Print
 ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: 11ی سێپته‌مبه‌ر، خاڵی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان
Monday, September 12, 2011

دیمانه‌: سالار جاف
له‌ 11-9-2001 ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌ردو تاوه‌ری بازرگانی جیهانی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌گرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بوه‌ روداوێک که‌ جیهانی برده‌ قۆناغێکی نوێوه‌، بۆ باسکردنی کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و روداوه‌ و شرۆڤه‌کردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌دوای 11ی سێپتێمبه‌ره‌وه‌ سبه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌کان له‌ زانکۆی سلێمانی و خوێندکاری دکتۆرا له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان سازکردوه‌، ناوبراو پێیوایه‌ "له‌ڕوی ئابوریه‌وه‌ دو کاریگه‌ری هه‌بو، کاریگه‌ریه‌کیان بریتی بو له‌ داڕوخانی ئه‌و 2 تاوه‌ره‌ و زیانی ملیۆنان دۆلار، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ شکستهێنانی بازاڕی فڕۆکه‌وانی و نه‌مانی متمانه‌ به‌و پشکه‌ ئابوریانه‌ی بازاڕی ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌تی، که‌ ئه‌مانه‌ زیانی کورتخایه‌ن بون، له‌ سه‌ر ئاستی مه‌ودا درێژیش زیانه‌کان زۆر گه‌وره‌ترن، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا رۆشته‌ ناو جه‌نگێکی گه‌وره‌ که‌ تائێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌، ‌ئه‌و جه‌نگه‌ش ئه‌مه‌ریکای ناچارکرد به‌ ملیاره‌ها دۆلار بودجه‌ی سه‌ربازی خۆی زیادبکات".

سبه‌ی: هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی روداوی 11ی سێپته‌مبه‌ر چیبون؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: زۆربه‌ی تیۆریسته‌ سیاسیه‌کان پێیان وابو، که‌ سیاسه‌تی دره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هۆکاری سه‌ره‌کی بون بۆ روداوه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ر، بۆ نمونه‌ که‌سێکی وه‌ک چۆمسکی پێیوایه‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مه‌ریکا بون به‌هۆی دروستبونی گروپه‌ تیرۆریستیه‌کان، خاوه‌نی کتێبی "ئه‌و دو سه‌عاته‌ی جیهانی هه‌ژاند" باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئه‌مه‌ریکا 11ی سێپته‌مبه‌ری به‌ سه‌ر خۆیدا هێنا، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا پێش روداوه‌کانی11ی سێپته‌مبه‌ر ، هیچ گرنگیه‌کی به‌ گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌ده‌دا، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌کیش پشتگیری ده‌سه‌ڵاتداره‌ دیکتاتۆریه‌کانی ده‌کرد، که‌ شه‌رعیه‌تیان نه‌بو، له‌ هه‌مانکاتدا ئه‌مه‌ریکا بونێکی سه‌ربازی زۆری له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌بو، ده‌ستیشی له‌ کاروباری جیهانی ئیسلامی وه‌رده‌دا، ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌ش توڕه‌بونی دروستکرد لای هاوڵاتیانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا، فاکته‌رێکی تر په‌یوه‌ندی به‌ خودی قاعیده‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ باوه‌ڕی به‌وه‌یه‌ شکست به‌ سه‌رمایه‌داری خۆرئاوا و وڵاته‌ ئمپریالیه‌کان بهێنێت و خه‌لافه‌تێکی ئیسلامی له‌سه‌ر ئاستی جیهان دروستبکات، پێشیوایه‌ ئه‌م خه‌لافه‌ته‌ له‌ رێگه‌ی هێزی چه‌کداری و خۆکوشتنه‌وه‌ ده‌بێت، فاکته‌رێکی تری گرنگ شکستهێنانی وڵاتانی جیهانی ئیسلامییه‌ له‌ڕوی ژێرخانی ئابوری و سه‌رخانی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌ حاڵه‌تێکی هاوبه‌شی ئه‌و وڵاتانه‌ بێکاری و هه‌ژارییه‌، به‌شێکیشیان ئه‌مه‌ریکا به‌ هۆکاری هه‌مو ئه‌و شتانه‌ ده‌زانن.

سبه‌ی: روداوه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ر، تا چه‌ند بو به‌هۆی به‌ خۆداچونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا به‌ سیاسه‌ته‌کانی به‌رامبه‌ر گروپه‌ ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کان؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: 11ی سێپته‌مبه‌ر، به‌خاڵی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکادا، چونکه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ مێژوی خۆیدا یه‌که‌م جاری بو له‌ لایه‌ن هێزێکه‌وه‌ هێرش بکرێته‌سه‌ری، که‌ ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵێک به‌ره‌نگاری بۆ ئه‌مه‌ریکا دروستکرد، که‌ نه‌یده‌زانی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا بکات، بۆیه ‌به‌ ناچاری سه‌رله‌نوێ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی خۆی داڕشته‌وه‌، چونکه‌ له‌ پێش 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ریکا ستراتیژیه‌تێکی سه‌ربازی هه‌بو به‌شێوه‌یه‌ک که‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ده‌کرد، به‌ڵام دوای ئه‌و روداوه‌ ستراتیژیه‌تێکی وه‌های داڕشت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌دا بکات، که‌ ده‌وڵه‌ت نین و مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئاسایشی ئه‌مه‌ریکا، له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌سه‌ر شێوازێکی هێرشبه‌رانه‌، ستراتیژی روبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌و گروپانه‌ی داڕشت و له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش کاریکرد بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریان.

سبه‌ی: راگه‌یاندنی جه‌نگی دژی تیرۆر پاش 11ی سێپته‌مبه‌ر له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌، چی ئامانجێکی سه‌ره‌کی هه‌بو؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: هه‌ندێک له‌ بیرمه‌ندان و نوسه‌ران پێیانوایه‌، که‌ 11ی سێپته‌مبه‌ر ده‌رفه‌تێکی زێڕینی به‌ ئه‌مه‌ریکا به‌خشی، تا ئه‌جێندا و سیاسه‌تی خۆی به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێبکات، چونکه‌ پێشتر ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک رێگر هه‌بوبن بۆ ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وا 11ی سێپته‌مبه‌ر ئه‌و ده‌رگایانه‌ی بۆ کرده‌وه‌ و بیانوی پێدا، که‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر هه‌ر گروپێک یاخود ده‌ستوه‌ربداته‌ کاروباری هه‌ر وڵاتێک، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش پاش روداوه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ر، جۆرج بوش جیهانی دابه‌شکرد به‌سه‌ر به‌ره‌ی خێر و شه‌ڕدا، مه‌به‌ستی ئه‌مه‌ریکا له‌و دابه‌شکردنه‌ش، فشارخستنه‌ سه‌ر نه‌یاره‌کانی و هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی بو، به‌ره‌ی شه‌ڕیش شێوازێکی لاستیکی هه‌بو، تا هه‌ر وڵاتێک که‌ نه‌یاری خۆی بێت بیخاته‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌وه‌.

سبه‌ی: ئه‌مه‌ریکا پێوه‌ری هه‌یه‌ بۆ دیاریکردنی به‌ره‌ی تیرۆر، یاخود به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی مۆری تیرۆربون ده‌دات له‌ گروپێک؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: ئه‌مه‌ریکا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌و لیسته‌ ره‌شه‌ی دروستکردوه‌ و تیرۆریستان دیاری ده‌کات، چونکه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادا دیارده‌یه‌ک هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت 2 پێوانه‌یی له‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌ره‌کیدا، بۆ نمونه‌ هه‌ندێک گروپ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخواز ناویان ده‌بات و پێیوایه‌ ئه‌و گروپانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتمانیه‌کانیان کار ده‌که‌ن، له‌ هه‌مانکاتیشدا هه‌ندێک گروپی تر هه‌ن هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی گروپی یه‌که‌میان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ گروپی تیرۆریستی ناویان ده‌بات، وه‌ک بینیمان له‌ به‌ر هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ تورکیا، په‌که‌که‌ی خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، له‌ ساڵانی حه‌فتاکانیشدا ئه‌مه‌ریکا بو به‌ هۆی شکستپێهێنانی شۆڕشی کورد، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق نزیک بێته‌وه‌ له‌ بلۆکی رۆژئاوا و دورکه‌وێته‌وه‌ له‌ سۆڤیه‌ت، واته‌ ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیدایه‌.

 سبه‌ی: جگه‌ له‌ رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی، ئه‌مه‌ریکا چی پرۆژه‌یه‌کی تری هه‌بو پاش11ی سێپته‌مبه‌ر بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: پاش روداوه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ر ئه‌مه‌ریکا پرۆژه‌یه‌کی به‌ ناوی"پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌" پێشکه‌شرد، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش 3 خاڵی گرنگی له‌ خۆی ده‌گرت که‌ بریتیبون له‌ دیموکراسیکردن و کردنه‌وه‌ی بازاڕ و گه‌شه‌کردنی ئاستی که‌لتوری له‌م ناوچه‌یه‌دا، هه‌وڵیشیدا له‌ رێگه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناچار بکات، که‌ هه‌نگاو بنێن به‌ره‌و چاکسازی و دیموکراسی بونی زیاتر، تا ئه‌و توندڕه‌ویه‌ی له‌ناو گه‌نجانی ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه‌ که‌مببێته‌وه‌، به‌ڵام کاتێک به‌شێک له‌و چاکسازیه‌ دیموکراسیه‌ی بینی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا نه‌بو، پرۆژه‌که‌ی شکستپێهێنا، چونکه‌ کاتێک ئه‌مه‌ریکا فشاری خسته‌سه‌ر فه‌له‌ستین هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن، حه‌ماس سه‌رکه‌وتنی به‌ ده‌ستهێنا، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل، به‌وه‌ش ئه‌و راستیه‌ی بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌گه‌ر دیموکراسی به‌ ته‌واوی گه‌شه‌ بکات، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک دێنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌ دژی ئه‌مه‌ریکان، وه‌کچۆن له‌ میسر له‌ هاتنه‌ سه‌ر حوکمی ئیخوان موسلیمین و له‌ سعودیه‌ له‌ هاتنه‌ سه‌ر حوکمی وه‌هابیه‌کان ده‌ترسا، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ کێشه‌ی عێراق و ئه‌فغانستان، که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ مه‌ترسی ناویده‌بردن بۆ سه‌ر دیموکراسی و کاتێک ئه‌و وڵاتانه‌شی داگیرکرد، نه‌یتوانی دیموکراسیه‌کی راسته‌قینه‌ له‌ عێراقدا بسپێنێت، هه‌مو ئه‌و هۆکارانه‌ش بون به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا پاشگه‌ز بێته‌وه‌ له‌و هه‌وڵه‌ی، که‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ دیموکراسی بکات، ئیتر له‌ رێگه‌ی فشاری سیاسیه‌وه‌ بێت یاخود رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی.

سبه‌ی: له‌ روی ئابوریه‌وه‌ 11ی سێپته‌مبه‌ر چی زیانێکی به‌ ئه‌مه‌ریکا گه‌یاند ؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: له‌ڕوی ئابوریه‌وه‌ دو کاریگه‌ری هه‌بو، کاریگه‌ریه‌کیان بریتی بو له‌ داڕوخانی ئه‌و 2 تاوه‌ره‌ و زیانی ملیۆنان دۆلار، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ شکستهێنانی بازاڕی فڕۆکه‌وانی و نه‌مانی متمانه‌ به‌و پشکه‌ ئابوریانه‌ی بازاڕی ئه‌مه‌ریکا هه‌یه‌تی، که‌ ئه‌مانه‌ زیانی کورتخایه‌ن بون، له‌ سه‌ر ئاستی مه‌ودا درێژیش زیانه‌کان زۆر گه‌وره‌ترن، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا رۆشته‌ ناو جه‌نگێکی گه‌وره‌ که‌ تائێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌، ‌ئه‌و جه‌نگه‌ش ئه‌مه‌ریکای ناچارکرد به‌ ملیاره‌ها دۆلار بودجه‌ی سه‌ربازی خۆی زیادبکات، تێچوی جه‌نگه‌کانیشی زیاتره‌ له‌ 600 ملیار دۆلار، که‌ میزانیه‌ی هیچ وڵاتێک ناتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌و بودجه‌ سه‌ربازیه‌ زه‌به‌لاحه‌ بگرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌زمه‌یه‌کی ئابوری گه‌وره‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکادا به‌دوای خۆیدا هێنا، که‌ نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌ریکا‌، به‌ڵکو کاریگه‌ری هه‌بو به‌ سه‌ر بازاڕه‌کانی جیهانیشه‌وه‌.

سبه‌ی: سیاسه‌تی ئۆباما له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆردا چۆنه‌؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: ئۆباما سودی له‌ ئه‌زمونی پێشوتر وه‌رگرت، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئۆباما سه‌ر به‌ دیموکراته‌کانه‌، دیموکراته‌کانیش هه‌میشه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکادا، به‌و ئاراسته‌یه‌ مامه‌ڵه‌یانکردوه‌، که‌ که‌متر ده‌ستوه‌رده‌نه‌ کاروباری وڵاتانی تره‌وه‌، که‌متریش په‌نا ببه‌نه‌به‌ر هێزی سه‌ربازی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می ئۆبامادا زیاتر پشتده‌به‌سترێت به‌ ئامرازه‌ سیاسی و ئابوریه‌کان، چونکه‌ ئێستا ئه‌مه‌ریکا سیاسه‌تێکی داناوه پێی ده‌وترێت "هێزی زیره‌ک"، که‌ تێکه‌ڵه‌یه‌که‌ له‌ هێزی ره‌ق و هێزی نه‌رم، هێزی ره‌ق بریتیه‌ له‌ هێزی سه‌ربازی و ئابوری، هێزی نه‌رمیش بریتیه‌ له هێزی رکێشانی خه‌ڵک بێ به‌کارهێنانی هێزی تر، واته‌ هێزی سیاسی، که‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ هه‌ردو شێوه‌که‌ مامه‌ڵه‌ ده‌کات له‌ ئێستادا، بۆ نمونه‌ له‌ روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کاندا، ئه‌مه‌ریکا به‌ شێوه‌یه‌کی هه‌ستیارانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌کات و تا نه‌زانێت بارودۆخه‌که‌ به‌ کوێ ده‌گات پشتگیری هیچ لایه‌نێک ناکات، بۆ نمونه‌ له‌ تونس و میسر تا دڵنیا نه‌بو له‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌له‌کانیان پشتگیری شۆڕشه‌که‌ی نه‌کرد، له‌ سوریاش له‌ رێگای فشاری دیپلۆماسی و ئابوریه‌وه‌ ده‌یکات، بۆیه‌ سیاسه‌تی ئۆباما جیایه‌ له‌ سیاسه‌تی بوش که‌ هێزی سه‌ربازی به‌ کار ده‌هێنا.

سبه‌ی: له‌ پاش کوشتنی بنلادنه‌وه‌ تائێستاش جه‌نگی دژی‌ تیرۆر به‌رده‌وامه‌، پاش ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قاعیده‌دا ده‌کات؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: جه‌نگی دژی تیرۆر راسته‌ کۆتایی پێ نه‌هاتوه‌، به‌ڵام ئاسته‌کانی که‌مبونه‌ته‌وه‌، پێشتر که‌ ئاستی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ربازی بو کۆتایی هاتوه‌، ئێستا گۆڕاوه‌ بۆ ئاستی سیاسی، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌فغانستان بکه‌ین، ده‌بینین ئاراسته‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات، که‌ بدرێت به‌ هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ ناتۆ، یاخود خودی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئه‌فغانستان، ئه‌مه‌ریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ سه‌ر جه‌نگی دژه‌ تیرۆر، به‌ڵام به‌ ئاستی جیاوازتر، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا ناتوانێت وڵاتێک جێبهێڵێت بۆ گروپێکی تیرۆریست.

سبه‌ی: له‌ ئه‌گه‌ری رودانی 11ی سێپته‌مبه‌رێکی تردا، له‌ هه‌مو روه‌کانه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا تا چه‌ند توانای به‌رگه‌گرتنی ده‌بێت؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: تا ئه‌و گروپه‌ چه‌کدارانه‌ هه‌بێت که‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکان له‌م ناوچانه‌دا، ئه‌مه‌ریکا هه‌میشه‌ له‌ژێر مه‌ترسی هێرشی تیرۆریستیدایه‌، تا ئه‌مه‌ریکاش سور بێت له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ پشتگیری سته‌مکاره‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بکات و گوێ نه‌دات به‌ هاوڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ستوه‌ردات له‌ کاروباری وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ هه‌میشه‌ له‌ ئارادایه‌، که‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ریکا روبه‌ڕوی هێرشێکی هاوشێوه‌ بێته‌وه‌، وه‌ک له‌ ماوه‌ی رابردودا گه‌نجێکی موسڵمان هه‌وڵێکیدا بۆ رفاندنی فڕۆکه‌یه‌ک، تا هێرشی پێبکاته‌ سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان و هه‌وڵه‌که‌ شکستی هێنا، که‌واته‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ئارادا ماوه‌، راسته‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌ به‌هێزترین وڵاتی جیهانه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ر ئاسته‌کانی تر له‌ پاشه‌کشه‌دایه‌، چونکه‌ به‌ لادانی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ندێک شه‌رعه‌یه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و هێرشکردنه‌ سه‌ر عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، هه‌ندێک له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی له‌ دژی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی ئه‌مه‌ریکا وه‌ستانه‌وه‌، که‌ دیارترینیان ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسای هاوپه‌یمانی خۆی بو، بۆیه‌ ده‌بینین پاش داگیرکردنی ئه‌فغانستان و عێراق، زۆر که‌س پێیوایه‌ سیسته‌می جیهانیی ئێستا، به‌ره‌و سیسته‌می فره‌ جه‌مسه‌ری ده‌ڕوات و هه‌ندێک جه‌مسه‌ری تازه‌ی وه‌ک چین و روسیا و هیند ده‌رکه‌وتون، ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ده‌کات، که‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌توانێت به‌رگه‌ی روداوێکی تری هاوشێوه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر بگرێت.

سبه‌ی: 11ی سیبته‌مبه‌ر چی کاریگه‌ریه‌کی سایکۆلۆژی به‌ سه‌ر تاکی ئه‌مه‌ریکیه‌وه‌ جێهێشتوه‌؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: 11ی سێبته‌مبه‌ر کاریگه‌ریه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بو بۆ سه‌ر هه‌مو هاوڵاتیانی ئه‌مه‌ریکا، چونکه‌ یه‌که‌م جاربو له‌ مێژودا هێرش راسته‌وخۆ بکرێته‌ سه‌ر خاکی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌مه‌ریکا له‌ چه‌ند جه‌نگدا تێوه‌گلاوه‌، نه‌یهێشتوه‌ جه‌نگه‌که‌ بێته‌ سه‌ر خاکی وڵاته‌که‌ی، به‌ڵام له‌ 11ی سێپته‌مبه‌ردا، راسته‌وخۆ هێرشکرایه‌‌ سه‌ر خاکی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکی سایکۆلۆژی بۆ هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ دروستکرد، که‌ تائێستاش له‌ زاکیره‌ی ئه‌مه‌ریکیه‌کاندا ماوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ ژیانی خۆیاندا هه‌ستیانکرد، ئه‌وان ئه‌و پاڵه‌وانه‌ نین که‌ سه‌رکردایه‌تی جیهان ده‌که‌ن، بۆیه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی سلبی لێ که‌وته‌وه‌ و هه‌مو هاوڵاتیه‌کی رۆژهه‌ڵاتیان وه‌ک تیرۆریست سه‌یرده‌کرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و هاوڵاتیه‌ موسڵمانانه‌ی که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکاش له‌ دایک بوبون، ده‌خرانه‌ ناو چوارچێوه‌ی تۆمه‌تبارکردنه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ش جارێکی تر زیانی به‌ ئه‌مه‌ریکا گه‌یاند و تێڕوانینی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕا به‌رامبه‌ری و وه‌ک وڵاتێکی نه‌خوازراو سه‌یری ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن.

سبه‌ی: ئۆباما تا چه‌ند توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتو بێت له‌و سیاسه‌ته‌ی، که‌ جه‌نگی دژه‌ تیرۆر جه‌نگی دژه‌ ئیسلام نییه‌؟
ئاکۆ حه‌مه‌که‌ریم: له‌ پاش روداوه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌، سیاسه‌تی جۆرج بۆش ده‌ستی هه‌بو له‌ تێکه‌ڵکردنی تیرۆر و ئیسلام، یه‌کێک له‌ لێدوانه‌کانی بوشیش پاش روداوه‌که‌، ناونانی جه‌نگه‌که‌ بو به‌ جه‌نگی خاچپه‌رستی، که‌ هه‌مو که‌س ده‌زانێت جه‌نگی سه‌ڵیبیه‌ت ئه‌و جه‌نگه‌ بوه‌ له‌نێوان موسڵمانه‌کان و مه‌سیحیه‌کاندا رویداوه‌، ئه‌مه‌ش وایکرد خه‌ڵکی ئاسایی ئه‌مه‌ریکا زیاتر رقیان له‌ موسڵمان بێته‌وه‌، ئێستاش ئۆباما ده‌یه‌وێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵانه‌ راستبکاته‌وه‌، که‌ ئیداره‌ی بوش کردویه‌تی، چونکه‌ ئۆباما ده‌یه‌وێت به‌ زه‌قی جیاوازی بکات له‌ نێوان موسڵمان و تیرۆردا، بۆیه‌ لایه‌نگری ئۆباما له‌ بوش زۆر زیاتره‌ له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتدا.

Sbeiy.com © 2007