Print
 سامان سیوه‌یلی: په‌راوێزخراوترین بوار، بواری ده‌رونی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌
Tuesday, September 20, 2011

دیمانه‌ی: سالار جاف
له‌ماوه‌ی 2 مانگی رابردودا، له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تی سلێمانی، دیارده‌ی خۆکوشتن و کوشتن له‌لایه‌ن که‌سانی تره‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو روی له‌ زیادبون کردوه‌، "سبه‌ی" دیمانه‌یه‌کی له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رونناس سامان سیوه‌یلی، لێپرسراوی سه‌نته‌ری راوێژکاری خێزان بۆ گرفته‌ ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئه‌نجامداوه‌، ناوبراو پێیوایه‌، زۆربه‌ی دیارده‌کانی خۆکوشتن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاماده‌یی ئه‌و که‌سه‌ له‌ڕوی ده‌رونیه‌وه‌، هه‌رچی ئه‌وانه‌شه‌ که‌ که‌سانی تر ده‌کوژن، بۆشایی ئه‌منی به‌ هه‌ل ده‌زانن، هاوڵاتیانی تریش له‌ کاتی کوشتن یان لێدانی که‌سانی تردا هه‌ست به‌ ئاسایش ناکه‌ن و ئینتیمایان بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌کان لاواز ده‌بێت.

سبه‌ی: هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی زیادبونی خۆکوشتن له‌کوردستاندا چیه‌؟
سامان سیوه‌یلی: خۆکوشتن وه‌ک دیارده‌ له‌ هه‌مو کۆمه‌ڵگه‌ و کاتێکدا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌یره‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ کوردستان رێژه‌ی په‌نابردنی گه‌نجان، بۆ خۆکوشتن رو له‌زیادبونه‌، بێگومان هه‌ر حاڵه‌ته‌ش چه‌ند فاکته‌رێکی تری له‌ پشته‌ و ده‌بێت حاڵه‌ته‌کان به‌ جیا قسه‌یان له‌سه‌ر بکرێت، ره‌نگه‌ هۆکارمان هه‌بێت ده‌رونی بێت، چونکه‌ زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌ ده‌رونیه‌کان پێیانوایه‌ به‌ رێژه‌ی 75% خۆکوژه‌کان، حاڵه‌تی ده‌رونیان ته‌واو نیه‌، له‌ناو ئه‌و رێژه‌یه‌ش 80% نه‌خۆشی خه‌مۆکیان هه‌یه‌، واته‌ نزیکترین نه‌خۆشی له‌ حاڵه‌تی خۆکوشتن، نه‌خۆشی خه‌مۆکیه‌، خه‌ڵکی کوردستانیش تائێستا له‌و ئاسته‌دا نیه‌، له‌ڕوی وشیاری ده‌رونیه‌وه‌ زانیاری دروستی هه‌بێت، بۆ نمونه‌ هه‌ندێک خێزان ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌یان نه‌خۆشی ده‌رونی هه‌یه‌، پێیان عه‌یبه‌ باسی بکه‌ن، یاخود سه‌ردانی دکتۆرێک یاخود راوێژکارێکی ده‌رونی بکه‌ن، به‌شێک له‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دواکه‌وتویی و هه‌ندێکیان سه‌ردانی مامۆستایانی ئاینی و فاڵگره‌وه‌ و جادوگه‌ره‌کان ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ چاره‌سه‌ریان به‌وه‌ ناکرێت و به‌رده‌وام له‌ خراپه‌وه‌ به‌ره‌و خراپتر ده‌گوێزرێته‌وه‌، یه‌کێکی تر له‌ حاڵه‌ته‌کان روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تاکه‌ له‌گه‌ڵ فاشاره‌ ده‌رونیه‌کانی ئه‌مڕۆدا، چونکه‌ ئه‌مڕۆ خواستی خه‌ڵک زۆر بوه‌ و هه‌مو کاڵاکان له‌ناو بازاڕه‌کاندا ده‌ستده‌که‌ون، توانا و ئابوری خه‌ڵک و به‌ تایبه‌تیش گه‌نج که‌ خواستی زیاده‌ڕۆییان هه‌یه‌ سنورداره‌ و حه‌زه‌کانی تێر نابێت.

سبه‌ی: بێکاری و هه‌ژاری چ رۆڵێکیان هه‌یه‌؟
سامان سیوه‌یلی: دروستنیه‌ مرۆڤی هه‌ژار و بێکار په‌نا بۆ خۆکشتن ببات، چونکه‌ خۆکوشتن چاره‌سه‌ر نیه‌ بۆ هیچ حاڵه‌تێک، به‌ڵام هه‌‌ندێک جار بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی باری ده‌رونیان زه‌مینه‌ی ره‌خساندوه‌، په‌نا بۆ خۆکوشتن ببه‌ن یاخود هاوسه‌نگی ده‌رونیان له‌ ده‌ستداوه‌، به‌ بونی فاکته‌ری هه‌ژاری خێراتر په‌نا بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌به‌ن، واته‌ هه‌ژاری هۆکاره‌، بۆیه‌ له‌ هه‌مو دنیادا ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێت حاڵه‌تی هه‌ژاری و بێکاری زۆر که‌مبکرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ کوردستان ژماره‌ی دانیشتوانی که‌مه‌ و سه‌روه‌ت و سامانیشی زۆره‌، به‌ڵام خراپی له‌ دابه‌شکردن و به‌کارهێنانی ئه‌م سه‌روه‌ته،‌ وایکردوه جیاوازیه‌کی زۆر له‌نێوان چینه‌کاندا دروستبێت، به‌شێوه‌یه‌ک چینێک زۆر له‌ سه‌ره‌وه‌ بێت و چینێکیش زۆر له‌ خواره‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش جۆرێک له‌ نائومێدی لای خه‌ڵک دروستکردوه‌ به‌تایبه‌ت له‌ناو گه‌نجاندا، زۆرجاریش ئه‌و که‌سه‌ خۆی وشیار نه‌بێت و زه‌مینه‌ی بۆ ره‌خسابێت و هه‌ستبکات که‌سێک نیه‌ گوێی لێ بگرێت و به‌ ده‌م داواکانیه‌وه‌ بچێت، ره‌نگه‌ ساتێک له‌ ساته‌کان بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی کۆتایی به‌ ژیانی خۆی بهێنێت.

سبه‌ی: هه‌ندێک له‌و گه‌نجانه‌ی تاوانی کوشتن و خۆکوشتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وه‌ک شێوه‌یه‌ک له‌ تۆڵه‌کرده‌وه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر ئه‌و کاره‌، خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ و حکومه‌ت تا چه‌ند به‌رپرسایرێتیان به‌رده‌که‌وێت له‌و کارانه‌دا؟
سامان سیوه‌یلی: له‌و کارانه‌دا خودی خۆکوژه‌کانیش به‌رپرسیارێتیان به‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام له‌ که‌یسی گه‌نجه‌که‌ی به‌ختیاریدا "نێچیر" هه‌ندێک له‌ هه‌ڵه‌کان بۆ خێزان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ به‌پێی دانپێدانانه‌کانی خۆی کێشه‌ و گرفتی به‌رده‌وامی هه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ خێزاندا و ته‌نها به‌ زه‌بروزه‌نگ و سه‌رکوتکردن وه‌ڵامی ئه‌و گه‌نجه‌ دراوه‌ته‌وه‌، له‌ کاتێکدا ده‌بو ئه‌گه‌ر باوکه‌که‌ خۆی توانای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ ره‌فتاریه‌کانی منداڵه‌که‌ی نه‌بوایه‌،‌ په‌نای ببردایه‌ بۆ ده‌رونناسێک یاخود پزیشکێکی ده‌رونی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خێزان به‌رپرسیاره‌ به‌وه‌ی، که‌ زانیاری نیه‌ ده‌رباره‌ی په‌روه‌رده‌ی دروست و په‌نا بۆ توندوتیژی ده‌بات، پاشان هه‌مو دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت به‌شێک له‌ به‌رپرسیاره‌تیه‌کانیان ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، بۆ نمونه‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ له‌ کوردستاندا، سیسته‌مێکه‌ تا سه‌ر ئێسقان ناته‌ندروسته‌، چونکه‌ ده‌بینین هه‌مو منداڵێکی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌چێته‌ قوتابخانه‌، پاشان هه‌مویان ده‌چنه‌ په‌یمانگا و زانکۆکان، پاشان هه‌مویان ده‌رده‌چن، هه‌موشیان داوای هه‌لی کار له‌ حکومه‌ت ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا وڵاتانی ئه‌وروپا به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌، به‌ڵکو پاش قۆناغی 9ی بنه‌ڕه‌تی، گه‌نج ده‌خرێته‌ ئه‌کادیمیا پیشه‌ییه‌کان و فێری پیشه‌ ده‌کرێن، ده‌بنه‌ کادرێکی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵگا و که‌رتی تایبه‌تیش هاوکار ده‌بن له‌ چاره‌سه‌رکردنی دیارده‌ی بێکاریدا، به‌ڵام له‌ کوردستان هه‌مو چاویان له‌ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌یه‌، چونکه‌ حکومه‌ت خۆی ته‌نها ئه‌و بواره‌ی بۆ خه‌ڵک هێشتوه‌ته‌وه‌ که‌ بخوێنێت و له‌ رێگه‌ی بڕوانامه‌وه‌ دابمه‌زرێت، که‌واته‌ مافیشی هه‌یه‌ به‌سه‌ر حکومه‌ته‌وه‌ که‌ دایمه‌زرێنێت، به‌ڵام به‌هۆی خراپ به‌کارهێنانی سامانی نیشتمانیه‌وه‌، زۆرجار هاوڵاتیانی ئێمه‌ بێبه‌ش ده‌بن له‌وه‌ش، به‌ ته‌نها پلانی دامه‌زراندن بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بێکاری تۆکمه‌ و گونجاو نیه‌ و به‌ ته‌نها چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی پێناکرێت، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ لایه‌نی گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی و بواره‌کانی تر بدرایه‌ته‌وه‌، ئێستا ده‌یان هه‌زار گه‌نج له‌کاردا بون، واته‌ بێ پلانی حکومه‌تی هه‌رێمه‌ وایکردوه‌ قه‌یرانه‌ ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان زیادبکات.

سبه‌ی: پرۆگرامی خوێندن له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکانی کوردستاندا به‌ سه‌ده‌ له‌ دوای ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاوه‌یه‌، دواکه‌وتنی ئه‌و پرۆگرامه‌ له‌چاو سه‌رده‌می نوێدا تا چه‌ند هۆکاره‌ بۆ وشیارنه‌بونه‌وه‌ی ته‌واوی گه‌نج؟
سامان سیوه‌یلی: هه‌مو ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن دیدێکی ته‌ندروستن له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌، کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆگرامی خوێندن له‌ کوردستاندا نه‌شیاوه‌، ده‌بینین له‌ کوردستاندا منداڵ ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاری و نازانن چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی خۆیان و فشاره‌ ده‌رونیه‌کان بکه‌ن، واته‌ فێری به‌ڕێوه‌بردنی زاتی خۆیان ناکرێن، پرۆگرامه‌کانی خوێندن ته‌نها فێری خوێندنه‌وه‌ و نوسین و ژماره‌ و زانسته‌ سروشتیه‌کانمان ده‌که‌ن، به‌ڵام پێویسته‌ گرنگی به‌ ژیاندۆستی و ژینگه‌ دۆستی بده‌ین، که‌ ئه‌وانه‌ هه‌موی که‌لێنن و له‌بواری په‌روه‌رده‌دا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی وانه‌ی ده‌رونناسی زۆر گرنگه‌ له‌ قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌ی و زانکۆ و په‌یمانگادا هه‌بێت، چونکه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئاشنابێت به‌ میکانیزمه‌کانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی فشاری ده‌رونی، هه‌رگیز په‌نا بۆ خۆکوشتن نابات.

سبه‌ی: حکومه‌تی هه‌رێم تا چه‌ند خاوه‌نی پلان و پرۆژه‌ بوه‌ بۆ په‌ره‌پێدان به‌ ناوه‌نده‌کانی وشیارکردنه‌وه‌ی ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تی؟
سامان سیوه‌یلی: په‌راوێزخراوترین بوار له‌ پلانی حکومه‌تی هه‌رێمدا، بواری ده‌رونی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌، له‌کاتێکدا گه‌وره‌ترین قه‌یران له‌ کوردستاندا، قه‌یرانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونیه‌، تائێستا حکومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی یه‌ک توێژینه‌وه‌ی زانستی نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌، زۆر باس له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ده‌کرێت، گه‌نده‌ڵی هۆکاری ده‌رونی له‌ پشته‌، له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئیش له‌سه‌ر باری ده‌رونی تاکی کورد بکه‌ین، تاکێکی گه‌نده‌ڵ ده‌رناچێت، ئه‌گه‌ر ئیش له‌سه‌ر خێزان بکرێت گه‌نج په‌نا بۆ خۆکوشتن نابات، گه‌نج په‌نا بۆ کوشتنی دایک و باوکی نابات، په‌نا بۆ په‌رته‌وازه‌ بون و دزی و تاوان نابات، به‌ڵام رۆژانه‌ ده‌بینین ده‌یان تاوان ئه‌نجامده‌درێت.

سبه‌ی: زۆرجار گه‌نجان بێ ئه‌وه‌ی بزانن سیناریۆیه‌، ده‌بینن ئه‌وانه‌ی له‌ رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران ده‌ده‌ن ون ده‌بن و نادۆزرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ تا چه‌ند هانده‌ره‌ که‌ گه‌نجان وا بزانن به‌ راستی بۆشایی ئه‌منی هه‌یه‌؟
سامان سیوه‌یلی: ئه‌وانه‌ی که‌ ئاماده‌ییان هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی تاوان، کاتێک هه‌ستده‌کات بۆشاییه‌کی ئه‌منی دروست ده‌بێت، وه‌ک چۆن ئێستا له‌ کوردستاندا هه‌ر بکوژه‌و رێو شوێنی یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر به‌کارناهێنرێت، هه‌ر بکوژه‌و سزا وه‌رناگرێت، هانی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی تاوان، چونکه‌ هه‌ستده‌کات بۆشاییه‌کی ئه‌منی هه‌یه‌ و هه‌رچی بکات که‌س لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکات، تاکه‌کانی تری کۆمه‌ڵگاش هه‌ست به‌ نادادپه‌روه‌ری ده‌کات، چونکه‌ ده‌بینێت بکوژ وه‌کو به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رده‌چێت، جگه‌ له‌مانه‌ش یه‌کێک له‌ پێداویسته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤ له‌ڕوی ده‌رونیه‌وه‌ هه‌ستکردنه‌ به‌ ئاسایش، به‌ڵام ئه‌و کارانه‌ وا ده‌که‌ن هه‌ست به‌ ئاسایش نه‌که‌یت له‌ گه‌ڕه‌ک و کۆڵان و شاره‌که‌تدا، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی کاڵبونه‌وه‌ی ئینتیمای تاک به‌رامبه‌ر داموده‌زگاکانی وڵات، چونکه‌ ده‌بینن رۆژنامه‌وسێکی دیار له‌ شاره‌که‌دا ده‌ستدرێژی ده‌کرێته‌ سه‌ر و ده‌ستگیر ناکرێت، تاکیش بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ کاتێک کارێکی له‌و شێوه‌یه‌‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ بکرێت، ده‌بێت گه‌نجێکی ئاسایی چۆن بیر له‌ نادڵنیایی نه‌کاته‌وه‌ له‌ڕوی ئه‌منیه‌وه‌.

سبه‌ی: کرانه‌وه‌ی خێرای کوردستان به‌ڕوی ته‌کنه‌لۆژیا و به‌ جیهانیبوندا تا چه‌ند کاریگه‌ری هه‌بوه‌؟
سامان سیوه‌یلی: ته‌کنه‌لۆژیا کاریگه‌ری زۆر خراپ و مه‌ترسیداری کردوه‌ له‌سه‌ر زۆربه‌ی تاکی کورد، ئێمه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌که‌ی خۆماندا نزیکه‌ی 80 حاڵه‌تی ناپاکی هاوسه‌رگیریمان لایه‌، یه‌ک ناپاکی نیه‌ که‌ ئامڕازی ته‌کنه‌لۆژیای تێدا نه‌بێت، که‌ بریتیه‌ له‌ مۆبایل و چاتی ئینته‌رنێت و فه‌یسبوک، به‌شێکی تر له‌ گه‌نجان ئالوده‌ بون به‌ ته‌کنه‌لۆژیا و به‌ ده‌یان سه‌عات خه‌ریکی کۆمپیوته‌رن، یاخود به‌شێکی زۆر له‌ منداڵان و گه‌نجان فێری توندوتیژی بون به‌هۆی به‌ کارهێنانی ئه‌و سیدیانه‌ی له‌ بازاڕدا بێ سانسۆری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌فرۆشرێن، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ساردی له‌نێوان خێزاندا دورستکردوه‌، چونکه‌ که‌سێک به‌ چه‌ندین سه‌عات به‌ دیار شاشه‌ی کۆمپیته‌رێکه‌وه‌ دابنیشێت و چالاکی جه‌سته‌یی نه‌بێت و خۆی بدزێته‌وه‌ له‌ پابه‌ندبونه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، گۆشه‌گیری دروست ده‌بێت، گۆشه‌گیریش هۆکاره‌ بۆ دروستبونی خه‌مۆکی، کاتێکیش ده‌چیته‌ ماڵیکه‌وه‌ هه‌ر تاکێک و له‌ ژورێکدا سه‌رقاڵن به‌ سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن و ئینته‌رنێت و منداڵه‌کانیشیان به‌ پله‌یسته‌یشنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایکردوه‌ په‌یوه‌ندی له‌ناو خودی خێزاندا نه‌مێنێت، ئه‌وه‌ش نامۆ بون دروستده‌کات، چونکه‌ هه‌رچه‌نده‌ خێزانه‌که‌ چه‌ند که‌سێکیش بێت هێشتا هه‌ست به‌ ته‌نهایی ده‌که‌یت.
 

Sbeiy.com © 2007