دیمانه: عه‌لی ناجی
له ماوه‌ی رابوردودا، فالح ساری، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه سه‌ر له كوتله‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانییه، له چه‌ند لێدوانێكدا باسی له‌وه كرد كه هه‌رێمی كوردستان به قاچاخ نه‌وت هه‌نارده ده‌كات.
ناوبراو له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ (سبه‌ی)، ته‌ئكید له‌وه‌شده‌كاته‌وه، كه قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان، گه‌وره‌تره له گه‌نده‌ڵی حكومه‌تی عێراق، به‌ڵام به‌و هۆیه‌ی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم بێلایه‌ن نیه‌و له‌لایه‌ن ده‌زگا چاودێریه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ئه‌و دیوانه دانپێدانراو نیه، قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێم نازاندرێت.
به‌گوێره‌ی قسه‌كانی ناوبراو، به‌و پێیه‌ی له كوردستان 7 مه‌رز هه‌یه، ده‌رفه‌تی به قاچاخبردنی نه‌وت و كه‌ره‌سته‌ی تر‌و هاورده‌كردن به‌بێ چاودێری و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ره‌ستانه بخرێته ژێر كوالێتی جۆر، له ئارادایه.
سبه‌ی: له لێدوانێكدا باس له‌وه ده‌كه‌یت نه‌وتی هه‌رێم به قاچاخ ده‌برێته‌وه ده‌ره‌وه‌ی عێراق و گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، ده‌كرێت ئه‌وه‌مان بۆ رونبكهیتهوه قه‌باره‌ی ئه‌و گه‌نده‌ڵیه له هه‌رێمدا چۆنه؟
فالح ساری: چاودێری و وردبینی پاره‌ی هه‌رێمی كوردستان له به‌رپرسیاریه‌تی دیوانی چاودێری دارایی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌رچوه‌و ئه‌و ئه‌ركه كه‌وتوه‌ته سه‌ر دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان، به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌رگای گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان فراوانبوه. ئه‌و ئامارانه‌ش دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵی كردویه‌تی رون نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بێلایه‌ن نیه‌و به بێلایه‌نی و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی پیشه‌یی ئاستبه‌رزه‌وه رای خۆیان ده‌رنابڕن. جگه له‌وه‌ش رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی (Transparency International) و ده‌زگا چاودێریه جیهانی و ئاسیاییه‌كانی وه‌ك (ئینتوسای و ئیسكوسای) دانیان به ده‌زگای چاودێری دارایی هه‌رێمدا نه‌نانه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه مه‌رزه‌كانی هه‌رێم كه 2 مه‌رزی ره‌سمی و 5ی ناڕه‌سمین له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌رزێكی تردا، به هیچ شێوه‌یه‌ك هاورده و نارده‌نی تێیاندا نه‌خراوه‌ته ژێر چاودێریه‌وه.
له عێراقدا جگه له هه‌رێم ته‌نها 6 مه‌رز هه‌یه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان 7 مه‌رز هه‌یه، بۆیه هه‌ر به‌و هۆیه‌ی كه مه‌رزه‌كانی هه‌رێم زۆرترن، ده‌رفه‌تی به قاچاخبردنی نه‌وت و كه‌ره‌سته‌و هاورده‌كردن به‌بێ چاودێری و به‌بێ ئه‌وه‌ی بخرێته ژێر كوالێتی جۆر له ئارادایه‌و بازاڕه‌كان پڕكراون له‌و كه‌ره‌ستانه كه دور نیه ئیكسپایه‌ر بوبوبن. هه‌مو ئه‌و بابه‌تانه‌ش ته‌ئكید له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
سبه‌ی: چه‌ند هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له كاتێكدا كه بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه‌می كرد، تۆ له لێدوانێكدا وتت: "زانیاریمان لایه كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، به‌هۆ ئه‌وه‌یه حاڵه‌تی به قاچاخبردنی له هه‌رێمه‌وه بۆ توركیا‌و ئێران زیادیكردوه"، ئایا ئه‌مه ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمه‌وه ده‌كرێت؟
فالح ساری: دابه‌زینی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت له هه‌رێم له رێگه‌ی بۆریه نهوتبهرهكانهوه بۆ توركیا، یه‌كێكه له ئاماژه‌كان و ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك نیه تا له رێگه‌یه‌وه بوترێت گه‌نده‌ڵی و حاڵه‌تی به قاچاخبردنی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو هه‌یه، به‌ڵام بێگومان حاڵه‌ته‌كه زیان له ئابوری عێراق و یاسای بودجه‌ی فیدراڵی و ئه‌و بڕه نه‌وته ده‌دات كه بڕیاربو له هه‌رێم به‌رهه‌مبهێندرێت.
سبه‌ی: هه‌مو ساڵێك له كاتی بودجه‌دا ئێوه بڕی 17% تان بۆ هه‌رێم پێ زۆره، هۆکاری ئه‌مه چییه له‌کاتێکدا ئێوه زانیاریتان نییه ده‌رباره‌ی خه‌رجی و بودجه‌ی هه‌رێم؟
فالح ساری: وه‌ك وتم، هه‌رێمی كوردستان ناكه‌وێته ژێر چاودێری ده‌زگای چاودێری فیدراڵی، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ژێرخانی بونیادی ده‌وڵه‌ت و هیچ هه‌ڵسه‌نگاندنێك نیه بۆ قه‌باره‌ی خه‌رجی و ده‌ستكه‌وتی دارایی و داهاتی ئه‌و 17%یه‌ی كه ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت له كۆتایی ساڵدا.
له كۆتایی ئه‌مساڵیشدا قه‌باره‌ی خه‌رجیه‌كان له تۆماره‌كاندا 100%ه، واته خه‌رجكردنی هه‌مو پاره ته‌رخانكراوه‌كان له چوارچێوه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمدا ئه‌وه‌نده‌یه، به‌ڵام رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی خه‌رجیه‌كان له بوجه‌كه نه‌زاندراوه؛ ئایا هه‌موی خه‌رجكراوه یان نا، یاخود ئه‌و پرۆژه وه‌به‌رهێنانه چین كه هاوڵاتیانی هه‌رێم لێیان سودمه‌ند ده‌بن، یان ئایا ئه‌و پرۆژانه وه‌همین، یان راستین و بونیان هه‌یه...؟
هه‌روه‌ها قه‌باره‌ی چاودێری و وردبینی و لێكۆڵینه‌وه له خه‌رجی 17% كه له چوارچێوه‌ی پێوه‌ره‌كانی حكومه‌تی فیدراڵیدا باسی لێوه نه‌كراوه، كه‌واته چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه بۆئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌ستێك هه‌یه كه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ئاستێكی به‌رزدا گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن تا ئه‌و راده‌یه‌ی زۆرجار گه‌نده‌ڵی هه‌رێم له ئاست گه‌نده‌ڵی ناو حكومه‌تی عێراقیدا بێت و بگره زۆرتریش بێت.
له هه‌رێمی كوردستان میكانیزمی چاودێری، ته‌نها رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نین، كه ئه‌وانیش ته‌ئكید له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێم زۆر گه‌وره‌یه و كه‌س نیه ئاستی خه‌رجی و كارایی خه‌رجیه‌كان ده‌ستنیشان بكات. هه‌ر ئه‌م رێكخراوانه ئه‌وه‌یان رونكردوه‌ته‌وه كه هیچ داهاتێك نیه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێم و عێراقدا بێت.
سبه‌ی: به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی له بواری داراییدا كارده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه ده‌كه‌ن كه بڕی بودجه‌ی هه‌رێم كه‌متره له 17%، یان بڵێین هه‌رێم 17% که‌متر وه‌رده‌گرێت؟
فالح ساری: ئامارێكی دانیشتوان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی، نه‌ك ره‌سمی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه ئه‌نجامدرا، هه‌مو ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و راپرسیه ته‌ئكیدیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم له ئاست دانیشتوانی عێراقدا 13% تێناپه‌ڕێنێت و به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراویش 11%یه، بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌رێم وه‌ریده‌گرێت زۆرتره له مافی خۆی.
هه‌مو سیاسیه‌كانیش له‌سه‌ر رێژه‌ی ئێستای هه‌رێم ره‌زامه‌ندن، كوردیش بۆ خۆیان خۆزگه به‌و رێژه‌یه ده‌خوازن و بارودۆخی ئێستای كوردیش باشترین بارودۆخه كه له‌سه‌ر حسابی پاره‌ی عێراق، له سه‌رده‌می زێڕینی خۆیدا ده‌ژی.
سبه‌ی: لیستی عێراقیه‌و هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌تایبه‌ت، كێشه‌كانی ئێستا بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕگه‌و خاڵه‌كانی رێكه‌وتننامه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌گێڕنه‌وه، بۆچی ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه جێبه‌جێ نه‌كرا، به تایبه‌ت ئه‌و 19 خاڵه‌ی كورد له رێكه‌وتنه‌كه‌دا كه بۆ به‌شداری له حكومه‌ت پێشكهشیكردبو؟
فالح ساری: من وه‌ك خۆم قسه ده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی، به‌ڵام رێكه‌وتننامه‌كه‌ی هه‌ولێر رێگه‌ی خۆشكرد له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی چه‌ند كه‌سێك ده‌ربكه‌ون و دواتریش زیان به به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان بگه‌یه‌نن، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه رێكه‌وتننامه‌كه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
هاوكات ئه‌و رێكه‌وتنه بو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی هاونیشتمانیان و نیشتمان، چه‌ند كوتله‌یه‌كیش چه‌ندین ئیمتیازاتی زیاده‌یان ده‌ستبكه‌وێت.
من وه‌ك خۆم به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی هه‌ولێردا نیم كه به 19 خاڵه‌كه‌ی كورد دهستیپێكردو دواتریش بو به 24 خاڵ، به تایبه‌ت ئه‌و ورهقهیهی كورد هیچكام له خاڵه‌كانی له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدا نه‌بو.