Print
 هانس براندشاید: ده‌بێت ئه‌وروپا روونتر بڕیار بۆ كورد بدات
Tuesday, May 6, 2008


سازدانی: سبه‌ی‌
له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ (سبه‌ی‌) له‌گه‌ڵ به‌رپرسی كۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی ئه‌ورپی تورکی EUTCC ، (هانس براندشاید) پێی وایه‌ سه‌ره‌ڕای‌ گه‌شه‌كردنی‌ كوردستان له‌ بواری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا، به‌ڵام هێشتا كێشه‌ی‌ دیموكراسی‌ هه‌یه‌، سه‌ركرده‌كانی‌ كورد كه‌ ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت كاردانه‌وه‌ی‌ توندیان هه‌یه‌ و ره‌خنه‌ش له‌ دیموكراسیه‌تدا كارێكی‌ ئاساییه‌. براندشاید كه‌ هاوڕێی‌ نزیكی‌ (مایكڵ رۆبین)ه‌، ئه‌و به‌ رۆژنامه‌نووسێكی‌ سه‌ربه‌خۆ وه‌سف ده‌كات.

سبه‌ی: له‌م سه‌ردانه‌تدا بۆ كوردستان بارودۆخه‌كان چۆن ده‌بینیت؟
هانس براندشاید: كوردستان گه‌شه‌كردنی‌ به‌رچاوی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌م گه‌شه‌كردنانه‌ مرۆڤ له‌بواری‌ خانووبه‌ره‌و قوتابخانه‌‌و له‌بواری‌ كشتوكاڵ‌‌و په‌روه‌رده‌دا‌و له‌جاده‌‌و باندا، به‌ڵام ئه‌م دیارده‌ واقیعیانه‌ش كێشه‌ی‌ نوێ‌و گه‌وره‌ی‌ تر له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا ده‌هێنێت. له‌و شوێنه‌ی‌ كه‌خانووبه‌ره‌ دروست ده‌كرێ‌ پێویستی‌ به‌پلاندانان هه‌یه‌‌و پێویستی‌ به‌دابینكردنی‌ بواری‌ ئاو و زێراب هه‌یه‌. كێشه‌ی‌ كاره‌با هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ دیموكراسیه‌تیش هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌دا. كه‌موكوڕی‌ له‌بواری‌ دیموكراسی‌ هه‌یه‌ له‌كوردستاندا. دیموكراسیه‌ت یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، ره‌زامه‌ندی‌ له‌گه‌ل كۆمه‌ڵ‌و داموده‌زگا‌و رێكخراوه‌كاندا ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ له‌گه‌ڵ‌ چاككردنی‌ بواری‌ میدیادا. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ پێكه‌وه‌ سازبوون ئه‌وا كوردستان دوا رۆژێكی‌ باشی‌ ده‌بێت. لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م كه‌هیچ وڵاتێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا هێنده‌ی كوردستان شایانی رێز‌و سه‌رنج نه‌بووه‌، وڵاتێك كه‌ له‌دوای‌ دیكتاتۆریه‌تی‌ سه‌دامه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ دروستكردنی‌ واقیعێكی‌ خۆیان.

سبه‌ی‌: تۆ مایكڵ روبین ده‌ناسیت‌و بابه‌ته‌كه‌یشت خوێندۆته‌وه‌، له‌ كوردستان هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی نایه‌وه‌، كه‌سایه‌تی روبین چۆن هه‌ڵده‌سنگێنیت؟
هانس براندشاید: ئێمه‌ هه‌موو مایكڵ‌ روبین ده‌ناسین‌و بابه‌ته‌كه‌ی‌ سه‌رنجی‌ راكێشاین. ئه‌و هه‌ڵوێستێكی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ مرۆڤ دانی‌ پێدا بنێت، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی‌ زۆر‌و باش هه‌ن ململانێی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێ‌. مایكڵ‌ روبین وشه‌ی‌ قورسی‌ هه‌ڵبژاردووه‌ من ئه‌و وشانه‌م هه‌ڵنه‌ده‌بژارد. هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی‌ وتوونی‌ راسته‌و هه‌ندێكی‌ تر نه‌ْ. . روبین بێگومان ده‌ڕوانێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌وانه‌یه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دیموكراته‌كان، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ رووبه‌ڕووی‌ كۆمارییه‌كانیش بێته‌وه‌ (جۆن مه‌كه‌ین) ئه‌گه‌ر بێتو سه‌ركه‌وتوو بێت، واشی‌ بۆ ده‌چم مه‌به‌ستی‌ ئه‌م باشتركردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ ستراتیژی‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و توركیایه‌‌و ئه‌مه‌ش بۆ ئیسرائیل باشه‌. هه‌ر بۆیه‌ مایكڵ‌ روبین نوێنه‌رایه‌تی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ ده‌كات‌و ئه‌مه‌ش شه‌رعییه‌. هه‌ق وایه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سكاڵای یاسایی‌ له‌سه‌ر تۆمارنه‌كرێ‌‌و ئه‌میش مافی‌ خۆیه‌تی‌ ئه‌وه‌ بڵێ‌ كه‌ ده‌یه‌وێ‌ بیڵێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی‌ تر له‌و بڕوایه‌شدا بێ‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م كردوویه‌تی‌ هه‌ڵه‌ش بێت.

سبه‌ی‌: چ شتێك تێیدا وای‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ كورد كردووه‌ توڕه‌یی‌ خۆی‌ نیشان بدات لێی‌؟
هانس براندشاید: هه‌ندێ‌ له‌سه‌ركرده‌كانی‌ كورد له‌ رابوردوودا كاردانه‌وه‌ی‌ تووڕه‌ئامێزیان هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌‌و ره‌خنه‌كانی‌ ناو ریزه‌كانی‌ خۆشیان. ئه‌م شتانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دیموكراسیه‌ت‌و له‌دیموكراسیه‌تیشدا وایه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ تریش قبوڵ بكات. لێره‌دا گرنگه‌ بزانرێ‌ كامانه‌ن قسه‌ نه‌رموونیانه‌كان‌و قسه‌‌و سه‌رنجه‌ تونده‌كانی‌ مایكڵ‌ روبین. له‌هه‌ندێ‌ خاڵدا ئه‌م ئاماژه‌ به‌لایه‌نه‌ خراپه‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌ ئه‌دا. لێره‌دا گرنگه‌ هه‌نگاوی‌ باش به‌دیموكراسیه‌ت بدرێ‌. بوَ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌ش له‌ده‌ست مایكڵ‌ روبین بسه‌ندرێته‌وه‌‌و چیتر نه‌توانێ‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌و جۆره‌ بگرێ‌.

سبه‌ی‌: ئایا له‌بری‌ سكاڵا تۆماركردن له‌دژی‌ مایكڵ روبین باشتر نه‌بوو له‌بابه‌تێكی‌ پێچه‌وانه‌دا وه‌ڵام بدرایه‌ته‌وه‌؟
هانس براندشاید: ملاحه‌قه‌كردنی‌ مایكڵ‌ روبین له‌ رێگای‌ سكاڵاو یاساوه‌ گرنگی‌ زیاتری‌ دا به‌كێشه‌كه‌. بابه‌ته‌كه‌ی‌ روبین له‌كوردستان‌و ئه‌مه‌ریكا‌و ئه‌وروپاش وتووێژی‌ ده‌رباره‌ كراوه‌. باشتر ده‌بوو ده‌رباره‌ی‌ بنوسرایه‌‌و دانوستاندنی‌ ده‌رباره‌ ئه‌نجامبدرایه‌‌و هه‌ڵوێستێكی‌ پێچه‌وانه‌ نیشانبدرایه‌‌و ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی‌ باشه‌ له‌دیموكراسیه‌تدا‌و به‌م شێوه‌یه‌ كێشه‌كه‌ی‌ روبین به‌م سه‌ره‌تایه‌ كۆتایی‌ پێده‌هات. سكالا تۆماركردن له‌دژی‌ ئه‌و، ڕوبینی به‌هێزكرد.

سبه‌ی‌: زۆرێك له‌خه‌ڵك وای‌ بۆ ده‌چن كه‌ بابه‌ته‌كه‌ی‌ روبین به‌ته‌نیا دژایه‌تیكردنی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد نه‌بووه‌ به‌ڵكو به‌گشتی‌ زیانی‌ به‌ دوَزی كوردیش گه‌یاندووه‌؟
هانس براندشاید: روبین له‌م كاته‌دا پشتگیریی‌ له‌سه‌رانی تورك‌و سیاسه‌تی‌ توركی‌ ده‌كات، به‌ڵام خۆشی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌. خیتابه‌كانی‌ ئه‌ردۆگان له‌ ئه‌ڵمانیا، له‌ به‌رلین‌و كۆلن‌و لودڤیكسهافن (سێ شاری  ئه‌ڵمانیان – سبه‌ی) له‌لایه‌ن میدیاكانی‌ ئه‌ڵمانیا‌و رای‌ گشتی‌ ئه‌ڵمانی‌  رووبه‌ڕووی‌ ره‌فزكردنه‌وه‌ بووه‌. ئه‌گه‌ر روبین لایدابێته‌ به‌ره‌ی‌ توركی‌ ئه‌وا ده‌شێت رووبه‌ڕووی‌ كێشه‌كانی‌ خۆی‌ ببێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێسته‌كان‌و سیاسه‌تی‌ توركیا له‌ ئه‌ڵمانیا‌و ئه‌وروپا‌و به‌رامبه‌ر به‌داگیركردنه‌كانی‌ تورك له‌كوردستانیشدا. ئه‌گه‌ر روبین لای‌ دابێته‌ لایه‌نی‌ تورك‌و پێشوازی‌ له‌م داگیركردنه‌ بكات ئه‌وا بڕوای‌ خۆی‌ ون ده‌كات. ئه‌م سیاسه‌تی داگیركردنه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كێشه‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ روبین با كێشه‌ی‌ خۆی‌ بێت‌و بۆ خۆی‌ جێبهێڵرێت.

سبه‌ی‌: قسه‌ وا ده‌كرێ‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ روبین نووسیویه‌تی‌ به‌ته‌نیا نه‌بووه‌‌و له‌باكگراوندا ده‌ستی‌ سیاسی‌ تێدایه‌؟
هانس براندشاید: بڕواناكه‌م. مایكڵ‌ روبین رۆژنامه‌نووسێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م راپۆرت نیه‌ ئه‌م كه‌سه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نووسیبێتی‌. زۆری‌ تر له‌ راپۆرته‌كانیم خوێندۆته‌وه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێواز‌و ئاراسته‌ نووسیونی‌ له‌بواری‌ تریشدا. له‌و ساڵانه‌دا به‌شێوازی‌ توندوتیژ‌و ئه‌م شته‌ نوێ نیه‌ لای‌ ئه‌م‌و بابه‌ته‌كانی تریشی‌ زۆرتر به‌م ئاراسته‌یه‌ ده‌نووسێ‌‌و ئه‌م رۆژنامه‌نوسه‌ به‌ناوبانگه‌ به‌م شته‌ی كه‌ حوكم ئه‌دات، حوكمی‌ كاریگه‌رانه‌ ئه‌دات‌و رۆژنامه‌نوسێكی‌ زیره‌كه‌ به‌ڵام ده‌كرێ‌ حوكمی‌ هه‌ڵه‌ش بدات‌و له‌م حاڵه‌ته‌ی‌ ئێسته‌دا ناعادیلانه‌ بووه‌.

سبه‌ی‌: ئامانجی‌ گه‌شته‌كه‌ت بۆ كوردستان؟
هانس براندشاید: ئامانجی‌ گه‌شته‌كه‌م هاوڕێیه‌تی‌ سالانێكی‌ دوور‌و درێژمه‌ له‌گه‌ڵ‌ كوردستاندا له‌پاڵ‌ ئامانجم له‌گه‌شه‌كردنی‌ كوردستاندا‌و به‌ر له‌هه‌موو شتێك مه‌سه‌له‌ی‌ كورد زیاتر بناسێنم له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ ئه‌وروپا‌و له‌ ئه‌ڵمانیاش‌و زۆر كه‌س ئه‌وه‌ نازانن كه‌ چه‌نده‌ له‌ كوردستان‌و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا مرۆڤه‌كانی‌ ئێره‌ ئاره‌زوویان له‌ دیموكراسیه‌ت‌و ئابووری‌‌و پیشه‌‌و په‌روه‌رده‌‌و سێكۆلاریزم كه‌ سه‌ر به‌ ئیسلامیزمی‌ رادیكاڵ‌ نه‌بێت‌و ته‌با نه‌بێت له‌گه‌ڵ‌ تیرۆریزمدا. ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ بناسێنم له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ئامانجمه‌ ئه‌م واقیعه‌ پۆزه‌تیڤه‌ له‌هه‌مان كاتدا ڤیتۆیه‌ دژ به‌ داگیركردنی‌ توركیا له‌ كوردستاندا‌و له‌ كه‌ركوكدا‌و له‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا كه‌ ئه‌مانیش ده‌توانن به‌شداربن له‌ سه‌قامگیریدا. ده‌بێت ئه‌وروپا روونتر بڕیار بۆ كورد بدات‌و ئه‌مه‌ ناكرێ‌ به‌س ئه‌مه‌ریكیه‌كان بیكه‌ن وه‌ك له‌ڕابوردودا.

سبه‌ی‌: تۆ له‌لایه‌كه‌وه‌ نوێنه‌ری‌ كۆمیشنێكی‌ ئه‌وروپای‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ توركیا‌و كورد، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ پرۆژه‌ی‌ ئینسانی‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و له‌ كفری‌، ئایا تۆ وه‌ك نوێنه‌ری‌ هه‌ردوو پرۆژه‌كه‌ لێره‌یت، چۆن ئه‌م دوو پرۆژه‌یه‌ له‌یه‌كتر جودا ده‌كه‌یته‌وه‌؟
هانس براندشاید: ئه‌مانه‌ شتی‌ جیاوازن كه‌ له‌هه‌مان كاتدا پێكه‌وه‌ به‌ندن. پرۆژه‌ی‌ دیموكراسی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌هه‌مان كاتدا یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ دیموكراسیه‌ت‌و ئازادی‌ ژنان‌و په‌یوه‌ندی‌ ناوچه‌یی‌. هاوكاری‌ كێشه‌ی‌ پزیشكی‌‌و پیشه‌ ئه‌ده‌ن. ئه‌مه‌ له‌هه‌مان كاتدا كۆمپلێكسی‌ دیموكراسییه‌ كه‌ به‌مانایه‌كی‌ تر گه‌شه‌كردن ده‌به‌خشێ‌ بۆ سه‌رجه‌م وڵات. ئه‌مه‌ له‌هه‌مان كاتدا سیاسه‌تیش ده‌به‌خشێ‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ بینا بكرێ‌‌و خه‌ڵكی‌ ببینن كه‌ لێره‌دا هه‌وڵ‌‌و موباده‌ره‌ هه‌یه‌‌و سه‌رقاڵ‌ بوونی‌ ئه‌وروپاش به‌رامبه‌ر به‌كوردستان به‌نده‌ له‌نزیكه‌وه‌ به‌بواری‌ گه‌شه‌كردنه‌وه‌ له‌كوردستاندا خۆی‌.

سبه‌ی‌: تۆ به‌شێكیشی‌ له‌ڕێكخراوی‌ (وادی‌)، به‌رپرسی‌ (میدیكۆ ئینته‌رناشناڵیت)‌و سه‌رقاڵی‌ ئه‌م بوارانه‌یشی‌؟
هانس براندشاید: له‌گه‌ڵ‌ زۆرێك له‌ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا قسه‌ ده‌كه‌م نه‌ك به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانه‌ی‌ ناوت بردن، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگاكانی‌ كه‌نیسه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ كه‌نیسه‌ی‌ ئه‌نگلیكانی‌ بۆ سیاسه‌تی‌ گه‌شه‌پێدان‌و له‌گه‌ڵ‌ رێكخراوه‌ گه‌وره‌كانی‌ تری ئه‌ڵمانیدا به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ یان هه‌ندێكیان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك‌و به‌مه‌ودای‌ دوور یارمه‌تی‌‌و كاری‌ گه‌شه‌پێدان له‌كوردستاندا ئه‌نجام بده‌ن.

سبه‌ی‌: تۆ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمیشنی‌ ناوبراو، ئایا ئه‌م چالاكی‌‌و پرۆژه‌یه‌ت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ هه‌یه‌ به‌ كوردستانی‌ عێراقه‌وه‌؟
هانس براندشاید: به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كوردستانشه‌وه‌ هه‌یه‌‌و خستونیه‌ته‌ ناو بازنه‌ی‌ خۆیه‌وه‌. ئه‌م كۆمیشنه‌ی‌ كه‌ من سه‌رۆكیم كار بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئاشتییانه‌ ده‌كات بۆ دایه‌لۆگ‌و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان به‌م رێگایانه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م داگیركردن‌و هه‌ڕه‌شه‌ سه‌ربازییانه‌ی‌ توركیا نین‌و ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ تێكدان و قه‌یران له‌ ناوچه‌كه‌دا، نه‌ك به‌ته‌نیا بۆ كوردستانی‌ عێراق‌و به‌ڵكو بوَ هه‌موو عێراق به‌گشتی‌.

سبه‌ی‌: په‌یامت چیه‌ بۆ توركیا له‌چوارچێوه‌ی‌ كاره‌كانتدا؟
هانس براندشاید: توركه‌كان ده‌بێ‌ زۆر زوو گه‌شه‌ به‌ به‌رنامه‌ی‌ ریفۆرم بده‌ن بۆ كورد له‌ توركیا، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان پێی‌ ده‌ڵێن خوارووی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ئه‌ناتۆلیا. ئه‌م ریفۆرمه‌ هه‌ر به‌ته‌نیا بواری‌ زمان ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو گۆڕانی‌ یاساییش، پێویستی‌ به‌ده‌ستورێكی‌ نوێ‌ هه‌یه‌ كه‌ دان به‌كورددا بنێت. هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕ‌و په‌یوه‌ندی‌ ئابووریش له‌نێوان سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی‌ كوردستاندا‌و تورك ده‌بێ‌ ئه‌م رێگایه‌ بگرێته‌به‌ر ئه‌گه‌ر بیه‌وێ‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ئه‌وروپا.

سبه‌ی‌: كورده‌كانی‌ عێراق به‌گران جیاوازی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێ‌ كه‌ ئایا ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ هاوڕێیانه‌یه‌ یان به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوبه‌ش بووه‌ دژ به‌ دوژمنی‌ هاوبه‌ش، ئێستا سیاسه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا چۆن ده‌بینن به‌رامبه‌ر به‌كوردستانی‌ عێراق؟
هانس براندشاید: زۆر شت به‌ند ده‌بن به‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌چ ئامانجێك كۆتایی‌ دێت، هه‌رلایه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌رێته‌وه‌ دڵنیام له‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ كوردستان دان پێدا ده‌نێ‌‌و ده‌مێنێته‌وه‌. من وای‌ بۆ ده‌چم كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان كورد له‌عێراقدا‌و ئه‌مه‌ریكا جۆره‌ ساردییه‌ك به‌خۆیه‌وه‌ بگرێ‌. ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌دوای‌ سه‌رجه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ده‌چن له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا. ئه‌مه‌ریكا به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاودێری‌ گۆڕانكاریه‌كانی‌ ئێران ده‌كات، گۆڕان‌و گه‌شه‌كردنی‌ شیعه‌ی‌ سیاسی. ماوه‌یه‌كه‌ جه‌خت ده‌كه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ سونییه‌كه‌ش. له‌گه‌ڵ‌ سعودیه‌كان ده‌رباره‌ی‌ دواون. هه‌روه‌ها خه‌ریكی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستینن. به‌واتا هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌باڵانسێكی‌ نوێدا ئه‌نجام بده‌ن. بێگومان لێره‌دا به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م نوێنه‌ری‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ن، نه‌ك كورد، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌داهاتوودا پشت بكه‌نه‌ كورد.

سبه‌ی‌: زۆر له‌ ئه‌وروپیه‌كان وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێره‌ ناوچه‌ی‌ نفوزی‌ ئه‌مه‌ریكیه‌‌و كه‌واته‌ بۆچی‌ لێره‌ وه‌به‌رهێنان بكه‌ین. له‌به‌ر رۆشنایی‌ ئه‌م بۆچوونه‌ مرۆڤ چۆن ده‌توانێت په‌یوه‌ندی نێوان عێراق‌و كوردستانی‌ عێراق به‌ ئه‌وروپاوه‌ درروست بكات؟
هانس براندشاید: شتێكی‌ ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ عێراق‌و جه‌نگه‌كه‌ دژایه‌تی‌ هه‌بوو له‌ ئه‌وروپاو به‌تایبه‌ت له‌ئه‌ڵمانیا به‌رامبه‌ر به‌ بوش، به‌ڵام بۆچی‌ ئه‌وروپا‌و ئه‌ڵمانیا ئاره‌زوویان له‌كوردستان‌و له‌عێراق نه‌بێت؟ له‌م وڵاته‌ نه‌وت هه‌یه‌ ده‌توانرێ‌ گه‌شه‌ به‌ئابووری‌ بدرێ‌‌و زه‌مینه‌ی‌ پیشه‌ فێربوون هه‌یه‌‌و ده‌بینم كه‌ به‌شێكی‌ كورده‌كانی‌ ئه‌وروپا كاری‌ هێنان‌و ناردن ئه‌نجام ئه‌ده‌ن‌و ئه‌كادیمییه‌كانی‌ بۆ نموونه‌ ئه‌ڵمانیا ده‌توانن زانیاریه‌ زانكۆییه‌كانی‌ خۆیان لێره‌ بگه‌یه‌نن. له‌به‌ر رۆشنایی‌ هه‌موو ئه‌وشتانه‌ لای‌ من سه‌رنجیان ئه‌ده‌مێ‌. ئه‌ڵمانیا هه‌ق وایه‌ له‌دوای‌ ئه‌مه‌ریكا وڵاتی‌ دووه‌م بێت له‌م وڵاته‌ چالاكانه‌ به‌شداری‌ گه‌شه‌كردن‌و ئابووری‌ بێت.
--------------------------------------------------------
*پروَفایل:
هانس براندشاید  به‌رپرسی كۆمیسیۆنی مه‌ده‌نی ئه‌ورپی تورکیه‌‌ EUTCC . ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رپرسی ریكخراوی نێوده‌وڵه‌تی میدیكۆ ئینته‌رناشنال بووه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێستا سه‌رپه‌رشتی سه‌رجه‌م ریكخراوه‌ خه‌یریه‌كانیش ده‌كات له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا. ریكخراوی نێوده‌وڵه‌تی میدیكۆ ئینته‌رناشنال چه‌ندین پرۆژه‌ی خه‌یری له‌عێراق و به‌تایبه‌ت له‌ كوردستاندا ئه‌نجام داوه‌.

 

Sbeiy.com © 2007