ژوری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
پێشه‌كی
به‌و پێیه‌ی نه‌وت و غاز پرسێكی نیشتیمانی گرنگه و په‌یوه‌سته به ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێویسته به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكرێت هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیابنه‌وه له‌وه‌ی كه ئاینده‌یه‌كی باشتریان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت له‌سایه‌ی سامانی سروشتی له هه‌رێمی كوردستاندا.
هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به سامانی سروشتی، نزیكه‌ی 45 ملیارد به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌ك و 3 - 6 تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتی له‌ژێر خاكه‌كه‌یدا هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروستانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر گرنگه بۆ گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابوری و زۆركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و باشتركردنی ژیانی تاك.
هه‌رچه‌نده له‌ماوه‌ی رابردودا به‌چه‌ندین شێوازی جیاواز هه‌وڵدراوه فشار دروستبكرێت بۆ خستنه‌ڕوی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه په‌یوه‌سته به پرسی نه‌وت و غازه‌وه، به‌ڵام تاكو ئێستا به‌رچاوڕونی پێویست نه‌خراوه‌ته‌ڕو.
چه‌ند رۆژی رابردو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكات، ئه‌گه‌رچی ناردنی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان به شه‌فافیه‌تێكی زۆر نیشاندرا، به‌ڵام ئاشكراكردنی گرێبه‌سته‌كان حاڵه‌تێكی زۆر ئاساییه و شاردنه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردودا خه‌تایه‌كی گه‌وره بوه، نه‌ك ئاشكراكردنی له ئێستادا ده‌ستكه‌وتێكی پڕ به‌ها بێت، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌شێك له گرنگیه‌كانی ئاشكراكردنی ئه‌و گرێبه‌ستانه، بۆ چۆنێتی هاتن و رۆیشتنی ئه‌و داهات و خه‌رجیانه‌یه كه له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه.
هاوكات پاش گه‌یشتنی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌رێگای كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رجه‌می گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ین و ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ش بۆ رای گشتی ده‌خرێته‌ڕو.
داهاتی نه‌وت
چه‌ندین رێگا هه‌یه كه به‌هۆیه‌وه داهاتی نه‌وتیی ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌پشت به‌ستن به چه‌ند مادده‌یه‌كی یاسایی و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی پێویست ئاشكراكردنی داهاتی نه‌وت و ئه‌و رێگایانه‌ی كه به‌هۆیانه‌وه داهات ده‌ستده‌كه‌وێت به‌پێویست ده‌زانین.
1- به پێی وته‌ی د. ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان، كه له‌كۆبونه‌وه‌ی 19/10/2009دا‌و له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كورستاندا، رایگه‌یاند، "پێنج ملیارد دۆلاری شیرینی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان هاتوه‌ته كوردستان و دێته كوردستان، یه‌ك ملیاردی خه‌رجكراوه و چواری ماوه". ئه‌گه‌ر به‌پێی خه‌مڵاندن بێت و پشت به زیادبونی ژماره‌ی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان ببه‌سترێت ئه‌وا ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌وه‌ك به‌خشین هاتبێت و دێت، ده‌بێت له 7 ملیار دۆلار نزیك بوبێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌و پارانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردودا له بانكدا هه‌ڵگیراون سودیان چوته سه‌ر.
2- به‌پێی بڕگه‌ی 30 له مادده‌ی یه‌كی یاسای ژماره 22ی یاسای نه‌وت و غازی ساڵی 2007 ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، داهاته‌كانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه له پرۆسه‌كانی نه‌وت ده‌ستده‌كه‌ون له‌وانه فرۆشتنی نه‌وت و غاز و موڵكانه، پاداشتی ئیمزاكردن و به‌رهه‌مهێنان له‌و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت كه له‌نێوان كۆمپانیا بیانییه‌كان و ناوخۆییه‌كاندا به‌ستراوه، ده‌بێت له سندوقی كوردستان بۆ داهاته نه‌وتییه‌كان هه‌ڵبگیرێت كه له مادده‌ی پازده‌ی هه‌مان یاسادا هاتوه، به‌ڵام ئه‌م سندوقه تاوه‌كو ئێستا نییه و داهاته‌كانیش نادیارن.
3- له‌مادده‌ی 37 بڕگه‌ی پێنجه‌م كه‌تایبه‌ته به رێژه‌ی موڵكانه، له بڕگه‌ی 10ی هه‌مان مادده‌دا كه باسی وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه پارانه ده‌كات كه ده‌بێت بۆ پاڵپشتی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه بدرێن، به‌ڵام ئه‌و داهاتانه نادیارن.
4- مادده‌ی 40 بڕگه‌ی یه‌كی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ته به دانانی باج له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت، ده‌ڵێت" به‌ڵێنده‌ر و كه‌سی رێگا پێدارو هه‌ر كه‌سێك كه په‌یوه‌ندی به پرۆسه‌كانی نه‌وته‌وه هه‌بێت پێویسته دانی باجی داسه‌پاو له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بخه‌نه ئه‌ستۆیان له‌وانه باجی روی زه‌وی، باجی ده‌رامه‌ت، باجی ده‌رامه‌تی كۆمپانیاكان و ره‌سمی گومرگ و هه‌ر باجێكی دیكه‌ی هاوشێوه، باجی قازانجه‌كانی له‌ناكاو یان باجی زیاده قازانجه‌كان، هه‌ر باجێكی دیكه وه‌رده‌گیرێت، یان ده‌درێت وه‌ك ره‌سمه‌كان به‌پێی گرێبه‌ستی نه‌وت". ئه‌م باجانه‌ش تاوه‌كو ئێستا دیارنین.
5- به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان توانیویه‌تی له هه‌مو گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتدا پشكی كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت (KEPCO) به‌رێژه‌ی 20% تاوه‌كو 25% بچه‌سپێنێت، به‌مه‌ش به‌شێكی دیكه‌ی له قه‌زانجی ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه گه‌یشتونه‌ته قۆناغی به‌رهه‌مهێنان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش دیارنییه.
6- سێ پاڵاوگه‌ی فه‌رمی له ناوچه‌كانی بازیان و زاخۆ و خه‌بات هه‌یه و رۆژانه توانای پاڵاوتنی 65 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان هه‌یه، ئه‌مه جگه له نزیكه‌ی 100 پاڵاوگه‌ی مۆڵه‌ت پێنه‌دراو، به‌ڵام تاكو ئێستا داهاتی ئه‌و پێكهاتانه (نه‌وتی ره‌ش و گازوایل و نه‌فتا و نه‌وتی سپی و به‌نزین) دیارنین جگه له 250 ملیۆن دۆلاری فرۆشی نه‌وتی ره‌ش كه بۆ پرۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان ته‌رخانكراوه.
7-داهاتی سێ پاڵاوگه فه‌رمییه‌كه تاكو ئێستا دیار نییه.
8- پێشوتر حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندبو به‌شی زۆری به‌رهه‌می پاڵاوگه ناوخۆییه‌كان بۆ دابینكردنی گازوایله بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، به‌ڵام به‌پێی به‌ڵگه‌كانی كه له‌به‌رده‌ستدان له ئێستادا هه‌ردو وێستگه‌ی هه‌ولێر و چه‌مچه‌ماڵ به غاز كارده‌كه‌ن، ته‌نها وێستگه‌ی دهۆك به گازوایل كارده‌كات، جگه له‌وه‌ی كه له‌ئه‌مساڵدا 42 ملیارد دینار ته‌رخانكراوه بۆ كڕینی سوته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.
پاره‌كان له كوێن؟
به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له به‌رده‌ستدان، داهاته‌كانی نه‌وت له‌چه‌ند ژماره حیسابێكدا هه‌ڵگیراون كه لێره‌دا وه‌رده‌كارییان ده‌رخرێته ڕو.
یه‌كه‌م: له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكی حكومه‌ت له كابینه‌ی پَنجه‌م بۆ ئه‌و پارانه‌ی وه‌ك به‌خشین وه‌رگیرابون، دو حیسابی بانكی كراونه‌ته‌وه به‌ناوی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان.
1- له ده‌ره‌وه‌ی عێراق له بانكی HSBC دا هه‌ڵگیراوه.
2- حیسابی ناوخۆیی له هه‌ولێر – بانكی كوردستانی نێوده‌وڵه‌تی.
پاره‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كانی نه‌وت كه تایبه‌ته به به‌خشینه‌كان ده‌چێته HSBC له وێشه‌وه به‌پێی پێویست ده‌چێته بانكی كوردستانی نێوده‌وڵه‌تی.
دوه‌م: له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكی حكومه‌تی كابینه‌ی شه‌شه‌م داوا كرا له وه‌زاره‌تی دارایی دو حیساب بكرێته‌وه.
1-حیسابێك بۆ پاراستنی ژینگه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی دێته حیسابی بانكی كوردستان و راسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئه‌و حیسابه.
2-حیسابێك بۆ پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت به مه‌به‌ستی دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی ئه‌و هێزه‌ی تایبه‌ته بۆ پاراستنی ئه‌و دامه‌زراوانه.
دو حیساب هه‌یه تایبه‌ته به به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت
1- حیسابێك به‌ناوی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه كه له بانكی فیدراڵ له كوردستان كه پاكتاوی خه‌رجییه‌كانی گواستنه‌وه و پاڵاوتنه.
2- حیسابێكی به‌ناوی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه كه له بانكی میناره‌یه.
ئه‌نجام‌و راسپارده:
1- تاوه‌كو ئێستا داهاتی نه‌وت ناڕونییه‌كی زۆری تێدایه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م داهاته ناچێته ناو بودجه‌ی گشتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، داهاتی ساڵی 2011ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان به 370 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه و خه‌رجییه‌كانیشی به 23 ملیارد و 370 ملیۆن دینار دانراوه، واته خه‌رجییه‌كانی 63 ئه‌وه‌نده‌ی داهاته‌كه‌یه‌تی.
2-هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 45 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی هه‌یه، تاوه‌كو ئێستا 42 گرێبه‌ست واژۆكراوه له‌كاتێكدا له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له 15 گرێبه‌ست له پارێزگاكه‌ی دیكه‌ی عێراق واژوكراوه. پێمانوایه واژۆكردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی گرێبه‌ست له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا كارێكی شیاو نییه و سه‌رچاوه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته به‌رده‌وام بێت ره‌نگه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هیچ كێڵگه‌یه‌ك نه‌مێنێت كه به‌هۆیه‌وه گرێبه‌ستی نوێی بۆ واژو بكرێت.
3- پێویسته له چوارچێوه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان سندوقی داهاته نه‌وتییه‌كان دابمه‌زرێت و كۆی ئه‌و داهاتانه ئاماژه‌ی پێدراوه بخرێته ئه‌و سندوقه‌وه.
4- پێویسته كۆی ئه‌و داهاتانه‌ی نه‌وت بهێندرێته په‌رله‌مان و له پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابوری هه‌رێمی كوردستاندا خه‌رجبكرێت كه به‌هۆیه‌وه داهاتی ناوخۆیی زیادبكرێت و ئاستی هاورده‌كردن كه‌مبكرێته‌وه و ده‌رفه‌تی كاری زیاتر دابین بكرێت و داهاتی تاك به‌رزبكرێته‌وه.
5- پێویسته پرسی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان به دامه‌زراوه‌یی بكرێت و له بری كه‌سێك یاخود چه‌ند كه‌سێك دامه‌زراوه‌یه‌ك بڕیار له چاره‌نوسی نه‌وتی كوردستان بدات و پلانی ستراتیژیش بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌م كه‌رته دابڕیژرێت.
6- پێویسته ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه له بواری نه‌وت و غازدا واژۆیان له‌گه‌ڵدا كراوه یان ده‌كرێت ناچار بكرێن له چوار چێوه‌ی په‌یمانگایه‌ك یان هه‌ر رێگایه‌كی دیكه‌دا كادیری خۆماڵی رابهێنن، ئه‌مه‌ش سودێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت بۆ ئاینده‌ی كوردستان.