Print
 
 که‌مته‌رخه‌می په‌رله‌مان له‌ دو مه‌سه‌له‌ی گرنگدا
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Thursday, May 7, 2009

سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی هه‌مو داوده‌زگایه‌ک و هه‌ر تاکێکی وشیار له‌ به‌ خشته‌کردن و به‌رنامه‌ رێژی کاره‌کانی ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌و به‌رنامه رێژییه‌ ده‌کرێت بۆ رۆژێک، هه‌فته‌یه‌ک، ساڵێک یا چه‌ند ساڵێک بێت. له‌ 4 چوار ساڵی رابردودا نه‌بونی ئه‌م پلانه‌‌ یه‌کێکه‌ له‌ که‌موکوڕییه‌ به‌رچاوه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان. به‌ په‌له‌ و دره‌نگ وه‌خت لێدوان له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و یاسای پارێزگاکان دو به‌ڵگه‌ی زندو و زۆر نزیکن له‌ که‌مته‌رخه‌مییه‌کان‌. به‌ڵێ، په‌رله‌مان  له‌ 2005 تا ئێستا زیاتر له‌ 72 یاسای ده‌رکردوه‌، ده‌یان سه‌ردانی و کۆڕ و کۆبونه‌وه‌ و چالاکی ئه‌نجام داوه. به‌ڵام زۆربه‌ی یاساکان له‌سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که‌ کراون و نه‌تواندراوه‌‌ وه‌ک پێویست بخرێنه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌ کاری خوێنده‌وارێک ده‌چێت زیاتر به‌ مه‌به‌ستی پڕکردن و جوانکردنی کتێبخانه‌که‌ی کتاب بکڕێت.

لێره‌ ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ دو مه‌سه‌له‌ی گرنگ بده‌م، ئه‌و دو مه‌سه‌له‌یه‌ی په‌رله‌مان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌ کاربونیه‌‌وه‌ ده‌بو له‌ به‌رنامه‌ی خۆی جێگیریان بکات، ده‌کرا له‌ گه‌ڵ حیزب و حکومه‌ت و لستی هاوپه‌یمانی له‌ په‌رله‌مانی به‌غداش گفتوگۆی بکردایا.

1)  ناوچه‌ به‌زۆر دابڕاوه‌کانی کوردستان:
 ده‌بوایا دانیشتوانی ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان: ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، هه‌م ده‌نگیان بدایا و هه‌م نوێنه‌ریان هه‌بوایا.  ئه‌م به‌شداریکردنه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی مانایه‌کی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی له‌ خۆ ده‌گرت، دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ش هه‌ستیان به‌وه‌ ده‌کرد که‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌وان به‌ به‌شێ له‌ خۆی ده‌زانێ و هه‌میشه‌ خه‌مخۆریانه‌.  ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌کرا له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا له‌ روی یاساییه‌وه‌ کاری بۆ بکرێت. ئه‌گه‌ر بیانو ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌تی عێراق ئه‌مه‌ به‌ ده‌ست تێوه‌ردان و دژی ده‌ستور ده‌زانێ، خۆ ده‌بێ بونی وه‌زاره‌تی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و ئاسایش و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناوچانه‌ نا یاسایی بن.

2-  کوردستانیانی هه‌نده‌ران
له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ده‌نگدان بۆ ده‌ستوری عێراق هه‌مو عێراقییه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شداری پرۆسه‌که‌یان کرد، ئه‌م به‌شداریکردنه‌ش بوه‌ هۆی جارێکی تر له‌ نزیکه‌وه‌ پیشاندانه‌وه‌ی رویه‌کی باشی عێراق به‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. بۆ ئه‌م به‌شداریکردنه‌ هیچ رێگرییه‌ک نه‌بو نه‌ له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ وه‌ نه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌ره‌وه‌. بێگومان ئه‌م جاره‌ش ‌ به‌شداریکردنی کوردستانیان له‌  پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هیچ رێگرییه‌کی یاسایی نه‌ده‌‌بو. تاکه‌ هۆ له‌ بێبه‌شکردنی کورسستانیان له‌م مافه‌ که‌مته‌رخه‌می په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆمانه‌‌.

دیاره‌ به‌شداریکردنی کوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ سودی زۆری ده‌بو بۆ په‌رله‌مان و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان. جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بوه‌ هۆی دروستبونی جۆرێ له‌ یه‌ک ریزی و یه‌ک ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵکانه‌، ده‌نگدانه‌وه‌ی باشیشی ده‌بو له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌.

هیوادارم په‌رله‌مانی داهاتو له‌ خشته‌ی کارکردنی خۆی جێی ئه‌م دو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ و هه‌مو ئه‌وانی تر بکاته‌وه‌، زو لێیان بدوێ و به‌ یاساییان بکات، یاسای هه‌ڵبژاردنی دواتر گه‌ر پێویستی کرد پێشوه‌خت هه‌موار بکات تا هه‌ڵه‌کان دوباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

 گه‌ر په‌رله‌مان باس له‌ رێگری یاسایی بکات له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م دو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌، ده‌بوایا وه‌ک چۆن پێشوه‌خت یاسای باری که‌سێتی و خه‌ته‌نه‌کردنی وروژاند، باسکردنێک ته‌نانه‌ت مناڵی سه‌ر بێشکه‌ش گوێ بیستی بون، پێویست بو ئاوهاش ئه‌م دو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ی له‌2007 باس بکردیا، تا خه‌ڵک ئاگادار بوایه‌و منیش پێویستی نه‌ده‌کرد ئه‌م بابه‌ته‌ بنوسم.

 

Sbeiy.com © 2007