Print
 

عه‌دنان موفتی‌:
پارله‌مان نازانێت چه‌ند پاره‌ به‌ حزبه‌كان ده‌درێت

Friday, August 10, 2007
سازدانی‌: سیروان ره‌شید  

ئیشكردنی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان له‌ ئاستی‌ پارله‌مانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپادایه‌ یاخود پارله‌مانی‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان؟ یان وه‌ك ده‌گوترێت پارله‌مانێكی‌ ئیفلیج و بێده‌سه‌ڵاته‌؟ بۆچی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان بێده‌سه‌ڵاته‌ له ‌دیاریكردنی‌ موچه‌ی‌ حزب و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌؟ بۆچی‌ پارله‌مان نه‌یتوانیوه‌ وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانی‌ حكومه‌ت راپێچی‌ پارله‌مان بكات و له‌سه‌ر كاروباره‌كانیان لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكات؟ موخه‌سه‌ساتی‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و پارله‌مان چه‌نده‌ ؟ بۆچی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌  بێگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پارله‌مان بڕیار له‌ناردنی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆده‌ره‌وه‌ی‌ سنووری‌ هه‌رێم ده‌ده‌ن و به‌بێوه‌رگرتنی‌ بۆچوونی‌ پارله‌مان مه‌له‌فی‌ ئه‌منیی‌ كوردستان وه‌رده‌گرنه‌وه‌؟ نهێنییه‌كانی‌ زوو په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ نه‌وت و گازی‌ كوردستان چی‌ بووه‌؟ 

به‌رێز عه‌دنان موفتی‌ سه‌رۆكی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان له‌م گفتوگۆیه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ ده‌دوێت

 

 

 

 

بۆچی‌ پارله‌مان ئه‌وه‌نده‌ لاوازه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت داوای‌ لێده‌كات ئه‌كتیڤ بێت؟

- عه‌دنان موفتی‌: سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌ كوێ‌ داوایكردووه‌ ئه‌كتیڤ بكرێت؟

 

له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا نێچیره‌ڤان بارزانی‌ وای‌ وت؟

 - عه‌دنان موفتی‌: ئێمه‌ش ده‌ڵێین حكومه‌ت ده‌بێت ئه‌كتیڤ بكرێت، ئه‌وه‌ شتێكی‌ ته‌بیعییه‌، منیش ده‌ڵێم پارله‌مان ئه‌كتیڤبكرێت، ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كه‌ هه‌ر ئینسانێك ده‌توانێن بیكات، چۆن ئێمه‌ گله‌یی‌ له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین ئه‌ویش ده‌توانێت گله‌یی‌ خۆی‌ له‌ پارله‌مان بكات.

 

ئێوه‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان ئه‌دای‌ پارله‌مان له‌ چ ئاستێكدا ده‌بینن، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌گوترێت پارله‌مان بێ‌ ده‌سه‌ڵات و ئیفلیجه‌؟

 - عه‌دنان موفتی‌: له‌ پێش هه‌موو شتێكدا ده‌بێت بزانین پارله‌مان ئه‌ركی‌ چییه‌، زۆر كه‌س كه‌ گله‌یی‌ له‌ پارله‌مان ده‌كات تێكه‌ڵی‌ ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی‌ پارله‌مان، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌زا، ئه‌مانه‌ سێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جیاوازن و ئه‌ركی‌ خۆیان هه‌یه‌، مه‌سئولییه‌تی‌ پارله‌مان له‌وه‌دایه‌ ده‌بێت یاسای‌ پێویست ده‌ربكات، بڕیاری‌ پێویست ده‌ربكات بۆ حكومه‌ت و ئیشوكاره‌كانی‌ حكومه‌ت و دابینكردنی‌ عه‌داله‌ت، هه‌روه‌ها ئه‌ركێكی‌ تری‌ پارله‌مان ئه‌وه‌یه‌ چاودێری‌ حكومه‌ت بكا و بزانێت چۆن ئیشوكاره‌كانی‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و كه‌موكورتییه‌كانی‌ له‌ كوێدان و ئه‌گه‌ر پێویستی‌ كرد لێپرسینه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت بكات له‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی‌ و وه‌زیره‌كانیش، بیانهێنێته‌ پارله‌مان و له‌گه‌ڵیاندا گفتوگۆ بكات، مه‌سئولییه‌تێكی‌ تری‌ پارله‌مان ئه‌وه‌یه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم  تاوتوێی‌ له‌سه‌ر بكات و په‌سه‌ندیبكات و بزانرێت بودجه‌ی‌ وڵات چۆنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌فافییه‌ت بداته‌ ئیشوكاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مه‌یه‌ كاری‌ ئه‌ساسی‌ پارله‌مان، ته‌بعه‌ن نابێت ئه‌وه‌مان له‌ بیر بچێت كه‌ پارله‌مانی‌ ئێمه‌ بریتییه‌ له‌ چی‌ و ته‌بیعه‌تی‌ چییه‌ و چۆن هه‌ڵبژێردراوه‌ و ئه‌ركه‌ سیاسییه‌كانی‌ چییه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین له‌ مێژووی‌ پارله‌ماندا سه‌دان یاسا و بڕیاری‌ گونجاوی‌ ده‌ركردووه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه‌ به‌ده‌وری‌ خۆی‌ هه‌ڵبستێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پارله‌مان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك بووه‌ له‌ وه‌زعی‌ ناو كوردستان، هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ ده‌نگدان بۆ لیستی‌ حزبه‌كان، پارله‌مان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌  ئه‌و سیستمه‌ پارله‌مانێكی‌ سوسیری‌ نییه‌ یاخود سویدی‌ نییه‌ كه‌ هیچ موشكیله‌یه‌كی‌ نه‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌ساسێكی‌ جیاواز هه‌ڵبژێردرابێت، پارله‌مانیش ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و حزبانه‌یه‌ كه‌ به‌شداریانكردووه‌ له‌خه‌باتدا، شه‌ڕی‌ ناوخۆ دروستبوو ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌ له‌ناو پارله‌ماندا، پارله‌مان چه‌ندین ساڵ ئه‌كتیڤ نه‌بووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو پێویست به‌ ئه‌ركه‌كانی‌ خۆی‌ هه‌ڵبستێت، له‌كاتی‌ دوو ئیداره‌یدا ئێمه‌ش له‌ پارله‌مان پاش هه‌ڵبژاردن، ساڵێك نه‌مانتوانی‌ هیچ بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بڕیارمان دابوو هه‌تا دوو ئیداره‌كه‌ یه‌كنه‌گرێته‌وه‌ نه‌چاودێرییان ده‌كه‌ین و نه‌ موراقه‌به‌ی‌ بودجه‌یان ده‌كه‌ین و نه‌ په‌سه‌ندی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و نه‌ یاسایه‌كیان بۆ ده‌رده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ زه‌ختێكیان له‌سه‌ر دروستبكه‌ین و په‌له‌ بكه‌ین ئه‌وه‌ بوو له‌ 7ی‌ ئایاری‌ 2006دا حكومه‌تی‌ یه‌كگرتوو ئیمزاكرا له‌و رۆژه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم پارله‌مان كه‌وتۆته‌ سه‌ر رێگای‌ خۆی‌ وه‌ك پێویست و به‌پێی‌ ئه‌و ئیمكانییه‌ته‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ به‌ ده‌وری‌ خۆی‌ هه‌ڵبستێت كه‌ ده‌ڵێم وه‌ك پێویست مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ دان به‌كه‌موكوڕییه‌ كانیشدا ده‌نێت.

 

ئێستا ده‌توانن پێمان بڵێن ئاخۆ پارله‌مانی‌ كوردستان له‌ پارله‌مانی‌ ئه‌وروپی‌ ده‌چێت یاخود له‌ پارله‌مانی‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان؟

- عه‌دنان موفتی‌: نه‌خێر له‌ پارله‌مانی‌ كوردستان ده‌چێت، له‌ پارله‌مانی‌ عه‌ره‌بییه‌كان ناچێت، زۆر له‌ پارله‌مانه‌ عه‌ره‌بییه‌كان گوێڕایه‌ڵی‌ رژێمه‌كانیانن و دیموكراتییه‌تیان زۆر كه‌م تیایه‌، پارله‌مانی‌ ئێمه‌ تا حه‌دێكی‌ یه‌كجار زۆر دیموكراتییه‌تی‌ هه‌یه‌، جارێ‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ بیرورا پارله‌مانتارانی‌ ئێمه‌ سه‌د له‌ سه‌د ئازادن، هه‌ر كه‌سێكی‌ به‌ویژدان چاودێری‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ پارله‌مانی‌ كردبێت ته‌نها له‌ یه‌ك دوو بڕیار نه‌بێت كه‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ بوون له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ پارله‌مان واته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ پارله‌مان و جێگره‌كه‌ی‌ كه‌ ته‌نها رێككه‌وتنێك بوو له‌ نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ده‌نگدان به‌ نهێنی‌ نه‌بوو به‌عه‌له‌نی‌ بوو، ئه‌گه‌ر به‌نهێنیش بوایه‌ هه‌ر ئه‌وان ده‌یانبرده‌وه‌، چونكه‌ زۆرینه‌بوون له‌پارله‌ماندا قانوونی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم رێككه‌وتنێك بوو مه‌رحه‌له‌یه‌ك بوو بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ به‌ینی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ و نزیكبوونه‌وه‌ و یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ چه‌ند یاسایه‌ك له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ئه‌و یه‌كبوونه‌وه‌، ره‌نگه‌ وه‌ك پێویست مه‌جال نه‌درابێت به‌ پارله‌مان تاوتوێی‌ له‌سه‌ر بكات و به‌باشترمان زانیوه‌ كه‌ داوا له‌ ئه‌ندامانی‌ هه‌ردوولا بكه‌ین كه‌ په‌له‌نه‌كه‌ین له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ هه‌روه‌هاش زۆر گله‌یی‌ له‌ ئێمه‌ كراوه‌كه‌ له‌وه‌ختی‌ خۆیدا پرۆژه‌ی ده‌ستوری‌ عیراق كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ ئێمه‌ نێردراوه‌ به‌ كۆی‌ ده‌نگ موافه‌قه‌مان له‌سه‌ركردووه‌ چه‌ندین  جار ئه‌و مه‌وزوعه‌م باسكردۆته‌وه‌ و وتوومه‌ ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و وه‌فده‌ی‌ له‌ به‌غدا به‌شداریان كردووه‌ له‌ گفتوگۆ، وه‌فدێكی‌ باڵا بووه‌ له‌ هه‌ردوو حزبه‌كان جه‌نابی‌ كاك مه‌سعودیش به‌ ناوی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم مه‌سولی‌ ئه‌و وه‌فده‌بووه‌، ژماره‌یه‌كیش له‌ ئه‌ندامانی‌ پارله‌مانی‌ كوردستانیش به‌شداریانكردووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیش به‌شداریان تێداكردووه‌، ئه‌مان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئیتیفاقێك و ئه‌و ئیتیفاقه‌یان بۆ پارله‌مان ناردووه‌ و ده‌ڵێن تكایه‌ بۆ رێزگرتن له‌ پارله‌مان كه‌ ئێمه‌ سه‌لاحییه‌تمان پێیان دابوو، جوابمان بده‌نه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ موافقن یان نا؟ له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژدا وتوومانه‌ ده‌سه‌ڵاتتان دراوه‌تێ‌ تێبینییه‌كانی‌ ئه‌ندامانی‌ پارله‌مان وه‌كو ته‌وسیات پێمان راگه‌یاندوون، به‌س خه‌ڵكه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یان نه‌قڵ كرد كه‌ ده‌ست به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و وتوومانه‌ به‌ڵێ‌!، ئێستاش وتار ده‌نووسن لێره‌ و له‌وێ‌ وه‌ڵا بۆ ده‌ستوری‌ عیراق گله‌یتان نه‌كرد كه‌ راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر نا جگه‌ له‌و شتانه‌ی‌ كه‌ باسمكرد پارله‌مان ده‌یان بڕیار و یاسای‌ گرنگی‌ ده‌ركرد.

 

بڕیاربوو له‌ خولی‌ نوێی‌ پارله‌مان به‌ پێی‌ داواكاری‌ زیاتر له‌ 50 پارله‌مانتار په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ پارله‌مان بنووسرێته‌وه‌ و په‌یڕه‌وه‌ كۆنه‌كه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ چه‌ند مانگێكه‌ ئێوه‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌تان نه‌گۆڕیوه‌ و له‌سه‌ر په‌یڕه‌وه‌ كۆنه‌كه‌ ده‌ڕۆن، له‌كاتێكدا په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆ سه‌لاحیات و ئیشه‌كانی‌ پارله‌مان و كاری‌ داهاتووی‌ لیژنه‌كان دیاریده‌كات؟

- عه‌دنان موفتی‌: بۆ نه‌كراوه‌ ته‌بعه‌ن ئێمه‌ په‌یڕه‌ومان هه‌یه‌ له‌راستیدا.

 

ئاخر په‌یڕه‌وه‌كه‌ هی‌ ساڵی‌ 1992ه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ سیستمی‌ كاری‌ پارله‌مانتارانی‌ دنیا ئه‌و په‌یره‌وه‌ی‌ پێشوو دانراوه‌، به‌ڵێ‌ په‌یره‌وی‌ ناوخۆ پێویستی‌ به‌ هه‌مواركردن هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌وه‌ی‌ پاش دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ كوردستان كه‌ پێویسته‌ لیژنه‌كان زیاد بكه‌ین، ئێمه‌ 15 لیژنه‌مان له‌ پارله‌مان هه‌یه‌ كه‌چی‌ سی‌ و ئه‌وه‌نده‌ وه‌زاره‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا بڕیارێكی‌ تر و ته‌وه‌جوهێكی‌ تر هه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا لیژنه‌یه‌ك له‌ پارله‌مان دانراوه‌ بۆ نووسینی‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ هه‌مواركردنی‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ش نووسراوه‌ته‌وه‌ و ته‌واویشبووه‌، ئێستا له‌ڕووی‌ زمانه‌وانییه‌وه‌ سه‌یری‌ ده‌كه‌ین و ئومێد ده‌كه‌م مانگی‌ 9 ته‌واوی‌ بكه‌ین و بڕیاری‌ له‌سه‌ر بده‌ین.

 

هه‌ندێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌ پێان وایه‌ پارله‌مانی‌ عیراقی‌ به‌و ته‌مه‌نه‌ كورته‌یه‌وه‌ زۆر له‌ پارله‌مانی‌ كوردستان چالاكتر و ده‌ستكراوه‌تره‌، ئێوه‌ بۆچوونتان چۆنه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: من وای‌ تێناگه‌م ئه‌گه‌رچی‌ ته‌ماشامكرد له‌ سایته‌كه‌ی‌ ئێوه‌ (سبه‌ی‌) ژماره‌یه‌ك وایان نووسیوه‌، به‌ڵام له‌حه‌قیقه‌تدا ته‌فسیری‌ ئه‌و گله‌ییانه‌یه‌ كه‌ له‌ڕۆژنامه‌دا، ته‌فسیری‌ ئه‌و گله‌ییانه‌یه‌ كه‌ له‌ پارله‌ماندا ده‌كرێت.

 پارله‌مانی‌ عیراق تۆ چالاكییه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ دانانێیت كه‌ خیلاف له‌ به‌ینی‌ ئه‌ندامانی‌ پارله‌مان هه‌یه‌، مشتومڕیان زیاده‌، به‌ڵێ‌ مشتومڕ له‌وێ‌ زیاتره‌ به‌ته‌ئكید، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌ماشای‌ بكه‌ین پارله‌مانی‌ كوردستان چی‌ كردووه‌ له‌ چاو پارله‌مانی‌ عیراقدا و به‌راوردی‌ بكه‌ین به‌ ژماره‌ بیكه‌ین و لێی‌ بكۆڵینه‌وه‌، حه‌زده‌كه‌ی‌ لیژنه‌یه‌ك داده‌نێین هه‌موو كاره‌كانی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان و عیراق تاوتوێ‌ بكه‌نه‌وه‌ ،من مشتومڕه‌كه‌ ناڵێم و حه‌زیش ناكه‌م مشتومڕ له‌ پارله‌مانی‌ كوردستان وه‌ك پارله‌مانی‌ به‌غدا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ دوو شتی‌ جیاوازین، لێره‌ ئه‌و خیلافه‌ تایه‌فی‌ و قه‌ومییه‌ نییه‌، پارله‌مانی‌ عیراق بریتییه‌ له‌ سوننه‌ و شیعه‌ له‌ كورد و توركمان و عه‌ره‌ب، له‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌، مادده‌ی‌ 140 ئیختیلافی‌ له‌سه‌ره‌ مه‌عقوله‌ نوێنه‌رێكی‌ جه‌بهه‌ی‌ توركمان  وه‌ك كورد بیربكاته‌وه‌؟ یان هه‌ندێك لایه‌نی‌ سه‌دری‌ كه‌ دژی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ن؟، سوننه‌ و شیعه‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌ینیاندا هه‌یه‌ له‌ قوتوی‌ هیچ كه‌سێكدا نییه‌، له‌ڕاستیدا تۆ ده‌توانیت ته‌سه‌وری‌ ئه‌وه‌ بكه‌یت له‌پارله‌مانێكدا به‌رامبه‌ر یه‌كتری‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و یاسا شه‌ڕیانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك شه‌ڕیانه‌، تۆ ده‌ته‌وێت ئه‌وه‌ ببێته‌ نموونه‌ی‌ پارله‌مانی‌ ئێمه‌.

 

به‌ڵام پارله‌مانی‌ عیراق تائێستا چه‌ندین وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستی‌ گه‌وره‌ی‌ بانگكردووه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌، به‌ڵام ئێوه‌ له‌و رووه‌وه‌ چیتانكردووه‌ و بۆ نه‌تانكردووه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حزب نایه‌ڵێت؟

- عه‌دنان موفتی‌: نه‌خێر وانییه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ش ناحه‌قییه‌ به‌رامبه‌ر پارله‌مان، تائێستا دووجار سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانمان بانگردووه‌ جارێك جێگره‌كه‌ی‌ و شه‌ش وه‌زیرمان بانگكرد به‌یه‌كجار، هه‌مووجار وه‌زیره‌كانمان بانگكردووه‌ هیچ كۆسپێك نییه‌ نه‌  له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ و نه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه‌ هه‌موویان بانگ بكه‌ین و ئه‌وانیش  هیچ مانعێكیان نییه‌ هه‌روه‌ختێك بانگمان كردبن هاتوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك پێویست له‌ میدیاكان ره‌نگی‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، نموونه‌یه‌كت بۆ دێنمه‌وه‌، هه‌موو رۆژنامه‌كان باسی‌ ئه‌وه‌یان ده‌كرد بۆچی‌ وه‌زیری‌ كاره‌با بانگ ناكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، وه‌زیری‌ كاره‌بامان هێنایه‌ پارله‌مان و له‌دانیشتنێكدا سێ‌  سه‌عاتی‌ خایاند موناقه‌شه‌كرا و وه‌ڵامی‌ هه‌موو پرسیاری‌ پارله‌مانتاره‌كانی‌ دایه‌وه‌ باسی‌ كۆسپه‌كانیشی‌ كرد و چی‌ تائێستا كراوه‌ و بۆچی‌ نه‌كراوه‌ و له‌گه‌ڵ كێ‌ گرێبه‌ستیان كردووه‌، به‌ڵام میدیاكان بایه‌خیان نه‌دا به‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ و بانگێشته‌كه‌ی‌ وه‌زیری‌ كاره‌با بۆ پارله‌مان، خۆم متابه‌عه‌م كرد له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان وه‌كو هه‌واڵێكی‌ 5 ده‌قیقه‌ی‌ باسیانكرد، كه‌چی‌ خه‌ڵك داوای‌ ده‌كرد هۆكاره‌كه‌ی‌ بزانن ئه‌وه‌ گله‌ییه‌ له‌ میدیاكان كه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ راسته‌وخۆ په‌خشبكرێت و خه‌ڵك بیینێت نه‌ئه‌وه‌تا سایته‌كان باسیانكرد نه‌ رۆژنامه‌كان نه‌ میدیاكان ته‌فسیرێكیان دایه‌، هه‌رئه‌وه‌نده‌یان باسكرد پارله‌مان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ كاره‌با ده‌كات، ئه‌وه‌شیان گوت بانگێشتی‌ وه‌زیری‌ كاره‌با كراوه‌ كه‌چی‌ له‌راستیدا لێپرسینه‌وه‌ بوو.

 

به‌ڵام ئه‌و لێپرسنه‌وه‌یه‌ی‌ ئێوه‌ شه‌رمنانه‌یه‌ و نه‌تانتوانیوه‌ به‌جددی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن؟

- عه‌دنان موفتی‌: شه‌رمنانه‌ی‌ چی‌؟ (به‌ پێكه‌نینه‌وه‌) به‌شه‌ڕبێین؟، ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌شه‌ڕبێین له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێمان بوترێت پارله‌مانه‌كه‌ ئه‌كتیڤه‌، ئه‌گه‌ر پێتان وایه‌ ئه‌كتیڤ بوونه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كورسی‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر هه‌ڵبگرین من له‌حه‌قیقه‌تدا ئه‌و پارله‌مانه‌ به‌ پارله‌مانێكی‌ راست نازانم، تۆ ته‌ماشای‌ ئه‌وروپاش بكه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌ 200 ساڵه‌ پارله‌مانی‌ هه‌یه‌ له‌و دووسه‌د ساڵه‌ سێ‌ جار شه‌ڕێكیان بووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر كه‌سایه‌تی‌ ئه‌و ئه‌ندام پارله‌مانه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی‌ شه‌ڕ ده‌بێت هه‌موو دنیا باسیده‌كات، ئه‌وه‌ نابێته‌ نموونه‌ی‌ ئێمه‌ به‌راستی‌.

 

 بۆچی‌ تائێستا بانگێشتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمتان نه‌كردووه‌ بێته‌ پارله‌مان كه‌ دیاره‌ ئه‌ندامانی‌ پارله‌مان نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانن و پێویسته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێت گفتوگۆیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌كان له‌گه‌ڵدا بكات؟

- عه‌دنان موفتی‌: سێ‌ جار هاتۆته‌ پارله‌مان.

 

خۆی‌ هاتووه‌، ئێوه‌ داواتان لێنه‌كردووه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: نه‌خێر جارێكیان ئێمه‌ داوامان لێكرد و جارێكیش خۆی‌ هات.

 

به‌ڕای‌ هه‌ندێك چاودێری‌ سیاسی‌ بوونی‌ پارله‌مان له‌ رابردوودا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ شه‌رعییه‌ت به‌كاره‌كانی‌ حزب بدات، تا چه‌ند ئه‌مه‌ راسته‌؟ ئه‌گه‌ر وانییه‌ دروستكردنی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ باڵای‌ پارته‌ سیاسییه‌كان مانای‌ چی‌ ده‌گه‌یه‌نێت؟

- عه‌دنان موفتی‌: ئه‌و قسه‌یه‌ش راست نییه‌ ته‌بعه‌ن واقیعێك هه‌یه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ش لیستی‌ خۆیان هه‌یه‌ و خه‌ڵك ده‌نگی‌ داوه‌ته‌ ئه‌و دوو حزبه‌ و له‌ هه‌موو دنیادا وایه‌ عاجباتی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ریكا دووحزبی‌ گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات له‌ كۆنگرێس یاسا ته‌رح ده‌كه‌ن حزبی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ بێت قانوونه‌كانی‌ ئاسانتر بۆ دێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌مینه‌ش بن وه‌ك ئێستا هه‌یه‌ حزبی‌ دیموكراتی‌، چونكه‌ زۆرینه‌ن گه‌وره‌ترین كوسپیان بۆ سه‌رۆك كۆمار دروستكردووه‌، هه‌ردوو حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ پارله‌مان زۆرینه‌یان له‌ پارله‌مان هه‌یه‌ حزبه‌كانی‌ تریش هاوپه‌یمانن پێكه‌وه‌ حكومه‌تیان هاوپه‌یمانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ له‌ حكومه‌ت دێته‌ پارله‌مان، هه‌مان پێكهاته‌ی‌ حكومه‌ت له‌ پارله‌مانیشدا هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ مانای‌ ئه‌وه‌نا كه‌ ئێمه‌ بۆ سیاسه‌تی‌ ئه‌و دووحزبه‌ ئیشوكاره‌كان جێبه‌جێده‌كه‌ین، وانییه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ش له‌ پێناوی‌ میلله‌تدا خه‌باتیان كردووه‌.

 به‌شێكی‌ تری‌ پرسیاره‌كه‌ت ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی‌ حزبه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان ئاگادار بن كه‌ حكومه‌ت چی‌ ده‌كات پارله‌مان چی‌ ده‌كات و كێشه‌كان چییه‌ و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ سیاسییه‌ بڕیارده‌ر نییه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ میلله‌ت، پارله‌مان بڕیار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ میلله‌ت ده‌دات، ره‌نگه‌ ئه‌وان ته‌وسیات بده‌ن.

 

ئه‌نجومه‌نی‌ پارته‌سیاسییه‌كان و به‌ تایبه‌ت یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ده‌یان بڕیاری‌ چاره‌نووس ساز و گرنگیان داوه‌ و پرسیشیان به‌ پارله‌مان نه‌كردووه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: وه‌كو چی‌؟

 

وه‌كو ناردنی‌ شه‌ش هه‌زار پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك كه‌ بڕیاره‌ له‌چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ كه‌ركوك و سنووری‌ تكریتی‌ پێ بسپێردرێت، له‌كاتێكدا  به‌پێی‌ قانوونی‌ هه‌موو دونیا ئه‌گه‌ر وڵاتێك یان هه‌رێمێك ویستی‌ سوپاكه‌ی‌ بنێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنووری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیداره‌ی‌ خۆی‌ ده‌بێت پارله‌مان بڕیاری‌ له‌سه‌ربدات، كه‌ دیاره‌ ئه‌وان هیچ پرسێكیشیان به‌ئێوه‌ نه‌كردووه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:  ئه‌وانه‌ پێشمه‌رگه‌ نین و به‌شێكن له‌ جه‌یشی‌ عیراقی‌ له‌ زمنی‌ ئه‌وه‌دا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئه‌و كارانه‌ بكات، دوای‌ ئه‌وه‌ بۆ كوێی‌ ناردووه‌؟ به‌قه‌ناعه‌تی‌ خۆم بۆ كه‌ركوكی‌ ناردووه‌ هێشتا مادده‌ی‌ 140 راسته‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌ركوك هه‌ر به‌ به‌شێك له‌ كوردستان ده‌زانین پێش ماوه‌یه‌ك به‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140، هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ر كاتێك پاسه‌وانی‌ هه‌رێم پێویستیكرد بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم پێویستده‌كات پارله‌مان موافه‌قه‌تی‌ بۆ بكات

           

ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌و هێزه‌ بنێردرایه‌ بۆ تكریت و دیاله‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: بۆ تكریت مه‌فروزه‌ ئێمه‌ موافه‌قه‌تی‌ بۆ بكه‌ین، به‌ڵام پاسه‌وانی‌ هه‌رێم به‌شێكن له‌ جه‌یشی‌ عیراق، چونكه‌ ئه‌وانه‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عیراق خۆی‌ قه‌راری‌ لێده‌دات.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا ده‌نێردرێت بۆ پارێزگاریكردن له‌ تاوه‌ره‌كانی‌ كاره‌با و بۆرییه‌ نه‌وته‌كانی‌ كه‌ركوك هێزی‌ پاراستنی‌ هه‌رێمه‌ واته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌.

- عه‌دنان موفتی‌: نه‌خێر ئه‌وانه‌ به‌شێكن له‌ جه‌یشی‌ عیراقی‌

 

به‌ڵام من دڵنیام ئه‌و شه‌ش هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی‌ هێزه‌كانی‌ پاراستنی‌ هه‌رێمن و حه‌زناكه‌م له‌مه‌دا ئینكاری‌ بكه‌ن.

- عه‌دنان موفتی‌: پاسه‌وانی‌ هه‌رێم ئه‌گه‌ر بنێردرێته‌ تكریت ده‌بێت ئێمه‌ی‌ پارله‌مان موافه‌قه‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌ین به‌ پێی‌ ده‌ستور و به‌ پێی‌ قانوونی‌ سه‌رۆكایه‌تیش.

 

باشه‌ باشتێكی‌ ترتان پێبڵێم، هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پشتگوێخستن و حساب نه‌كردنی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ له‌به‌رامبه‌ر پارله‌مان له‌ كۆتایی مانگی‌ ئایاری‌ رابردوودا مه‌له‌فی‌ ئه‌منیی‌ كوردستان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ته‌سلیمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرایه‌وه‌، ئایا پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هیچ پرسیان به‌ ئێوه‌كرد له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ هه‌ستیار و چاره‌نووسازه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:  به‌ پێی‌ قانوونی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌منی‌ كه‌ ته‌سلیم ده‌كرێته‌وه‌ پارێزگار وه‌ریده‌گرێته‌وه‌ و ئیشی‌ حكومه‌ت و پارێزگاكانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر داوایان له‌ پارله‌مان كردبا ره‌نگه‌ منیش بچوومایه‌ و له‌ ئاهه‌نگی‌ مه‌راسیمی‌ ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی‌ مه‌له‌فی‌ ئه‌منی‌ حازر بوومایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د ئیشی حكومه‌ته‌ و ئیشی پارله‌مان ئه‌وه‌نییه‌ و شتێكی رۆتینیش بووه‌.

 

چۆن په‌یوه‌ندی به‌ پارله‌مانه‌وه‌ نییه‌، له‌ هه‌موو دنیادا پارله‌مانه‌كان بڕیار له‌سه‌ر ناردنی جه‌یش و وه‌رگرتنی جه‌یشی بێگانه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌تا پارله‌مانی به‌غدا بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه‌ و درێژكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌ده‌ن، ئێوه‌ بۆچی دان به‌ به‌وه‌دا نانێن كه‌ یه‌كێتی و پارتی زۆر كات حساب بۆ پارله‌مان ناكه‌ن؟

- عه‌دنان موفتی‌:  ئاخر با به‌وازحی قسه‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ قورساییه‌ك نییه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم بكه‌وێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سیاده‌یان داوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌رێم .

 

یه‌كێتی و پارتی پاره‌یه‌كی زۆر له‌ بودجه‌ی هه‌رێم بۆ خۆیان و بژێوی كادره‌كانیان لائه‌ده‌ن باس له‌ ملیۆنان دۆلار ده‌كریت بۆ هه‌ر مانگێك، له‌ كام ده‌وڵه‌تی دنیادا شتی وا هه‌یه‌ ؟، یان ئێوه‌ ئاگادار نین ؟

- عه‌دنان موفتی‌:  -ئاخر تۆ ئه‌و مه‌علوماته‌ت له‌ كوێ هێناوه‌؟

 

دیاره‌ ئێمه‌ رۆژنامه‌ نووسین و كه‌م تا زۆر ئاگادارین؟

- عه‌دنان موفتی‌: چه‌نده‌؟

 

یه‌كێتی مانگانه‌ چه‌ند ملیۆن دۆلارێك موچه‌ی كادره‌كانی له‌ حكومه‌ت ده‌دات؟

- عه‌دنان موفتی‌:  من شتی وا نازانم و ئاگادار نیم ، میزانییه‌یان هه‌یه‌ ، به‌ڵام میزانییه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكێكی موچه‌ خۆرمان هه‌یه‌ وه‌ك حزبه‌كانی تر ئه‌وانیش وه‌ریده‌گرن، پارتیش وه‌ریده‌گرێت.

 

باشه‌ ئێوه‌ نه‌تانتوانیوه‌ ئاگاداری به‌شی یه‌كێتی و پارتی بن له‌و پاره‌یه‌ی كه‌ بۆخۆیان گلداوه‌ته‌وه‌ ؟

- عه‌دنان موفتی‌: من پێم وتی ئه‌مساڵ كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ هاتووه‌ له‌ مانگی 7 دا هاتووه‌ بودجه‌كه‌ سه‌رفكراوه‌ و پێنج مانگ هاتووه‌ و ئه‌و ره‌قه‌مه‌ی تۆش ده‌یڵێیت من ئاگاداری نیم پێشم وایه‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ .

 

بۆچی‌ پارله‌مان بێده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دیاریكردنی‌ بودجه‌ بۆ حزبه‌كان و رێكخراوه‌كان كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ كاتێكدا 56 پارله‌مانتار كه‌ ده‌كاته‌ نیوه‌ زیاتری‌ ئه‌ندامانی‌  پارله‌مان ئیمزایان له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ كردووه‌ و به‌رای‌ زۆرێك له‌ شاره‌زایانی‌ سیاسی‌ و ئابووریش دیاركردنی‌ بودجه‌ بۆ حزبه‌كان 70%ی‌ كێشه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كوردستان چاره‌سه‌رده‌بێت؟

- عه‌دنان موفتی‌:  ئه‌وه‌ش موباله‌غه‌یه‌ كه‌ له‌ 70%ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ناهێڵێت، هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ بودجه‌یان هه‌یه‌، بۆچی‌ پارله‌مان ناتوانێت؟  پارله‌مان فیعله‌ن ناتوانێت، پارله‌مان نازانێت پاره‌كه‌ چه‌نده‌، نازانێت ئه‌و حزبانه‌ چه‌ند وه‌رده‌گرن، ئه‌بێت ئه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌ك له‌حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئێمه‌ بێت و ئێمه‌ ئه‌و داواكارییه‌ی‌ 56 پارله‌مانتاره‌ ناردوومانه‌ بۆ حكومه‌ت وتوومانه‌ خۆتان پرۆژه‌یه‌كمان بده‌نێ‌، من خۆم وه‌زیی‌ دارایی‌ بووم له‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ حزبێك نه‌بووه‌ مه‌عاشی‌ نه‌بووبێت و میزانییه‌ی‌ نه‌بووبێت بۆیه‌ پارله‌مان ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌به‌رده‌مدا نه‌بێت ناتوانێت بیخاته‌به‌رنامه‌ی‌ كار و بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدات هه‌تا ئه‌گه‌ر بیخاته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌وه‌ نه‌تیجه‌كه‌ له‌به‌رچاو مه‌علوم ده‌بێت بۆ بریاردان داوا له‌ حكومه‌ت بكات بۆچونتان چییه‌ ئه‌مه‌ پاره‌یه‌و پرۆژه‌یه‌كی‌ ئیعتیادی‌ نییه‌ بۆیه‌ ئه‌و بریاره‌ پێویسته‌ پارله‌مان بیدات و په‌یوه‌ندی‌ به‌ پاوه‌ره‌ هه‌یه‌ ده‌بێت حكومه‌ت ره‌ئی‌ له‌سه‌ر بدات.

 

ئێوه‌ پرۆژه‌كه‌تان داوه‌ به‌ حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وه‌ ئیشی ئێوه‌ی‌ پارله‌مانه‌ پرۆژه‌یاسا گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن و بڕیاری‌ له‌سه‌ربده‌ن، هه‌ڵبه‌ت به‌پێی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كورسییانه‌ی‌ حزبه‌كان له ‌پارله‌مان هه‌یانه‌ یاخود به‌هه‌ر ئالییه‌تێكی‌ تر؟، باشه‌ پێتان وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم بچێته‌ ژێر باری ئه‌وه‌ی بودجه‌ بۆ حزبه‌كان دیاریبكات له‌ كاتێكدا به‌ پێی قانوون و سه‌لاحیات ئه‌وه‌ ئه‌ركی ئێوه‌یه‌ یاسا ده‌ربكه‌ن؟

- عه‌دنان موفتی‌:  -ئه‌بێ رۆژێك له‌ڕۆژان بچێته‌ ژێر ئه‌و باره‌وه‌ .

 

رۆژێك له‌ڕۆژان؟ چه‌ند ساڵی تر؟

- عه‌دنان موفتی‌: هه‌ر ده‌بێت رۆژێك له‌ ڕۆژان بچێته‌ ژێر ئه‌و باره‌وه‌، ئێمه‌ هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین حزب ده‌سه‌ڵاتی جیا بكرێته‌وه‌ له‌ حكومه‌ت.

 

بۆچی پارله‌مان له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك خانوو بۆ ئه‌ندامانی پارله‌مان ده‌كڕێت و خانوه‌كانی خۆی له‌ هه‌ولێر وه‌رناگرێته‌وه‌ ؟

- عه‌دنان موفتی‌: جارێ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك نییه‌، ئه‌و خانوانه‌ی كه‌ هی پارله‌مان بوون به‌ موافه‌قه‌تی پارله‌مان تۆماركراوه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و له‌ ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مان ده‌رچوون، ئه‌و وه‌خته‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ چاكردنی ده‌وێت و پارله‌مانیش ئه‌و زه‌مانه‌ میزانییه‌كی نه‌بووه‌ و له‌ شه‌ڕی ناوخۆش ئه‌و خانوانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ موڵكی وه‌زاره‌تی دارایی ته‌سه‌روفی تێدا كراوه‌ هی پارله‌مان نه‌ماوه‌ ئێستاش پارله‌مانی هه‌موو دنیا ده‌بێت جێگای نیشته‌جێبوون بۆ ئه‌ندامانی دابینبكات له‌و شاره‌ی‌ كه‌ پارله‌مانه‌كه‌ی لێ بێت،  ئێمه‌ پارله‌مانتاری خه‌ڵكی سلێمانی و بادینان و گه‌رمیانمان هه‌یه‌ ئێستا ئێمه‌ مانگانه‌ موخه‌سه‌ساتێك ده‌ده‌ین بۆ نیشته‌جێبوون كه‌ هێشتا ئه‌وه‌ش كێشه‌كانیانی حه‌ل نه‌كردووه‌، بۆیه‌ پارله‌مان جێگایه‌كی هه‌بێت بۆ ئه‌ندامانی خۆی، ئه‌و شوقانه‌شی كه‌ كراوه‌ موڵكی پارله‌مانه‌، موڵكی ئه‌ندام پارله‌مان نییه‌ واته‌ ئه‌ندام پارله‌مانه‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو ئه‌و شوقانه‌وه‌ تا ئه‌و وه‌خته‌ی ئه‌ندامی پارله‌مانه‌، ئه‌و كاته‌شی كه‌ ئه‌ندام پارله‌مان نه‌ما كلیله‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌ بۆ ئه‌ندام پارله‌مانێكی تر .

 

نه‌سرییه‌ی پارله‌مانی كوردستان چه‌نده‌؟ بۆچی تائێستا زۆرێك له‌ ئه‌ندامانی پارله‌مان ئاگایان لێ نییه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:  -هه‌موویان ده‌یزانن و له‌ بودجه‌ موناقه‌شه‌مان كردووه‌.

 

چه‌نده‌ نه‌سریه‌ی پارله‌مان پێمان بڵێ ؟

- عه‌دنان موفتی‌: چل ملیار دیناره‌.

 

موخه‌سه‌ساتی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی چه‌ند بوو كه‌ هاته‌ پارله‌مان؟، بیستومانه‌ هه‌ندێكتان لێكه‌مكردۆته‌وه‌ ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ چه‌نده‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:  ئه‌وان خۆیان به‌نیزامی‌ دایده‌نێن و هێشتا دایان نه‌ناوه‌ به‌ پرۆژه‌ ده‌ینێرن بۆمان.

 

واته‌ ئێوه‌ ئاگادارنین؟

- عه‌دنان موفتی‌:   ئاخر نابێت بێت بۆمان ئینجا ئاگاداربین؟ میزانییه‌كه‌ دانراوه‌ دواتر بۆمان ده‌نێرن و خۆیان ته‌قدیری‌ ده‌كه‌ن.

 

یه‌عنی‌ ئێوه‌ هیچ ژماره‌یه‌ك نازانن؟

- عه‌دنان موفتی‌: نه‌خێر نازانین، خۆیان ته‌قدیرێك ده‌كه‌ن و ده‌ینێرن.

 

ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا كه‌متان كردۆته‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ی‌ كه‌ دانرابوو بۆ موخه‌سه‌ساتی‌ سه‌رۆك و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم.

- عه‌دنان موفتی‌:  به‌ڵی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌ممان كردۆته‌وه‌ هه‌ندێ‌ شوقه‌ و بینایان كه‌ هه‌بوو دوایی‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ زمنی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ و دواتر حسابمان كرد ئه‌و بڕه‌ی‌ كه‌ كه‌مكرایه‌وه‌ زیادبوو.

 

ئه‌و بڕه‌ی‌ كه‌ كه‌مكرایه‌وه‌ چه‌ند بوو؟

- عه‌دنان موفتی‌:   شه‌ش ملیاردینار بوو،شتێكی‌ ئاوا بوو.

 

چه‌ند ئه‌ندام پارله‌مانی‌ خانه‌نشین هه‌یه‌ و چه‌ند له‌وانه‌ پاره‌ی‌ خانه‌نشینی‌ وه‌رده‌گرن؟ 

- عه‌دنان موفتی‌: هه‌موویان نا، ئێمه‌ قانونێكمان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر پارله‌مانتارێكی‌ خانه‌نشین موچه‌ی‌ تری‌ هه‌بێت نایدرێتێ‌.

 

به‌ڵام زۆربه‌ی‌ زۆریان موچه‌ی‌ تریشیان هه‌یه‌ و وه‌ریده‌گرن؟

- عه‌دنان موفتی‌:  به‌ پێی‌ یاسا نابێت هیچ كه‌سێك دوو موچه‌ وه‌ربگرێت جارێ‌ من له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌ستم پێكرد موچه‌ی‌ خانه‌نشینم له‌ سلێمانی‌ هه‌بوو رامگرت.

 

جۆرێك له‌ په‌له‌كردن له‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ نه‌وت و گازی‌ هه‌رێم هه‌بوو، نهێنی‌ ئه‌و په‌له‌كردنه‌ چی بوو؟

- عه‌دنان موفتی‌:  په‌له‌كردنی‌ تێدا نه‌بوو ، ده‌مێكه‌ زه‌خت له‌سه‌ر پارله‌مانی‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌ یاساكه‌ په‌سه‌ند بكات، دواكه‌وتووه‌ وه‌ختێك حكومه‌ت یاساكه‌ی‌  هێنایه‌ پارله‌مان ئێمه‌ یانزه‌ رۆژ پارله‌مانمان دواخستبوو له‌ به‌ر بودجه‌ پێمان وابوو پێنج بۆ شه‌ش رۆژ بودجه‌ ته‌واو ده‌كه‌ین 10 رۆژیش ده‌مێنێت بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ نه‌وت، بودجه‌ش موناقه‌شه‌كانی‌ له‌لیژنه‌كاندا دواكه‌وت دواتر نه‌ده‌كرا ئێمه‌ش بچینه‌ دوای‌ پشوو و مادده‌كه‌ش حازر ببوو ، لیژنه‌ی‌ یاساییش راپۆرتی‌ خۆی‌ حازر كردبوو كۆپییه‌كه‌ی‌ درابووه‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كان و ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ش زیاتر بۆ تێگه‌یشتن دانرابوو پێمان باشتربوو بیكه‌ین ئێمه‌ش به‌ته‌جروبه‌ی‌ یاساكانی‌ تر پێش به‌غداش كه‌وتوین، به‌ڵام هیچ كێشه‌یه‌كی‌ لێدروست نه‌بوو.

 

هه‌ندێك مادده‌ له‌ یاساكه‌دا بڕیاره‌ به‌ یاسا رێكبخرێت به‌ تایبه‌ت مادده‌ی‌ 18ی‌ تایبه‌ت به‌ دیاریكردنی‌ به‌شێك له‌ داهاتی‌ نه‌وت بۆ قوربانییانی‌ ده‌ستی‌ رژێمی‌ سه‌دام، پێتان وانییه‌ ئه‌مه‌ سه‌لاحییه‌تی‌ حزبه‌ نه‌ك پارله‌مان؟ ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچی‌ په‌سه‌ند نه‌كرا ؟ خۆ پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عیراقیش نییه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: چۆن سه‌لاحییه‌تی‌ حزبه‌؟

 

 مه‌سه‌له‌كه‌ پاره‌یه‌ له‌ به‌ینی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیدا؟

-عه‌دنان موفتی‌: رێژه‌یه‌ك له‌ داهاتی‌ نه‌وت ده‌بێت دابینبكرێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوانی‌ ده‌ستی‌ رژێمی‌ به‌عس، ئه‌م كه‌ ده‌ڵێت به‌ یاسا ده‌ربكرێت خۆمان ده‌ریده‌كه‌ین، به‌ڵام پرۆژه‌یه‌ك ده‌بێت حكومه‌ت پێشكه‌شی‌ بكات چه‌ندی‌ بۆ شه‌هیدانی‌ و چه‌ندی‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و چه‌ندیش بۆ ئه‌نفال چه‌ندی‌ بۆ زیانه‌كانی‌ تریش، ئه‌وه‌ ده‌بێت ته‌فسیراتی‌ تێدا بێت و دراساتی‌ ده‌وێت جگه‌ له‌وه‌ش دوو سێ‌ مادده‌ی‌ تری‌ تێدایه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ یاسا رێكبخرێت ده‌ستوری‌ عیراقی‌ به‌ نموونه‌ 52 مادده‌ی‌ ده‌بێت به‌ یاسا رێكبخرێت.

 

فراكسیۆنی‌ سه‌وز له‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ گفتوگۆی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ نه‌وت كشانه‌وه‌ و دواتریش تۆمه‌تباركران، بۆچی‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:   تۆمه‌تبار نه‌كران، جه‌نابی‌ مام جه‌لال وتی‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بوو سیاسه‌تی‌  یه‌كێتی‌ نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ ته‌فسیراتی‌ خیلافی‌ سیاسی‌ بۆ كرا، كه‌ له‌ڕاستیدا خیلافی‌ سیاسی‌ نه‌بوو، كشانه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌ساسی‌ ئه‌وه‌ بوو داوای‌ كاتیان كرد كه‌ پێویستیان پێیه‌تی‌ بۆ زیاتر دیراسه‌كردنی‌ و شتێكی‌ ته‌بیعی‌ بوو كشانه‌وه‌كه‌یان.

 

واته‌ ره‌خنه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال له‌ جێگا‌ی‌ خۆیدا نه‌بوو؟

- عه‌دنان موفتی‌:   نه‌خێر له‌ جێگا‌ی‌ خۆیدابوو، له‌به‌رچی‌ له‌ جێگا‌ی‌ خۆیدا بوو؟، چونكه‌ له‌ رۆژنامه‌ و راگه‌یاندنه‌كاندا باسیان له‌وه‌ كرد خیلافی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ و پارتییه‌ و ناكۆكن له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌، هه‌ندێك وتیان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و یاسایه‌ ده‌رنه‌چێت تاوه‌كو له‌ به‌غدا ده‌ره‌چێت، هه‌ندێك وتیان نه‌خێر له‌ سلێمانی‌ جۆرێكه‌ و له‌ هه‌ولێر جۆرێكی‌ تره‌، ئه‌مانه‌ له‌ڕاستیدا هیچ ئه‌ساسێكی‌ نه‌بوو، له‌به‌رچی‌ ئه‌ساسی‌ نه‌بوو؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌حكومه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ بۆمان، حكومه‌ت كێیه‌؟ حكومه‌ت پارتییه‌، یه‌كێتییه‌، حزبه‌كانی‌ ترن، كه‌واته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ ناردووه‌ هه‌موولایه‌ك موافق بوون له‌سه‌ری‌ بۆیه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال كراوه‌، وتی‌ ئه‌مه‌ قبوڵناكرێت و حكومه‌ت هی‌ پارتی‌ و یه‌كێتییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ لیستی‌ سه‌وز هه‌ڵه‌یان كرد ده‌رچوون له‌ پارله‌مان، چونكه‌ ده‌بوایه‌ له‌ ناو پارله‌ماندا ئه‌گه‌ر كاتیان ده‌ویست بیانخستایه‌ ده‌نگدان بۆ دواخستنی‌ و من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بیانخستایه‌ته‌ ده‌نگدان و بیانوتایه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌هه‌فته‌یه‌كی‌ زیاتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر تێبگه‌ین ره‌نگه‌ زۆرینه‌یان بهێنایه‌، ئه‌ندام هه‌بوو له‌ ناو لیستی‌ پارتیشدا پێیوابوو ره‌نگه‌ بڕێك زیاتر دوابخرایه‌، به‌ڵام دواتر چوونه‌ده‌ره‌وه‌ و ئه‌و رێگایه‌یان هه‌ڵبژارد دیموكراسیشه‌.

 

واته‌ ئێوه‌ش پێتان وایه‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز هه‌ڵه‌ بوو؟

- عه‌دنان موفتی‌:   من پێم وایه‌ كارێكی‌ دیموكراتی‌ بوو، به‌ڵام پێم وایه‌ له‌ ناو پارله‌ماندا داوابكه‌ن دوابخرێت و بیكه‌نه‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

 

ئه‌ڵێن سه‌رۆكی‌ فركسیۆنی‌ سه‌وز بانگكراوه‌ بۆ محاسه‌به‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:   هیچ شتێكی‌ وانییه‌ و موحاسه‌به‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ گله‌یی‌ لێبكرێت له‌سه‌ر ته‌سریحات نه‌ك وه‌كو ئه‌ندامێكی‌ پارله‌مان، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌ ره‌نگه‌ گله‌یی‌ لێبكرێت له‌سه‌ر ته‌سریحاتێك كه‌ وه‌كو هاووڵاتییه‌ك ته‌سریحات بدات، من ئه‌گه‌ر وه‌كو هاووڵاتییه‌ك ته‌سریحات بده‌م مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ هه‌قه‌ گله‌یی‌ له‌ من بكات.

 

مادده‌ی‌ 140 به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت كه‌چی‌ پارله‌مان زۆر بێ‌ ئاگایه‌ له‌م پرسه‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌، بڕیارده‌ری‌ سیاسی‌ كه‌ پارله‌مانه‌ بێ هه‌ڵوێسته‌؟ بۆچی‌ ده‌بێت پارله‌مان چاوه‌ڕێی‌ ئیعازی‌ بارزانی‌ و تاڵه‌بانی‌ بێت؟

- عه‌دنان موفتی‌:   ئاخر ئه‌وه‌ش زوڵمێكی‌ تره‌، ئه‌وه‌ش بێئاگاییه‌ له‌ كاری‌ پارله‌مان، ببوره‌ كه‌وا ده‌ڵێم، پارله‌مان له‌ رۆژی‌ ده‌ستپێكردنه‌یه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ داناوه‌ به‌ ناوی‌ لیژنه‌ی‌ به‌دواداچوونی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پارله‌مان سه‌رۆكییه‌تی‌ و ئه‌ندامێكی‌ لیستی‌ سه‌وز جێگرییه‌تی‌، له‌وه‌ته‌ی‌ ده‌ست به‌كاربوون یه‌كێكه‌ له‌ لیژنه‌ هه‌ره‌ چالاكه‌كان.

 

چیان كردووه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ به‌ توركمان و عه‌ره‌ب و كورده‌وه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ مه‌جلیسی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ له‌ گفتوگۆكان به‌شدارن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ به‌دواداچوونی‌ مادده‌ی‌ 140 كه‌ له‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵه‌وه‌ دامه‌زرا هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ زه‌ختیان لێده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌كه‌، ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی‌ كه‌ ئاماده‌یی‌ خۆیان نیشانداوه‌ بنێردرێنه‌وه‌ بۆ جێگه‌كانی‌ خۆیان، یه‌كێك له‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پارله‌مانی‌ كوردستان له‌ گه‌ڵیان من خۆم دووجار له‌ پا‌رله‌مان ئیستیقبالم كردوون به‌ ئیمزای‌ 13 هه‌زار خێزانی‌ عه‌ره‌به‌وه‌ داوایان له‌ پارله‌مان كردووه‌ پێشتگیریان بكه‌ن و ئێمه‌ش پشتگیرمان كردوون.

 

ژماره‌یه‌كی‌ گرنگتان باس كرد له‌و 13 هه‌زار خێزانه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ هاورده‌، كه‌ ئاماده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ئیمزاكانیان هێناوه‌ته‌ به‌رده‌می‌ ئێوه‌، به‌ پێی‌ دوا زانیاری‌ و ئاماری‌ راستی‌ به‌رده‌ستی‌ ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 4 مانگی‌ رابردوودا ته‌نها 86 خێزان ناویان له‌ فلته‌ره‌كانی‌ ئۆفیسی‌ كه‌ركوكی‌ مادده‌ی‌ 140 ده‌رچوو بۆ ته‌عویز وه‌رگرتن و گه‌ڕانه‌وه‌، باقییه‌كه‌ی‌ تری‌ هه‌مووی‌ فڕوفیڵ و ته‌زویر بووه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌: ئه‌وه‌نده‌ی‌ من ئاگادارم سه‌دان عائیله‌ رۆشتونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نفوسه‌كانیان نه‌گواستۆته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆیان ته‌رخانكراوه‌ وه‌ری‌ بگرن، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ منیش لای‌ ئێوه‌ خوێندمه‌وه‌ كه‌ ته‌نها چه‌ند عائیله‌یه‌كی‌ كه‌مه‌ ئه‌وه‌ به‌راستی‌ ده‌بێت ته‌حقیقی‌ لێبكرێت.

 

ئێوه‌ پێتان وایه‌ به‌م زوانه‌ ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێده‌كرێت یان دواده‌خرێت؟

- عه‌دنان موفتی‌:  من ناتوانم وا وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك موافه‌قه‌ بكرێت له‌سه‌ر دواخستن و گۆڕانكاریی‌ له‌جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌كه‌دا.

 

ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌كه‌ دواخرا؟ باس له‌وه‌ ده‌كرێت سه‌ركردایه‌تی‌ كورد له‌ پشتی‌ په‌رده‌وه‌ رازی‌ بووه‌ به‌ دواخستنی‌ مادده‌كه‌؟ ئێوه‌ بۆ چوونتان چۆنه‌؟

- عه‌دنان موفتی‌:  شتی‌ وا نییه‌ و ئه‌سڵ و ئه‌ساسیشی‌ نییه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد شتی‌ واینه‌كردووه‌.

 

سوپاس بۆ جه‌نابتان

عه‌دانان موفتی‌: منیش سوپاسی‌ ئێوه‌ ده‌كه‌م;

Sbeiy.com © 2007