Print
 
 که‌رکوک و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Wednesday, December 30, 2009

هه‌مو تاکێکی کورد په‌ی به‌ ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی،ئاواره‌یی، ئه‌منی، په‌روه‌رده‌یی‌... تاد که‌رکوک ده‌بات. سیاسیه‌کانیش به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تێکه‌ڵییان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر هه‌یه‌ و گوێ له‌ راکانی هاوڵاتیان ده‌گرن، له‌ هه‌مو که‌س زیاتر له‌و بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ گه‌یشتون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ 7 حه‌وت ساڵی رابردودا ده‌رکه‌وتوه‌ و رویداوه‌ نیشانه‌ی ته‌رجه‌مه‌نه‌کردنی راوبۆچون و ویستی جه‌ماوه‌ره‌ بۆ باری عه‌مه‌لی و ره‌نگنه‌دانه‌وه‌یه‌تی له‌ کاری رۆژانه‌دا.

گۆڕان و جه‌ماوه‌ر
ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ که‌رکوک بۆ دانانی سه‌ره‌تایه‌کی باش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رای خه‌ڵک و به‌ هه‌ند وه‌رگرتنی راو بۆ چونی که‌رکوکییه‌کان، هه‌نگاوی یه‌که‌م له‌ داڕشتنی پرۆژه‌ی به‌رنامه‌ی کارکردن بۆ ئێستا و دوا رۆژی که‌رکوک پرس و را به‌ رۆشنبیرانی که‌رکوک کرا‌وه‌، راو بۆچونی زۆربه‌یان وه‌رگیراوه‌. ئه‌و رایانه‌ پێیان وایه‌ پێویسته‌‌ گرنگی به‌ سبه‌ی بدرێت و بڕواندرێته‌ دوا رۆژ نه‌ک دوێنێ و پێرێ، یان 50 په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چی کراوه‌‌، یان چه‌ند قوربانی له‌ پیناو دراوه‌. ئه‌و رابردوه‌‌ جێی رێز و شانازییه،‌ به‌ چاک و خراپییه‌وه‌ بونه‌ به‌ به‌شێک له‌ مێژوی گه‌له‌که‌مان، پێویسته‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌، په‌رتوکی مێژویی، مه‌زارگه‌ی شیاوی شه‌هیدان باس بکرێن و وه‌ک که‌نزێکی به‌نرخی گه‌لی کوردستان ببینرێن.

وه‌ک نمونه‌ له‌ مه‌ودای کورتی کارکردندا راکان ده‌ڵێن "‌‌له‌ به‌غدا زه‌ره‌ر ناکه‌ین ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانی میلله‌ت‌ بودجه‌ و گریبه‌ستی نه‌وت و غاز بکه‌ن به‌ قوربای که‌رکوک و دیاریکردنی سنوری کوردستان".‌

یه‌کتر قبوڵکردن
بۆ ئه‌م ماوه‌یه‌ی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژادنیش وه‌ک هه‌ڵسوڕاوێکی گۆڕان به‌ چاوی مونافسی سیاسی، ده‌ڕوانمه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان نه‌ک به‌ چاوی ناحه‌ز. به‌ پێویستی ده‌زانم و پێم خۆشه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ شه‌ریکێکی باشی دوا رۆژی کارکردن بن له‌ به‌غدا، چونکه‌ به‌م جۆره‌ بییرکردنه‌وه‌یه‌ ده‌توانرێت یه‌ک هه‌ڵوێستی کورد له‌ عێراق بپارێزرێت.

گرنگی که‌رکوک
گومان له‌وه‌دا نییه‌ نه‌ک هه‌ر سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و بونی ئه‌و یه‌ک هه‌ڵوێستییه‌ له‌ که‌رکوکه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، به‌ڵکه‌ سه‌نگی کوردیش له‌ به‌غدا و دونیا لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. بۆیه‌ پاراستنی ئارامی شار و سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌که گرنگه‌‌، نابێت له‌م پرۆسه‌یه‌ براوه‌ و دۆڕاو ببینرێت‌. له‌به‌ر ئه‌و دو هۆیه‌، لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ده‌که‌م، پێشوه‌خت پێکه‌وه‌ دابنشن تا لێکتێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش هه‌بێت و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ پاراستنی ئارامی که‌رکوک و بێگه‌ردی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.

بانگهێشه‌ی هه‌ڵبژاردن
 پێویسته‌ بانگهێشه‌ی هه‌ڵبژاردن دوربێت له‌ ته‌شهیر، ناوزڕاندن، هه‌ڕه‌شه‌ و کڕینی ویژدانی ده‌نگده‌ر، شه‌هیدان نه‌کرێن به‌ که‌ره‌سته‌ی پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن. ئاسایش، پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزی گه‌ل هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن نه‌ک موڵکی حیزب.

ئه‌رکی هاوبه‌ش
ئه‌رکی هاوبه‌شی هه‌مو لایه‌که‌ هاوڵاتیان هان بده‌ن به‌شداری ده‌نگدان بکه‌ن،‌ له‌ ده‌نگداندا ئازاد بن و وه‌ک حاکمێکی عادل له‌و رۆژه‌ حوکم بده‌‌ن.

Sbeiy.com © 2007