Print
 
 بارزانی‌، سه‌رۆكێكی‌ بێخه‌م!
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Monday, August 3, 2009

"نازانم سه‌رۆكه‌كه‌م له‌كوێیه‌ تا حه‌قم بسه‌نێت، خودایه‌ له‌م وڵاته‌دا غه‌یری‌ تۆ هیچ جیهه‌تێك شك نابه‌م په‌نای‌ بۆبه‌رم!".

ئه‌و كۆته‌یشنه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ سكاڵای‌ چیمه‌ن ناوێكه‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی‌ كارمه‌نده‌ له‌هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆ، به‌ڵام له‌ كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردودا كاتێك به‌نیازی‌ موچه‌وه‌رگرتن سه‌ردانی‌ فه‌رمانگه‌كه‌ی‌ ده‌كات له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كه‌یه‌وه‌ پێیده‌ڵێن "تۆ ده‌ركراوی‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگت به‌ لیستی‌ كوردستانی‌ نه‌داوه‌".

چیمه‌ن كه‌ دایكی‌ سێ‌ منداڵه‌‌و كرێچین‌و ته‌نیا به‌ 681 هه‌زار دیناری‌ موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ مێرده‌كه‌ی‌ بژێوی‌ ژیانیان دابینده‌كه‌ن، زیاتر سكاڵایكردو وتی‌: "دو رۆژ پێش ئه‌وه‌ی‌ سامانی‌ مێردم موچه‌ وه‌ربگرێت سوێندو ته‌ڵاقیان پێخواردبو بۆئه‌وه‌ی‌ بزانن ده‌نگی‌ "به‌لیستی‌ ده‌سه‌ڵاتداوه‌"، بۆیه‌ سامان پێیوتم "له‌ ناچاریدا سوێنده‌كه‌م خوارد، به‌ڵام كه‌ گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سێ‌ به‌سێ‌ ته‌ڵاقیش بخۆم چیمه‌ن، موچوڕكه‌یه‌ك به‌له‌شمدا هاتو وازم له‌ ته‌لاَقخواردن هێنا".

نزیكه‌ی‌ دومانگه‌ هه‌ڵمه‌تێك به‌چڕی‌ بۆ سزادان‌و نانبڕین‌و ده‌ركردن‌و دورخستنه‌وه‌ی‌ كارمه‌ندانی‌ حكومی‌ (فه‌رمانبه‌ران، هێزه‌كانی‌ ئاسایش، پۆلیس، پێشمه‌رگه‌‌و بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هیدان) له‌ته‌واوی‌ كوردستاندا به‌تایبه‌تیش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر بیروڕای‌ جیاواز ده‌ستی‌ پێكردوه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نگیری‌ لیستی‌ ده‌سه‌ڵات نه‌بون‌و ده‌نگیان پێی‌ نه‌داوه‌.

به‌ڕێز بارزانی‌.. له‌بیرم دێ‌ تۆ چوارساڵ‌ به‌ر له‌ئێستا كه‌ بویت به‌ سه‌رۆكی‌ ئێمه‌، له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان سوێندت خوارد‌و وتارێكیشت خوێنده‌وه‌ كه‌ پاراستنی‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و كه‌رامه‌تی‌ ئینسانه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئه‌ستۆی‌ ئێوه‌دایه‌‌و وه‌ك باوكی‌ هه‌مو میلله‌ت، به‌یه‌كچاو سه‌یری‌ هاوڵاتیان بكه‌یت‌و پارێزه‌ری‌ مافه‌كانیان بیت‌و كه‌سێكی‌ دادپه‌روه‌ر بیت، به‌ڵام جه‌نابی‌ سه‌رۆك، تا ئه‌مڕۆ كه‌ ئه‌م ستونه‌م نوسیوه‌‌و ره‌نگه‌ به‌ڕێزیشتان بیخوێننه‌وه‌، ئه‌وا نزیكه‌ی‌ دو مانگه‌ زیاتر له‌ (1000) كه‌س له‌و چین‌و توێژانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمكردن كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر ئه‌و شاڵاوه‌ نامرۆڤانه‌یه‌و به‌ڕێزیشتان لاموبالاتانه‌و بێخه‌مانه‌، به‌هیچ جۆرێك ورته‌تان له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ده‌م نه‌هاتوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

جه‌نابی‌ سه‌رۆك ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ موچه‌یان بڕاوه‌ زۆرینه‌یان له‌وه‌زیفه‌ی‌ حكومیدان‌و سه‌ربازن یان له‌هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆن، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش پێتانوایه‌ ئه‌م هێزانه‌ سه‌ر به‌لایه‌نێكی‌ حیزبین، كه‌واته‌ وه‌زاره‌ت‌و داموده‌زگا ئه‌منی‌‌و سه‌ربازییه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر میلیشیای‌ حیزبین وه‌ك هێزه‌كانی‌ ته‌یاری‌ سه‌دری‌‌و هێزه‌كانی‌ رێكخراوی‌ به‌در، ئیتر لێره‌وه‌ چیتر پێویست ناكات لۆمه‌ی‌ ناحه‌زانمان بكه‌ین كه‌ له‌به‌غداوه‌ تۆمه‌تی‌ میلیشیابونی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ئه‌منییه‌كانمان ده‌ده‌نه‌ پاڵ‌. جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌زگای‌ حیزبن چ خێره‌ به‌لێشاو موچه‌و ئیمتیازاتیان له‌حكومه‌ته‌وه‌ پێده‌درێت و فه‌رمانیش له‌حیزب!.

سه‌رۆك بارزانی‌.. ئه‌زانی‌ به‌م بێده‌نگبونه‌ت له‌ئاستی‌ ئه‌و غه‌دره‌دا كه‌ له‌هاوڵاتیان ده‌كرێت، شه‌رعییه‌تی‌ سه‌رۆكبونی‌ تۆی‌ خستوه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و هه‌ستی‌ سه‌رۆكبونتی‌ لای‌ من سڕیوه‌ته‌وه‌!

بۆیه‌ به‌ڕێزتان ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌تان بۆبگه‌ڕێته‌وه‌‌و گه‌ره‌نتی‌ پاراستنی‌ مافی‌ هه‌موان بیت، ئه‌وا پێویسته‌ به‌په‌له‌ ئیجرائات بكه‌ن‌و فه‌رمانبده‌ن:

یه‌كه‌م: مافی‌ ته‌واو بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بگه‌ڕێنیته‌وه‌ كه‌ نانیان بڕاوه‌و ده‌ركراون، یاخود جێگۆڕكێیان پێكراوه‌و پۆسته‌كانیان لێسه‌نراوه‌ته‌وه‌.
دوه‌م: ئیتر لێره‌ به‌دواوه‌ كۆتایی‌ به‌ ده‌ركردن‌و موچه‌بڕیرن‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ كارمه‌ندانی‌ حكومی‌ بێت، به‌ بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نگیری‌ لیستی‌ ده‌سه‌ڵات نین، چونكه‌ ئه‌مه‌ شتێكه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ مافی‌ هاوڵاتیبونه‌و ئه‌م كاره‌ له‌ ره‌فتاری‌ رژێمه‌ تۆتالیتارو دیكتاتۆره‌كانه‌، چونكه‌ له‌هیچ وڵاتێكی‌ دیموكراتیدا تاك نانبڕاو ناكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بیروبۆچونی‌ سیاسیی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌.

Sbeiy.com © 2007