|
كورد و گه‌مه‌ی سیاسی له عێراقدا |
Thursday, February 14, 2008 |
راپۆرتی: فه‌همی ساڵح
هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسی پێییانوایه ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد له‌چاو ئه‌و هاوپهیمانێتییو پشتیوانییه‌ی له شیعه‌یان كردووه له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا كه‌م بووه.
له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه به‌رپرسانی كورد به‌رده‌وام ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه ده‌كرد كه هاوپه‌یمانێتییه‌كی ستراتیژی له‌نێوان لیستی كوردیی‌و لایه‌نه شیعه‌كان هه‌یه به‌تایبه‌ت حیزبی ده‌عوه‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی، ئه‌مه‌ش بۆ كاركردنی هاوبه‌شی ئه‌م دوولایه‌نه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن‌و دواتریش یه‌ك هه‌ڵوێستییان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی سیستمی فیدڕاڵی، حوكمكردنی شیعه‌كانیش له عێراق له دوای رووخانی رژێمی سه‌دام به‌هۆی پشتیوانی كورد بوو، چ له سه‌رده‌می حكومه‌تی جه‌عفه‌ری بێت یان حكومه‌تی ئێستای مالیكی‌و زیاتر له‌وه‌ش كورد حكومه‌تی مالیكی له لێواری تیاچوون‌و رووخان رزگاركرد، به‌ڵام به بۆچوونی چاودێرانی كوردیی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و پشتیوانییه زۆر‌و هاوپه‌یمانێته ستراتیژییه كه‌م بووه، له‌وانه‌یه تاكه ده‌ستكه‌وتی كورد له‌دوای رووخانی رژێمی پێشوو بریتی بێت له چه‌سپاندنی فیدڕاڵییه‌ت له ده‌ستووری عێراقیی‌و دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و زیادكردنی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له داهاتی عێراق بۆ 17%، به‌ڵام به‌م دواییه ده‌ركه‌وت ئه‌م خاڵانه هه‌مووی شایانی پێداچوونهوهنو هێشتا تا سه‌ر نه‌چه‌سپیون، وه‌ك ده‌ركه‌وتووه چه‌ندین لایه‌نی عێراقی به سوننه‌و شیعه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه پێشتر داوای فیدڕاڵییهتیان بۆ عێراق ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م سیستمه جێبه‌جێبكرێت، به‌تایبه‌ت ره‌وتی سهدریو حیزبی فه‌زیڵه‌و هه‌ندێك له شیعه سهربهخۆكانو هه‌موو لایه‌نه سوننییه‌كانیش.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی مه‌ترسی ئه‌و شیعانه‌ی كه پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه یان نایه‌نه‌وێت فیدڕاڵی بچه‌سپێت به‌هۆی مه‌ترسییانه له سه‌پاندنی هه‌ژموونی لایه‌نێكی دیاریكراو وه‌ك ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به‌سه‌ر هه‌رێمی باشوور‌و دواتر په‌راوێزبوونی ئه‌وانی تر.
ته‌رخانكردنی رێژه‌ی 17%ی بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان كه له سه‌رده‌می حكومه‌تی ئه‌یاد عه‌لاویدا دیاریكرا به‌وپێیه‌ی كه حكومه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی ده‌سه‌ڵاتی یاسادان‌و راپه‌ڕاندنی هه‌بوو، ئێستا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان داوا ده‌كه‌ن كه چاو به‌م رێژه‌یه‌دا بخشێنرێته‌وه‌و پێیانوایه ده‌بێت كه‌مبكرێته‌وه ته‌نانه‌ت به‌و لایه‌نانه‌شه‌وه كه كورد وه‌ك دۆست‌و هاوپه‌یمان لێی روانیوون، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی عێراقی سووره له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌و گرێبه‌سته نه‌وتیانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیداون شه‌رعیه‌تی یاساییان نییه كه ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له كێشه ئاڵۆزه‌كان، چونكه حكومه‌تی هه‌رێم سووره له‌سه‌ر دانپێدانانیان.
چاودێران پێیانوایه كه ئه‌م هه‌ڵوێستانه له‌وانه‌یه سه‌ره‌تای گۆڕانێكی دیكه‌ی گه‌وره‌تر بێت له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق‌و شوێنی كورد له‌نێو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردابێت، به‌تایبه‌ت كه سه‌ره‌تاكانی گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسیی به‌ده‌ركه‌وتووه، له‌وانه‌ش گردبوونه‌وه‌ی دوازده لایهنو كه‌سایه‌تی عێراقی جیاواز كه ئه‌مانه هه‌ندێكیان پێشتر له‌و لایه‌نانه بوون كه ناكۆكیان له‌نێواندا هه‌بووه، به‌ڵام له‌سه‌ر سێ خاڵ رێككهوتوونو دوانیان په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌بوو، ئه‌وانیش بریتین له ماده‌ی 140و گرێبه‌سته نهوتییهكانو له‌م نێوه‌نده‌شدا له‌گه‌ڵ مالیكی كۆبوونه‌وه. هه‌ندێك ئه‌وه‌شیان به‌دوور نه‌زانی كه خودی مالیكی هانده‌ری ئه‌مانه بووبێت تاوه‌كو وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی خواسته‌كانی كورد پیشانیان بدات، به پاساوی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و چه‌ند هێزه‌ی گۆڕپانی سیاسیی عێراق دژی خواسته‌كانی كوردن.
تێبینی ئه‌وه ده‌كرێـت كه حیزبی ده‌عوه‌ی عێراقی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر كورد گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه به‌تایبه‌ت یه‌كێك له‌و دوازده لایه‌نه‌ی كه به‌مدواییه له‌سه‌ر ئه‌و سێ خاڵه رێككه‌وتن حیزبی ده‌عوه ته‌نزیمی عێراق بوو، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م حیزبه ناڕه‌زایی ده‌ربڕی كاتێك حیزبی ده‌عوه (مه‌قه‌ری عام) كه باڵه‌كه‌ی مالیكیه به‌شداری كرد له هاوپه‌یمانی چوارقۆڵی، زیاتر له‌وه‌ش هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م باڵه‌ی حیزبی ده‌عوه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و حه‌یده‌ر عوبادی سه‌ركرده له‌م پارته به ئاشكرا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ناكرێت ئه‌وان چیدی رازی بن به ته‌رخانكردنی رێژه‌ی 17%ی بودجه عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان‌و داوای كرد چاو به‌و رێژه‌یه‌دا بخشێنرێته‌وه، به پاساوی ئه‌وه‌ی «ئه‌مه بردنی مافی خه‌ڵكی دیكه‌ی عێراقه بۆ كورده‌كان‌و ئه‌گه‌ر بۆ ساڵی 2008یش بچه‌سپێنرێت ئه‌وا بۆ ساڵی 2009 ناكرێت به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت».
شێخ جه‌لاله‌دین ئهلسهغیریش له ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له یه‌كێك له دانیشتنه‌كانی سه‌رۆكی لیسته په‌رله‌مانییه‌كاندا له رۆژی دووشه‌ممه به‌رواری 28/1/2008 پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه كرد.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ناكۆكی دێرینتری نێوان كورد‌و لایه‌نه‌كانی دیكه هێشتا به‌رده‌وامه كه ئه‌ویش بریتییه له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140و له‌مباره‌یه‌شه‌وه زۆرێك له لایه‌نه‌كان هه‌ڵوێستیان زۆر له به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه‌و ته‌نانه‌ت پارته شیعه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش كه هیوایان به ماده‌ی 140 ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌ی كه زۆرینه‌ی به شیعه ده‌زانن له سه‌ڵاحه‌دین بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر به‌غدا، ئه‌و ناوچه جوگرافیانه‌ش كه خراوه‌ته سه‌ر ئه‌نبار بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر نه‌جه‌ف، به‌ڵام هه‌ڵوێستیان ئیجابی نه‌بوو، له‌مباره‌یه‌شه‌وه حه‌یده‌ر عوبادی زۆر به‌ئاشكرا له‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان كه تایبه‌ت بوو به ماده‌ی 140 وتی: «یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ره ده‌بێت به یه‌كجار ئهنجامبدرێتو نابێت كه‌ركوك‌و ناوچه كوردییه‌كان تهواوبكرێتو ناوچه‌كانی دیكه‌ی باشوور‌و ناوه‌ڕاست به هه‌ڵواسراوی بمێننه‌وه».
ئه‌م ههڵویستانهو چه‌ندینی تریش ئه‌وه‌یان لێده‌خوێنرێته‌وه كه گۆڕانێك به‌دی ده‌كرێت له ئاڕاسته‌ی سیاسیی له عێراق.
راڤه‌كه‌رانی سیاسیی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنانه وا ده‌خوێننه‌وه كه له بۆشاییه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكو ده‌رهاویشته‌ی لێكدانه‌وه‌ی نوێی لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كانه، زۆرێك له لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان پێیانوایه كه هێزی كوردی له عێراق هه‌ژموونی هه‌یه‌و پێیانوایه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كورد له هه‌رێم جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌كی هه‌یه، له‌هه‌مانكاتدا ده‌شیه‌وێت بۆچوون‌و ویست‌و خواسته‌كانی خۆی به‌سه‌ر ناوه‌نددا بسه‌پێنێت، هه‌ربۆیه ده‌یانه‌وێت سنوورێك بۆ ئه‌مه دابنێن.
عه‌لی كازم زوبه‌یدی، رۆژنامهنووسو چاودێری سیاسیی‌و نزیك له هێزه شیعییه‌كانه‌وه وێڕای ئه‌وه‌ی كه هاوڕایه له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه لایه‌نه شیعییه‌كان پێیانوایه ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی كه له‌نێوان كورده‌كان‌و شیعه‌دا هه‌بووه زیاتر به‌رهه‌مه‌كه‌ی كورد خواردوویه‌تی نه‌ك ئه‌وان، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌ستكه‌وتیان زۆر كه‌م بووه، هه‌ربۆیه ئاڕاسته‌یه‌ك په‌یدابووه كه هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێ پێكبێت له‌نێوان لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان به‌بێ جیاوازی مهزههبییو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌سه‌ڵاتێكی نوێ پێكبهێنرێت، ئه‌و ئه‌گه‌رچی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات ره‌نگه ئه‌مه هه‌ندێك كات بخایه‌نێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م ئاڕاسته‌یه له‌كاركردن بوونی هه‌یه، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌می ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه لانیكه‌م ئاسایش له ناوچه جیاوازه‌كان ده‌چه‌سپێت‌و بارودۆخ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری له‌نێوان په‌یڕه‌وانی هه‌ردوو مه‌زهه‌ب (شیعه‌و سوننه) هێورده‌بێته‌وه، زیاتر له‌وه‌ش ره‌نگه شیعه ئاماده‌بێت سوننه‌كان بكاته شه‌ریكی ده‌سه‌ڵاتی خۆی‌و ماوه‌یه‌كیش به‌مشێوه‌یه ده‌سه‌ڵات به‌ڕێبكه‌ن وه‌ك ماوه‌یه‌كی ئه‌زموونی، تا به‌رهه‌می ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش تاقی بكه‌نه‌وه.
هێزه عه‌ره‌بییه‌كان به‌بێ جیاوازی پێیانوایه كه داواكانی كورد گه‌لێ زۆره‌و ههرچییهكیشیان بوێت پێداگریی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت بێته‌دی، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140و 17%ی بودجه‌و خه‌رجی پێشمه‌رگه‌و گۆڕینی ئاڵا‌و گرێبه‌ستی نه‌وت، له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌وانه‌ش نیمچه سهربهخۆییهكو هاوكاری نه‌كردنی كارا له ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا شیعه‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن ده‌ستكه‌وتی وایان نه‌بووه، تیرۆر هه‌ر به‌رده‌وامه‌و باری ئاسایش ئه‌گه‌رچی به‌ره‌و باشبوون چووه، به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌منیی به‌رده‌وامه‌و ناكۆكی توند له‌نێوان لایه‌نه شیعییو سوننییه‌كان درێژه‌ی هه‌یه، هه‌ربۆیه هه‌ندێك پێیانوایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نی كوردی پرۆژه‌یه‌ك پێشنیار بكات كه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو عێراقیشی تێدابێت له‌وانه‌یه پاش لێكۆڵینه‌وه‌و شهنو كه‌و كردنێكی باش ئینجا وه‌ربگیرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی هێزه عه‌ره‌بییه‌كان وایه به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی به بۆچوونی ئه‌وان.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی سێ قۆڵی وه‌ك ته‌حه‌روش وابوو به لایه‌نه شیعییه‌كان، له‌مباره‌یه‌وه شێخ خه‌یروڵڵا ئهلهبهسری، كه‌سایه‌تی ئایینی شیعیی له لیستی عێراقیه له گفتوگۆیه‌كدا پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌مه كرده‌وه‌و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه ده‌بوو كورده‌كان ئه‌مه‌یان له‌به‌رچاو بگرتایه، ئه‌گه‌رچی دوو پارته كوردییه‌كه ئه‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو كه ئه‌وان به رێككه‌وتنی سێ قۆڵی ویستیان لایه‌نێكی سوننی زیاتر نزیك بكه‌نه‌وه له حكومهتو هاوپه‌یمانیی چوارقۆڵی، به‌ڵام شیعه‌كان وای تێده‌گه‌ن كه ئه‌مه په‌یامێكی كورده‌كانه كه ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌م كورددا كراوه‌ن‌و ده‌كرێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سوننه‌كانیش ببه‌ستێت، هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تاوه گرژییه‌ك هه‌بوو له‌نێوان لایه‌نه سوننییهكانو كورد. به‌م پێیه‌ش كورد ئه‌گه‌رچی له‌لایه‌ك هاوپه‌یمانێكی بۆ خۆی زیادكرد، له هه‌مانكاتیشدا به‌شێك له هاوپهیمانهكانییو پشتیوانی ئه‌وانی له ده‌ستدا.
نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه نامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران شیعه‌كانی زۆر توڕهكردو به هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشكرای كورد لێكدرایه‌وه، هه‌ربۆیه موه‌فه‌ق روبه‌یعی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ردانی هه‌ولێری كرد، تا له نهێنی ئه‌و نامه‌یه تێبگات، به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌ی هه‌رچی بێت شیعه‌كانی تووشی شۆك كرد.
پێش به‌ده‌ركه‌وتنی هه‌موو ئه‌م ده‌رهاویشته نوێیانه‌ش كورد له‌لایه‌ن خۆیه‌وه گله‌یی كرد له هه‌ڵوێستی حكومه‌تی ناوهندیو به كه‌مته‌رخه‌م وه‌سفی كرد به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا، چاودێرانیش پێیانوایه كه حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به ته‌واوی ده‌یه‌وێت ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا بكات به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بزانین كه توركیا دۆستێكی ئه‌مریكاشه، ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێرانیش ئه‌وه راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره، چونكه ئاشكرایه كه لایه‌نه شیعییه‌كانو ئێران هاوسۆزی له‌نێوانیاندا هه‌یه، له‌وه‌ش زیاتر راپۆرته هه‌واڵگرییه‌كان ئاماژه به‌بوونی هاوكاریش ده‌كه‌ن.
هه‌ندێك له شرۆڤه‌كارانی سیاسه‌ت وای ده‌بینن كه كورد چه‌ندین به‌ره‌ی شه‌ڕی سیاسی بۆ خۆی كردووه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م هه‌موو ململانێیه كارێكی ئاسان نه‌بێت، به‌ڵكو ئاسته‌میش بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی مێژووی سیاسی نوێیی عێراقیش بكه‌ین ده‌بینین زۆرێك له سه‌ركرده‌كان سه‌ره‌تا به پشتیوانی كورد ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته دهستو پاشان هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر كورد پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه.
هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاش زۆرتر وا ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌ك بێلایه‌نانه مامه‌ڵه ناكات، به‌ڵكو زیاتر به‌لای عه‌ره‌بدا ده‌شكێنێت نه‌ك كورد‌و فشاره‌كانی له‌سه‌ر كورد زیادكردووه.
به‌رپرسانی ئه‌مریكی راشكاوانه‌و چه‌ندینجار ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه ده‌بێت كورده‌كان كاروباره‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا رێكبخه‌ن، له‌وه‌ش زیاتر به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رپرسێكی كورد كه بۆ رۆژنامه‌ی ئاشكراكرد: كاتێك ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری نه‌وتی عێراقی له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانی به‌غدای كرد له‌ژێر چاودێری ئه‌مریكادا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سامر غه‌زبان راوێژكاری مالیكی ئه‌نجامداو ته‌نانه‌ت ئه‌مریكییه‌كان پێیان وتبوون كه ناهێڵن له شوێنی گفتوگۆكان بچنه ده‌ره‌وه تا رێكنه‌كه‌ون. دیاره ئه‌مریكا رازیكردنی وڵاته عه‌ره‌بییه هاوپه‌یمانه‌كانی‌و توركیای به‌لاوه گرنگتره تا هێزه كوردییه‌كان.
له دوا په‌ره‌سه‌ندنیشدا زۆرێك له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانی نێو په‌رله‌مان سه‌ره‌ڕای بوونی رێككه‌وتنی سیاسی ده‌نگدانیان له‌سه‌ر بودجه‌ی 17%ی هه‌رێمی كوردستان به‌لاوه گه‌لێك قورس بوو.
له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌یه زۆرێك له سیاسه‌تمه‌داران پێداچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی كوردی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به پێویستی ههنووكهییو به په‌له ده‌زانن، هه‌روه‌ك له‌نێو به‌رپرسانی كوردیشدا هه‌ن كه داوای پێداچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی كوردی ده‌كه‌ن له‌ژێر ئه‌و ده‌رهاویشته نوێیانه‌ی كه هاتوونه‌ته ئاراوه.
فریاد ره‌واندزی، وته‌بێژی فه‌رمی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی له وتارێكیدا له رۆژنامه‌ی ئیتیحاد نووسیویهتیو داوای كردووه كورد له‌سه‌ر ئاستی عێراق به سیاسه‌ته‌كانیدا بچێته‌وه.
ئایا كورد چاو به سیاسهتو كارته‌كانی خۆیدا ده‌خشێنێته‌وه؟
ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌بێت وه‌ڵامی بداته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه كات زۆر كه‌مه‌و ره‌نگه زه‌حمه‌ت بێت بتوانرێت فریای ئه‌م گۆڕانه نوێیانه بكه‌وێت، به‌ڵام ئاخۆ ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ی چی بكرێت، داواكانی كه‌م بكاته‌وه یان هاوپه‌یمانه‌كانی بگۆڕێت یاخود شێوازی هاوپهیمانییهتهكانی بگۆڕێت؟ یان زیاتر كاربكات بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێستایدا؟ |
|
|