌قێکی شه‌رعی خۆیاندا که‌ داوای چاکسازی و گۆڕانکاریان ده‌کرد، په‌رله‌مانی کوردستان هه‌رچه‌ند دو پرۆژه‌ بڕیاری په‌سه‌ندکرد و بڕیاره‌کان تا راده‌یه‌ک گونجاو بون، به‌ڵام ئه‌م بڕیارانه‌ جێبه‌جێ نه‌کران، ‌یه‌کێکیان بڕیاره‌ 17 خاڵیه‌که‌ بو که‌ باس له‌وه‌کراوه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌قه‌یانکردوه‌ ده‌بێت ده‌ستگیر بکرێن، به‌ڵام تائێستا ده‌ستگیر نه‌کراون، واته‌ بریاره‌که‌ی په‌رله‌مان جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا په‌رله‌مان بێ هه‌ڵویسته‌، ئێستا پێویستی ده‌کرد سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بانگ بکرێت بۆ په‌رله‌مان و لێپێچینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵدا بکرێت له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێ نه‌کردنی ئه‌و بڕگه‌ و مادانه‌دا، به‌ڵام په‌رله‌مان له‌م روه‌شه‌وه‌ که‌ ئه‌رکی چاودێریکردنی بڕیار و یاساکانه‌ شکستی هێناوه‌ و نه‌ک نه‌یتوانیوه‌ کێشه‌کان چارسه‌ر بکات به‌ڵکو خۆشی به‌شێک بوه‌ له‌ کێشه‌کان.

هه‌ردی مه‌هدیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: عه‌قڵیه‌تی ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ له‌ئاست ئه‌و گۆڕانکارییانه‌دا‌ نیه‌، که‌ له‌ کوردستاندا روده‌دات و ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات ئومێدی چاکسازی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئومێدێکی کوژاوه‌یه‌، ناشتوانین به‌م په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ بڵێین له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ گۆڕانکاری ده‌کرێت.

Sbeiy.com © 2007