ئیدی هه‌مو ئه‌و هیوایانه ره‌وینه‌وه كه له شه‌ش ساڵی رابردودا هه‌مانبون، ئێستا سه‌رباری كۆمه‌ڵێك گرفتی گه‌وره‌ی ناوخۆیی له هه‌رێمدا، پرسیارێكی زۆر لۆژیكیی خۆی قوتكردوه‌ته‌وه؛ ئایا ئاینده‌ی كورد له عێراقی دوای هه‌ڵبژاردنی دادێ چی لێدێت؟ كێرڤی كورد لاواز ده‌بێت یان به‌هێز؟ ئه‌گه‌ر لاواز ده‌بێت، بۆچی‌و كێ لێی به‌رپرسیاره؟.
كورد ئێستا له‌به‌رده‌م پرۆسه‌یه‌كی گرنگ‌و مه‌ترسیداری وه‌ك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدایه، هه‌مو ئاماژه‌كانیش رو له‌وه‌ن كه سه‌نگ‌و پێگه‌ی كورد له‌چه‌ند ساڵی رابردو لاوازبوه‌و له‌دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو لاوازترده‌بێت‌و له ناوه‌ندی بإیاردان له به‌غدا ئه‌گه‌ری په‌راوێزخستنی ده‌كرێ‌و مه‌ترسیی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌بێت، به پاساوی ئه‌وه‌ی:
* به‌هۆی گۆڕانكاری له ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، كورد ناتوانێت وه‌ك ئێستا رێژه‌ی (21%) كۆی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكاته‌وه كه پێویستی به‌بردنه‌وه‌ی (69) كورسی هه‌یه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ی دانه‌به‌زێت.
* پاشه‌كشه‌ی لیستی كوردی له لیستی دوه‌می ناو په‌رله‌مانه‌وه‌و ئه‌گه‌ری بون به لیستی چواره‌م یان پێنجه‌م، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزی كورد ده‌بێت له‌ناوپه‌رله‌ماندا.
* لاوازبونی كاركردن له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوقی سیاسی‌و كاركردن به ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت‌و دابه‌شكردنی پۆسته سیادییه‌كانی عێراق.
كێ به‌رپرسه له‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر كوردا دێت؟ چه‌ندی په‌یوه‌ندیی به گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراقه‌وه هه‌یه؟ چه‌ندی په‌یوه‌ندیی به كه‌مته‌رخه‌میی نوێنه‌رانی كورد‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یه‌وه هه‌یه‌و ئۆباڵی مێژوییان له ئه‌ستۆ ده‌بێت؟!
له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دام، نوێنه‌رانی كورد له‌پاش ده‌یان ساڵ له خه‌بات‌و قوربانیدانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌لێكی زێڕین‌و مێژویی بۆ ره‌خسا، كه ئه‌وكات‌و ته‌نانه‌ت تا دوساڵ به‌ر له ئێستاش وه‌ك گه‌مه كه‌رێكی به‌هێزی مه‌یدانی سیاسیی عێراق ده‌یتوانی زۆرێك له داخوازی‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بچه‌سپێنێت، كه گرنگترینیان ئه‌مانه‌بون:
یه‌كه‌م: دیاریكردنی سنوری كوردستان له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا.
دوه‌م: چه‌سپاندنی ته‌وافوقی ده‌ستوریی له ده‌ستوری عێراقدا، له‌بری ئه‌و ته‌وافوقه سیاسییه‌ی ئێستا هه‌یه، چونكه ئه‌و ته‌وافوقه سیاسییه‌ی ئێستا، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه كه ئه‌مجاره به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی كورده‌وه پۆسته سیادییه‌كانی پێبدرێت‌و شه‌ریك بكرێت له ده‌سه‌ڵاتدا‌و مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه عێراقی دوای هه‌ڵبژاردن ببێت به موسڵێكی گه‌وره بۆ كورد.
سێیه‌م: ئه‌نجومه‌نێكی زۆر گرنگ‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و بڕیار ئه‌نجومه‌نی باڵای فیدراڵییه له عێراق، كه له ماده‌ی (48)ی ده‌ستوری عێراقی هاتوه "ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی فیدراڵیی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و ئه‌نجومه‌نی فیدراڵیی پێكدێت"، به‌ڵام تائێستا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه دروستنه‌كراوه، كه پێویستبو له چوارساڵی رابردودا نوێنه‌رانمان له به‌غداو سه‌ركردایه‌تی كورد كاریان بۆ پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بكردایه، به‌وپێیه‌ی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتودا ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار نامێنێت، كه پێویستبو به‌ر له ته‌واوبونی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان كورد كاری جدیی له‌وباره‌یه‌وه بكردایه، به‌شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردا بوایه، كه ئه‌و ئه‌نجومه‌نه گرنگترین پێكهاته‌یه له ده‌وڵه‌تی فیدراڵیداو ته‌واوكه‌ری ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌و، له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان هه‌رێمه فیدراڵییه‌كان‌و پارێزگاكان به‌ده‌ر له قه‌باره‌ی جوگرافی‌و دانیشتوان ئه‌ندامیان ده‌بێ‌و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش ده‌بێته فلته‌ری دوه‌م بۆ ده‌ركردنی یاسا‌و حه‌قی ڤیتۆشی هه‌یه له‌سه‌ر قانونه‌كانی په‌رله‌مان و ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌فسوس نوێنه‌رانی ئێمه له‌به‌ر كه‌مته‌رخه‌میی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسی‌و حیزبییه‌كانیان‌و بۆ رازیكردنی ئه‌مریكا، كه هه‌میشه سیاسه‌تی رۆژیان له‌بری سیاسه‌تێكی ستراتیژیی پلان بۆ داڕێژراو په‌یڕه‌وكردوه نه‌یانتوانی هه‌له‌كان بقۆزنه‌وه‌و ئاینده‌ی كوردیان به نادیاری سپارد! و ویسته سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئێمه نه‌هاتنه‌دی و ده‌سكه‌وته شه‌خسی و حیزبیه‌كانی نوێنه‌رانیشمان له‌به‌غدا هاتنه‌دی.