|
ئایا پارتی چی ده‌وێت؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Sunday, July 22, 2007 |
مه‌به‌ست له‌م پرسیاره و وه‌ڵامه‌كانی تێگه‌یشتنی هێزێكی سه‌ره‌كی گۆره‌پانی سیاسییه له باشووری كوردستان، هێزێك كه پتر له 60 ساڵه له بزاڤی كوردایه‌تیدا رۆڵی به‌رچاو و كاریگه‌ری بینیوه و ئه‌مڕۆش به‌شێكی گرنگی تاوه‌كانی حوكمڕانی كوردی و بڕیاری سیاسی له‌م به‌شه‌ی كوردستانمانی به‌ده‌سته‌وه‌یه. بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له‌م حزبه سیاسییه پێویسته ئاوڕێك له مێژووی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بده‌ینه‌وه و پابه‌ندی كه‌ین به ئێستای و به‌و شێوه‌یه دیدهكانمان بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی ئاینده‌ش رۆشنتر ده‌بێت.
مه‌به‌ست له‌م نووسینه ناحه‌زی نییه به‌رامبه‌ر پارتی، هه‌وڵێكه له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وشهفافییهت و رۆڵی خه‌ڵك له داڕشتنی سیاسه‌ت و حوكمڕانی له‌و به‌شه بچووكه رزگاركراوه‌ی كوردستانه‌كه‌مان ده‌گونجێت.
سیما و رووخساری پارتی و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووكه‌ی له‌م خاڵانه‌دا كۆده‌كرێنه‌وه:
یه‌كه‌م: حزبێكه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ره‌مێكی قایم و توند دارێژراوه، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له لوتكه‌ی ئه‌و هه‌ره‌مه‌دا ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیارده‌ر و كاریگه‌رن له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی ئه‌م حزبه‌دا.
دووه‌م: حزبێكه زۆر جار به حزبی بنه‌ماڵه ناوده‌برێت، له‌راستیدا له‌ساڵانی دواییدا ده‌سه‌ڵاتدارانی حزبه‌كه، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه به‌شێك لێیان، رێگایه‌كی نوێیان گرتۆته به‌ر بۆ به‌خشینی روویه‌كی هاوچه‌رخی گونجاو به‌و ده‌سه‌ڵاته.
سێیه‌م: پارتی به‌درێژایی زۆربه‌ی ژیانی په‌یره‌وی یاسا ونزامی سه‌رده‌می شه‌ری ساردی كردووه، وه‌ك خۆماتكردن و قۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رج و په‌لاماردان، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، به‌تایبه‌تی ده ساڵی یه‌كه‌می دوای راپه‌رین له باشووری كوردستان هه‌مان رێبازی پهیرهوكردووه. هه‌نووكه عهقلییهتییهكی نوێكردنه‌وه و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا له سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه به خشكه‌یی گه‌ش و نما ده‌كات و كارده‌كات.
به‌ڵام له‌لایه‌كه‌وه ناتوانێت به‌ئاسانی خۆی له‌و عه‌قلییه‌ت و نه‌ریته سیاسییه توند ره‌گداره له مێژوویه‌كه‌ی خۆی بته‌كێنێت، و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و هه‌وڵدانه ئه‌سیری كۆمه‌لێك كۆده‌ی دینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌شایری و سیاسی تایبه‌تیین. بۆیه له ناو هه‌ناو و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و فكری پارتیدا ململانێیه‌كی زیندووی هێمنانه‌ی نه‌بینراو له ئارادایه.
چواره‌م: تاكه هێزی گه‌وره له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر پارتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه. هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی ژیانی یه‌كێتیی نزیكه‌ی نیوه‌ی ژیانی پارتییه، به‌ڵام له‌ڕووی رۆڵی كاریگه‌ر و گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی له‌ناو خه‌ڵكدا ئه‌گه‌ر له پارتی زیاتر نه‌بێت شان به‌شانی ده‌ڕوات. هه‌نووكه پارتی رێگای به‌یه‌كه‌وه كاركردن و مامه‌له‌كردنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی دا گرتۆته‌به‌ر، له رابووردوودا رێگای شه‌ڕ ودابڕاندن تاقیكراونه‌ته‌وه.
پێنجه‌م: له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه پارتی حوكمرانی و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان له‌ده‌ستدایه، له رووی ئابوورییه‌وه دهوڵًهمهندترین حزبی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستن و خاوه‌نی تۆڕێكی به‌رفراوانی سه‌ربازیی و بازرگانی و دیبلۆماسییه‌ت و راگه‌یاندن و ده‌زگا تایبه‌تییه‌كانن.
شه‌شه‌م: سیاسه‌تی پارتی هه‌نووكه چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی به‌رچاوی له‌خۆ گرتووه: هێمنی و نه‌رمی له‌ئاستی كوردستان، گوێرایه‌ڵی ویست و سیاسه‌تی ئه‌مریكا له ئاستی عیراق، وروژاندن و توندوتیژی له ئاستی ناوچه‌یی.
ئایا مه‌به‌ست له‌م جۆره ره‌فتار وسیاسه‌ته جیاوزانه چییه؟ ئایا تاكه‌ی ده‌توانن ئه‌م سیاسه‌ت و ره‌فتارانه بگرنه‌به‌ر؟ و له هه‌مووشی گرنگتر ئایا كورد چه‌ند سوودیان لێوه‌رده‌گرێت؟
ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كانی ناو پارتی بۆ نوێبوونه‌وه ولیبراڵییهت كردنی سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌پێی قه‌واره‌ی ئه‌و نوێبوونه‌وه و سه‌ركه‌وتنه‌ی پارتیش، یا لایه‌نی نوێكه‌ره‌وه تێدا، متمانه‌ی زیاتری خه‌ڵكی به‌ده‌ست دێنێت. سه‌رانی پارتی له دوا 40 ساڵی بزاڤی كوردایه‌تیدا چه‌ند هه‌ڵه‌ی سیاسی زۆر گه‌وره‌یان كردووه، بڕیاری هه‌ره‌س له 1975، كۆسپ دروستكردن و رێگری له به‌رده‌م بزاڤی كوردایه‌تی له به‌شه‌كانی تری كوردستان، به‌ربه‌ره‌كانی و شه‌ڕی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان دوای هه‌ره‌س، توندوتۆڵًی له خوله‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ له 1994 تا 1997، له‌باربردنی رێككه‌وتنامه‌ی پاریس و له سه‌رووی ههمویانیشهوه كاره‌ساتی 31 ی ئابی 1996 ولهم ساڵانه‌ی دووایدا پاش تێكهڵاوكردنهوهی دوو حكومه‌ت له هه‌رێم هه‌وڵدان بۆ زۆرترین ده‌سه‌ڵات و ده‌سكه‌وت و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی به‌شێكی گرنگی ئابووری و داهاتی تری كوردستان. نوێبونه‌وه و زیاتر كراوه‌یه‌تی پارتی و لیبراڵیهتكردنی به‌شێك له ئازار ومه‌ینه‌تی و ئاسهوهرهكانی ئه‌و رووداوانه وئه‌م سیاسه‌تانه كه‌مده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ستراتیجی سه‌ركردایه‌تی پارتی و ناوه‌ندی بڕیاردانی هه‌ر له چوارچێوه ته‌سكه‌كه‌ی عه‌قلییه‌تی زه‌مانی شه‌ڕی سارددا بسورێته‌وه و به ته‌مای ئه‌وه بێت له رێگای لاوازی و ململانی و كێشه‌كانی ناو و نێوان لایه‌نه‌كانی تر خۆی به‌هێزتر بكات و ته‌واوی ده‌سه‌ڵات بۆخۆی قۆرخبكات ئه‌وا هه‌مان هه‌ڵه كوشنده‌كانی مێژوو دووباره ده‌كاته‌وه. پێویسته پارتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌سه‌رپێی خۆی و به متمانه‌ی توندی خه‌ڵك پێی به‌هێزبێت. ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ڕێگای كردنه‌وه‌ی پارتی و رێزگرتن و په‌یڕه‌وكردنی یاسا و پرنسیپه‌كانی دیموكراتییه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه دێته‌دی.
مافێكی ره‌وای سه‌ركردایه‌تی پارتی و حزبه‌كانی تری كوردستانه كه هه‌وڵبده‌ن گه‌وره‌تریت حزب و ده‌سه‌ڵاتداربن له كه‌ش و هه‌وای دیموكراتییه‌ت و ململانه‌ی شه‌ریفدا، و ته‌نها هێلی سوریش بۆ ئه‌و كاره به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی میلله‌تی كورده.
له ئه‌نجامی هه‌وڵی نوێبوونه‌وه و خۆگونجاندی پارتی و ئه‌زموونی دوو ساڵی دوایی له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێم چه‌ند پرسیارێكی به‌جێ سه‌باره‌ت به نییه‌ته‌كانی سه‌ركردایه‌تی پارتی خۆیان خزانۆته نێو ئه‌جندای سیاسییه‌وه:
یه‌كه‌م: پێناسه‌ی پارتی بۆ به‌رژوه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی كورد له‌م قۆناغه‌دا چییه ؟ بۆ رۆشنایی زیاتر ئایا پاراستن و گه‌شه‌پێدانی نموونه‌ی حوكمڕانی له كوردستان به‌مه‌به‌ستی بنیاتنانی كیانێكی كوردستانی له‌ڕێگای رێكخستنی ناوماڵی كوردی و كوردستانی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراتییه‌ت و تێگه‌یشتن و رێككه‌وتن دێته دی یا له ئه‌نجامی ئه‌مه‌و كاریگه‌ری رۆڵًی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و به‌رقه‌راركردنی ئارامی و هێمنی و سه‌بری كوردی له‌مه‌ر مه‌سه‌له گردارهكان؟
دووه‌م: ئامانج چییه له قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتی حوكمرانی و ئابووری له‌هه‌رێمدا؟ بۆچوون و دیده‌یان چییه به كرده‌وه بۆ مه‌سه‌له گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌ك: ئازادی را، ئازادی خۆ رێكخستن و پیشاندان، شه‌فافییه‌ت له هه‌موو بوارێكی په‌یوه‌ندار به حوكمرانی و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئازادی ژیانی ئابووری، رۆڵی پارڵه‌مانی كوردستان، دابینكردنی گوزه‌رانی خهڵًك، بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی له پێشدا له‌ناو ماڵی خۆیاندا، خزمه‌تگوزاریی بێ به‌رامبه‌ر له‌بواری خوێندن و ته‌ندروستی...تاد.
سێیه‌م: رۆڵی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی له‌م نموونه‌ی حوكمرانییهی ئێستا له باشووری كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و ئایا به‌زاندنی سنووره‌كانی ئه‌و رۆڵانه له‌م قۆناغه‌دا به قازانجی كورد ده‌شكێته‌وه؟ به‌تایبه‌تی پارتی خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆره له رۆڵی ناوچه‌یی له‌كاته ئاڵۆز و ناهه‌مواره‌كاندا؟
چواره‌م: ئایا له نییه‌ت و هه‌ڵسه‌نگاندنی ناو دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی نه‌رم و نیانی لایه‌نه‌كانی تر، به تایبه‌تی یه‌كێتیی، نیشانه‌ی په‌رۆشییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی یا نیشانه‌ی لاوازی و ناچارییه؟ له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا پارتی چۆن ده‌توانێت به میلله‌تی بسه‌لمێنێت كه خۆی به چ ئاراسته‌یه‌ك پابه‌ندكردووه؟
باوه‌ڕم هه‌یه كه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه و چه‌ندینی تریش ئاسان نییه، ته‌نها داهات شایه‌تی وه‌ڵامه‌كانه و ئه‌و كاته‌ش بۆ خه‌ڵك روون ده‌بێته‌وه ئایا پارتی چی ده‌وێت.
رۆته‌ردام ته‌مموزی 2007
|
|
|