دیمانه: شه‌هرام عه‌بدوڵڵا
عومه‌ر ئیلخانیزاده سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان – ره‌وتی ریفۆرم‌و گه‌شه، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا به‌رنامه‌كانیان بۆ كۆنگره‌ی داهاتوویان باس دهكاتو به ئاماژه بۆ بابه‌تگه‌لی وه‌كوو شه‌ڕی چه‌كداری، سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانی، تاراوگهنشینیو پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی چه‌پی كوردستانی تایبه‌ت به خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، گوتاری سیاسی دوای جیابوونه‌وه‌یان لێك ده‌داته‌وه.
راتانگه‌یاندووه كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا كۆنگره ده‌به‌ستن، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌یكه وه‌كوو ره‌وتێكی ریفۆرمیستی خۆتان راگه‌یاندووه، به‌رنامه سیاسی‌و حیزبییه‌كانتان له‌و رووه‌وه‌و له كۆنگره‌دا چ ئاراسته‌یه‌ك به خۆوه ده‌گرێت؟
ئێمه له كۆنگره‌ی داهاتووماندا جیا له لێكدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی ئه‌ورۆ و ئه‌ركه‌كانی داهاتومان، دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیمان ده‌بێت، هه‌روه‌كوو له یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی كه‌مینه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و كاتی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشێگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران‌دا رامانگه‌یاند، ئه‌و ته‌وه‌رانه یه‌كیان سیاسییه، ئێمه خوازیاری ئه‌وه‌ین كه له خهتو سیاسه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا شه‌فافیه‌تێك بێته ئاراوه و لێڵی تیدا نه‌مێنێت، له‌و رووه‌وه كه كۆمه‌ڵه هه‌م حیزبێكی چهپو دادپهروهریخوازو پارێزه‌ری چه‌وساوه‌كانه، هه‌م حیزبێكی كوردستانییه، به بڕوای ئێمه ده‌بێت به گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌و ئه‌و شێوه بیروبۆچوونه‌ی كه حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانی له‌سه‌ر دروست بوو و ئێمه‌ش له چالاكانی ئه‌و كاتی بووین، ناوكی خۆمان ببڕین، له‌و پێناوه‌شدا به پێویستی ده‌زانم زۆر راشكاوانه جه‌خت له‌سه‌ر كوردستانی بوون بكه‌ینه‌وه، دووه‌م زۆر بابه‌تی بواری چه‌پ هه‌ن كه ئێمه به زمانی ئه‌مڕۆیی‌و وه‌ك چه‌پێكی خه‌باتكار و مودێرن، ده‌بێت پێداگرییان له‌سه‌ر بكه‌ین، كه بریتین له به‌رگریكردن له پلۆرالیزمی سیاسی، شه‌فافییه‌ت له دیالۆگ‌و قسه كردن‌دا، لێكدانه‌وه‌ی واقیعی ئه‌مرۆی جیهانو هه‌ڵویستی ئێمه‌ی چهپو سۆسیالیستی كورد له به‌رامبه‌ر ئه‌و واقیعه‌دا، واته ئێمه له ناو ئه‌و واقیعه‌دا چ داخوازییه‌كمان به كۆنكرێتی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌مان هه‌یه. به هۆی ئه‌وه كه به‌ر له جیابونه‌وه‌ی ناو كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانیش، ئێمه ره‌وتێكی ره‌خنه‌گر و به‌رگر بووین له‌و وه‌رچه‌رخانه به‌ره‌و باڵی راستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، له‌باری چه‌پایه‌تییه‌وه پێَویستمان به شهفافییهتو نوێگهراییهك هه‌یه، ئه‌و پێویستییه له باری كوردستانی بوونیشه‌وه ده‌بێت راشكاوانه بێت، جارێك‌و بۆ هه‌میشه بیبڕینه‌وه، ئێمه حیزبێكی كوردستانین، به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای خه‌ڵكی كوردستان سیاسه‌ته‌كانی ئێمه دیاری ده‌كات، له كوردستانیش ئێمه حیزبی لایه‌نگری كرێكار‌و زه‌حمه‌تكێش‌و چهوساوانین. كه ده‌ڵێم كوردستانی، به‌و مانایه نییه كه خۆمان له شانۆی سیاسیی ئێران بێبه‌ری ده‌كه‌ین. ته‌وه‌رێكی دیكه كه به بڕوای من پێداویستی زۆرێك له حیزبه‌كانی كوردستان‌و به تایبه‌ت كوردستانی خۆرههڵاتیشه خۆنوێكردنهوهو ئه‌نجامدانی چاكسازییه له هه‌موو بواره‌كانی حیزبی‌دا، هه‌ر له پیًكهاتهو داربه‌ستی حیزبیه‌وه بیگره تا رێبه‌رایه‌تی‌و پێوه‌ندیی نێوان ئۆرگانه‌كانی خوارهوهترو سه‌روه‌تر، به شێوه‌یه‌ك كه رێبه‌رایه‌تی‌و پێكهاته‌ی حیزب له ئۆرگانیزمێًكی ئهوڕۆییو له دنیایه‌كدا كه گۆڕاوه‌و دنیای ئهنفۆرماتیكه، خۆی ببینێته‌وه. به‌بێئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستی هیچ تاكێك كه‌م بكرێته‌وه، ده‌كرێت حیزبێكی یه‌كگرتوو و چالاك‌و پته‌و پێك بێت، كۆمه‌ڵه ده‌بێت ببێت به حیزبی ده‌زگاو دامه‌زراوه له هه‌موو بوارێكدا، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین رێبهرایهتییهكهمان جه‌معی بێته‌وه زۆر زیاتر له‌وه‌ی كه هه‌یه، ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه تاك ناتوانێت له رێبه‌رایه‌تیدا ده‌ورو كاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام بڕیاردان ده‌بێت به‌كۆمه‌ڵ بێت، پێوه‌ندیی مه‌كته‌بی سیاسی‌و كۆمیته‌ی ناوهندییو سكرتێر یان وته‌بێژی ئه‌و حیزبه له‌گه‌ڵ یه‌ك به یه‌كی ئۆرگانه‌كان دیاریی بكرێت، پێویسته ئۆرگانهكانو كۆمیته‌كانی خواره‌وه‌تریش خاوه‌ن كه‌سایه‌تی‌و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بن، به شێوه‌یه‌ك كه هێزو ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بكرێت، ئێمه خوازیاری دیسانترالیزه كردنی حیزبین، ئه‌مه بۆ حیزبێكی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره كه ده‌یه‌وێت له ئه‌مرۆدا له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان كار بكات، پێویسته. مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه كه ئێمه‌و حیزبه‌كانی دیكه‌ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانیش بۆ ماوه‌ی بیست ساڵه له تاراوگه‌ین، جاریوایه ئه‌وه بارودۆخی ده‌ره‌كی به‌سه‌ر ئێمه‌یدا سه‌پاندووه، به‌وجۆره‌ی كه ناتوانین وه‌ك حیزبێكی جێگیر له ناوه‌وه‌ی كوردستان كار بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌و هه‌مووه بزاڤه روناكبیرییو كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه له كوردستانی خۆرهه‌ڵات هه‌یه، ناكرێت له پراتیك‌و رێبه‌ری حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵات ره‌نگ بداته‌وه؟ ئایا نابێت ئه‌و هه‌ڵسوراوانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سیاسه‌ت هه‌بێت؟ ئاخر ئه‌و كاتانه‌ی كه هێزی چه‌كداریی له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان تووشی شكست هات، بزووتنه‌وه‌ی روناكبیریی توانی له به‌رامبه‌ر داگیركه‌راندا، سه‌نگه‌ری خۆڕاگریی بێت، هه‌م پارێزگاریی له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان بكات هه‌م پێناسه‌یه‌كی زۆرتری بداتێ‌و، سهربهرزیو كه‌رامه‌تی بۆ بێنێته‌وه، ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و خه‌باته‌دا به‌شدار بوون، نابێت له رێبه‌رایه‌تی‌و سیاسه‌ت داڕشتندا به‌شدار بن؟ ئێمه ده‌بێت تێًكهڵاو بینه‌وه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه جهماوهرییهكانو ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی كه راپه‌ڕینی 2005ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانی له‌سه‌ر دورست بوو و پارێزگاریی له ئهدهبو فهرههنگو زمانی كوردیی كردوو گه‌شه‌ی پێدان. بۆیه ده‌بێت رێكخستنه‌كانی ناوه‌وه رێگادهستی زیاتریان پێبدرێت، ئه‌مانه ئه‌و ته‌وه‌رو باس‌و خواسانه ده‌بن كه له كۆنگره‌دا دێنه ئاراوه.
روانینتان بۆ شێوازی پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ ئه‌و زڵهێزانهدا چییه كه ئێستا له ناوچهكهدانو ده‌ورو كاریگه‌رییان له سه‌ر هاوكێشه‌كان هه‌یه؟
ئێمه وه‌كوو هێزێك كه نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان ده‌كات، به پێویستی ده‌زانین له‌گه‌ڵ هه‌موو زلهێزهكانو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا ده‌وریان هه‌یه، روون‌و ئاشكرا پێوه‌ندیمان هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان‌و گه‌لێكین كه له باری سیاسییه‌وه بۆ مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی تێده‌كۆشێت، له هه‌مانكاتدا مافی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهان له ئه‌مریكاوه تا هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه كه له‌و ناوچه‌یه ئاماده‌یه، پێوهندییو دۆستایه‌تی هه‌بێت، ئێمه دژی سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانین، واته ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه به‌ڕاده‌یه‌ك بووه‌ته كولتوور‌و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ریش داناوه، نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین كه بزانین ئه‌مریكا چی ده‌كات، ئاخۆ دیموكراسی یان رزگاریمان بۆ دێنێت؟ ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه ناكۆكین، له‌هه‌مانكاتدا گومانمان له‌وه‌دا نییه كه سیاسه‌تی جیهانیو ئه‌و زلهێزانه‌ی له ناوچهكهدان، له‌سه‌ر چاره‌نووسی خه‌باتی خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانیش كاریگه‌رییان هه‌یه، به‌ڵام با له پێشدا خۆمان به‌هێز بكه‌ین. پێمخۆشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌مه‌وه، ئێمه وه‌كوو كۆمه‌ڵه، پێمانخۆشه له‌گه‌ڵ ئه‌نترناسیۆنالی سۆسیالیست كه گه‌وره‌ترین یه‌كه‌ی سیاسییه له جیهانی ئه‌مڕۆدا پێوه‌ندیمان هه‌بێت، له كۆنگره‌ی 11ی كۆمه‌ڵه، ئێمه پێشكه‌شكه‌ری بڕیارنامه‌یه‌ك بووین كه كۆمه‌ڵه بچێته ناو ئه‌نترناسیۆنالیستی سۆسیالیسته‌وه، ئێمه پێمانخۆشه ئه‌و باڵانسه له گه‌ڵ هێزه پێشكهوتنخوازو چهپو سۆسیالیست‌و دیموكراته‌كانی جیهان رابگرین، ئه‌وه‌ش به قازانجی گه‌لی كورد ده‌زانین كه هه‌ر یه‌كلایه‌نه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا پێوه‌ندیمان نه‌بێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كاریگه‌رییان له سیاسه‌ت له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و گۆی زه‌وییه‌دا هه‌یه پێوه‌ندیمان هه‌بێت.
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه له نووسین‌و قسه كردنی ئێوه‌دا زۆر به‌رچاو ده‌كه‌وێت، تاراوگه‌نشینی حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه وه‌كوو هۆكارێكی لاوازبوونی خه‌باتی ئه‌و حیزبانه به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی، خۆتان رێگای ده‌ربازبوون له‌و بارودۆخه چۆن به‌دی ده‌كه‌ن؟
ئێمه كه ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتی زۆرتر بدرێته هه‌ڵسوڕاوانی ناوه‌وه‌مان، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاسه‌واری تاراوگهنشینیه. ئێمه ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵی خۆمان بخه‌ینه گه‌ڕ كه بتوانین بۆ نمونه به‌شێك له رێبه‌رایه‌تی‌و رێكخستنمان له ناوه‌وه جێگیر بكه‌ین، هه‌روه‌ها ئێمه ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین پێوه‌ندیی نێوان حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵات پته‌و بكه‌ین‌و جیا له‌وه‌یكه هه‌ر حیزبه‌و بۆ خۆی له ناوه‌وه كاری خۆی ده‌كات، پێكه‌وه‌ش پلانێكمان هه‌بێت. ناسینی ده‌رد نیوه‌ی ده‌رمانه، هه‌ر ئه‌وه‌یكه هه‌موو كه‌س به‌وه گه‌یشتووه كه تاراوگه نشینی هه‌یه و ده‌بێت لێی رزگار بین، ده‌توانین ده‌رمانه‌كه‌شی ئاسانتر بدۆزینه‌وه، ده‌بێت جه‌خت بكه‌ینه سه‌ر خه‌باتی مهدهنیو جه‌ماوه‌ری، با به‌شێك له سه‌ركردایه‌تیمان له ناوه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان بێت‌و له‌وێوه بتوانین كاریگه‌ریی دابنێن، ئه‌مانه ئه‌و فاكتهرگهلهن كه ده‌توانن ده‌وری گرنگیان ههبێتو ئێمه زیاتر به‌رنه‌وه ناو جه‌رگه‌ی بزوونتهوهكه، حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان له چاو هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ده‌ستیان له خاكی خۆیان دابڕواه، ده‌بێت له هه‌موو بوارێكدا رێگا خۆش بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌وه سه‌ر خاكی خۆمان. ئه‌وه پرۆژه‌یه‌كه كه ته‌نیاو ته‌نیا به ئێمه ناكرێت، به‌ڵام ئێمه هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمانی بۆ ده‌ده‌ین، هۆكارێكی دیكه كه ده‌توانێت یارمه‌تی ئه‌وه بدات، هه‌بونی سیاسه‌تێكی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌ییه له نێوان حیزبه‌كانی هه‌موو كوردستاندا، ئێمه ئه‌گه‌ر هێزو پێشمه‌رگه بۆ چالاكیی چه‌كداریی نانێرینه‌وه، له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی باشور‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه حه‌قوایه له هه‌مانكاتدا بیر بكه‌ینه‌وه كه حیزبه‌كانی كوردستانی باشور ده‌توانن چ ده‌ورێكیان هه‌بێت، پێموایه پێویستیمان به‌وه هه‌یه كه هێزه سیاسیه‌كانی پارچه‌كانی كوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی كه پێوه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ حكومهتو دهسهڵاتو هێزه‌كانی ناوچه‌دا راده‌گرن، له هه‌مانكاتدا هه‌ولی سیاسه‌تێكی دیاریكراو‌و ستراتیژێكی نه‌ته‌وه‌یی بده‌ین. ئه‌وه خاڵێكه كه ده‌بێت بیری وردی لێبكرێته‌وه‌و پلانی بۆ دابنرێت.
بابه‌تێكی دیكه كه له بڵاوكراوه‌كانی ئێوه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێت پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی چه‌پی كوردستانییه، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌یكه هه‌ندێك له‌و لایه‌نه چه‌په كوردانه خۆیان به ئێرانیش ده‌زانن، ئه‌و به‌ره‌یه له روانگه‌ی ئێوه‌وه كامانه‌یان له خۆ دهگرێتو به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت پێك بێت؟
با پێش هه‌موو شتێك بڵێم كه من پێموانییه كوردستانی بوون‌و چه‌پ بوون پێك ناكۆك بن، له راستیدا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه چه‌پی كوردستانی ده‌بێت گوتارێكی نوێی هه‌بێت، كه ده‌ڵێم چه‌پی كورد یه‌كه‌مین تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وه‌یه كه رزگاری نه‌ته‌وه‌یی مه‌به‌ست بێت، واته رزگاریی گه‌لی كوردی وه‌ك بنه‌ما قبوڵ كردبێت. دووه‌م بڕوای به دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، پلۆرالیزم، دیموكراسی‌و به هه‌موو بزوتنه‌وه یه‌كسانیخوازه‌كانی وه‌كوو كرێكاری‌و ژنان‌و هتد هه‌بێت، هه‌ر كه‌س بڕوای به‌وانه بێت له روانگه‌ی ئێمه‌وه چه‌په، وه‌ها به‌ره‌یه‌كی چه‌پ یارمه‌تی ئێمه ده‌دات كه ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ی كه له كۆمه‌ڵه‌دا په‌یدا بوو و به بڕوای من هۆكاره‌كه‌ی چوون به‌ره‌و حیزبی كۆمۆنیست بوو، رێگای بۆ خۆش بكرێت كه لانیكه‌م له به‌ره‌یه‌كی چه‌پدا لێك نزیك بینه‌وه‌و جۆرێك له هاوكاری‌و هاوپه‌یمانی دروست بكه‌ن، ئه‌مه هێزی پێشكهوتنخوازو چه‌پ له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان به‌هێز ده‌كات، ناڵیم ئه‌م به‌ره‌یه سنوردار بكرێت هه‌ر به‌وانه‌ی كه له نه‌ریتی كۆمه‌ڵه‌وه هاتوون، زۆر كه‌س له‌و نهریتهشهوه نه‌هاتووه‌و ئه‌مڕۆكه له كوردستانی خۆرهه‌ڵات چالاكی سیاسییه‌و ده‌توانێت تێیدا به‌شدار بێت.
ئاماده‌یی چه‌كداریی له ناوه‌وه‌ی خۆرههڵاتو له ئێستادا یه‌كێك له‌و خاڵانه بوو كه له لایه‌ن ئێوه‌وه‌و له دوای جیابوونه‌وه هاته ئاراوه، ئێوه تا چ راده‌یه‌ك ده‌توانن له‌و رووه‌وه كار بكه‌ن؟
ئێمه تا ئێستا ئه‌وه‌مان ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه كه له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان خه‌باتی چه‌كداریی ده‌كه‌ین، به‌ڵكوو ئێمه ئه‌و خه‌باته‌مان راگرتووه، دیاره هه‌ر كات ههلو مه‌رجی سیاسی رێگه‌مان پێبدات هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ك هێزی چه‌كدار له ناوچه‌ی خۆماندا هه‌بین، به‌ڵام پێویستی ئه‌وه‌ی كه وه‌ك هێزی چهكدارو به به‌رینایی كوردستان بتوانین كار بكه‌ین، ئه‌وه‌یه كه به‌ره به‌ره له تاراوگه نشینی كه‌م بكه‌ینه‌وه، ئێمه ناتوانین هێزێك بین كه هه‌موو سهركردایهتیو رادیۆ‌و تهلهفزیۆنو پێشمه‌رگه‌مان له كوردستانی باشور بێت، له هه‌مانكاتیشدا هێزه‌كه‌مان له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان خه‌ریكی چالاكی بێت، ئه‌مه گرفت بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دروست ده‌كات. دیاره ئێمه قه‌ت مه‌به‌ستێكی وامان نه‌بووه، به پێچه‌وانه‌وه پێمانوابووه ده‌بێت به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی كوردستانی باشور‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستی به‌رپرسیارێتیمان بێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه ده‌پارێزین، به‌ڵام پێ به‌پێی ئه‌وه ده‌بینه حیزبی جێگیری سیاسیی، توانای خه‌باتی چه‌كداریشمان له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان زیاتر ده‌كه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ی له‌وانه‌یه ناوچه‌یه‌كی ئازادكرا‌و پێك دێت یان ئێمه ببینه فاكته‌رێك بۆ پێكهێنانی ناوچه‌یه‌كی ئازادكرا‌و. ئێمه له‌و چه‌شنه خه‌باته دهستمتان ههڵنهگرتوهو هه‌ول ده‌ده‌ین به‌ره به‌ره ته‌نانه‌ت به‌شێكی سهركردایهتیو به‌ده‌نه و هێزمان، له‌سه‌ر خاكی خۆمان بێت، به‌ڵێ ئه‌وه مه‌به‌ستێكی گرینگی ئێمه‌یه‌و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین.
له روانگه‌ی خۆتانه‌وه چۆن ده‌ڕواننه پرۆسه‌ی ریفۆرم له حیزبه كوردییه‌كاندا؟
پێموایه كه‌سێك كه باس له ریفۆرم‌و چاكسازیی حیزبی ده‌كات، خوازیاری شۆرش نییه‌و نایه‌وێت سه‌رو به‌ری حیزبه‌كه بگۆڕێت، به‌ڵام پاوانخوازیی ده‌سه‌ڵات له حیزبی كوردیی‌و حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵاتدا دیارده‌یه‌كه كه زۆر به توندیی به‌ره‌نگاری هه‌رچه‌شنه مه‌یلێك بۆ گۆڕان‌و كراوه‌یی ده‌بێته‌وه‌و به‌ره‌نگاری عه‌قلییه‌تی دیموكراسیخواز ده‌بێته‌وه له ناو حیزب‌دا. دیموكراسی ناوخۆیی بۆ حیزبه‌كانی كوردستان پێویستییه‌كه له نانی شه‌و واجبتر، پێموایه هه‌موو نه‌ریتی حیزبایه‌تی، به چهپو راستی حیزبی كوردییه‌وه‌و به حێزبهكانی هه‌موو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشه‌وه، له یه‌كێتی سۆڤێته‌وه هات، ئێمه نه‌ریتی حیزبایه‌تیمان له ستالینیزمه‌وه وه‌رگرت، نه‌ك له سۆسیال دیموكراسی و وڵاتانی ئه‌ورووپایی، له بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی جیهاندا، شێوازی ستالینیستییهكهی، واته شێوازی حیزبێكی تۆكمه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌م، كه ده‌توانێت هه‌موو جه‌ماوه‌ر رێك بخات‌و بزوێنه‌ر بێت‌و بۆ ئه‌وه ده‌بێت دیسیپلینی پۆڵایینی هه‌بێت. وه‌كوو وتم ئه‌وه شێوازه له سۆڤیهتهوهو له رێگای حیزبی تووده‌ی ئێران‌و شیوعی عێراق‌و حیزبی كۆمۆنیستی توركیاوه هاته ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردیشهوهو كاریگه‌ری خۆشی داناوه، له حاڵێكدا حیزبه سۆسیال دیموكراته‌كان حیزبی جه‌ماوه‌ریین، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لای ئه‌وان زیاتره، ده‌نگی جه‌ماوه‌ر لای ئه‌وان گرنگتره، ده‌زگاو دامه‌زراوه حیزبییه‌كان لای ئه‌وان پڕماناترنو حیزبێكی گشتگیرترن، واته هه‌وڵ ده‌دن كۆمه‌ڵگا رێك بخه‌ن، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه هه‌موو شێوازی سۆسیال دیموكراسی ئه‌ورووپا به ته‌واوه‌تی له كوردستان و حیزبه‌كانی ئێمه‌دا ره‌نگ بداته‌وه. شێوازی حیزبایه‌تی ستالینیستیو لێنینیستی، له ناو ره‌وته پاوانخوازهكانو رێبه‌رانی حیزبه‌كاندا، كلتووریًَكی دروست كردووه كه كه‌م ملكه‌چی ریفۆرم‌و كرانه‌وه بن، پێموایه به دوو شێوه ریفۆرم‌و گۆڕان پێك دێت، یه‌كه‌م له سه‌ره‌وه‌و له خودی رێبه‌رایه‌تی‌و ئۆرگانیزمهكانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌و حیزبانه‌دا، دووه‌م له خواره‌وه، واته له به‌ده‌نه‌ی حیزب‌دا هه‌وڵ بدرێت پێكهاته‌و داربه‌ستی حیزبی به شێوه‌یه‌ك بێت كه ئه‌ندامه‌كانی به ئاسانی بتوانن كاریگه‌ریان له‌سه‌ری ههبێتو رێبهرایهتییهكی كۆمایی دروست ببێت، پێموایه ئه‌وه پێویستییه‌كی سه‌رده‌مه‌و ئه‌و وشتره دره‌نگ یا زوو له به‌ر ده‌رگای هه‌موواندا ده‌خه‌وێت.
پرۆفایل:
ساڵی 1952 له شاری بۆكانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بووه.
1970 پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵه‌وه كردووه‌و له رێكخستنی ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵه‌دا ئه‌ندام بووه.
1976 كۆلێژی زانستی جیۆلۆجی له زانكۆی ته‌ورێز ته‌واو كردوه.
ساڵانێكی زۆر ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌و مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵه بووه.
ئێستا سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان (ره‌وتی ریفۆرم‌و گه‌شه)یه.