له ئێستادا زۆربه‌ی ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی داهاتو بۆ بردنه‌وه‌ی (111) كورسیی په‌رله‌مانی كوردستان، "تاراده‌یه‌ك" گۆڕان له نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا ده‌هێنێته كایه‌وه، ئه‌مه‌ش به پێودانگی ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره توركمان‌و ئاشوریه‌كان ئه‌رمه‌ن (11) كورسیان وه‌ك سیستمی كۆتا بۆ دانراوه‌و دور له سه‌پاندن له‌لایه‌ن پارتی‌و یه‌كێتییه‌وه به ئازادانه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان هه‌ڵده‌بژێرن، هه‌روه‌ها چوار حیزبه‌كه‌ش كه ئێستا خاوه‌نی (18) كورسیی په‌رله‌مانن، له لیستی هاوبه‌شی پارتی‌و یه‌كێتی دێنه ده‌رێ‌و شه‌ریكایه‌تی ده‌سه‌ڵاتیان ناكه‌ن، لیستی سه‌ربه‌خۆش له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه به گه‌رموگوڕییه‌كی زۆره‌وه هاتوه‌ته مه‌یدان.
چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌رده‌م چاوی نێوده‌وڵه‌تی‌و عێراقیدا، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ئێجگار قورس‌و گه‌وره‌یه بۆ سه‌ركردایه‌تیی كورد، چونكه له‌كاتێكدا عێراق له (6) ساڵی رابردودا بۆ پێشه‌وه هه‌نگاوی ناوه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه دواوه.
براوه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه نییه پارتی‌و یه‌كێتی دو كورسیی زیاتر به‌ده‌ستبهێنن یان چه‌ند كورسییه‌كی كه‌م له‌ده‌ستبده‌ن‌و به شكستی بزانن، به‌ڵكو براوه ئه‌وه‌یه چۆن پرۆسه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌و دور له توندوتیژی سه‌ربخرێت، و پرۆسه‌كه به‌ئاقاری توندوتیژیدا نه‌روات وه‌ك ئه‌وه‌ی له 6/12/2005دا له دهۆك رویدا‌و په‌لاماری باره‌گاكانی یه‌كگرتوی ئیسلامی درا ، چونكه سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه دور له توندوتیژی‌و ته‌زویرو غه‌ش، سه‌ركه‌وتنه بۆ ده‌سه‌ڵات.
ئه‌م ئه‌ركه‌ش له ئێستادا جگه له یه‌كێتی، به ده‌ره‌جه‌ی یه‌ك له‌ئه‌ستۆی پارتی‌و به‌ڕێز بارزانیدایه، چونكه ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتداری سه‌ره‌كین‌و پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و حكومه‌تیان لایه، هه‌روه‌ك به‌رێز بارزانی پێویسته له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ركه‌وێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌جێندای حیزبێك، كه یاسای كۆمسیۆن و هه‌ڵبژاردنیش ئه‌و داوایه له‌خاوه‌ن پۆسته ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات.
كێشه‌ی زۆرێك له به‌رپرسانی یه‌كێتی‌و پارتی ئه‌وه‌یه حه‌ساسیه‌تێكی زیاد له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نانه هه‌یه كه له هه‌ڵبژاردنه لۆكاڵی‌و گشتییه‌كاندا مونافه‌سه‌یان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك له ئێستادا ئاماژه‌كانی مامه‌ڵه‌ی به‌رپرسانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌داخه‌وه له‌م سه‌ره‌تایه‌وه دڵخۆشكه‌ر نین‌و ته‌شه‌نوجێكی زۆر به گوتاره‌كانیانه‌وه دیاره، به‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیستی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كان‌و بونی لیستی سه‌ربه‌خۆوه.
پارتی‌و یه‌كێتی كه ئێستا كه‌وتونه‌ته به‌ر شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی توندی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ڕوی (قۆرخكردنی ژیانی ئابوری‌و سیاسیی خه‌ڵك، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی داهاتی وڵات، پێشێلكاریی مافی مرۆڤ، به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی‌و رێگانه‌دان به دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێكی ئه‌كتیڤ)، كه جگه له‌خۆشیان بوه‌ته هۆی له‌كه‌داربونی سومعه‌ی سیاسیی هه‌رێم.
ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه كه هه‌مو لایه‌ك ئه‌و هه‌ڵبژاردنه سه‌ربخه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ عێراقی بسه‌لمێنین كه شایانی ئه‌و فیدراڵیه‌ته‌ین كه له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند خۆمان جیاكردوه‌ته‌وه.
چونكه پێده‌چێت ئه‌مه دوا تاقیكردنه‌وه‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم، ناكرێت له‌مه زیاتر پاشه‌كشه بكات، كه ئێستا هه‌رێم لێوانلێوه له گه‌نده‌ڵی‌و چه‌قبه‌ستوی سیاسی، جگه له‌وه‌ی له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دو حیزبی حاكم، تائێستا له هه‌رێمی كوردستان نمونه‌ی هیچ پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی بێ غه‌ش‌و نه‌زیهمان نییه، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م بۆچونه هه‌ڵبژاردنی 31/1/2005 بو، كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه خرایه "لیستی ره‌شه‌وه"، به‌هۆی ساخته‌كردنی هه‌ڵبژاردنه‌وه.
له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق سه‌لماندی كه حكومه‌ته‌كه‌ی به‌غدا هه‌نگاوی زیاتر به‌ره‌و دیموكراسیبون ده‌نێت، له‌ڕوی شه‌فافیه‌ت‌و كێبڕكێی سیاسی‌و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌موشمان نمونه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیمان له‌به‌رچاوه كاتێك ئه‌و پارته رادیكاڵه ئیسلامییه له‌پاش ئه‌و شكسته‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی (6) پارێزگای به‌غداو نه‌جه‌ف‌و... هتد، توشی هات‌و دۆڕا، عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم زۆر به رۆحێكی دیموكراسیانه‌و مۆراڵێكی به‌رزه‌وه وتی: "پیرۆزبایی له براوه‌كان ده‌كه‌ین، دیاره ئێمه به‌هۆی هه‌ڵه‌كانمانه‌وه شكستمان هێنا، بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو خۆمان چاك ده‌كه‌ین".
ئێستا به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی مێژویی له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمدایه، كه ئه‌زمونه‌كه به‌ره‌وپێش ببات نه‌ك پاشه‌كشه‌ی پێبكه‌ن.