Print
 راپۆرتی‌ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ ‌و پێشمه‌رگه‌
Thursday, July 14, 2011

ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان:
راپۆرتی‌ تایبه‌ت به‌ باشتركردنی‌ ژیان ‌و رێكخستنی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ ‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا

ده‌ستپێك
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ركێكی‌ گه‌وره‌ خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ ‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌تواندراوه‌ مافه‌كانیان دابینبكرێت. هۆكاری‌ ئه‌مه‌ش نه‌بونی‌ پشتیوانی‌ یاسایی ‌و بێ‌ توانایی‌ ماددی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نییه‌، به‌ڵكو حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ سود له‌ مادده‌ یاساییه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ عێراق ‌و بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ربگرێت.

پێشمه‌رگه‌
تائێستا ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌نه‌زاندراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌، به‌پێی‌ گوته‌ی‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ ژماره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نزیكه‌ی‌ 200 هه‌زاره‌، به‌ڵام به‌پێی‌ میلاكاتی‌ فه‌رمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ پێی‌ ئه‌و میلاكاته‌ موچه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی‌ 2009دا 122 هه‌زار و 471 فه‌رمانبه‌ره‌ و له‌ ساڵی‌ 2010دا كه‌مبوه‌ته‌وه‌ بۆ 118 هه‌زار و 971 فه‌رمانبه‌ر، به‌مپێییه‌ش نزیكه‌ی‌ 82 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ دیارنییه‌ له‌كوێوه‌ موچه‌یان بۆ دابین ده‌كرێت.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ روانگه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ (پاسه‌وانی‌ هه‌رێم) به‌شێكه‌ له‌ مه‌نزومه‌ی به‌رگریی عێراق، به‌م پێییه‌ش ده‌بێت له‌ روی موچه‌ و جلوبه‌رگ ‌و چه‌كه‌وه‌ هه‌مان ئه‌و ئیمتیازاتانه‌ی هه‌بێت كه‌ ده‌درێت به‌ سوپای عێراق، به‌ڵام تائێستا خه‌رجییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ دابین ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش هۆكاری‌ سه‌ره‌كی خراپی‌ گوزه‌رانی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، ئێستا به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌تواندراوه‌ ده‌ستوری‌ عێراق ‌و یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق ‌و رێككه‌وتننامه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن هه‌مو خه‌رجییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ كه‌مترین موچه‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ دانراوه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئاسایی موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ ئێستای‌ 325 هه‌زار دیناره‌ له‌كاتێكدا ده‌بو موچه‌كه‌ی‌ هاوتابێت له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی‌ عێراقیدا، كه‌ نزیكه‌ی‌ 900 هه‌زار دیناره‌.

چاره‌سه‌ر
بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هێزێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كگرتوی‌ هه‌بێت ‌و ژیانی‌ پێشمه‌رگه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی‌ باشتربكرێت ‌و خه‌رجییه‌كی‌ زۆری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ش له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم لاببرێت دو هه‌نگاو ده‌بێت هه‌ڵبگیرێت.

یه‌كه‌م: رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ بێلایه‌نكردن و به‌ پیشه‌یه‌كردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌نیشتیمانی‌ كردنی‌ ئه‌م هێزه‌، نه‌هێشتنی‌ هه‌مو ئه‌و كاره‌ حیزبی ‌و نایاساییانه‌ی‌ له‌ناو ئه‌م هێزه‌دا كراوه‌.

دوه‌م: ئه‌گه‌ر هاتو خاڵی‌ یه‌كه‌می‌ چاره‌سه‌ر، جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا ده‌تواندرێت پێداگیرییه‌كی‌ زیاتر له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستوری‌ عێراق ‌و یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراق بكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ خه‌رجییه‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بخرێته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی‌ كارنامه‌ 19 خاڵییه‌كه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ د.نوری‌ مالیكی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆسییه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بو.

ئه‌گه‌ر هاتو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ رێكخرایه‌وه‌و كرا به‌ به‌شێك له‌ هێزی‌ به‌رگری‌ عێراق، له‌ دو روانگه‌وه‌ سودی‌ ئابوری‌ به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گات.

سودی‌ یه‌كه‌م: باشتركردنی‌ گوزه‌رانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی‌ زیادبونی‌ موچه‌كانیانه‌وه‌.

سودی‌ دوه‌م: گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر بۆ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ كوردستان كه‌ ساڵانه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ خه‌رج ده‌كرێت، به‌شێویه‌ك به‌پێی‌ حیساباتی‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2009، له‌و ساڵه‌دا له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ كوردستان 976 ملیار دینار و 666 ملیۆن دینار بۆ پێشمه‌رگه‌ خه‌رج كراوه‌، له‌ ساڵی‌ 2010دا 835 ملیار دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی‌ به‌كاربردنی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانكراوه‌، له‌ ساڵی‌ 2011دا 798 ملیار و 63 ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانكراوه‌.

له‌ یاسای بــــودجه‌ی عێراقدا له‌ ساڵی (2007)ه‌وه‌ جێگیركراوه‌، به‌ رێككه‌وتنێك له‌نێوان سه‌رۆكی هه‌رێم ‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پاره‌ی پێشمه‌رگه‌ ساڵانه‌ بنێردرێت بۆ هه‌رێم، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی‌ 2007ه‌وه‌ ئه‌ژمار بكه‌ین ‌و خه‌رجییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2009 بكه‌ینه‌ پێوه‌ر، له‌م پێنج ساڵه‌دا (2007 بۆ 2011) حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ 4 ترلیۆن ‌و 883 ملیار و 330 ملیۆن دیناری‌ له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بۆ پێشمه‌رگه‌ خه‌رجكردوه‌، كه‌ ده‌بو حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ خه‌رجی‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ كوردستاندا خه‌رج بكرایه‌ هه‌نگاوێكی‌ زۆر گه‌وره‌ بو بۆ پرۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانی‌، چونكه‌ ئه‌و پاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ 5 ساڵدا بۆ  پێشمه‌رگه‌ خه‌رجی‌ ده‌كات، 4.9 ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ بۆ پرۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كانی‌ ساڵی‌ 2011 ته‌رخانكراوه‌ كه‌988 ملیار و 197 ملیۆن دیناره‌.

هێزه‌كانی‌ ناوخۆ
له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوداو پاش ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ بڕیاری‌ زیادكردنی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراقی‌ راگه‌یاند، گفتوگۆی‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرا كه‌ ئایا ئه‌م زیادكردنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ یاخود نا، ئه‌گه‌ر ده‌یگرێته‌وه‌، ئه‌م زیادكردنه‌ له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌درێت یاخود حكومه‌تی‌ ناوه‌ند؟

له‌مادده‌ی‌ 14ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا هاتوه‌ كه‌ هه‌مو هاوڵاتیانی‌ عێراق له‌ ئه‌رك ‌و مافدا یه‌كسانن ‌و ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ كه‌ سیسته‌می‌ موچه‌ له‌ عێراقدا سیسته‌مێكی‌ مه‌ركه‌زییه‌، واته‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ده‌بێت هاوتا بكرێت له‌گه‌ڵ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق، واته‌ ئه‌گه‌ر موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك به‌غدا بێت، ده‌بێت له‌ ده‌رماڵه‌كه‌شدا وه‌ك یه‌ك بن.

زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ
هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ رایگه‌یاند: "ئێمه‌ كار بۆ زیادكردنی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ین له‌سه‌ر بودجه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌"، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدابێت زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بدات كارێكی‌ باشه‌، به‌ڵام له‌ڕوی‌ مه‌نتقی‌ سیاسی‌ ‌و ئابوری‌ و یاساییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 121ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق هه‌رچی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌ڕێوبردنی‌ هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ خه‌رجییه‌كانی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌رێمدایه‌، له‌ئێستاشدا سه‌رجه‌م خه‌رجی‌ و ده‌رماڵه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ ‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی‌ ئاسایش وه‌ك وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی‌ ‌و وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دیكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆیدایه‌ ئیتر چۆن ده‌كرێت، ئه‌م به‌شه‌ی‌ ده‌رماڵه‌كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بیدات؟

ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدا نه‌بێت كه‌ خه‌رجییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ (پاسه‌وانی‌ هه‌رێم) دابینبكات، كه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ بودجه‌ و رێككه‌وتننامه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت خه‌رجییه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بدات، چۆن ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدا ده‌بێت زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ بدات له‌ كاتێكدا بۆ پێدانی‌ زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هیچ پشتیوانیه‌كی‌ یاسایی‌ ‌و ده‌ستوری‌ ‌و رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ نییه‌.

پێدانی‌ زیاده‌ی‌ موچه‌
ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدا نه‌بێت كه‌ زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بدات، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ند رێگایه‌كی‌ له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌توانێت زیاده‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ بدات.

ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ له‌ ئێستادا 108 هه‌زاره‌، ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ئاسایش/ هه‌ولێر 18 هه‌زار و 819 فه‌رمانبه‌ره‌، ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ئاسایش/ سلێمانی‌ 17 هه‌زار و 819 فه‌رمانبه‌ره‌.

به‌م پێیه‌ش ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ 144 هه‌زار و638  فه‌رمانبه‌ره‌.

ئه‌گه‌ر رێژه‌یه‌كی‌ تێكڕایی‌ دابنێین بۆ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ 347 ملیار و131  ملیۆن دینار پێویسته‌ كه‌ 2% بودجه‌ی‌ گشتی‌ كوردستان ده‌كات له‌ ئه‌م ساڵدا.

حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت له‌ چه‌ند رێگایه‌كه‌وه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ دابین بكات:
رێگای یه‌كه‌م: حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ پارساڵدا 4ترلیۆن‌و 602 ملیار و 146 ملیۆن دیناری‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكردبو، له‌ ئه‌م ساڵیشدا 6 ترلیۆن ‌و 190 ملیار و 422 ملیۆن دیناری‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكراوه‌، به‌م پێیه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ئه‌م ساڵ بۆ موچه‌ ته‌رخانكراوه‌، یه‌ك ترلیۆن ‌و 588 ملیار دیناری‌ زیاره‌ له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌پارساڵدا بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكرابو.

ئه‌م یه‌ك ترلیۆن ‌و 588 ملیار دیناره‌ كه‌ به‌ناوی‌ زیادبونی‌ موچه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ له‌ ئه‌م ساڵدا، ره‌نگه‌ بگوترێت بۆ موچه‌ی‌ ئه‌و 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌یه‌ كه‌ داده‌مزرێن له‌ ئه‌م ساڵدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌ مانگانه‌ 600 هه‌زار بۆ موچه‌كه‌یان ته‌رخان بكرێت ئه‌وا بۆ ئه‌و پێنج مانگه‌ی‌ ساڵ 75 ملیار دینار پێویسته‌، به‌مپێییه‌ یه‌ك ترلیۆن ‌و 513 ملیۆن دیناری‌ ئه‌و پاره‌ ده‌مێنێت كه‌ به‌ناوی‌ زیادبونی‌ موچه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌، ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جگه‌ له‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ مانگانه‌ 100 هه‌زار دینار زیادبكرێت ئه‌وا بۆ كۆی‌ ساڵێكی‌ فه‌رمانبه‌ران 607 ملیار دینار پێویسته‌، 906 ملیار دینار ده‌مێنێته‌وه‌ له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ به‌ناوی‌ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌، ئه‌گه‌ر 200 هه‌زار دیناری مانگانه‌ش بۆ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ زیادبكرێت 559 ملیار دینار ده‌مێنێته‌وه‌ له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ به‌ناوی‌ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌م ساڵ ته‌رخانكراوه‌.

رێگای‌ دوه‌م: له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌م ساڵدا هه‌ندێك خه‌رجی‌ هه‌ن، كه‌ به‌خه‌رجی‌ ناپێویست ناوده‌برێن، بۆ نمونه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2010دا 374 ملیار دینار بۆ به‌خشین ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام له‌ بودجه‌ی‌ 2011دا 761 ملیار دینار بۆ به‌خشین ته‌رخانكراوه‌، به‌مپێیه‌ش ئه‌و پاره‌ی‌ ئه‌م ساڵ بۆ به‌خشین ته‌رخانكراوه‌ 387 ملیار دیناری‌ زیاتره‌ له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ پار ساڵ بۆ به‌خشین ته‌رخانكراوه‌و ده‌تواندرێت سود له‌م پاره‌ وه‌ربگرێت بۆ پێدانی‌ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران.

رێگای‌ سێیه‌م: به‌هۆی‌ زیادبونی‌ نرخی‌ نه‌وته‌وه‌، ئه‌م ساڵ بودجه‌ی‌ ته‌واوكاری‌ له‌ عێراقدا ده‌بێت‌و 17% بودجه‌ی‌ ته‌واوكاریش بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت، له‌ ئێستادا ده‌تواندرێت به‌شێوه‌ی‌ كاتی‌ زیاده‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ بدات ‌و پاش په‌سه‌ند كردن ‌و وه‌رگرتنی‌ بودجه‌ی‌ ته‌واوكاری‌ ده‌تواندرێت ئه‌و به‌شه‌ی‌ كه‌وه‌ك سولفه‌یه‌ك دراوه‌ به‌هۆی‌ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆوه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007