Print
 
 سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ نێوان تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Tuesday, March 24, 2009

مرۆڤ سه‌ری‌ سوڕده‌مێنێت كاتێك ده‌رباره‌ی‌ پرسی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان له‌ میدیاكانه‌وه‌ گوێی‌ له‌ هه‌ندێك لێدوانی‌ تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ ده‌بێت، كه‌ سه‌ده‌رسه‌د پێچه‌وانه‌ی‌ یه‌كتری‌ قسه‌ده‌كه‌ن‌و بۆچونه‌كانیشیان به‌ بۆچونی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆمارو سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌، هه‌فته‌ی‌ رابردو به‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌باحی‌ توركی‌ راگه‌یاند: به‌ برا توركه‌كانم ده‌ڵێم مه‌ترسیان نه‌بێت له‌ سه‌ربه‌خۆبونی‌ كوردی‌ عێراق‌و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌نها خه‌ونه‌و بیرۆكه‌ی‌ شاعیرانه‌یه‌.

به‌ڕێز بارزانیش جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵدا (11/1/2009)، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی‌ (لۆس ئه‌نجلس تایمز)ی‌ ئه‌مریكی‌ وتی‌: "دورنییه‌ كورد سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆی‌ رابگه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق هه‌موار بكرێت"، كه‌ ئه‌م لێدوانه‌ش بوه‌ هۆی‌ وروژاندنی‌ ناوه‌ندی‌ سیاسیی‌ عێراقی‌‌و عه‌ره‌بی‌‌و هه‌رایه‌كی‌ زۆری‌ لێكه‌وته‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ دو هه‌فته‌ی‌ رابردوشدا له‌ دیداری‌ میدیا عه‌ره‌بی‌‌و بیانییه‌كاندا (شه‌رقولئه‌وسه‌ت‌و بی‌ بی‌ سی‌)، دیسانه‌وه‌ بارزانی‌ پێداگریی‌ خۆی‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان ده‌ربڕی‌.

ئه‌م دو لێدوانه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ی‌ به‌ڕێزان بارزانی‌‌و تاڵه‌بانی‌ كه‌ ئێستا ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی‌ سیاسه‌تی‌ ره‌سمیی‌ كورد ده‌كه‌ن، له‌ ساده‌ترین مانایدا نیشانه‌ی‌ نه‌بونی‌ گوتارێكی‌ سیاسیانه‌ی‌ یه‌كگرتوه‌ لای‌ سه‌رانی‌ كوردو سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسییه‌كه‌ی!.

ده‌بێت لێره‌دا بپرسین ئه‌و لێدوانه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ گوزارشت له‌ بۆچونی‌ كێ‌ ده‌كات؟ ئایا گوزارشته‌ له‌ بۆچونی‌ شه‌خسی‌ خۆی‌؟ یان بۆچونی‌ حیزبه‌كه‌ی‌‌و مه‌كته‌ب سیاسییه‌كه‌یه‌تی‌؟ یان گوزارشته‌ له‌ بۆچونی‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان؟

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ وڵاتێكی‌ دیموكراسیدا بین‌و به‌ڕێز تاڵه‌بانیش باوه‌ڕی‌ به‌ دیموكراسیه‌ت هه‌بێت، ئه‌و بڕیاره‌ چاره‌نوسسازانه‌ ده‌بێت ده‌ستور دیاری‌ بكات‌و میلله‌ت ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدات، نه‌ك هه‌ر سه‌ركرده‌و كاریزمایه‌ك لای‌ خۆیه‌وه‌ له‌بری‌ میلله‌ت بڕیار بدات‌و بڵێت ئه‌مه‌ "خه‌ونی‌ شاعیرانه‌ نه‌ك واقیع"، كه‌ به‌ رای‌ ئێمه‌ ئه‌م بۆچونه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ دیموكراسیه‌ته‌، چونكه‌ چوار ساڵ‌ به‌ر له‌ ئێستاو به‌پێی‌ رایه‌كی‌ دیموكراسیانه‌ له‌ 31/1/2005دا له‌ راپرسییه‌كدا كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كاندا، بزوتنه‌وه‌ی‌ ریفراندۆم ئه‌نجامیدا، له‌نێوان پرسی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌‌و تێكه‌ڵبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ عێراقدا، 98%ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌نگیان بۆ جیابونه‌وه‌ داو ئێستاش ئه‌و ئیمزایانه‌ له‌ باره‌گای‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌، ئایا بۆچونی‌ ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی‌ خه‌ڵك پێچه‌وانه‌ی‌ قسه‌كانی‌ به‌ڕێز تاڵه‌بانی‌ ناسه‌لمێنێت، ئه‌گه‌ر واش نییه‌، دیاره‌ 98%ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان خه‌ونی‌ شاعیرانه‌ ده‌بینن!

پێداگریی‌ زۆری‌ بارزانیش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌و خۆگیڤكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكجاری‌ پارتی‌ سه‌باره‌ت به‌ جیابونه‌وه‌ی‌ كوردستان‌و دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌، پێده‌چێت ته‌نها كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ ئیعلامی‌ بێت‌و پارتی‌ له‌و روه‌وه‌ ده‌یه‌وێت سۆزی‌ جه‌ماوه‌ر بۆخۆی‌ رابكێشێت، ئه‌گینا له‌ماوه‌ی‌ 18 ساڵی‌ رابردودا ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ له‌ كوردستان زه‌مینه‌ی‌ هه‌نگاونانیان بۆ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌ڕه‌خساندوه‌‌و نێوماڵی‌ كوردی‌ له‌ زۆر روه‌وه‌ داته‌پیوه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر زه‌مینی‌ واقیع هه‌لومه‌رجه‌كه‌ له‌بارنییه‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم هێشتا زیاتر له‌ 51%ی‌ خاكه‌كه‌ی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا نییه‌، نه‌ بنه‌مایه‌كی‌ ئابوریی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌یه‌و نه‌ وڵاتێكی‌ زلهێزیش پشتگیریی‌ ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌كات.

مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان‌و دروستبونی‌ ده‌وڵه‌ت هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا دوربێت له‌ واقیع، به‌ڵام چه‌كێكی‌ سیاسی‌‌و گرنگ‌و كاریگه‌ره‌، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كان له‌ گه‌مه‌ سیاسییه‌ عێراقی‌‌و هه‌رێمایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ دروست وه‌ك كارتێك به‌كاریبهێنن، نه‌ك هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ تاكی‌ كوردی‌ پێ‌ بریندار بكه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ بۆچونی‌ هه‌ندێك له‌ چاودێران، تاڵه‌بانی‌ جیاواز له‌ بارزانی‌ سیاسییه‌كی‌ پراگماتیتره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ جاری‌ یه‌كه‌م نییه‌ كه‌ به‌ڕێز تاڵه‌بانی‌ لێدوانی‌ له‌وشێوه‌یه‌ ده‌دات، ده‌بێت بپرسین: مه‌به‌ست له‌و قسانه‌ چییه‌؟ تاڵه‌بانی‌ شه‌رعیه‌تی‌ له‌ كێ‌ وه‌رگرتوه‌‌و ئه‌م لێدوانانه‌ چ قازانجێك به‌ قه‌زیه‌ی‌ كورد ده‌گه‌یه‌نێت!

Sbeiy.com © 2007