Print
 
 مادده‌ی 140 له‌ نێوان ژیان و مردن و نه‌وه‌کانی ئاینده‌دا
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Thursday, March 5, 2009

خه‌ریکه‌ مه‌سه‌له‌ی شاری که‌رکوک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی گه‌ل رێچکه‌یه‌کی تر ده‌گرێت، ته‌وافقی به‌ڕێوه‌بردنی شار یانی بڕیاری مادده‌ی 23 که‌ 32% بۆ کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و له‌سه‌دا 4 یش بۆ کلدوئاشوریه‌کان، بۆ ئێستا ئه‌م هه‌نگاوه‌ میلله‌تی کورد بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ بۆ دواوه‌ ده‌باته‌وه‌، میلله‌تی کورد ده‌بێ هه‌وڵی جدی بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ سه‌رنه‌گرێ، به‌ڵام ئه‌م بێ ده‌نگیه‌ مانای له‌ ده‌ست دانی خودی ده‌سکه‌وته‌کانه‌ که‌ خه‌ڵکی قوربانی بۆ داوه‌ و ده‌دات. ‌

 ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ نایابه‌یه‌ که نه‌وه‌کانی میلله‌تی کورد له‌ رابه‌رانی ئێستایان وه‌رده‌گرن.
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی گه‌ل و ئیراده‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کان زیاتر مه‌سه‌له‌ کۆنه‌کان و دوژمنایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زپه‌رستی قوڵ ده‌کاته‌وه‌ ومه‌سه‌له‌کان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ناکات.

ئه‌م وه‌زعه‌ له‌ واقعدا بۆ هه‌مو خه‌ڵکی رونه‌ که‌ کاریگه‌ری وڵاتانی ئیقلیم و ئه‌مریکا و به‌ریتانیا له‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی تریش به‌ره‌نجامی ته‌وافقه‌ سیاسیه‌کانی نێو به‌غدا و حکومه‌تی مه‌رکه‌زی و هه‌رێمه‌، له‌لایه‌کی تر کاریگه‌ری راوێژکه‌رانی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ کوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌مریکاییه‌کان و عه‌ره‌به‌کان هه‌رده‌م له‌هه‌وڵی ئاڵۆزی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ن و نایانه‌وێ به‌ قازانجی گه‌لی کورد کۆتایی پێ بێت.

ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ زیاتر ته‌بایی و هاوسه‌نگی نه‌ته‌وه‌ جیاجیاکان و ئارامی و ئاسایش و چاککردنی ژیان و گوزه‌ران ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ قسه‌یه‌کمان له‌سه‌ری نیه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌م وه‌زعه‌ میلله‌ته‌ جیاجیاکانی که‌رکوک هه‌ڵیانبژاردوه‌ و به‌ ئیراده‌ی خۆیان ئه‌م چاره‌سه‌ریه‌یان داڕشتوه‌ یان هه‌نگاوی تری ده‌ره‌کی وه‌کو دیمستورا و وڵاتانی ئیقلیم و زلهێزه‌کانی جیهان ئه‌م وه‌زعه‌یان سه‌پاندوه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ی دوه‌میانه‌ و هه‌ربۆیه‌ش میلله‌تی کورد له‌م نێوه‌دا قوربانی مه‌سه‌له‌کانه‌ نه‌ک له‌ روانگه‌یه‌کی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڵکو له‌ روانگه‌ی واقعی که‌ خۆی له‌ بێ ئیراده‌یی و بێ کاریگه‌ری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌ له‌ پرۆسێسه‌کانی ژیان وگوزه‌رانی دا.

بزانین چاره‌نوسی مادده‌ی 140 ی ده‌ستوری به‌کوێ گه‌یشت، کێ له‌ پرۆسێسه‌کانی ئاگاداره‌و چ کات و خشته‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌یه‌، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌م کارانه‌ له‌چ وه‌زعیه‌تێ دا کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دڵنیا ده‌کاته‌وه‌، بچوکترین نمونه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارێزگاکان ئه‌م‌ مه‌سه‌له‌یه‌ی هه‌ر نه‌ک به‌ نه‌زه‌ر وه‌رنه‌گرت به‌ڵکو خه‌ڵکی کوردستان جگه‌ له‌ مانه‌وه‌ی هه‌مان بازنه‌ی داخراو دا هێشته‌وه‌و ته‌نها له‌ هه‌واڵه‌کان ئه‌گه‌ر جارناجاره‌ باسی مادده‌ی 140 بکرێت ئه‌ویش به‌ره‌ی تورکمانی ده‌ڵێ مادده‌یه‌کی مردوه‌ و مالکیش بێ ده‌نگی و که‌مته‌رخه‌می لێده‌کات و بۆ کوردیش مادده‌یه‌کی ده‌ستوریه‌و بۆ هێزه‌ده‌ره‌کیه‌کانیش ته‌وافق ته‌نها چاره‌سه‌ره‌و ده‌بێ میلله‌تی کورد له‌ که‌رکوک خۆشبێت، به‌ڵام بۆ چاره‌نوسی گه‌لی کورد مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگه‌ و به‌ چاکی یه‌کلابکرێته‌وه‌. تاکه‌ رێگای دروستیش به‌شداری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا. له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکاندا بۆ میلله‌تی کورد جگه‌ له‌ نه‌ گۆڕانی مه‌سه‌له‌کان به‌ڵکو بۆ دواوه‌ش هه‌نگاو ده‌نرێت و دوباره‌ مه‌سه‌له‌ کۆنینه‌کان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌دای خراپی مه‌سئولانی پارتی و یه‌کێتی نیه‌ له‌م ناوچانه‌، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌ی گۆڕانی هاوسه‌نگی هێزه‌کانه‌ و دوباره‌ ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له‌ عێراق هێزه‌کانی رێکده‌خاته‌وه‌ و دوباره‌ هه‌مو مه‌سه‌له‌کان بۆ لایه‌نی به‌هێزی ناوه‌ند و که‌سایه‌تی ده‌باته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ترسناکترین زه‌نگه‌ له‌ ژیانی میلله‌تی کورد و دوباره‌ بونه‌وه‌ی مێژوی سه‌رکوته‌ له‌م ناوچانه‌. هۆشداری سه‌رۆک وه‌زیران له‌ کوردستان بۆ ئه‌مریکا ره‌نگه‌ ته‌نها له‌م مه‌سه‌لانه‌وه‌ بێ به‌ڵام ده‌بێ کاری جدی بۆ بکرێت و جه‌نگی نێوان نه‌ته‌وه‌کان له‌ عێراق رونه‌دات.

چه‌ند ملیۆن دینارێکی ته‌زویر بۆ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه‌ هیچ له‌ مه‌سه‌له‌کان چاره‌سه‌ر ناکات و جورعه‌یه‌کی کاتیه‌، هه‌روه‌کو خاتون نه‌رمین عوسمان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات که‌ گوایه‌ داوای 800 ملیۆن دۆلاری کردوه و 200 ملیۆنی بۆ کاره‌کان ته‌رخان کراوه‌. مه‌سه‌له‌کان زۆر له‌م بودجانه‌ زیاترن، به‌ڵکو ده‌بێ مه‌سه‌له‌کان به‌ لێپرسراویه‌تیه‌وه‌ وه‌ربگیرێت و هه‌مه‌لایه‌نه‌و درێژخایان و یاسایی چاره‌سه‌ر بکرێن. دیاره‌ یوئێن و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی بۆ یوئێن بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌ندروست نه‌بو نیه‌، سه‌یری کاره‌کانی یوئێن له‌ دونیا بکه‌ن هه‌ر له‌ لوبنان تا دارفور هه‌موی هه‌ر شکست له‌ دوای شکسته‌ و هیچی تر. وه‌کو کاره‌کانی پۆلیسی حکومه‌تی عێراقه‌ مه‌سه‌له‌ی بچوک گه‌وره‌ده‌که‌ن و مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌کانیش جورئه‌ت ناکه‌ن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی بده‌ن.

 یه‌کلاکردنه‌وه‌ی گشت مه‌سه‌له‌کان په‌یوه‌ندی به‌ گشت پرۆسێسه‌کان هه‌یه‌ و ده‌بێ نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ئه‌م مه‌سه‌له‌ یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌ نه‌ک ته‌وازنی سیاسی و هێزه‌ ده‌ره‌کیه‌کان، هه‌ر بۆیه‌ش به‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ر به‌ قوربانی لایه‌نێ یان چه‌ند لایه‌نێ و له‌سه‌ر حسابی یه‌کتردا دوباره‌ توشی هه‌ڵچون ده‌بنه‌وه‌ و مه‌سه‌له‌کانیش به‌بێ چاره‌سه‌ر ده‌مێننه‌وه‌، نه‌ک هه‌ر که‌رکوک به‌ڵکو شێخان و زومار و مه‌خمور وگوێڕ و سه‌عدیه‌ و خانه‌قی و مه‌ندلی و جه‌باره‌ ... هتد، ناوچه‌کانی تر که‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد له‌ نه‌وت گرنگترن، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ که‌م باسیان ده‌کرێت. شاری که‌رکوک ده‌توانێ به‌ ئه‌مباره‌ نه‌وته‌کانی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی له‌ کوردستان بۆ ئاستی به‌رزببات و کۆمه‌ڵگا بۆ فازێکی به‌رزببات و وڵاتێکی به‌رهه‌م هین گه‌شه‌ پێبدات ناوچه‌کانی تریش ده‌بن به‌ پشتێنی ئه‌منی بۆ خه‌ڵکی کوردستان که‌ ناوچه‌کانی مادده‌ی 140 خۆی ده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بنمایه‌کی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی که‌ خۆی له‌ که‌ره‌سته‌ خاوه‌کان ده‌دۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موان چه‌قبه‌ندی ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ بکه‌ن و هیچ مه‌ودایه‌ک به‌ دوژمنانی گه‌لی کورد نه‌ده‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش ئیراده‌ی گه‌ل له‌ پرۆسێسه‌کان و مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا له‌ هه‌مو شتێ گرنگترن. گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئیراده‌ی گه‌ل لێپرسراویه‌تیه‌کی مێژویه‌ و هه‌موان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ لێپرسراویه‌تی ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ و سه‌رکه‌وتن و ژێر که‌وتن بۆ هه‌موانه‌ و مێژوش به‌ شێوه‌یه‌کی دروست روداوه‌کان تۆمار ده‌کات و نه‌وه‌کانی ئاینده‌ش دڵنیا ده‌بنه‌وه‌ له‌ داهاتویان. ئه‌گه‌ر نا هه‌موان به‌به‌ر شاڵاوی تیری نه‌وه‌کانی ئاینده‌ ده‌که‌ون و هه‌ر که‌س به‌ گوێره‌ی لێپرسراویه‌ته‌کانی و مێژوش هه‌مو شتێ تۆمارده‌کات و شه‌رم له‌ که‌س ناکات . ئه‌گه‌ر کار وابڕوا هه‌م که‌رکوک و هه‌م ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌که‌ونه‌ به‌ر ره‌حمه‌تی به‌ره‌ی تورکمانی و مالکی و سالح موتله‌گ ئه‌وکاتیش دونیا دونیایه‌کی تره‌.

Sbeiy.com © 2007